میشیما و مارکیسینان دی ساد

نووسەری ژاپۆنی یوکیو میشیما ١٩٢٥-١٩٧٠ لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا دەبێتە کەسێکی جەنگاوەر و ناشونالیستێکی توندڕەو و گروپێکی چەکدار لەژێر چاودێری و بەرەزامەندی حوکومەت دادەمەزرێنیت. لە ٢٥ی مانگی یانزەی ساڵی ١٩٧٠دا، لەگەڵ چەند گەنجێکی ئەو گروپەدا هێرش دەکەنە سەر وەزارەتی بەرگری ژاپۆن و بۆ ماوەیەک داگیری دەکەن. میشیما لە بانیژەی ئەم وەزارەتەوە مانێڤێستێک دەخوێندێتەوە و باسی لاوازی پرۆسەی دیموکراسی دەکات، بەڵام سەربازەکان گوێی لێناگرن و لەبری ئەوە هووهای لێ دەکەن. دوای ئەوە بە ریتواڵێک شمشێرەکەی لەسەر سنگی توند دەکات و لەسەر داوای خۆی یەکێک لە هاوکارە نزیکەکانی سەری لە جەستەی جیادەکرێتەوە و بەو شێوەیە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. ئەو ریتواڵەیش، بەشێوەیەک لە شێوەکان لە هەموو ڕۆمان، نۆڤێلت، گووتار و دەقە شانۆییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە: لەلای میشیما مەرگ جەستەیە. هەموو وشەیەک، هەموو وێنەیەک، هەموو گێڕانەوەیەک لە نووسینەکانیدا گەشتێکی پیرۆزی چاوەڕوانکراوە بەرەو قوربانی و مەرگ، ئەمەیش بۆ میشیما کۆتایی ئەو هونەرەیە، کە کۆتایی بە دوالیزم دەهێنێت.

11268125_10205776980597223_511666409_nمەرگ سەرکەوتنی بێدەنگییە بەسەر وشەدا، سەرکەوتنی کردارە بەسەر ڕەهەندەکانی بیرکردنەوەدا و سەرکەوتنی ویستە بەسەر چارەنووسدا، ئەمانەیش لەلای میشیما دوا خاڵ و سنوورەکانی ئەندێشەن. میشیما لە یەکێک لە ڕۆمانە بیوگرافیاکانیدا، باسی منداڵی خۆی وەک مردوویەک لە ژیاندا دەکات، کە دواتر لە ڕۆمانی (خۆر و پۆڵا)دا ڕەهەندێکی تراجیدی پێ دەبەخشێت. خۆر و پۆڵا ژیانی میشیما دابەش دەکات بەسەر (بەر لە) و (لە دوای) . بەر لە: تەنها، بێڕەنگ، ناشیرین و خەیاڵئامێز. لە دوای: پیاوی ناو پیاوانە، لەش و لارێکی جوان و پتەو، ئەسمەر، دەم بەخەندە و بێدەنگ. ڕۆمانەکانی تریشی بۆ نموونە، داخوازی عیشق ١٩٥٠، دڵدارییەکی قەدەخەکراو ١٩٥١، کە زیاتر باس لە هەستکردنێکی خودگەرایانەیە بە گوناه. هەروەها لەنێوان ساڵانی ١٩١٢-١٩٦٠دا چوار ڕۆمانی تر دەنووسێت، کە یەکتر تەواو دەکەن و یەک یەکەی فیکری و هونەری پێک دەهێنن؛ لەم چوار ڕۆمانەدا باسی یەک کەس دەکات، کە لە چوار ڕۆحی جیاوازدا ژیاون: وەک گەنجێکی ئەرستۆکرات، سیاسییەکی فەناتیزم، شازادەیەکی تایلاندی و گەنجێکی بێلانە و بێفەرزەندە. بنەما هزرییەکانی ئەم بەرهەمە و رووبەرووبوونەوەی کەسایەتییەکە لە هەر چوار ڕۆمانەکەدا، سەبارەت بە مەرگە.

