دیداری شاخەوان سدیق بۆ گۆڤاری باران

ساڵانى ڕابردوو کۆمەڵێک نمایشکران، کە زیاتر نمایشى شانۆیى کلاسیکى بوون و دەقەکانیان زیاتر دەقى وەرگێڕاو بوون،  ئەم کارانە لە سەرەتادا بینەرێکى زۆریان هەبوو، بەڵام وردەوردە ئەم بینەرە نەما تا ئەوکاتەى کۆڕى شانۆى با دەقى خۆماڵیان دروست کرد، دەقێک کە پێشتر نە بووە و خۆیان دروستیان کرد، بەستیانەوە بە بابەتە کۆمەڵایەتیەکانەوە وە دەقەکانیان باسکردن بوو لە ئەمڕۆو ئێستاى ژیانى ڕۆژانەى خۆمان. ئەم کارانە بینەرێکى زۆریان هەبوووە و بۆ چەند ڕۆژێکى زۆر نمایشکران، هەست ناکەى تۆرانى بینەرى ئێمە پێوەندى هەبووە بەوەى کە ئەو دەقە وەرگێڕاوانە پێوەندیان نە بووە بە ئێستاى کۆمەڵگاى ئێمەوە؟ هەست ناکەن بینەرى ئێمە شانۆیەکى دەوێت بیبەستێتەوە بە واقیعى ژیانى خۆیانەوە؟
پێش هەموو شتێک دەقی وەرگێڕاو و شانۆی کلاسیکی، سەرچاوەیەکی گرینگ و پێویستی هەموو شانۆ و بزووتنەوەیەکی شانۆییە، بەبێ شانۆی کلاسیکی یان هەر دەقێکی تری وەرگێڕاو شانۆ کەلێنێکی گەورەی تێدایە، ئەو کەلێنەیش هەرگیز بە دەقی خۆماڵی پڕناکرێتەوە. لە هەموو دونیادا شانۆ تەنها شانۆی خۆماڵی نییە و شانۆ پرۆسەیەکی پێکەوە به‌ستراوه‌ و شتێکە هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەبەستێتەوە؛ ئەمەیش هۆکارێکی زۆر ساکاری هەیە، لەبەر ئەوەی شانۆ هەمیشە پەیوەستە بە مرۆڤ و خەون و هیوا و ئازارەکانی مرۆڤ و پێوەندییەکانی مرۆڤ بە یەکترییەوە. ئەگەر نەمایشکردنی دەقی وەرگێڕاو و کلاسیکی بینەری لە شانۆ تەکاندبێتەوە، ئەوە بەبێ هیچ گومانێک هەڵەی ئەو دەقە وەرگێڕاوە یان کلاسیکییە نەبووە و نییە، بەڵکو هەڵەی ئەو کەسانەیە، کە نەمایشی دەکەن. شانۆنامە تازە و مۆدێرنەکان، لە پاڵ دەقەکانی شانۆی کۆنی گرێکی، شەکسپیر، مۆلییر، ستریندبێرگ، چێخەف، برێشت، پینتەر… و هەزارەهای تریش، کە بەردەوام لەسەر شانۆکانی دونیا نەمایش دەکرێن، نەک هەر بینەریان لە شانۆکان نە تەکاندۆتەوە، بەڵکوو وزەیەکی گەورەبوون بۆ شانۆ، شانۆکارەکان و بینەریان بێشوومار لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە. دەبێ ئێمە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، چۆن و بۆچی ئەو هەموو دەقە کلاسیکییە تا ئێستا بە بەردەوامی پێشکەش دەکرێن. گرفتەکە ئەوە نییە، کە ئێمە دەقی وەرگێڕاو یان شانۆی کلاسیکی پێشکەش دەکەین، گرینگ ئەوەیە چی هەڵدەبژێریت و چۆنی پێشکەش دەکەیت. هەر ئێستا، کە من وەڵامی ئەم پرسیارەی تۆ دەدەمەوە، هەر کۆڕی شانۆی با-یش نەمایشێکی گەلێک سەرکەوتوویان لە شانۆی جیهانی و دەقێکی وەرگێراوەوە پێشکەش کردووە، کە ئەویش مارا/ساد-ە. مارا/ساد لە ماوەی ئەم سی چل ساڵەی ڕەوت و بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا، لە چەند هەل و مەرجی جیاوازی وڵات و شارەکەماندا نەمایش کراوە، بۆ نموونە، کە ئێمە لە هەشتاکاندا و لە کاتی جەنگی عێراق/ئێران و لە تیپی شانۆی ئەزموونگەری مارا/سادمان نەمایش کرد، هەمان ئەم نەمایشەی ئێستا نەبوو، هەروەها کە کۆمەڵێک برادەری تر و لە کەلاوەکانی ئەوسای ئوتێل حسیب ساڵح، دوای شەڕی عێراق/ئێران مارا/سادیان نەمایش کرد، هەمان نەمایشەکەی ئێمە نەبوو. کەواتە گرفتەکە دەقی وەرگێراو یان شانۆی کلاسیکی نەبووە و نییە، بەڵکوو هەڵبژاردن و چۆنییەتی نەمایشکردن و چارەسەرە هزری، هونەری و ئێستاتیکییەکانە. کە لە دونیایشدا بە بەردەوامی دەقی کلاسیکی نەمایش دەکرێت، لە فۆرم و شێواز و ستایلە کلاسیکییەکەیدا نەمایش ناکرێت، گەر وا بوایە شانۆ دەمێ بوو مردبوو. کاری شانۆکار و شانۆ ئەوەیە پرسیارەکانی ئەمڕۆ و هەناسەیەکی نوێ لەو دەقانەدا بدۆزێتەوە: گرینگ نییە چی نەمایش دەکەیت، کلاسیک، مۆدێرن یان دەقێک خۆتان لە کاتی پرۆڤە و بەکاری ڕاگوزاری و هاوبەش دەینووسن، گرینگ ئەوەیە بە هەوای ئەمڕۆ و ئەم ساتە هەناسە بدات و بژی. کاری شانۆ و شانۆکار ڕازاندنەوە و دروستکردنی مۆزەخانە نییە لەسەر شانۆکان، هاوکات وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاریش نییە، بەڵکوو وروژاندنی پرسیارەکانە، دەرخستنی ڕاستییەکانە و بێزارکردنی بینەرانە.

