ئەکتەری نەبینراو
ئەکتەری بەنەژاد ژاپۆنی (یۆشی ئۆدیا) پەنجا ساڵ زیاترە دەستی کردووە بە کاری پیشەیی خۆیی، سەرەتا وەک منداڵیک و دواتریش لە شانۆی کلاسیکی (نوو) و (کابووکی)دا کاری کردووە. بەرلەوەی وڵاتیش بەجێ بهێڵێت لەگەڵ نووسەر و شانۆنامەنووسی گەورەی ژاپۆنی (یوکیۆ میشیما) چەند پرۆژەیەکی ئەزموونگەری لەسەر شانۆکانی تۆکیۆ پێشکەش دەکات. هەرچەندە ئەم هونەرمەندە هیچ زمانێکی ئەوروپی نازانێت و زیاتریش لەگەڵ داب و نەریتە کلاسیکییەکانی شانۆی (نوو)ی ژاپۆنی گەورە دەبێت، بەڵام بڕیار ئەدات بەرەو پاریس بکەوێتە ڕێ. ئۆدیا لە پاریس و لەڕێگای هەنەرمەند (ژان لویس بارۆ)ەوە پیتەر بروک دەناسێت، هەر زوویش دەبێتە یەکێک لە ئەندامە کاراکانی مەڵبەندی نێونەتەوەیی شانۆ و بەشداری لە گرینگترین پرۆژەکانی ئەو دەمەی بروک، هەر بۆ نموونە: گەرداوەکە، کۆنفرانسی باڵندەکان و مەهابەهاراتا… هتد دەکات. ئەم ئەکتەر و شانۆکارە تائێستایش لەگەڵ بروک کاردەکات و یەکێکە لە نزیکترین هاوکارەکانی و لە هەموو پڕۆژەکانیدا، ڕۆڵی سەرەکی و لەبەرچاوی هەبووە. ئۆدیا جگە لە کاری شانۆ، چەند کتێبێکی گرینگیشی سەبارەت بە هونەری شانۆ و نواندن نووسیوە، (ئەکتەری نەبینراو)یش یەکێکە لەو کتێبە دانسقانە. ڕەخنەگر و ریژیسۆر و ئەکتەری فەرەنسی (لۆڕنا ماڕشەڵ) وەک نووسەرێکی هاوبەش، چەندین تێکستی گرینگی لەنێو بەشەکانی ئەم کتێبەدا نووسیوە و هەندێک لەبەشەکانی بە ڕوونکردنەوە و کۆمەنتارەکانی دەوڵەمەند کردووە. هەروەها هەڵوێستە لەسەر مەشقەکانی ئۆدیا دەکات و باری سەرنجیان لەسەر دەردەبڕێت، هەندێک لەبنەماکانی شانۆی کلاسیکی ژاپۆنی شیدەکاتەوە و لەسەر ئاستێکی بەرز لەگەڵ ئۆدیا دەدوێت. ئەمەیش هێندەی تر ئەم کتێبە ناوازەیەی دەوڵەمەند کردووە. ماڕشەڵ لە پێشەکی ئەم کتێبەدا دەڵێت: ” ئەو واملێدەکات هەڵوێستەیەک بکەم و جارێکی دی بەخۆمدا بچمەوە و وەڵامەکان شەنوکەو و چەند و چوون پێبکەم تا لە دواجاردا وەڵامێکی شیاو بۆ ئەو بابەتانە بدۆزمەوە، کە ئەو وروژاندوونی.”
