تراجیدیای گرێکی و شەڕی تیرۆر

پیاوێک کچەکەی خۆی دەکاتە قوربانی، خۆی لەلایەن ژنەکەیەوە دەکوژرێت، کە ژنەکەیشی بەدەستی کوڕەکەی تۆڵەی لێ دەسەنرێتەوە و دەکوژرێت، بۆ ئەم تۆڵەسندنەوەیش، خوشکەکەی یارمەتی دەدات. هەمووشیان تاوانەکانیان لەبەر هۆکارێکی گرینگ ئەنجام دەدەن: خواوەندەکان و ستراکتوری دەسەڵات و کۆمەڵ داوای تۆڵەسەندنەوە دەکەن. هەموو کردارەکانیش کاردانەوەیەکیان هەیە و هەموو ڕووداوەکانیش ئەنجامێک. مرۆڤ ملکەچی ڕێساکانی رژێم و سیستێمی دەسەڵاتداری و رۆڵ و داواکارییەکانە، ئێمە تەنانەت لەگەڵ خێزانەکانیشماندا لە هەوڵی بەدەستهێنانی پێداویستییە خودگەراییەکانی خۆمانین. دەقێکی دێرینی وەک (ئۆرێستێیا)ی ئێسخیلۆس ٥٢٥-٤٥٦ی پ.ز باسی ئەمانە دەکات. ئۆرێستێیا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٤٥٨ی پ.ز دا لە ئەسینا، بە دوو ساڵ بەر لە مەرگی ئێسخیلۆس نەمایش کراوە.

ئەو کێشە و ململانێیەی، کە لەنێوان کارەکتەرەکاندایە هەرچەندە زۆر کۆنە، بەڵام لە ڕووی سایکۆلۆژییەتی کارەکتەر و پەیوەندییەکانی نێوانیان و ڕۆنانە درامییەکانەوە، نوێیە. ڕووداوەکانی ئەم تراجیدیانە لە مێژووی خوێناوی خێزان و بنەماڵەی ئەتریدەکانەوە وەرگیراوە، تۆڵەسەندنەوە مێتودی ئەو بنەماڵانە بووە و خوێن ڕشتنیش تاکە چارەسەر. بەڵام ئەم مەسەلەیە لەلای ئێسخیلۆس و لە سێینەی (ئۆرێستێیا)دا رێچکەیەکی تری وەرگرتووە و لەبری تۆڵەسەندنەوە بە لێبوردن کۆتایی هاتووە. بەشی یەکەمی ئەم سێینەیە (ئاگامێمنون) باسی گەڕانەوەی ئاگامێمنونی پادشا و کوشتنی دەکات، بەشی دووەم (خواردنەوەی قوربانی بۆ مردووان) باسی ئەوە دەکات، کە چۆن ئۆرێستێس تۆڵەی باوکی دەکاتەوە و ئایگیستۆس و کلیۆتایمێسترای دایکی دەکوژێت، بەشی سێیەمیش (ئێومێنیدەکان) بە ئاشتبوونەوە و ڕێککەوتن چارەسەری ئەو کێشە دژوارە دەکات.

گروپێکی گەنجی ئەزموونگەری، ئەم دراما دێرینە گرێکییە لە دەریایەکی پڕ لە خوێن و بەجەستەی ڕووت و قووتی ئەکتەرەکانیانەوە پێشکەش دەکەن. ئەم سێینە دێرینە هەمیشە سامانێکی گەورە بووە بۆ لێکۆڵینەوە دەروونییەکانی سیگمۆند فرۆید، هاوکات بۆ بەشێکی زۆری شانۆنامەنووسەکانی دونیا، لەوانە شەکسپیر، ستریندبێرگ، یۆژین ئۆنێل و بێگومان لاش نۆرێنیش، بە تایبەتی لە خستنەڕووی مەسەلەکانی فەرزەندە و باوان، دەسەڵاتی دایک و باوکسالاری و کێشەکانی تری خێزاندا.

ئەم ریژیسۆرە، دەقەکەی ئێسخیلۆسی کورت کردۆتەوە، هەندێک لە دەقی شانۆنامەکانی نۆرێنی تێکەڵاو کردووە و گەشتێکی پڕ لە تەنگەژە و خوێن، لە درامای گرێکییەوە بۆ دراما و شانۆی هاوچەرخی سوێدی دەکات. ئێسخیلۆس لە بنەمای دەقەکانی نۆرێنەوە دەخوێندرێتەوە و مەسەلەکانی تۆڵەسەندنەوە و شەڕی نەوە و پەیوەندییەکانی بنەماڵە، شرۆڤەی ستراکتوری دەسەڵات، رژێم، یاسا، پرۆسەی دیموکراسی و پەیوەندییەکانی دین و دەوڵەت دەکات.

