شەوی دوازدەهەم و کەرنەڤاڵێکی شانۆیی
شانۆنامەی (شەوی دوازدەهەم)ی شەکسپیر بۆ یەکەمجار لە مانگی دووی ساڵی ١٦٠٢دا لە هۆڵی (وایت هۆڵ) نەمایشکراوە. ئەم هۆڵە، کە دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری لەندەنەوە، ئێجگار گەورەیە و تاکو ئێستا وەکوو خۆی ماوە. کە ئێستایش (شەوی دوازدەهەم) لەسەر شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم نەمایش دەکرێت، ریژیسۆری نەمایشەکە و بە هاوکاری سینۆگرافەکەی، هەوڵیان داوە هۆڵی (وایت هۆڵ)ی لەندەن، بەهەموو وردەکارییەکانییەوە لەسەر شانۆ بەرجەستە بکەن و ئەو ژینگە و ئەتمۆسفێرەی سەردەمی شەکسپیر و نەمایشکردنی (شەوی دوازدەهەم) بخوڵقێننەوە.
(شەوی دوازدەهەم) بە کەرنەڤاڵێکی کۆمیدی ئاماژەی بۆ دەکرێت و ڕەگەز و ستراکتوری دەقەکە، وەکوو شانۆ لەناو شانۆ، خۆگۆڕینی کارەکتەرەکان، هەڵخەڵەتاندن و تەڵەی عیشق، ئەتمۆسفێرێکی پڕ لە خەندە پێک دێنن. ڕووداوەکان لە چەند هێڵێکی گشتیدا کۆدەبنەوە، بۆ نموونە (میر ئۆرسینۆ) عاشقی (دۆتمیر ئۆلیڤیا)یە و دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات. لەلایەکی ترەوە ماریا، کە کەسێکی نزیکی (ئۆلیڤیا)یە (مالڤۆلیۆ)ی سەرۆکی دەستەی کاربەدەستەکان، لە خشتە دەبات. ماریا نامەیەک بە شێوە دەستوخەتی (ئۆلیڤیا) بۆ (مالڤۆلیۆ) دەنووسێت و داوای هەندێک شتی سەیری لێ دەکات، کە پانتاییەک بۆ کۆمیدیا دروست دەکەن، بۆ نموونە، جۆری پێکەنین، لەپێکردنی گۆرەوی زەردی درێژ، کە ئۆلیڤیا ڕقی دونیای لێیەتی و هەندێک ڕەفتاری تری کۆمیدیدا بەرجەستە دەبن.
لەلایەکی تریشەوە لەیەک دابڕان و بزربوون، (ڤاپۆلا) و (سێباستییان)، کە خوشک و برایەکی دوانەن، لە تێکشکاندنی پاپۆرێکدا لە یەکتری بزر دەبن و ئەمەیش دەبێتە هۆی ، کە هەر یەکەیان وا بزانێت ئەوەکەی تر مردووە. (ڤاپۆلا)ی خوشکی (سێباستییان) خۆی لەبەرگی پیاودا دەگۆڕێت و ناوی خۆی دەنێت (سێزاریۆ). لەلایەکی تریشەوە (ئۆلیڤیا) عاشقی (ڤاپۆلا)یە، کە ئێستا ناوی (سێزارێو)یە و لە بەرگی پیاودا خۆی دەردەخات.
بیرۆکەی دوانەیەک، کە بە ڕێکەوت لە یەکتر جیادەبنەوە و دواتر لەنێو هەمان ژینگە و شوێندا دەربکەونەوە، بەبێ ئەوەی بەیەکتر بزانن و بزانن، کە هەردووکیان لە هەمان شوێندا دەجوڵێنەوە و هەروەها بەبێ ئەوەی کارەکتەرەکانی تر ئاگاداری ئەوەبن، کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ یەک کەسدا ناکەن، بەڵکو لەگەڵ دوو کەسدا، بەبێ ئەوەی بەوە بزانن، بەر لە شەکسپیر و لەسەردەمی ڕۆمەکاندا، لە ڕۆمان و کۆمیدیاکانیاندا بەکارهاتووە. شەکسپیر لێرەدا ئەم بیرۆکەیە لە فۆرمێکی کۆمیدیدا دادەڕێژێت و ڕووداو و کارەکتەرەکان تێکەڵاو دەکات و وەک گەمەی بووکەڵە یارییان پێ دەکات.
