خاڵی وەرچەرخان

شانۆ، ئۆپێرا و فیلم (١٩٤٦-١٩٨٧)

027166-peter-brook-1

پیته‌ر بروک

کە پیتەر بروک لە ساڵی ١٩٦٨دا کتێبی (پانتایی بۆش)ی بڵاوکردەوە، نەک هەر بووە جێگای سەرنج و گفتوگۆی تێکرای شانۆکارانی جیهان، بەڵکو زاراوەی (شانۆی بۆش)یشی داهێنا، کە تا ئێستا وەک چەمکێکی هونەری کاری لەسەر دەکات و کاریگەریشی بە سەر تێکڕای ڕەوتی شانۆی جیهانیشەوە هەیە.
بروک هەر لە شەستەکانەوە بە دوای ڕێگای جودا و فۆرمی تازە و شێوازی تری شانۆیدا گەڕاوە و بینەرێکی زۆری لە پڕۆژەکانی کۆکردۆتەوە.
“باخی گێلاس” و “کارمن” سەرکەوتنی گەورەیان بە دەست هێنا، بەڵام ئەو کارانەی زیاتر لە حەفتا و هەشتاکاندا بوونە جێگای سەرنج، ئەو نەمایشانە بوون، کە لە داستان و میتۆلۆژیا ڕۆژهەڵاتییەکانەوە سەرچاوەیان وەرگرتووە: ئیک ١٩٧٥، کۆنفرانسی باڵندەکان ١٩٧٩، مەهابەهاراتا ١٩٨٧ بەشێکن لە گرینگترین ئەو بەرهەمانە. بروک دواتر ڕەوشی کار و ئەزموون و وردەکارییەکانی ئەم کارانە و میتود و هەندێک لە بۆچوون و پەیوەندییەکانی خۆی بە شانۆ و ڕەوتی شانۆی جیهانییەوە لە کتێبی (خاڵی وەرچەرخان) ١٩٤٦- ١٩٨٧دا بڵاودەکاتەوە.
ئەم کتێبە بە پێچەوانەی (پانتایی بۆش)ەوە، کۆکردنەوەی چەندین باس و دیدار و نامە و سیمینار و گفتوگۆیە، کە بروک بە درێژایی ئەو چل ساڵە ئەنجامی داون، کۆنترین بابەتیشیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٧. هەرچەندە ئەم کتێبە یەکەیەکی فکری یان هونەری نییە، بەڵام خاڵێکی هاوبەش ئەو هەموو بابەتە جودایانە کۆدەکاتەوە و ئەزموونی بروک لە پرۆسە شانۆییەکەیدا، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەخاتە ڕوو. هەندێک جار کتێبی لەم چەشنە، کە لە بابەتی جۆراوجۆر پێک هاتووە و لە زەمەنی جیاوازدا نووسراون، گرانە بخرێتە خانەیەکی دیاریکراوەوە. بروک بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە لە کتێبەکەیدا چارەسەر بکات، بابەتەکانی بە پێی ریزبەندی و ساڵی نووسینیان دانەناوە، بەڵکو لە ژێر چەند ناونیشانێکدا کۆیکردونەتەوە و دابەشی کردوون بە سەر نۆ بەشدا، بۆ نموونە: هەستکردن بە ڕێباز، مرۆڤ لە سەر ڕێگاکان- گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، توندوتیژی و شێتی و جەنگ، شەکسپیر کێیە؟ بەکارهێنانی پانتایی بۆش، شەڕی چل ساڵ، سینەمای ژیان و چوونە دونیایەکی ترەوە.
بروک لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا، بە شانۆنامەی رۆمیۆ و ژولێت لە ستراتفۆرد پێگەی خۆی وەک ریژیسۆرێکی بە توانا لە شانۆی ئینگلیزیدا تۆمار دەکات، چەند ساڵێک لەوەوبەریش بڕیاری ئەوەی دابوو ببێت بە ریژیسۆر. دوای ئەوەی فیلمێکی ئەماتۆری لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەردەهێنێت، دەچێت یەکێک لە بەرهەمهێنەرەکانی سینەما دەبینێت و دەڵێت، دەمەوێت ببم بە ریژیسۆری سینەما. بەرهەمهێنەرەکە، ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت، بروک وەک یاریدەدەری ریژیسۆر دابمەزرێنێت، پێشی ڕادەگەیەنێت دوای حەوت ساڵ لەم کارەت، لەوانەیە ئەو هەلەت بۆ هەڵبکەوێت، کە خۆت بتوانیت فلیمێک دەربهێنیت.
