باوک, لە پرۆسەیەکی هەڵوەشاندنەوەی دەق دا
ئاوگوست ستریندبێرگ ١٨٤٩-١٩١٢ شانۆنامە ناتورالیزمییەکەی (باوک) لە ساڵی ١٨٨٧ دا نووسیوە و یەکێکە لەو دەقانەی تا ئێستایش بە بەردەوامی لەسەر شانۆکانی دونیا نەمایش دەکرێت. فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش نیتشە، بە خوێندنەوەی ئەم دەقە سەرسام دەبێت و نامە بۆ ستریندبێرگ دەنووسێت و دەبن بە هاوڕێ. کێشە و ململانێی سەرەکی دەقەکە، باسی ئەوە دەکات، لە ژیانی هاوسەریدا، دایک یان باوک، کامیان ئەو مافەیان هەیە بە تەنها و تاکلایەنانە چارەنووسی منداڵەکەیان دیاری بکات؟ لاورا دەڵێت، ئەمە مافی ئافرەتە و بۆ ئەمەیش دژی خواستی مێردەکەی (کاپتن) دەوەستێتەوە، بۆ ئەم شەڕەیش هەموو تواناکانی خۆی و هەموو شتێک بەکار دەهێنێت؛ بۆ نموونە، کە ئەوە منداڵی ئهو نییە. کاپتن بەم بوختانە بە تەواوی ئاوەز لە دەست دەدات و بەمەیش شەڕەکە دەدۆڕێنێت.
ئەکتەرێکی پیاو، هەروەها ئەکتەرێکی ژن؛ کاپتن و لاورا، کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم شانۆنامەیە، لەسەر شانۆیەکی بۆش بەرامبەر بینەران وەستاون، بە خێراتنی بینەران دەکەن و دەقەکەی ستریندبێرگ دەخوێننەوە، لەگەڵ خوێندنەوەی دەقەکە، گفتوگۆی ئەوەیش دەکەن، ئەکتەر و ریژیسۆرەکان بۆیان هەیە چی لە دەقێکی کلاسیکیدا بکەن و هەروەها چیش نەکەن. ئەم دوو ئەکتەرە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم دەقە کلاسیکییەی ستریندبێرگ باسی شانۆ دەکەن؛ شانۆ دەبێت چۆن بێت، کاری ئەکتەر، سنورە دیاریکراوەکانی ڕیالیزمی سایکۆلۆژی، دەقە شانۆییەکان چۆن لەگەڵ ڕۆژگاردا، بە بەردەوامی گۆرانکارییان بەسەردا دێت، هەندێک جار گۆڕانکاری بنەڕەتیش، لایەنە پراکتیکییەکە و دیدێکی هۆشیار بۆ شانۆ و خودی نەمایشە شانۆییەکان.
شانۆ هونەرێکی سەخت و ئاڵۆزه و له بنچینهدا بریتییە لە تێکەڵاو بوونی دهق لهگهڵ وردهکارییه هونهرییهکانی دهرهێنانی شانۆیی. ههڵبهت ئهمهیش دوای خوێندنهوهیهکی چڕ و پڕی دهقهکه و دابهشکردنی ڕۆڵهکان بهسهر گرووپێك ئهکتهری بهتوانا، که بتوانن پهیام و دیدی ڕیژیسۆرهکه، که ئهمانی بۆ ئهم کاره دهستنیشان کردووه، بگهیهنن. بهمهیش ژیانێکی تر به دهقهکه دهبهخشن. زۆربەی زۆری نەمایشەکانیش، یان دیدی ریژی و چۆنییەتی بەرجەستەکردنی پرۆژەکە، لەسەر بنەماکانی ستایلی ڕیالیزمی سایکۆلۆژی بونیاد دەنرێت. بنەماکانی ڕیالیزمی سایکۆلۆژی و ستایلی ئەو نواندنە و سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی، کە سەدەیەک لەمەوبەر، لە شانۆی هونەری مۆسکۆ گەشەی کرد و بووە ڕێباز و سیستێمێکی پتەو بۆ هونەری نواندن، تا ئێستایش لە هەموو دونیادا پەیڕەویی دەکرێت.
هەر لەسەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوویشەوە، ریژیسۆر هەبووە، لەم بنەمایانە لایان داوە و شتێکی تریان لە شانۆدا دۆزیوەتەوە، دەقە کلاسیکییەکانیش ئامڕازێک بوون بۆ خوێندنەوە و بەرجەستەکردنی دیدێک، کە لە دەرەوەی سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی-ییەوە کاریان کردووە، ئەم ڕێبازە کەڵە هونەرمەندانی وەک، گۆردن کرەیگ، مایرهۆڵد، ئارتۆ، برێشت، گرۆتۆڤسکی، بروک… هتد کاریان بۆ کردووە، کەم و زۆر سوودیان لە ستانیسلاڤسکی وەرگرتوە، لە بیروبۆچوونەکانی ئەو هەڵگەڕاونەتەوە و هەندێک جاریش لەوەوە، گەشەیان کردووە و هەر گەڕاویشتونەتەوە بۆ سەر ئەو، بەڵام هەمیشە شتێکی تر و جیاوازیان خوڵقاندووە.
