شانۆنامه‌ی “سێ خوشک” و دوا قۆناغه‌کانی ڕه‌وتی شانۆی چێخه‌ف
١
دنیای شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف زۆر تایبه‌ته، چه‌ندین درامای ناوه‌کی له خۆ ده‌گرێت و به شانۆی ئه‌تمۆسفێر ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت، ئه‌م ئه‌تمۆسفێرە‌یش پشت به وروژاندنی یاده‌وه‌رییه‌کان، هیواکانی ئاینده و هه‌ڵوێسته و باره دوروونییه‌کان، به تایبه‌تییش هه‌ره‌سهێنانی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و دڵشکاندن، ده‌به‌ستێت. ڕه‌وشه ده‌روونییه‌کانیش له‌نێو خه‌ونه‌کانی ڕابردوو، که نه‌هاتۆته دی و ئاواته‌کانی ئاینده‌یش، که زۆر دووره له به‌دیهێنانیانه‌وه قووڵ ده‌بنه‌وه. ئه‌م مه‌سه‌لانه‌یش گرینگ‌ترین سیفه‌ته‌کانی شانۆی چێخه‌ف-ن و به بۆچوونی ڕه‌خنه‌گره‌کانیش، چێخه‌ف بۆ به‌رجه‌سته‌کردن و دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پانتاییه‌کانی سروشت، بۆ نموونه ده‌ریاچه له شانۆنامه‌ی نەورەس، باخی گێلاس له شانۆنامه‌ی باخی گێلاس-دا، یا‌ن خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه‌وه بۆ مۆسکۆ، له شانۆنامه‌ی سێ خوشک-دا. ئه‌م مۆتیفانه‌یش، به‌تایبه‌تی سروشت ته‌نیا وێنه‌یه‌ک نییه و ڕووداوی شانۆنامه‌کانی تیا ڕووبدات، به‌ڵکوو هێنده‌ی کاره‌کته‌ره‌کان گرینگه و ڕۆڵێکی له‌به‌رچاویان له‌به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی هێڵی درامی و په‌یوه‌ندی کاره‌کته‌ره‌کان و خودی ڕووداوه‌کاندا هه‌یه. چێخه‌ف له شانۆنامه‌کانیدا په‌نا ناباته به‌ر دروستکردن و پێکهێنانی دیمه‌نی توندوتیژ و هات و هاوار، به‌ڵکوو پێودانگه درامییه‌کان له‌دووتوێی هێڵێکی هێمن و له‌سه‌رخۆدا ده‌ڕۆن به‌ڕێوه. چێخه‌ف له‌م باره‌یه‌وه، له یه‌کێک له نامه‌کانیدا گوتوویە‌تی: (مرۆڤ له ژیاندا به به‌رده‌وامی یه‌کتر ناکوژن. یا‌ن خۆیان له‌ناو نابه‌ن و ددان به ناپاکییه‌کانیاندا نانێن… هه‌روه‌ها کاته‌کانیشیان به گفتوگۆی زیره‌کانه‌وه نابه‌نه سه‌ر… ئه‌وه‌ی، که بیر و هۆشیان داگیر ده‌کات خواردن و خواردنه‌وه و دڵداری و قسه‌ی بێ مانایه. ئه‌م شتانه‌ش ئه‌وه‌یه، که ده‌بێت له‌سه‌ر شانۆ به‌رجه‌سته‌یان بکه‌ین… شانۆ ده‌بێت وێنه‌ی خه‌ڵکی بخاته ڕوو له کاتێکدا، که نوێژ ده‌که‌ن، سه‌فه‌ر ده‌که‌ن، نان ده‌خۆن و ده‌رباره‌ی ئاووهه‌وا قسه ده‌که‌ن و قومار ده‌که‌ن… با هه‌موو شتێک له‌سه‌ر شانۆ ئاڵۆز و گران بێت هه‌روه‌ک ژیان، ساکار و ئاسان بێت هه‌روه‌ک ژیان… که، خه‌ڵکی نانی ئێواره ده‌خۆن له نان خواردن به‌ولاوه هیچی تر ناکه‌ن… ئه‌مه‌یش ڕێگا له به‌ختیاری خه‌ڵکی ناگرێت، به‌هه‌مان شێوه ڕێگا له‌و که‌سانه‌یش ناگرێت، که ژیانی خۆیان ده‌شێوێنن.) چێخه‌ف وه‌ک ئه‌ده‌ب سه‌یری شانۆی نه‌کردووه، به‌ڵکوو به‌ر له هه‌موو شتێک شانۆنامه‌نووسین بۆ ئه‌و بۆ شانۆ بووه، شانۆکه‌یشی شانۆیه‌کی واقیعی بووه و بنه‌ماکانی له‌سه‌ر تێکسته شانۆییه‌کانی بنیاتناوه. له‌م ڕووه‌وه چێخه‌ف نوێخواز بووه و مه‌به‌ستی شانۆ نه‌بووه، به‌ڵکوو شانۆ پێویستی به چێخه‌ف بووه و به‌دوای شانۆنامه‌کانیدا ڕایان کردووه. له‌به‌ر ئه‌وه نوێخوازی و واقیعییه‌تی چێخه‌ف دابڕانێک بووه له هه‌موو ته‌وژم و نه‌ریته شانۆییه‌کان. چێخه‌ف شاره‌زاییه‌کی ته‌واوی له هونه‌ری شانۆ هه‌بووه، له‌م ڕووه‌وه له وه‌ڵامی یه‌کێک له‌و ده‌زگا چاپه‌مه‌نییانه‌ی، که ویستوویه‌تی شانۆنامه‌کانی چاپ بکات گوتوویه‌تی: (من هیچ شانۆنامه‌یه‌ک به شایانی بڵاو کردنه‌وه نازانم تا له‌کاتی پرۆڤه و له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌کاندا پیایدا نه‌چمه‌وه.) تاکه هۆیه‌کیش، که وای له چێخه‌ف کردووه شانۆنامه بنووسێت ئه‌وه بووه، که له‌سه‌ر شانۆکان پێشکه‌ش بکرێت.
شانۆکه‌ی چێخه‌ف واقیعییه، به‌ڵام واقیعییه‌تێکی تایبه‌تمه‌نده، چێخه‌ف پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتووه، که ژیانه ساکاره‌که به‌رجه‌سته بکات، ژیانی هه‌موو ڕۆژێک، به‌ڵام گوێزانه‌وه‌ی ژیانی ڕۆژانه بۆ چێخه‌ف ته‌نیا وێنه‌کردنێکی ڕووت نه‌بووه، به‌ڵکوو فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م نووسه‌ره فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ساکار و ئاسایی بووه. چێخه‌ف له‌و ژیانه ئاساییه‌دا هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی بینیوه، ژیانی له چه‌مکه ساکاره‌کانیدا دۆزیوه‌ته‌وه و سه‌رله‌نوێ پێمان ده‌ناسێنێته‌وه، خۆشگوزه‌رانیمان، ئازاره‌کانمان، هیواکانمان، ڕۆژه خۆش و دڵخۆشه‌کانمان، خه‌ونه‌کانمان. پێویسته ژیان له ڕوانگه‌ی دیمه‌نه ئاساییه‌که‌وه وه‌ربگرین، له ده‌روازه‌کانی ساکاری بوونه‌وه له ژیان و له خۆمان تێده‌گه‌ین. مه‌به‌ستی چێخه‌ف ئه‌وه بووه وێنه‌یه‌کی ژیانی ڕۆژانه‌مان بداتێ به هه‌موو ساکاری، ناخۆشی و ڕیتمه خاوه بێزارکه‌ره‌که‌یه‌وه، تا له پشت ئه‌وه‌وه ئه‌و جیهانه ببینین، که به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌و جیهانه‌ی، که له خه‌ونه‌کانماندا ده‌یانبینین.
له‌و ژیانه ساکار و ئاساییه‌ی چێخه‌ف-ه‌وه ڕاستی خۆمان و ڕاستی ژیانمان ده‌بینین، له‌نێوان ئه‌ندێشه و واقیعدا، له‌نێوان ناته‌با و ته‌بادا، له‌نێوان ساکار و ئاسان و دژوار‌دا شیعری چێخه‌ف و شانۆی چێخه‌ف وێنه‌یه‌کی ڕاستگۆی مرۆڤایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌کانمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌کات. له‌م ئه‌تمۆسفێره‌دا هه‌موو ڕه‌وش و په‌یوه‌ندی و هه‌ڵوێسته‌کان پابه‌ندن به په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤیش به‌وانیتر و به شته‌کانه‌وه، به گه‌ردوون، به ژیان و به خودی خۆیه‌وه.
