واقیعیەتی چێخەف

شانۆنامەکانی ئەنتوان چێخەف بەشێکن لە ڕەوتی واقیعیەت لە شانۆی ئەوروپیدا، ئەوەی جێگای گومانیش نییە، کە چێخەف لە زۆر ڕووەوە واقیعیەتی شانۆنامەنووسەکانی ئەوروپای تێپەڕاندووە. چێخەف توانی مامەڵەیەکی بابەتیانە لەگەڵ واقیع بکات. ئەگەر بەشێکی زۆری نووسەرانی ئەوروپا، لەسەر بنەما بیۆگرافیاکانی ژیانی خۆیان شانۆنامەکانیان داڕشتبێت، بۆ نموونە ستریندبێرگ، ئەوا چێخەف شانۆنامەکانی وەک ئامڕازێک بۆ گوزارشتکردن لە ژیانی تایبەتی خۆی و پەیوەندییەکانی بەکار ناهێنێت، بەڵکو ئەو مامەڵە بابەتگەلییەی چێخەف لەگەڵ هونەری دراما و وێناکردنی واقیعیەتەکەی، دەروازەیەکی نوێ بە ڕووی شانۆ و درامای هاوچەرخی ئەوروپیدا دەکاتەوە. ئەگەر ئیبسن سەرەتایەکی نوێ و دەستپێکی تری مێژووی شانۆ بێت، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک چێخەف سەرەتایەکی تری شانۆیە؛ چێخەف کۆتایی بە قۆناخێک لە ڕۆمانسییەت هێنا و بنەمایەکی تریشی بۆ واقیعیەتی ئەوروپی داڕشت، کە سەرەتاکەی لای ئیبسن، ستریندبێرگ و تەوژمی ڕیالیزم و ناتورالیزمی فەرەنسی سەری هەڵدابوو.

ئەوەی چێخەف نووسیویەتی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بزووتنەوەی واقیعیەت و ناتورالیزمییەوە نییە، چێخەف گرینگی بە وێناکردنی دیوی دەرەوەی واقیع نادات، بەڵکو ڕۆدەچێتە خوارەوە بە نێو ژیانی ناوەوەی کارەکتەرەکانیدا. بۆ نموونە چێخەف وەکوو پزیشکێک ڕەوش و بارودۆخە چڕ و پێکداچووەکانی ناوەوەی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی بە دونیای دەرەوە و هەستی نامۆبوون و دابڕان و کەوتن، لە مرۆڤدا بەرجەستە دەکات. هەروەها چێخەف وەک ناتورالیزمییەکانیش گرینگی بە وردەکارییەکانی رووکاری دەرەوەی ژیانی ڕۆژانە و تۆمارکردنییان نادات، کارەکتەرەکانیشی لە بنەماکانی ژینگە و دەوروبەر و میراتەوە شیناکاتەوە. ئەوەی بەلای چێخەفەوە گرینگە و لە شانۆنامەکانیدا کاری لەسەر کردوون، دەرخستنی هۆکارە ناوەکییەکانی دەروونی مرۆڤە، ئەمەیش لە ڕێگای ستراکتورێکی ئاسایی و چەند ڕووداوێکی ڕۆژانە و پەیڤێکی واوە، کە ژیانی ڕۆژانە و گوزەرانمان دیاری دەکەن.

چێخەف دەقەکانی یان ئەو واقیعیەتەی ئەو پەیڕەوی دەکرد، لەسەر بنەماکانی واقیع داڕشتبوو؛ کارەکتەرەکانی بەمانا تەقلیدییەکەی پاڵەوان، پاڵەوانی گەورەنین، بەڵکو ئەوان کەسانێکی ئاسایین و دەژین: دێنە ژوورەوە، دەچنە دەرەوە، خەریکی نانخواردن و چا خواردنەوەن و باسی ئاو و هەوا دەکەن. وەک چێخەف خۆیشی ئاماژەی بۆ کردووە، ئەم شێوە نووسینە جۆرە هەڵبژاردنێک نەبووە بۆ ئەو، بەڵکو ژیان خۆی وایە و بەم شێوەیە ڕەورەوەی ژیان دەگوزەرێت (ژیان لەسەر شانۆ دەبێت هاوشێوەی ژیان بێت) واقیعیەتەکەی چێخەف لە وردەکارییە ساکارە بینراو و نەبینراوەکانی ژیانی ڕۆژانەوە دەست پێ دەکات؛ ئەو وردەکارییە بێ مانایانەی ژیانی رۆژانە گەوهەری ژیانمان بۆ دەدۆزنەوە، نەک ڕووداوە دەرەکییە توندوتیژ و پڕ لە هات و هاوارەکان. ئەمەیش مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە کارەکتەرەکانی چێخەف ساکار و بێ گرێ و ئاسان بن، بەپێچەوانەوە کارەکتەرەکانی چێخەف چڕ و ئاڵۆزن و پڕن لە مەودای جودا و دەوڵەمەند. چێخەف بەمانا تەقلیدییەکە، پاڵەوان دروست ناکات، بەڵکو هەموو کارەکتەرەکانی ئەو پاڵەوانن و پەیوەندییەکی ئاڵۆزیش پێکەوەیان دەبەستێتەوە. هەر لەبەر ئەوەیشە، جووڵە لە دەق و نەمایشەکانی چێخەفدا جووڵەیەکی بە کۆمەڵە، وەک لەوەی تاکە کەسی بێت.

