شانۆنامه‌ی ”که‌سێک هه‌ر دێ” یۆن فۆسه و شانۆی مۆدێرنی ئه‌وروپی
یۆن فۆسه له ساڵی ١٩٩٤ دا، له‌سه‌ر شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی بێرگن، بۆ یه‌که‌مجار به شانۆنامه‌ی وه هه‌رگیز ئێمه له‌یه‌کتر جیانابینه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌م ده‌رکه‌وتنه سه‌ره‌تای ستایلێکی تازه و مۆرکێکی تایبه‌ت له شانۆی نه‌رویژی، دواتریش له تێکڕای شانۆی ئه‌وروپی و به‌شێکی زۆری بزوتنه‌وه‌ی شانۆی جیهانیدا دەبێت. ئه‌م گه‌نجه نه‌رویژییه زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار و فراوان ده‌به‌خشێته شانۆی جیهانی، نه‌وه‌یه‌کی نوێی دەرهێنەرە ئه‌وروپاییه‌کانیش، له شانۆنامه‌کانی یۆن فۆسه‌دا ڕێگایه‌کی تر، فۆرمێکی جیاواز، ستایلێکی تری هونه‌ری نواندن و شێوازێکی تری کارکردنیان دۆزیوه‌ته‌وه، له هه‌مان کاتدا یۆن فۆسه به شانۆنامه‌کانی ده‌توانێت ئاماده‌گی خۆی له پرۆسێسی گۆڕانکاری و نوێکردنه‌وه و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی دراما و شانۆی مۆدێرنی ئه‌وروپیدا بسه‌پێنێت. یۆن فۆسه لە ژێر گاریگەریی سامۆیل بێکێت-دا، فۆرمێکی تایبەت بە خۆی دەدۆزێتەوە، مامەڵە لەگەڵ چارەنووسی ئادەمیزاد، پرسیارەکانی بوون و نەبوون، مەرگ و ژیان و دوودڵییدا دەکات. یۆن فۆسه له باکوری ئه‌وروپاوه، له وڵاتی نه‌رویژی ئه‌سکه‌نده‌نافیاوه، بره‌و به په‌یامه شانۆییه‌که‌ی (هێنریک ئیپسن) ده‌دات. ئه‌م شانۆنامه‌نووسه دیارده‌یه‌کی زۆر جیاوازه له شانۆی ئه‌وروپیدا، هه‌رچه‌نده به درێژکراوه‌یه‌کی لۆژیکی هینریک ئیپسن ناوزه‌دکراوه، به‌ڵام هیچ سیمایه‌کی ئیپسن-ی پێوه دیارنییه. یۆن فۆسه له‌یه‌ک کاتدا مۆدێرنه و ناشکه‌وێته خانه‌ی هیج زه‌مه‌ن و کاتێکه‌وه، به‌ڵکوو خاوه‌نی زه‌مه‌نی خۆیه‌تی و زیاتر له‌گه‌ڵ (مۆریس مایترلینگ) و (سامۆیل بێکێت) به‌راوردی ده‌که‌ن.
له‌م قۆناخه‌دا به لێشاو شانۆنامه‌کانی یۆن فۆسه له‌سه‌ر زوربه‌ی شانۆی وڵاتانی ئه‌وروپا پێشکه‌ش ده‌کرێن، ئه‌ڵمانیا وه‌ک مه‌ڵبه‌ندێکی هه‌میشه‌یی و گرینگی شانۆی ئه‌وروپی، به‌ر له وڵاتانی تری ئه‌وروپا، درک به گرینگی ئه‌و هه‌ناسه نوێیه، ئه‌و ته‌کنیکه جیاواز و دیده شانۆییه‌ی یۆن فۆسه ده‌که‌ن. شانۆ گرینگه‌کانی به‌رلین، بۆن، هانۆڤه‌ر، هامبۆرگ، فرانکفۆرت و زوربه‌ی شاره گه‌وره‌کانی تری ئه‌ڵمانیا، به په‌رۆشه‌وه یه‌ک له‌دوای یه‌ک شانۆنامه‌کانی یۆن فۆسه نه‌مایش ده‌که‌ن.
یۆن فۆسه کێیه؟
یۆن فۆسه به‌رله‌وه‌ی شانۆنامه‌نووس بێت شاعیره و کۆمه‌ڵێک رۆمانی گرینگیشی بڵاو کردۆته‌وه، به‌ڵام شانۆ ناوبانگه جیهانییه‌که‌ی بۆ به‌ده‌ست ده‌هێنێت. ئه‌م نووسه‌ره له ساڵی ١٩٥٩ دا له شاری هێگستوند له وڵاتی نه‌رویژ له دایک بووه، سه‌ره‌تای چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٨٢. یۆن فۆسە فرە بەرهەمە و لە زۆربەی بوارەکاندا ئەزموونی سەرکەوتوی هەیە: شیعر، لیریک، ڕۆمان، کورته چیرۆک، گوتار، ئه‌ده‌بی منداڵان و شانۆنامه‌ی نووسیوه. یۆن فۆسه به یه‌کێک له گرینگ‌ترین ده‌نگه‌کانی ئه‌مرۆی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ و مۆدێرنی نه‌رویژی داده‌نرێت، تا ئێستا زیاتر له چل به‌رهه‌می جۆراوجۆری بڵاو کراوه‌ته‌وه و به‌رهه‌مه‌کانیشی، به‌تایبه‌تی شانۆنامەکانی، وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زیاتر له سی زمانی جیهانی. ئه‌وه‌ی گرینگه ئاماژه‌ی بۆ بکرێت ئه‌وه‌یه، که داموده‌زگا کولتووری و هونه‌رییه‌کانی نه‌رویژ گرینگییه‌کی زۆر به‌م نووسه‌ره ده‌ده‌ن، به‌رهه‌مه‌کانی له‌سه‌ر ئاستێکی به‌ربڵاو بڵاو ده‌که‌نه‌وه، ده‌ستگیرۆیی ده‌زگا بیانییه‌کان ده‌که‌ن له وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌کانیدا، سیمینار و زنجیره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ ساز ده‌که‌ن و هانی لێکۆڵه‌ره‌وه پسپۆڕه‌کان ده‌ده‌ن، که به‌رهه‌مه‌کانی شیبکه‌نه‌وه. هه‌روەها یۆن فۆسە چه‌ندان پاداشتی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری گرینگی وه‌رگرتووه، له‌وانه پاداشتی ئیپسن، پاداشتی شانۆنووسانی باکوری ئه‌وروپا، پاداشتی کولتووری سکه‌نده‌نافیا… هتد.
