مەرگەساتی شالیر و تێڕوانینێکی گەردوونی بۆ دەسەڵات

دەروازەیەک

ولیەم شەكسپیر ١٥٦٤-١٦١٦ بە شانۆنامەكانی دەروازەیەكی گەورە بەڕووی شانۆی جیهانیدا دەكاتەوە، شەكسپیر خاڵێكی گرنگی وەرچەرخان و گۆڕانكارییەكانە و شانۆ فۆرم و شێوازێكی تر لە خۆ دەگرێت، هەر لەبەر ئەوەیشە ساڵانە و لە هەموو جیهاندا و لەسەر هەموو شانۆكان، بە بۆچوون و خوێندنەوەی جیاوازەوە، شانۆنامەكانی شەكسپیر پێشكەش دەكرێن. هەروەها شانۆنامەكانی وەرگێڕدراونەتە سەر هەموو زمانەكانی جیهان و بەمەیش تاكە نووسەرێكە، كە لە سەرانسەری جیهاندا زۆر بە ئاسانی سنورەكانی هەموو دنیای بەزاندوو.  زوربەی نووسەر و لێكۆڵەرەوان ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، كە شەكسپیر تەنیا موڵكی سەردەمێک نییە، بەڵكوو موڵکی هه‌موو سه‌رده‌مێکه‌ و مرۆڤ دەتوانێت لە هەموو کات و سەردەمێکدا شەکسپیری خۆی بدۆزێتەوە.

هارۆڵد بلوم Harold Bloom پرۆفیسۆری ئەدەب و زانستە زمانەوانییەكانی زانكۆكانی ئەمەریكا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، كە شەكسپیر وەک فەیلەسوفێک بنەماكانی ئەدەبێكی بەرزی ڕۆژئاوای دامەزراندووە، هەموو ئەو شاكارانەیشی دوای ئەو نووسراون، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی شەكسپیریان بەسەرەوەیە.

 شانۆنامەكانی شەكسپیر ڕۆل و پایەیەكی گەورەیان لە دەرەوەی بوارەكانی تری جیهانی ئەدەب و شانۆدا هەیە، بۆ نموونە زۆرجار شانۆنامەكانی لە بواری ڕامیاری و لە پێناوی بۆچوونەكانی سیاسەتمەدار و ڕووداوە سیاسییەكاندا سوودیان لێوەرگیراوە. لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەمدا، شانۆنامەكانی شەكسپیر، لەلایەن هەردوو بەرەی جەنگەوە، وەک ئامرازێكی پڕوپاگەندە بەكارهێنراون.

 زۆر لە کارەکتەر و كەسایەتی و ڕووداوەكانی شانۆنامەكانی شەكسپیر بوونەتە بەشێک لە هۆشمەندی خەڵكی و زۆر بە ئاسانی ژیانی ڕۆژانە بە هەندێک كارەكتەر و ناوەڕۆكی شانۆنامەكانی شەكسپیرەوە ده‌به‌سترێنه‌وه‌. تەنانەت ئەو كەسانەیشی، كە هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان سەردانی شانۆیەكیان نەكردووە، دەزانن ڕۆمیۆ و ژولێت چیرۆكێكی شەكسپیرە، هەموو كارەساتێكی دڵتەزێنی نێوان دوو دڵداری گەنج دەبەسترێتەوە بە ڕۆمیۆ و ژولێت-ەوە، ڕۆمیۆ و ژولێت بووەتە سمبوڵێكی دڵداری و بەرەنجامەكانی تایەفەگەری و شەڕی ناوخۆ.

لێدی ماكبێیس ئاماژەیەكە بۆ ئافرەتی بەهێز و هەروەها هەمیشە “كەللەسەرێک” شانۆنامەی هاملێت-مان بیردەخاتەوە. كەس نییە نەزانێت، كە من هەم یان نیم ڕستەیەكی شەكسپیرە.

شەكسپیر زۆر بە ساكاری توانیویەتی ئازار و ژانی مرۆڤ، گرفتە كۆمەڵایەتییەكان، دڵداری و ئافرەت و داوێنپیسی، مەسەلە سیاسییەكان، دەسەڵات و گیروگرفتە دەروونییەكان، خود و شووناس و گەڕان بەدوای ڕاستی و گەوهەری شتەكان، مەسەلەكانی خێزان، چینایەتی و ڕەگەزەكانی مرۆڤایەتی، دەوڵەت و یاسا، هەژار و دەوڵەمەند، یاسا و مرۆڤی تاک، خیانەت و شەڕ و زۆرداری و دەسەڵاتی تاک… هتد بەرجەستە بكات.

شەكسپیر له‌ نه‌وه‌ته‌کانی سه‌دە‌ی شانزه‌م بەدواوە وەک نووسەرێكی شانۆیی، بە تەواوی جێگای خۆی لە ڕەوتی شانۆكانی ئەوكاتی لەندەندا كردۆتەوە و وەک یەكێک لە  شانۆنامەنووسە گەورەكان ئاماژەی بۆ كراوە.

هەر لەم قۆناخەیشدا، وڵاتی ئینگلیستان بە كاتێكی ناسک و دژواردا تێدەپەڕێت، شەكسپیر دەتوانێت‌ ئەم قۆناخە وەک فرسەتێكی لەبار بۆ خۆی بەكاربهێنێت‌ و دەست بكات بە نووسینی شانۆنامە مێژووییەكانی، كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە مێژووی وڵاتەكەیەوە، هاوکات لە هەندێک سەرچاوەی ترەوە وەریان دەگرێت؛ هەر بۆ نموونەیش‌ شانۆنامه‌ مێژووییه‌کانی ته‌نیا له‌ مێژووی وڵاته‌که‌ی وه‌رنه‌گرتوون، به‌ڵکوو سێ شانۆنامه‌ی له‌ دیکامیرۆن-ی پۆکاشیۆ و ڕۆمیۆ و ژووڵێت-ی له‌ قه‌سیده‌یه‌کی “ئارسه‌ر برووک” و هاملێت-ی له‌ به‌رهه‌مێکی مێژوویی نووسه‌ری دانمارکی “ساکسۆ گراماتیکۆس” و چوار شانۆنامه‌یشی له‌ کتێبه‌ مێژووییه‌که‌ی مێژوونووسی گریکی “پلوتارخ”، که‌ به‌ناوی ژیانه‌ هاوته‌ریبه‌کان-ه‌ وه‌رگرتوون و ئه‌و شانۆنامانه‌ی، که‌ تایبه‌تن به‌ مێژووی وڵاته‌که‌ی له‌ کتێبه‌ مێژووییه‌که‌ی “ڕافائێل هۆلینشۆد” وه‌رگرتوون‌. شەكسپیر هەر لەم قۆناخەدا هەندێک‌ لە شانۆنامە كۆمیدییەكانیشی دەنووسێت‌.

