بۆ ئەکتەر’’ سەبارەت بە هونەری نواندن ’’ خوێندنەوەیەک بۆ مێتودی هونەری نواندن لای مایکڵ چێخەف

مایکڵ چێخەف ١٨٩١-١٩٥٥ تەنها ئەکتەرێکی گەورە و ریژیسۆر نەبووە، بەڵکو پێداگۆگێکی بەسەلیقە و تیۆریستێکی بەتوانا بووە و مێتود و تەکنیکێکی تایبەت بەخۆی، سەبارەت بە هونەری نواندن و پەروەردەکردنی ئەکتەر دامەزراندووە. چێخەف توانایەکی گەورەی لە ڕادەبەری لە بەرجەستەکردنی هەموو چەشنە ڕۆڵێکدا هەبووە و بەشێوەیەکی بەهێز لەنێو پرۆسە شانۆییەکاندا گەشەی کردووە. زۆربەی ڕەخنەگرەکان کۆکن لەسەر ئەوەی، کە هەموو ئەو ڕۆڵانەی چێخەف لە شانۆی هونەری مۆسکۆ بینیویەتی، لە خودی ژیان گەورەتر بوون. ئەو ڕۆڵانەی ئەو بەرجەستەی کردوون، تەنها نواندنی ئاسایی نەبوون، بەڵکو نواندنێکی هێندە چڕ بوون، کە لەوانە بووە، تەنها لە خەونەکانماندا شتی وا ببینرێت، هەر لەبەر ئەوەیشە ئەو کارەکتەرانەی ئەو بەرجەستەی کردوون دیدێکی گشتگریان لەخۆگرتووە، کە چەمکەکانی ژیان و مردن، خۆشەویستی و ڕق، جوانی و ناشرینیان تیا ڕەنگ داوەتەوە. ئەو ڕەخنەگرانەی شیکارییان بۆ تواناکانی چێخەف کردووە، باس لەوە دەکەن، کە بەهرە هونەرییەکەی چێخەف شتێک بووە لەسەرو توانا ئاساییەکانی مرۆڤەوە بووە. چێخەف هێزێکی پڕ لە ڕاز و نیاز بووە، کە زیاتر لە ئەفسوون چووە، نەک ئەکتەر و مرۆڤێکی ئاسایی.

مایکڵ چێخەف کوڕی برای نووسەری گەورەی ڕووس ئەنتوان چێخەف و ئەکتەری سەرەکی ستانیسلاڤسکی و شانۆی هونەری مۆسکۆ بووە. چێخەف جگە لە ستانیسلاڤسکی لەگەڵ مایرهۆڵد، ڤاختانگۆڤ و ساڵێکیش لە بەرلین لەگەڵ ماکس ڕاینهارت کاری کردووە، هاوکات بەشدارییەکی کارای لە ستۆدیۆکانی ستانیسلاڤسکی لە شانۆی هونەری مۆسکۆدا هەبووە. ئەم بەرکەوتن و ئەزموونانەیش ڕۆڵێکی گەورەی لە پرنسیپەکانی هونەری نواندن و داهێنانی تەکنیکێکی نوێ و مێتودەکەی خۆیدا گێڕاوە. چێخەف لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا لە مۆسکۆ، یاداشتەکانی، کە زیاتر لە فەلسەفەی هونەر دەچێت، بەناونیشانی (ڕێگای ئەکتەر)ەوە بڵاو دەکاتەوە، لە پاڵ یاداشتەکانی ستانیسلاڤسکی (ژیانی هونەریم) بە باشترین بیوگرافیای ئەکتەر دادەنرێت، کە لە ڕووسیا نووسرابێت.