ئۆدیا وەک نووسەرێکی بە سەلیقە لەبوارێکی گەلێک دژوارو سەخت، کە هونەری نواندنە، بە زمانێکی ساکار و بە تێگەیشتنێکی مامۆستایانەوە، باسی ئەزموونی خۆی و ڕاهێنانی ئەکتەر و مەشقە جۆراوجۆرەکان و ئەکتەرە گەورەکان دەکات. بەم شێوەیەش کتێبەکە لە ئەزمونی دەوڵەمەندی پراکتیک و کردەیی خۆیەوە سەرچاوە وەردەگرێت، نموونە لە کار و پرۆژەکانی، بەتایبەتی لەگەڵ بروک (مەهاباهاراتا) و (ئەو پیاوەی ژنەکەی خۆی لێدەبێتە شەپقەیەک) دەهێنێتەوە و لەو ڕێگایەوە مێتودەکانی خۆیمان سەبارەت بەهونەری نواندن بۆ شیدەکاتەوە. ئەم نووسەرە لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت: ” کاری تۆ وەک ئەکتەر خستنە ڕووی ئەوە نییە، کە تۆ چەندە باش نەمایش دەکەی، بەڵکو لە ڕێی نەمایشی خۆتەوە کارێکی وا ئەنجام بدەی، کە گیان بە تەختەی شانۆ ببەخشێت. هەر کاتێکیش ئەوە ڕوویدا، ئیدی بینەران لەگەڵ خۆت هەڵدەگریت و تێکەڵ بەو جیهانەی دەکەیت، کە تەختەی شانۆ خوڵقاندوێتی/…/”
بروک لە پێشەکییەکی کورتدا سەبارەت بەم کتێبە دەڵێت (یۆشی ئۆدیا ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە چۆن نهێنی و تەلیسمەکانی نواندن، هێزێکی جیانەکراوەن لەو زانستە کۆنکرێتی و پڕ کارامەیی و هەمەلایەنەی لەڕێی ئەزموونەوە فێری دەبین). قسەکەی بروک ئاماژەیەکە بۆ پرۆسە چڕ و گرانەکانی هونەری نواندن و ئۆدیایش لە ئەزموونی هەڵکشاوی خۆیەوە رووبەرووی ئەم هونەرەمان دەکاتەوە و ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە چەندە گرینگە ئەکتەر خۆی پێشان نەدات، بەڵکو نواندنەکەی پێشان بدات. “نواندن بەلای منەوە خستنە ڕووی حزووری خۆم نییە یان نیشاندانی کارامەیی و تەکنیکی خۆم، بەڵکو لەڕێی نواندنەوە شتێکی دی دەخەیتە ڕوو، شتێک بینەر لەژیانی ڕۆژانەی خۆیدا بەریناکەوێت یان ڕێکەوتی ناکات.”
ئۆدیا لە دەروازە بەرینەکانی ئەزموونی خۆیەوە، هەر لە ژاپۆنەوە، لەوانەکانی شانۆی کابوکی و نووی ژاپۆنی و ڕەهەند و مەشقە گرانەکانی شانۆی کلاسیکی ڕۆژهەڵاتەوە، هەتا دەگاتە بنەماکانی هونەری نواندن لە ڕۆژئاوا و هاوکارییەکانی لەگەڵ بروک، دەخاتە ڕوو. مەشقەکانی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، دیدە جیاوازەکان و بنەما فەلسەفییەکانیان پێکەوە دەبەستێتەوە و ئاوێتەی یەکتریان دەکات و وانەیەکی تایبەتمەند، قووڵ و لەهەمانکاتدا ساکارمان سەبارەت بە هونەری نواندن بۆ دەخاتە ڕوو. کتێبەکەیشی دابەشی پێنچ بەش کردووە: یەکەم، تێهەڵچوون/خاوێنکردنەوە. ئەم بەشەیش تایبەتە بە چاڵەکانی سەر جەستە، چاو، لووت، گوێ، دەم، کۆم. لەم ڕووەوە دەڵێت( هەر کاتێک بۆمان ڕەخسا ئاگامان لەو نۆ چاڵە بێ، کە دەکەونە سەر جەستەمان، ئیدی بۆمان دەلوێ بەرەو ئەو ئەندامە گرینگانەی تری جەستەمان پەلبهاوین.) لەبەشی دووەمدا جووڵە، ڕاوەستان، پراکتیک و ئاڕاستەکانی جووڵە، دەبنە جێگای سەرنج و گفتوگۆ. نواندن، کات، بۆشایی، ناوەکی و دەرەکی، جەستە و هەستوسۆز و وردەکاری، باسەکانی بەشی سێیەم پێک دەهێنن. بەڵام لەبەشی چوارەمدا، ئاخاوتن، هەناسەدان، دەنگ، دەق، ڕەنگدانەوەی هەقیقەت، بەشێوەیەکی پراکتیکی و پێداگۆگی شیدەکاتەوە. لەبەشی پێنجەمیشدا ، ئەم بەشانە دەبەستێتەوە بە چەمکی فێربوونەوە.