کورته‌یه‌ک لە ژیانی ولیەم شەكسپیر

شەكسپیر لە خێزانێكی بۆرژوازی لە شارۆچكەی ستراتفۆرد لەدایكبووە، باوكی بە كاروباری بازرگانییەوە خەریک بووە، بەڵام زه‌ره‌ر و زیانێکی گه‌وره‌ دەکات و لە ئەنجامیشدا بە تەواوی نابووت بووە.

شەكسپیر ئافرەتێكی لەخۆی گەورەتر دەخوازێت‌، چەند منداڵێكیان دەبێت، دواجار لە ساڵی ١٥٥٨، لەگەڵ خێزانەكەیدا شاری ستراتفۆرد جێدێڵن و دەچنە لەندەن و لەوێ‌ بە تەواوی جێگیر دەبن. گەلێک چیرۆكی جیاواز هەن سەبارەت بە سەرەتای ژیانی شەكسپیر و گوزەرانكردنیان، بۆ نموونە هەندێک لەو سەرچاوانە دەڵێن، كە شەكسپیر وەک پاسەوانی ئەسپی گەورەپیاوانی بەر دەرگای شانۆكان كاریكردووە، هەندێكی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە شەكسپیر هەر لە سەرەتاوە، وەک بەردەستێک لەناو هۆڵی شانۆكاندا هەڵسوڕاوە. بەو شێوەیە، ئەمیان بووبێت یان ئەویتریان، سەرەتای ژیان و دەرامەتی ئەو خێزانە لەڕێگای شانۆكانەوە بووە. شەكسپیر لەدوای سەركەوتنی شانۆنامەكانی دەبێتە سەرپەرشتیارێكی گشتی بەرهەمهێنان و نەمایشكردنی شانۆنامەكانی خۆی، لەدوای ساڵی ١٦٠٣یشەوە، بەتایبەتی دوای گۆڕانكارییەكانی ڕژێم و دەسەڵاتی پادشایەتی، خۆیی و گروپە شانۆییەكەی دەبنە شانۆكارانی كۆشكی پادشایەتی.

شەكسپیر لە ساڵی ١٦١٠ەوە دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە ستراتفۆرد و لەناوەندی شارەكەدا، لە یەكێک لە خانووە ڕازاوەكاندا، وەک هەموو یەكێک لەدەست ڕۆیشتووەكانی ئەو شارە دەژی. شەكسپیر لە ڕۆژی٣ی ئەپریلی ١٦١٦ دا، لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات. هەرچەندە پەنجا و دوو ساڵا تەمەنێكی زۆر كەمە، بەڵام شەكسپیر فریای زۆر شت كەوتووە: لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا ژنی هێناوە، لە تەمەنی سی ساڵیدا وەک نووسەرێكی گەورەی شانۆیی ناوبانگی دەركردووە و لەدوای خۆیشی چل شانۆنامە، دیوانێكی شیعر و ژمارەیەكی زۆر سۆناتای بۆ بە جێهێشتووین. شەكسپیر شانۆنامەكانی لەسەر ڕاسپاردەی پادشا و گەورەپیاوانی كۆشک و شانۆ دەوڵەمەندەكان نووسیون.

شەكسپیر توانیویەتی بە شێوازێكی بەرز شێوه‌ی پەیڤ و قسەكردنی چینە بەرزەكەی كۆمەڵ، وتووێژی ژیانی ڕۆژانە، زمانێكی شیعریی بەرز و دیالێكتە جیاوازەكانی زمانی ئینگلیزی تێكەڵاو بكات. لەپاڵ هەموو ئەمانەیشدا، زمانە دەوڵەمەندەكەی شەكسپیر هەمەلایەنە و كۆمەڵێک سمبولی قووڵ لە خۆ دەگرێت.

شەكسپیر توانیویەتی بە سەلیقەیەكی گەورە، سوود لە مێژوو و داب و نەریتی وڵاتی ئینگلیستان وەربگرێت، سەرلەنوێ‌، بە شیعرێكی بەرز و لە دیدێكی نوێوە دایان بڕژێتەوە و ڕۆحێكی تری تا هەتاییان بەبەردا بكات، هەروەها چیرۆكە ئەفسانەیی و ڕۆمانتیكییەكانی نووسەرێكی ئینگلیزی وەک (جون لیلی) و شانۆنامەكانی کاری تێکردوون، ئەم نووسەرە یەكەم كەس بووە شانۆنامە و چیرۆكەكانی بە زمانی پەخشان نووسیوە. بیروباوەڕی نووسەر و سیاسەتمەداری ئیتاڵی (ماكیاڤیللی) ١٤٦٩-١٥٢٧ له‌ شانۆنامه‌کانی شه‌کسپیر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، لە دەروازەی نووسینەكانی ماكیاڤیللی-ەوە چارەسەری بابەتە مێژووییەكان، ئاكار و ڕامیاری بۆ كارەكتەر و ڕووداوەكانی شانۆنامەكانی دۆزیوەتەوە؛ كارەكتەری (یاگۆ)یش لە ئۆتێللۆ-دا، باشترین نموونەی بیری ماكیافیللییە لە شانۆی شەكسپیردا.

كەسایەتییەكانی شانۆنامەكانی شەكسپیر كەسانی ڕاستەقینەن، كەسانێكن لە دەرەوەی چەمک و تێزەكانی (دەبێت و پێویستە وابێت) كاردەكەن، مرۆڤ خۆی چۆنە، هەروایش بەرجەستەی كردوون: مرۆڤ بەهەموو لایەنە دژوار و نادیارەكانییەوە، بەهەموو ڕووناكی و تاریكییە شاراوەكانییەوە، ڕووبەرووی بینەران ده‌بێته‌وه‌. (یان كۆت) لە كتێبە گرنگەكەیدا شەكسپیر هاوچەرخمانە دەڵێت: “هاملێت، شالیر، ڕیچاردی سێیەم، كەسانی سەر بە ڕابردووی ناو كتێبە مێژووییەكان نین. ئۆتێللۆ و دەزدەمونە كەسایەتی خەونەئامێزی ڕۆمانسی، یان جیهانێكی ئەبستراكت و فەنتازیا نین. ڕووداوەكانی ئەو شانۆنامانە ڕاڤەیەكی ڕاستەوخۆ و چارەنووسسازی ئێمە و ڕووداوەكانمانە، ژیانی ئەو كارەكتەرانە پێوەندی بە ژیانی ئێمەوە هەیە، تراجیدیاكانیان تراجیدیای ئێمە و ئەم سەردەمەیە.”

