لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی و پەراوێزی بۆ داناوە,

کۆمیدیای فرانسیس (شانۆی نەتەوایەتی فەرەنسا) هەروەها دراماتنیش (شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم) خوازیارن لاش نۆرێن کاریان بۆ بکات. بەڵام، لە کاتێکدا ئەو بەردەوامە لەسەر نووسین؛ یاداشتەکان، دەقی نوێ و پارچە مینیاترییە لیریکییەکان، لەوە دەترسێت، کە وەک ریژیسۆر کار بکات. دوێنێ سپیندیۆمی (پێر گانێڤیک)، کە پشتگیرییەکی داراییە، پێی بەخشرا، خۆیشی لە دیدارێکی تایبەتمەندی ڕۆژنامەی سڤێنسکە داگبلادێد، بەشی کلتووردا، باسی ئەوە دەکات، کە لە چییەوە سرووش وەردەگرێت.<١>

لاش نۆرێن بۆ ماوەی چەند ساڵێکە هیچ دیدارێکی نەکردووە و خۆیشی لە هەموو جۆرە یادێکی لە دایک بوونی حەفتا ساڵەیی، بە دڵێکی خەمبارەوە دزیوەتەوە و لەبری ئەوە سەفەر بۆ پاریس دەکات. ئێستا بەهۆی ئەوەی سپیندیۆمی (پێر گانێڤیک)ی وەرگرتووە، ڕەزامەندی لەسەر ئەم دیدارە دەربڕیووە. ئەم سپیندیۆمەیش لەلایەن کۆمیتەی هونەرمەندانەوە پێی دەدرێت و بڕی پارەکەیش نیو ملیۆن کرۆنی سوێدییە.<٢>

لاش نۆرێن، سەرەڕای ئەوەی ئێستا تەمەنی حەفتا و یەک ساڵە و لەم زستانەدا دوو جار بە قورسی تووشی هەوکردنی قورگ و سنگ بووە، بەڵام هێشتا لە ژیان دایە و زیندووە. لەبەر ئەوەی نەخۆشی هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسەی هەیە، لەوانەیە هەڵامەتێکی بچووک ببێتە شتێکی قورس و کاریگەر. لەگەڵ ئەوەیشدا ئێستا لە قاوەخانەیەکدا پێکەوە دانیشتووین، گورجووگۆڵە و پڕە لە وزەیەکی گەورە.

کار و پرۆژەی نووسینەکانی باش دەڕۆن بە ڕێووە، کە ئەو خۆی وا هەست دەکات بەشێوەیەکی ڕوونبینی دەسەڵاتی بەسەریاندا دەشکێت. لە ئێستادا هەموو هێز و توانای خۆی بۆ نووسین تەرخان کردووە و چەندین پڕۆژەی بە دەستەوەیە، کە بەشێوەیەکی هاوتەریبی کاریان لەسەر دەکات؛ ئامادەکاری لە بەشی سێیەمی (یاداشتەکانی شانۆنامەنووسێک)دا، کە ، لە پایزی داهاتوو بڵاو دەکرێتەوە و ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ دەگرنە خۆ، چەند دەقێکی تازە و تێکستی لیریکی مینیاتری، هاوکات بە بەردەوامی بەشی کۆتایی یاداشتەکانی، کە بە (مردن) وەکوو نازناوێکی کاتی ئاماژەی بۆ دەکات، دەنووسێت، ئەوەی منیش تێگەیشتبم ، کاتێکی دیاریکراوی بۆ تەواوکردنی یاداشتەکانی نییە.<٣>

وایە. من ئێستا کاتەکانم لە دواوە دەژمێرم. دەزانم، کە ساڵانێکی زۆرم لە ژیاندا نەماوە، بتوانم چالاک بم. نووسین ستراکتورێکم بۆ دادەنێت. من، کە نەتوانم بنووسم، دەبم بەچی؟ تا چەندیتر دەتوانم لە نووسین بەردەوام بم؟ ئەوەی من بەڕێوە دەبات و ئاڕاستەم دەکات ویستێکی هۆشیارانەیە – بەڵام هاوکات من کچەکانیشم هەن، کە چەند دیوێکی جێگیرن لە ژیانمدا، وەک مانایەک و گرینگییان بڕاوەتەوە. هاوکات شتێکی پڕ مانا و زۆر جێگای سەرنجە بۆ من، کە تا بەرەو کوژانەوەی تەواوی بنووسم و بەردەوام بم، بیرچوونەوە مرۆڤ بێفەر و بێبەر دەکات.

