سڵاو کاک دانا گیان

شانۆنامەکەتم خوێندەوە (من و تۆ لەگەڵ با دا)، جوان و سەرنج ڕاکێش بوو، دونیابینییەکەی، کە لام وایە سەر بە جیهانی (ئەپسۆرد)ە، بۆ من جێی بایەخە؛ زمانە شیعریی و ئەو غەمگینییە ساردەی باڵی بەسەر کۆی ئەتمۆسفێری تێکستەکەدا کێشاوە، هەروەها ئەو زمانە شیعرییە تەنک و نەرمەی لەناو دڵی دیالۆگەکاندا دێت و دەچێت، چێژێکی تایبەتی پێ بەخشیوە.

ئەوەی خاڵێکی دیکەی جیاکەرەوەی ئەم شانۆنامەیەی ئێوەیە، بە بەراورد بە زۆرینەی ئەو شانۆنامانەی پێشتر لەلایەن نووسەرانی کوردەوە نوسراون و خوێندوومنەتەوە، ئەوەیە کە نووسەری ئەم تێکستە لەخەمی ئەوەدا نییە نیشانی بدات، کە ئەم شانۆنامەیە کوردییە، کە من وای دەبینم (ئەوە وەهمێکە و هیچیتر)، دەنا شانۆ بۆ مرۆڤە، مرۆڤ لە هەر کوێی ئەم گۆی زەوییەدا بێت، کە خۆشبەختانە ئەم شانۆنامەیەی تۆ لەو جۆرەیە.

شانۆنامە تێکستێکە بۆ نمایش دەنووسرێت، بۆیە هیواخوازم بە دەرهێنان و ئاکتینی جوان و باش ئەم شانۆنامەیە ببینین، کە بۆ خۆم ئەمە یەکێک دەبێت لە پێشنیازەکانم بۆ هەر کەسێک بیەوێت شانۆنامەیەکی کورت و جوان و بێ خەوش بخاتە سەر ستەیج، بە مەرجێک لەو ڕەهەندە ورد و قووڵەی شانۆنامەکە تێبگات، کە لەنێو سادەییدا خوڵقاوە.

زیادەڕۆییەکی بەرچاو و زەقم نەبینی لە کۆی تێکستەکەدا، بەڵکوو بۆ من وەک پارچەیەک سەمفۆنیای سەرکەوتوو دەهاتە پێش چاوم، کە زەمەنی خۆی و لێدانی دڵی خۆی هەیە، گرینگیشە هەر کەس بیر لە کاری دەرهێنانی بکاتەوە، ئەوە لەبەر چاو بگرێت.

با-یەکێکە لەو سیمبۆلانەی، کە دەرهێنەر دەتوانێت لە کاتی کارکردنی لەم شانۆنامەیەدا، بیکاتە سەرە داوێک بۆ پرۆسەی دەرهێنانەکەی، شتی دیکە هەن و دەکرێت بەجۆری دیکە و لە دەرفەتی دیکەدا بگەڕێمەوە سەری.

دەستان خۆش و خەمخۆریتان لە بواری شانۆدا دەنرخێنم. هەر شادبن.

 

داستان بەرزان

٢١/٥/٢٠١٨