کورسییەکان و سەرەتایەکی بەهێزی ئەبسوردیزم

شانۆی ئەپسێرد، یان پووچگەرا، لە پاریس لە لایەن دوو نووسەری بیانییه‌وه‌، کە هیچیان خەڵکی فەڕەنسا نەبوون و لەوێ نیشتە جێ بوون (بێکێت ئێرلەندی و یۆنێسکۆ لە ڕەچەڵەکدا خەڵکی ڕۆمانیا) دەردەکەوێت و هەرلەوێش گەشە دەکات. یۆنێسکۆ لە چەندان بۆنە و دیداردا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ئەو (یەکەم کەس و یەکەم نووسەر) بووە ئەم شێواز و تەکنیکە هونه‌رییه‌ی داهێناوە.

(بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە) و (کورسییەکان) سامۆیل بێکێت ١٩٠٦- ١٩٨٩ و ئۆژین یۆنێسکۆ ١٩٠٩-١٩٩٤ ئەو سەرەتا بەهێزەی تەوژمی ئەبسوردیزم بوو، کە لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٥٠ دا دید و هزرێکی تریان بە ڕووی شانۆی جیهانیدا کردووە.

بێکێت لە ساڵی ١٩٥٢ دا شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ-ەوە بڵاو دەکاتەوە و کورسییەکان-ی یۆنێسکۆ-یش لە هەمان ساڵدا، لەسەر شانۆی Théatre Lancy لە پاریس نەمایش دەکرێت. کورسییەکان ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت و ئەو چەند نەمایشەی پێشکەش دەکرێت، بۆ کورسییە چۆڵەکان دەبێت و بینەرێکی ئەوتۆ ئامادەی نەمایشی کورسییەکان نابێت.

هەرچەندە ئەم دوو دەقە، لە دەستپێکی ئەو تەوژمەدا سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بە دەست ناهێنن، بەڵام دەروازەیەکی ئێجگار بەرین بە ڕووی شانۆیەکی جودادا، لە ڕووی ناوەڕۆک، ستایل و فۆرمەوە دەکەنەوە. بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە دەبێتە پێشەنگ و یەکێک لەو دەقانەی لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا نەمایش دەکرێت و بێکێت-یش پاداشتی نۆبڵی ئەدەب وەردەگرێت.

یۆنێسکۆ لە ساڵی ١٩٥٠ دا، بە شانۆنامەی (ژنە گۆرانیبێژی کەچەڵ) وەک شانۆنامەنووس دەرکەوتووە، هەرچەندە ئەم دەقەی یۆنێسکۆ هیچ کاریگەری و دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نابێت، بەڵام لەگەڵ ڕۆژگاردا دەبێتە یەکێک لە بنەما گرینگەکانی شانۆی ئەبسوردیزم و لە شەستەکانەوە تاوەکوو ئێستا، بە بەردەوامی لە پاریس نەمایش دەکرێت. ساڵی ١٩٥٢، وەک لەوەوبەر ئاماژەمان بۆ کرد، کورسییەکان دەنووسێت، کە تاکوو ئێستا بە یەکێک لە گرینگترین دەقەکانی یۆنێسکۆ هەژمار دەکرێت. یۆنێسکۆ لەم دەقەشیدا، هەمان ئەو زمانە جیاوازە بەکاردەهێنێت، کە لەوەوبەر لە (ژنە گۆرانیبێژی کەچەڵ) بەکاری هێنابوو، بەڵام مۆرک و تۆنێکی ڕەشی خودگه‌رایانه‌ی قووڵتر لەخۆ دەگرێت.

یۆنێسکۆ، بە ئاراستەیەکی تر بە قووڵی باس لە ئازادی، هاوکات ناچارکردن و شتە بێ ماناکانی ژیانی مرۆڤ دەکات. ئەبسوردیزمییەکەی یۆنێسکۆ ڕیتواڵەکانی مرۆڤ بەرجەستە دەکات و لە دیدی زمانێکی چڕی داماڵراو و هەندێک جار گاڵتەئامێز و تەنسئاساوە، ڕەوشی مرۆڤمان بۆ دەخاتە ڕوو، هاوکات لە بنەما قووڵەکانی ئەو نامۆبوونه‌ ده‌روونییه‌ی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە، کە بووە بە یەکێک لە نەخۆشییە ترسناکەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە مۆدێرنەمان. یۆنێسکۆ لە ڕووی فۆرمەوە زۆر ڕادیکاڵ بووە بۆ ئەو کاتە، هەروەها لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە.