بۆ میشیما لەپاڵ ڕۆماندا، شانۆ بەرزترین ئاستەکانی جوانییە و ئامڕازێکی گرینگی فیزیکیشە بۆ گوزارشتکردن: میشیما ژمارەیەکی زۆر درامای نووسیوە، لە ساڵی ١٩٦٣شدا پێنج دەقی مۆدێرنی شانۆی (نوو)ی نووسیوە و هەر لە ڕێگای شانۆیشەوە ناوبانگی گەورەی جیهانی بەدەست دەهێنێت. دەقە شانۆییەکانیشی لە دیدێکی پلاستیکی و ئێستاتیکایەکی فیزیکییەوە نووسیوە و ڕووداو و کارەکتەر و ستراکتوری دەقەکانی بنەمایەکی فیزیکییان هەیە و لە دەرەوەی بنەما سیکۆلۆژی و ڕیالیزمییەکانەوە داڕێژراوە.

میشیما یەکێک لە شانۆنامە گرینگەکانی، کە لەساڵی ١٩٦٥دا نووسیویەتی سەبارەت بە نووسەر و کەسایەتی کلتووری فەرەنسی (مارکیس دی ساد)ە ١٧٤٠-١٨١٤ ، کە ئێستا لەسەر شانۆی پادشایەتی (دراماتن) لە ستۆکهۆڵم پێشکەش دەکرێت. خۆ ئەگەر دوانەی ئازار و چێژ، سووکایەتی پێ کردن و نەشئە، بنەما سەرەکییەکانی ئەدەبی میشیما پێک بهێنێت، ئەوا دەقێک سەبارەت بە مارکیز دی ساد، هەموو دیدە سادییە، سێکسییە پڕ لە نەشئەکەی لەخۆدەگرێت. شانۆنامەی (مارکیسینان دی ساد) نموونەیەکە لەو هەژموونە بەهێزەی ئەدەبی کلاسیکی فەرەنسی، بە تایبەتیش (ڕاسین) کە بەسەر میشیماوە هەی بووە. دەقەکە تەنها لەیەک شوێن/ ژووردا ڕوودەدات، چەند ڕۆڵێکی دیاریکراو لە خۆدەگرێت و هێز و وزەی دیالۆگەکان، هەموو شتەکان دەخاتە ڕوو.

لەم دەقەدا ژنێک (رێنێ) هەموو ژیانی خۆی دەبەخشێت بە مێردەکەی (دی ساد). خاتوو رێنێ لە ماوەی هەژدە ساڵدا چاوەڕوانی دی ساد دەکات، کە بە تاوانی سێکسەناسازی و دژی ڕێسا سروشتییەکان لە بەندیخانە توند کراوە. هەر چەندە دی ساد سووکایەتی پێکردووە، تەنانەت بە بەردەوامی لاقەی کردووە، بەڵام رێنێ ئامادە نییە واز لە دی ساد بهێنێت و دەست بەرداری ئەو نابێت. هەموو ئەوانەیشی، کە ئاگاداری ئەم ژیانە تراجیدییەی رینێن داوای لێ دەکەن دەستبەرداری دی ساد بێت، بەڵام ئەو زیاتر بە دی سادەوە دەنووسێت، بەرگری لێ دەکات و بەهیچ شێوەیەک ئامادەی ئەوە نابێت دەستبەرداری جەلادەکەی بێت. داوێنپاکی خاتوو رێنێ هێندەی داوێنپیسی دی ساد گەورەیە.

میشیما سەبارەت بەم دەقەی خۆیی و چۆنییەتی نووسینەکەی دەڵێت: (کە ژیانی مارکیز دی سادم خوێندەوە، وەک نووسەرێک کەوتمە ژێر هەژموونی ئەو نهێنییە پڕ لە ڕاز و نیازەوە، کە مارکیسینان دی ساد، بەهەموو شێوەیەک وەفا و داوێنپاکی و پێداگری خۆی بۆ مێردەکەی، لەو ماوە درێژەی بەندیخانەدا دەربڕیووە، بەڵام لە هەمان کاتدا، کە بەر دەبێت و هەوای ئازادی هەڵدەمژێت، وازی لێ دەهێنێت و دەستبەرداری دەبێت. ئەم نهێنییە بووە سەرەتا و دەستپێکی شانۆنامەکەی من، کە هەوڵێکە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی لۆژیکی پێ ببەخشم.)

