خەونەنمایشێک، سەرەتایەک بۆ مۆدێرنیزم لە شانۆی ئەورووپیدا

چاپکراوی نوێ

نەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی شیکارییە سەبارەت بە دەقی (خەونەنمایشێک)ی نووسەری گەورەی سوێدی ئاگۆست ستریندبێرگ. خەونەنمایشەکەی ستریندبێرگ کاتی خۆیی و تا ئێستایش ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لە رەوتە مۆدێرنەکانی شانۆی جیهانیدا و تا ئێستا سەدەها لێکۆڵینەوە و کتێبی بە زمانە جیاوازەکان لەسەر نووسراوە، ئەمە جگە لەوەی خودی دەقەکەیش بۆ هەموو زمانەکانی دنیا وەرگێڕاوە و لەسەر زۆربەی شانۆکان نەمایش کراوە. خۆشبەختانە، ئەم دەقە بە کوردیش هەیە و دلاوەر قەرەداغی لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە زنجیرەی شانۆی بیانی ژمارە ٢٢، لە دەزگای ئاراس بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە بریتییە لە پێشەکییەک و حەوت بەش؛ لەم بەشانەدا هەموو لایەنەکانی دەقەکە، بۆ نموونە ناوەڕۆک، هێڵە فەلسەفییەکان، پاشخانە میتۆلۆژییەکان، کارەکتەر، تەکنیک و دیدە هونەرییەکانی دەقەکە، مەودا و هزر و سمبۆلەکانی خەون، چۆنییەتی بەرجەستەکردنی خەون لەسەر شانۆ، تێکەڵاوکردنی مەسەلەکانی خەون و واقیع، خوێندنەوەیەکی گشگر بۆ سمبۆلەکانی دەقەکە و زۆر مەسەلەی تر پەیوەست بە دەقەکەوە،باسیان لێکراوە. لەم کتێبەدا ئاوڕێکی تەواو لە رەوش و ژیانی ستریندبێرگ-یش دراوەتەوە، بە تایبەتی لە کات و ئەو سەردەمەی دەقەکەی تیا نووسراوە و ئەو هەل و مەرج و پاشخانە فکری و دەروونیانەی ستریندبێرگ باسکراوە، کە لە پشت نووسینی دەقەکەوەن.

ئەم دەقە بۆ ستریندبێرگ تەنها بەرجەستەکردنی خەونێک نەبوو، بەڵکوو به‌رجه‌سته‌کردنی هەموو ژیانە، کە وەک خەونێک وێنا کراوە. ئەمەیش ئەو فەلسەفەیەیە، کە لە پشت دەقی (خەونەنمایشێک)ەوەیە و هەموو ڕاڤە و شیکارییەکیش بۆ دەقەکە بکرێت دەچێتە ئەو چوارچێوە هزری و هونەرییەوە. ئەم کتێبە ڕێگا پیشاندەر و دەستگرتنی هەموو کەسێکە: دەرهێنەر، ئەکتەر و تەنانەت ڕەخنەگرەکانیش، کە لە ئاینددا بیانەوێت لە شانۆنامەی (خەونەنمایشێک)دا کار بکەن. ئەوەی جێگای ئاماژەیە، ئەم کتێبە یەکەم بڵاو کراوەی ناوەندی (تاڤ)ە لە سلێمانی، کە لەگەڵ ژمارە یەکی گۆڤاری تاڤ، هەفتەی داهاتوو بڵاوی دەکەنەوە.