یۆنێسکۆ، وەک نووسەرەکانی تری شانۆی ئەبسێرد؛ بێکێت، ئەدامۆڤ و ژان ژینییە، ئەتمۆسفێر، ڕووداو، کارەکتەر و تەنانەت زمانیش له‌سه‌ر بنه‌ماکانی چه‌مکی به‌رهه‌ڵست و کۆکردنه‌وه‌ی دژه‌کان، ڕۆ ده‌نێت. یۆنێسکۆ لە هەموو دەقەکانیدا باس لەو بەرگری و بەرهەڵستییە دەکات، کە دژی ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوشی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەوییە پیادەدەکرێن. بێگومان ڕەخنەکانی یۆنێسکۆ لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان لە ڕەوتێکی لۆژیکی، وەک دراما تەقلیدی و فێرگەییەکاندا بەرجەستە نابن، بەڵکوو شتێکی ترە، چ لە ڕووی فۆرم و چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، هەروەها لە ڕووی زمانیشەوە.

دەقەکانی یۆنێسکۆ، چەندان توێژاڵی فەلسەفی لەخۆ دەگرن؛ ڕەخنەی شارستانی، ڕاز و نیاز، کۆمیدییایەکی ڕەش، ئازارێکی خودگەرا و ریتمێکی تایبەت بەخۆیشی هەیە. لە ژێر هەموو توێژاڵە فەلسەفییەکانی دەقەکانیدا، جۆرە ترسێکی گەورە لە مەرگ خۆی حەشار داوە، بێگومان ڕامانێکی قووڵیش لە ژیان. هەندێک لە ڕەخنەگرەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە یۆنێسکۆ لەنێوان ڕیالیزمی سیکۆلۆژی و شانۆیەکی سیاسییدا، ڕێگایەکی سێیەم و جیاوازی دۆزیووەتەوە. یۆنێسکۆ خۆی باسی مێتا-شانۆ دەکات؛ شانۆیەک، کە نە ڕیالیزمی سایکۆلۆژییە و نە شانۆی سیاسییشە. لەم ڕووەوە، کە یۆنێسکۆ دەستی کردووە بە نووسینی دەقە شانۆییەکانی، خۆی بە (دژە- شانۆ) ئاماژەی بۆ دەقەکانی خۆی دەکرد، ئەو دەیوویست ئەوەی دەینووسێت لێدانێک بێت لە شانۆ ئاسایی و تەقلیدییەکە و هەروەها ژیانە ئاساییەکەیش. هەر لەم دەروازەیەشەوە، پرسە گرینگەکانی خودگەرا لە دەقەکانیدا، لە ئاستێکی قووڵدا بەرجەستە دەبن، مەودایەکی ئەبەدی لەخۆ دەگرن. ژان و ئازار، خەم، نووشستی، ئەو شتانەن، کە جێگای سەرنجی یۆنێسکۆ بوون لە ژیاندا، ئەو خۆی دەڵێت:(ژیانکردن بە ئازارە، ئەوەیش واقیعە، بە جیاوازی لە خەون، کە لەوانەیە ببێتە مێردەزمە.) زۆر لە پسپۆر و لێکۆڵەرە ئەکادیمییەکانی بواری شانۆ باسی جۆرە په‌یوه‌ندییه‌ك لەنێوان یۆنێسکۆ و ستریندبێرگ-دا دەبینن، بۆ نموونەیش (کورسییەکان) بە (سەمای مەرگ)ی ستریندبێرگ بەراورد دەکەن: پیرەمێرد و پیرەژن دیوێکی تری کاپتن و ئالیس-ن و لەوانەیە لە خەونێکدا بژین و لە ژیان هاتبنە دەرەوە، کە خەونەکە کۆتایی هاتووە.

یۆنێسکۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە داهێنان و بەکارهێنانی دەستەواژەی (شانۆی ئەبسێرد) شتێک بووە لە دەرەوەی ویستی ئەوانەوە بووە و ڕەخنەگری ئینگلیزی (مارتین ئێسلن) بۆ تیۆرەکردنی دید و بۆچوونە ڕەخنەییەکانی ئەو زاراوەیەی بەکارهێناوە؛ ئێسلن ئەو نووسەرانەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم دەرکەوتن و دیدێکی جیاواز و ڕەخنەئامێزییان بۆ شارستانییەتی مرۆڤایەتی و ڕەوشی دوای جەنگ هەبوو، ناونا نووسەرانی شانۆی پوچگەرا و بۆ ئەو مەبەستەیش لە ساڵی ١٩٦١ دا کتێبە ناوازەکەی (شانۆی ئەبسێرد)ی بڵاو کردەوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، شانۆی ئەبسێرد و ئەو چەمکە ئەبستراکە، لەگەڵ دید و ئەو دەقە شانۆییانەی یۆنێسکۆ دەینووسین، دەگونجان. یۆنێسکۆ لە ماناکانی ژیان دڵنییانییە، ڕەشبینە سەبارەت بە یاساکانی کۆمەڵگە و ڕەوشی مرۆڤی خودگەرا، هەموو شتێک لای ئەو لە گەمەیەک زیاتر هیچی تر نییە، ئەندێشەیەکی ڕەهایە و ئەویش وەک مەتەڵێکی هەتاهەتایی دەیبینێت. هەموو شتێک ئەبسێردە.