چێخەف لەساڵی ١٩٢٨ەوە ناچار دەبێت لە ڕووسیای ستالین ڕابکات و تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە تاراوگە بژی: سەرەتا لە لاتڤیا و لیتوانیا، دوای ئەوە دەچێتە فەڕەنسا، نەمسا، ئینگلتەرە و دواجاریش لە ئەمەریکا جێگیر دەبێت. چێخەف ئەم کتێبەیشی (بۆ ئەکتەر) لەساڵی ١٩٥٣دا بە ئینگلیزی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

تەکنیک و مێتودی هونەری ئەکتەر و نواندنی چێخەف هەژموونێکی گەورەی بەسەر بەشێکی زۆری ئەکتەرە گەورەکانی ئەمەریکا و هۆلیودەوە هەبووە، بۆ نموونە مارلین مۆنرۆ، ئەنتۆنی هۆپکینس و یاک نیکۆڵسن، ئەمرۆیش تەکنیک و مێتودەکەی بە یەکێک لە مێتودە گرینگەکانی پەروەردەکردنی ئەکتەر لە جیهاندا دادەنرێت. بەشێکی زۆری ئەکتەرە گەورە و پەیمانگاکانی هونەری نواندن مێتود و شێوازەکانی تەکنیکی هونەری نواندن بەپێی سیستێمەکەی چێخەف  بەکار دەهێنن؛ کە لە مەشقەکانی جووڵەی جەستە، چۆنییەتی ئاخاوتن، ئازادکردنی بەربەستەکانی جەستە، دیوی ناوەوە و دەرەوەی ئەکتەر، کارکردن لەسەر کارەکتەر و ئامڕاز و پێکهاتەکانی تری ئەکتەر و بەرجەستەکردنی، دەگرێتەوە.

13022331_10208170851962511_255212201_nچێخەف قوتابییەکی زیرەکی ستانیسلاڤسکی بووە و وەک ئەکتەر توانیویەتی لەگەڵ سیستێمەکەی مامۆستاکەیدا گەورە بێت، هاوکات توانیویەتی لە بنەکاکانی مێتود و سیستێمەکەی مامۆستاکەیەوە، شتێکی تر، قووڵتر، بەرفراوانتر، چڕتر و هەروەها ساکارتر دروست بکات و مێتودێکی تایبەت بەخۆی دەستەبەر بکات. ستانیسلاڤسکی، وەک هونەرمەندێکی گەورە، لە ڕەوتی ژیانی هونەری خۆیدا دید و بۆچوونەکانی سەبارەت بە هونەری نواندن و ئەکتەر گەشە پێداوە، گۆڕانکاری تیاکردووە و بە تیۆری و پراکتیک هەوڵی بەرجەستەکردن و نووسینەوەی داوە، لەبەر ئەوەیشە، کە گرانە وەڵامێکی ڕێک و ڕاستت سەبارەت بە کۆی سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی دەست بکەوێت. بۆ نموونە مێتود و کارەکانی ستانیسلاڤسکییەکی گەنج هەمان مێتود و چۆنییەتی کاری ئەو ستانیسلاڤسکییەی، کە لە کۆتاییەکانی ژیانیدا خستوونییەتییە ڕوو، نییە. بێگومان ستانیسلاڤسکی کاریگەرییەکی بەهێزی بەسەر چێخەفەوە هەبووە، بەڵام چێخەف لەسەرەتاکانی ژیانی هونەری خۆیدا، هەوڵی ئەوەی داوە لە لاسایی ئەکتەرە گەورەکان دووربکەوێتەوە و مێتودێکی خۆی دەستەبەر بکات، کە لە زۆر ڕووەوە جیاوازییەکی تەواوی لەگەڵ مامۆستاکەیدا هەبووە. چێخەف بڕوایەکی تەواوی بە ئەکتەرێکی مەشقپێکراوی سەراپاگیر لە بوارەکانی سایکۆلۆژی-فیزیکیدا هەبووە، هەروەها دووپاتی لایەنە ناوەکییەکانی ئەکتەر دەکاتەوە، بەڵام ژیانی تایبەتی ئەکتەر بەکارناهێنێت بۆ پێگەیاندنی ئەکتەر، وەک ستانیسلاڤسکی کاری لەسەر دەکرد. بۆ نموونە ستانیسلاڤسکی لە ڕێگای (ئەگەری) ئەفسووناوییەوە، ئەکتەرەکانی دەخستە نێو ڕەوش و بارودۆخە جیاوازەکانی ڕۆڵەکانیانەوە، چێخەف ڕێگایەکی تر بۆ نزیکبوونەوەی ئەکتەر لە ڕۆڵەکەی دەگرێتەبەر. چێخەف هانی ئەکتەرە دەدات، کە بەر لە دەستکردن بە پرۆڤە، بە خەیاڵ و فەنتازیا لە ڕووکاری دەرەوەی ڕۆڵەکەی بڕوانێت، دوای ئەوە هەر بە خەیاڵ و فەنتازیا هێڵە سەرەکییەکانی کارەکتەر، ڕەوش، شوێن و کات دادەڕێژێت و هەنگاو بە هەنگاو لە ڕۆڵەکەی نزیک دەبێتەوە. چێخەف دەڵێت (پێویستە ئەکتەر جیاوازی لەنێوان خۆی و ستایلی ژیانی لەگەڵ کارەکتەرەکەیدا بکات و بە تەواوی خۆی لە ویست و هەست و سۆز و ئەو شتانەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا لەسەری ڕاهاتووە دووربکەوێتەوە، لەبری ئەوە خۆی لە دونیا فیزیکییەکەی کارەکتەرەکەیدا ببینێتەوە)