لە كۆمیدیاوە بۆ تراجیدی

شەكسپیر تەنیا شانۆنامەی تراجیدی نەنووسیوە، بەڵكوو سەرەتای نووسینی بە كۆمەڵێک شانۆنامەی كۆمیدی دەست پێدەكات، بە شانۆنامەی خەونی نیوەشەوێكی هاوین، كە وا مەزەندە دەكرێت لەنێوان ساڵەكانی  ١٥٩٧-١٥٩٦ دا نووسیویەتی، دەگاتە ئاستی ترۆپكی داهێنان. دوای ئەوە كۆمەڵێک‌ شانۆنامەی مێژوویی دەنووسێت و بە شانۆنامە تراجیدیاكانیشی كۆتایی بەو ڕەوت و بزوتنەوە گەورە و مەزنە، کە بە “شەکسپیرییەت” ئاماژەی بۆ دەکرێت، دەهێنێت. شانۆنامە كۆمیدییەكانی، كە لە ساڵی١٥٩٥ەوە دەست پێ دەكات بریتیین لە: خەونی نیوەشەوێكی هاوین، شەوی دوانزەیەم، زریان، كۆمیدیای هەڵەكان.  شانۆنامە مێژووییەكانیشی لە ساڵی ١٥٩٠ەوە دەست پێ دەكات و گرنگترینیان بریتییە لە: شا هنری چوارەم (دوو بەشە)، شا هنری پێنجەم، هنری شەشەم (سێ‌ بەشە)، شا ڕیچاردی دووەم، شا ڕیچاردی سێیەم، شا جۆن. شانۆنامە تراجیدییەكانی لە ساڵی ١٦٠١ەوە دەست پێ دەكات و لە ساڵی ١٦٠٨ دا كۆتاییان هاتووە. ئەم قۆناخەیش بە لوتكەی بەرەوپێشەوەچوونی شانۆی شەكسپیر داده‌نرێت، گرنگترین بەرهەمە تراجیدیاكانیشی بریتین لە: هاملێت، سیزەر، ئۆتێلۆ، تیمونی ئەسینی، ئەنتۆنیۆ و كلیۆپاترا، كاریۆلانس، شالیر و ماكبێس.

چیرۆكێكی مێژوویی و ڕاستەقینەی ژیان و مەرگی شالیر

شەكسپیر بۆ نووسینی شانۆنامەی شالیر، وەک زوربەی شانۆنامەكانی تری سوودی لە كتێبە كۆن و مێژووییەكان وەرگرتووە، بۆ سەرچاوەكانی شالیر چەند بۆچوونێكی جیاواز هەن، لەوانە كتێبە كۆنەكانی مێژووی ئینگلیستان و بەپێی ئەم سەرچاوانە شالیر دەگەڕێتەوە سەر مێژوو و دابونه‌ریته‌ دێرینەكانی ئینگلیز و چارەنووسی ئەو پادشایە لەو مێژوو و دابونه‌ریته‌ و كتێبانەدا باسكراون. هەروەها شانۆنامەیەكی تری زۆر كۆن  هەبووە بەناوی ڕووداوە ڕاستەقینەكانی مێژووی شالیر، كە بە تەواوی نازانرێت نووسەرەكەی كێ‌ بووە، بەڵام بەپێی بۆچوونی لێكۆڵەرەوانی شانۆ، مێژووی نووسینی ئەو شانۆنامەیە دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی شانزەیەم. شالیر-ی شەكسپیریش بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٦٠٥ دا نەمایشكراوە و دواتریش لەنێوان ساڵانی ١٦٢٣ دا چاپكراوە. شەكسپیریش لەسەرەتادا شانۆنامەكەی بەناوی چیرۆكێكی مێژوویی و ڕاستەقینەی ژیان و مەرگی شالیر بڵاو كردۆتەوە.

لیر پادشایەكە لە زەمەنێكی زۆر دێرین و تاریكی چاخەكانی ناوەڕاستی وڵاتی ئینگلیستاندا دەژی، بە دەستێكی پۆڵایین، دڵڕەق و توندوتیژ وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌بات. پادشایەكە تاكڕەوانە بیردەكاتەوە، ئەوەی ئەو بیەوێت، ئەوەی ئەو ئارەزووی لێبێت و ئەو بڕیاری لەسەر بدات جێبەجێ‌ دەكرێت. ئەم پادشا دڵڕەقە بە زەبروزەنگە سێ‌ كچی هەن و لەدوا ڕۆژەكانی ژیانیدا دەیەوێت دەست لە دەسەڵاتی پادشایەتی بكێشێتەوە، وڵاتەكەیشی بەسەر هەر سێ‌ كچەكەیدا دابەش بكات. شالیر-ی پیرەمێرد دەیەوێت لە دوا ڕۆژەكانی ژیانیدا بە بەزم و سەما بژی و لە هەمان كاتدا شێوەیەک لەشێوەكانی دەسەڵات و ناونیشانە پادشایەتییەكەی بۆ خۆی بهێڵێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستە سەد پیاو، سوارچاک و دەستوپێوەند هەڵدەبژێرێت و لەدەوری خۆی كۆیان دەكاتەوە. بۆ دەست لە دەسەڵات كێشانەوەیش، خۆشەویستی كچەكانی دەكاتە تەرازووی ئەو دابەشكردنە، دابەشكردنێكی ڕواڵەتئامێزانەی ڕووت و دوور لە بنەماكانی یاسا و لۆژیكی ئەقڵەوە. ئەم مەسەلەیەش بۆ هەردوو كچە گەورەكەی (گۆنریل و ریگن) زۆر ئاسانە، بەڵام بۆ كچە بچووكە خۆشەویستەكەی (كۆردیلیا) وەڵامێكی گرانە و نازانێت‌ چۆن خۆشەویستیی خۆی بۆ لیر-ی پادشا و لیر-ی باوک دەربڕێت‌؛ لەم ڕووەوە تەنیا کۆردیلیا له‌ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستیی بۆ باوکی ڕاستگۆیه‌ و لیر به‌رگه‌ی ئه‌م ڕاستگۆییه‌ ناگرێت.

