پانتایی بۆش
(پانتایی بۆش)ی شانۆکاری جیهانی پیتەر بروک، یەکێکە لە کتێبە هەرە گرینگەکانی ئەم پەنجا ساڵەی دوایی. ئەم کتێبە لە دوو دەروازەوە لە شانۆ دەکۆڵێتەوە: لە سەرێکەوە بایەخی ڕۆڵی شانۆ لە کۆمەڵگادا ڕوون دەکاتەوە، لەسەرێکی تریشەوە کاریگەرێتی ڕۆڵی ئەکتەر و ریژیسۆر لە نەمایشی شانۆییدا شیدەکاتەوە. بروک لە سەروبەندی ڕاڤەکردنی فۆرم و پانتاییە شانۆییەکاندا،شانۆ بەسەر چوار جۆردا دابەش دەکات: شانۆی بێزارکار، شانۆی پیرۆز، شانۆی ناڕێک و شانۆی ڕاستەوخۆ.
بروک لە “شانۆی بێزارکار”دا دەیەوێت دووپاتی ئەوە بکاتەوە، کە سیاسەتی کلتووری لە کۆمەڵگای مەدەنی ئەوروپادا، دەبێت موتیڤە کۆمەڵایەتی و دارایی و سیاسییەکانیشی لە پرۆسەی شانۆ و سیستەمی بەرهەمهێنانی شانۆیدا هێندە ئاسان بکاتەوە، تا شانۆ بکاتە پێداویستی و پێویستی خەڵکی. هەر لەم دەروازەیەوە دەیەوێت بزانێت، کە چ شانۆیەک و لەبەر چ هۆکارێکیش دەبێتە پێداویستییەکی ژیانی ڕۆژانەی بینەران.
ئەو شانۆ تەقلیدیانەی بوونەتە بەشێک لە سیستەمی کلتووری وڵاتان و ئەو شانۆیانەی شانۆیان کردۆتە کاڵایەکی نەتەوایەتی و داموودەزگای فەرمی شانۆییان پێ دامەزراندووە، هێندە خراپن ناکرێت ببنە بەشێک لەو پێداویستییە شانۆییەی ئەو باسی دەکات.
“شانۆی پیرۆز” ئەو شانۆ ئەڤانگاردەیە، کە بە شانۆیەکی فیزیکی دەیەوێت پرسە میتافیزیکی و بوونگەراییەکان بەرجەستە بکات و (شتە نەبینراوەکان بکات بە شتگەلێکی بینراو.) ئەم شانۆیە دەچێتە خانەی شانۆیەکی مۆدێرنەوە بەو پێیەی هەموو شانۆی ئەپسورد و بنەما فیکرییەکانیان، بەتایبەتیش خودگەرایی و فەلسەفەی ڕەوشی مڕۆڤ دەبن بە بەشێکی گرینگ لەم شانۆ پیرۆزەدا.
بروک چەندین نموونە لەمبارەیەوە دەهێنێتەوە، وەکو شانۆی هەژاری گرۆتۆڤسکی و شانۆی کانینگام. هاوکات تیشکی سەرنجیشی دەخاتە سەر ئەزموونی ئەکتەرەکانی، کە چۆن لە بنەماکانی شانۆی توندوتیژەوە، لە دەرەوەی بنەما تەقلیدییەکانی شانۆی ڕیالیزمەوە، لە هەوڵی ئەوەدا بوون زمانێکی تری گوزارشت، زمانێکی جەستەیی بۆ بەرجەستەکردنی بوونی مرۆڤ و هەست و هۆشەکانی، تەنها بە جەستە و دەنگ بدۆزنەوە و بینەرانیش تووشی خورپە و ڕاچڵەکین بکەن.
