رازگربە و دڵخۆشبە, گەشتێک بە دونیابینی و شیعری یەیتس-دا

شاعیری و شانۆنامەنووسی ئێرلەندی (ولیەم باتڵەر یەیتس) ١٨٦٥ – ١٩٣٩ یەکێکە لە گرینگترین شاعیرەکانی سەدەی ڕابردوو، خۆی شیعر بووە و لە شیعردا ژیاوە و زۆربەی ڕەخنەگرەکان ئاماژەی ئەوەیان کردووە، کە یەیتس ئەدەبی سەرلەنوێ لە دایک بووی ئیرلەندایە. یەیتس لە ساڵی ١٩٢٣دا پاداشتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرتوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا لە وڵاتی سوێد، کە ئەم پاداشتەیان پێ بەخشیوە، تا ئاستێکی زۆر نەناسراوە و زۆرێک لە بەرهەمەکانی، شیعر و شانۆنامەکانی وەرنەگێڕدراونەتە سەر زمانی سوێدی. لەم ڕۆژانەدا بۆ یەکەمجار کتێبێکی گەورەی ٥٠٠ لاپەرەیی، بە ناونیشانی (رازگربە و دڵخۆشبە) لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی بڵاو کراوەتەوە.

یەیتس لە ١٣ ی یونی ساڵی ١٨٦٥ لەدایک بووە، باوکی پارێزەر بووە، بەڵام واز لەو پیشەیە دەهێنێت و لەبری ئەوە، ژیانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی و هونەر و هونەری وێنەکێشان تەرخان دەکات. کە تەمەنی دوو ساڵان دەبێت، لەگەڵ خێزانەکەی دەگووێزنەوە بۆ لەندەن، بەڵام هاوینان لە ئێرلەندە بەسەر دەبەن. یەیتس لە ساڵی ١٨٨٩ دا یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بە ناوی The Wanderings of Oisin and Other Poem بڵاو دەکاتەوە. میتۆلۆژیا و مێژووی ئێرلەندە لەم دیوانە شیعرەیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەو هێما و بابەت و وێنە شیعرییانەی لەم یەکەم دیوانەیدا ڕه‌نگیانداوەتەوە، دواتر لە هەموو شیعرەکانی تریدا، لە هەموو قۆناخ و سەردەمەکاندا و لە هەموو ژیانی ئەدەبییدا، دەردەکەونەوە. یەیتس لە ساڵی ١٩١٩ دا شیعری ”لەدایکبوونێکی تر” بڵاودەکاتەوە، کە زوربەی ڕەخنەگر و پسپۆڕە ئەدەبییەکان ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، ئەم شیعرە جۆرە هێمایەکە، وێنای کەوتنی شارستانییەتی ئەوروپا و کۆتایی هاتنی سەردەمی مەسیحییەکان و لە هەمانکاتدا بانگەشەی لەدایکبوونی زەمەنێکی نوێ دەکات. ئەم شیعرە بە یەکێک لە شاکارە گەورەکانی ئەدەبی مۆدێرنی ئینگلیزییش دادەنرێت.

نووسەر و ڕۆژنامەنووسی سوێدی (کارڵ – یوهان مالمبێرگ)، کە لە هەموو ژیانیدا، خەریکی وەرگێڕان و خوێندنەوەی شیعر و شانۆنامەکانی یەیتس بووە، لەم کتێبەیدا بە شێوەیەکی قووڵ و بەرفراوان لەسەر قۆناخەکانی ژیان و بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە: سمبۆلی، ناشونالیست، ڕۆمانسییەت، مۆدێرن، هەروەها یەیتس-ێکی بێزار لە دونیا و لە ژیان، سیاسەتمەدار و ئەو کەسەیشی، کە بە قووڵی لە داستان و ئەفسانە دێرینەکانی ئیرلەندەدا کاری کردووە، دەخاتە ڕوو.

