شانۆ و هەمبەرەکەی
نووسەر و شانۆکاری فەرەنسی (ئەنتۆنان ئارتۆ) لە ساڵی ١٩٣٨دا چاپی یەکەمی کتێبی (شانۆ و هەمبەرەکەی) بڵاو دەکاتەوە. کتێبەکەیش، کە نووسەر لە چەند کاتێکی جیاوازدا نوسیوویەتی، تەقەلایەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانۆی باو و لە هەمان کاتدا ڕۆنانی شانۆیەکی تری جودا. بەشەکانی کتێبەکە بریتین لە: شانۆ و تاعوون، شانۆ و ڕۆشنبیری، ریژی و میتافیزیک، شانۆی ڕۆژهەڵاتی و شانۆی ڕۆژئاوایی، شانۆ ئەلشیمی، سەبارەت بە شانۆی بالی، شانۆ و توندوتیژی، مانێڤێستەکانی شانۆی توندوتیژ و نامەکانی زمان… تاد. هەرچەندە ئەم کتێبە لە کاتی بڵاو کردنەوەیدا دەبێتە جێگای سەرنج، بەڵام لە شەستەکاندا وەک کیشوەرێکی تازە، سەرلەنوێ بۆ شانۆ دەدۆزرێتەوە و تا ئێستایش کاریگەرییەکانی بەسەر ڕەوت و تەوژمەکانی شانۆی ئەزموونگەری و ئەڤانگارتیی جیهانییەوە دیارە.
ئارتۆ لەم کتێبەیدا بە زمانێکی ساکار و هەندێک جار سەخت و گران، گوزارشت لە کۆمەڵێک تێز و دیدی هەمەچەشنەی ناتەبا، بۆ شانۆ دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە سەرەکیی و بەراییەکانی هونەری شانۆ؛ لەوانەیش تراجیدیا کۆنەکان، شانۆ پڕ لە ڕاز و نیازەکانی چاخەکانی ناوەڕاست و هەموو جۆرەکانی سەما و شانۆی ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست. هەروەها ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، کە دەبێت شانۆ بگەڕێتەوە بۆ بنەما سەرەتاییەکانی، گرینگی بە مەسەلەکانی هونەری ریژی بدات بۆ ئەوەی شانۆ کاریگەری بە سەر بینەرەکانییەوە هەبێت، نەک لە ڕێگای دیالۆگ و مەسەلە فیکرییەکانەوە، بەڵکو بە جووڵە و دەنگ و ڕووناکی و هەموو ئەو ئامڕاز و تەکنیکانەی، کە شانۆی نوێ دەیانخاتە بەردەستی شانۆکارانەوە.
ئارتۆ بەم کتێبەی هەموو بنەما تەقلیدییەکانی شانۆی ڕۆژئاوای هەڵگێراوەتەوە و کاریگەری بەسەر چەندان نەوەی شانۆکار و نووسەرانی شانۆ و ڕەخنەگرانەوە هەبووە، هەر بۆ نموونە ئەو نەوەیەی، کە لەگەڵ تەوژمەکانی شانۆی پوچگەرایی دەرکەوتن: بێکێت، یونسکۆ، ئەدامۆڤ و ژان ژینییە، بەتایبەتیش لە ڕووی بەکارهێنانی چەمکەکانی پەیڤ و مامەڵەکردن لەگەڵ دیالۆگ و تێکستەکاندا، کەوتوونەتە ژێر ڕکێف و کاریگەرییە بێ سنوورەکانی ئارتۆوە. ئەمە جگە لەوەی، کە هەموو تەوژمە هاوچەرخ و مۆدێرنەکانی تری شانۆ، بەشێوەیەک لە شێوەکان، لەژێر کاریگەرییەکانی ئارتۆدا لەدایک بوون.