گومان له شانۆ، بڕوا به شانۆ
یۆن فۆسه گومانێکی گه‌وره‌ی له‌توانای شانۆ هه‌بووه، شانۆ بۆ یۆن فۆسە هه‌رگیز ئه‌و هێزه نه‌بووه، که بتوانێت گوزارشت له شته‌کان بکات، ئامرازه‌کانی شانۆیش بێ توانا و قێزه‌وه‌ن بوون. یه‌که‌م وێستگه و سه‌ره‌تاکانی نووسینیش له ده‌روازه‌کانی شیعر و لیریکه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات. یۆن فۆسه دواتر له یه‌کێک له گوتاره‌کانیدا ده‌ڵێت: (من شانۆنامه‌نووسم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ک حه‌ز و ئاواتی من نه‌بووه، به پێچه‌وانه‌وه، من حه‌زم له شانۆ نه‌بووه و له‌چه‌ند بۆنه‌یه‌کیشدا، بۆ نموونه له چاوپێکه‌وتنه‌کاندا، ئەوەم دووپات کردۆته‌وه، که من ڕقم له‌شانۆ ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌تیش شانۆی نه‌رویژی.)
شانۆ له‌لای ئه‌م نووسه‌ره بریتی بووه له کرده‌یه‌کی بێهوده. شانۆ نه‌یتوانیوه بۆشاییه‌کانی ده‌روون و دیدی ئه‌م نووسه‌ره پڕبکاته‌وه و هه‌میشه زۆر به بڕواوه پشتی کردۆته هونه‌ری شانۆ. ئه‌وه‌ی جیگای سه‌رنج و ڕامانیشه ئه‌وه‌یه، که هونه‌ری نواندن له‌لای یۆن فۆسه هونه‌رێک بووه جێگای هیچ بڕوایه‌ک نه‌بووه، هونه‌ری نواندن زیاتر وه‌ک لاساییکردنه‌وه و پاشکۆیه‌کی کۆیله وابووە بۆ ئەو. یۆن فۆسە لەو بڕوایەدا بووە، کە ئه‌کته‌ر شایانی ئه‌و بڕوایه نییە تا بتوانێت له‌سه‌ر شانۆ، که له بنه‌ڕه‌تدا هونه‌رێکی ناهه‌مواره، ڕۆڵی کاریگه‌ری خۆی ببینێت. به‌م شێوه‌یه هونه‌ری شانۆ و نواندن هیچ به‌ها و سه‌ربه‌خۆییه‌کی تایبه‌تی لای یۆن فۆسه نه‌بووه، ئه‌م تێڕوانین و بۆچوونەیش شتێکی ده‌گمه‌ن نییه له مێژووی ئه‌ده‌ب و شانۆی جیهانیدا. ئه‌فلاتون یه‌کێکه له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی، که له سه‌ره‌تاکانی شارستانییه‌تی گرێک و شانۆی ئه‌وروپییه‌وه، به چاوی گومان و دیدیێکی ناهه‌مواره‌وه ئاماژه‌ی بۆ شانۆ و هونه‌ری نواندن کردووه، به‌ڵام ئه‌م تێڕوانینه دژواره، ئه‌م بۆچوونه هه‌ڵه و گومانه گه‌وره‌یه، هێدی هێدی لای یۆن فۆسە ده‌ڕه‌وێته‌وه، دواتریش گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت؛ شانۆ ده‌بێته گرینگ‌ترین پرۆژه‌کانی یۆن فۆسه و له‌م بواره‌دا داهێنانی گه‌وره به‌دی ده‌هێنێت.
یۆن فۆسه سه‌باره‌ت به ئه‌زموونه سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆی له‌بواری شانۆدا ده‌ڵێت: (هه‌میشه هه‌وڵمداوه به نووسینه‌کانم بژیوی ژیانم دابینبکه‌م، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا هیج داراییه‌کی ئه‌وتۆم نه‌بوو پێی بژیم، له‌م کاته‌دا داوام لێ‌کرا به چه‌ند هه‌زار کرۆنێک هه‌ندێک تێکستی کورت بۆ شانۆیه‌ک بنووسم، ئه‌مه‌یش یه‌که‌مجارم بوو دیالۆگ بۆ دوو ئه‌کته‌ر بنووسم. ئه‌م ئه‌زموونه ته‌نانه‌ت بۆ خۆیشم بووه جیگای سه‌رسوڕمان و جیهانێکی تری بۆ من، وه‌ک نووسه‌رێک کرده‌وه، له‌م ڕیگایه‌شه‌وه توانیم ڕووبه‌ڕووی ئه‌و شتانه ببمه‌وه، که له‌وه‌وبه‌ر به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕام)
ئه‌و چه‌ند کورته دیمه‌نه و کاری ئه‌کته‌ر و به‌رجه‌سته‌کردنی وشه‌کانی، بڕوایه‌کی ته‌واو له‌لای ئه‌م نووسه‌ره دروست ده‌کات، له دەرهێنەر و ئه‌کته‌ره‌کان نزیک ده‌بێته‌وه، سه‌رله‌نوێ چه‌ند تێکستێکی تر ده‌نووسێت و هه‌ر زۆر زوو وشه‌کانی، دیمه‌ن و که‌سایه‌تییه‌کانی له‌سه‌ر شانۆکان ده‌بنه کاره‌کته‌ر و که‌سانی زیندوو. ئه‌م باره چاوه‌ڕواننه‌کراوه، ئه‌م هه‌ڵوێسته نوێیه و ئه‌م ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه بڕوایه‌کی پته‌و و ته‌واو لای یۆن فۆسه ده‌خوڵقێنێت.
شانۆی نه‌رویژیش هه‌ر زوو، له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کان هه‌ست به گرینگی ئه‌م ته‌قه‌لایه ده‌که‌ن و به‌پیر ئه‌م ئه‌زموونه نوێیه‌وه ده‌چن، پشتگیری لێده‌که‌ن، هانی ده‌ده‌ن و شانۆنامه‌کانی پێشکه‌ش ده‌که‌ن. دوای ئه‌وه خێرا، ئه‌و هه‌نگاوه په‌ره ده‌سێنێت و دەقه‌کانی یۆن فۆسه له ده‌ره‌وه‌ی سنووری وڵاتی نه‌رویژ پیشکه‌ش ده‌کرێن. هه‌وڵێکی سه‌ره‌تایی ده‌بێته وێستگه‌یه‌کی گرینگی دامه‌زراندن، دامه‌زراندنی شێوازێکی نوێ، ته‌کنیکێکی جیاواز و سه‌ره‌تایه‌کی تر بۆ شانۆیه‌کی هاوچه‌رخی ئه‌وروپی.
