ئۆتێللۆیەکی هەمیشە مۆدێرن

10940475_10204933354347094_4478315507288178288_nشانۆنامەی ئۆتێللۆ لە ساڵی ١٦٠٤دا بۆ یەکەمجار لەسەر شانۆی گلوبن بەسەرکەوتنێکی جەماوەریی گەورەوە نەمایش کراوە و لە هەمان ساڵدا لە کۆشکی شاهانەیش نەمایش کراوەتەوە. شەکسپیر تراجیدیاکەی لەنێوان سێ کارەکتەری شانۆنامەکەدا: ئۆتێللۆ، دێزدەمۆنەی ژنی و یاگۆی هاوڕێیدا بونیاد ناوە، یاگۆ لە ڕێگای بوختان و پروپاگەندەی درۆوە، بۆ نموونە دزین و بەکارهێنانی دەستەسڕەکەی دێزدەمۆنەوە، گومانێکی ڕەش لەلای ئۆتێللۆ دروست دەکات، کە بە کوشتنی دێزدەمۆنە کۆتایی دێت.

ئۆتێللۆ کەسایەتییەکی بەهێزە، کە دەردەکەوێت سەرنجی هەموو لا بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت و خێرا دەچێتە چەقی ڕووداوەکانەوە، یاگۆیش هەست دەکات بە دەرکەوتنی ئۆتێللۆ دەکەوێتە پەراوێزەوە و پێگە و هێزی خۆی لەدەست دەدات، بەمەیش هەستی تۆڵەسەندنەوەی جۆش دەدرێت و ئیرەیی لایەنە ڕەش و شەڕانگیزەییەکەی دەخاتە ڕوو.

شەکسپیر بۆ نووسینی شانۆنامەکەی سوودی لە چەندین سەرچاوەوە وەرگرتووە، بۆ نموونە پادشای ئیسپانیا، فیلیپی دووەم کەسێکی دڵپیس و بەدگومان بووە و دەگێڕنەوە، کە ژنەکەی خۆی لە جێگاکەیدا خنکاندووە، نەک هەر ئەوە بەڵکو گومانەکانی پادشا لە شاژن بەهۆی لەدەست کەوتنەخوارەوەی دەستەسڕەکەی شاژن بووە بۆ بەردەمی ئەو پیاوەی پادشا گومانی لێی هەبووە. بێگومان ئەم چیرۆکە شانۆنامەی ئۆتێللۆمان بیر دەخاتەوە، هەرچەندە پسپۆڕانی بواری شەکسپیر زیاتر ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە شەکسپیر ڕووداو و کارەکتەرەکانی دەقەکەی، ڕاستەوخۆ لە نۆڤێلێکی ئیتاڵییەوە وەرگرتووە، کە لەساڵانی ١٥٠٠ەکاندا بڵاو کراوەتەوە.

ئێستا شانۆنامەی ئۆتێللۆ لە بەرگێکی نوێ و مۆدێرن و لەسەر شانۆیەکی بۆش و بە تەواوی ڕووت کراوەدا، لە شانۆی شار لە ستۆکهۆڵم پێشکەش دەکرێت. ریژیسۆری شانۆنامەکە، هەر لە سەرەتاوە لە ڕێگای سێ ڕەنگەوە، هێماگەلی نەمایشەکە، دیدی ریژی و چەمکە ئێستاتیکییەکەی بەرجەستە دەکات. ڕەنگی سوور، کە دەبێتە سمبولی خوێن و بەسەر شانۆکەدا بڵاو دەبێتەوە، پانتایی شانۆکە و تێکڕایی سینۆگرافیا، کە بریتییە لە چادرێک لە ناوەڕاستیی شانۆکەدا دانراوە، ڕەنگیان سپییە

و گوزارشت لە پاکی و بێگوناهی دێزدەمۆنە دەکات، بێگومان ژەنەڕاڵێکی ڕەشیش، دەبێتە هێمای دڵپیسیی و خۆشەویستییەکی کوشوندە.

ریژیسۆری ئەم نەمایشە، گۆڕانکاری ڕادیکاڵی لە دەقەکەدا کردووە، بۆ نموونە بە تەواوی دەقەکەی کورت کردۆتەوە، کارەکتەرەکانی لە دوانزەوە کردووە بە شەش و لە بۆچوونێکی سەردەمیانەوە ئامادەی کردۆتەوە و لەبری شانۆیەکی گەورە لە پانتاییەکی بچووکی شانۆیەکی ئینتیمدا نەمایشی دەکات.

ئەوەی لەم نەمایشەدا گرینگە و ریژیسۆر کاری لەسەر کردووە، تەنها مەسەلەی دڵپیسییەکەیە و مەسەلەکانی تری بە تەواوی لابردووە؛ ئۆتێللۆ هەموو ڕووداوەکان و تێکڕای کارەکتەرەکان لە ڕوانگەی پلانەکەی یاگۆوە دەبات بە ڕێگاوە و هەموو شتەکانی تر، کات و شوێن دەچنە پەڕاوێزەوە. دڵپیسییەکەی ژەنەڕاڵە ڕەشەکە، کارەکتەرەکان بەرەو مەرگ ڕاپێچ دەکات و مەرگ ئەنجامێکی لۆژیکی ئەو گەمە تراجیدییەیە. یاگۆ لەم گەمەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و هەر خۆیشی تراجیدیاکە دروست دەکات، پلانەکانی بۆ دادەڕێژێت، پەیوەندییەکان هەڵدەوەشێنێت، کارەکتەرەکان بە دەستی یەکتری بە کوشت دەدات و ڕۆڵەکانیش بەسەر چواردەور و دەوروبەرەکەیدا، بەوشێوەیەی ئەو دەیەوێت دابەش دەکات، بێگومان ڕۆڵی سەرەکیش دەبەخشێت بەخۆی.