واقیعییه‌تی چێخه‌ف ناتورالیزمی ناگه‌یه‌نێ، دووریشه له چه‌مک و بۆچوونه‌کانی ناتورالیزمی ئه‌میل زۆلا-وه، به‌ڵکوو واقیعییه‌تی چێخه‌ف زیاتر سروشتییه‌کی زیندووه و له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کانیدا کۆمان ده‌کاته‌وه. لێکنزیکبوونه‌وه و پێکگه‌یشتنی ئێمه و کاره‌کته‌ره‌کانی چێخه‌ف پێکگه‌یشتنێکی مرۆڤایه‌تییه به هه‌موو گه‌رموگوڕی و خه‌ون و هیواکانییه‌وه، به هه‌موو سۆز و لێکچوونه‌کانی چاره‌نووسێکی هاوبه‌شه‌وه.
چێخه‌ف چه‌نده گرینگی به که‌سی تاک ده‌دات و مه‌سه‌له خودییه فه‌لسه‌فییه‌کان له‌لای مرۆڤی تاک چاره‌سه‌ر ده‌کات، هێنده‌یش به‌و مانایه‌ی، که مرۆڤ و مرۆڤی تاک ئه‌ندامی کۆمه‌ڵگە و بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه. له‌به‌ر ئه‌وه شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف پاڵه‌وانی تاک له خۆ ناگرێت و هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی، بێ جیاوازی گرینگن و به‌شێکن له سیسته‌م و ڕژێمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، کاره‌کته‌ره‌کانی وه‌ک خودێکی تاک په‌یوه‌ندییان به‌وانیتره‌وه هه‌یه، له هه‌مان کاتدا په‌یوه‌ستن به کۆمه‌ڵگه‌یشه‌وه.
به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان لای چێخه‌ف ئاشکران: په‌یوه‌ندی مرۆڤ به مرۆڤه‌وه، تاک له‌گه‌ڵ تاک له په‌یوه‌ندییه‌کانیدا به کۆمه‌ڵگەوه، کۆمه‌ڵگەیش له‌به‌رامبه‌ر خۆیدا، به‌تایبه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیانه‌ی، که به گۆڕانکاری و دابڕان و ململانێی فیکریی، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێده‌په‌ڕن، به‌م شێوه‌یه‌ش بارودۆخی مرۆڤایه‌تی له باشه‌وه به‌ره‌و خراپ ده‌گۆڕێ و بارێکی ئاڵۆز و دوور له ڕاستییه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.
زۆر گرانه شانۆنامه‌کان و کاره‌کته‌ره‌کانی چێخه‌ف بخزێنرێته ژانر و بواره‌کانی کۆمیدیا یاخود تراجیدیاوه، به‌ڵکوو له‌و ڕووه‌وه‌ی، که شانۆنامه‌کانی سیمایه‌کی مرۆڤایه‌تی گشتگر له خۆ ده‌گرن، چ کۆمیدیا یا‌ن تراجیدی به‌شێکن له‌م سیما گشتگره مرۆڤایه‌تییه. چێخه‌ف خه‌نده و په‌ژاره به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر تێکه‌ڵاو ده‌کات، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌و وێنه‌یه‌کی ڕاستگۆی ژیانه، که له یه‌ک کاتدا پڕه له پێکه‌نین، له هه‌مان کاتدا خه‌م و په‌ژاره، خۆشی و ناخۆشی. چێخه‌ف خۆی شانۆنامه‌کانی زیاتر وه‌ک کۆمیدیا ناوزه‌د کردووه، به‌ڵام بۆ ڕه‌خنه‌گره‌کان زۆر گران بووه له‌ژێر ته‌وژمه‌کانی شانۆیه‌کی کۆمیدیادا شرۆڤه‌ی شانۆنامه‌کانی بکه‌ن، زۆر گران بووه، که شانۆنامه‌کانی له‌نێوان کۆمیدیا و تراجیدیادا جیابکه‌نه‌وه، هه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش خاڵێکی دژوار و جیاوازی و کێشه‌ی نێوان چێخه‌ف و دەرهێنەری گه‌وره‌ی ڕووسی ستانیسلاڤیسکی ١٨٦٣ – ١٩٣٨ بووه. ستانیسلاڤیسکی شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف-ی له‌سه‌ر شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ وه‌ک تراجیدیا ڕاڤه‌کردوون، نه‌مایشه‌کانی زیاتر له تراجیدیاوه نزیک بوون نه‌ک کۆمیدیا، ئه‌مه‌یش چێخه‌ف-ی دڵگران کردووه.
زوربه‌ی ڕه‌خنه‌گره ئه‌وروپییه‌کان شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف دابه‌ش ده‌که‌ن به‌سه‌ر دوو قۆناغدا: یه‌که‌میان شانۆنامه‌کانی قۆناغی سه‌ره‌تای ده‌گرێته‌وه، له‌م قۆناغه‌دا ڕووداوی شانۆنامه‌کانی زیاتر ڕاسته‌وخۆن، به‌تایبه‌تی شانۆنامه کورته‌کانی، دووه‌میشیان ئه‌و شانۆنامانه دێن، که ڕووداوه‌کانی ناڕاسته‌وخۆن و چێخه‌ف له‌م قۆناغه‌یدا ده‌گاته ئاستێکی گه‌وره‌ی داهێنان. نەورەس، لالۆ ڤانیا، سێ خوشک، باخی گێلاس نموونه‌یه‌کی به‌رزی قۆناغی دووه‌می شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف-ن.
گۆڕانکاری و به‌ره‌وپێشه‌وه چوونه ئاساییه‌که‌ی هێڵ و پێودانگه درامییه‌کان له‌لای چێخه‌ف ته‌نیا گه‌وهه‌ر و هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ره‌کان ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو له په‌یوه‌ندییه‌کانیاندا: به‌وانی تره‌وه، به خۆیانه‌وه و به ژیانیشه‌وه ده‌گرێته‌وه. له‌م نێوه‌نده‌یشدا ڕاستگۆیی به هه‌موو ماناکانییه‌وه، بێ پێچوپه‌نا، له هه‌موو دیمه‌نێک له دیمه‌نه‌کانی شانۆنامه‌کانیدا ده‌بینرێت.
سیمای شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌مان بۆ کردووه، ئه‌تمۆسفێرێکی تاریکی هێدی، که دڵه‌ڕاوکێ، ناخۆشی، بێزاری، دڵته‌نگی، قێزلێکردنه‌وه، نائومێدی و ون بوون له خۆ ده‌گرێت، ئه‌م سیمایانه‌یش هه‌موویان پێکه‌وه هاوکارن، پێکداده‌چن، دژی یه‌کتر ده‌وه‌ستنه‌وه و به شێوازێکی ناڕاسته‌وخۆ یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن و ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌به‌ن.
چێخه‌ف به شێوه‌یه‌کی سروشتی، ساکار و وه‌ستایانه ڕووداو و چینه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگە له ده‌وری ڕووداوه سه‌ره‌کییه‌که‌ی شانۆنامه‌کانی کۆده‌کاته‌وه، دوای ئه‌وه یه‌ک له‌دوای یه‌ک په‌رده له‌ڕووی بابه‌ت و هه‌ڵوێسته درامییه‌کانی ڕووداوه‌کان لاده‌بات، به‌م شێوه‌یه‌ش گرێ درامییه‌کان و په‌یوه‌ندییه مرۆڤایه‌تیه‌کان دروست ده‌کات، ڕیتمێکی مۆسیقی ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌ی نێوان شێوه و ناوه‌ڕۆک، دیمه‌نی ده‌ره‌وه و گه‌وهه‌ره قووڵه شاراوه‌که‌ی پێک دەهێنێ.
٢
ئه‌نتوان چێخه‌ف له ساڵی ١٨٦٠دا له ئۆکراینا له دایک بووه، باوکی بازرگان بووه و مرۆڤێکی بێ به‌زه‌یی و توندوتیژ بووه له‌گه‌ڵ خانه‌واده و منداڵه‌کانیدا. چێخه‌ف له یه‌کێک له نامه‌کانیدا سه‌باره‌ت به باوکی گوتوویە‌تی: ”هه‌موو به‌یانییه‌ک، که له خه‌و هه‌ڵئه‌ستام، یه‌که‌م شت بیرم لێ ده‌کرده‌وه ئه‌وه بوو: ئاخۆ ئه‌مڕۆ لێدان ده‌خۆم!”