یۆن فۆسه له شانۆنامه‌کانی سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنیدا، گوزارشت له‌و مرۆڤانه ده‌کات، که خه‌ریکی هه‌ڵهاتنن له دنیای مرۆڤ و به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی، له خوێنه‌ر و بینه‌ره‌کانی نزیک ده‌بێته‌وه، ئه‌م بابه‌ت و نزیکبوونه‌وه‌یه‌ش ڕه‌واجێکی زۆر بۆ ئه‌و سه‌ره‌تایه دروست ده‌کات. کاره‌کته‌ره‌کانی به ته‌واوی کۆنترۆڵ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌و کۆنترۆڵه‌ی، که هه‌مانه، مرۆڤ به ته‌واوی وشه‌کانی له‌بیر ده‌کات. یۆن فۆسه ئه‌و سه‌ره‌تایه، ئه‌و ئه‌زموونه و ئه‌و ته‌قه‌لایه‌ی خۆی به هه‌نگاوێکی گه‌وره داده‌نێت، هه‌نگاوێک له گومانه‌وه بۆ باوه‌ڕ، باوه‌ڕ به په‌یام و بوونی شانۆ، به ووزه‌ی ئه‌کته‌ر و به جیهانێکی جیاوازی به‌رجه‌سته‌کراو له‌سه‌ر شانۆ.
شانۆی یۆن فۆسه
باسکردن له شانۆی یۆن فۆسه نزیکبوونه‌وه و باسکردنە له پرسیاره گرینگه‌کانی بوون و نه‌بوون، ژیان و مه‌رگ، باسکردنه له نزیکبوونه‌وه‌ی جیهانێکی تر، جیهانێک له‌پشت جیهانه بینراوه ته‌با و ئاشکراکه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌مانه‌وه، هاوکات جۆرێک له ڕاز و نهێنی له خۆ ده‌گرێت. له‌م پێودانگه درامییە نهێنیئامێزەدا مانا و مه‌ودایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیش له خۆ ده‌گرێت، له‌م بارودۆخه‌دا وێنه‌کانی کۆمه‌ڵگە زۆر به لێڵیی، له دووتوێی ته‌نگژه و قه‌یرانه‌کاندا ده‌رده‌که‌ون: جیاوازییه‌کان له‌نێوان شار و لادێ، یان شاره دووره‌ده‌سته‌کان، که چینه گه‌نج و نه‌وه تازه پێگه‌یشتووه‌کان، ماڵ و شه‌قام و باخچه‌کانیان چۆڵ کردووه و به‌ره‌و شاره گه‌وره‌کان کۆچیان کردووه، له‌م شاره دووره‌ده‌ستانه‌دا پیره‌کان به ته‌نیا ماونه‌ته‌وه و هه‌میشه له چاوه‌ڕوانی سه‌ردانی نه‌وه‌کانیاندان، وون بوون، ئه‌و هه‌سته‌ی، که له هیچ جێگایه‌ک هه‌ست به دڵنیایی و زێدی خۆت ناکه‌یت، دەبێتە سیمایەکی گرینگ. له‌م کۆمه‌ڵگە پۆست مۆدێرنانه‌دا، له‌م جه‌نگه گلۆبالیزمه‌دا، مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووس ده‌بێته‌وه و به‌دوای خوڵقاندن و دروستکردنی شووناسی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، مرۆڤ له ته‌قه‌لایه‌کی سەختدایه تا خۆی ناسنامه و شووناسی خۆی دروست بکات.
کاره‌کته‌ره‌کانی یۆن فۆسه له‌م گێژاوه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه، بیانه‌وێت یان نه‌یانه‌وێت به‌دوای چاره‌نووسێکدا ده‌گه‌ڕێن، که بۆیان نادۆزرێته‌وه، ئه‌و گه‌ردوونه‌ی تیایدا وون بوون، ڕیگاکانی ڕزگاربوونیان بۆ نادۆزرێته‌وه. هیڵی ڕووداو و چیرۆکی شانۆنامه‌کانی یۆن فۆسه زۆر دیاریکراوه، به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌سه‌ر مه‌رزه‌کانی نه‌بوونه، هه‌موو ڕووداوه‌کان له بازنه‌یه‌کدا ده‌خولێنه‌وه، دواجاریش ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و خاڵه‌ی، که ده‌ستی پێکردووه، دووره له بنه‌ما ته‌قلیدی و کلاسیکییه‌کانی شانۆی ئه‌وروپی و ڕۆژئاواوه.
کات له‌م جیهانه‌دا له‌نێوان ئه‌مڕۆ و دوێنێدا پێکداده‌چێت و یه‌که‌یه‌کی تری فه‌لسه‌فی، هونه‌ری و جیاوازمان بۆ ده‌خوڵقێنێت، به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام ڕابردوو و ئاینده له‌جێگاگۆڕکێدان، به هه‌مان شێوه ناوه‌وه و ده‌ره‌وه، هه‌ندێک له شانۆنامه‌کانی ده کاره‌کته‌ر له خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام زوربه‌یان هه‌مان که‌سن و له‌کاته جیاوازه‌کانی ژیانیاندا، له زه‌مه‌ن و شوێنی جیاوازدا ده‌رده‌که‌ونه‌وه. هه‌ندێک جار کاره‌کته‌ره‌کان له زه‌مه‌نی ئێستای ڕووداوه‌کاندان، به فه‌نتازیا ده‌گه‌ڕینه‌وه بۆ ڕووداوه‌کانی ڕابردوو، له هه‌مان کاتدا هه‌موو شتێکیش، که له‌وانه‌یه له ئاینده‌دا ڕووبدات. ئه‌م پێکداچوونه‌ی چه‌مکه‌کانی کات بونیادی به‌شێکی زۆری دەقه‌کانی یۆن فۆسه پێکده‌هێنێت، له‌م پیکداچوونه‌دا مرۆڤ به‌ر له هه‌موو شتێک رووبه‌ڕووی خۆی، مه‌رگ و ژیان ده‌بێته‌وه. مه‌رگ وه‌ک داینامۆیه‌کی گرینگی به‌گه‌ڕخستنی ژیان، ده‌بێته یه‌که‌یه‌کی گرینگ و به به‌های مێتۆده‌کانی ئه‌م نووسه‌ره. ئاسته جیاواز و پێکداچووه‌کانی کاتیش به‌رجه‌سته‌ی به‌شێکی گه‌وره‌ی مه‌رگ و پێوه‌ندییه‌کانی نێوان مرۆڤ به‌رجه‌سته ده‌کات. مرۆڤ ده‌ژی، پیر ده‌بێت و ده‌مرێت.