ئارتۆ ١٨٩٦-١٩٤٨ سەرەتا بە دیوانێکی شیعری بچووک دەست پێ دەکات، دوای ئەوە پێوەندی دەکات بە (ئەندریە بریتۆن) و سوریالیزمەکانەوە و لەگەڵ (شارڵ دۆلان) کار دەکات و هەندێک ڕۆڵی بچووک، بەڵام گرینگ لەسەر شانۆ و لە سینەمادا دەبینێت.
لە ساڵی ١٩٢٦دا شانۆی (ئەلفرێد گاری) دادەمەزرێنێت و چەند نەمایشێکیش بۆ ئەم شانۆیەی خۆی پێشکەش دەکات، هاوکات دیدی خۆی بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هونەری شانۆ دەخاتە ڕوو، بەڵام هەوڵە شانۆییە کردەییەکانی ئارتۆ خۆی، هەر لە سەرەتاوە تووشی شکست دەبن، لەبەر ئەوە لە کاری شانۆیی دووردەکەوێتەوە و دەچێت بۆ مەکسیک و ماوەیەک لە ناو هۆزە بەراییەکانی ئەم وڵاتەدا دەمێنێتەوە و دواتریش بەرەو ئێرلەندە دەکەوێتە ڕێ. کە دەشگەڕێتەوە لە ئەنجامی چەند نەخۆشییەکی دەروونیدا بەرەو شێتبوون دەچێت و بەم هۆیەیشەوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە نەخۆشخانە دەروونی و عەقلییەکاندا، بێبەزەییانە، توندی دەکەن. ئەوی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە، کە ئارتۆ هەمیشە لە شانۆدا و بۆ شانۆ ژیاوە: لە کاتێکدا، کە شیعری دەنووسی، شانۆ سەرچاوەکانی دەبێت، کە دەشچێت بۆ مەکسیک بۆ گەڕان بە دوای ئەو ڕۆشنبیرییەی تا ئەوکاتە شارستانییەت نەیشێواندبوو، هەر وەک کەسێکی شانۆکار ڕەفتار دەکات. هەموو نووسینەکانیشی: شیعر، نامە، مانێڤێست و گوتارە شانۆییەکانی، دەبنە چاوگە گرینگەکانی شانۆ.
شانۆ لەلای ئارتۆ ڕاکردن لە واقیع یان پەنایەک نییە، بەڵکو ئامڕازێکە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی کاریگەری بەسەر مرۆڤ و دونیاوە هەبێت، ئەم کاریگەرییەیش تەنها نووسەر و ئەکتەر ناگرێتەوە، بەڵکو بە پلەی یەکەم ئەو بینەرانەی دێنە هۆڵی شانۆکانەوە. ئارتۆ وا لە هەموو پێوەندییەکانی مرۆڤ تێگەیشتووە، کە دیالۆگ و ململانێیەکی بەردەوامن.
بابەتەکانی کتێبی (شانۆ و هەمبەرەکەی)یش جۆرە پێکداچوون و تێکەڵاوکردنی شتە جودا و دژبەیەکەکانە، بۆ نموونە: شانۆ و ڕۆشنبیری، شانۆ و تاعوون، شانۆ و توندوتیژی، شانۆی ڕۆژهەڵات و شانۆی ڕۆژئاوا، دەرهێنان و میتافیزیک … تاد ئەم پێگەیشتن و بەریەککەوتنەیش چەندان فۆرم و شێواز لەخۆ دەگرێت، هاوکات لەم بەریەککەوتنەدا، فۆرمی تر لەخۆ دەگرن و دەبنە جۆرە ململانێ و کێشەی شتە دژبەیەک و جیاوازەکان. ئارتۆ هەمیشە، بۆ دۆزینەوەی توخم و تێگهیشتنی جیا جیا گفتوگۆ و دیالۆگ لەنێوان ئەم توخمانه دەکات و لە هەموو بار و ڕەوشەکانیشدا دروستبوونی ئەم جۆرە دیالۆگانە دیدە شانۆییەکان بەرەوپێش دەبەن، لەبەر ئەوەی لەم دۆخەدا، لایەنە دژبەیەکاکان دەبنە تەواوکەری یەکتری و شانۆیش دەبێتە پرۆسە و چهترێك بۆ کۆکردنهوهی ڕهههنده ناکۆك و دژبهیهکهکان.
یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ئەم کتێبە ڕووخانی شانۆ و سەرلەنوێ بوونیادنانەوەی شانۆیه؛ رووخانی شانۆ سیکۆلۆژییە تەقلیدییەکەی ڕۆژئاوا و بوونیادنانەوەی لە ڕوانگەیەکی سەرەتایی و لە چوارچێوهی بنەماکانی ریتواڵێکی ئەفسوونییەوە.
ئارتۆ دژی شانۆی ئەوروپییە، دژی لێکۆڵینەوەی سایکۆلۆژی و ڕووداوە، دژی ڕێپۆرتوارە، دژی تەکنیکە تەقلیدییە ریالیزمە دەروونییەکەی گێڕانەوەیە لە سەر شانۆ، دژی شانۆی کات بەسەربردنە، دژی دەرهێنانی تەقلیدییە و بەکارهێنانی وشەیە بە شێوە و شێوازە باوەکەی شانۆی ڕیالیزم و سروشتگەرا. هەر لەم ڕوانگەیەوە وشە بەیەکێک لە کارەساتە ڕاستەقینەکەی شانۆ دەزانێت و دەبێتە کێشەیەکی بەردەوام لەنێوان هونەرمەند و ئامڕازەکانیدا، هەر لەبەر ئەوەیشە، کە پێویستە شێوازەکانی ئەم کێشەیە بدۆزینەوە و سەیری قۆناخەکانی بەرەوپێشەوە چوونی بکەین. ئارتۆ ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە مەسەلەکە لابردنی وشەی گوتراو نییە، بەڵکو گرینگیدانە بە وشە، بەوشێوەیەی لە خەونەکانماندایە، بە بەکارهێنانێکی تری وزەی وشەیە لە پانتایدا و بەرجەستەکردنیەتی لە شیعری شانۆدا. ئاتۆ زۆر جار لەنامەکانیدا بەچڕی باسی پێوەندییەکانی زمان و ڕۆڵی وشە لەسەر شانۆی ڕۆژئاوا و شانۆی ڕۆژهەڵاتدا دەکات و دیدی خۆیشی بۆ بەکارهێنان و داهێنانێکی تر و جیاوازی شیعرییەتی وشە لە شانۆیەکی میتافیزیکدا دەخاتە ڕوو. سەرلەنوێ ڕۆنانەوەی شانۆیش بۆ ئەو، ڕۆنانەوەی ژیانە، بەدەستهێنانی زمانێکی تایبەتمەندی شانۆیەکی ترە، کە تیادا جەستە، دەنگ و مۆسیقا باڵادهستن، شانۆکەی ئارتۆ ئاهەنگێکی سیحرییە و نوێکردنەوەی ژیانە لە ڕێگای شانۆوە. ئارتۆ بەبۆنەی دامەزراندنی شانۆی ئەلفرێد گارییەوە دەڵێت: “ئێمە شانۆی ئەلفرێد گاری-مان دامەزراندووە تا شانۆ سەربەستییە تەواو و سەراپاگیرییەکەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، ئەو سەربەستییەی لە مۆسیقا، شیعر و هونەری وێنەکێشاندا هەیە، ئەو سەربەستییەی، کە تاکو ئێستا و بەشێوەیەکی سەیر و بێ مانا شانۆی لێ بێبەش کراوە.” ئەم هونەرمەندە تێڕوانینێکی دینامیکی بۆ شانۆ هەبووە؛ گەڕانەوەی چەمکی شانۆ و گەڕانەوەی ئەو هێز و وزەیەی، کە لەدەستی داوە، ئەویش تەنها بە ڕووخانی شانۆ و ڕۆنانی شانۆیەکی تر بەدی دێت.