مالمبێرگ بۆ نموونە لەم کتێبەیدا، شیعرە گرینگەکانی، شانۆنامە و دەقە لیریکییەکانی دەکاتە دەستپێک بۆ ستراکتوری کتێبەکە و خوێندنەوەی دەقەکانی یەیتس: هەر لە شیعرەکانییەوە بیوگرافیای ژیان و ئەو سەردەمەی یەیتس-ی تیا ژیاوە شیدەکاتەوە، دەروازەیەکی فراوان لە بەرهەمەکانی دەکاتەوە و یەیتس-مان لە کۆنتێکستی ئینگلیزی/ئێرلەندیدا بۆ دەخاتە ڕوو. هاوکات لە لایەکی تریشەوە گفتوگۆ و خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ بەشێک لە بەرهەمە گرینگەکانی دەکات. مالمبێرگ لە مێتودی کارەکەیدا، کاری لەسەر ئەوە کردووە، کە بێوگرافیای نووسەر هیچ مانایەکی نییە، ئەوەی هەژمار دەکرێت و مانای هەیە شیعرە. هەر لەبەر ئەوەیشە، خوێنەر لەم کتێبەدا، بە وردی و چڕی لە ڕێگای شیعرەوە لە یەیتس نزیک دەبێتەوە.

کتێبەکە لە زۆر ڕووەوە، وەک مانێفێستێک سەبارەت بە شیعر، وزەیەکی گەورەی ژیان لە شیعردا، ئەو ئاگرەی پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت لە پێناوی سەربەستیدا گیانی خۆی بسپێرێت، هەروەها ئەو چێژ و خۆشەویستییەی شیعر دەیبەخشێت، ئاماژەی بۆ دەکرێت. نووسەری کتێبەکە، لە هەموو بەشەکاندا، جەخت لە وزەی شیعر لە کات و لە ژیان و لە پێوەندییەکاندا دەکاتەوە.

 

ئه‌فسوونی شیعر

خوێندنەوەکەی مالمبێرگ ئەزموونە شیعرییەکەی یەیتس دەکاتەوە، چەندان پرسیار دەوروژێنێت و ئەو لایەنە پڕ لە گومانەی یەیتس، که‌ وەک مرۆڤ و وەک شاعیر تیادا ژیاوە، شیدەکاتەوە، بە دوای ئاڕاستەکانی هزری ئەم شاعیرەدا دەگەڕێت و تەنانەت ئەوانەیشی هیچ شتێک سەبارەت بەم شاعیرە نازانن، ئاشنایان دەکات بەم نووسەرە و دونیابینی ئەو بۆ سروشت و بۆ ناشونالیزم و هەروەها بۆ خوشەویستییەکی ڕۆمانسی. شیعر بۆ یەیتس سیحر بووە، سیحر لە شیعردا وێنای شتێکی کردووە، کە بەبێ ئەوەی دەرگای نهێنییەکانیان بۆ بکاتەوە لە رۆحیی خوێنەرەکانییەوە نزیک بۆتەوە. ئەم کتێبەیش ئەو سیحرەمان پێشان دەدات، کە یەیتس بە وشە و وێنە و وێنە شیعرییەکانی دروستی کردوون. یەیتس شاعیرێک بووە، کە شیعرەکانی وەک تابلۆن و چەندان بواری بۆ خوێندنەوە خوڵقاندووە. ئەکادیمیای سوێدی سەبارەت بەم شاعیرە گوتویانە: (شیعرێکی هەمیشە پڕ، کە لە فۆرمێکی هونەری سەختدا، گوزارشت لە رۆحیی گەلێک دەکات). زۆربەی چاودێران لەو بڕوایەدابوون، کە ئەم پاداشتە مۆتیڤێکی سیاسی لە پشتەوە بووە، یەیتس ئەم پاداشتەی دوای دوو ساڵ بەسەر سەربەخۆیی ئێرلەندەدا وەرگرتووە، هەرچەندە یەیتس شاعیرێکی نەتەوە پەرست و ناشونالیزم بووە، بەڵام زمانی ئێرلەندی خۆیان (ئیریش)ی نەزانیوە و زمانی ئینگلیزی، زمانی داگیرکەرەکەیان زمانی خوێندن و نووسین و گفتوگۆکانی بووە. یەیتس ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، کە (هیچ ئەدەبێکی گەورە بەبێ بوونی نەتەوە نابێت، هیچ نەتەوەیەکی گەورەیش بەبێ ئەدەب بوونی بۆ نییە).