بروک بەم کارە قایل نابێت و ڕوودەکاتە بواری شانۆ؛ هەر دوای چەند کارێک، کە لە ژێر زەمین و شانۆ بچووکەکان و هۆڵە ساکارەکاندا پێشکەشی دەکات، بانگێشت دەکرێت تا شانۆنامەیەک لە یەکێک لە شانۆکاندا پێشکەش بکات.
ئەم هونەرمەندە، هەر لە یەکەم ڕووبەرووبوونەوەی لەگەڵ ئەکتەرەکانیدا تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت، کە دواتر لە هەموو ژیانی هونەریدا سوودی لێ وەردەگرێت. بروک چەند مانگێک لەوەوبەر بە باشی خۆی ئامادە دەکات، لە ماڵەوە و بە یارمەتی و بەکارهێنانی پارچە کاغەزی بچووک، کە فیگوری ئەکتەرەکانی پێ دروست دەکات و لەسەر مۆدێلی سینۆگرافیاکەی دەیان جوڵێنێت: لە سەرەوە بۆ خوارەوە، لە لاتەنیشتەوە بۆ پشتەوە، لە پێشەوە بۆ دواوە، هاتنە ژوورەوە و چوونە دەرەوە و جوڵەی پەیوەندیی ئەکتەرەکان بە یەکترەوە دیاری دەکات. کە یەکەم ڕۆژی پرۆڤەیش دێت بە فایلێکی ئەستوری نەخشەی جوڵەی ئەکتەرەکانییەوە دێتە ژوورەوە، بەڵام ئەوەی ئەو لە ماڵەوە ئامادەی کردبوو، سەر لەبەری لەسەر تەختەی شانۆ وەک کۆشکێکی بە کاغەز دروستکراو دەروخێت. جەستەی ئەکتەرەکان و ئەو شێوازەی ئەوان لەسەر تەختەی شانۆکە پێی دەجووڵێن، لەگەڵ دەفتەرەکەی ئەو ڕێک ناکەوێت. بروک ئا لەم ساتەدا لەوە دەگات، کە ئەکتەر و هونەری نواندن پرۆسەیەکە، بە هیچ شێوەیەک ناکرێت لە ماڵەوە وەک بووکەڵەی بێ گیان مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت.
ساڵێک دواتر شانۆنامەی ڕۆمێو ژولێت نەمایش دەکات و چەندین قسە و باسی لەسەر دەکرێت، هەندێک لە ناوەندە هونەرییەکە، بە تایبەتیش کۆنخوازەکان بە سکەنداڵ ئاماژەی بۆ دەکەن. بروک بە بوێرییەوە کار لەم شانۆنامەیەی شەکسپیردا دەکات و هەموو ئەو بنەما و داب و نەریتانەی تا ئەو دەمە کاری پێ دەکرا، تێک دەشکێنێت و شەکسپیرێکی تر و جیاواز پێشکەش دەکات. ئەم ریژیسۆرە دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە توندوتیژی، عیشق، درۆ و شیعر، بەشێکی چەندە گرینگ بوون لە ژیانی ئێلیزابێسییەکان، بە هەمان گرنگییەوە لە شانۆکەیاندا و لەو شێوازەی کە شەکسپیرییان تیا پێشکەش کردووە ڕەنگیان داوەتەوە. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە لە سەردەمی شەکسپیر خۆیدا دوو کوڕی گەنج و جوان ڕۆڵی ڕۆمێو و ژولێتیان بینیوە، ئەمەیش مەودایەکی تری سێکسی و خوێندنەوەیەکی تر دەبەخشێت بە شانۆنامەکە، کە بۆ ساڵی ١٩٤٧ نەگونجاو بووە. هەروەها بروک باسی ئەوەیش دەکات، کە بێکێت و هارۆڵد پینتەر وایان لە ئێمە کردووە بە شێوەیەکی تر لە واقیع بگەین و بە شێوەیەکی تر سەیری بکەین، ئەمەیش ئەو کاریگەرییەیان لە لای ئێمە بەجێ هێشتوە، کە بتوانین بە شێوەیەکی تر شەکسپیر نەمایش بکەین. هەر لەم دەروازەیەوە بروک باسی وەرگێڕانی دەقەکانی شەکسپیر بۆ سەر زمانەکانی تر دەکات و ئەو مەسەلانە دەوروژێنێت، کە تا چەند بینەرانی شەکسپیر لە دەرەوەی ئینگلتەراوە ئەوەی دەیبینن شەکسپیرە. چونکە بەشێکی زۆری ئەو وەرگێڕانانەی لە وڵاتانی تر بەکاردەهێنرێن کۆنە و وێنەیەکی ڕاستەقینەی شەکسپیر ناخاتە ڕوو، هەروەها بروک باسی ئەوە دەکات، کە چەندین نەوە لە بینەرانی شانۆ، ئەکتەر و ریژیسۆرەکان… هتد لە هەموو ئەو تۆێژاڵە دەوڵەمەندەی دەقەکانی شەکسپیر نەگەیشتوون.