له ساڵی ١٨٧٥دا باوکی نابووت ده‌بێت و له ترسی قه‌رزه‌کانی و سزای به‌ندیخانه ڕاده‌کات بۆ مۆسکۆ، له‌وێ خۆی ده‌شارێته‌وه، دواتر خێزانه‌که‌یشی ناچار ده‌بێت، که خانووبه‌ره‌که‌یان بفرۆشن و بگه‌ڕینه‌وه بۆ مۆسکۆ. چێخه‌ف، که ئه‌وکات قوتابی ئامۆژگای مامۆستایان ده‌بێت، به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه، له ساڵی ١٨٧٩ دا، که قوتابخانه ته‌واو ده‌کات، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مۆسکۆ، له‌وێ له کۆلیژی پزیشکی ده‌ست ده‌کات به خوێندن. له هه‌مان کاتدا ده‌سگیرۆیی ماڵه باوکی ده‌کات، یارمه‌تییان ده‌دات و ده‌ست به نووسینیش ده‌کات، له سه‌ره‌تادا به دیمه‌نی کورتی کۆمیدی و دواتریش به کورته چیرۆک، ئه‌م نووسینانه له گۆڤاره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، به‌ناوی خوازراوه‌وه بڵاو ده‌کاته‌وه.
چێخه‌ف له ساڵی ١٨٨٤ه‌وه وه‌ک پزیشک کار ده‌کات، هاوکات نۆڤلێته‌کانی بڵاو ده‌کاته‌وه، به‌ڵام زیاتر له ساڵی ١٨٨٦ەوە به‌ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌وه، له گۆڤار و ڕۆژنامه گه‌وره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ست ده‌کات به بڵاو کردنه‌وه. له ساڵی ١٨٨٧یشدا یه‌که‌م شانۆنامه‌که‌ی ئیڤانۆڤ له مۆسکۆ نه‌مایش ده‌کرێت، شانۆنامه‌ی ئیڤانۆڤ زیاتر هانی چێخه‌ف ده‌دات، که له شانۆ نزیک ببێته‌وه، له ساڵی ١٨٨٨ دا چوار شانۆنامه‌ی یه‌ک په‌رده‌یی ده‌نووسێت، له هه‌مان ساڵدا خه‌ڵاتی پۆشکین وه‌رده‌گرێت.
چێخه‌ف له ساڵی ١٨٩١دا گه‌شتێک به زوربه‌ی وڵاته ئه‌وروپییه‌کاندا ده‌کات، سه‌ره‌تا ده‌چێته ڤێنا، له‌وێوه ده‌ڕوات بۆ ڤینیسیا، فلۆرنس، رۆما، مۆنتیکارلۆ و پاریس. چێخه‌ف له ساڵی ١٨٩٢ەوە تا ساڵی ١٨٩٧ وه‌ک پزیشک کاری کردووه و به‌شێوه‌یه‌کی چڕ سه‌رقاڵی مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش بووه، یارمه‌تی جوتیاره‌کانی داوه، قوتابخانه‌ی دروستکردووه و به‌رده‌وامیش سه‌رگه‌رمی نووسین بووه. له ساڵی ١٨٩٤ یشه‌وه باری ته‌ندروستی زۆر خراپ ده‌بێت، له هه‌مان ساڵدا بۆ جاری دووه‌م سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌کات. چێخه‌ف به چاوی ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌وه سه‌یری تۆڵستۆی کردووه، له ساڵی ١٨٩٥دا به تایبه‌تی سه‌ردانی ده‌کات.
له ساڵی ١٨٩٦ دا شانۆنامه‌ی نەورەس له شاری سان پیته‌ربۆرگ نه‌مایش ده‌کرێت، نەمایشەکە سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێ، ئه‌مه‌یش چێخه‌ف زۆر نیگه‌ران ده‌کات و بیر له دوورکه‌وتنه‌وه له شانۆ ده‌کاته‌وه. له ساڵی ١٨٩٧دا چه‌ندین ڕووداوی گرینگ ڕووده‌دات، سه‌ره‌تا ستانیسلاڤیسکی و فلادیمێر نیمیرۆفیتش داتنشکۆ (شانۆی هونه‌ر) له مۆسکۆ داده‌مه‌زرێنن، چێخه‌ف باری ته‌ندروستی زۆر خراپ ده‌بێت و له نه‌خۆشخانه ده‌که‌وێت، هه‌ر له‌م ساڵه‌یشدا شانۆنامه‌ی لالۆ ڤانیا له‌گه‌ڵ شانۆنامه‌کانی تری‌دا له دووتوێی به‌رگێکدا بڵاو ده‌کاته‌وه. باوکی چێخه‌ف له ساڵی ١٨٩٨ دا ده‌مرێت، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک رووداوی گرینگی تر هه‌ر له‌م ساڵه‌دا له ژیانی چێخه‌فدا ڕووده‌دات، بۆ نموونه پارچه زه‌وییه‌ک له نیوه دوورگه‌ی کرێم، له شاری یاڵتا ده‌کڕێت، خانوویه‌کی گه‌وره‌ی به به‌ردی سپی له‌سه‌ر دروست ده‌کات، ئه‌و خانووبه‌ره‌یه دواتر به خانووه سپییه‌که ده‌ناسرێت و ئێستا مۆزه‌خانه‌یه. هه‌ر له‌م ساڵه‌دا شانۆی هونه‌ر شانۆنامه‌ی نەورەس به سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌وه پێشکه‌ش ده‌که‌ن، چێخه‌ف-یش ئۆلگا کینپه‌ری ئه‌کته‌ر ده‌ناسێت. ساڵی دواتر و له‌به‌ر باری ته‌ندروستی به ته‌واوی له خانووه سپییه‌که‌ی له یاڵتا جێگیر ده‌بێت، له نزیکه‌وه مه‌کسیم گۆرکی ده‌ناسێ و شانۆی هونه‌ریش شانۆنامه‌ی لالۆ ڤانیا نمایش ده‌کات.
له ساڵی ١٩٠٠ دا چێخه‌ف به ته‌نیا له یاڵتا ده‌ژی، له هه‌مان کاتدا خه‌ریکی نووسینی شانۆنامه‌یه‌کی نوێش ده‌بێت، ستانیسلاڤیسکی له په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ چێخه‌فدا و ده‌یه‌وێت به زووترین کات ئەو شانۆنامه‌یه ته‌واو بکات، چێخه‌ف له نامه‌یه‌کیدا ده‌نوسێ: (شانۆنامه‌که له ئه‌تمۆسفێرێکی سه‌ربازیدا ڕووده‌دات و چوار ڕۆڵی سه‌ره‌کی بۆ ئافره‌ت له خۆ ده‌گرێت.) چێخه‌ف له ٢٣ی مانگی ئۆکتۆبه‌ردا ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مۆسکۆ، له شانۆی هونه‌ر یه‌که‌م ده‌سنووسی شانۆنامه‌ی سێ خوشک بۆ ئه‌ندامان و ئه‌کته‌ره‌کانی شانۆی هونه‌ر ده‌خوێنێته‌وه، چێخه‌ف-یش له کۆتایی مانگی دێسه‌مبه‌ری هه‌مان ساڵدا به ته‌واوی شانۆنامه‌که ته‌واو ده‌کات.
له ٣١ی مانگی یانیوه‌ری ساڵی ١٩٠١ دا شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ، شانۆنامه‌ی سێ خوشک پێشکه‌ش ده‌کات، چێخه‌ف له‌م کاته‌دا له ئیتاڵیاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاڵتا، هیچ ته‌له‌گرامێکی به‌ده‌ست ناگات، ئه‌مه‌یش وا له چێخه‌ف ده‌گه‌یه‌نێ، که شانۆنامه‌ی سێ خوشک له مۆسکۆ سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. چێخه‌ف تا به ته‌واوی له ناوه‌ڕاستی مانگی فێبریوه‌ریدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاڵتا، نازانێ، که شانۆنامه‌که‌ی سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناوه. هه‌ر له‌م ساڵه‌دا بڕیاری ته‌واوی خۆی ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئۆلگا کینپه‌ر زه‌ماوه‌ند ده‌گێڕێ، به‌ڵام باری ته‌ندروستی به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت.