یاگۆ لەم گەمەیەدا ریژیسۆرێکی میکیاڤیللییە، فێڵەکانی زۆرن، لە هەمان کاتدا نادیار و شاراوەن، پیلان و پلانەکانی هەر لە دەستپێکی پەردەی یەکەمەوە دیارن. لەم ڕووەوە یاگۆ پلاندانەرێكی وریا و بەسەلیقەیە، شەڕەکە تەنها لەسەر ئاستە هۆشیارییەکە ناباتەوە، بەڵکو ستراکتور و زمانی گەمە و ئەکتەرەکانیش دەباتەوە و دەیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە؛ ئۆتێللۆیەکی ئازا، جوامێر و سەربەرز تێک دەشکێنێت و سوکایەتی پێ دەکات.

ئۆتێللۆیش دەیەوێت بە کوشتنی دێزدەمۆنە مانا شێواو و لە دەستچووەکان بۆ ژیان، بۆ خۆی و بۆ دونیایش بگەڕێنێتەوە، هەر لەبەر ئەوەیشە، کە دێزدەمۆنە دەکوژێت تا بتوانێت بنەما ئاکارییەکان ڕزگار بکات، بۆ ئەوەی تۆڵەی نامووسی خۆی بکاتەوە، بۆ ئەوەی بەهاکانی خۆشەویستی و پاکیزەیی بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێسا مۆراڵییەکان. لە کۆتایشدا دێزدەمۆنەی پاک و شۆخ، رۆدریگۆی گێل، ئەمیلیای بەوەفا و ئۆتێللۆی خانەگومان دەمرن. هەر هەموو دەمرن. بە کورتی دەتوانین بڵێین لە تراجیدیای ئۆتێللۆی شەکسپیردا هەر هەموو کارەکتەرەکان دۆڕاون.

ریژیسۆری ئەم نەمایشە، شەکسپیر و ئۆتێللۆ دەهێنێتە نێو چرکەساتەکانی ئەم ڕۆژگارەمانەوە: کارەکتەرەکان جلوبەرگی ئەم سەردەمەیان پۆشیوە، زمانی دەقەکە نوێ کراوەتەوە و بە زمانی ئێمە دەدوێن، ستراکتور و ئەتمۆسفێری نەمایشەکە و زمانی جەستەی ئەکتەرەکان دەمانخەنە نێو ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژگارەوە و ئۆتێللۆ بە فانیلە قۆڵ کورتەکەیەوە دەبێتە وێنەیەکی فۆتۆگرافی مۆدێرن. هەروەها کارکردن لەسەر مەسەلەکانی خۆشەویستی، دڵپیسی، ڕاسیزم، میکانیزمی شەڕ، سێکسیزم، پەیوەندییەکانی لاوان بەیەکتر و بە نەوەکانی بەرلەخۆیانەوە، پێگەی ئافرەت و مەسەلەکانی دەسەڵات، وێنە نوێیەکەی ئەمرۆی کۆمەڵگا لەم نەمایشەدا چڕ دەکاتەوە.

ریژیسۆر چادرێکی لە ناوەڕاستی شانۆکەدا داناوە، بە بەردەوامی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لە چادرەوە دەبێت بە شوێنی حەوانەوەی سوپا، ماڵی ئۆتێللۆ، ماڵێکی هاوبەش، شوێنی کۆبوونەوەی کارەکتەرەکانی تر و لە کۆتایشدا ژووری نووستن و پێخەفی دێزدەمۆنە و شوێنی گوشتنەکەی. ئۆتێللۆ دێزدەمۆنە بەو سەرینە دەخنکێنێت، کە یەکەم ماچەکانی لە شەوی تاریکی بوکێنیدا لەسەر کردووە و هەر ئەو سەرینەیش لە شەوێکی تاریکی تردا، دوا هەناسەکانی دەگرێت و دەیخنکێنێت. هەر ئەم چادرە دەبێتە گەمەیەکی کۆمێدی و وێنەیەکی ئەبسوردی مرۆڤی هاوچەرخ، بۆ نموونە لە دیمەنی یەکەمدا، هەر هەموو کارەکتەرەکان، لە ژێر ئەو چادرەوە بە پاڵەپەستۆ دێنە دەرەوە و پێناسەی خۆیان و ڕۆڵەکانیان دەکەن.

ئەم ریژیسۆرە لەوەبەر کاری لەسەر چەندین شانۆنامەی تری شەکسپیر، بەهەمان شێوە کردووە و هەوڵی داوە شەکسپیر لە بنەماکانی ئەمڕۆوە بخوێندێتەوە و بیان بەستێتەوە بە کێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ململانێکانی ئێستاوە، بۆ نموونە ساڵی پار شالیری لە ئەتمۆسفێری خەستەخانەیەکی پیر و پەکەوتە و بەساڵاچووەکاندا نەمایش کردوە. شەکسپیر هەوەک ئێستا گوزارشتی لە پرسەکانی سەردەمی خۆی کردووە، نهێنی گەورەیی و بەردەوامی شەکسپیریش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دیدە هەمیشە زیندووەی بۆ ڕەوشی مرۆڤ و دەسەڵات و خۆشەویستی و ناپاکی و… هتد، هەیەتی.

Othello, kulturhuser, Stockholm stadsteatern