لەسەردەمی شەکسپیردا، لەشەوی دوازدەهەمدا، کە دەکاتە دوایین شەوی ئاهەنگەکانی (کریسمەس) خەڵکی ئاهەنگیان گێڕاوە؛ خۆیان گۆڕیوە، گەمە و گاڵتەوگەپییان کردووە. لەم ئاهەنگانەدا هەموو داب و نەریتەکان تێک شکێنراوە؛ میر و ئاغاکان ڕۆڵی مزگێن و بەردەستییان بینیووە و نۆکەرەکانیش بۆ تەنها شەوێک بوون بە میر و دەسەڵاتییان گرتۆتە دەست. هەروەها ژنان ڕۆڵی پیاو و پیاوانیش ڕۆڵی ژنانییان بینیووە و خۆگۆرین لەبەرگی نەژادێکی تردا شتێکی باو بووە. بێگومان شەکسپیر سوودی لەم داب و نەریتە کۆمەڵایەتییە وەرگرتووە. لە شانۆنامەی (شەوی دوازدەهەم)دا ئەم خۆگۆڕینە دەبێتە مۆتیڤێکی نائارام، کچێکی گەنج خۆی لەبەرگی کورێکدا دەشارێتەوە، بەڵام لەوەبەر تەنها کوڕ خۆی لەبەرگی کچدا گۆڕیووە و لە شانۆی ئێلیزابێسیدا هەمیشە ڕۆڵی ئافرەت لەلایەن کوڕە گەنجەکانەوە بینراوە. ڕۆڵی ئافرەتیش لە دراماکانی شەکسپیردا زۆر کورتترە لە ڕۆڵی پیاو، شەکسپیر دەیزانی کورەکان تا چ ئاستێک دەتوانن ڕۆڵەکانییان ببینن، ئەوان دەیانتوانی ڕۆڵی ئافرەت ببینن، بەڵام ڕۆڵی ئافرەتی پیر بۆ ئەکتەرە کورەکان سەخت بووە.
لەم دەقەیشدا هەر بۆ نموونە، گەمەیەکی شانۆیی ڕووداو و کارەکتەرەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، پیاو دەبێتە ژن و ژن خۆی دەکات بە پیاو. (ڤاپۆلا)، کە خۆی لە بەرگی پیاوێکدا دەگۆڕێت، بۆ ژیانی خۆی و لە ژیانی خۆیدا دەبێتە ئەکتەر و (ئۆلیڤیا)یش لەبەرگی (کێساریۆ)دا ڕۆڵی خۆی وەک عاشق دەبینێت. شەکسپیر خاڵی لاوازی کارەکتەرەکان دەخاتەڕوو، گەمەیان پێ دەکات و لە فۆرمێکی شانۆیدا، بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، ڕووبەرووی یەکتریان دەکاتەوە. میر عاشقی ئۆلیڤیایە، ئۆلیڤیا عاشقی کێساریۆیە، کێساریۆ عاشقی ئۆلیڤیایە، بەڵام کێساریۆ لە ڕاستیدا ڤاپۆلایە. لە پلانە هەمە لایەنەکەی شەکسپیردا، کە لە پرۆسەی خۆگۆرینی پێناس و نەژادی کارەکتەرەکاندا بەرجەستە دەبێت، ئۆلیڤیا عاشقی ڤاپۆلایە، ڤاپۆلا عاشقی میرە، میریش عاشقی ئۆلڤیایە. شەکسپیر بنەماکانی ئەدەبێکی ڕۆمانسی و شیعری، واقیعی و درامایەکی بەرزی لەم شانۆنامە کۆمیدییەدا تێکەڵاو کردووە و بە تەواوی یەکەکانی کات و شوێن و ڕووداوی تێک شکاندووە.