چێخه‌ف له ساڵی ١٩٠٤ دا دوا سه‌رکه‌وتنی خۆی له شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ ده‌بینێ، شانۆنامه‌ی باخی گێلاس سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره به‌ده‌ست ده‌هێنێ، به‌ڵام چێخه‌ف به ته‌واوی بێ هێز ده‌بێت، نه‌خۆشییه‌که‌ی زۆری بۆ ده‌هێنێ، تا له ٢ی مانگی یولی ساڵی ١٩٠٤دا کۆچی دوایی ده‌کات.
٣
سێ خوشکه‌که، ئۆلگا، ماشا و ئیرینا پێکه‌وه له‌گه‌ڵ براکه‌یان ئه‌ندرێی له شارێکی دووره‌ده‌ستی بچووکدا، دوای ئه‌وه‌ی باوکیان وه‌ک ژه‌نه‌راڵ و سه‌رله‌شکر له مۆسکۆوه گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وێ، ده‌ژین. ئێستا باوکیان مردووه و هیچ شتێک وه‌ک جاران نه‌ماوه، ئه‌و خانه‌واده‌یه له‌سه‌ره ڕێگای ژیاندا به‌جێماون. پریشکی سوپا به‌رده‌وام به‌ر ماڵه‌که‌یان ده‌که‌وێت، ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌کان سه‌ردانیان ده‌که‌ن و ژیانیان قه‌ره‌باڵخ و داگیر ده‌که‌ن، وه‌کی تر ئه‌و سێ خوشکه و براکه‌شیان زیاتر باسی ئه‌وه ده‌که‌ن، که ژیانیان بگۆڕن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مۆسکۆ، تا سه‌رله‌نوێ له‌وێ ژیانیان ده‌ست پێبکه‌نه‌وه. که ئه‌ندرێی براشیان ناتالیا ده‌خوازێ و ده‌یگوێزێته‌وه ناو ماڵه‌که، ژیانی هه‌ر سێ خوشکه‌که به ته‌واوی ده‌گۆڕدرێت. ئه‌ندرێی پاره‌کانی ده‌دۆڕێنێ و خوشکه‌کانیشی ده‌سه‌ڵاتیان که‌متر و که‌متر ده‌بێته‌وه، توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌ندرێیان نامێنێت.
جگه له سێ خوشکه‌که، ئه‌ندرێی و نه‌تالیا دوو کاره‌کته‌ری تر، ڕۆڵێکی گه‌وره و له‌به‌رچاویان له شانۆنامه‌ی سێ خوشک-دا هه‌یه، ئه‌م دوو کاره‌کته‌ره‌یش هه‌رگیز ده‌رناکه‌ون، یه‌که‌میان (پرۆزۆرۆڤ)ی باوکی ئه‌ندرێی و سێ خوشکه‌که‌یه، پرۆزۆرۆڤ سه‌رکرده‌ی به‌تالیۆنێکی سه‌ربازی بووه، که شانۆنامه‌که ده‌ست پێده‌کات، ئه‌و ساڵێکه مردووه. دووه‌میان (پڕۆتۆپۆپۆڤ)، پارێزگاری شاره‌که، یا‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری گونده‌کانه، ئه‌م که‌سایه‌تییانه کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆیان هه‌بووه و هه‌یه به‌سه‌ر ژیان و چاره‌نووسی کاره‌کته‌ره‌کان و ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانه‌وه. پرۆزۆرۆڤ-ی باوکیان هه‌ر له سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌وه ده‌رده‌که‌وێت، بوونێکی ئاماده و به‌هێزی هه‌یه.
ئۆلگا
ئیرینا، باوکم ساڵیکی ته‌واو له‌مه‌وبه‌ر، له‌م ڕۆژه‌دا له پێنجی مایسی پاردا و له ڕۆژی بیره‌وه‌ری له‌دایکبوونی تۆدا مرد. ڕۆژێکی سارد بوو و به‌فر ئه‌باری. من وام ئه‌زانی به‌رگه‌ی ئه‌مه ناگرم. تۆ بێ هۆش که‌وتبووی و وه‌ک مردوو وابووی… به‌ڵام وا ساڵێک تێپه‌ڕی و ئێستا له‌سه‌رخۆ یادی ئه‌که‌ینه‌وه.
شانۆنامه‌ی ”سێ خوشک” په‌رده‌ی یه‌که‌م
جه‌نه‌راڵ پرۆزۆرۆڤ پلانی گه‌وره‌ی بۆ پاشه‌ڕۆژی منداڵه‌کانی هه‌بووه، بۆ نموونه فێری زمانه‌کانی فه‌ڕه‌نسی، ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی کردوون، ئیرینا ته‌نانه‌ت ئیتاڵییش ده‌زانێ، هه‌ر له‌سه‌ر داخوازی ئه‌و ئه‌ندرێی ڕێگای بواری ئه‌کادیمیی هه‌ڵبژاردووه و باوکی خوازیار بووه، که ئه‌ندرێی ببێته پرۆفیسۆر.
که باوکیان جه‌نه‌راڵ و سه‌رکرده‌ی له‌شکری ئه‌و شاره بووه، کاریگه‌ری و مانایه‌کی گرینگی له‌دوای خۆیه‌وه بۆ هه‌موو شانۆنامه‌که به‌جێهێشتووه، ئه‌و ئێستا مردووه، به‌ڵام سه‌رباز، ئه‌فسه‌ر و هه‌موو لیوای شاره‌که بوونێکی ڕاسته‌وخۆیان له ماڵه‌که‌دا هه‌یه، کاریگه‌رییان به‌سه‌ر هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کانه‌وه هه‌یه و ڕه‌وه‌تی چاره‌نووس و پێگه‌ی ژیان و گوزه‌رانیان به‌رجه‌سته ده‌کات.
جگه له ژیانی سه‌ربازی، شارێکی بچووکی دووره‌ده‌ستی ڕووسیا، بنه‌ما گرینگه‌کانی ژیانی خێزانی بنه‌ماڵه‌ی پرۆزۆرۆڤ پێکده‌هێنێ. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی باوکیان مردووه خه‌ون و حه‌زه گه‌وره‌کانی هه‌ر سێ خوشکه‌که ئه‌وه‌یه، که بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مۆسکۆ. مۆسکۆ ته‌نیا شارێک یا‌ن پانتاییه‌کی جوگرافی نییه بۆ ئه‌و سێ خوشکه، به‌ڵکو سمبولێکه، سمبولی ڕابردوو، ئه‌و کاتانه‌ی، که هه‌موو ده‌رگاکان کراوه بوون، ژیان ڕووناک و خه‌نده‌ی پێکه‌نین ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی پێی به‌خشیبوون.