ئۆدیا لە خاوێنکردنەوەوە، (خاوێنکردنەوەی شوێن، جەستەو ناوەوەمان) دەستپێدەکات و بە چاڵەکانی جەستەدا گوزەردەکات، بە ئەندامەکانی جەستەماندا هەڵدەکشێت و هەڵوەستە لەسەر جۆرەکانی جووڵە و هەڵسوکەوتەکانماندا دەکات و لەنێوان دیدو پراکتیکدا هەڵیان دەسەنگێنێت. باسی چێژمان بۆ دەکات؛ چۆن چێژ لە مەشقەکانمان وەربگرین تا ببینە ئەکتەرێکی نەبینراو، لەوێشەوە بەنێو بنەما و وانەکانی نواندندا، لە رۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، رۆدەچێتە خوارەوە. لە پرۆسەی دووپاتکردنەوەدا بۆشایی شانۆ و مامەڵەکردن لەگەڵ کات و شوێن و بنەما ناوەکی و دەرەکییەکان فراوان و قووڵ دەکاتەوە و هەموو بەشەکانیش لەپرۆسەیەکی دینامیکیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەم شانۆکارە، بۆ هەموو ئەم شتانەی باسیان دەکات، مەشقەکانی وزەی مرۆیی، رۆچوونە خوارەوە و تێبینیکردنی خود، ڕاهێنانی جەستە و هەست و سۆز و وردەکارییەکانی تری لەیاد نەکردووە و بەوردی باری سەرنجیان دەخاتە سەر و دەیانبەستێتەوە بەلایەنە پراکتیکییەکەوە.
نووسەر لەم کتێبە ناوازەیەیدا، ئاورێکی جددی لە پەیوەندییەکانی ئەکتەر بە ئەکتەرەکانی ترەوە دەداتەوە و ئەم مەسەلەیە بەهەند وەردەگرێت و دەیبەستێتەوە بە مەسەلەکانی ترەوە، بەتایبەتی چێژوەرگرتن “ئەکتەر خۆیشی لەو پەیوەندییە چێژ وەردەگرێت، کە بە ئەکتەرەکانی دییەوەی وابەستە دەکاتەوە”. لەم پرۆسەیەدا پەیوەندییەکانی ئەکتەر بە بینەرانەوە دەگاتە ئاستی ترۆپک و دەبێت “بینەر سەرشاربێت لە ژیان و زیندەگی” جەستەیش تاکە ئامراز و رێگای دوور و درێژی ئەکتەرە.