دی ساد، دوای هەژدە ساڵ، ئازاد دەکرێت، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ قامچییەکەی دەستی، وەکوو تەرزە بەسەر پشتی ڕووتی ژناندا ببارێنێتەوە و ئەوەی ئەو پێی خۆشە بیکات، چیتر بۆ رێنێ، کە هەژدە ساڵ چاوەڕوانی کردووە هیچ شتێک ناگەیەنێت. کە ئەو لە کۆتایدا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە قەڵەو بووە، پیسە، ددانەکانی کەوتووە و جلەکانی بەری شڕە و بۆنی جەستەی ڕزیووییان لێ دێت، ڕێگای پێ نادرێت بێتە ژوورەوە: سەربەستی لە هەندێک کاتدا ڕووخانە. مارکیز دی ساد، بە چەشنی گۆدۆ لەم دەقە/نەمایشەدا دەرناکەوێت، بەڵام بەشێوەیەکی بەردەوام لەنێوەندی ڕووداوەکاندایە و تێکڕای ڕووداوەکان بە چواردەوری ئەودا دەسوڕێتەوە و دیالۆگی هەموو کارەکتەرەکانیش هەر باسی ئەو دەکەن. لە کۆتایی شانۆنامەکەیش، کە دوای بەربوونی لە دەرگا دەدات، ڕێگای پێ نادەن بێتە ژوورەوە.

بەڵام لەلایەکی ترەوە، لەژێر ڕواڵەتەکانی ئەم ڕووداوانەدا، درامایەکی تر، کە مەسەلەکانی خۆڕزگارکردن، قووتاربوون و سەربەستییەکی ڕەها دەوروژێنێ، لەگەشەیەکی بەردەوامدایە. چاوەڕوانییەکەی مارکیسینان دەروازە و سەرەتایەکە بۆ پەرچەکردارێکی بەهێز و بۆ کردارێکی جودا و چوونە نێو قۆناخێکی تری پڕ لە سەربەستییەوە. لەلایەکی تریشەوە چاوەڕوانییەکەی ئەم خانمە سازش و ڕێککەوتنە لەگەڵ جۆرە دووروویی و ڕیا و دەمامکە درۆزنەکانی سالۆنە کلتوورییە باوەکانی ئەو دەمەی پاریس، کە بەهەموو شێوەیەک پێداگرییان لە داب و نەریتەکان کردۆتەوە.

مارکیسینان (رێنێ) بەرامبەر بەو چاوەڕوانییە سەختەی مێردەکەی (دی ساد) لە ڕەوشێکی توندڕەوی فەناتیزمێکی رۆمانسی نزیک دەبێتەوە. خاتوو رێنێ مرۆڤێکە هەموو ژیانی لەنێو جۆرە ململانێیەکی چڕ و دژواری خودگەرایزم و نۆرمالیتیزمدا دەبینێتەوە، هاوکات لە ڕێگای خۆبەدەستەوەدان دووڕوویی چینە کلتوورییەکەی ساڵۆنەکان لەخۆی دوور دەخاتەوە. ئەم دووڕوویی و دەمامکە کلتووری و بەریەکەوتنە دژە جەمسەرانە، بەتایبەتی لەنێوان خاتوو (دی مۆنترێیل)ی دایکی رێنێ و رێنێ خۆیدا دەردەکەوێت؛ دی مۆنترێیل بەهەموو شێوەیەک دەیەوێت مارکیز دی ساد هەرگیز لە بەندیخانەکان نەیەتە دەرەوە و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە جەستەی بڕزێت و وەک مۆمێکی بێ کەڵک و هەرزانبەها زوو بتوێتەوە.