سوپا هێماگه‌لی چاکه، خۆشی، ژیانێکی گه‌رم و پر له مانا و گوزه‌رانێکی بۆرژوازی و زیندوو، له هه‌مان کاتدا ئه‌تمۆسفێرێکی پۆزه‌تیفه، به‌ڵام شاره بچووکه‌که هێماگه‌لی دڵته‌نگی، به‌رته‌سکی، بێ مانایی و جیهانێکی نێگه‌تیفه، له‌نێو ئه‌م دوو جیهانه‌یشدا کاره‌کته‌ره‌کان له په‌یوه‌ندییه‌کی بازنه‌ییدا ده‌سوڕێنه‌وه. کاره‌کته‌ره‌کان له په‌یوه‌ندییه‌کانیانه‌وه به سێ خوشکه‌کەوە، ڕه‌نگ و ئاستی که‌سایه‌تییه‌کانیان وه‌رده‌گرن، هه‌ر سێ خوشکه‌که و ئه‌ندرێی برایان، به‌هۆی کاره‌که‌ی باوکیانه‌وه، زۆر له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ له‌شکر و ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌کاندا ژیاون، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه مردنی باوکیان ته‌نیا مردنی جه‌سته‌ی مرۆڤێک نییه، به‌ڵکوو نه‌مانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ڕاسته‌وخۆیه‌شه به سوپاوه، به‌م شێوه‌یه‌ش جه‌مسه‌رێکی گرینگی په‌یوه‌ندییه‌کان به دنیای ده‌ره‌وه پچڕاوه. له‌دوای مردنی باوکیانه‌وه له (توزینباخ) و (سه‌لیۆنی) زیاتر که‌سی تر سه‌ردانیان ناکات، ئه‌م دووانه‌یش هه‌ردوکیان دڵیان به ئیریناوه‌یه. بێگومان مردنی (پڕۆزۆرۆڤ) هه‌موو خێزانه‌که‌ی له چه‌قی ڕووداوه‌کان، په‌یوه‌ندی و گرینگی پێدانه‌وه گواستۆته‌وه بۆ په‌راوێز، ئه‌و جیهانه‌یشی، که سێ خوشکه‌که و ئه‌ندرێی تیا ده‌ژی، له کۆتاییدا ده‌بێته دیمه‌نێکی تێکشکاو: نه‌تالیا، ژنه‌که‌ی ئه‌ندرێی ده‌ست به‌سه‌ر ماڵه‌که‌دا ده‌گرێت، ئۆلگای ناچارکردووه بگوێزێته‌وه، ماشا نایه‌وێت جارێکی تر بۆ ئه‌و ماڵه بێته‌وه، ئیرینا ده‌بێته مامۆستا و له ماڵه‌که‌یان ده‌گوێزێته‌وه، ئه‌ندرێی، که ده‌بوایه ببوایه به پڕۆفیسۆر، ئێستا مووچه‌خۆرێکی بچووکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گونده‌کانه، به باخچه‌که‌دا پاڵ به عه‌ره‌بانه‌ی منداڵێکه‌وه ده‌نێت، که نه‌تالیای ژنی له که‌سێکی تر بوویه‌تی، له ماڵه‌که‌یشدا له ژوورێکی بچووکی ته‌نیادا ده‌گیرسێته‌وه و که‌مانچه ده‌ژه‌نێ. ته‌نانه‌ت شاره بچووکه‌که‌یش چۆڵ و هۆڵ بووه، لیوا سه‌ربازییه‌که گواستوویانه‌ته‌وه و شاریان جێهێشتووه.
کاره‌کته‌ره پۆزه‌تیفه‌کان له سێ خوشکه‌که‌وه نزیکن، تێکڕا هه‌موویان خه‌ون ده‌بینن، فه‌لسه‌فه لێ ده‌ده‌ن و که‌متر کرداریان هه‌یه، یا‌ن هیچ کارێکیان نییه. کاره‌کته‌ره نێگه‌تیفه‌کانیش به‌ده‌ست و بردن، کرداریان دیاره، پڕۆتۆپۆپۆڤ کلیلی زوربه‌ی ڕووداوه‌کانه، کاریگه‌رییه‌کی خراپی به‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانه‌وه هه‌یه، کوڵیگین وه‌ک مامۆستایه‌ک ئه‌رکه‌کانی خۆی جێبه‌جێ ده‌کات، سه‌لیۆنی بارۆن ده‌کوژێت و نه‌تالیاش، ژنه‌که‌ی ئه‌ندرێی که‌سێکی خۆپه‌رسته و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هه‌ر سی خوشکه‌که‌یه. نه‌تالیا به سه‌ربه‌ستی به‌چوارده‌وری خۆیدا هه‌ڵده‌سوڕێ و ڕه‌وڕه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان ده‌بات به‌ڕێوه، هه‌رچه‌نده کاره‌کته‌رێکی نێگه‌تیفه، به‌ڵام وزه و هێزێکی گه‌وره‌ی تێدایه، هه‌نگاو و بڕیاری چاونه‌ترسانه ده‌دا. نه‌تالیا به‌ڕه له‌ژێرپێی خوشکه‌کان ده‌ردێنێ و له ماڵه‌که‌یان ده‌رده‌په‌ڕێنێ، ناپاکی له ئه‌ندرێی ده‌کات و له‌ژیانی خۆی به‌ولاوه هیچی تری به‌لاوه گرینگ نییه.
چێخه‌ف ته‌کنیکێکی تایبه‌تمه‌ند له دروستکردنی که‌سایه‌تییه‌کانیدا به‌کارده‌هێنێ، بۆ نموونه هه‌ندێک له کاره‌کته‌ره‌کان، به‌رله‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆ ده‌ربکه‌ون، له‌سه‌ر زاری کاره‌کته‌ره‌کانی تره‌وه پێشکه‌ش ده‌کات، به‌م شێوه‌یه‌ش بارێکی چاوه‌ڕوانی سه‌باره‌ت به‌و که‌سایه‌تییه لای بینه‌ران ده‌خوڵقێنێ، هه‌ندێک جاریش په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌تی له‌نێوان ئه‌و که‌سه‌ی قسه ده‌کات و ئه‌وه‌ی، که دواتر ده‌رده‌که‌وێت دروست ده‌کات، کاره‌کته‌ره‌کان چ له‌ناو خۆیان و چ له‌لای بینه‌ران نامۆ نابن.
ئه‌م ته‌کنیکه له شانۆنامه‌ی سێ خوشک-دا به ئاشکرا دیاره، سه‌لیۆنی، ڤێرشینین و نه‌تالیا پێش ده‌رکه‌وتنیان با‌سیان ده‌کرێت. چ خوێنه‌ر و چ بینه‌رانیش وێنه‌یه‌کی ته‌واوی نه‌تالیا، به‌رله‌وه‌ی ده‌ربکه‌وێت، وه‌رده‌گرن و هه‌ر سێ خوشکه‌که به نێگه‌تیفی باسی ده‌که‌ن.
نموونه‌ی یه‌که‌م:
توزینباخ
…. له‌بیرم نه‌بوو، ئه‌مڕۆ ڤێرشینینی سه‌رکرده‌ی تازه‌ی به‌تالیۆنه‌که‌مان دێ به میوانیتان (لای پیانۆکه‌وه ده‌وه‌ستێ)
ئۆلگا
ئینجا چییه؟… من به‌مه کامه‌رانم!
ئیرینا
پیره؟
توزینباخ
نه‌ء، خراپ نییه. ته‌مه‌نی زۆر زۆر بێ چل ساڵ، چل و پێنج ساڵ ئه‌بێ (له‌سه‌رخۆ ئاوازی گۆرانییه‌که ئه‌ڵێ) گومانی تێدا نییه که پیاوێکی به‌توانا و ژیره، به‌ڵام زۆربڵێیه!
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی یه‌که‌م
نموونه‌ی دووه‌م:
ماشا
ئای ئه‌و خانمه جلی چۆن له‌به‌رئه‌کا! ناڵێم جله‌کانی جوان نین یا‌ن مۆده‌یان به‌سه‌رچووه، به‌ڵام ڕێک پۆش نییه. ته‌نووره‌یه‌کی سه‌یری زه‌ردی کراوه‌ی په‌راوێزه‌دار و بلووزێکی سوور له‌به‌رئه‌کا. کوڵمه‌کانیشی هێنده شتوه و سوه‌ته‌وه بریقه‌یان دێ. نابێ ئه‌ندرێی حه‌زی لێ کردبێ، من ڕێگای ئه‌مه ناده‌م.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی یه‌که‌م
به‌ڵام، که نه‌تالیا دێته ناو ئه‌م خێزانه‌وه، هه‌ر زوو ده‌ست به‌سه‌ر ماڵه‌که‌دا ده‌گرێت، له ڕێگای ئه‌ندرێی شه‌وه خۆی به‌سه‌ر هه‌ر سێ خوشکه‌که‌دا زاڵ ده‌کات و منداڵه‌که‌یشی (بوبیک) وه‌ک چه‌کێک دژی هه‌موویان به‌کارده‌هێنێ. نه‌تالیای ژنی ئه‌ندرێی ، که به نه‌تاشایش ده‌ناسرێ له پەردەی دووه‌مدا داوا له ئه‌ندرێی ده‌کا، که له‌گه‌ڵ ئیرینا بدوێت بۆ ئه‌وه‌ی ژووره‌که‌ی خۆی چۆڵ بکات و بچێته لای ئۆلگا تا (بوبیک) له ژووره‌که‌ی ئه‌و بنوێت، چونکه ئه‌و ژووره زۆر باشه بۆ منداڵ.