مالمبێرگ لە کتێبەکەیدا، ئەوەمان پێشان دەدات، کە چۆن یەیتس هەموو مۆرک و چەمکە سیاسییەکان لە شیعرەکانیدا دادەماڵێت، هەروەها مالمبێرگ لە شیکارییەکی قووڵی ئەدەبیدا، سیاسەت و دیدێکی سیاسی لە شیعرەکانیدا دەهێنێتە دەرەوە و لە دەرەوەی سیاسه‌ته‌وه‌، لە دەرەوەی نەتەوەپەرستییەوە شیعرەکانی یەیتس دەخوێندێتەوە و بۆ ئەم شیکارییەیش هەر دەگەڕێتەوە بۆ یەیتس خۆی. یەیتس-ی ناشونالیزم و ئازادیخواز لە شیعرەکانیدا لە شتێکی تردا چڕ دەبێتەوە، شیعر ئەو ئاوێنەیە نییە تا ناوەوەی شاعیرەکەمان پێشان بدات، بەڵکو ئەو رووناکییەیە، کە شتە تاریکەکانمان بۆ ڕووناک دەکاتەوە و ئەو ئامڕازانەمان بۆ دەخوڵقێنێت، کە گوزارشت لە هەستەکانمان دەکات و ئەو ئەزموونەمان پێ دەبەخشێت، کە لەگەڵ ئەویتردا بدوێن، هەروەها توانای بەرەنگار بوونەوەمان پێ دەبەخشێت. لەم ڕووەوە هیچ شاعیرێک هێندەی یەیتس ئەو سەربەستییەی لە شیعرەکانیدا، بە ڕەخنەگر و خوێنەرەکانی نەبەخشیوە، بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنی جودا. هەرچەندە لەم ڕووەوە شیعرەکانی یەیتس تێگەیشتنیان سەختە، بەڵام وەک لاستیک وان و بە هەموو شێوەیەک دەخوێندرێنەوە. یەیتس وشەسازە و دەتوانێت وێنە شیعری وەها بخوڵقێنێت، کە بە شێوەیەکی قووڵ کاریگەری و هەژموونی بەسەر خوێنەرەکانییەوە بەجێ بهێڵێت، بەبێ ئەوەی بە تەواوی لێی تێبگەن.

شیعرەکانی یەیتس هەر زمانێکی بەرز و نەخشەی سروشتێکی جوان نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی ئیگزیستینتێالیزمیشە. ئەم شاعیرە لە شیعرەکانیدا ڕووبەرووی یادەوەرییە تاڵەکانی خۆی دەبێتەوە و لە زمانەکەیدا و لە سروشتە جوانەکەی ئێرلەندەدا دەیانکات بە سەربەستی. سەربەستی لە نووسیندا، سەربەستی لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیدا، سەربەستی لە بەرجەستەکردنی شیعرەکانیدا و سەربەستی لە تێزە بوونگەراییەکانیدا.