من لەو بڕوایەدانیم کۆڕی شانۆی با یان هەر شانۆیەکی تر چ لە کوردستان یان لە هەر سووچێکی تری ئەم دونیایەدا بتوانێت پشت بکاتە ئەو کولتوورە دێرین و گەورەیەی شانۆی جیهانی و تەنها خۆی دەقی خۆی بەرهەمبهێنێت. لەو کاتەدا زۆر که‌موکووڕی تێدا ده‌بێت؛ نە شانۆ گەشە دەکات، نە تواناکانی ئەکتەر و نە دیدی ریژیسۆر. نووسینی دەقی خۆت و بە کاری هەرەوەزی و پرۆسەیەکی ڕاگوزاری، لە قۆناخ و ڕەوشێکی دیاریکراودا ئەزموونێکی باش و دەوڵەمەندە و زۆربەی شانۆکارەکانی دونیایش، بۆ نموونە ئاریان موشکین و پیتەر برووک، کاری وایان کردووە، بەڵام پشتکردنه‌ شانۆی جیهانی و دەقی وەرگێڕاو و کلاسیکی و تەنها و تەنها خۆت بە کاری هەرەوزی دەقی تایبەت بە خۆت بەرهەمبهێنیت، ئەوا بێگومان تێنەگەیشتنێک هەیە. دەکرێت شانۆنامەنووسێک بە بەردەوامی لەگەڵ گروپێک کار بکات و ئەو گروپە تەنها دەقەکانی ئەو شانۆنامەنووسە بەکاربهێنن و نووسەرەکەیش لە پرۆسەیەکی گەشەکردوودا، لە دیدی ریژیسۆرەوە دەقەکانی دەنووسێت. ئەم جۆرە کارانەیش نموونەیان لە شانۆی جیهانیدا زۆرە و ئەزموونێکی گەلێک دەوڵەمەندە. مولییر بۆ ئەو شانۆیەی دەنووسی، کە خۆی کارەکانی تیا پێشکەش دەکرد، چێخەف بە تەواوی خۆی تەرخانکردبوو بۆ شانۆی هونەری مۆسکۆ، داریۆ فۆ نموونەیەکی تری دانسقەیە، کە خۆی نووسەر، ئەکتەر و ریژیسۆر بوو… هتد. ئێستایش زۆر شانۆنامونووس هەن، کە پێوەندییان بە شانۆیەکەوە یان ریژیسۆرێکەوە هەیە و پێکەوە کار دەکەن، ئەو دەینووسێت، ریژیسۆرەکەیش لەگەڵ ئەکتەرەکانی تاقی دەکەنەوە و لە گەشەیەکی دراماتۆرگی گرینگدا چ دەقەکە بەرەوپێشەوە دەچێت و چ دیدی ریژیسۆر و هەروەها ئەکتەرەکانیش.