زۆرجار ئەم هاوکێشەیە، ئەم پرۆسە هونەرییە، لەنێوان ڕیالیزمی سایکۆلۆژی و دیدە جیاوازەکانی هونەری ریژیدا، جۆرە شەرێکی دەسەڵات و دەسەڵاتی زمان و زمانی جەستە بووە، کام یەک لەمانە دەسەڵاتی زمانی هەیە و کامیشیان دەسەڵاتی زمان بە تەواوی تێک دەشکێنێت؟ هەمیشە هونەرمەندە ئەڤانگاردەکان، ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە زمان لەو شوێنەدا تەواو دەبێت، کە هونەر دەست پێ دەکات. ئەمەیش دەسپێکی پڕۆژە ئەزموونگەری و ئەو دیدە هونەرییانە بووە، کە لە دەرەوەی ڕیالیزمی سایکۆلۆژییەوە کاریان کردووە.
(ئاننا پێتەرشۆن) لەم چەند ساڵەی دوایدا و لە پڕ کار لەسەر چەند دەقێکی کلاسیکی دەکات؛ خاتوو ژولیا، مراوییە کێوییەکە، هێدا گابلەر و باوک، ستریندبێرگ و ئیپسن. کۆتایی ئەم دەقانە چۆنن؟ ئایا هەر دەبێت خاتوو ژولیا، هێدا و هێدڤیگ لە کۆتایی دا بمرن؟ پێتەرشۆن، بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسە بنەڕەتییانەی ئەم دەقانەیش، بە شێوەیەکی تر لە چارەنووسی ئەم کارەکتەرە ژنانە نزیک بۆتەوە، شتێکی تری نادیاری لە بونیادی دەقەکاندا دۆزیوهتهوه و کاری لەسەر کردوون. کارەکانی ئەم هونەرمەندە لەگەڵ ئەم دەقانەدا، که لەسەر بنەما و تێڕوانینێکی فێمینیستیانە ڕۆنراوه، هەڵوەشاندنەوەیەکی تەواوی چهمکهکانی باوکسالاری و دهسهڵاتی پیاوه و سهرلهنوێ داڕشتنهوهیانه به مهبهستی ورووژاندنی گفتوگۆیهکی ئازاد سهبارهت به ڕۆڵی ئافرهت. ئهمهیش له ڕێگهی ههڵگهڕانهوهی کارهکتهره ژنهکانی ئهم دهقانه و ههوڵدانیان بۆ دهستهبهرکردنی پێگهیهکی تر. پێتەرشۆن لە هەموو پرۆژەکانیدا، دەسەڵاتی پیاوێک تێک دەشکێنێت، شەڕی جەندەر دەکات و گاڵتە بە ڕیالیزمی سایکۆلۆژی دەکات. ئەم هونەرمەندە ئافرەتە، ئەوەمان پێ دەڵێت، کە پیاوسالاری ڕێگرە لەبەردەم گەشەی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیدا.
ئەم نەمایشە چەندە لەسەر دەقێکی گرینگی ستریندبێرگ ڕۆنراوە و چەندە (باوک) خاڵی دەستپێک و کۆتایی نەمایشەکەیە، هێندەیش دوورە لە دەقەکەی ستریندبێرگ-ەوە؛ نە کاپتن چرا دەگرێتە لاورا و نە لاورا-یش لەگەڵ کاپتن لە شەڕێکی توندی دەستەویەخەی جەندەردایە، نە ئاماژە میتۆلۆگیاکان لەخۆ دەگرێت، لە بری ئەوە نەمایشەکە باسی هەڵوەشاندنەوەی دەق، وەک توخمێکی سەرەکی نەمایش، هەروەها باسی پرۆڤە، جەندەر، کات و شوێن، ستراکتور و سیاسەتی هونەری و کۆمەلگە دەکات.
