کتێبێک هەمیشە کاری تیا دەکرێتەوە
نیهاد جامی
کاریگەری ئەنتوان ئارتۆ بەسەر نەخشەی شانۆی جیهانیەوە تا ئەمڕۆیش کاڵنەبۆتەوە، هێندەی کاریگەریەکە بەسەر زۆربەی گروپە ئەزموونکاریەکان ڕەنگی داوەتەوە، شانۆیەک کە ئارتۆ خوازیاری بوو، شانۆیەکی ئایندەخوازی بوو، گەڕانەوەی بەها بوو بۆ ڕۆحی شانۆ، ئازارێکی ڕۆحی بوو کە بە گیانی خۆی کاری بۆ کرد، بۆ ئەوەی تێگەیشتنی زانستیمان بۆ ئارتۆ هەبێت ئەوەندە بەس نیە کتێبە گرنگەکەی “شانۆ وهەمبەرەکەی” بخوێنینەوە، بەڵکو پیویستمان بە کتێبێک هەیە ئەو دنیایەی ئارتۆمان بۆ ڕۆشن بکاتەوە، کتێبێک دەستمان بگرێت کە چۆن بەم شانۆیە ئاشنا دەبین.
کۆتایی هەشتاکان ڕۆژگاری سەرەتای کارکردنی ئێمە لەشانۆدا هێشتا کتێبەکەی ئارتۆ بەدەست خەڵکانی وەکو من نەگەیشتبوو، بەڵام کتێبی “شانۆی توندو تیژیی لەنێوان تیۆر وپراکتیکدا”ی شانۆکار دانا رەئووف سەرەتای چونە ناو شانۆکەی ئارتۆ بوو. کتێبێک لەو سەرەتایەی تەمەندا تووشی بەدحاڵی بوونی دەکردین، هەر لەو ڕۆژگارەوە درکی ئەوەم کرد توێژینەوەی شانۆیی پێویستی بە مەعریفە وتێگەیشتنە، بەپێی تێپەڕینی ساڵەکان چەندین جاریتر ئەو کتێبەم خوێندەوە، کە بووە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەی کتێبی “شانۆ وهەمبەرەکەی” کە د. سامیە ئەسعەد وەریگێرابووە سەر زمانی عەرەبی. ئەو سەرەتایە بۆ تێگەیشتن لەشانۆی ئارتۆ لەڕێی شانۆکارێکی کوردەوە سەرەتای تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ زەمینەیەک تێدەگەین لەبۆشاییەوە نەوەستاوین، هێندەی کەسانێک بەر لەئێمە هاتوون درکی ئەو نهینیە بکەن و دەرگایەکمان بۆ بکەنەوە، کە بتوانین لە گرنگترین دەرهێنەرانی شانۆ تێبگەین، دەرهێنەرێک و تیۆریستێک کە تا ئەمڕۆ کاریگەری بەسەر نەخشەی شانۆی جیهان ماوەتەوە. هەڵبەت گەر لەڕابردوودا ئەو کاریگەریە بەسەر دەرهێنەرە ناسراوەکانی وەکو بروک و گرۆتۆڤسکی و ژۆدیت مالینا بەجێهێشتبێت، ئەمڕۆیش ئەو کاریگەریە بەسەر زۆر لە گروپە شانۆییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەت بەسەر گروپە شانۆییەکانی وەکو زار و بزن کە دوو گروپی ئەزموونکاری گرنگی ئێستای شانۆی پۆڵەندین.
ساڵێک زیاترە ئاگاداری ئەوەم، کە کتێبەکە چاپی دووەمی دەکرێتەوە، بۆ من سەرەتا وەک هەر کتێبێک کە چاپی دووەمی دەکرێتەوە هەر هێندە دڵخۆشکەرانە بوو، کە بگات بەدەستی نەوەی نوێی شانۆ، بەڵام کاتێک چاپی دووەمی کتێبەکەم خوێندەوە تێگەیشتم لەبەردەم کتێبێکی تردام، کتێبێک بەدرێژایی ئەو ساڵانە کاری تیا کراوەتەوە، هیچ لاپەرەیەک لەو کتێبەدا نیە شایەنی خوێندنەوە نەبێت، لەو پەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ئەوە دەخەینە ڕوو، کە ئەو کتێبە باشترین کتێبی شانۆییە بەدرێژایی مێژوویی شانۆی کوردی نووسرابێت. مرۆڤ دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبە لەبەردەم ئارتۆ ناسێکی وەکو مۆنیک بوری خۆی دەبینێتەوە، بەڵام دڵخۆشانە ئەو ئارتۆناسەی ئەمجارە شانۆکارێکی کوردە.
لە بیۆگرافیای ژیانی ئارتۆوە دەمانباتە ناو جیهانە شیعریەکەی، لەوێوە بەرەو شانۆکەی و ئازاری شێتخانە و چوونە ناو تێکستەکانی، پۆرترێتی ڕاستەقینەی ئارتۆ و شانۆکەی، تێگەیشتنە فەلسەفیەکانی دریدا لەبارەی ئەو شانۆیە، هەر هەموویان بە یەکەوە وێنەیەکی ڕوونی شانۆی توندوتیژیی دەخەنە ڕوو، کە دەبێت بە تامەزرۆییەوە خەون بە چاپی سێیەمی ئەو کتێبەوە ببینیت، چونکە ئەو کات کتێبێکی نوێتر لەبارەی ئارتۆ دەخوێنیەوە.