نەبونى دەقى کوردیە واى کردووە شانۆکارەکان دەقى وەرگێڕاوى ئەوروپى بەکاربهێنن بۆ بەرهەم هێنانى کارێکى شانۆیى یان چى؟ هەست ناکەى بینەرى دەقى شانۆیى کوردى زیاتربێت؟

ئەدەبی کوردی بنەماکانی لەسەر شیعر ڕۆناوە، شیعری کلاسیکی کوردی لە مەولەوی-یەوە بۆ شێرکۆ بێکەس سامانێکی گەورە و دەوڵەمەندە و ڕۆڵێکی گەورەیشی لە پارێزگاریکردن و گەشەی زمانی کوردیدا گێڕاوە. بە پێچەوانەوە ژانرەکانی تری ئەدەب، ڕۆمان و تەنانەت کورتە چیرۆک و دەقی شانۆیی ئەو مێژووە درێژەیان نییە و تا ڕادەیەک بە ئەدەبی کوردی نامۆن. خۆ ئەگەر کورتە چیرۆک لە حەفتاکانەوە هەندێک هەنگاوی جدی نابێت، ئەوە ڕۆمان لە کۆتایی هەشتا و سەرەتای نەوەدەکانەوە زیاتر دەرکەوتوە و برەوی بە ئەدەبی کوردی داوە. نووسینی دەقی شانۆیی تا ئێستا نەبووە بە کولتوور و نەیتوانیوە وەک ژانرێکی سەربەخۆ دەربکەوێت و خۆی بسەپێنێت، هەرچەندە چەندین هەوڵی زۆر جدی هەن و بەر لە ڕۆمانیش چەندان قەلەمی بەپێز و بە توانا دەقی شانۆییان نووسیوە، بۆ نموونە عەبدلڕەحیم ڕەحیمی هەکاری، پیرەمێرد، ئەلف با هەوری و تا دەگاتە ئەنوەر قادر ڕەشید، فەتاح خەتاب، ئەحمەد سالار، دڵشاد مستەفا… هتد کە جێگا پەنجەیان دیارە و هەنگاوی گرینگ و پێویستیان ناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا نووسینی دەقی شانۆیی نەبووە بە کولتوور و نەیتوانیوە جێگای خۆی بگرێت. هیچ کەسێکیش تا ئێستا سەت لە سەت خۆی بۆ ئەم ژانرە تەرخان نەکردووە. بە ڕای منیش یەکێک لە هۆکارەکان گەشەنەکردن و بێهێزی شانۆی کوردییە، کە نەیتوانیوە چ لە ڕووی ریژی و چ لە ڕووی دراماتۆرگییەوە برەو بە توانای ئەو شانۆنووسانەی خۆمان بدات، ئەوەی ئەوان نووسیویانە لەسەر شانۆکان بەرجەستەی بکات. کاری شانۆنووسەکانی ئێمە بەو پرۆسە هاوبەش و هاوکارییە گرینگەی نێوان ریژیسۆر/شانۆنامەنووس، شانۆنامەنووس/ئەکتەردا نەڕۆیشتوە و سوودیان لە ئەزموونی یەکتری وەرنەگرتووە و بەرکەوتنێکی قووڵ و تێگەیشتنێکی دوولایەنە بۆ پرۆسەکە نەبووە. بێگومان لەم بارودۆخەیشدا شانۆکارەکان بە دەقی وەرگێڕدراو هەوڵی پرکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان داوە.