هەڵدەستم و بۆ زەریاچەی ئینیسفری دەچم

کوختێک ڕۆدەنێم لە گڵ و حەسیر

نۆ دێراو لۆبیا و پوورە هەنگێکم دەبێ

تەنیای تەنیا لەو ڕووتەنەی گیزەگیزی هەنگانەدا

نیشتەجێ دەبم

زۆربەی شیعرەکانی یەیتس وێنای دونیایەکی دۆزەخئاسا ده‌که‌ن، کە لەم دونیایەدا هیچ ناوەندگەراییەک نییە تا گەردوون ڕابگرێت، هاوکات چەکەرەی لە دایک بوونی شتێکی نوێ لە ئاسۆوە دەردەکەوێت. یەیتس کار لەسەر شتە دژوار و جیاواز و دژ بەیەکەکان دەکات، شتە نامۆکان بە چاوێکی کراوەوە دەبینێت و هەمیشە هەنگاوێک لە پێش سەردەمەکەی خۆیەوە بووە، هەمیشە ناڕازیش بووە لەوەی دەینووسی و لەوەی بەرهەمی دەهێنا. مالمبێرگ بە شێوەیەکی سەراپاگیر شیعرەکانی یەیتس دەخوێندێتەوە، پرسیارە کراوەکانی ئەو دەکات بە هی خۆی و ئەو گومانەی ئەو هەی بووە، لە شیعرەکانی و دەقە شانۆییەکانیدا دەدۆزێتەوە. ئەم کتێبە گەشتێکە لە شیعرەوە بۆ گومان، لە گومانەوە بۆ خودگەرایەکی بێ مروەت، لە بێدارییەکی تەژی لە بزۆزەوە بۆ گومان؛ گومان لە شیعر، لە دونیا، لە خود و لە خوایش. یەیتس مەسەلە غەیبییەکان و ڕازونهێنی بنەما ئاینییەکانیش جێگای سەرنجی بوون و کاتێکی زۆری ژیانیشی بەم مەسەلانەوە خەریک کردووە، لەسەری نووسیون، لە شیعر و شانۆنامەکانیدا بەرجەستەی کردوون و بوونەتە ئەزمونێکی دەوڵەمەندی ژیانی. ئەم خوێندنەوە قووڵەی مالمبێرگ، شیکردنەوەی شیعرەکانی، ڕوونکردنەوەی لایەنە تاریکەکانی ژیانی، بەستنەوەی دەقە شانۆییەکانی بە داستان و ئەفسانە دێرینەکانەوە، هەروەها رۆڵی ئەم نووسەرە لە ژیانی سیاسی ئێرلەندەدا، ڕوون دەکاتەوە. ئەم کتێبە ئەزموونی ژیانی داهێنەرێک دەگێڕێتەوە و وا لە خوێنەرەکانی دەکات تینووی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەبن. مالمبێرگ نهێنی شیعرەکان دەکاتەوە، چەندان جار دەگەڕێتەوە بۆ سەر هەمان شیعر، چەندان خوێندنەوە بۆ هەمان شیعر دەکات، بەڵام هەمیشە ستراکتورێک هەیە، هێڵێکی گشتی، کە هەموو شیعرەکان، خوێندنەوە و گەردوونە یەیتسییەکە پێکەوە دەبەستێتەوە.

مالمبێرگ لەم کتێبەیدا، بەراووردکاری لەنێوان یەیتس و هەندێک لە شاعیرە گەورە ئەسکەندەناڤییەکانیشدا، بۆ نموونە (گوننار ئێکێلۆف) ١٩٠٧- ١٩٦٨و (ولیام ئێکەلوند) ١٨٨٠- ١٩٤٩دەکات و ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە چەندە ئەم شاعیرانە جیاوازن لە یەکترییەوە، هێندەیش شتی هاوبەشیان تیادایە، چەکەرەیەک لە شیعرەکانی ئەم شاعیرانەدا، بە هەمان شێوە گەورە دەبن، گەشە دەکەن و بە ئاڕاستەی جیاوازدا قووڵ دەبنەوە.

(رازگربە و دڵخۆشبە) دێرە شیعرێکی یەیتس-ە، کە بووە بە ناونیشانی ئەم کتێبە؛ یەیتس هەرگیز بەر لەم شیعرە، (من)ی شاعیری نەکردووە بە هەوێنی شیعرەکانی، بەڵکو لەم شیعرە بە دواوە، زۆرجار خەم و پەژارە و گوناهەکانی خۆی، دەبێتە منێکی شیعری و لە وێنە شیعرییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. خەمێکی خودگەرا، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە شیعرەکانیدا ڕەنگ بداتەوە، دەبێتە خەمێکی گەردوونی و شیعرێکی داهێنەر.

 