لەم کێشەیەی نێوان خۆبەختکردنێکی تەواو و مورالێکی پەرگراماتیکیدا گەمەی ئەم کچ و دایکەیش دەگاتە ئاستە بەرزەکانی نواندن و دراماکە. لە ڕەوشێکی هێمنی نزیک لە بێ جووڵەییەوە، دیوارێکی ڕەشی نەبینراو و نادیار بوارە دەروونییەکانی ئەم دوو کارەکتەرە، لە شەڕێکی ئەبەدی نزیک دەکاتەوە. چەندە رێنێ پێداگەری بکات، هێندە خاتوو دی مۆنترێیلی دایکی وەک ئاژەڵێکی کێوی لێ دێت و دەیەوێت پەلاماری قووربانییەکەی بەردەمی (رێنێ) بدات. ئەم ڕووبەرووبوونەوەیە، لە فۆرمێکی ئێستاتیکی و لە گەمەیەکی هونەری و ئاستێکی بەرزی نواندا، زەمەنمان بۆ دەکاتە کاتژمێرێکی تیژڕەو و زوو دەگەینە لێوارەکانی کۆتایی ژیان. کات تێ دەپەڕێت، ڕەنگی جلەکان لە سوورێکی تۆخی شەرابییەوە دەبێتە خۆڵەمێشییەکی تۆخ، کە زیاتر لە خۆڵەمێشی جەستەیەکی سووتاو دەچێت. ڕووداوەکانی پەردەی یەکەم لە ساڵی ١٧٧٢دا ڕوودەدات، دووەم لەساڵی ١٧٧٨ و پەردەی سێیەمیش لەساڵی ١٧٩٠دا ڕوودەدات. هەروەها لە پەردەی سێیەمدا، وەک هێماگەلێک بۆ شۆڕشی فەڕەنسی لە ساپیتەی ژوورەکەوە، ئاوێک بەشێوەی تاڤگەیەکی هێمن بەسەر ئەکتەرەکاندا دێتە خوارەوە و دەبن بە داهۆڵ. ئەمەیش هێماگەلێکە بۆ پاک کردنەوەی گوناهەکانییان و سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی کەسایەتییەکانییان بەشێوەیەکی تر.

جەستەی ئەکتەرەکان، لەم ژوورە ڕەشە چوارگۆشەییەدا، بەتێپەڕبوونی کات، وەک ئاوێنەیەکی تەڵخ لەسەر دیوارەکان دەبریسکێنەوە و دەردەکەون. ئەم جەستە تارمایی ئاسایانەی کارەکتەرەکان، لەسەر دیوارە ڕەشە بەباق و بریقەکانی ژوورەکە، چەندین مەودای بیرکردنەوە، خوێندنەوەی جودا و بیرۆکەی هەمەچەشن دەخوڵقێنێت، بۆ نموونە بیرکردنەوەی موراڵی، ئایدۆلۆژی و ئاینییەکانی ئەمرۆیشمان لە شەڕێکی گەورەدا بۆ دەخاتە ڕوو. ئەمەیش وامان لێ دەکات، کە هەست بە پێویستی بەریەکەوتنێکی ڕاستگۆیانە و ڕووبەرووبوونەوەیەکی ئازاد و چاونەترسانە بکەین بۆ بنەما سەرەکی و سەرەتاییەکانی ئەو چەمکە فەلسەفی و مورالییانە و ئاوێتەبوونییان و ڕەنگدانەوەشیان لە ژیانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگاکانی ئێمەدا.

دی ساد دەیەوێت ئەوە دووپات بکاتەوە، کە کەسێکی بوونگەرا و هەڵگری ڕاستییە. هەر ئەویش نمایندەی موراڵێکی مۆدێرنی واقیعی و سروشتی دەکات، مەسەلەکانی داب و نەریت تەنها درۆ و ئەفسانەیەکی بەتاڵی کۆمەڵە، کە بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی سەرکۆنەکردن و چەوساندنەوەی خەڵکی ژێردەستە دان. هەر لەم دەروازەیەوە، مارکیز دی ساد وەک ئازادترین رۆح و کەسێکی تەنهای ڕەها و سەرچاوەیەکی گرینگی مۆدانیزم ئاماژەی بۆ کراوە. مارکیز دی ساد لە کتێبی (سەد و بیست رۆژی سێکسەناسازی)دا دەڵێت: چەندین جار ئاواتەخوازی ئەوە بووم، کە پەلاماری خۆر بدەم، لە گەردوونی بسەندمەوە یان بۆ ئەوە بەکاری بهێنم تا ئاگر بەربدەمە دونیا.) دی ساد ئەم کتێبەی لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە نووسیوە، کە تا ئەو کاتەیش هەر لە بەندیخانەدا بووە. هەر دی ساد لە ساڵانی ١٨٠٠ەکاندا، زاراوەی سادیزمی بەخشی بەو کردارە توندوتیژە لادەرە سێکسییانەی لە کتێبەکانیدا دەیخستنە ڕوو. لەوانەیە فەلسەفەی موراڵ لەلای هەریەک لە دی ساد و میشیما ڕێگایەک بێت بۆ دۆزینەوەی فەلسەفەیەکی تری موراڵ، کە ئێمە بۆ نموونە لەم ڕۆژگارەدا، زۆر پێویستمان پێیەتی.

