پرۆمێسیۆسی کۆتوبەندکراو
لە سەرەتاوە ئەفسانەی، پرۆمێسیۆس پەیوەندیی بە ئاگرەوە هەبووە. بە پێی میتۆلۆژیای گرێکی، پرۆمێسیۆس ئاگری بۆ مرۆڤ دابین کردووە، (زیۆس)ی پادشای خواوەندەکان بەمە قایل نابێت و وەک سزایەک ئاگرەکە لە مرۆڤ دەسێنێتەوە، بەڵام پرۆمێسیۆس تاوانێکی تر دەکات و ئاگرەکە لە خواوەندەکان دەدزێت و دەیبەخشێتەوە بە مرۆڤ. ئەم میتۆلۆژیایەیش لێرەدا کۆتایی نایەت؛ کێشە و ململانێ سەختەکەی نێوان دەسەڵاتە بەرزەکان لەلایەک و سەرپێچکەر و یاخیبووەکان لەلایەکی تر بەردەوام دەبێت و بەزیانی پرۆمێسیۆس و مرۆڤیش کۆتایی دێت.
زیۆسی پادشای خواوەندەکان، دڵرەق و بێبەزەیی، بە ڕەفتارەکانی پرۆمێسیۆس توڕە دەبێت و وەک سزایەکیش، پرۆمێسیۆس بە دامێنی چیایەکی سەختی ڕەشباوی و نێو ئاو و هەوایەکی نالەبارەوە، کۆتوبەند دەکات. هەڵۆیەکیش دەنێرێت، تا ڕۆژانە بە بەردەوامی جەرگی بخوات. بە پێی داستانەکان پرۆمێسیۆس نە خواوەند و نە مرۆڤیش بووە، بەڵکوو شتێک بووە لەنێوان هەردووکیاندا. پرۆمێسیۆس نەمرە، بەڵام سەربە ئۆلیمپس و دەسەڵاتی خواوەندە گەورەکان نییە، سنوورێکە لەنێوان خواوەندەکان و مرۆڤدا، هەروەها سنوورێکیشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵەکاندا. پرۆمێسیۆس بەو ئاگرەی وەکوو دیاری بە مرۆڤی بەخشی، مرۆڤی لە ئەشکەوتە تاریکەکان هێنایە دەرەوە و ژیانی پێبەخشی و کردییە ئەو مرۆڤەی ئێستا دەژی.
بەپێی سەرچاوە دێرینەکان، ئێسخیلۆس سێینەیەکی سەبارەت بە داستانی پرۆمێسیۆس نووسیوە: بەشی یەکەمیان سەبارەت بە بەخشینی ئاگرە و بەتەواوی لە بیرکراوە، بەشی دووەمیان (پرۆمێسیۆسی کۆتوبەندکراو)، کە سەبارەت بە سزاکەی پرۆمێسیۆسە، بە تەواوی بە دەستمان گەیشتووە، دوا بەشیشیان ئەو دەقەیە سەبارەت بە ڕزگاربوون و سرفرازیی، کە بە تەواوی فەوتاوە و بە دەستمان نەگەیشتووە.
سەرەتای (پرۆمێسیۆسی کۆتوبەندکراو) لە دوا خاڵەکانی گەردوون و لەسەر چیایەکی چۆڵوهۆڵ دەستپێدەکات، کە (هێفەیستۆیس) خواوەندی ئاسنگەر بە بزمارەکانی پرۆمێسیۆسی بە دامێنی چیاکەوە داکوتیووە. بۆ ئەم مەبەستە زیۆس خواوەندی دەسەڵات و توندوتیژی، کە کوڕی دەریای مەرگن، لەبری خۆی ناردووە تا چاودێری بەجێگەیاندنی سزاکەی پرۆمێسیۆس بکەن.
ریژیسۆرێک لە شانۆی پادشایەتی، لە نەمایشێکی بێوێنەی پڕ لە وێنە و سمبۆلی زیندووی شانۆیەکی ئەڤانگاردەوە، هەوڵی داوە ئەم سێینەیە لەیەکەیەکی هونەری و ئامادەکردنێکی ئێستاتیکیدا بەرجەستە بکات. بۆ ئەم مەبەستە جگە لە بەشی دووەمی ئەم سێینەیە (پرۆمێسیۆسی کۆتوبەندکراو)، کە بەتەواوی بە دەستمان گەیشتووە، بەشێکی زۆری لەو پارچە بچووکانە بەکار هێناوە، کە لەنێو خۆڵ و خاشاکدا دۆزراونەتەوە، هاوکات ئەو پارچانەیش دواتر، وەکوو کەرەستەیەک بۆ پێچانەوە و مۆمیاکردنی جەستەی کەسانی مردوو بەکارهێنراون و دوای هەزارەها ساڵ دۆزراونەتەوە. بەم شێوەیەیش جەستەی مرۆڤە مردووەکان، بەدرێژایی مێژوو ئەم وشانەیان بۆ پاراستووین.