شەکسپیر وڵاتێکی ئەندێشەئامێزی بە ناوی (ئیلیریا)ەوە بۆ ڕووداوەکانی ئەم شانۆنامەیە خوڵقاندووە و بە تێکەڵێکی سەیر لە مرۆڤە جوداکان پڕی کردۆتەوە: کەسانی تاسەر ئێسقان دڵدار، بەپێچەوانەیشەوە شەڕخواز، پیر و گەنج، دڵتەنگ و سەرلێشێواو و بزر، شێت و وێت، کە لەهەموو ڕوویەکەوە ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆمانە. هەموو کارەکتەرەکانیش پەیوەستن بە ڕووداوەکانی دەقەکەوە. لەم وڵاتە ئەندێشەئامێزەدا ئێمە هەموومان ئەو کەسانەین، کە لە ڕووبەرووبوونەوەماندا لەگەڵ ئەوانیتردا، دەبین. کارەکتەرەکان لە هێڵی ڕووداوەکان و یەکەی کات و شوێندا پابەندی خۆشەویستی، ژان و ئازار، لەدەستدانی شتێکی بە بەها یان شێتبووندان. دەتوانین بڵێن بەشێوەیەکی گشتی شانۆنامەکە باسی خۆشەویستی، پیری و گەنجی، دابڕان، مۆسیقا، کات و چارەنووس دەکات.
کە شەکسپیر (شەوی دوازدەهەم)ی نووسیوە، لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا بووە و گەیشتبووە ئاستێکی بەرزی گەشەی هونەری. لە ماوەیەکی کورتدا، بەر لە نووسینی ئەم شانۆنامەیە یان پێ دەچێت لە هەمان کاتدا بووبێت، کە کاری لە شەوی دوازدەهەمدا کردبێت، شانۆنامەی (هاملێت)ی نووسیوە. هەردوو شانۆنامەکە، بە کارە بەرزەکانی شەکسپیر دادەنرێت، هاوکات ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی، کە شەکسپیر پێ دەنێتە قۆناخێکی تری نووسینەوە: هاملێت ترۆپکی شانۆنامە تراجیدییەکانییەتی، هەروەها ئەم شانۆنامەیە دەروازەیەکیشە بۆ شاکارە قووڵە سیکۆلۆژییە تراجیدیاکانی تری؛ ئۆتێلۆ، لیری پادشا، ماکبێس و ئەنتۆنێس و کیلۆپاترا، کە دواتر دێن.
ریژیسۆری نەمایشەکە، بەپشتبەستن بە دەقەکە، ڕۆڵێکی گەورە دەبەخشێت بە مۆسیقا، سێ مۆسیقاژەن وەک ئۆرکێسترایەکی بچووک لەلای چەپی پێشەوەی تەختەی شانۆکەدا بوونییان هەیە. بە بەردەوامی هاوشانی ڕووداوەکانی نەمایشەکە و لەکاتی پێویستدا ئەو کەرنەڤالە دەخوڵقێنن، کە شەکسپیر مەبەستییەتی. زۆرجار دێنە ناو ڕووداوەکانەوە، بەشداری دەکەن و دەبنە بەشێکی جیانەکراوەی یەکە هونەرییەکە. هەر لەنێو ئەم گروپە بچووکەدا، لێبوکێک هەیە و رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت؛ بە ئۆکۆردوێنەکەی دەستییەوە دیمەنەکان دەبەستێت بەیەکەوە، دەبێتە حیکایەتخوان، تێکەڵاوی ژیانی کەسایەتییەکان دەبێت و بەسەما، مۆسیقا، جووڵانەوەی خێرا و بە دیالۆگیش ریتمی نەمایشەکە ڕادەگرێت. لێبوکەکە بەسەربەستی بە نێو پانتاییە جیاوازەکانی نەمایشەکەدا دەگەڕێت، تەنها کەسێکە دەچێتە هەموو شوێنێکەوە و لەگەڵ هەموو کەسایەتییەکاندا گەمەی خۆی دەکات، گۆرانی دەڵێت، سەما دەکات و مۆسیقا دەژەنێت. تەنها کەسێکە، کە لە ژوورە فەرمییەکاندا، لەلای میر و شاژنەکاندا بەسەربەستی دێت و دەچێت و لە هەمان کاتدا لە ژووری کەنیزە و نۆکەرەکاندا دەژی.
جیهان هەموو کەسێک دەکات بە لێبوک، جگە لە لێبوکەکان خۆیان. تەنها ئەوان دەتوانن لەنێو گەمەی ڕۆژگار و لێبوکە گشتییەکەی دونیادا خۆیان دەرباز بکەن و خۆیان لە ژێر چەتری لێبوکەکەی خۆیاندا، خۆیان بشارنەوە.