یه‌کێک له‌دوا به‌رهه‌مه‌کانی یۆن فۆسه گه‌ڕانه‌وه و پێداگرتنێکی ڕاسته‌وخۆی مه‌رگه، شانۆنامه‌ی شێوازه‌کانی مه‌رگ به گه‌ڕانی ژنێکی به‌ته‌مه‌ن به‌دوای مێرده‌که‌ی پێشوویدا ده‌ست پێده‌کات، ئه‌م ئافره‌ته ده‌یه‌وێت هه‌واڵی خۆکوشتنی کچه تاقانه‌که‌یان به مێرده کۆنه‌که‌ی ڕابگه‌یه‌نێت. شانۆنامه‌که باسی کچێک ده‌کات، که کۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه، باسی دایک و باوکی ئه‌و کچه ده‌کات، که ناتوانن بڕوا بکه‌ن کچه‌که‌یان خۆی کوشتووه و به یه‌کجاری ماڵئاوایی لێکردوون. کاتیش وه‌ک هه‌موو شانۆنامه‌کانی تری ئه‌م نووسه‌ره، مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگی بابه‌تی دەقه‌که‌یه، کچه مردووه‌که خۆی هه‌ڵده‌قورتێنێته ژیانی زیندووه‌کانه‌وه، هه‌روه‌ها دایک و باوکه گه‌نجه‌که، سه‌ره‌تای یه‌کترناسین و ده‌سپێکی ژیان، له‌گه‌ڵ دایک و باوکه به ته‌مه‌نه‌که، دوا وێستگه‌کانی ژیان، کات ده‌ڕوات له کاتێکدا ئێمه ته‌ماشای ڕووداوه‌کانی نه‌مایشه‌که ده‌که‌ین.
دایک و باوکه‌که به‌بێده‌نگ دانیشتوون، ڕووداوه‌کانی ژیانیان له‌و رۆژه‌وه‌ی کچه‌که‌یان له‌دایک ده‌بێت، تا ڕۆژی دابڕان و جیابوونه‌وه‌یان به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چێت، له‌نێوه‌ندی ئه‌م ڕووداوانه‌یشدا، ته‌نیایی کچه‌که‌یانمان بۆ ده‌خاته ڕوو. کچه‌که‌یان له بازنه‌یه‌کی ته‌سکی ته‌نیادا ده‌سوڕێته‌وه و توانای هیچ پێوه‌ندییه‌کی به ده‌وروبه‌ره‌که‌یه‌وه نییه. کچه‌که له‌دوا چرکه‌کانی نه‌مایشه‌که‌دا، له‌دوا دیالۆگەکانیدا، له‌وە دنیاوه ترس دایده‌گرێت، په‌شیمان ده‌بێته‌وه و ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ژیان.
من ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه
ده‌مه‌وێت سه‌رله‌نوێ ته‌نیا بم
شێوازه‌کانی مه‌رگ چه‌نده باسی ئه‌و کچه ته‌نیایه ده‌کات، که کۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه، هێنده‌یش به‌رجه‌سته‌ی ژیانی گه‌نجییه‌تی ئه‌و ژن و مێرده ده‌کات. له پڕ هه‌ردووکیان پیربوون و به‌ته‌نیشت یه‌کترییه‌وه دانیشتوون: یه‌کێکیان قسه ده‌کات، ئه‌ویتریان گوێ ده‌گرێت و به پێچه‌وانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ڕووداوه‌کانی به‌ر له ده‌ستپێکردنی نه‌مایشه‌که و دوای نه‌مایشه‌کەیش ڕووده‌ده‌ن. ئێستا و ڕابردوو، وه‌ک دوو کاتی جیاواز ده‌بێته وێنه‌یه‌کی تر و هه‌ست و سۆز و پێوه‌ندییه‌کانمان بۆ سه‌قامگیر ده‌کات. له‌م جیهانه‌دا مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی زیندوو، له هه‌مان کاتیش‌دا کاره‌کته‌ره مردووه‌کانیش ده‌که‌ونه چه‌قی ڕووداوه‌کانه‌وه، کاره‌کته‌ره مردووه‌کان هێنده‌ی زیندووه‌کان ئاماده‌بوونێکی به‌رده‌وامیان هه‌یه. ڕووداوه‌کانیش له‌م دنیا و له‌و دنیایش ده‌بنه بنه‌مایه‌کی گرینگی دەقه‌که و خه‌ونه‌کانی، ئازاره‌کانی، ئه‌ندێشه‌کانی مرۆڤ و پێوه‌ندییه‌کانی به شێوازێکی ساکار و کاتێکی تایبەتی شانۆیی به‌رجه‌سته ده‌کات؛ ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویداوە، ئەوەی ئێستا ڕوودەدات و ئایندەیش لەو کاتەدا چڕ دەبێتەوە، کە لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکرێت.
یۆن فۆسه له شانۆنامه‌ی خه‌ون به پایزه‌وه ڕاسته‌وخۆ پرسیاره‌کانی بوون و نه‌بوون، مه‌رگ و ژیان ده‌وروژێنێت. خه‌ون به پایزه‌وه گه‌شتێکی ساکار، ڕاسته‌وخۆ و قووڵی مرۆڤه به‌نێو تونێله ئه‌زه‌لییه‌کاندا، گه‌ردوونێکی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌خوڵقێنێت، مرۆڤیش له‌و گه‌ردوونه‌دا له بزاڤێکی بازنه‌یی به‌رده‌وامی ده‌ورانی ژیاندایه. له‌نێو ڕووداوه‌کانی ئه‌م شانۆنامه‌یه‌دا مرۆڤ له‌نێوان مه‌رگ و ژیاندا له کێشه‌یه‌کی ئه‌به‌دیدایه، مه‌رگ به هه‌موو ماناکانییه‌وه ده‌بێته ڕەوشێکی هه‌ستپێکراو، بینراو و چه‌مکێکی زیندوو. به‌هه‌مان شێوه ژیانیش، به هه‌موو لایه‌نه ئاشکرا و شاراوه‌کانییه‌وه، دیار و نادیارەکانییەوە، ده‌بێته زه‌نگێکی تایبه‌ت به خود و هه‌ستپێکراو، بینراو و زیندوو. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکوو مه‌رگ و ژیان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆدان، له گفتوگۆیه‌کی هزری و مرۆڤایه‌تیدان، به چه‌شنێ، که هه‌موو وێستگه‌کانی ژیان، هێدی هێدی له په‌راوێزی مه‌رگدا هه‌ڵوێسته وه‌رده‌گرن.