میشیما لەم دەقەدا لێکچوونێکی بەهێز لەنێوان سۆزانی و ئاغاژنەکانی ساڵۆنە بۆرژوازییەکاندا دروست دەکات یان بەواتایەکی تر لەنێوان دی ساد و ئەو ئافرەتە بۆرژوازییانەی قێز لەو دەکەنەوە.

ئەم دەقە لە گفتوگۆیەکی فەلسەفیدا سەبارەت بە خواست، داواکردن و میکانیزمی سەربەستیدا چر بۆتەوە. کارەکتەرە ئافرەتەکان، وەک دارێکی وشکی گەمەیەکی شەترەنج بەبێ گیان دەجووڵێنەوە. ئەم ئافرەتانە هەرچەندە باسی دی ساد دەکەن، کە لە بەندیخانە توند کراوە، بەڵام خۆیان بەندی جەستە و دەروونی خۆیان و ئەو بەندیخانەیەن، کە بۆ خۆیان درووستییان کردووە: خاتوو رێنێ بەندی ئەو بڕوا پتەوەیە، کە بە مێردە داوێن پیسەکەی هەیەتی، دایکی خاتوو دی مۆنترێیل بەندی بنەما و داب و نەریتەکانی کۆمەڵە، هەندێکی تریان بەندی دینن… هتد.

رووداوەکانی شانۆنامەکە، لە ساڵۆنەکەی (دیوەخان) خاتوو دی مۆنترێیل روودەدات. هەرچەندە شوێنەکە هەمان شوێنە، بەڵام بە تێپەربوونی کات، هەر وەک ژنەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت. خاتوو دی ساد لە هەموو کارەکتەرە ژنەکانی تر زیاتر گۆرانکاری بەسەردا دێت، بەدرێژایی هەژدە ساڵ چاوەڕوانی مێردەکەی دەکات، ئەم چاوەڕوانییەیش بە سیما و هەڵس و کەوت و باری دەروونییەوە دیارە، بە تایبەتیش کە هەموو ئامڕازێک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ئازادی بکات. لەم ڕووەوە دەقەکە تەنها باسی مارکیز دی ساد و خاتوو رێنێی خێزانی ناکات، بەڵکو باسی کاتیش دەکات؛ کە چی لە ئێمەی مرۆڤ دەکات. جل و بەرگ و کەل و پەلی ماڵەکە کاڵ دەبنەوە، قژ تەنک دەبێتەوە و شۆڕشیش کون دەکاتە هەموو شوێنێکەوە و هەموو شتێک سەروژێر دەکات، لەم نەمایشەدا لەو دەلاقە گەورەیەی دەکەوێتە ساپیتەی ژوورەکەوە، بەرجەستە دەبێت. هەروەها گۆرانکارییەکان، بەتایبەتی ئەو گۆڕانکارییانەی شۆڕشی فەڕەنسی دروستییان دەکات، بە ڕوونی بە ڕەفتاری کەنیزەکەی ئەم ماڵەوە دەردەکەوێت، لە بەشی یەکەم و دووەمدا، بە ئارامی، بە ئەدەبەوە، وەک بەردەستێک پێشوازی لە میوانەکان دەکات و دەرگاکانیان بۆ دەکاتەوە و دایان دەخات، بەڵام لە بەشی کۆتاییدا دەستی دەخاتە گیرفانەکانییەوە و وەک شاژنێک، بەسەرێکی بەرزەوە باسی ورگە زلەکەی دی ساد و ددانە زەردە ڕزیو و پیسەکانی دەکات.

 

سەرچاوە:

1- Markisinnan De Sade, Yukio Mishima. Dramaten

2- Ragnar Stromberg, Yukio Mishima, sjomannen som foll I onod hos havet, oversettning: Birgit och Morten Edlund. Lind &CO