“شانۆی پیرۆز” بەشێوەیەکی ڕێژەیی هەردەم نابێتە جێگای سەرنجی بینەرەکانی، لەبەر ئەوە بروک شانۆیەکی تر، بەناوی “شانۆی ناڕێک” بە نموونە دەهێنێتەوە، کە لە ئەنجامی پەیوەندییەکی نزیکی بینەرانەوە دێتە دی. ئەم شانۆییەیش رەسمییات و پرنسیپە کۆنباوەکانی تێدا نییە، بەڵکو میزاج و یاخیبوون و حەز و ئارەزووی خەڵکی، وەکو خۆی تێدا بەرجەستە دەبێت. بروک دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە لە هەموو تەنگەژە و قەیرانەکاندا شانۆی میللیی سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت، ئەم شانۆیەیش لە هەر کات و سەردەمێکدا بەشێوەیەکی جیاواز دەرکەوتووە،بەڵام هەمیشە جۆرە ناپووختەیەک و بنەمایەکی سەرەتایی لەخۆیدا هەڵگرتووە. من لەو بڕوایەدام، ئەم شانۆیەیش لە هەموو جۆرەکانی تری شانۆ لە بروکەوە نزیکە و بەشێک لە بیروبۆچوونە شانۆییەکانیشی پێک هێناوە، بەتایبەتی کە دەگەڕێتەوە بۆ سەر شانۆی کلاسیکیی و دەقە کلاسیکییەکان دەخاتە سەر شانۆ.
لەو گەشتە هونەرییەی بە هەموو جیهاندا شالیری تێدا نەمایش کرد، دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، وەک نموونەیەکی زیندوویش، لەم کتێبەدا باسی دەکات، کە چۆن لە هەموو نەمایشێکدا دەسەڵاتی بینەران بەسەر ئەکتەر و نەمایشەکەدا گەشەی کردووە. ئەمەیش تەنها لەسەر ئاستێکی ڕووکەشدا نا، بەڵکو کاری کردۆتە سەر ناوەڕۆکی دەقەکە و گۆڕانکاری بەسەردا هێناوە، ئەدای ئەکتەرەکانیشی لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا گۆڕیووە و ڕووبەرووی ئەزموونێکی تازەی کردوونەتەوە.
لە فۆرمە تازەکانی ئەم شانۆیەدا، هەمیشە دەمامکەکان لەسەر ڕووکاری ئەو وەهمە شانۆییەی شانۆکان بە دڕێژایی سەدەکان دروستییان کردووە، لادەبرێت و لە بری ئەوە جۆرە دابڕانێک دروست دەکات، کە بنەما یاخییەکان لەخۆدەگرێت و پەرچەکرداری بەهێزییان دەبێت.
ئەوانەیش، کە لە شانۆی نوێدا دژی جۆرە شانۆیەکی توندوتیژ دەوەستنەوە، بە بڕوای بروک بە دوای شانۆیەکی گرینگتر یان جیدیدا ناگەڕێن؛ بەڵکو ئەوانە باسی شانۆنامەی ئارام و بێ کێشە و گرفت دەکەن، کە تەنها مانایەکی ئارام بەخش و خۆش دەگەیەنێت. باش بوون یان گونجاو تەنها مانایەکی دروست دەگەیەنێت.