باوک
بیربکه‌ره‌وه گه‌ر ئێمه تا هه‌تایه بژیاینایه
ئه‌وه چ مانایه‌کی هه‌یه
(سه‌ری ده‌له‌قێنێ)
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا خه‌ڵک خه‌فه‌ت بۆ مه‌رگ ده‌خۆن
وه‌ک ئه‌وه‌ی مه‌رگ گه‌وره‌ترین کاره‌سات بێت
به‌ڵام ئه‌وه چۆن ده‌بێت
گه‌ر مردن بوونی
نه‌بێت
شانۆنامه‌ی (خه‌ون به پایزه‌وه)
یۆن فۆسه کاره‌کته‌ره‌کانی به ته‌واوی له هه‌موو کێشه و چه‌مکه ئایدۆلۆژی و سیکۆلۆژی و کۆمه‌ڵایه‌تییه باوه‌کان داماڵیوه، ڕووداوی شانۆنامه‌کانی تێهه‌ڵکێشی ئه‌و دۆخ و هه‌ڵوێستانه کردووه، که که‌سایه‌تییه‌کانی له ئێستا و لێره‌دا تێیدا ده‌ژین، ئێستا له ڕوانگه‌یه‌کی بینراوی ئه‌و چرکه‌ساته‌دا. له شانۆنامه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا ڕەوشێکی بریسکه‌ئاسا، پڕ له ڕاز و نهێنی تێده‌په‌ڕێت، ئه‌م ڕه‌وشه‌یش وه‌ک هه‌ڵوێسته‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی مرۆڤایه‌تی نزیک ده‌بێته‌وه له هه‌ستێکی ئاینیی. ئه‌م هه‌ستکردنه‌یش هه‌ستکردنێکی قووڵی ناوه‌کییه به بوون و هاتنه ئارای شتێکی تایبه‌ته‌وه، دەقه‌کانی یۆن فۆسه ڕووبه‌ڕووی هه‌ستێکی جیاواز، شتێکی پیرۆز و خواوه‌ندیمان ده‌کاته‌وه.
ته‌کنیک و شێوازی نووسین
ته‌کنیک و شانۆنامه‌کانی یۆن فۆسه سیمایه‌کی خه‌ونه‌ئامێز له خۆ ده‌گرێت، ڕووداوه‌کان له‌و شوینانه‌دا ڕووده‌ده‌ن، که به‌پێێ لۆژیکی هۆش بوونیان نییه، نادیارن و زه‌مه‌نێکی میتافیزیکی له خۆ ده‌گرن. خه‌ون میتافۆری ژیان نییه، ئه‌و ته‌کنیکه خه‌ونه‌ئامێزه‌ی له شانۆگه‌رییه‌کاندا هه‌ن، ئاماژه‌یه‌که بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (ئێستا) و تێکه‌ڵاوکردنێکی به‌سه‌لیقه‌ی زه‌مه‌نه‌کانه: ڕابردوو، ئێستا و ئاینده پێکداده‌چن و زه‌مه‌نێکی تایبه‌ت ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن.
تێکسته‌کانی ئه‌م نووسه‌ره زیاتر له ئه‌ده‌بێکی لیریکی ده‌چن وه‌ک له شانۆنامه. یۆن فۆسه دابڕانێکی گه‌وره له‌نێوان خۆی و شانۆی به‌ر له خۆی دروست ده‌کات، ئه‌م دابڕانه‌یش به وه‌رچه‌رخانێکی گرینگی نوێی شانۆی هاوچه‌رخی ئه‌وروپی داده‌نرێت. بونیادی شانۆنامه‌کانی له‌سه‌ر هونه‌ری دووباره‌بوونه‌وه، وشه‌ی کورت و ته‌واونه‌کردنی ڕسته‌کان پێکهاتووه، یۆن فۆسه زۆر که‌م وشه به‌کارده‌هێنێت و زۆرجار دووباره‌شیان ده‌کاته‌وه: وه‌ره، بڕۆ، ڕۆیشت، له‌وانه‌یه، دیده‌نی، ڕاوه‌سته، چاوه‌ڕوانبه، هه‌ندێک، که‌مێک، ئا، به‌ڵێ، نه‌خێر… هتد، ئه‌مەیش بۆته یه‌کێک له سیما گرینگه‌کانی ئه‌و ته‌کنیکه تایبه‌تمه‌نده‌ی یۆن فۆسه.
له‌م جیهانه‌دا له‌یه‌ک کاتدا پانتاییه‌کی خه‌ونه‌ئامێز، ڕیالیزم و گوتارێکی پڕ له نهێنی کۆده‌بێته‌وه، کاره‌کته‌ره‌کان خه‌ڵکی ئاسایین و هیج پێوه‌ندییه‌کیان به مه‌سه‌له چینایه‌تییه‌کانه‌وه نییه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکوو هێنده ئاسایین ده‌بنه که‌سانی نائاسایی. زۆرجار ڕووداوه‌کان له چوارچێوه‌یه‌کی ڕیالیستی، بۆ نموونه ژوورێکی ئاسایی دانیشتن‌دا ڕووده‌ده‌ن.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی کاره‌کته‌ره‌کانی یۆن فۆسه بێ ناون، بۆ نموونه ئه‌وی مێ، ئه‌وی نێر، پیاوه‌که، ژنه‌که، برا، کیژه‌که، دایک، هاوڕێ… هتد، ئه‌م بێ ناوییه، له‌سه‌ر ئاستێکی قووڵ هێمایه‌که بۆ بێلانه‌یی، ئه‌وه‌ی ناونه‌نراوه و هیچ ناوێک هه‌ڵناگرێت، زۆر ئاسانه به ته‌واوی له‌یاد بکرێت و بیربچێته‌وه، له هه‌مان کاتدا ئه‌وانەیشی، که خاوه‌ن ناون ده‌بنه به‌ندی ئه‌وانی تر و منێکی هه‌میشه دیار و ئاشکرا، به‌ڵام کاره‌کته‌ر، بارودۆخ و ڕەوشەکان گوزارشتێکی فره لایه‌نی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌کات، له‌م باره‌دا پێوه‌ندییه‌کان و گیانێکی پر له نهێنی، ئه‌و ژووره ئاساییه ده‌کاته پانتاییه‌کی جیاواز و ته‌لیسماوی، ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی دابڕان و نه‌مانی پێوه‌ندییه‌کان و خوڵقاندنی کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی ته‌نیا. ته‌نیایی ده‌بێته بارێکی ده‌روونی و ڕۆچوونه خواره‌وه به‌ناوه‌وه‌ی خۆیاندا.