کارکردن لەم هەموو پرۆژەیەدا و لەیەک کاتدا هیچ گرفتێک نییە، بەشێوەیەکی ساکار و ئاسایی، هەموو بەشێکی نووسینەکان، ئاڕاستە و فۆرمی جیاوازیان هەیە. ئەوەی زیاتریش سەخت و دژوارە ئەوەیە، کە لە پڕ چەندین شانۆ دەیانەوێت نۆرێن وەک ریژیسۆر بگەڕێتەوە و کار لە دەقەکانی خۆیی و هەروەها دەقی شانۆنامەنووسەکانی تریشدا بکات.

ئێستا من لەنێو دوو هەستی ناتەبادا تووشی شیزوفرێنیا بووم. دراماتن و بەرێوبەری ئەو شانۆیە (ئیریک ستوبو)، شانۆیەکی شنگهای و کۆمیدیا فرانسیس دەیانەوێت، وەکوو ریژیسۆر کاریان بۆ بکەم. دوای چەند هەفتەیەک دەچم بۆ پاریس تا گفتوگۆ لەسەر ئەو داخوازییەی ئەوان بکەم. لەوانەیە لەوێ کار لە دەقێکدا سەبارەت بە فەیلەسوفی فەرەنسی (سیمۆنە فیل)دا بکەم – دەقێک لە تێکستەکانی ئەوەوە، بەڵام هەر لەلایەن خۆمەوە وەک یەکەیەکی نوێ ئامادەیان دەکەمەوە.<٤>

گرفتە گەورەکە، گرفتە هەرە گەورەکە ئەوەیە، کە من ناتوانم لەیەک کاتدا ریژیسۆر و نووسەریش بم، کاری ریژی بکەم و بشنووسم. پرۆڤەکردن، گروپێک لە مرۆڤ و پەیوەندیکردن بەوانەوە، ئەو دەرگایەم لێ دادەخات، کە بتوانم گوێ لە تێکستەکانی خۆم بگرم و بیاننووسم و لەنێو خۆمدا بیانهێنمە دەرەوە.

هەموو ئەو هەست و سۆزانەی لە کاتی پرۆڤەکردنێکدا دەورووژێن و سەر دەردەهێنن و دێنە دەرەوە، هەر زۆر جوانن و بەهێزن، بەڵام ئەو لێشاو و هروژمی نووسینەی، کە هەمە بخەمە مەترسییەوە؟ من لەوەوبەر لە کۆمیدیای فرانسیس ئیشم کردووە و نەمایشم پێشکەش کردووە، کە زۆر قایل بووم پێی و هەروەها ئەو کارە سەرنجڕاکێشە زۆر بەهێزەوە بەرەو خۆی ڕامدەکێشێت، ئەو بایەخ و جدییەتەی لەوێ هەیە، بەڵام لەوە دڵنیا نیم، کە بتوانم ستۆکهۆڵم بەجێ دێڵم و دەستبەرداری ئەو خوێندنەوەیە بم، کە ئارامیم پێ دەبەخشێت… ئەوەیان نازانم.

ئاسانە لەم گرفتە بگەیت، بە تایبەتی کە مرۆڤ بزانێت نۆرێن چۆن دەنووسێت. ئەو بەشێوەیەکی بەهێز ڕۆتینێکی جێگیر و چەقبەستووی هەیە، هەمیشە هەمان جۆری ئامێری نووسین – ئای بی ئێم بە خڕۆکە و بەکرە و کاغەزی نووسینەوە، بە کاردەهێنێت، وەک جۆرێک لە فۆرمێکی ئۆتۆماتیکی نووسین وایە، کە دیالۆگ و پارچە تێکستەکان دەردەکەون، کە ئەو دواتر سەرلەنوێ دەیانووسێت و دەیان نووسێتەوە. ئەو دەنگ و پیاکێشانە ریتمییەی لە تەختەکلیلی پیتەکانەوە دێت و ئەو ئامێرە قوورسە، دەبێتە جۆرێک لە دەستڕەنگینی، لەوێدا وشەکان شەن دەکرێن و بەشێوەیەکی باشتر و گونجاوتر دێنە دەرەوە.<٥>