نه‌تاشا
… له‌شی بوبیک سارده، ترسم لێ نیشتووه، ڕه‌نگه ژووره‌که‌ی سارد بێ، ئه‌بێ هیچ نه‌بێ تا هاوین بیبه‌ینه ژوورێکی تر، ژووره‌که‌ی ئیرینا بۆ منداڵ زۆر باشه، وشکه و به درێژایی ڕۆژ تیشکی خۆری تێدایه، ئه‌بێ پێی بڵێین. ئه‌و ئه‌توانێ جارێ له‌گه‌ڵ ئۆلگادا له ژوورێکدا بنوون، خۆ به ڕۆژ له ماڵ نییه و هه‌ر بۆ نوستن دێته‌وه.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی دووه‌م
له په‌رده‌ی سێیه‌مدا ئۆلگا و ئیرینا له یه‌ک ژووردا ده‌ژین، له په‌رده‌ی چواره‌میشدا ئۆلگا ماڵه‌که‌ی به‌جێهێشتووه، له کۆتایی ئه‌م په‌رده‌یه‌شدا ئیرینایش ده‌گوێزێته‌وه و ماشایش بریار ده‌دات، که هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و ماڵه.
نه‌تالیا له په‌رده‌ی یه‌که‌مدا وه‌ک ئافره‌تێکی شه‌رمنی دوودڵ و نادڵنیا ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام ورده ورده ده‌بێته خانمی یه‌که‌می ماڵه‌که، به ده‌ستێکی پۆڵایین ڕه‌فتار ده‌کات و به‌ئاشکرا بۆته دۆستی پڕۆتۆپۆپۆڤ، که کچه بچووکه‌که‌شیان (سۆقۆچکا) هه‌ر له‌وه. به‌هێزی نه‌تالیا به‌هێزییه‌ک نییه، که له جه‌سته و ڕه‌فتاری ئه‌ودا بێت، ئه‌و به‌و شێوه‌یه له دایک نه‌بووه، به‌ڵکوو نه‌تاشا هێزی خۆی له بێ هێزیی ئه‌ندرێی و ڕه‌فتاری هه‌ر سێ خوشکه‌که‌یه‌وه وه‌رده‌گرێ، ئه‌م بێ ده‌سه‌ڵاتییه‌ی ئه‌ندرێی و خوشکه‌کانی و هه‌وڵی به په‌راوێزکردنی نه‌تالیا وا له‌م ئافره‌ته ده‌کات، که کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌هێزی هه‌بێت، له هه‌مان کاتدا پێگه‌شی به‌هێز ده‌کات. که نه‌تالیا له‌به‌رچاوی ئۆلگا (له‌لە) پیره ته‌مه‌ن هه‌شتا ساڵییه‌که تڕ‌ۆ ده‌کات، مه‌به‌ستی تڕۆکردنی ئۆلگایه، ئه‌و پیرێژنه (ئه‌نفیسا) له ساڵانێکی زۆر له‌وه‌وبه‌ره‌وه له‌و ماڵه‌دا کارده‌کات، هه‌ر خۆیشی سێ خوشکه‌که و ئه‌ندرێی په‌روه‌رده کردووه.
نه‌تاشا
به‌ڵێ … ڕه‌نگه زۆر ژاکابم! ( له‌به‌ر ئاوینه‌که‌دا ) ئه‌ڵێن قه‌ڵه‌و بووم، ڕاست نییه… یه‌ک تۆز چییه قه‌ڵه‌و نه‌بووم… ماشا نوستووه، به‌سته‌زمانه زۆر ماندووه. (به ساردییه‌وه بۆ ئه‌نفیسا) تۆ له‌به‌ر چاوی من نابێ دانیشی، هه‌سته… لاچۆ لێره. (ئه‌نفیسا ئه‌چێته ده‌رێ. بێ ده‌نگییه‌ک) تێ ناگه‌م، تۆ ئه‌م پیرێژنه‌ت بۆچی ڕاگرتووه؟
ئۆلگا
(به په‌له) ببووره، منیش تێ ناگه‌م!
نه‌تاشا
بوونی هیچ پێویست نییه… ئه‌و جوتیاره و پێویسته له لادێ بژی… بۆچی ئه‌وه‌نده‌تان داوه به ده‌میه‌وه؟ من حه‌زم له ماڵی ڕیک و پێکه… (ده‌ست به ڕوومه‌تیدا دێنێ) به‌سته‌زمان، تۆ ماندووی! به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌مان ماندوه… که سۆقۆچکای کچم گه‌وره بوو و هاته قوتابخانه‌که‌ت، ئه‌وسا لێت ئه‌ترسم!
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی سێیه‌م
له‌نێو کاره‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌ی سێ خوشک-دا، به‌تایبه‌تی که‌سایه‌تی ئه‌ندرێی، گۆڕانکارییه‌کی زۆری به‌سه‌ردا دێت، ئه‌ندرێی له هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی تر، به‌تایبه‌تیش سێ خوشکه‌که، توشی کاره‌ساتی ده‌روونی و بێ هیوایی ده‌بێت. له په‌رده‌ی یه‌که‌مه‌وه، که که‌مانچه ده‌ژه‌نێ، خه‌ون ده‌بینێ و خوازیاره ببێته پرۆفیسۆر و له‌بواری زانست‌دا بڕوانامه‌ی گه‌وره به‌ده‌ست بهێنێ، تا په‌رده‌ی چواره‌م، که به ته‌واوی ڕووخاوه، موچه‌خۆرێکی بچووکه، ده‌روون و ڕۆح و جه‌سته‌ی هیلاکن و له باخچه‌که‌دا به عه‌ره‌بانه‌ی منداڵه‌که‌وه دێت و ده‌چێت، ماشای خوشکی به ئاشکرا ده‌ڵێ: (ئه‌ندرێی برامان هه‌موو ئاواته‌کانی تێک شکاون.)
٤
زۆر کاره‌کته‌ری پزیشک له نۆڤلێت و شانۆنامه‌کانی چێخه‌فدا هه‌ن، له‌وانه‌یه ئه‌مه‌یش بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌زموونی تایبه‌تمه‌ندی چێخه‌ف خۆی، که له ڕاستیدا پزیشک بووه و ماوه‌یه‌کی زۆریش وه‌ک پزیشک کاری کردووه. که‌سایه‌تی پزیشک له‌لای چێخه‌ف ئه‌و که‌سه‌یه، که به سه‌ربه‌ستی و بێ جیاوازی چینایه‌تی و هه‌موو جیاوازییه‌کانی تر، ده‌توانێ بچێته هه‌موو ماڵێکه‌وه، پزیشک هیچ سنوورێکی نییه و چێخه‌ف-یش ئه‌م سه‌ربه‌ستییه‌ی کار و پیشه‌ی پزیشک وه‌ک جۆکه‌رێک به‌کارده‌هێنێ، هه‌ندێک جار نهێنی زوربه‌ی چینه‌کانی کۆمه‌ڵگەی له‌لایه، بۆ نموونه له هه‌موو شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف-دا، جگه له باخی گێلاس کاره‌کته‌رێکی پزیشک هه‌یه، ئه‌م کاره‌کته‌رانه یا‌ن ئه‌وه‌تا ڕاسته‌وخۆ به‌شداری ڕووداوه‌کانن و ڕۆڵێکی گرینگ‌یان له به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی ململانێکاندا هه‌یه، یا‌ن ئه‌وه‌تا چاودێرێکی وردن. دوا پزیشکی شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف چیبووتیکین-ه، پیره پزیشکێکی سوپایه و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان هەموو پزیشکەکانی لەنێو خۆیدا کۆکردۆتەوە. پزیشکه‌کانی نێو شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف له‌گه‌ڵ چێخه‌ف ده‌چنه ته‌مه‌نه‌وه و پیر ده‌بن، چیبووتیکینیش دوا پزیشک و به‌ته‌مه‌نترین پزیشکی شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف-ه. چیبووتیکین مرۆڤی قسه هێنانه‌وه‌یه و هه‌موو بوون و جیهان ده‌خاته ژێر تێڕامانه‌وه، ته‌نانه‌ت له په‌رده‌ی سێیه‌میشدا بوونی خۆشی وه‌ک پزیشک و ده‌وروبه‌ره‌که‌شی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