به‌کا‌رهێنانی زمانێکی ساکار، ڕووت و هه‌ندێک جاریش هه‌ژار، له‌لایه‌ن یۆن فۆسه‌وه- وه‌ک له‌وه‌وبه‌ر ئاماژه‌مان بۆ کردووه- به یه‌کێک له ئامڕازه گرینگه‌کانی نزیکبوونه‌وه له مه‌سه‌له گه‌وهه‌رییه‌کانی بوون و نه‌بوونه‌وه، هه‌ژاری له ڕووداو و زمانه‌که‌یدا داده‌نرێت، ده‌روازه‌یه‌که بۆ چوونه ژووره‌وه‌ی جیهانێکی چڕ و ده‌وڵه‌مه‌ند.
مردن له‌م دووڕێیانه ساکاره‌دا، ئاماژه‌ی بوونێکی به‌هێزی ژیانه، هه‌موو شانۆنامه‌یه‌کیش به‌شێکی بچووکه له گه‌ردوون. ئه‌م ته‌کنیکه‌ی یۆن فۆسە له بێده‌نگییه‌وه ده‌ست پێده‌کات، ڕسته‌ی کورت و زمانێکی هه‌ژار، وه‌ک پرۆسێسێکی گرینگی ئه‌و پرۆژه‌یه، به‌شێکی ته‌واوکه‌ری ئه‌و بێده‌نگییه‌یه. وچان، یان وچانێکی درێژی بێده‌نگ له‌نێوان دیمه‌ن و دیالۆگی کاره‌کته‌ره‌کاندا، پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی مرۆڤایه‌تی دروست ده‌کات، ئه‌و پێوه‌ندییه‌یش ده‌بێته به‌شێکی جووڵانه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان له کۆمه‌ڵێک ڕووداوی پێکداچوودا.
دیالۆگی نێوان که‌سایه‌تییه‌کان گه‌وهه‌ری حاڵه‌ته ده‌روونییه‌کان، به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی پێودانگه دراماتیکییه‌که و خودی گوتاره شانۆییه‌کان دیاری ده‌کات. له‌م ڕووه‌وه دیالۆگه‌کان به شێوازه ته‌قلیدییه‌که نابێته هێزی پاڵپێوه‌نه‌ری ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که، وه‌ک له‌لای (هێنریک ئیپسن) په‌یڕه‌وی کراوه، به‌ڵکوو لای یۆن فۆسه هه‌موو ڕووداوه‌کان به‌ر له‌ده‌ستپێکردنی شانۆنامه‌که ڕوویانداوه، هێزی بێده‌نگیش ده‌بێته ته‌واوکه‌رێکی گرینگی ئه‌و پرۆسێسه.
ئیپسن و یۆن فۆسه چه‌نده جیاوازن له یه‌کتره‌وه، هێنده‌یش خاڵی هاوبه‌شیان له‌نێواندایه، ڕووداوه‌کان لای یۆن فۆسه به هه‌مان شێوه‌ی ئیپسن به‌ره‌و ئه‌نجامێکی تراجیدی ناڕوات، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستێکی تر و زیاتر ناوه‌کی له‌گه‌ڵ ئیپسن یه‌ک ده‌گرنه‌وه، بۆ نموونه ڕابردوو هێز و هه‌ڵگری ڕاستییه‌کانی ژیانمانه. یۆن فۆسه خۆی له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (له پشووه‌کاندا، له بێده‌نگیدا شته گرینگ و سه‌ره‌کییه‌کان ده‌وترێت، هێزێکی دینامیکی له‌نێوان وشه و کاره‌کته‌ره‌کاندا هه‌یه، من توانیومه له شانۆدا بۆشاییه‌کان، وچانه‌کان و ئه‌و شتانه‌ی له‌گه‌ڵ تێکساته‌کاندا ڕووده‌ده‌ن، به‌کاربهێنم.)
ئه‌و هێزه دینامیکییه‌ی، که یۆن فۆسه ئاماژه‌ی بۆ ده‌کات، هێزی بێده‌نگییه، ئه‌و بێده‌نگییه ئه‌فسووناوییه‌ی وشه و کاره‌کته‌ره‌کان له پانتاییه‌کاندا ده‌کاته چرکه‌ساتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی پڕ له جووڵه و ڕووداو. هه‌ر له‌م ڕووه‌وه بونیادی تەکنیکی شانۆنامه‌کانی یۆن فۆسه له‌سه‌ر فۆرم و هونه‌ری دووباره‌بوونه‌وه، ڕسته پێبڕین و دروستکردنی وچان بنیاتنراوه، له‌نێوان ڕسته و دیالۆگه کورته‌کاندا (وچانیکی کورت، وچان، وچانێکی درێژ) هه‌روه‌ک شانۆنامه‌کانی (سامۆیل بێکێت) و (هارۆڵد پێنته‌ر) و (لاش نۆرێن) که‌ره‌سته‌یه‌کی گرینگن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ئه‌و ته‌کنیکه. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه بۆ کردنه، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی کاریگه‌ری ته‌کنیکه بێده‌نگیئامێزه‌که‌ی بێکێته‌وه ئه‌وه‌یه، که یۆن فۆسه توانیویه‌تی شتێکی تازه و جیاواز له بێده‌نگییه تراجیدییه‌که‌ی بێکێت-ه‌وه بخوڵقێنێت. یۆن فۆسه سه‌باره‌ت به کاریگه‌رییه‌کانی (سامۆیل بێکێت) ده‌ڵێت: (لێکچوون هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا جیاوازییه‌کی گه‌وره‌یش به‌دیده‌کرێت. بێکێت کۆمه‌ڵێک وێنه ده‌نووسێت، به‌ڵام من پێوه‌ندییه‌کان، هه‌ست و سۆز، ئه‌تمۆسفێر ده‌نووسم.)
شانۆنامه‌کانی یۆن فۆسه کۆمه‌ڵێک شوێنی نوێ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌دۆزێته‌وه، شوێنی نه‌بینراو، بۆ نموونه دنیای مردووه‌کان، گۆڕستان و پانتاییه دیارینه‌کراوه‌کان. به‌رجه‌سته‌کردنی شته‌کانیش له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێده‌کات، که ئه‌کته‌ره‌کان له‌و گه‌ردوونه نادیاره‌دا ده‌توانن له‌گه‌ڵ یه‌کتری بدوێن، له پشت ئه‌و هه‌ژاریی وشه و به‌کارهێنانه تایبه‌تمه‌نده‌ی زمانیشه‌وه، جیهانێکی چڕی ئاماژه‌ئامێز و ژیانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی خاوه‌ن ئه‌زموون خۆی حه‌شارداوه.