لاش نۆرێن هەنووکە دوو دەقی تازەی بۆ دراماتن نووسیوە. یەکێکیان لە ماڵێکدا، ئەوی تریشیان لە ناوچەیەکی گەشت و گوزاردا، ڕوودەدات. هەردوو دەقەکە، کارەکتەری وا لە خۆدەگرن، کە پیرن و زۆر چوونەتە تەمەنەوە، نە پیاو و نە ژنن، بەڵکو تەنها بوونەوەرێک یا خودگەرایەکن. دەقەکە لە پارچە تێکستی کورت پێک هاتووە، ڕۆڵەکان لە پشێویدان، پەیڤەکانیان جۆرێکن لە برسکان – وەکوو ئەوەی لە ژێر ئاوێکی قووڵەوە بدرەوشێنەوە، هەر بە تەواوی خودگەرا. دەقەکە زیاتر و زیاتر پڕ دەبێت لە جۆرێک لە خەم و پەژارە. ئیریک ستوبو دەیەوێت نۆرێن خۆی کاری ریژی بۆ ئەم دەقە بکات، بەڵام ئەو دوو دڵ و ڕاڕایە.

من ئیریک زۆر بەرز دەنرخێنم. ئەو ریژیسۆرێکی زۆر باشە و بۆ دابەشکردنی ڕۆڵەکانی هەردوو دەقەکە خاوەنی چەندین دیدی هونەرییە. بیربکەرەوە، گەر ئینگە لاندگرێ یان لێنا گرانهاگن بەشدار بێت. بەڵام، وەک گوتم، ئەگەر دەست بکەم بە دەرهێنان، ئەوە بۆ چەند مانگێک ناتوانم بنووسم. من لەم خۆگونجاندنە دەترسم.<٦>

هەروەها، کە خەریکی کاری ریژی بم فریای خوێندنەوەیش ناکەوم، کاری ریژی بیست ساڵە ئەدەبی لە من زەوت کردووە. ئەمڕۆ زۆر لەو شتانە دەخوێنمەوە، کە لە ساڵانی شەست و حەفتاکاندا لەخۆمم کۆکردبوونەوە. کتێبەکانم لە گۆتلاند کۆکردوونەتەوە. هەموو هاوینێک لۆرییەکیان لێ دەهێنم بۆ ئەوەی، ئەوانەی پێویستم نین فرێیان بدەم، بەڵام بە وردی سەیری هەموو ئەوانە دەکەم، کە فرێیان دەدەم، هەموو ئەدەبی سیکۆلۆژی، سیاسییەکان، بەشێکیشیان سەرلەنوێ دەستم کردۆتەوە بە خوێندنەوەیان. لەم ڕۆژانەدا زیاتر فەلسەفە دەخوێندمەوە. هایدگەر، بەرەو شیعرەکانی ڕیلکە یان هوێلدێرلین-م دەبات و دواتر گەڕانەوە بۆ ئەدەبی کلاسیکی (ئەنتیکە) و هەروەها دەقەکانیش، شانۆنامەنووسەکان. ئەمە سەرچاوە گەلێکن، کە بەرەو خوێندنەوەیەکی بەردەوامم دەبەن.<٧ و ٨>

ئێستا نووسەری فەرەنسی سارا کۆفمان دەخوێنمەوە، کە تێکستگەلێکی سەبارەت بە فرۆید و نیتشە نووسیوە. <٩> لە ڕاستییدا سارا کۆفمان یەکێکە لەو کەسانەی فۆرمولەی هەموو ئەو شتانە دەکات، کە ناتوانرێت گوزارشتیان لێ بکرێت. هاوکات ئەو دوو کتێبی بیوگرافیای خۆی نووسیون، کە تەواو ئەفسوناوین. ئەم نووسەرە ئافرەتە تا ئێستا هیچی بە سوێدی بڵاو نەکراوەتەوە، ئەمەیش بە ڕاستی ناخۆشە. من کتێبەکانی بە ئینگلیزی دەخوێندمەوە. بە ناوبانگترین کتێبی ناوی (قۆناخە سەرەتاییەکانی هونەر)ە. بیخوێنەرەوە، ئەوە کتێبێکی هەر زۆر باشە. ئێستاکە کۆفمان دونیای منە.