چیبووتیکین
هه‌مووتان به له‌عنه‌ت بن… سندانم لێ دان… هه‌رایه… وامئه‌زانی دوکتۆرم و ئه‌توانم چاره‌ی هه‌موو نه‌خۆشییه‌ک بکه‌م، که‌چی هیچ نازانم… هه‌موو شتێکم بیرچۆته‌وه… هه‌رچیم زانیوه هه‌موویم له‌بیرچۆته‌وه، هیچم له‌بیرنه‌ماوه. (بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست پێ بکا ئۆلگا و نه‌تاشا ئه‌چنه ده‌رێ) شه‌یتان به له‌عنه‌ت بێ… چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو له زاسیپ ژنێکم تیمار ئه‌کرد، که‌چی مرد… من تاوانبارم، به‌ڵێ، بیست و پێنج ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر هه‌ندێ شتم ئه‌زانی، به‌ڵام هیچم له‌بیرنه‌ماوه… هیچ… باشه، به‌ڵکو من مرۆڤ نه‌بم و به‌خۆڕایی وا خۆم پیشان بده‌م که ده‌ست و قاچ و سه‌رم هه‌یه… به‌ڵکو له ڕاستیدا من هه‌ر نه‌بم و وا بزانم دێم و ئه‌چم و ئه‌خۆمه‌وه! (ئه‌گری) ئاخ، خۆزگه هه‌ر نه‌بوومایه. (ژیر ئه‌بێته‌وه و به تووڕه‌ییه‌وه) شه‌یتان ئه‌زانێ … سێ ڕۆژه له یانه هه‌رایه و باسی شه‌کسپیر و ڤۆڵته‌ر ئه‌که‌ن… من نه‌مخوێندوونه‌ته‌وه و هیچیان ده‌رباره نازانم. که‌چی خۆم وا پیشان ئه‌دا که خویندوومنه‌ته‌وه… ئه‌وانی تریش هه‌روه‌کو من بوون… ئه‌مه نزمییه. ئه‌و ژنه‌شم هاته‌وه به‌رچاو که چوارشه‌ممه کوشتم و له‌به‌رچاوم ون نه‌ئه‌بوو… دڵم گیراوه، ئه‌مه ناڕه‌وایه، کارێکی چه‌وته، تاوانه.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی سێیه‌م
ئه‌م کاره‌کته‌ره مه‌ی به چاره‌سه‌ر ده‌زانێت و له‌پشت سنووره‌کانی به‌دمه‌ست بوونه‌وه خۆی ده‌شارێته‌وه، هه‌ندێک جار به هه‌ستێکی گه‌وره خۆشه‌ویستی بۆ سێ خوشکه‌که، به‌تایبه‌تی بۆ ئیرینا ده‌رده‌بڕێ، یا‌ن گوێ ناداته هیچ، هه‌ندێک جار په‌رده له ڕووی ڕاستییه‌کان هه‌ڵده‌ماڵێ و توندوتیژه، بۆ نموونه له په‌رده‌ی چواره‌مدا، به‌م شێوه‌یه ئامۆژگاری ئه‌ندرێی ده‌کات.
چیبووتیکین
…. براکه‌م، من به‌یانی ئه‌ڕۆم و ڕه‌نگه ئیتر هه‌رگیز جارێکی تر یه‌کتری نه‌بینینه‌وه، به‌ڵام ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی منت له‌بیربێ: شه‌بقه‌که‌ت بکه‌ره سه‌رت و گۆچانه‌که‌ت بگره به ده‌ستته‌وه و ماڵ به‌جێ بێڵه و بڕۆ… بێ ئاوڕدانه‌وه بڕۆ، هه‌تا دوورتریش بڕۆی باشتره!
شانۆنامه‌ی سی خوشک، په‌رده‌ی چواره‌م
هه‌ر چیبووتیکین په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و نهێنییه هه‌ڵده‌ماڵێ، که هه‌موو ده‌یزانن، به‌ڵام که‌س ناوێرێ، یا‌ن نایه‌وێ ڕاسته‌وخۆ باسی بکات، ئه‌ویش په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌تاشایه به پڕۆتۆپۆپۆڤ-ه‌وه. چیبووتیکین له‌کاتێکدا ئه‌م نهێنییه ئاشکرا ده‌کات، که کاتژمێره دێرینه‌که‌ی دایکی سێ خوشکه‌که ده‌شکێنێ، شکاندنی ئه‌م کاتژمێره‌یش له‌گه‌ڵ ئاشکراکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌تاشا و پرۆتۆپۆپۆڤ سمبولی شکاندنی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی، مرۆڤایه‌تی و داوێن پیسییه.
چیبووتیکین
ڕه‌نگه هی دایکت بووبێ… ئینجا با هی دایکت بووبێ. ڕه‌نگیشه من نه‌مشکاندبێ، به‌ڵکو وا هاتبێته به‌رچاو که من شکاندوومه. وا بزانم هه‌موومان هه‌ر وا تێ ئه‌گه‌ین که ئێمه هه‌ین و که‌چی له ڕاستیشدا نین. من هیچ نازانم… که‌س هیچ نازانێ (لای ده‌رگاکه‌وه) بۆچی سه‌یرم ئه‌که‌ن؟ نه‌تاشا له‌گه‌ڵ پڕۆتۆپۆپۆڤدا ڕائه‌بوێرێ، که‌چی ئێوه نایانبینن… ئێوه ئێستا لێره دانیشتوون و هیج نابینن. نه‌تاشا له‌گه‌ڵ پرۆتۆپۆپۆڤدا ڕائه‌بوێرێ.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی سێیه‌م
چیبووتیکین-ی پیره‌پزیشک په‌یوه‌ندییه‌کی دێرین و توندوتۆڵی به بنه‌ماڵه‌ی پڕۆزۆرۆڤ-ه‌وه هه‌یه، هه‌ر سێ خوشکه‌که و ئه‌ندرێی به به‌رچاوی ئه‌وه‌وه گه‌وره‌بوون، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می مۆسکۆ. چیبووتیکین به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی به دایکی سێ خوشکه‌که‌وه هه‌بووه، ئێستا به بیره‌وه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه دڵخۆش ده‌بیت و هه‌ر به‌و بیره‌وه‌رییانه ده‌ژی.
چیبووتیکین
نه‌شمیله نازداره‌کانم، ئێوه به‌نرخترین و خۆشه‌ویستترین که‌سن له‌م جیهانه‌دا. (بۆ ئیرینا) نه‌شمیله‌که‌م، کۆرپه‌که‌م، من له ڕۆژی له‌دایکبوونته‌وه ئه‌تناسم… جاران به باوه‌ش ئه‌مگێڕای و دایکی خوالێخۆشبووتم خۆش ئه‌ویست.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی یه‌که‌م
چیبووتیکین به‌هه‌مان شێوه له په‌رده‌ی دووه‌میشدا به ئه‌ندرێی ده‌ڵێت:
چیبووتیکین
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانم وه‌ک هه‌وره بروسکه تیژ و خێرا به‌سه‌رچوو، فریا نه‌که‌وتم ژن بهێنم. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ژنم نه‌هێناوه چونکه دایکتم زۆر خۆش ئه‌ویست، هه‌رچه‌نده ژنی مێردداریش بوو!
شانۆنامه‌ی خوشک، په‌رده‌ی دووه‌م
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش چه‌ندین جاری تر دووباره ده‌بێته‌وه، چیبووتیکین هه‌ر فرسه‌تێکی بۆ هه‌ڵ بکه‌وێت باسی خۆشه‌ویستی خۆی بۆ دایکی سێ خوشکه‌که ده‌کات، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌ست ناکه‌وێت، که ئایا دایکی سێ خوشکه‌که‌یش چیبووتیکین-ی خۆشویستووه یا‌ن خۆشه‌ویستییه‌که ته‌نیا له‌لایه‌ن چیبووتیکین-ه‌وه بووه.