پرۆمێسیۆس سمبۆلی یاخیبوونێکی هەتاهەتاییە؛ ڕەخنەگرتن لە زیۆسی پادشای خواوەندەکان، کە بە توندوتیژترین شێوە سزای دەدات، وێنەیەکی بارگاویکراویشە بە مانا و چەمکەکانی دەسەڵاتیشەوە، کە تا ئەمرۆیش هەمان فۆرم و مانایان هەیە. دەقەکەی ئێسخیلۆس جگە لە سزاکەی پرۆمێسیۆس، کارەکتەری کچێکیش (ئییۆ) لەخۆدەگرێت، کە لەدەستی زەبری زیۆس ڕادەکات، لەبەر ئەوەی ناچاری پەیوەندییەکی سێکسی زۆرەملێی کردووە. بەپێی میتۆلۆژیاکە، زیۆس بە هاوکاری خواوەندەکانی تر، یەکەم ئافرتیشیان، وەکوو سزایەک بۆ پرۆمێسیۆس، خوڵقاندووە و ناویان ناوە (پاندۆرە) ئەمەیش مانای هەموو دیارییەک، دەگەیەنێت، لەو ڕوانگەیەوە، کە هەر خواوەندەی بە بەشێک لە خولقاندنی ئەم ئافرەتەدا بەشدارییان کردووە.
ئەم ریژیسۆرە، لە دیدێکی مۆدێرنی خوێندنەوە و لە بنەمایەکی گەمەئامێزی شانۆییەوە، (پرۆمێسیۆسیە کۆتوبەندکراوەکە) دەکاتە نەمایشێکی پابەند بە ڕووداوەکانی ئەمرۆی دونیاوە. یەکێک لە هۆڵە بچووکەکانی شانۆی پادشایەتی بووە بە پانتاییەکی بێ مەودای وا، کە گوزارشت لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، بکات و بینەران بە ئاسانی بیبەستنەوە بە ڕووداوەکانی ئەمڕۆی جیهانەوە.
سەرۆکی کۆرس بەشێوازێکی پێداگۆگی گەشتێکمان بە نێو کات و شوێن و وشەکاندا پێدەکات، هەر سێ بەشەکەی سێینەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و بڕیاری ئەوەیش دەدات، کە پرۆمێسیۆس بێننە ژوورەوە. پرۆمێسیۆس، وەکوو قوربانییەکی دەستی چەتەکانی داعش و بەندەکانی (گوانتانامۆ) بە بەرگێکی پرتەقاڵی و تورەکەیەک بە سەرییەوە و بە بەستراوەیی دەهێنرێتە ژوورەوە. هەر چوارپەلی شەتەک دەدەن و وەک ئاژەڵێکی بێئیرادە، بە پەت و بە چوارپەل بەستراوی بۆ ئاسمان بەرزی دەکەنەوە، بە بەرزاوییەکەوە، لەسەر عەموودێکی کارەبا بە پێوە ڕایدەگرن.
ریژیسۆری نەمایشەکە، هەموو پرۆژەکەی کردۆتە کۆنسارێکی مۆسیقی، دەنگی ئەکتەرەکان، گۆرانییەکانی پرۆمێسیۆس و کۆرسەکە تێکەڵاوی تۆن و ئاوازی مۆسیقایەکی (شۆبارت) دەکات. دەقەکە شیعرە و شیعرەکەیش لەنێو مۆسیقاکەی شۆبارەت و دەنگ و تۆنی ئەکتەرەکاندا، یەکەیەکی تری هونەری، کە زیاتر لە شانۆیەکی سەراپاگیر و ئاهەنگئامێزەوە نزیکە، دروست دەکات. پیانۆیەکی میکانیکی، بەبێ پیانۆژەن لە سووچێکی قووڵایی شانۆکەدا، ئاوازەکانی دەکاتە ڕێ نیشاندەرێک، کارەکتەرێکی تر و یاریدەدەرێکی بەهێزی پرۆمێسیۆس و کۆرسەکەیش. لە بەشی پێشەوەی ئەوبەری شانۆکەیشەوە، ئامێرێکی گەورە، کە بەتایبەتی بۆ ئەم نەمایشە دروستکراوە، لەکاتی پێویستدا دەبێتە گۆرانی و تەواوکەری پیانۆ و دەنگی پڕ لە ئاوازی ئەو ئەکتەرەی ڕۆڵی پرۆمێسیۆس دەبینێت.
پرۆمێسیۆس بەو بەرزاییەوە، وشەکانی ئێسخیلۆس دەکاتە شتێک، وەک ئەوەی بیبینیت و هەستی پێبکەیت و لە دەقەکەوە جەنگی دژ بە ستەم و دەسەڵاتمان بۆ بەرجەستە دەکات. کۆمەڵێک لەوحی زیوو، دەبنە سمبۆلی هەور، دیمەنی سروشتی ناوچەکە، نەخشەی جەنگ و ئەو شوێنانەی سوپای پڕ لە چەک و تەقەمەنی لە ئامادەباشیدان.
ئۆلۆمپیا، ئییۆ، هێرمێس، سەرۆکی کۆرس ڕۆڵەکانییان ئاڵوگۆر دەکەن، بەچەشنی جۆراوجۆر ڕووبەرووی پرۆمێسیۆس دەبنەوە و ئەو وشانەی دەقەکە پێک دەهێنن، دەبنە ئاماژە و وێنەی شیکاری بۆ خودی نەمایشەکە. ئەوەی جێگای ئاماژەیە، ریژیسۆری نەمایشەکە مۆسیقاکەی شۆبارت وەک تەکنیکێکی نامۆبوون و یاریدەدەرێک بەکاردەهێنێت، لە هەمان کاتدا ریتمێکی مۆسیقی دەبەخشێت بە دەق و نەمایشەکە. دەقەکە شیعرە و لە مۆسیقا پێکهاتووە، نەمایشەکەیش ئەو شیعر و مۆسیقایەی کردووە بە یەکەیەکی هونەری و لە دیدی ریژی و جەستەی ئەکتەر و وێنەی نەمایشکەدا ڕەنگیان داوەتەوە.