کارکردن لەگەڵ لاش نۆرێن، وەک ئەوە وایە، بەبێ بەربەست لەسەر چەندین ئاست بجووڵێیتەوە: لە ژیانی ڕۆژانەوە، هێنانەوەی کچە بچووکەکەی و بیرکردنەوە لە ڕاکردن لە خانووە بچووکەکەی لە شەقامی ڕۆسلاگسگاتانەوە بۆ گفتوگۆ دەربارەی شانۆ و هونەر یان نووسینێک لەسەر فەلسەفەیەکی ئاستبەرز. ئەوەی ڕاستی بێت هیچ جۆرە سنوورێکی توند و بەهێز لەنێوان ئەم بەشانەدا نییە – هەموویان کاریگەرییان بەسەر یەکترییەوە هەیە و یەکتر دەوڵەمەند دەکەن. کە پێکەوە باسی ڕۆژمێرەکانی دەکەین، ئەو گفتوگۆکە بە ئاڕاستەیەکی تردا دەبات و باسی بێرگسۆنی فەرەنسی دەکات و ئەوەی ئەو دووپاتی دەکاتەوە؛ لە پێویستی خوڵقاندنی کاتی خۆت، کە مرۆڤ جیهانە، نەک تەنها دانیشتوویەکی ئەوێیە. ئێمە بە بەردەوامییەوە بوونی خۆمان دەخوڵقێنین – ئەمەیش ئەوەیە، کە ڕۆژمێرەکان دەیانەوێت نموونەیەک بن بۆی.<١٠>

من ئاماژە بۆ ئەوە دەکەم، بە تەنیشت ڕۆژمێرەکانەوە – کە لەوێدا نۆرێن ڕێگا بە خۆی دەدات و شەڕانگێزانە دژی بەشێک لە ژیانی کلتووری سوێد بێتەوە، بەڵام هاوکات سەبارەت گەڕان و شت کڕین و پارە خەرجکردنێکی بەردەوام دەنووسێت – ڕۆژمێرێکی سێبەرئاسایش هەیە، هەموو ئەو شتانە لە خۆدەگرێت، کە ئەو نایاننووسێت، ئەوانەی ئەو جیای کردونەتەوە و لە دەرەوەی بازنەکەدان. ئەم شت کڕین و پارە بەفیرۆدانە بەردەوامە لە کڕینی فانیلەی نیوقۆڵی ڕەشی تازە و جل و بەرگی مارکە گران بەهاکاندا، تەنها نووسینەوەی شت و داخوازییەکانی تر نین و شتە خۆرسک و لەخۆوەهاتوو و دەست بەجێیەکانی تر؟<١١>

بێگومان تۆ ڕاست دەکەیت و لەسەر حەقیت. وەک دەزانیت، ڕۆژمێرەکان لە ئەدەب زیاتر هیچ شتێکی تر نین. من دەمەوێت ئەو دەستەواژەیە یان ئەو حاڵیبوون و چەمکە بخەمە چوارچێوەیەکەوە، کە هایدگەر بە پۆلێمۆس ئاماژەی بۆ کردووە، کە لە نەژاددا خواوەندێکی گرێکییە، تا ڕادەیەک ڕووبەرووبوونەوە، واتە دژ وەستان لەگەڵ دەوروبەرێکدا، کە دژی خۆمە. هەروەها ڕۆژمێرێکی تریش، بە تەنیشت ئەوی ترەوە، کە نە نووسراوە، بوونی هەیە – بەڵام ئەمە ئەوەیە، کە من ناتوانم بینووسم، هاوکات بەرامبەر بە تۆیش ناتوانم، وەک دەڵێن خاڵ بخەمە سەر وشە. ئەمە لەوانەیە هیچ بەهایەکیشی نەبێت، مەبەست لە ڕۆژمێرەکان ئەوەیە، وەک من دەیبینم، لە ڕوانگەی ئەوەوە فۆرمولەی بیروڕاکانم بکەم، خۆم ناچاری ئەوە دەکەم بەردەوام بم بەرەو ئامانجی نوێ، هەر وەکوو ئیبسن، کە من زۆر بەرز دەینرخێنم، هەمیشە خۆیی و کارەکتەرەکانیشی ناچار دەکات بەردەوام بن.