دابەشكردنی دەوڵەت

شانۆنامەی شالیر بە وەسیەتنامەی شەكسپیر دادەنرێت؛ شەكسپیر لە شالیر-دا هەموو تواناكانی خۆی بۆ خوڵقاندن و بەرجەستەكردنی تراجیدیایەكی گەورە بەکارهێناوە، لەو تراجیدیایەدا ڕاستی و درۆ، هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگە و دەوڵەت و دەسەڵات، پیربوون و بەساڵاچوون، سیفەتە گەوهەرییەكانی مرۆڤ و هەموو كەوتنەكانی ناوەوە و دەرەوەی، لە دیدێكی فەلسەفی و شانۆیی بەرزدا دەنەخشێنێت‌.

هەر لە سەرەتای دیمەنی یەكەمەوە دەوڵەت و كۆمەڵگەكەی شالیر بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت، لە دەسەڵاتێكی ڕەها و توندوتیژ و بەهێزی ناوەندەوە بۆ دەسەڵاتێكی بێ هێز و هەڵوەشاوەی پارچە پارچە كراو، بەڕێدەكەوێت. شالیر خۆیشی دەبێتە قوربانییەكی گەورەی ئەو دابەشكردن و په‌رته‌وازییه‌، بەڵام ڕەوتی تراجیدیاكە و هەڵوەشاندنەوەی تێكڕای كۆمەڵگەكەی لیر لەم دابەشكردنەوە دەست پێ ناكات، هێندەی لە وەڵامە چاوەڕوان نەكراوەكەی كۆردیلیا-وە سەرچاوە دەگرێت، هاوکات له‌ به‌هه‌ڵه‌ هه‌ڵسه‌نگانی وه‌ڵامه‌کانی کچه‌کانی ترییەوە.

لیر

تۆ دەڵێی چی تا بەشی سێیەم بەریتەوە

كە گەلێ بەخێرترە لە هی خوشكەكانت؟

قسە بكە…

کۆردیلیا

هیچ گەورەم.

لیر

هیچ؟

کۆردیلیا

هیچ.

لیر

هیچ لە هیچەوە دێ‌ … قسە بكە … دەی.

کۆردیلیا

وەی لەخۆم دڵتەنگێ‌ كە ناتوانم

ڕازی دڵم بخەمە سەر زبانم:

گەورەم من ئێوەم خۆش دەوێ‌

خۆشەویستی فەرزەندێ‌ بۆ باوكێ‌

نە كەم و نە زۆرتر.

لیر

چۆن… چۆن كۆردیلیا ..؟

تۆزێ‌ ڕاوێژت چاكە …

با ئەوەی بەشتە كەم نەكا.

کۆردیلیا

هۆ گەورەی بەمرووەتم

تۆ منت هێنایە دونیا، بەخێوت كردم،

خۆشت ویستم، دەبێ‌ ئەو هەقانەت بدەمەوە ..

ئەركە لەسەرم ڕێزت بگرم،

خۆشتم بوێ‌ .. ملكەچت بم

ئەی بۆ ئەو دوو خوشكەم شوویان كرد

گەر دەڵێن تەنیا تۆیان خۆش دەوێ‌؟

شادانە … ئەو كاتەی شوو دەكەم

ئەو مەزنەی دەست دەخاتە نێو دەستم

دیارە كە نیوەی خۆشەویستیم دەبا

نیوەی خولیا و خەیاڵا و خەونم،

دیارە كە هەرگیز وەک خوشكەكانم شوو ناكەم

بڵێم  (باوكە هەر تەنها تۆی خۆشەویست.)

مەرگەساتی شالیر

شالیر كچەكانی و هەموو پیاوانی كۆشک كۆدەكاتەوە تا بە ئامادەبوونی ئەوان، بەپێی ئاستە جیاجیاكانی بنەمای خۆشەویستی كچەكانی، وڵاتەكەی دابەش بكات، بەڵام شالیر ناتوانێ‌ لەپاكی و ڕاستگۆیی كۆردیلیا-ی كچی تێ بگات، كە ئەوە دووپات دەكاتەوە ئەو پادشای هێندە خۆش دەوێت، كە لە سنووری باوكایەتی خۆی دایه‌. کۆردیلیا زۆر واقیعیانه‌ خۆشه‌ویستییه‌که‌ی بۆ باوکی ده‌رده‌بڕێ، به‌ڵام خوشکه‌کانی هه‌ر به‌ڕواڵه‌ت خۆشه‌ویستییه‌که‌یان پیشان ده‌ده‌ن و باوکیان فریو ده‌ده‌ن. لیر نه‌ له‌ ڕاستگۆیی کۆردیلیا ده‌گات و نه‌ له‌ ڕواڵه‌تبازی دوو کچه‌که‌ی تری. هێزی ئەو وەڵامەی كۆردیلیا-ش لەئاكامدا گشت دەمامكەكان هەڵدەماڵێت و  وڵاتیش بەرەو جەنگێكی ناوخۆ و داڕمان و هەڵوەشاندنەوە دەبات.

شالیر لێرەدا ئەو هەڵە گەورە و كوشندەیە دەكات، كە پێیوایە دەتوانێت‌ واز لە دەسەڵات بهێنێت‌، ئەم دابەشكردنە دەبێتە هۆی كەوتنی تەواوی كەسایەتی خۆی و كارەساتێكی گەورەیش بۆ وڵات. شانۆنامەی شالیر و بەپێی ئەم لۆژیكە دەیەوێت بڵێت كە: هیچ كەسێک ناتوانێت لەو بەرپرسیارێتییە ڕابكات، یان واز بێنێت، كە خودا، سروشت و وڵات پێی به‌خشیون. شەكسپیر هەر لە دیمەنی یەكەمەوە، وەک سەرەتایەک، هەموو هێزە دژ بەیەكەكان دەخاتە ڕوو، لێرەیشەوە هاوكێشە و هێڵە جیاوازەكان، وەک دوو لایەنی جیاوازی ململانێكان بەرەو ڕووی یەكتر دەبنەوە. (كێنت) و (پادشای فەڕەنسا)، كە ئامادەی ئەو دابەشكردنەن، بە دڵنیاییەوە دەچنە پاڵ كۆردیلیا. (گۆنریل) و (ریگن) وەک دوو لایەنی بزوێنەری شەڕ، بێدەنگیی (دۆق كورنویل) و (ئەلبانی)، كە مێردی گۆنریل و ڕیگنن، دەقۆزنەوە و بەمەیش بنیادی گشتی و هێڵەكانی تراجیدیاكە ڕەوتی ئاسایی خۆی وەردەگرێت.