هەرچەندە کارەکتەرەکانی چێخەف لایەنی شەڕ و خەراپەیان تێدایە، بەڵام ئەم شەڕە چەمکێکی ڕەهای نییە، لایەنێکی ڕووناکیش لەنێو ئەو تاریکییەی کارەکتەرەکاندا، هەمیشە ئامادەییەکی نادیار و زۆرجاریش بەهێزی هەیە. ئەو شەڕەی چێخەف ئاوێزانی ناوەوەی کارەکتەرەکانی دەکات، لە ململانێیەکی بەهێزدایە لەگەڵ خودی خۆی، نەک لەگەڵ کارەکتەرەکانی تر و دونیای دەرەوەدا. کارەکتەرەکان پاڵەوان نین، هەروەها شەڕخواز و شەڕانی یان ڕەش و سپی، بەڵکو مرۆڤی ئاسایین، کە هەموو توخمەکانی مرۆڤ لە چاکە و خراپە، باش و خراپ، لەخۆدەگرن. ئەم کارەکتەرانە هەمیشە ئامادەگییەکی بەهێزیان هەیە و لە هەموو چرکەساتەکانی نەمایش/دەقەکاندا هەژموونێکی بەهێزیان بەسەر تێکڕای ڕووداوەکانەوە هەیە؛ پیتەر بروک سەبارەت بەم کارەکتەرانەی چێخەف دەڵێت، کارەکتەرەکانی چێخەف هەمیشە لەسەر شانۆن، تەنانەت لەو کاتانەیشدا، کە لەسەر شانۆنین. بروک ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، کە بەدحاڵیبوونێکی گەورەیە، چێخەف بە ناتورالیزم ناوزەد بکرێت (وشەیەک، وەستانێکی بێزارکەر، دەنگی مۆسیقایەک لە دوورەوە، دەنگی پشت کالوسەکان، هاتنە ژوورەوەیەک، ماڵئاوایکردنێک-هەنگاو لە دوای هەنگاو زمانی وەهمێک بۆ خۆی دەخوڵقێنێت، کە بە تەواوی ئەو وەهمەیە لە پریشکەکانی ژیانەوە وەرگیراوە)

ئەوەی چێخەف جیادەکاتەوە، ئەوەیە هەموو کارەکتەرێکی دونیایەکی تایبەتمەندی خۆی و هەر یەکەیان چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە. جیهان ناوەندێکی گرینگ و بزۆزە، هەموو مرۆڤێکیش بۆ خۆی لەنێو ئەم ناوەندەدا خاڵی ڕووداوەکانە و پەیوەستە بە دونیا و دونیای دەرەوە. کارەکتەرەکانی چێخەف لەنێو ئەم ناوەندە گرینگەی جیهانەوە مامەڵە لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانی خۆیان و دەوروبەرەکەیان و کەسایەتییەکانی تردا دەکەن.

چێخەف هەوڵ نادات بیروباوەڕی خۆی لەنێو شانۆنامەکانی و لە ڕێگای کارەکتەرەکانییەوە دەببرێت، دەقەکانی وانەی ئاکار و پروپاگەندەی سیاسیی و ئامۆژگاری کۆمەڵایەتی و بۆچوونی سەپێنراو نین. تەنانەت، کە چێخەف باسی ڕۆڵی هونەر و هونەرێکی نوێ لە شانۆنامەی (نەورەس)دا دەکات، دەبێت بە بەشێک لە هزری کارەکتەری (کەنستەنتین)، کە شانۆنامەکەی لەنێو شانۆنامەکەدا نووسیوە، نەک دیدی چێخەف.

شانۆنامەکانی چێخەف باسی خۆشەویستی، جیابوونەوە و دابڕان، پیربوون، ململانێی نەوەکان، خەون بە ناوبانگبوون، شانۆ و ئەدەبیشەوە دەکات. لە (نەورەس)دا ماشا کەنستەنتینی خۆش دەوێت، کەنستەنتین نینای خۆش دەوێت، نینا عاشقی تریگۆرین بووە، ئەرکادینا تریگۆرینی خۆش دەوێت، تریگۆرین ئامادەیە بە هەموو کەسێکی تری بگۆڕێتەوە، هەموو عاشقن، بەڵام بە کەسێکی هەڵە. لە (خاڵە ڤانیا)یشدا، ڤانیا یلێنای ژنی پڕۆفیسۆری خۆش دەوێت، بەڵام یلێنا عاشقی ئەسترۆڤە، ئەنجامەکانی ئەم پەیوەندییانەیش کۆمەڵێک گرێکوێرەی دەروونی سەختن و چێخەف بە ئاسانی و بە تەکنیکێکی ساکار مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، هەروەک ئەوەی دیمەنێک بن لە ژیانی ڕۆژانە. ئەمەیش ئەو واقیعیەتەیە چێخەف مێژوویەکی تری بۆ شانۆی ئەوروپی پێ تۆمار کرد.