بروکیش لە دەستپێک و بنەماکانی ئەم کتێبەوە دژی ئەم جۆرە دەستەواژە و چەمکە کلتوورییانە دەوەستێتەوە،بە تایبەتی لەو بەشەیدا، کە بە “شانۆی بێزارکار” ناوزەدی کردووە؛ شانۆی بێزارکار تەنها مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەم شانۆیە کاریگەری خراپی هەیە، بەڵکو ئەم کاریگەرییە کوشوندەیشە. هەموو ئەو شتانەی لە شانۆدا خراپە، بێزارکار و ساختەیە، بەڵام لەپێش هەموو شتێکەوە ئەم تایبەتمەندییانە لە “شانۆی بێزارکاردا” بە داموودەزگاکردن کراون و بوونەتە مۆرکی شانۆکانی دەوڵەت. هەروەها بوونەتە ترادیشۆن لە شانۆ بازرگانی و شانۆ نەتەواییەتییەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپدا. هەرەشەیش بۆ سەر شانۆی ڕاستەوخۆ و زیندوویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دابڕانە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی شانۆ دەکاتە ڕیتواڵێکی کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە مامەڵە لەگەڵ شاکارە کلاسیکییەکاندا بە هەستێکی جوانی دوورەپەرێز و دەستی دووەوە، بەبێ ئەوەی ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن، کە ئەمە بۆ ئەمڕۆ چی دەگەیەنێت و چۆن بەکاردەهێنرێت، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بروک هەر لەم دەروازەیەوە سەیری ئەو شانۆ بێزارکارانەیش لە بەشێک لە شانۆنامە و نەمایشەکانی بۆلیڤارد، کە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن، دەکات. زۆرجار کۆمیدیاکان دەبنە شانۆیەکی بەهێزی بێزارکار و کوشندە. بروک مەبەستی ئەوەیە بڵێت، کە ئەم جۆرە بێزارکارییە لە شانۆدا تەنها بێتوانایی نییە، بەڵکو جۆرە هەست و سۆزێکە بۆ بەکارهێنانی شانۆ خراپ و بێزارکارەکە بەشێوەیەک، کە ڕێگا بۆ سەرکەوتنەکان دەکاتەوە. بەڵام توخمە بێزارکارەکانیش لەوانەیە لە هەموو بەشێکی پرۆژەیەکی شانۆیدا هەبن: کە شانۆنامەنووس لە پرۆسەی شانۆییەکە دادەبڕێت، تەنها دەبێتە ماشینێکی بەرهەم هێنەر؛ کە ریژیسۆر هەر لە سەرەتاوە وێنەیەکی ئامادەکراو و تەواوی سەبارەت بە نەمایشەکەی هەیە یان هەر بە تەنها گوێ ڕایەڵی دەقەکە بێت، بەبێ ئەوەی هیچ گرینگی بە ویستی خۆی بدات؛ کە ئەکتەرەکان لە کۆمەڵە وێنەیەکی کلێشە ئاساو جۆرە تەکنیکێکی سواوی چۆنییەتی پەیڤکردندا گیردەخۆن؛ کە هونەرمەندی سێنۆگراف، بەر لەدەست پێکردنی پرۆڤەکردندا، سینۆگرافیاکەی تەواو کردووە و دەیخاتە بەردەست؛ کە ڕەخنەگرەکان ئامادەنین بیروبۆچوونەکانی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە.
بروک شانۆیەکی دەوێت، لە دەرەوەی توێژاڵە کلتووری و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە مامەڵە لەگەڵ مڕۆڤ بکات، بەڵام ئەوەی لەم کتێبەدا، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ خۆی تیا دەبینێتەوە، (سیکۆدراما)یە. هەر لەم بنەمایەیشەوە بەم شێوەیە باسی شانۆیەکی پێویست دەکات: “ئەوەی من مەبەستمە لە شانۆیەکی پێویست؛ ئەو شانۆیەیە کە جیاوازییەکانی نێوان ئەکتەر و بینەران تەنها پرسیارێکی پراکتیکی و کردەییە، نەک بنەمایەکی پرنسیپیار.”
بروک، بۆ ئەوەی ئەم گرفتە هونەرییانە ڕوونبکاتەوە و لە پرۆسە شانۆییەکاندا بە شێوازێکی فەلسەفی، ئێستاتیکی و کردەیی بنەمایەکی تیۆرییان بۆ دابڕێژێت، بەشێوەیەکی پراکتیکی خۆی بە گفتوگۆیەکی قووڵەوە پابەند دەکاتەوە. هەر لەم دەروازەیەیشەوە دەیەوێت لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری ورد بۆ هونەری نواندن و نواندنی ئەکتەر، وەک تووخمێکی شانۆیی و لایەنێکی گرینگی کۆمەڵگا بکات.
تێبینی: چاپی یەکەمی ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٦٨ و داو چاپیشی لە ٢٠٠٨دا بڵاوکراوەتەوە.
پێشڕەو حسێن ئەم کتێبەی بە ناوی (شوێنگەی بەتاڵ) لە فارسییەوە کردووە بە کوردی و پاشکۆی ڕەخنەی چاودێر، لە ساڵی ٢٠٠٧دا بڵاویکردۆتەوە.