٥
ئۆلگا کچی ژیانی ڕۆژانه‌یه، به‌رده‌وام کار ده‌کات و ژیانی گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌ت. ئیرینا له سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌دا، وه‌ک باڵنده‌یه‌کی سپی ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت، خه‌ونه‌کانی نایه‌نه دی و له کۆتایی شانۆنامه‌که‌دا، وه‌ک باڵنده‌یه‌کی باڵشکاو ئاماده‌یه سه‌رله‌نوێ ژیانی خۆی ده‌ست پێ بکاته‌وه، ماشا له سه‌ره‌تادا جلوبه‌رگه‌کانی ڕه‌شه، ئه‌مەیش به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سمبولێکه و ماشای شانۆنامەی نەورەس-مان بیرده‌خاته‌وه. ماشا له شانۆنامه‌ی نەورەس-دا جلوبه‌رگه‌کانی ڕه‌شه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ک خۆی ده‌ڵێت له پرسه‌ی ژیانی خۆیدایه، به‌ڵام ماشا له شانۆنامه‌ی سێ خوشک-دا له پرسه‌ی ژیانی خۆیدا نییه، به‌ڵکوو زیاتر که‌سایه‌تییه‌کی سه‌رکه‌ش، یاخی و سه‌ربه‌سته. ماشا تاکه که‌سێکه، که ده‌وێرێت و به ئاشکرا دژی داب و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بجووڵێته‌وه، بۆ نموونه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی، که ژنی کوڵیگینه، به‌ڵام عاشقی ڤێرشینین ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌کی کراوه‌ی دڵداری له‌گه‌ڵدا دروست ده‌کات، گوێ به قسه‌ی خه‌ڵکی و ئابڕووچوون نادات. ڤێرشینین له‌گه‌ڵ سوپاکه‌یان له‌و ناوه، یا‌ن له‌و شاره بچووکه ده‌گوێزنه‌وه، خه‌ون و هیواکانی ماشا-یش نایه‌نه دی و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ژیانه ئاساییه‌که‌ی پێشووی و پۆشینی جلوبه‌رگه ڕه‌شه‌کانی.
کاره‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌ی سی خوشک به‌رده‌وام خه‌ون به کار کردن و خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌بینن، کارێک، که مانایه‌ک به ژیان ببه‌خشێ و هیوایه‌ک به خۆشه‌ویستییه‌که‌وه، که ژیانیان ئاسوده و به‌ختیار بکات. هه‌ندێک جار ئه‌م دوو خه‌ونه پێکدا ده‌چن و ده‌بنه یه‌ک، به هیوای گوزه‌رانێکی خۆش، هاوبه‌ش و خه‌ونێک به کۆمه‌ڵگەیه‌که‌وه، که مرۆڤ بتوانێ خودی خۆی له واقیعدا بدۆزێته‌وه.
له هه‌ر چوار په‌رده‌که‌ی شانۆنامه‌ی سێ خوشک-دا کاره‌کته‌ره‌کان به‌رده‌وام باسی کارکردن و گرینگی کارکردن ده‌که‌ن، بۆ نموونه هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌رده‌ی یه‌که‌مدا ئیرینا باسی ئاسوده‌یی له کارکردن‌دا ده‌کات.
ئیرینا
که ئه‌م به‌یانییه خه‌به‌رم بوه‌وه و هه‌ستام و ده‌م وچاوم شت له‌پڕ وام هه‌ست کرد که هه‌موو شتێکی ئه‌م جیهانه‌م له‌لا ڕووناکه و ئه‌زانم ئه‌بێ چۆن بژیم. ئیڤان ڕۆمانیچی خۆشه‌ویست… من هه‌موو شتێک ئه‌زانم، مرۆڤ هه‌رچییه‌ک بێ پێویسته کار بکا و به ئاره‌قی ناوچه‌وانی خۆی بژی، ئاوات و مانای ژیان له‌مه‌دایه. چه‌ند خۆشه کریکار بی و له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتندا له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌رد بشکێنی، یا‌ن شوان بی، یا‌ن مامۆستا بی منداڵان فێری خوێندن بکه‌ی، یا‌ن شه‌مه‌نده‌فه‌ر لێخوڕی ئای خوایه، با مرۆڤیش نه‌بی، با گامێش بی یا‌ن ئه‌سپێکی ئاسایی بی هه‌ر به‌و مه‌رجه‌ی ئیش بکه‌ی و ژنێک نه‌بی سه‌عات دوازده‌ی نیوه‌ڕۆ له خه‌و هه‌ستی و له‌ناو جێگاکه‌دا قاوه بخۆیته‌وه و دوای دوو سه‌عات خه‌ریکی خۆگۆڕین بی ئای ئه‌مه شتێکی چه‌ند سامناکه. وه‌ک جۆن هه‌ندێ جار مرۆڤ له گه‌رمادا حه‌ز ئه‌کا بخواته‌وه منیش ئاوا حه‌ز ئه‌که‌م ئیش بکه‌م. ئیڤان رۆمانیچ، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا به‌یانیان زوو له خه‌و هه‌ڵنه‌ستم و ئیش نه‌که‌م هاوڕێیه‌تیم مه‌که!
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی یه‌که‌م
٦
په‌رده‌ی سێیه‌می شانۆنامه‌که به خاڵی یه‌کاڵاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌کان داده‌نرێت: له‌م په‌رده‌یه‌دا ئه‌ندرێی ددان به‌وه‌دا ده‌نێت، که چه‌ند پاره‌ی دۆڕاندووه و تا چه‌ند که‌وتۆته ژێر باری قه‌رزه‌وه، هه‌ر له‌م به‌شه‌دا ماشا باسی عه‌شقی خۆی و ڤێرشینین بۆ خوشکه‌کانی ده‌کات، هه‌ر له‌م به‌شەیشدا ئۆلگا ئامۆژگاری ئیرینا ده‌کات تا شوو به توزینباخ بکات. ئیرینا قایل ده‌بێت، که شوو به توزینباخ بکات، هه‌رچه‌نده باش ده‌زانێت، که توزینباخی خۆش ناوێت، ته‌نانه‌ت توزینباخ-یش ده‌زانێت، که ئیرینا ئه‌وی خۆش ناوێت. له دوا دیالۆگه‌کانی په‌رده‌ی سێیه‌مدا ئیرینا به ئۆلگا ده‌ڵێت:
ئیرینا
نه‌شمیله‌که‌م، نازداره‌که‌م، من ڕێزی بارۆن ئه‌گرم و نرخی ئه‌زانم… پیاوێکی نایابه. قایلم شووی پێ بکه‌م، شووی پێ ئه‌که‌م، هه‌ر به‌و مه‌رجه‌ی بچین بۆ مۆسکۆ. لێت ئه‌پاڕێمه‌وه، با بچین. له هه‌موو جیهاندا له مۆسکۆ خۆشتر نییه… با بچین. ئۆلا، با بچین!
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی سێیه‌م
ئیرینا به‌وپه‌ڕی ڕاستگۆییه‌وه، ڕاسته‌وخۆ به توزینباخ ده‌ڵێت، به‌ڵام توزینباخ له دڵه‌وه عاشقی ئه‌وه و به هه‌موو شتێک قایله، له په‌رده‌ی چواره‌میشدا ئیرینا ئه‌م ڕاستییه ده‌خاته ده‌ستی توزینباخه‌وه.
ئیرینا
ئه‌مه به ده‌ست خۆم نییه… من ژنێکی به‌وه‌فا و گوێ ڕایه‌ڵت ئه‌بم، به‌ڵام خۆشه‌ویستی له دڵمدا نییه، بڵێم چی؟ (ئه‌گری) من هه‌رگیز له ژیانمدا که‌سم خۆش نه‌ویستووه… من له زۆر ده‌مێکه‌وه به ئاواتی ئه‌وه‌وه‌م یه‌کێکم خۆش بوێ… شه‌و و ڕۆژ به ئاواته‌وه بووم، به‌ڵام دڵم وه‌ک پیانۆیه‌کی گرانبه‌ها وایه که کلیله‌که‌ی ون بووبێ! (بێ ده‌نگییه‌ک)… چاوه‌کانت شڵه‌ژاون!
توزینباخ
به درێژایی شه‌و نه‌نووستم… من له ژیاندا هیج شتێکی سامناکم نییه بمترسێنێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م کلیله ون بووه گیانم ئه‌شڵه‌ژێنێ و ناهێڵێ بنووم… قسه‌یه‌ک بکه. (بێ ده‌نگییه‌ک) قسه‌یه‌ک بکه.
ئیرینا
چی؟… چی بڵێم؟… چی؟
توزینباخ
هه‌رچییه‌ک بێ.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک، په‌رده‌ی چواره‌م
له‌ناو ئه‌و سێ خوشکه‌دا ئۆلگا هه‌میشه ده‌که‌وێته په‌راوێزه‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار له‌بیر ده‌چێته‌وه، ئیرینا توند خۆی به خه‌ونه‌کانییه‌وه هه‌ڵده‌واسێ و ماشایش خۆی ده‌داته ده‌ست عه‌شق.
تێبینی: ئەو دیمەنانەی لە دەقی شانۆنامەی سێ خوشک-ەوە وەرگیراوە، لە وەرگێڕانی جەلال تەقی. شانۆنامەی سێ خوشک، زنجیرەی شانۆی بیانی، ژمارە ٢٠، دەزگای ئاراس ٢٠٠٨