ئەم خوێندنەوەی دەقە بەم شێوەیە، دەبێتە سەرەتایەک بۆ گفتوگۆیەکی هونەری/ئێستاتیکی، کە ڕۆڵی ستریندبێرگ، وهکوو نووسهری دهقهکه، بزر دهبێت، بۆ نموونە هەڵوەشاندنی دەق و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی تەنها ڕێگایەکە، کە ئەنجامی هزری و هونەری دەبێت، لە مامەڵەکردن لەگەڵ شاکارە کلاسیکییەکاندا، بە تایبەتیش لە بەرجەستەکردنی پێگە و ڕۆڵی جەندەر، ژن/پیاو، دوێنێ و ئەمڕۆ. ئەم دیدەیش لای هونهرمهندی پابهند به داب و نهریتهکان جێگای گفتوگۆ نییە: بەرهەمە کلاسیکییەکان بۆ ئەوان، شاکاری تەواون، بۆ هونەرمەند نییە گۆڕانکاری لە ستراکتوری ئەم جۆرە دەقانەدا بکات، دیدی نوێ و خوێندنەوەی جیاواز دەبێت لە خودی دەقەکەوە کاری لەسەر بکرێت، نەک دەق هەڵبوەشێنرێتەوە و لەسەر پاشماوەکانی ئەو کاولکارییەی لە دەقێکی کلاسیکی دا دەکرێت، شتێکی جیاواز و نامۆ و ناتەواو بەرهەم بهێنرێت. بێگومان خودی (دەق) سەرەتای هەردوو دیدە جیاوازەکانن، هەردوو دیدەکە دەبێت لە تێگەیشتن و گفتوگۆ و خوێندنەوە و شیکاری دەقەوە دەست پێ بکەن، ئەمەیش چەندە لەسەر بنەماکانی واقعی مێژووییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هێندەیش کێشەیەکی هونەری/ئێستاتیکی/فەلسەفییە و ڕۆڵی هونەرمەند، دیدی هونەرمەند و مامەڵەی هونەرمەند لەگەڵ (دەق) یەکاڵاکەرەوەیە.
ستریندبێرگ، کە خۆی کەسێکی ڕادیکاڵ و داهێنەر بووە؛ دەقێکی وەک (باوک) لەسەر بیۆگرافیای خۆی، پێوەندییەکانی بە دونیای ئافرەت و دیدی ئەو بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتەوە، دەنووسێت. ستریندبێرگ لە توانا و سەرکەوتنەکانی ئافرەت دەترسا، لەبەر ئەوە هەوڵی داوە و ئەوەی دووپات کردۆتەوە، کە زۆر گرینگە ئافرەت پابەندی داب و نەریت و دیدە کۆنەکەی پێگەی ئافرەت بێت لە کۆمەڵدا، واتە هیچ ڕۆڵێکی نەبێت. ئەمرۆ دوای زیاتر لە سەد ساڵ، ئافرەت پێگە و ڕۆڵێکی تری لە کۆمەڵگە و ژیانی ڕۆژانەدا هەیە، لەبەر ئەوە (باوک) لای ئەم ریژیسۆرە، وەک دەق، کە هەڵدەوەشێت، بۆ ئەوەیە تا دەروازەیەکی تر لە دەق/نەمایش دا بدۆزێتەوە.
لەم گفتوگۆ/نەمایشە دا، باسی شانۆنامەی (باوک) لە مێژووی شانۆیشدا دەکرێت، چۆن بەر لە سەد ساڵ، پەنجا ساڵ، بیست ساڵ مامەڵە لەگەڵ کارەکتەرەکانی ئەم دەقە کراوە، لەم ماوەی سەد ساڵەدا، ئەکتەر و هونەری نواندن بە چ شێوەیەک لەم کارەکتەرانەدا گەشەیان کردووە، ڕیالیزمی سایکۆلۆژی و مێتود و سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا هاتووە. (باوک) دەقێکە، بەرجەستەی مەسەلەکانی دەسەڵات و دەسەڵاتی ژن و پیاو دەکات، لەم نەمایشەیشدا، بەشێکی زۆری دەقەکە لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەدا، لابراوە، لەبری ئەوە گفتوگۆی ئەوە دەکرێت، کە کێ لەسەر شانۆ دەسەڵاتی هەیە، ئەکتەر یان ریژیسۆر؟ لەم پرۆسەی دەسەڵاتەدا، دەق چ ڕۆڵێکی هەیە و چۆن ڕاڤە دەکرێت؟! هەر لەم گفتوگۆیەوە باسی گۆڕانکارییەکان دەکرێت، ئەکتەر چەندە ئامادەی گۆڕانکارییەکانە، گۆڕانکاری هەڵوەشاندنەوەی دەق، دیدێکی ڕادیکاڵی بۆ خوێندنەوەی دەق و بۆ مەسەلە مۆدێرنەکانی تەکنیک، جەستە، پانتایی و دوورکەوتنەوە لە ڕیالیزمی سایکۆلۆژی. بۆ چڕ کردنەوە و سەلماندن و بەرجەستەکردن و هەروەها دووپات کردنەوەی تیۆرە شانۆییەکان و ئەو گفتوگۆیەی، لەسەر شانۆیش دەکرێت، ئەم دوو ئەکتەرە بەشێک لە دیمەنەکانی (باوک) بەرجەستە دەکەن، لە گفتوگۆکانەوە دەچنە ناو دیمەنەکانەوە و هەر خۆیان هەموو ڕۆڵەکان دەبینن، دیمەنەکان پاش و پێش دەخەن، ژن دەبێت بە پیاو و پیاو بە ژن، هەندێک جار بە منداڵ… هتد. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە، کە ئەم ریژیسۆرە لەم دەقەی ستریندبێرگ دا، ڕۆڵی لاورا دەبینێت، لە هەمان کاتدا ڕۆڵی خۆیشی، وەک ریژیسۆرێک دەبینێت و چارەنووسی کارەکتەرەکەی بەو شێوەیە دیاری دەکات، کە خۆی وەک ریژیسۆرێکی ژن دەیەوێت، هەروەها ئەکتەرە پیاوەکەی بەرامبەریشی، کە ڕۆڵی کاپتن، یان دوکتۆر ئۆستێرمارک و قەشە دەبینێت، دووپاتی ڕۆڵی خۆی، وەک ئەکتەرێکی پیاو دەکاتەوە.