عەشقێکی ئەبەدی

یەیتس لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا، تا ئەو رۆژەی چاوی لێک ناوە، عاشقی (ماود گۆنی) بووە و چەندان جار داوای هاوسەرگیری لێ دەکات، هەموو جارێکیش هەر بە (نەخێر) وەڵامی دەدرێتەوە. ماود لەبری یەیتس چەندان جار پێوەندی هاوسەرگیری تر بە کەسانی ترەوە دەکات. ناکرێت باسی یەیتس لە دەرەوەی ماود گۆنی-یەوە بکرێت، ماود لە ژیان و شیعر و شانۆ و هەموو هەنگاوەکانی ئەم نووسەرەدا ئامادەگییەکی گەورەی هەبووە. (ماود) ئافرەتێکی ناشونالیزم بووە، هەموو کات و وزەی خۆی بۆ کاری سیاسی تەرخانکردوە، یەیتس هەستیکردووە، کە ئەم چالاکییە سیاسییە بەردەوامە چڕە، رۆح و هەستی ژنێتی (ماود)ی کوشتوە. یەیتس جگە لە شیعرەکانی، کە بۆ ماود-ی نووسیوە، لە کۆتایشدا دەقێکی شانۆیی، کە نەفەسێکی سیاسی لەخۆ دەگرێت و کارەکتەری سەرەکییەکەی ئافرەتێکە بۆ ئەم خۆشەویستەی خۆی و بۆ ماود گۆنی دەنووسێت. ئەم خۆشەویستییە یەک لایەنەییە دەبێتە وزەیەکی داهێنەرانە، هەر لەبەر ئەوەیشە، کە زۆربەی ڕەخنەگرەکان یەیتس-یان بە شاعیری خۆشەویستی و ئێرلاند ناوزەد کردووە.

گەڕانەوە و (لەدایکبوونێکی تر) بە هەموو مانا و چەمکە ژیانی، فەلسەفی، شارستانی و دینییەکانییەوە، لە شیعرەکانی یەیتس-دا ڕەنگیان داوەتەوە، قووڵبوونەوەیەکی شیعری/ئێستاتیکی و فرە ڕەهەند و فرە مانایش لەخۆ دەگرێت؛ ئەم کتێبەیش بەشێکی بۆ چەمک و ماناکانی ئەم وشەیە، کە ناونیشانی شیعرێکی گرینگی یەیتس-یشە، تەرخان کردووە. شیعری (لەدایکبوونێکی تر)یش باسی دونیا دەکات، کە بەرەو لە ناوچوون و سەروژێر بوون دەڕوات، لە کاتێکدا دونیایەکی تر له‌دایکبوون دایه‌. بێگومان یەیتس باسی گەڕانەوەی عیسا دەکات، بەڵام ئەم گەڕانەوەیەی عیسا بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی نییە، بەڵکو گەڕانەوەی ئاژەڵێکی کێوییە لە بەرگی عیسادا:

ئای، چ ئاژەڵێکی کێوی

چاوەڕوانی ساتی خۆیەتی

بەڕێویە بەرەو بێتلەحم

تا لە دایک بێت؟

مالمبێرگ باسی ئەوە دەکات، کە لەوانەیە یەیتس لەم شیعرەیدا، نە مەبەستی شۆڕشەکانی ئێرلەندە دژ بە ئینگلیز و نە هیچ مانایەکی دینی ترە، بەڵکو مەبەستی لە خۆیەتی، خودی شاعیر لە گێژاوێکی تاریک و خوڵقاندنی شیعرێکی کوشندە؛ باس و پێناسه‌کردنی ئەو ساتە تەژی لە ژانەی سەرلەنوێ شیعرێکی تیا لە دایک دەبێتەوە. بەم شێوەیە شیعر دەبێتە ئەو ئاژەڵە کێوییەی لە جەستە و رۆحی شاعیردا، لە ساتە پڕ لە دڵەراوکێ و غەیبووبەی شیعردا، شیعری تیا لە دایک دەبێت. گەڕانەوە و لەدایکبوونێکی تر، بە هەمان شێوە ئەو گەردوونە نادیار و تەمومژاوی و پڕ لە ڕاز و نیازەیشە، کە (من)ی شاعیر لەنێو وێنە شیعرییەکاندا، لەسەرخۆ دەتوێتەوە تا لە دوا دێر و دوا وشەکانی (لەدایکبوونێکی تر)دا دەبێتە دڵۆپێک ئاو و دیار نامێنێت.