ئارتۆ لەم کتێبەدا، بە چەندان شێوە ڕاڤەی ڕەهەندەکانی چەمکی (توندوتیژی) دەکات و لەسەر چەندان ئاست دەیبەستێتەوە بە هێزی شانۆکەیەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا خوێندنەوەی هەڵەی بۆ کراوە و هەمیشە بەستراوەتەوە بە بەرجەستەکردنی سادییەت و توندوتیژیەکی ڕاستەقینە لەسەر شانۆ. ئارتۆ لە یەکێک لە نامەکانیدا دەڵێت: “دەکرێت وێنای توندوتیژییەکی چڕ بکەین، کە بەدەربێت لە هەموو جۆرە توندوتیژییەکی پڕ لە خوێن و لەتوپەتکردنی جەستە.” هەروەها لە نامەیەکی تریدا دەڵێت: “وشەی توندوتیژی بە مانای حەزێکی بەهێز بۆ ژیان، بە مانای سەختی گەردوونی و پێویستیی حەتمی و بە واتای ئازادبوونی ڕۆح لەنێو ئەو گێژاوەی، کە تاریکییەکان هەڵدەلووشێت، بەکار دەهێنم. بە مانای ئەو ئازارە بەکاری دەهێنم، کە ژیان دوور لە پێویستیی حەتمیی ئەو ناتوانرێت پراکتیزە بکرێت.”
ئارتۆ لە تێروانینێکی فیکری و فەلسەفییەوە چەمکەکانی توندوتیژی دەبەستێتەوە بەو شانۆیەوە، کە خەونی پێوە دەبینی و زیاتر مەبەستی جۆرە دیقەت و سەرنجێکی ورد و بڕوایەکی پتەوی ڕەهایە بەو ئامڕازانەی، کە دونیا و مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەگۆڕێت. هەروەها لە ریژی و میتافیزکدا دەڵێت: “سەر شانۆ شوێنێکی فیزیکی و کۆنکرێتە، داوایشمان لێ دەکات پڕبکرێتەوە و وەهای لێ بکەین، کە بە بەزمانە کۆنکرێت (مەلموس)ەکەی خۆی بدوێت. ئەو زمانە کۆنکرێتیەی، کە ئاڕاستەی هەستەکان دەکرێت، کە سەربەخۆیە لە بەرامبەر ئاخاوتندا و دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە خواستی هەستەکان بهێنێتە دی. چۆن شیعرێک بۆ زمانی ئاخاوتن هەیە، شیعرێکیش بۆ هەستەکانمان. ئەو زمانە فیزیکی و کۆنکرێتەی ئاماژەی بۆ دەکەم، نابێت بە زمانێکی شانۆیی ڕاستەقینە تەنها لەو کاتەدا نەبێ، کە ئەو بیرۆکانەی گوزارشتیان لێ دەکات، لەنێو زمانی ئاخاوتندا جڵەوگیر نەکرێن و تێیان بپەڕێنێ”
پیتەر بروک لە زیندووکردنەوە و بەرجەستەکردنی شانۆی توندوتیژ و سەرلەنوێ ناساندنی ئارتۆ بە شانۆی هاوچەرخ و مودێرنی جیهانی ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە، بەتایبەتی بەخوێندنەوە هۆشیار و دیدە شانۆییە کردەییەکەی بۆ ئەم کتێبە، دەرگایەکی بەرین بە ڕووی شانۆی توندوتیژ و ئارتۆدا دەکاتەوە. بروک لە سەرەتای شەستەکاندا، هەوڵی دەستەبەرکردنی شانۆیەکی میتافیزیکی دا و لە بەکارهێنانی تووخمەکانی جەستە و پانتایی شانۆ و شانۆیەکی فیزیکییەوە، لە دیدو خەونەکانی ئارتۆ نزیک دەبێتەوە.
ئەنتۆنان ئارتۆ، شانۆ و هەمبەرەکەی، وەرگێڕانی لە فەرەنسییەوە: مستەفا قەسیم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠١٧

