داهێنان لە دووبارەبوونەوەدایە

چەمکی دووبارەبوونەوە لە شانۆدا لە هەموو هونەرێکی تر زیاتر رۆلێکی گرینگ و پێگەیەکی بەهێزی هەیە بۆ خوڵقاندن، بۆ دروستکردنی کارەکتەر، بۆ راگرتنی ریتم، بۆ ئاشنابوون بە یەکتری، بۆ پەروەردەکردنی وزە ناوەکییەکانمان، بۆ هەست   و نەستمان، بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە خودی دەقەکە، بۆ ئازایەتی رووبەرووبوونەوەی بینەران و بۆ بەرجەستەکردن. بێگومان بۆ پێگەیشتن و ئاشکرابوونی زیاتری دیدی ریژیسۆریشە.

لەزمانی سوێدی و لە ناوەندە ئەکادیمی و زانکۆکاندا دەستەواژەیەکی تایبەتی هەیە و بەکاردەهێنرێت، پێدەوترێت (ئیتێرێرە) Iterera کە چەمکێکی گەلێک دژواری پرۆسێسی ئەکتەر و هونەری نواندنە، ئەم وشەیە لە یەککاتدا دوو مانا لەخۆ دەگرێت: دووبارەکردنەوە و نوێکردنەوەیش. بەرای پسپۆرە ئەکادیمییەکانەوە گرینگە، کە لەم پرۆسەیەدا دوو وشە بۆ هەمان (ئەم چەمکە) بەکارنەهێنرێت، بەڵکو تەنها یەک وشە بەکاربهێنرێت. ئیتێرێرە لەیەک کاتدا مانای (دووبارەکردنەوە) و (نۆێکردنەوە)یش دەگەیەنێت؛ بەهۆی مەشقی بەردەوامی دیمەنێکەوە، رۆژ لەدوای رۆژ و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەگەینە حاڵەتی نوێکردنەوە، دۆزینەوە و بەرجەستەکردن. ئەمیان لەناو ئەویتریاندایە، ئەویتریشیان لەناو ئەمیاندایە.

ئەکتەری ژاپۆنی یۆشی ئۆدیا لە کتێبە دەگمەندەکەیدا (ئەکتەری نەبینراو)دا دەڵێت: (ئەوە دووپاتەکردنەوەیە، کە وات لێدەکات بگۆرێیت. سەرباری ئەوەی ئێمە زۆرجار وا هەست دەکەین ژیانی رۆژانەمان دووبارەیە و زۆر بەکەمی هەمەرەنگی تیا روو دەدات. لە راستیدا ئێمە هەرگیز لە ژیانی رۆژانەماندا شتێک دووبارە ناکەینەوە. جلوبەرگی جیاواز دەپۆشین و تا رادەیەکیش خواردنی هەمەرەنگ دەخۆین و ئەزموونی جیاوازیش دەگوزەرێنین. من ئەوە ناڵێم کە ژیانێکی راوەستاو و نەگۆر شتێکی باش بێت، بەڵام هەندێک کرداری دووبارەبوونەوە؛ کاریگەری بەهێزت تیا دەخوڵقێنێت و لەتوانایدا هەیە، کە بتگۆرێت.)

پرۆسەی پرۆڤەکردن دووبارەکردنەوەیە، نەمایش و هونەری نواندن و هەموو شەوێکی رووبەڕووبوونەوەی بینەرانیش دووبارەکردنەوەیە، ئەم دووبارەکردنەوەیە ئەکتەر دەگەیەنێتە سنورەکانی ئارامی، خوڵقاندنی کارەکتەرەکە و هەموو شەوێک و لەگەڵ دووبارەبوونەوەکاندا زیاتر قاڵ دەبێت، هەڵدەکشێت و بە بەردەوامی نوێدەبێتەوە. ئەفسونی هونەری شانۆ و نواندن لەو دووبارەبوونەوەیەدایە، هەرچەندە هەموو شەوێک هەمان رۆڵ، هەمان گفتووگۆ و جۆری هەڵسوکەوتی ئەکتەرەکان ئەوەی شەوی رابردووەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو شەوێک ئەو ئەکتەرانە و هونەری نواندنەکەیش لەو چرکە ساتەدا، لەو چاوتروکاندا سەرلەنوێ لە دایک دەبێتەوە و بە هەوای ئەو ساتە دەژی. ئەکتەری سەرکەوتوو ئەوەیە، کە بتوانێت هەمیشە و لە هەموو کاتێکدا، لەگەڵ رۆڵ و کارەکتەرەکەیدا و لەگەڵ ئەکتەرەکانیتریشدا بژی.

یۆشی ئۆدیا لە هونەری جووڵەوە دەگاتە هەستەکانی ناوەوەی کارەکتەرەکان و لەگەڵیان دەبێت بەیەک (دووبارەکردنەوەی جووڵە کاریگەری لەسەر چالاک کردنی وزەی ناوەکیت هەیە، کە وات لێدەکات وەک مرۆڤێک هەستەوەر و بەئاگابیت.) هەر جووڵانەوەشە، کە ریتمی ناوەوە و دەرەوەی نەمایشەکە ڕادەگرێت، ئەکتەرەکان لە پەیوەندیەکی جووڵەئامێزدا  بەیەکەوە  دەبەستێتەوە و ڕایەڵە گشتییەکانی نەمایشەکەیش کۆدەکاتەوە.

ئەکتەر هەر لە دووبارەبوونەوەی جووڵە و هەڵسوکەوتیشەوە کۆنترۆڵی رۆڵەکەی، حیوارەکانی و پەیوەندییەکانیشی بەوانیترەوە دەکات و دەگاتە نهێنی ئەو دیووی وشەکانەوە.

کەواتە یەکێک لە کلیلەکانی سەرکەوتنی ئەکتەر دووبارەبوونەوەیە: دووبارەبوونەوە لە کاتی مەشق و پرۆڤە و دووبارەبوونەوەیش لە هەموو شەوێکی نەمایش و رووبەرووبوونەوەی بینەراندا.