جیهانی شیعری یەیتس، زۆر بە ساکاری دەبەسترێتەوە بە داستانە میللییەکان و میتۆلۆژیای ئیریشی کۆنی ئێرلەندییەوە، سرووشی شیعری یەیتس لەم سەرچاوانەوە ستراکتورە مۆدێرنەکەی دادەڕێژێت و دەبێتە پردێکی رۆحی، دینی و لە هەمان کاتیشدا سیاسی لەنێوان دوێنێ و ئەمرۆی مێژووی سیاسی و کولتووری ئێرلەندەدا. شیعری (لەدایکبوونێکی تر) پڕە لە ئاماژەی تەژی لە ڕاز و نیازەکان و جۆرە تاریکییەکی سۆفیزمی، خودی شاعیر، منی خوڵقێنەری ئەو شیعرە، بەشێکە لەو (لەدایکبوونەوە)یە، جا بۆ هەر شوێنێک بێت. (لەدایکبوونێکی تر) باسی ئەوەیش دەکات، کە پێویستە هەموو شتێکی کۆن بمرێت، بۆ ئەوەی تازەکان لە دایک ببن. هەر لەبەر ئەوەیشە ئەم شاعیرە لە هەوڵی ئەوەدایە توانەوە، مردن، دیارنەمان و ڕاکردن و سەفەرێکی هەتاهەتایدا بەرجەستە بێت و ئەوەی لەم دیارنەمان و ڕاکردنەیش دەمێنێتەوە، بکات بە هونەر. هەر لەبەر ئەوەیشە ئەم کتێبە و بەشێکی زۆری ئەوانەیشی بە شیعری یەیتس-ەوە سەرقاڵ بوون، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە یەیتس تا هەتایە لەنێو بازنەیەکی  نهێنیئامێز و تەژی لە ڕاز و نیازدا دەمێنێتەوە. لەبەر ئەوە هەرگیز شیعرەکانی لە ستراکتور و چواچێوە داب و نەریتگەراکاندا جێگای نابێتەوە و هەمیشە لە دونیایەکی بزۆزدا دەگەڕێت و بە ئاسانی خوێنەرەکانی تووشی نائارامی دەکات.

یەیتس بە شیعرەکانی لە هەوڵی ئەوەدا بووە، بەسەر (دیارنەمان)دا زاڵ بێت، وشە و وێنە شیعرییەکانی هێزێکی گەورەی دژە دیارنەمانە، لە هەمان کاتدا شیعرەکان ئەو هێزەن، کە لەناو دیارنەماندا کار دەکات و خودی دیارنەمانەکە دەبێتە بەشێک لەو هونەرەی ئەو لە وێنە شیعرییەکانیدا دەیخوڵقێنێت و لە دەقە شانۆییەکانیدا بەرجەستەیان دەکات.

پاییز بێ یان بەهار

جیاوازی چییە؟

گەنج بیت یان پیر

جا چییە؟

تۆ هەر دیار نامێنیت

لە هەموو وێنەکەدا

تۆ دیار نیت

تۆ دیار نامێنیت

ئێستا، هەر ئێستا

یان هەزار ساڵ لەمەوبەر

ئەوەی دەمێنێتەوە

خودی دیارنەمانەکەی تۆیە

ئەم شیعرە باسی توانەوە و پێکداچوونی شاعیر لەگەڵ خودی پرۆسەی دیارنەمانەکەدا دەکات، کە ببینیت و لەوە بگەیت شتێک لە دوای خۆیەوە بەجێ دەهێڵێت، ئەو چەکەرەیەی، کە خودی ژیان خۆیەتی.