ئەوەی لای یۆنێسکۆ گرینگە، ئەوەیە، کە چەمکە دراماییەکانی، کێشە و گرژییەکان، پێوەندی نێوان مرۆڤەکانی لە شتگەلێکی ئاسایی و بێ ماناوە دروست دەکات. هەندێک جار دەبنە خەونێک و لە فۆرم و تەکنیکی خەون نزیک دەبنەوە، نەک واقیع یان سمبۆل. ئەبسێردی یۆنێسکۆ لە تەکنیکی خەوندا لە دایک دەبێت و دەبێتە ئەو واقیعەی مرۆڤ دەخاتە پێکەنین؛ بۆ نموونە لە (کەرکەدەن) دا، کەرکەدەنەکە دەبێتە ئەو خورپە بەهێزەی ئازادی ڕادەربڕین دەخاتە ژێر مەترسییەوە. بە هەمان شێوە شانۆنامەی (کورسییەکان) ئەو ڕەوشە دەخوڵقێنێت، کە مرۆڤەکان لە بارودۆخێکدا دەژین، تەمەن دەبێتە ئەو قۆناخەی بیرچوونەوە سیمای کارەکتەرەکان دیاری دەکات: ژن و پێاوێکی پیر، پیاوەکە ٩٥ ساڵ و ژنەکەیش ٩٤ ساڵ لە تاوەرێکی ژوورئاسادا، لە دوورگەیەکدا دەژین. ئەم پیرەمێرد و پیرەژنە چاوەڕوانی میوانن، کەسێکیش بانگهێشت کراوە، کە گوتارێک پێشکەش بکات و نهێنییەکانی دنیا و ڕاستییەکان بۆ میوانەکان ئاشکرا بکات، خەڵکێکی زۆریش بۆ گوێگرتن لەو کەسە دێن، بەڵام کورسی تەواو بۆ دانیشتنی هەموویان نییە. ئەو خەڵکە زۆرەی، کە بەردەوام دێن و ژوورەکە قەرەباڵغ دەکەن، نادیارن و تەنها وەهم و ئەندێشەیە و شتەکە لە مێشکی دوو کارەکتەرە پیرەکەدایە. کە لە کۆتایشدا دەگات، تەنها یەک شتی هەیە بیڵێت: ممممم، ممممم، گیو، گیو، ممم، ممممم، مممم.

(کورسییەکان) باسی تەنهایی و چوونە تەمەن و مەرگ دەکات. ئەو دوو کارەکتەرە زۆر تەنهان، پێکەوە تەنهان و بێ یەکیش هەر تەنهان، لە ماڵەوە و لە ژوورەکەدا و لە دنیادا تەنهان، هەر لەبەر ئەوەیشە، کە هێندە هاوڕێی نادیار و نەبینراوییان هەیە و دنیایەکی ئەندێشەئامێزی تەژی لە خەڵکیان بۆ خۆیان خوڵقاندووە. هاوکات دەقەکە باسی نائامادەبوون دەکات، لەو ڕوانگەیەوەی میوانەکان، کە دێن تا گوێ لە گوتاربێژەکە بگرن، نادیار و نەبینراون؛ ئەو هەموو کورسیانه‌یش، کە دەهێنرێنە سەر شانۆ، بە بەتاڵی دەمێننەوە.

ئەو نیهیلیزمییەی یۆنێسکۆ لە دەقەکەیدا بەرجەستەی دەکات، واتە ئەو هزرەی لە واقیعدا بوونی نییە، جۆرێکە لە خودگەرایی؛ واتە نیهیلیزمییەکەی یۆنێسکۆ لە بەرگێکی خودگەرایدا بەرجەستە دەبێت و چەمکێکی تر دەبەخشێت بە بوون و بوونگەرایی. ئەو کەسەی ژیان بەبێ هیچ ناوەڕۆکێک دەبینێت، خۆی سەربەستە و دەتوانێت بەو شێوەیە پڕی بکاته‌وه‌، کە ئەو دەیخوازێت، ئەو سەربەستییەیش لەم نیهیلیزمییەی یۆنێسکۆدا بەرجەستە دەبێت، یان ڕاستر ڕەنگ دەداتەوە، نزیکە لەو چەمکی سەربەستییەوە، کە سارتەر ئاماژەی بۆ دەکات. هەروەها دەقە کار لەسەر مەسەلەکانی پچڕانی پێوەندی و سەختی پێوەندی نێوان مرۆڤ دەکات. لای یۆنێسکۆ هیچ چارەسەرێک بۆ ئەوشتانە نییە، کە مرۆڤ بەرگەی ناگرێت، ئەمەیش ئەو کارەساتەیە لە (کورسییەکان)دا باسی دەکات. ئاماژە بەوە دەکرێت، کە کورسییەکان لە هەموو دەقەکانی تری یۆنێسکۆ زیاتر تراجیدییە. ئەو شتەی، کە مرۆڤیش له‌ ژیاندا بەرگەی ناگرێت، لەوانەیە لەم دەقەیدا بێتوانایی له‌ قسه‌‌کردنی ئەو کەسە بێت، کە بە درێژایی نەمایشەکە چاوەڕوانی هاتنی دەکەین، تا ڕاستییەکانمان پێبڵێت، بەڵام کە دێت توانای قسەکردنی نییە. هاوکات هەر ئەم ڕەوشە تەنزێکی بەهێز و کۆمیدیایەکی ڕەشە.