چێخەف هەر وەک ستانیسلاڤسکی بەدوای ماناکانی ژیاندا دەگەڕا، هاوکات تێگەیشتن لە بنەما بنەڕەتییەکانی هونەرەکەی خۆی بگات و ستراکتورێکی فەلسەفی و رۆحیی بۆ دارێژێت. چێخەف لە دیدێکی قووڵی رۆحیی، تێڕوانینێکی دینییەوە لە شانۆی دەڕوانی، هونەر و ژیان دوو جەمسەری پێکەوە بەستراون و یەکتر تەواو دەکەن.

فەنتازیا مەودایەکی هونەری و پانتاییەکی ئازاد بە ئەکتەر دەبەخشێت، ئەکتەر تەنها جەستە و هەندێک هەست و سۆز و تەکنیکێکی ساکار و ڕوکەش نییە، بەڵکو ئەکتەر دەبێت ئەو تەکنیک و مێتودەی هەبێت، کە گۆڕانکاری لە خودی خۆیدا دەکات و ڕاستەوخۆ و بڕواپێکراوە. چێخەف دید و بۆچوون و تەکنیکی مێتودەکەی لە کتێبی (بۆ ئەکتەر) -سەبارەت بە هونەری نواندن-دا کۆکردۆتەوە، ئەم کتێبەیش هێندە دەوڵەمەندە، تەنها کتێبێک نییە بۆ کاری ئەکتەر، بەڵکو ریژیسۆر، شانۆنامەنووس، دراماتۆرگ، ڕەخنەگری شانۆ، تەکنیکاران و تەنانەت بۆ مێژوونووسانیش گرینگ و بەسوودە. چێجەف لە پێشەکییەکی کورتی ئەم کتێبەدا دەڵێت (سەرەتای پرۆسەی کارکردنم، بەر لە چەندین ساڵ لەمەوبەرەوە لە ڕووسیا و شانۆی هونەری مۆسکۆوە دەست پێدەکات، کە بۆ ماوەی شانزە ساڵ لەوێدا کارم کردووە. لەو دەمەدا لەگەڵ ستانیسلاڤسکی، نمیرۆڤیچ، ڤاختانگۆڤ و سیلوێریتسکی، وەکوو ئەکتەر، ریژیسۆر، مامۆستا، هاوکات وەک بەڕێوبەری هونەری هەندێک لە شانۆکانی تری مۆسکۆ، کارم دەکرد و توانیم گەشە بە مێتودەکانی ئەکتەر و ریژی بدەم و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە تەکنیکێکی تر بخوڵقێنم، کە ئەم کتێبەی لێوە هاتۆتە بەرهەم)

تێبینی: ڕانانێکی شیکاری تێروتەسەلم بۆ ئەم کتێبە کردووە و لە ئایندەدا، لەگەڵ چەند باسێکی تری هاوشێوە، لە کتێبێکدا بڵاو دەکرێتەوە.