هاوکات لەگەڵ چارەنووسی لیر و كچەكانی، چیرۆكی (گلۆستر) و كوڕەكانی (ئێدگار و ئیدمۆند) بەرجەستە دەبێت. هەڵگەڕانەوە و پیلانەكانی ئیدمۆند، كە زۆڵە كوڕی (گلۆسترە)، تراجیدایاكە دەگەیەنێتە ئاستی ترۆپک. (ئیدمۆند) هەموو شتێک دەكات لەپێناوی دەسەڵاتدا: باوكی و براكەی دەكاتە قوربانی و لەخشتەیان دەبات، شالیر لە كەسێكی بێبەزەیی و كەللەڕەقەوە دەكاتە كەسێكی هەژاری بێدەرەتان، هاوکات هەردوو كچەكەی لییر (گۆنریل و ریگن) هەڵدەخەڵەتێنێت‌ و لەیەک كاتدا گەمەی خۆشەویستی لەگەڵ هەردووكیاندا دەكات.

یان كۆت لە شەكسپیر هاوچەرخمانە سەبارەت بە شالیر دەڵێت: (شالیر داهێنانێكی گەورەیە، لیر لەگەڵ مۆسیقای باخ و سیمفۆنیای پێنج و نۆیی بێتهۆڤن، پارسیڤاڵ-ی ڤاگنەر و دۆزەخ-ی دانتێ‌ و شاكارەكانی مایكل ئەنجلۆ بەراورد دەكرێت. ناوەڕۆكی شالیر باسی دابەشبوونی جیهان و ڕووخانیمان بۆ دەكات. شالیر وەک شانۆنامەیەكی مێژوویی بە دابەشكردنی وڵات و دەستكێشانەوە لە دەسەڵات دەست پێدەكات، بەهەمان شێوە بە گەمەیەكی مێژووییش كۆتایی دێت: بەوەی، كە پادشایەكی تر دەسەڵات دەگرێتە دەست. لەنێوان سەرەتا و كۆتاییدا شەڕێكی ناوخۆ هەڵدەگیرسێت، بەڵام بەپێچەوانەی شانۆنامە مێژووییەكان و زوربەی تراجیدیاكان، جیهان سەرلەنوێ‌ بنیاتنانرێتەوە. لە لیر-ی پادشادا نە ئەو فۆرتینباس-ە گەنجە هەیە، کە بەهیچ شێوەیەک دوودڵ و ڕاڕا نییە لە وەرگرتنی دەسەڵاتی دانیمارک، یان ئەو ئۆكتافیۆس-ە سارد و سڕەی، كە دەبێتە ئاگۆستێس سیزەر، یان مالكۆمێک-ی پیر، كە لەدوای ڕوخانی ماكبێس دەگەڕێتەوە. لەكۆتایی شانۆنامە تراجیدی و گەمە مێژووییەكاندا عادەت وایە، كە دەسەڵاتە تازەكان نەمایشی هێز و توانای خۆیان دەكەن. لە شالیر-دا هیچ شتێكی وا ڕوونادات. ئێدگار هیچ شتێكی نییە پێشكەشی بكات. هەموو كارەكتەرەكان مردوون یاخود كوژراون، ئەوانەیشی لەژیاندا ماون: ئێدگار، دۆق ئەلبانی و كێنت هەروەك لیر تەنیا شاكارێكی تێكشكاوی سروشتن. لەو دوانزە كارەكتەرە سەرەكییەیش، نیوەیان دادپەروەر و خێرخوازن، نیوەشیان زۆردار و شەڕخوازن؟ ئەم دابەشكردنەیش بەهەمان شێوە ڕاست و لۆژیكی و ئەبستراكتە، وەک لە بابەتە مۆرالییەكاندا هەیە، بەڵام جۆرە مۆرالێک، كە لە ئاكامدا هەر هەموویان بەهەمان شێوە دەڕوخێن: ئاغا و دەرەبەگ، ڕاونراوەكان و ئەوانەیشی، كە ڕاوی كەسانی تریان ناوە، چەوساوە و چەوسێنەر. ئەم دیمەنانەیش بەردەوام دەبێت تا شانۆكە بە تەواوی چۆڵ دەبێت .لەسەرەتادا پادشایەک هەیە، وڵاتێک و وەزیرەكان، لەدواییشدا تەنیا چوار سواڵكەر، كە ڕێگایان بزر كردووە و بەناو باران و زریاندا دەڕۆن، كەوتن و داڕمانەكە لەسەرخۆ و توندوتیژە: لەسەرەتادا لیر سەد دەستوپێوەندی هەیە، دوای ئەوە پەنجا، دواییش تەنیا یەك كەس. كێنت، تەنیا بە ئاماژەیەكی تووڕەی شالیر، لە وڵات دەكرێتە دەرەوە، بەڵام پرۆسێسی كێشەكە هەمیشە هەر یەک شتە. هەموو ئەو شتانەی، كە جیاوازییان لەنێواندا دەكرێت پێویستە لاببرێن: پلەوپایە، پێگەی كۆمەڵایەتی و تەنانەت ناویش. تەنانەت ناویش گرینگ نییە، هەموو كەسێک تەنیا بریتییە لە سێبەرەكەی خۆیان، تەنیا مرۆیەک.)

 كۆردیلیا شوو دەكات بە پادشای فەڕەنسا، وڵات جێ دێڵێت و لەسەر شانۆی ژیان دوور دەكەوێتەوە، شالیر شێت دەبێت و گلۆستر-یش هەردوو چاوی لەدەست دەدات و هەوڵی خۆكوشتنیش دەدات. گومانی تیا نییە، كە هەڵوێستی شالیر، وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ كردووە، لەدابەشكردنی وڵاتەكەی و لەسەر بنەمای ئاستی خۆشەویستی كچەكانی هەڵەیەكی گەورەیە و لەتراجیدیای شەكسپیردا بە (هەڵەی خۆشەویستی) ناوزەد دەكرێت، ئەمەیش مانای ئەوە دەبەخشێت،‌ كە پاڵەوانەكە خۆی ئامادەیی دەروونیی سەبارەت بەو هەڵەیە هەیە و هۆشیارە بەو كردارەی دەیكات. شەكسپیر ئەو هەڵە خۆشەویستییە لە بار و ڕەوشێکی چارەنووسئاسادا بەرجەستە دەكات، بەوەی، كە پاڵەوانەكەی توانای ڕزگاربوون و پەشیمان بوونەوەی نەبێت و تەنیا ڕێگا ئەوەیە ڕووبەڕووی ئەو بەرئەنجام و چارەنووسە بێتەوە.