ژیان لای یۆنێسکۆ دۆزەخێکە بۆ هەموو مرۆڤێك، کە لەنێویدا بە تەواوی بەندە و لە هەموو دەنگەکانی دەرەوەی خۆی دابڕاوە، ئەوانیتر نە دەیبینن و نە گوێیان له‌ ده‌نگییه‌تی. پێوەندی نێوان مرۆڤەکانیش لە وەهمێک و درۆیەک زیاتر هیچیتر نییە. پێوەندییە ڕاستەقینەکەی مرۆڤ، تەنها ئەو ساتانەیە، کە لەگەڵ خودی خۆی دایه‌. یۆنێسکۆ لە کورسییەکاندا، وەک بەشێکی زۆر لە ڕەخنەگرە ئەوروپییەکان ئاماژەیان بۆ کردووە (کون) دەکاتە ئەندێشەوە و واقیعێکی پوچگەرامان بۆ دەخوڵقێنێت.

ریژیسۆرێکی گەنج، لە شانۆی پادشایەتی کورسییەکان نەمایش دەکات؛ ئەوەی ئەو کردویەتی سنووردارکردنی ڕۆڵی پیرەمێرد و پیرەژنەکەیە، هەر وەک ئەوەی لە ژیاندا نەبن، ئەندێشەیەک بن و لە وێنەیەکی بەرجەستە کراودا دەربکەون. لە دەستپێکی نەمایشەکەوە، تا نزیکەی کۆتاییەکەی، ڕووناکییەکەی هۆڵەکە بە داگیرساوی دەمێنێتەوە و بینەران و ئەکتەرەکان دەخاتە ژێر چاودێری یەکترییەوە، لە چارەکی کۆتاییەوە، بە تەواوی هۆڵەکە تاریک دەبێت و سەرتەختەی شانۆکە، بە ڕووناکی شانۆییەکە ڕووناک دەکرێتەوە. سەرەتا پانتایی شانۆکە بە تاڵە و پیرەمێردەکە بە پەیژەیەکی درێژەوە دێتە سەر شانۆ، تا لەسەر پەیژەکەوە سەیری دنیای دەرەوە بکات. پانتاییە بۆشەکەی شانۆیش، لەگەڵ بەرەوپێشەوە چوونی ڕەوتی نەمایشەکە و هاتنی یەکە یەکەی میوانە نادیار و نەبینراوەکان، پر دەبێت لە کورسی، هەندێک جار کورسییەکان یەک بە دوای یەکدا و بە خێراییەکی وەها فرێدەدرێنە سەر شانۆکە، دەبێتە هۆی زریانێکی گەورەی تەژی لە هەرا و زەنا. ئەکتەرەکان بە شێوەیەکی فیزیکی پانتایی شانۆکە بەکاردەهێنن، مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن و لەو شێوازە، دژە شانۆیە نێزیک دەبنەوە، کە ئەپسوردیزمەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد.

ریژیسۆری نەمایشەکە، بە وردی ڕێنماییەکانی دەقەکەی جێبەجێ کردووە و لە هیچ شتێک لانادات و جۆرە تراجیدی/کۆمیدیایەکی پڕ لە وزەی لە ریتمێکی خێرادا خوڵقاندووە. هەموو میوانە نەبینراو و نادیارەکان، دەسەڵاتێکی هیراکی؛ سەرەوە و خوارەوە، کە خودی سیزەر لە کۆتایدا دێت، لە ترۆپکی ئەم دەسەڵاتە هیراکییەدایە. هەموو ئەوانەی دێنە ئەم ژوورەوە، بۆ ئەوە دێن ڕاستییەکان ببیستن، لە کاتێکدا خانه‌خوێکه‌: ژن و پیاوە پیرەکەی سەر شانۆ لە درۆ زیاتر هیچی تر ناڵێن و ناکەن.