لە دەقەکەدا، کە دەگەینە خاڵی کۆتایی، ویستی ئافرەت سەردەکەوێت و ئیرادەی پیاو تێک دەشکێت، کاپتن ئەو فانیلە باڵبەستەی دەکرێتە بەر، کە لە شێتخانەکاندا بەکارهێنراوە و نەخۆشەکانیان پێ بەستۆتەوە، بەڵام لەم دوا دیمەنەی ئەم نەمایشەدا، هەردوو کارەکتەرەکە: ژن و پیاو، کاپتن و لاورا-ی ژنی لەم فانیلە باڵبەستەی نەخۆشخانە دەروونییەکاندا، باڵبەست دەکرێن.
دەتوانم بڵێم تەکنیکی (نامۆبوون) یاریدەدەرێکی ئەم نەمایش و پرۆسە هونەری و هەڵوەشانەوەی دەقەیە، ئەکتەرەکان ڕاستەوخۆ، شانۆنامەی (باوک)یان بەدەستەوەیە و هەمیشە دەیخوێندنەوە و هیچ دیالۆگ یان مەنەلۆژێکی دەقەکەیان ئەزبەر نەکردووە؛ لە دیمەنەکان دێنە دەرەوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ بینەران دەدوێن، کاریگەرییە شانۆییەکان و هەموو جۆرە ئڤێکتێکیان لابردووە و جگە لە خۆیان و دەقەکەی دەستیان و بەکارهێنانێکی بەسەلیقەی ڕووناکی و دوو کورسی، هیچ شتێکی تر بەکارناهێنن. ئەمە نە نەمایشە و نە خوێندنەوەی دەقە، نە گفتوگۆیە و نە تیۆرەکردنی شانۆیە، بەڵکوو جۆرێکە لە میتا- شانۆ و دژە شانۆیەک، کە لەوساتەدا، بە بەرچاوی بینەرانەوە دەخوڵقێت.
لە کۆتایدا، هەردوو کارەکتەر/ئەکتەرەکە دەبن بە وێنەیەکی ستریندبێرگ و هاوکات لاورا-یش، ئەمەیش ئەنجامێکی ئەو هەڵوەشاندنی دەقەیە، کە ریژیسۆر لە سەرەتای نەمایشەکەوە، لە پرۆسەیەکی هونەری/پراکتیکی/تیۆریدا کاری لەسەر کردووە و ئەنجامەکەیش وێنەیەکە، کە لەگەڵ دیدێکی پۆستمۆدێرن دەگونجێت. خودی هەڵوەشاندنی دەقەکەیش، لەسەر بنەماکانی چەمک و تێڕوانین و دیدی پۆستمۆدێرنیزمەوە، دەکرێت ڕاڤەیەکی فەلسەفی/هونەری/ئێستاتیکی بۆ بکرێت.
(باوک) لەم پرۆسەیەدا دەبێتە پرۆژەیەکی هونەری، کە لە گرێکەوە سەرچاوە وەردەگرێت، لە ستانیسلاڤسکی هەڵدەگەڕێتەوە، لە ڕیالیزمی سایکۆلۆژی دوور دەکەوێتەوە، بە برێشت ئاشنا دەبێت و لە پرۆسەیەکی پۆستمۆدێرنەیش دا هەڵدەوەشێت.