یەیتس چەندە بڕوای بە وشەکانی هەبووە، چەندە شیعر لە بڕوایەکی پتەوەوە لە دایک بووە و چەندە وشەکانی چەکەرەیەکی بەهێزی ئەو بڕوایە بوون، هێندەیش گومانی لە وشە و شیعرەکانی هەبووە. یەیتس لە هەندێک قۆناخی ژیانیدا، لەنێو گومانێکی چڕ و سەخت دا ژیاوە، گومان لە خۆی، لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی، لە سەردەمەکەی، لە ئێرلەندا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم گومانەدا، لە گومان شیعری دروست کردووە. لە ساڵی ١٩١٠ دا، دیوانێکی تەواو The green helmet and other poems دژی خۆی و ئەو گومانە قووڵە دەنووسێت، کە لە خۆیی و لە دونیا و لە هەموو خودگەرا هەیەتی. یەیتس هەرگیز قایل نابێت، هەروەها تەواویش نابێت، نووسینی شیعرێک بۆ ئەو سەرەتایەک بووە بۆ شیعرێکی تر، بۆ شیعرێکی تر و بەو شێوەیە. دیوانەکانی زنجیرەیەکی پێکەوە بەستراون، شیعر گەشتی گومانە بەرەو باوەڕ، لە باوەڕەوە بۆ تەنگەژەیەکی قووڵی خودگەرا، بۆ هەڵسانەوە و بەرگری، بۆ مردن و سەرلەنوێ لەدایکبوون و ژیانەوە. (من)ی شاعیر هەمیشە لە ناوەندی شیعرەکاندایە، بەڵام ئەم (من)ە، هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە، شێوە و فیگوری جیاواز لەخۆ دەگرێت، دەروخێت و سەرلەنوێ هەڵدەستێتەوە. ئەم شیعرانەی یەیتس چەندە ستراکتوری ئەو ئەدەبەی (من) لە نێوەندگەرادایە، پێک دەهێنێت، هێندەیش ستراکتوری واقیعێک دروست دەکات، کە خوێنەر بە ساکاری خۆی تیا دەدۆزێتەوە. واقیع چ بۆ خۆی و چ بۆ خوێنەرەکانی دەکاتە شتێکی تر و جیاواز.

شیعرەکانی یەیتس لە ئەتمۆسفێرێکی وەستاو و بێدەنگدا ناژین، بەڵکو شیعرەکانی پڕە لە جووڵە و گەشت، گەڕان و دۆزینەوە بە نێو دونیا دەرەکی و ناوەکییەکاندا، هەمیشە لە شیعرەکانیدا کازیوەیەک، بەرەبەیانییەک لەنێوان تاریکوڕووندا، دێت و دەچێت. لەو ساتانەدا دڵە کز و ماندووەکان بە دەم زەردەی بەیانەوە پێدەکەنێت و گوێی لە گڤەی با و خواوەندە، یان لە سوچە تەنیا و بێدەنگەکاندا دەگری. شیعرەکانی یەیتس جۆرێکە لە شەری دەستەویەخە، شەڕە لەگەڵ زمان، لەگەڵ (من)ەکان و لەگەڵ بێدەنگی و تەنانەت لەگەڵ هەست و سۆز، شیعرەکانی وەک زەنگێک وان و لەخەو خەبەرمان دەکاتەوە. شیعرەکانی کردنەوەی دەرگای شتە نادیار و شاراوەکانن، دەنگێکە بۆ بێدەنگەکان، بینینی شاراوە و نادیارەکانە، بیرکردنەوە لەو شتانەیە، کە بیری لێناکرێتەوە، هاوکات گوتنی ئەو شتانەیە، کە ناوترێن.

 

زمان و دژە زمان

مالمبێرگ خاڵێکی زۆر گرینگ لەم کتێبەدا دەخاتە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوە و دیالۆگەوە، ئەویش مەسەلەی زمانە، ئەو زمانە ئینگلیزییەی یەیتس بەکاری هێناوە؛ زمانە ئینگلیزییەکەی بە جۆرە (دژە زمان)ێک ناوزەد کردوە. زمانێکی یاخی ئێرلەندییەکانە، دژی باڵادەستی زمانی ئینگلیزی، بە تایبەتی یەیتس زمانی (ئیریش)، زمانە دێرین و تایبەتمەندە ئێرلەندییەکەی خۆیانی نەزانیوە، لەبەر ئەوە جۆرە زمانێکی شیعری تایبەت بەخۆی داهێناوە، کە هاوشانی زمانە ئینگلیزییەکە بووە. شیعر بۆ یەیتس خوڵقاندنی ئەو ئەفسونە بووە، کە پێویستی بە زمانێکی تایبەتی ئینگلیزی بووە، لە خودی ئەو ئەفسونەدا خوڵقاوە و هەر لەو ئەفسونەیشدا ژیاوە. لەم ڕووەوە مالمبێرگ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە یەیتس بە زمانە شیعرییەکەی خۆی زمانی ئەدەبی و شیعری ئینگلیزی تازە کردۆتەوە.

یەیتس لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٩، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوە:

Var hemlig och gläds, vandringar i William Butler Yeats poetiska världar, Carl – Johan Malmberg, W & W2017