یۆن فۆسه چۆنییه‌تی هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه‌کردنی ئه‌کته‌ره‌کانی، شوێن و شێوازی هاتنه ژووره‌وه، چوونه ده‌ره‌وه، جووڵه و ته‌نانه‌ت چۆنییه‌تی په‌یڤین و ته‌ماشاکردنی یه‌کتری، به ووردی له شانۆنامه‌کانیدا ده‌ستنیشانکردووه و هیچ جووڵه و ئاماژه‌یه‌ک ناداته ده‌ست ڕێکه‌وت.
ئه‌وی نێر
به‌ڵێ ته‌نها ئێمه هه‌ردووکمان پێکه‌وه
ئه‌وی مێ
من و تۆ
ئه‌وی نێر
من و تۆ
(“ئه‌وی نێر” هه‌ڵده‌سێته سه‌رپێ، ده‌چێته لای په‌نجه‌ره‌ی موبه‌قه‌که‌وه، که له‌ناوه‌ڕاستی دیواره‌که‌دایه و به‌سه‌ر پێش خانووه‌که‌دا ده‌ڕوانێ. ئه‌وی (نێر) سه‌یری ده‌ره‌وه ده‌کا، به هه‌موو لایه‌کدا)
(پشوو)
ئه‌وی مێ
هیچ ده‌بینیت
ئه‌وی نێر
نه‌خێر
(“ئه‌وی نێر” ئاوڕ ده‌داته‌وه بۆ لای ئه‌و مێ)
له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم
(قسه‌که‌ی ده‌بڕێ)
ئه‌وی مێ
ئه‌وه چییه
ئه‌وی نێر
نا هیچ نییه
شانۆنامه‌ی (که‌سێک هه‌ر دێ)
ئه‌م شێوازه‌یش ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی هه‌یه له خودی مۆسیقای وشه و بونیادی شانۆنامه‌کانیدا، ڕیتمی کاره‌کته‌ره‌کان له‌نێو ڕووداوه‌کاندا، له‌نێو ڕسته‌کاندا و له‌نێو وشه‌کانیشدا ڕاده‌گرێت. جووڵه بێده‌نگه‌کان و خودی وچانه‌کان زمانێکی تایبه‌ت به‌خۆی دروست ده‌کات، زمانێک به‌شێوه‌یه‌کی ته‌ریب شانبه‌شانی دیالۆگی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌ڕوات، هه‌ندێک جار ڕووداوه‌کان و دیالۆگه‌کان ده‌بنه وێنه، ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ده‌بێته شیعرێکی هێمن و بینه‌ر ده‌توانێت خودی دیالۆگه‌کان ببینێت، نه‌ک ته‌نیا گوێیان لێ ڕادێرێت.
ئیره‌یی و ته‌نیایی له (که‌سێک هه‌ر دێ) دا
لە شانۆنامەی کەسێک هەر دێ، دوو که‌س، ژن و پیاوێک، که پێکه‌وه ده‌ژین، ده‌یانه‌وێت به ته‌نیا بن، له خه‌ڵک، لە شار و له کۆمه‌ڵگە دوور بکه‌ونه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خانووبه‌ره‌یه‌ک له شوێنێکی دووره‌ده‌ست، له نزیک زه‌ریایه‌که‌وه ده‌کڕن و په‌نای تێدا ده‌گرن. ئه‌م ژن و پیاوه دوودڵ و ڕاڕان، له چاوی ئه‌وانی تر و ئامادەگی ئه‌وانی تر له ژیان و ده‌وروبه‌ریاندا ده‌ترسن. پچڕان و نه‌مانی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ئیره‌یی و باره ئاڵۆزه ده‌روونییه‌کان، له‌گه‌ڵ بێدەنگی و ته‌نیایی و دابڕانێکی رۆحی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیدا ڕووبه‌ڕوویکردوونه‌ته‌وه.
یۆن فۆسه له شانۆنامه‌ی که‌سێک هه‌ر دێ-دا به شێوازێکی شیعری به‌رز، باس له ترسی مه‌رگ و ته‌نیایی ده‌کات. کوڕ و کچێکی گه‌نج توانای هه‌موو پێوه‌ندییه مرۆڤایه‌تییه‌کانیان له‌ده‌ستداوه، دووچاری بارێکی ده‌روونی دژوار بوون، له کۆمه‌ڵگە و له هه‌موو پێوه‌ندییه مرۆڤایه‌تییه‌کان هه‌ڵدێن، ده‌چنه دوورگه‌یه‌کی دووری چۆڵه‌وه و خۆیان دووره‌په‌رێز ده‌گرن، به‌ڵام ترسێکی گه‌وره له‌وه‌ی، که که‌سێک په‌یدا بێت و جیهانه ته‌نیاکه‌یان لێ تێکبدات، هه‌موو ئارامییه‌کی شێواندوون.
ئه‌م شانۆنامه‌یه کاریگه‌ری بێکێت و شانۆنامەی به ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوە-ی پێوه دیاره، به‌ڵام به ئاراسته‌یه‌کی پێچه‌وانه و جیاوازه‌وه. له‌لای یۆن فۆسه، له شانۆنامه‌ی که‌سێک هه‌ر دێ-دا له‌بری چاوه‌ڕوانی، که‌سایه‌تییه‌کان له ترسێکی گه‌وره‌ی ئه‌وه‌دان، که که‌سێک له‌وانه‌یه لە پڕ بێت و ژیان و گوزه‌ران و ئارامییان لێ تێک بدات. ژنه‌که (ئه‌وی مێ) هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گوزارشت له دوودڵی و نائارامی خۆی ده‌کات، ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی نادیار گه‌مارۆی داون. هه‌موو دیالۆگه‌کانی سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که پڕه له دودڵی و له هه‌مان کاتدا ئارام به‌خشه.