لیری پادشا و لیری ڕووخاو

لە شانۆنامەی شالیر-دا پاڵەوانی (لیر) بە سێ‌ قۆناخی گرینگدا تێدەپەڕێت، تا لە ئەنجامدا بە تەواوی دەڕووخێت‌: سەرەتا لیر-ی پادشا و بە زەبروزەنگ، دوای دابەشكردنی وڵاتەكەی و بێبەری كردنی كۆردیلیا، لیر خۆی بە تەنیا دەبینێتەوە، لێرەوە لیر گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و دەبێتە مرۆڤێكی بیر قووڵ و لەجاران زیاتر دڵفراوانتر، دوا وێستگەیش لیر-ی شێت. پاڵەوانی تراجیدیاكانی شەكسپیر بەگشتی و شالیر بەتایبەتی، كە بەو قۆناخە پڕ لە كارەساتانەدا تێدەپەڕن و گۆڕانكاری بنەڕەتی و گەورە بەسەر ڕەوتی ژیانیاندا دێت، وا لەو پاڵەوانانە دەكات، كە زیاتر لە ڕاستییە قووڵه‌کان و نهێنییه‌کانی گەردوون بگەن. لە شالیر-دا، چەندە گرفتە دەروونییەكانی گەمارۆی بدەن، هێندە وەک كارەكتەرێكی تراجیدی پاكژ دەبێتەوە و دەگاتە ئاستێكی بەرز و زیاتریش درک بەجیهان و ئەو هێزانەیش دەكات، كە چارەنووسی بەڕێوە ده‌به‌ن. لیر-ی سەرەتا، بە هەموو مەزنیی تەختی پادشایەتی و لەشكر و دەستوپێوەندەكانییەوە، بەندی ناوەوەی خۆیەتی، خودی خۆی و هێزی دەسەڵات دەیبەستێتەوە و سنوری هەڵسوكەوت و جوڵانەوەكانی دیاری دەكات. لیر-ی كۆتایی، ئەو لیر-ەی پەلكێشی بەندیخانە دەكرێت، مرۆڤێكە لەناوەوەی خۆیدا هەست بە سەربەستیی دەكات. شالیر بۆ یەكەمجار، لەو هەڵوێستە دژوارەدا و لەژێر سێبەری ڕژێمەكەیدا هەست بە چەوساندنەوە و پەژارە و ئازارەكانی مرۆڤ دەكات.

لیر

ئەی نەگبەتانی ڕەش و ڕووت… كە لە هەر كوێیەک بن

ئەی ئەوانەی بەڕووی ستەمی ئەم ڕەشەبایە دەوەستن

ئێوە چۆن بەرگەی زوڵمی وەرزەكان دەگرن

ئێوە، كە سەربانێک بەسەر سەرتانەوە نییە …

بێ‌ نان و ئاو ئەی ئەوانەی بەرگ و سیپاڵتان هەلاهەلایە..؟

ئاه… چەند كەمتەرخەم بووم سەبارەت بەوانە

هۆ… كەش و فش… دەرمانەكەت هەڵقوڕێنە

دەی تۆیش خۆت بخەرە بەردەم ستەمی ڕۆژگار

تا هەست بەهەمان مەینەتی چەوساوەكان بكەیت

تا چیت لێ زیادە لێت بكەوێ‌

تاوەكو ئاسمان پتر هەقدۆست و دادپەروەر بێ‌ …

                                        مەرگەساتی شالیر

لیر لەو بارودۆخەدا، دوای هەڵوێستی پڕ لەژانی هەردوو كچەكەی، خۆی لە سوچێكی ئەم جیهانەدا زۆر بە تەنیا و دوور لە هەموو كەسێک دەبینێتەوە، هەست بە كوشندەیی و ئازاری تەنایی دەكات، ئەم بارەیش چارەنووسە و هێزی سروشت دەیسەپێنێت بەسەر مرۆڤدا.

گورزی سروشت یان تۆڵە لە لیر

سروشت هەمیشە، لە تراجیدیاكانی شەكسپیردا هاوكێشەیەكی بابەتییانەیە و ڕۆڵێكی گەورەیان هەیە: یان ئەوەتا لەگەڵ ڕەوش و بارودۆخی مرۆڤدا دەگونجێت، یان بە پێچەوانەوە زۆر بەتوندی، بێبه‌زه‌ییانه‌ دژی مرۆڤ دەبێتەوە.

لیر-ی تەنیا و پیر و پەككەوتە، ڕووت و قووت، بێ‌ دەسەڵات ڕووبەڕووی هێزی كوشندەی سروشت دەبێتەوە. هێزی بێ‌ سنووری سروشت، بەتایبەتییش لە شالیر-دا، دەروازەیەكی گرینگی تەرازوو و ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵات و تێكشكاندنییەتی، بە هەمان شێوە هێزی ململانێی مرۆڤ و نەمانی بەهاكانیشە. دیمەنی با و بۆران و زریانەكەیش لە شانۆنامەی شالیر-دا یەكێكە لە دیمەنە هەرە بەرزەكان و هەر ئەم دیمەنەیشە، وەک هێزێكی گەورەی دەسەڵاتی سروشت، لیر بەرەو شێتیی دەبات. لەم دیمەنەدا لیر تاكوتەنیا بەرەو ڕووی چارەنووسی خۆی دەبێتەوە، با و بۆران و زریانەكەیش سمبولێكی هەڵچوونی زریانی ناوەوەی ئەو پادشا تەنیا و خەمبار و كڵۆڵەیە و هەموو زۆرداریی و دڵڕەقیی دەوروبەرەكەی تێدا ڕەنگ دەداتەوە:

لیر

دەی باوبۆران و ڕەشەباكان هەڵیكەن …

دەبا لالغاوەتان هەڵزڕێ‌

ئەی تۆف و زریان… ئاوی ئاسمان دە داكەن

با سەر تۆپی باڵەخانە بەرزەكان و گومەزەكانیش نقوم بن

تۆش ئەی ئاگری كبریت كە فیكرئاسا هەموو شوێنێک دەتەنیت

ئێوەش ئەی ئەو بروسک و چەخماخەی داربەڕووەكان لەتوپەت دەكەن

دەی ئەم سەر و ڕیشە سپییەم ئاگردەن

تۆش ئەی گەواڵەی بەتاو و لەرزە

بازنەیی ئەم دونیا پڕە تەختكە

چی قاڵبی سروشت هەیە تێكی بشكێنە

هەموو تۆوێكیش بە “با” كە كە مرۆڤی سپڵە دروستكا

                                     مەرگەساتی شالیر

شێتبوونی شالیر مانای ونبوون و لەدەستدانی هۆش و هەست و نەمانی درکپێکردن بە ڕووداوەكان نییە، بەڵكوو ئەو شێتییە وای لێ دەكات زیاتر درک بەو بارودۆخەی دەوروبەری و جیهان و گەردوونیش بكات، شێتبوونی لیر ئەزموونی ژیانی چڕ دەكاتەوە، مانایەكی قووڵی پێ ده‌به‌خشێت و دەیخاتە بەردەم ڕاستییەكان. لەو بارودۆخەدا لەخۆی دەڕوانێت، بە ناوەوەی خۆیدا ڕۆدەچێت‌ و پرسیاری بوون و نەبوون دەكات. کەواتە، له‌ ڕووی سایکۆڵۆژییه‌وه‌، شێتبوونه‌که‌ وا ده‌کات هیچ به‌ربه‌ستێک نه‌مێنێت بۆ ده‌رخستنی ئه‌و ڕاستیانه‌ی له‌ نه‌ستدا هه‌ن. بۆیه‌، که‌ به‌ربه‌سته‌کان نه‌مان، شته‌کان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی هۆشیاریدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن.