ئۆدیا بۆئەوەی ئەمانە هەموو بگەیەنێتە ئاستی پراکتیکی و سوودبەخشین و ئەکتەر بتوانێت لەسەر شانۆ قسەبکات، هەناسەدان و دەنگ بەوردی شیدەکاتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ لای مامۆستاکانی و نموونە لە ئامۆژگارییەکانیان دەهێنێتەوە “خەڵکانی ئاسایی لەڕێی سنگیانەوە، خەڵکانی هۆشمەند لەڕێی هاراوە، خەڵکانی کارامەیش لەڕێی قاچیانەوە هەناسەدەدەن”. بۆئەوەی ئەمانە هەمووی بچێتە قۆناغی کردەییەوە، ئۆدیا لە دوا بەشەکانی کتێبەکەیدا باسی (دەق)مان بۆ دەکات و بنەما و ڕایەڵە گرینگەکانی شانۆنامەکان، بە هونەری نواندن و مەشقەکانیانەوە دەبەستێتەوە و هەر لەو ڕێگایەیشەوە روونیان دەکاتەوە “تۆ دەبێت شوێن مەبەستی نووسەرەکە بکەویت، هەروەها ڕێز لە دەنگی ئەو وشانە بگریت، کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەوجا دەتوانی لەودیو سەمتی چیرۆکەکەوە شتێکی دی بدۆزیتەوە.” پاشان ئەوەیشی لەبیرناچێت، کە هونەری نواندن ڕەنگدانەوەیەکی هەقیقەت و ڕاستییەکانە، بۆئەوەی لەم بەهایەیش بگەیت، دەبێت خوێندنەوە و دیدی تازەگەریانە و قووڵبوونەوەت هەبێت. تۆ وەکو ئەکتەر، تەنها لە هەقیقەتەوە “لە بایەخی ڕیتم و خێرایی” تێدەگەیت.
ئۆدیا دوا بەشی کتێبەکەی بە وانەیەکی گرینگ بەناوی (فێربوون)ەوە کۆتایی پێدەهێنێت: لە مەشقەکانەوە، لە هونەری نواندن و لە مامۆستاکانمانەوە چی فێردەبین؟ چۆن دەبێت رێچکەی خۆمان، وەکو ئەکتەر بدۆزینەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستەیش بە گوتەی ئەکتەرێکی دێرینی کابووکی، کە دەڵێت: “من دەتوانم ئەو تەرزی ئاماژەیەت فێربکەم، کە نیشانەیەکە بۆ تەماشاکردنی مانگ. دەتوانم ئەو جووڵەیەشت فێربکەم کە چۆن دەکەویتە سەرنووکی پێت، بۆئەوەی تەواوێک ئاماژەکردن بۆ ئاسمان نیشان بدەیت. بەڵام لەسەری نووکی پێتەوە بۆ مانگ ئەوە بەرپرسیارێتیی خۆتە” دەگاتە دوا ئەنجامەکانی کتێبەکەی. ئۆدیا خۆیشی ئەو ڕێگایەی هەڵبژاردووە و بە قووڵی لەم گوتەیە گەیشتووە. ماڕشەڵ دەڵێت (یۆشی بەو جۆرە کار دەکات، ئەو هەرگیز ناڵێت “ئەگەر تۆ بە جووڵەی (ب) هەستیت، ئەوا ئەنجامەکەی دەگاتە جووڵەی (ج) ئەو زۆر بەسادەیی پرسیار دەکات یان مەشقێک دەوروژێنێ و ئەنجامەکەی بۆ خۆت بەجێ دەهێڵێت، کە بیدۆزیتەوە.)
ئەم نووسەرە زۆر بە بەهاوە لە مەشق و هونەری نواندن دەدوێت، مەشقەکانی هونەری نواندن بە مەشق و شارەزابوونی هونەرە جەنگییەکان بەراورد دەکات و چەندین ڕایەڵەی لێکچوون و شانەی هاوبەش لە نێوانیاندا، جەنگاوەر/ئەکتەر، دەبینێت. هەروەها نووسەر چەندە بنەما تەکنیکی و کردەییەکانی هونەری نواندن و ڕاهێنانی ئەکتەر دەخاتە ڕوو، هێندەیش هونەری نواندن دەبەستێتەوە بە مەسەلە ڕۆحییەکانەوە و مەودایەکی فراوان و هەمەچەشنەیان پێ دەبەخشێت.
فاروق هۆمەر ئەم کتێبەی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی و لە دەزگای ئاراس، لە ساڵی ٢٠١٣دا بڵاو کراوەتەوە.