لەلایەکی تریشەوە دەقی خۆماڵی هەمیشە ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لە دروستکردن و بونیادنانی شانۆدا، ئەوەی ڕاستی بێت دەقی سەرکەوتوو، هاریکاری نێوان شانۆ، ریژیسۆر و شانۆنامەنووسەکان دروست دەکات، نەک بە پێچەوانەوە. چێخەف ڕۆڵێکی بێهاوتا و گرینگی لە دروستکردنی شانۆی هونەری مۆسکۆدا بینیوە، ستانیسلاڤسکی هەرگیز بەبێ چێخەف نەیدەتوانی ئەو شانۆیە دروست بکات، کە ڕۆڵێکی گرینگی لە مێژووی شانۆی جیهانیدا بینیوە؛ شانۆی هونەری مۆسکۆ چێخەف دەکات بە شانۆنامەنووسێکی پلە یەک، بەهەمان شێوە چێخەف-یش شانۆی هونەر دەکات بە شانۆیەکی هونەری، کە ناوبانگەکەی سنوورەکانی هەموو دونیا دەبەزێنێت.

بێگومان لەم بارەیشدا بینەر زیاتر لە شانۆکان کۆدەبنەوە، بە شێوەیەکی ئاسانتر خۆیان لەسەر شانۆکان و لەنێو ئەکتەرەکاندا دەدۆزنەوە، ئەوەی دەیبینن ڕاستەوخۆتر پەیوەستە پێیانەوە، ریژیسۆریش بە شیوە و فۆرم و ڕێگایەکی تر هەوڵی چارەسەرکردنی دیمەنەکان دەدات و ئەو تەکنیکەی بەکاری دەهێنێت زیاتر لە واقیعی ژیانی ڕۆژانەی خۆمانەوە سەرچاوە وەردەگرێت. دەمەوێت سەرلەنوێ ئەوەیش دووپات بکەمەوە، کە ئەوەی پێشکەش دەکرێت، بۆ ئەوەی شتێکی زیندوو و نزیک لە واقیعی مرۆڤی هاوچەرخ و مۆدێرنی خۆمانەوە بێت، دەبێت بە هەوای ئەمرۆ بژی و هەناسە بدات. دەبێت شانۆی کلاسیکی، مۆدێرنی وەرگێراو و دەقی خۆماڵی لە جووڵەیەکی دیالێکتیکی دا یەکتر تەواو بکەن و سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرن.

ئەمڕۆ ساردو سڕیەکى زۆر لە ناو دنیاى هونەرى ئێمەدا لە ڕوى نەبوونى ڕەخنەوە هەیە، بەتایبەت ڕەخنەى هونەرى و شانۆیى. بەجۆرێ ئەو هەموو کار و نمایشە تێدەپەڕێت کەس تەنها دوو دێڕى لە سەرناڵێت، تۆ ئەمە بۆ که‌مته‌رخه‌میی هونەرمەندان دەگێڕیتەوە، کە گرینگى بە بوارى نوسین نادەن یان ئەمەیش وەک هەموو کێشەکانى تر پەتاى نەبوونى نوسەرى ڕەخنەى هونەرییە؟