لیر

ئەرێ‌ كەس هەیە لێرە بمناسێ‌؟ نابێ‌ ئەوە لیر بێ‌.

ئاخۆ لیر وا بەڕێوە دەڕوا…؟ ئاوا دەدوێ‌…؟ كوا چاوەكانی…؟ عەقڵی زەعیف و… هەست و نەستیشی

ئیفلیج بووە… ها… تۆ بڵێی من وەئاگابم؟ نەخێر… كێ‌ دەتوانێ‌ پێمبڵێ‌ من كێم…؟

بالوول

سێبەری لیر.

                                         مەرگەساتی شالیر

لێبوک یان بالوول وەک لەم وەرگێڕانەدا بەكارهاتووە، تاكە كارەكتەرێكە، كە لە سەرەتای گەشتەكەی شالیر-ەوە، هاوشان و هاوڕێ‌ و هاودەمی لیر-ە تا كۆتایی. كەسایەتی لێبوک “گاڵتەجاڕ” ڕۆڵێكی گەورە لە زوربەی تراجیدیاكانی شەكسپیردا دەگێڕێت، بەڵام ڕۆڵی لێبوک لە شانۆنامەی شالیر-دا، مەودایەكی فراوانی فیكری و هونەری هەیە و پێوەندییەكی سەیر و نامۆ، لیر و گاڵتەجاڕەكەی و لەسەر دوو ئاستی جیاواز لە بۆتەی سۆزێكی گەرمی باوكانە و بارودۆخێکی گرژ و تاڵدا كۆدەكاتەوە. هۆشمەندی لێبوک، ڕەوشی شێتیی، نامۆیی و هەڵچوونی ناوەوەی هاملێت-ە، دەنگی هۆش و ئاوازێكی غەمگینە. ئەوەی لێبوک لە ڕووداوەكانی شانۆنامەی شالیر-دا دەیڵێت لە وتەی هەموو كەسایەتییەكانی تر بەماناتر، قووڵتر و هۆشیارانەترە. هەندێک جار شالیر ڕێگا بە لێبوكەكەی دەدا تا گاڵتەی پێ بكات، بەتایبەتی لەو كاتانەدا، كە شالیر خۆی شایەنی بەزەییە. كارەكتەری لێبوک ڕووكارێكی تری شالیر-ە، ویژدانی لیر، خەونەكانی و هەموو ئەو مۆتەكانەیشی، كە چۆكیان بەسەر سنگیدا داداوە.

بالوول        

ورد گوێ‌ بگرە… مامە،

زۆرتر بێڵەوە لەوەی كە دەری دەبڕیت

كەمتر بدوێ‌ لەوەی كە دەیزانیت

لەوە كەمتر ببەخشە كە هەتە

لێخوڕە تا ئەو شوێنەی لەتواناتایە

فێربە پتر لەوەی كە دەیزانیت

لەوە پتر گل بدەرەوە كە دەیبەخشیت

واز لە ئارەق بێنە و لە سۆزانی گەڕێ‌

دەرگا داخە و مەچۆرە دەرێ‌

ئەوسا لە هەر بستێك كە هەتە

دوو “دە” ی تری دێتە سەرێ‌.

                    مەرگەساتی شالیر

لێبوک ڕووە فەلسەفییەكەی شالیر-ە و مەودایەكی گەلێک قووڵ و پتەوی بەخشیوەتە شانۆنامەكە، گەشتەكەی لێبوک گەشتێكی گەلێک گران و پڕ لە ژان و ئازارە، گەشتی خۆشی و ناخۆشییە، ڕەنگدانەوەی لیر-ە و ئاوازێكی خەمبار و ئاوێنەیەكی ڕاستی ڕووداوەكانە. هەر ئەم لێبوكەیشە، كە دەتوانێت‌ ڕاستەوخۆ لەگەڵ لیر قسە بكات، بیری بخاتەوە، كە ئەو ئێستا پادشا نییە و لە دووڕێیانێكی چارەنووسسازانەدا تەنها و بێكەس گیری خواردووە.

بالوول

ئەو كاتەی كە تۆ جحێڵێكی جوان بوویت

گوێت بە رووگرژی ئەم نەدەدا

ئێستاش كە تۆ سفری دوای ژمارەیت …

من گەلێ لە تۆ چاكترم، من بالوولم، تۆش هیچ نیت

                                     مەرگەساتی شالیر

گەمەی شووناس و خودی ڕاستەقینە

هەر لەسەرەتای دیمەنی یەكەم و لەدوای وەڵامەكەی (كۆردیلیا)وە گۆڕانكاری گەورە لە ڕێچكە و چارەنووسی كارەكتەرەكاندا ڕوودەدات، ئەم گۆڕانكارییانەیش دەروازەیەكی تراجیدی بەڕووی كارەكتەر و ڕووداوەكاندا دەكاتەوە و چارەنووسی یەک بەیەكی كەسایەتییەكانیش دیاری دەكات. (كێنت) شاربەدەر دەكرێت و دواتر ڕۆڵی شێت دەبینێت، (ئێدگار) وەک شێت خۆی پیشان دەدات، لیر-یش شێت دەبێت، بەڵام ڕووداوەكان هەندێک‌ لە كارەكتەرەكان ناچار دەكات، كە پێناس و سیمای خۆیان بگۆڕن، تا بتوانن لە ڕووداوەكاندا بمێننەوە، ڕۆڵی خۆیان ببینن و لە هەمان كاتدا كاریگەریشیان هەبێت.