ئەوەی ڕاستی بێت ئێستا پارە زۆر سەرف ناکەم، هەموو جارێک شتێک دەکرم تەنها بیر لەوە دەکەمەوە، کە ئەو شتە لە دەست دەدەم – کە من دەمرم. من ئێستا هەست بەوپەڕی سەربەستیم دەکەم، هیچ پەیوەندییەکی خۆشەویستیم نییە، تەنها بۆ منداڵەکانم نەبێت. لەم نزیکانەدا چووم بۆ نیۆرک، بە تەواوی سەربەست بووم، هیچ کۆبوونەوەیەکی کار – جگە لە دوو کاتژمێر چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو وەرگێڕەی کار لە شانۆنامەی ٣. ٣١.٩٣دا دەکات. هەستێکی ئێجگار گەورەی بەختیاری بوو. خواست و تامەزرۆیی؟ ئا، کتێبی زیاتر و هونەر – ئەمەیش هەموو ئەو شتانەن.

من پرسیاری ئەوەی لێ دەکەم، ڕۆژمێرەکان وایان نەکردووە، کە خەڵکی دەبینێت، بیروبۆچوونییان سەبارەت بە تۆ چۆنە و ژیانی تایبەتی خۆت چۆن دەژیت یان وا بزانن دەتناسن، بەڵام ئەو بڕوای وایە، کە ئەو هیچ خەڵک یان کەسانێکی زۆر نابینێت، کە ئەو تا ئاستێک نادیار و نەبینراوە – ئەمەیش ئەو هەستەیە ئەو هەیەتی. ئەو لە پەراوێزی کۆمەڵدا دەژی.

لە هاویندا شانۆی شیلینگە یەکێک لە دەقەکانی هەشتاکانی (بۆبی فیشەر لە پەسەدینا دەژی) و دراماتنیش بۆ وەرزی پایزیان (سێبەرەکانیشمان بدەرەوە) لە ریژی ئیریک ستوبو، نەمایش دەکەن. لاش نۆرێن بە بەردەوامیش لەسەر شانۆکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا نەمایش دەکرێن.

ئا، بێگومان شتێکی خۆشە دەقەکان پێشکەش دەکرێن، هەرچەندە من هەرگیز ناچم بۆ شەوی یەکەمی نەمایشەکان. ناتوانم هەموو ئەمانە وەربگرم، ڕێگای ئەوە نادەم کاتەکانم لێ بدزرێت.

ئەو هەڵدەستێتە سەرپێ، لە پڕ ماندوو دیارە و دەچێت بۆ کتێب فرۆشی رونێلس، لەو بەری شەقامەکەوە تا بەدوای کتێبەکانی پاوڵ ریسکیۆردا بگەڕێت. دوای ئەوە سەرلەنوێ بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی بنووسێت.

پەرواێزەکانی وەرگێر

١- لاش نۆرێن لە ١١/٥/٢٠١٥ ئەو سپیندیۆمەی وەرگرتووە و ڕۆژی دوایی لەلایەن ڕەخنەگری شانۆیی لاش رینگەوە ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ کراوە.