دەبێت ئێمه‌ ئەوە باش بزانین، ڕەخنەی شانۆیی یان ئەدەبی لەخۆوە دروست نابێت، هەر بۆ نموونە، گەر تۆ رۆمانی کوردیت نەبێت و هیچ ڕۆمانێک نەکەوێتە بازاڕەوە، ڕەخنەی ئەدەبیشت نابێت و کەس قسە لەسەر ڕۆمان ناکات. شانۆیش هەمان هاوکێشەیە، ئەگەر نەمایشی باش پێشکەش نەکرێت و شانۆ نەبێت و هیچ ڕێپرتوارێکی شانۆیی لە ئارادا نەبێت، بێگومان ڕەخنەی شانۆیشمان نابێت. بزووتنەوەی شانۆی کوردی سستە و ڕێپۆرتوارمان نییە. بەڵام ئەوەی بەڕێزیشت لە پرسیارەکەتدا ئاماژەت پێکردووە، ڕاست نییە. لەم یەک دوو ساڵەدا، چ لە هەولێر و چ لە سلیمانی کۆمەڵێک کاری باش پێشکەش کراون و لەسەریشیان نووسراوە و تەنانەت لە شوێنە گشتیەکاندا دانیشتن و گفتوگۆیشیان لەسەر کراوە. هەندێک قەڵەمی باشیشمان هەیە، کە لە شانۆ دەگەن و ئەوەی دەینووسن، لە خودی پرۆسە شانۆییەکەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. من بۆ نموونە چەند ناوێک دەڵێم، کە بەڕاستی هەوڵی جدییان لەم بوارەدا هەیە؛ حەمەسوار عەزیز، حیدەر عەبدرەحمان و هەندێک تەقەلای ڕەخنەیی نیهاد جامی-یش.

لەم ڕۆژانەدا، کە لە سلیمانی مارا/ساد نەمایش کرا، چەندین گوتاریی ڕەخنەی جدیشی بە دوای خۆیدا هێنا، هەروەها ماوەیەک لەمەوبەر، کە (شوان عەتوف) کارێکی مۆنوداراما، هاوکات شانۆنامەی (سێ خوشک)ی چێخەف هەر لە سلێمانی نەمایش کران، بەهەمان شێوە کۆمەڵێک گوتاری ڕەخنەییان بە دوای خۆیاندا هێنا. کاری جدی هەمیشە، کاردانەوەی جدیشی لێ دەکەوێتەوە.

ڕەخنەگری شانۆیی بەهایەکی گرینگی هەیە و ڕۆڵی ئەو تەنها ئەوە نییە، وەک ڕاوێژکارێکی بەسەلیقە، ڕێنمایی بینەر بکات، تا کارێکی باش ببینن و کارێکی خراپ نەبینن. هەروەها کاری ڕەخنەگریش ئەوە نییە، دوای بینینی نەمایشێک خاڵە باش و خراپەکان دەستنیشان بکات؛ ڕەخنەی شانۆیی زۆر لەوە گرینگتر و پرۆسەیەکی ئاڵۆزتریشە. هەموو فۆرمەکانی هونەر، شانۆ، مۆسیقا، وێنەکێشان… هتد، بەبێ ڕەخنە و ڕۆڵی ڕەخنە، بەڕای من لەژێر هەرەشەدایە. هونەری مۆسیقا و وێنەکێشان بە تەواوی لەم بوارەدا فەرامۆش کراون و هیچ شتێک لەسەر پێشانگا و کۆنسێرتە مۆسیقییەکان ناوترێت و نانووسێت، بە ڕاستی ئەمە کارەساتە.