دوای ئەوەی شالیر دەست لە دەسەڵات دەكێشێتەوە، هەرچەندە (کێنت) بەر نه‌فره‌تی تووڕەیی پادشا دەكەوێت، لەبەر ئەوەی بەرگری لە كۆردیلیا دەكات، بەڵام بەجلوبەرگێكی خواستراوەوە، تا كەس نەیناسێتەوە، شوێن پادشا دەكەوێت و چاودێری ڕووداوەكان و چارەنووسی لیر دەكات. بەهەمان شێوە (ئێدگار)ی كوڕی (گلۆستر)، دوای ئەوەی بە پیلانی (ئیدمۆند)ی زۆڵەكوڕی (گلۆستر) تاوانبار دەكرێت، هەروەكو (كێنت) لەجلوبەرگێكی تردا خۆی دەگۆڕێت‌ تا لە ڕاوەدوونان و لەناوبردن خۆی، بپارێزێت.

ئەم كەسایەتییانە و لیر-یش شووناس و ناوی تایبەتی و ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵام ددان بە كارەساتەكانی جیهان و چارەنووسە ڕەش و دیاریكراوەكاندا نانێن و دەیانەوێت بیگۆڕن. ئێدگار لەنێو ئەم كارەكتەرانەدا، لە هەموویان هۆشیارترە، بۆیە لەكۆتاییدا هەر ئەم دەسەڵات دەگرێتە دەست و شانۆنامەكەیش هەر بە وتەیەكی ئەو كۆتایی دێت.

ئێدگار

دەبێ‌ ملكەچی سەنگی ئەم زەمەنە غەمگینە بین

ئەوەی هەستی پێدەكەین بیڵێین… نەک ئەوەی كە دەبێ‌ بیڵێین

لە هەموومان پیرتر زیاتری چەشت

ئێمەی جحێڵا ئەوە نابینین كە ئەم بینی

نا… قەتیش بەقەد ئەو ناژین

                                     مەرگەساتی شالیر

مەرگی كۆردیلیا و كۆتایی بازنەكانی شەڕ

بە مردنی كۆردیلیا بە تەواوی بازنەی شەڕ لە شانۆنامەكەدا دادەخرێت و كۆتایی بە هەموو شتەكان دێت. كۆردیلیا بە سوپایەكی گەورەوە دەگەڕێتەوە تا فریای باوكی بكەوێت و لەدەست خوشكەكانی و لەو كێشە ئاڵۆزە ڕزگاری بكات، بەڵام كۆردیلیا دەگیرێ‌ و له‌گه‌ڵ لیر-ی باوكی و بە بڕیاری ئیدمۆند پەلكێشی بەندیخانە دەكرێن، لیر و كۆردیلیا سەرلەنوێ و لە بارودۆخێكی تردا یەكتری دەبیننەوە. لیر لەم بارودۆخ و ڕەوشەدا گەورەیی خۆشەویستیی كۆردیلیا-ی كچی و جیاوازی لەگەڵ خوشكەكانیدا بۆ دەردەكەوێت. كە لیر سەرلەنوێ‌ هەست بە سۆزی خۆشەویستیی كۆردیلیا-ی كچی دەكات، ئەقڵ و هۆشی هاوسەنگ دەبێتەوە، تەنانەت ڕووداوەكانی دوای ئەوەیش ئارامیی لیر ناشێوێنن، كە دەنێردرێن بۆ بەندیخانەیش، دەڵێت:

لیر

نا… نا… نا… وەرە با بە یەكەوە بچینە زیندانەوە

هەردوو بەجووت وەك دوو چۆلەكەی نێو قەفەز بچریكێنین

كاتێكیش داوای بەرەكەت لە من دەكەیت… دێمە سەر چۆك

من داوای بەخشندەییت لێدەكەم… ئاوا دەژین

نوێژ دەكەین، گۆرانی دەچڕین، حەكایەتە كۆنەكان دەگێڕینەوە… پێدەكەینین

بەدەم پەپوولە ڕەنگینەكانەوە دەخەنین… گوێ‌ لەو چەوساوانە دەگرین

كە لە پادشا و میرەكان دەدوێن… ئێمەیش لەگەڵیان دەدوێین

كێ‌ دەیباتەوە و كێ‌ دەیدۆڕێنێ‌، لە دەرەوە و… لە ناوەوە

                                         مەرگەساتی شالیر

(ئێدمۆند) تا دوا ساتەكانی تراجیدیاكە بەردەوامە لە چنینی تۆڕی تاوانەكانیدا، هەر لێرەوە بڕیاری كوشتنی (كۆردیلیا) دەدات، بەڵام (دۆق ئەلبانی) پەردە لەسەر پیلانەكانی (ئێدمۆند) هەڵدەماڵێت‌ و هەوڵ دەدات كۆردیلیا و لیر-ی باوكی ڕزگار بكات، بەڵام (كۆردیلیا) لە بەندیخانە دەمرێت و شالیر-یش وەك چیایەكی بەفرین دەتوێتەوە. مردنەكەی كۆردیلیا نموونەیەكی بەرزی قوربانیدانە و زۆر جیاوازە لە هەردوو مردنی (دەزدەمونە و ئەنتیگۆنا)، هەرچەندە زۆر لە لێكۆڵەرەوە شانۆییەكان ئەوە دووپات دەكەنەوە، كە جۆرە لێكچوونێک لەنێوان مەرگی كۆردیلیا، دەزدەمونە و ئەنتیگۆنە-دا هەیە. لیر-یش دەیەوێت بەدوا وشەكانی، بەهەست و سۆزی، بە لۆژیكی باوكایەتی و چارەنووسی ڕۆژگار، ژیان بەبەری كۆردیلیا-دا بكاتەوە:

لیر

ئا ئەو پەڕەموچە دەجوڵێ‌… زیندووە

گەرچی بێت و زیندوو بێ‌

چ خەم و مەینەتی كە چەشتوومە لەیادم دەچێ‌ و… برینەكانم ساڕێژ دەبن.

                                               مەرگەساتی شالیر

 تێبینی: ئەو دیمەنانەی لە دەقی شانۆنامەی مەرگەساتی شالیر-ەوە وەرگیراوە، لە وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، کە لە زنجیرەی شانۆی بیانی، ژمارە ٧ ی دەزگای ئاراس ٢٠٠٧دا بڵاو کراوەتەوە.


سەرچاوەکان:

1-Jan Kott, Shakespeare vår samtida, översättning: Jan Kunicki och Carin Leche. Natur och kultur, Stockholm, 1972

2-Carl-Göran Ekerwald, Shakespeare; liv och tänkesätt, Norstedts, 1998

3-Kent Hägglund, William Shakespeare, En man för alla tider. Ordfront, 2006

4-Leif Zern, Älskaren och mördaren, Shakespeare och den andra spelplatsen, Alba 1984