ئه‌وی مێ
(به ووره‌وه)
به‌م زووانه له خانووه‌که‌ی خۆمان‌داین
ئه‌وی نێر
خانووه‌که‌مان
ئه‌وی مێ
خانوویه‌کی کۆنی جوان
له خانووی تر و خه‌ڵکی تره‌وه
دوور
ئه‌وی نێر
تۆ و من به ته‌نیا
ئه‌وی مێ
نه‌ک هه‌ر به ته‌نیا
به‌ڵکو پێکه‌وه به ته‌نیا
(ئه‌وی مێ) ته‌ماشای روخساری ئه‌وی ( نێر ده‌کا)
خانووه‌که‌مان
ئا له‌م خانووه‌دا ئێمه ده‌مانه‌وێ پێکه‌وه بین
تۆ و من
پێکه‌وه به ته‌نیا
ئه‌وی نێر
و بێ هاتنی که‌سی تر
(له ته‌نیشت یه‌کتره‌وه ده‌وه‌ستن، سه‌یری خانووه‌که ده‌که‌ن)
شانۆنامه‌ی (که‌سێک هه‌ر دێ)
هه‌ر خێرا دوای ئه‌م گفتوگۆ کورته، دوودڵیی و ترس گه‌مارۆیان ده‌دات، نائارام و به هه‌ستێکی نائومێدانه و دۆخێکی دژواره‌وه، ده‌ڕواننه یه‌کتری، خودی دوودڵیی و نائارامییه‌که‌یش له هه‌ستێکی ئیره‌یی و دڵپیسیی و ڕاڕاییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌م دوو مرۆڤه ته‌واوکه‌ری یه‌کترن و له ڕەوش و هه‌ڵوێسته‌یه‌کی ئاوهادا، که یه‌کێکیان ئه‌ویتریان له ده‌ست بدات، خۆی به که‌مئه‌ندام و ته‌نیا ده‌زانێت.
ئه‌وی نێر
وه‌ره
دانیشه
ئێمه تازه گه‌یشتووین
(“ئه‌وی مێ” ده‌چێت له ته‌نیشتییه‌وه له‌سه‌ر کورسییه‌که داده‌نیشێت)
ئه‌وی مێ
به‌ڵام که‌سێک هه‌ر دێ
ده‌زانم
من وا هه‌ست ده‌که‌م
که که‌سێک دێ
که‌سێک
وازمان لێناهێنێ بۆ یه‌ک بین
که‌سێک هه‌ر دێ
ئه‌وی نێر
که‌س لێره نییه
که‌س نایه
ئه‌وی مێ
(به ده‌نگی به‌رز)
من ده‌زانم که که‌سێک
هه‌ر دێ
ئه‌وی نێر
نه‌خێر
ئه‌وی مێ
هه‌رگیز وازمان لێناهێنن
بۆ یه‌ک بین
ئه‌وی نێر
ئاوا بیر مه‌که‌ره‌وه
ئه‌وی مێ
به‌ڵام که‌سێک دێ
من له دڵم گه‌ڕاوه
(ئه‌وی مێ هه‌ڵده‌سێته سه‌ر پێ، له‌به‌رده‌می ئه‌وی نێر دا ڕاده‌وه‌ستێ، سه‌یری ئه‌وی نێر ده‌کا)
(به گومانه‌وه)
که‌سێک هه‌ر دێ
شانۆنامه‌ی (که‌سێک هه‌ر دێ)
هه‌ر زوو، دوابه‌دوای چه‌ند ساتێکی نائارام، پیاوێک، دراوسێیه‌ک، هه‌ر وه‌ک قارچک هه‌ڵده‌تۆقێت، ئه‌و پیاوه‌ی، که خانووبه‌ره‌که‌ی پێ فرۆشتوون. ده‌رکه‌وتنی ئه‌م پیاوەیش ڕاڕایی و دوودڵیی ئافره‌ته‌که دووپات ده‌کاته‌وه (لێره‌ش ته‌نیا نین)، هه‌میشه ڕووبه‌رێکی تر له‌و نزیکانه هه‌یه، که که‌سانی تری تیا ده‌ژین، ئیره‌یی و دڵپیسیی و ده‌رکه‌وتنی ئه‌وانی تر، خۆشه‌ویسته‌کانیان ده‌دزن و ژیانیان لێ ده‌شێوێنن، گه‌ر که‌سیش نه‌یه‌ت ئه‌وا ئه‌ندێشه و فه‌نتازیا ئارامییان لێ تێک دەدات.
پیاوه‌که
به‌ڵێ من لێره‌وه له‌م نزیکانه‌وه ده‌ژیم
(پیاوه‌که سه‌یری ئه‌وی مێ ده‌کا. که‌مێک به گاڵته‌کردنه‌وه)
له‌وانه‌یه بتوانین هامشۆی یه‌کتری بکه‌ین
شانۆنامه‌ی (که‌سێک هه‌ر دێ)
ئه‌مه‌یش بابه‌تێکه، که له زوربه‌ی شانۆنامه‌کانی تری یۆن فۆسه‌دا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه و دووبارە دەبنەوە، مرۆڤه‌کان له‌نێوه‌ندی شاڵاوی زه‌مه‌ندا گیریان خواردووه، نه ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕابردوو، نه ده‌شتوانن به‌ره‌و ئاینده هه‌نگاو بنێن، ئه‌وه‌ی خۆیانی لێ ده‌رباز دەکه‌ن، ده‌بێته چاره‌نووسیان.
ئه‌وی (مێ) و ئه‌وی (نێر) پێیانوایه به ته‌نیا شوێنێکیان له ده‌ره‌وه‌ی شوێن و کاته‌وه دۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و شوێنه نادیاره، ناشوێنه، هه‌ر زوو له‌لایه‌ن که‌سانێکی نه‌ناسراوه‌وه داگیر ده‌کرێت، سنووری ته‌نیایی ده‌بڕێت، ده‌نگی که‌سانی تر تێکه‌ڵی ده‌نگی ئه‌وان و ده‌نگی سروشت ده‌بێت، هه‌موو شتێک وه‌ک جارانی لێدێته‌وه، هه‌روه‌ک خانووبه‌ره‌که.
ئه‌و خانووبه‌ره کۆنه، به ته‌نیا له باوه‌شی سروشتدا به‌پێوه ڕاوه‌ستاوه و مێژوویه‌کی دیاری هه‌یه، هه‌موو که‌سێکی زیندوویش ڕابردوو و ئاینده چاوه‌ڕوانی ده‌کات، (ئێستا)یش ته‌نها خه‌یاڵه.
ئه‌وی نێر
(به ترسه‌وه)
گوێت لێیه
من گوێم له که‌سێکه له ده‌ره‌وه
له ده‌ره‌وه‌یه
له‌وێیه
له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌دایه
شانۆنامه‌ی (که‌سێک هه‌ر دێ)
تێبینی: ئەو دیمەنانەی لە دەقی شانۆنامەی کەسێک هەر دێ-ەوە وەرگیراوە، لە وەرگێڕانی هاودەم ساڵح، کە لە زنجیرەی شانۆی بیانی، ژمارە ١٥ ی دەزگای ئاراس ٢٠٠٨دا بڵاو کراوەتەوە.