لەم نەمایشەدا، ئەپۆلۆ بە دەرپێی کورتەوە دێتە سەر شانۆ، گیتار دەژەنێت و گەمە بە ڕاسپاردەی خواوەندەکان دەکات. هەموو کارەکتەرەکان و نەمایشەکە خڵتانی خوێنە و تەنانەت بینەرانیش، کە لە ژوورێکی تەسکی بچووکدا، بە چواردەوری نەمایشەکەدا دانیشتوون، لە پەڵەی خوێن ڕزگاریان نابێت. خوێن و توندوتیژی و سەربڕینی کارەکتەرەکان، بە وزەیەکی گەورەوە بەرجەستە دەبن، بەڵام هەمیشە بە تەکنیکە نامۆییەکەی (برێشت) کاریگەرییەکانی ئەو خوێن و توندوتیژییە لەلای بینەران دەبڕێت و لە دیمەنە یەک لە دوای یەکەکانی کۆمیدیایەکی ڕەشەوە بینەران هۆشیار دەکاتەوە و پەردە لەسەر ڕاستییە تاڵەکان هەڵدەداتەوە. جگە لە حەوز و فوارەیەکی بچووک، کە لەبری ئاو خوێنی پیا دێتە خوارەوە، هیچ سینۆگرافیایەکی تر لەسەر شانۆ نییە و ئەو حەوز و فوارەیەیش هێماگەلی ئەو خوێنە بەردەوامەیە، کە لەسەرەتاکانی بوونی مرۆڤەوە بە بەردەوامی دەرژێت.

لە هەندێک دیمەندا، ئەو دیوارەی شانۆکە، کە یەک پەنجەرەی گەورەیە، بە ڕووکاری سەرشەقام و وێستگەی شەمەندەفەری ناوچەکەدا دەکرێتەوە و هەندێک دیمەنیش لەو دیوو پەنجەرەکانەوە پێشکەش دەکرێن. ئەو خەڵکەی لە وێستگەکە وەستاون دەبنە بینەرێکی تری کتوپڕ بۆ نەمایشەکە و بە چاوێکی پڕ لە گومان و تێڕامانەوە لە ئەکتەرە نیمچە رووتەکان دەڕوانن، کە بە پەنجەرەکاندا سەردەکەون، چەقۆ لەیەکتر دەدەن و دەست لە ملانێ دەکەن. هەر لەم دیمەنانەدا، هاوار و قیژەی (ئێلێکترا) لە وێستگەی شەمەندەفەر و گەراجی ماشێنەکانی تەنیشت شانۆکەدا دەنگ دەداتەوە. ئەم دیمەنانە مۆرکێکی سەردەمی، شەری ناوخۆ، دەسەڵاتێکی ڕەشی تێرۆرمان بیر دەخەنەوە و لە چاوتروکانێکدا، شانۆنامەیەکی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر، بەرجەستەی جەنگە خوێناوییەکانی ئەمرۆی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان بۆ دەکات. دیمەنە توندوتیژەکان، مۆرکێکی لاقەکردن، شێوازێکی دڕندەئاسای دژ بە ڕەگەزی مێینە و سەرجێگاکردنێکی زۆرەملێ و خوێناوی لەخۆدەگرن.

ئەگەر لە دیمەنی کۆتایدا لەلای ئێسخیلۆس بە دەنگدانێکی دیموکراسی، ئۆرێستێس لە شەڕی تۆڵە لێ سەندنەوە ڕزگار بکات و پرۆسەی دیموکراسیش بە کۆمەڵگای ئەوروپی ببەخشێت، ئەوا لەم نەمایشەدا، بینەران دەبنە هاووڵاتیانی ئەو کۆمەڵگایە و دەنگ بە جەندەر دەدەن: پیاو یان ژن، لە کامیان خۆش بین؟ کێ مافی ئەوەی هەیە، کە تۆڵە بسێنێتەوە و کەسی تر بکوژێت؟ بینەران دەنگ بە ئافرەت دەدەن، بەڵام ئەپۆلۆی خواوەند هیچ گوێنادات بەوەی مرۆڤ چی دەڵێت. لەبری ئەوە بینەران بانگهێشتی بیرە خواردنەوە دەکات و ژیان، توندوتیژی، کوشتن و چەوساندنەوە و سەرکۆنەکردن بەردەوامە.

ئەوەی لەم نەمایشەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەو وزە بەهێزە فیزیکییەی ئەکتەرە، کە جووڵانەوە خێرا و هاوار و بەکارهێنانی جەستە و ریتمێکی ریتواڵئاسای خوڵقاندووە و پەیوەندییەکی میکانیزمی فرە مەودایشی بە بینەرانەوە دروست کردووە.