٢- دامەزراوەی پێر گانێڤیک تەنها بۆ ئامانجە کلتوورییەکان، لە لایەن کۆمیتەی هونەرمەندانەوە لە ساڵی ٢٠١٢دا دامەزراوە، لە ڕێگای سپێندیۆمەوە یارمەتی دارایی دەبەخشێت بەو هونەرمەندە چالاکانەی، کە بەهایەکی گەورەیان بۆ ژیانی کلتووری سوێدی هەیە. ئەم سپێندیۆمە دوایی ئەوەی پێر گانێڤیک، کە سەرمایەدارێکی سوێدی و هونەرپەروەر بووە، دوای مردنی بەشێکی زۆری سەرمەیاکەی ڕادەستی ئەم کۆمیتەیە کردووە بۆ یارمەتیدانی هونەرمەندان. لەساڵی ٢٠١٢ەوە ساڵانە پێنج سپێندیۆم لە بوارەکانی وێنەکێشان، دیزاین،مۆسیقا، شانۆ، سەما و فیلمدا دەبەخشێت.

٣-لاش نۆرێن تا ئێستا دوو بەرگی گەورەی دوو سێ هەزار لاپەڕەیی لە بیرەوەرییەکانی خۆی بە ناونیشانی (یاداشتەکانی شانۆنامەنووسێک)ەوە بڵاو کردۆتەوە؛ بەرگی یەکەمیان لە ساڵی ٢٠٠٨ و بەرگی دووهەمیشیان لە ساڵی ٢٠١٢دا دەرچوون. لەم دوو بەشەدا، جگە لە نووسین و بڵاو کردنەوەی هەموو پەیوەندی و وردەکارییەکانی ژیانی، بە توندی هێرشیش دەکاتە سەر کەسایەتی و ناوەندە کلتووری و ڕۆشنبیرییەکەی سوێد، تەنانەت لە هاوڕێ و هاوپیشە و کەسە نزیکەکانی خۆیشی نابوێرێت.

٤- سیمۆنە فیل ژنە فەیلەسوفێکی فەرەنسی بە نەژاد جولەکە بووە و لە ساڵی ١٩٠٩دا لە پاریس لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩٤٣دا لە بەریتانیا کۆچی دوایی کردووە.

٥- لاش نۆرێن تا ئێستایش کۆمپیوتەر بۆ نووسین بەکارناهێنێت و هەر بە ئامێری چاپ (تابعە)کەی جاران دەنووسێت.

٦- ئینگە لاندگرێ، یەکێکە لە خانمە ئەکتەرە دێرینەکانی شانۆی سوێدی و لە ساڵی ١٩٢٧دا لە ستۆکهۆڵم لە دایک بووە، هاوکات لێنا گرانهاگنیش ئەکتەر و گۆرانیبێژە و لە ساڵی ١٩٣٨ لە دایک بووە.

٧- ڕاینەر مارییە ڕیلکە، کە لیریکی نووسیوە، بە یەکێک لەو شاعیرە گەورانەی بە زمانی ئەڵمانی نووسیویانە، دادەنرێت. ئەم شاعیرە لە مانگی دوانزەی ساڵی ١٨٧٥ لە پراگ لە دایک بووە، لە مانگی دوانزەی ساڵی ١٩٢٦دا لە سویسرا کۆچی دایی کردووە.

٨- فرێدریش هوێلدێرلین لە مانگی سێی ساڵی ١٧٧٠ لە دایک بووە و لە مانگی شەشی ساڵی ١٨٤٣دا کۆچی دوایی کردووە؛ نووسەر و وەرگێڕێکی ئەڵمانییە و بە یەکێک لە نووسەرە ڕۆمانسییە گەورەکانی ئەڵمانیا دادەنرێت.

٩- سارا کۆفمان لە ساڵی ١٩٣٤ لە پاریس لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩٩٤دا هەر لە پاریس کۆچی دوایی کردووە.

١٠- ساڵی پار ڕانانێکی یاداشتەکانی لاش نۆرێنم لە ڕۆژنامەی (ڕەخنەی چاودێر)دا بە ناونیشانی (یاداشتەکانی شانۆنامەنووسێک) بڵاو کردۆتەوە.

١١- نۆرێن بۆ نموونە لە یاداشتەکانیدا، زۆر بەوردی باسی کرینی جل و بەرگە گرانبەهاکانی خۆیی و پارە خەرجکردنێکی بێشومار دەکات، ئەمەیش ڕووبەرووی ڕەخنەیەکی توندی کردۆتەوە.

سەرچاوە، ڕۆژنامەی سڤێنسکە داگبلادێد، بەشی کلتوور ١٢/٥/٢٠١٥