شانۆ هونەرێکی گرانە، هونەرێکە بە ئاسانی ناگەیتە دوا ئەنجامەکان، ڕەخنەگری شانۆیش دەبێت ئەم ڕاستییە بزانێت، ئەو توانا و جورئەتەی هەبێت، پەردە لەسەر نەک تەنها هەڵەکان، بەڵکوو لەسەر توانای هونەرمەندەکانیش هەڵماڵێت. باشترین ڕەخنەگرەکانی شانۆیش ئەوانەن، کە ڕۆژانە لە هۆڵی پرۆڤەکاندا دادەنیشن و چاودێری پرۆسەی داهێنان و هەنگاو بە هەنگاوی کاری ئەکتەر و ریژیسۆر دەکات. ڕەخنەگر چاوی سێیەم و خوێنەری سێیەمی نەمایشەکەیە، دوای ئەکتەر و ریژیسۆر، ئەو نەمایشەکە دەگەیەنێتە ئاستی گەشە و تەواوی پرۆسە پراکتیکی و کردەییەکە شیدەکاتەوە و توانای کردنەوەی کۆدەکانی هەیە. من لەو بڕوایەدام، هەندێک یان چەند ڕەخنەگرێکی دیاری کراو تا ئاستێکی باش ئەو توانایەیان هەیە. بێگومان بینەر یاخود ریژیسۆر و ئەکتەرەکان چەند هاوڕان لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەگر دەینووسێت، ئەوە شتێکی ترە و گرینگیش نییە.

ڕەخنەگری شانۆیی تا چەند پێویستی بە تیۆری شانۆ هەیە بۆ ئەوەی رەخنەگرێکی باش بێت؟ ئایا بنەمایەکی تیۆری بۆ ڕەخنەگر پێویستە؟

ڕەخنەگرێکی باشی شانۆیی دەبێت لە شانۆ بزانێت و لە هونەری شانۆ بگات، شانۆ ئەدەب نییە و ئەو کەسەی ڕەخنەی شانۆیی دەنووسێت بە شێوەیەک لە شێوەکان پێوەندی بە شانۆوە هەبێت. کاتی خۆی ئەو کەسانەی ڕەخنەی شانۆییان دەنووسی کەسانی پسپۆر نەبوون، بەڵکوو زیاتر ئەو کەسانەبوون، کە سەرقاڵی ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی بوون، وەک کارێکی ئەدەبی باسی ناوەڕۆک و بنەما هزرییەکان و دەقە شانۆییەکەیان دەکرد، نەک لایەنە کردەییەکە و ئێستاتیکای شانۆ. لە هەشتاکانەوە ئەم ڕێچکەیە گۆڕاوە و ئەوانەی ڕەخنە دەنووسن بەشێکن لە شانۆ و کارە شانۆییەکان. من خۆم، بەرلەوەی بنووسم چ وەک ئەکتەر و چ وەک ریژیسۆر کارمکردووە، ئەزموونی شانۆ و لایەنە کردەیی و پراکتیکییەکەم گواستۆتەوە بۆ نێو گوتارە ڕەخنەیی و شانۆییەکان.

تیۆری شانۆیی و شیکردنەوەی دەق و تێگەیشتن لە پێکهێنەرەکانی تری نەمایشی شانۆیی، رەخنەگر لە نەمایش و سروشتی کارەکە زیاتر نزیک دەکاتەوە و دیدە ئێستاتیکییەکەی لە ڕاڤەی ریژیسۆر و خوێندنەوەی نەمایشەکەدا دەردەکەوێت. ئێمە نامانەوێت رەخنەگر ریژیسۆ و ئەکتەر بێت، بەڵام پێویستە لە کاری ریژیسۆر و ئەکتەر بگات، زانیاری لە مێژووی شانۆدا هەبێت و لە بنەما دراماتۆرگییەکانی دەق/نەمایش بگات.

ڕەخنەیش چەندین ڕێباز و تەوژمی تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەبێت ڕەخنەگر بزانێت لە چ بنەمایەکی فەلسەفی، دەروونی، جوانکاری یان هەر ڕیبازێکی ترەوە، نەمایشەکان دەخوێندێتەوە. ئەمەیش پێویستی بە ڕۆشنبیرییەکی قووڵ و گشتگر و هەمەلایەن هەیە. لەبەر ئەوە ڕەخنەگرێکی باش بەبێ بنەمایەکی تیۆری نابێت بە رەخنەگرێکی باش و هەرگیز ناتوانێت کۆد و سمبۆلەکانی نەمایش بدۆزێتەوە و نووسینەکانیشی بریتی دەبێت لە داڕشتن و وشە ڕیزکردن.