نووسەر پرۆسەی نواندن، لەم کتێبەدا لە دوو خاڵدا کۆدەکاتەوە: یەکەمیان کاری پرۆڤە و ئەو شێواز و داب و نەریتەی لەم پرۆڤانەدا بەکاردەهێنرێن، دووەمیشیان خودی نەمایشەکەیە لە ڕووبەووبوونەوەی بینەراندا. ئەوەی لە هونەری نواندیشدا گرینگە: چی لە کاتی نەمایشەکاندا رووئەدات، چۆن ئەکتەر لە خودی خۆیەوە دەبێت بە کەسێکی ترو پەیوەندییەکانی ئەکتەر بە پانتایی شانۆ و سیحری بینەرانەوە دەخوڵقێت.
بروک ئاماژە بۆ کتێبەکانی ستانسلاڤیسکی، بە تایبەتی (کاری ئەکتەر لەگەڵ خۆی) دەکات و ئەم کتێبە بە پێویستییەکی گەورە دەزانێت، بەتایبەتی لە ڕووی تێگەیشتنی ڕۆنانی کارەکتەرەوە. بەڵام ئەم کتێبانە ئەکتەر و ریژیسۆرییان لەو بۆتەیەدا گیر کردووە، کە شانۆ و هەنەری نواندن ببێتە پرۆسەیەکی کارکردن و خۆ لەبیرچوونەوە، لەبری ئەوەی باسی ئەو پەیوەندییە زیندوو و دینامیکییەی نێوان ئەکتەر و بینەران بکات. بروک تا ئەو ئاستە ئامادەیە دووپاتی ئەوە بکاتەوە، کە هیچ زمانێکی وا نەخوڵقاوە باسی ئەوەمان بۆ بکات، کە چی بەسەر ئەکتەردا دێت، لە کاتێکدا ڕووبەرووی بینەرەکانی دەبێتەوە.
بروک لە بەشێکی تایبەتیشدا باسی گوێزانەوەی خۆی لە لەندەنەوە بۆ پاریس و دامەزراندنی مەڵبەندی شانۆیی بۆ لێکۆڵینەوە و دواتریش مەڵبەندی نێونەتەوەیی بۆ داهێنانی شانۆیی دەکات. هەر لە پاریسیشەوە گەشتە هونەرییە دوورودرێژەکانی بۆ ئەفەریقا و ئێران و هندستان دەست پێ دەکات و شانۆیەکی میتۆلۆژی دەخوڵقێنێت. بروک هەوڵ ئەدات لەم شانۆ میتۆلۆژییەدا رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە پرۆسەیەکی شانۆیدا پێکەوە ببەستێتەوە، گرینگترین بەرئەنجامەکانی ئەم گەشتانەیش لە ئۆرگاست، کۆنفرانسی باڵندەکان و مەهابەهاراتادا بەرجەستە دەبن.
هەرچەندە بروک لە ئۆپێرا گەورەکانی دونیاوە، بە بەردەوامی داوای ئەوەی لێ کراوە شاکارە ئۆپێراییەکان نەمایش بکات، بەڵام لە چەند بەرهەمێکی ئۆپێرایی بەولاوە، کە لە شانۆکەی خۆی لە پاریس کاری تیا کردووە، کاری لە ئۆپێرادا نەکردووە. لەو بەشەی کتێبەکەیشیدا، کە باسی ئەزموونی خۆی لە بواری ئۆپێرادا دەکات، ناوناوە (شەڕی چل ساڵ) زۆر شتمان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بروک و هونەری ئۆپێراوە بۆ ڕوون دەکاتەوە. یەکێک لەو هۆکارانەی بروکیان لە کاری ئۆپێرا دوورخستۆتەوە، ئەوەیە ئۆپێرا دوای کارێکی زۆر و ماندووبوونێکی بێ سنوور، تەنها چەند جارێک نەمایش دەکرێت. بروک چەند ئۆپێرایەک بۆ شانۆ گەورەکان پێشکەش دەکات، بەڵام لە ساڵی ١٩٨١دا (کارمن) لە شانۆکەی خۆی (بوف دی نوور) بە پێی هەل و مەرجەکانی خۆی و دیدی ریژی و ڕێپۆرتوار و سیاسەتی شانۆکەی پێشکەش دەکات. بروک لەم پرۆژەیەدا، دوای زیاتر لە دوو سەد جار نەمایش کردن و گەڕان بە هەموو دونیادا، پێ داگری لەوە دەکات، کە هونەری ئۆپێرا، هەروەک شانۆ لە پرۆسەیەکی بەردەوامی نەمایش و ڕووبەرووبوونەوەی بینەراندا، گۆڕانکاری بەسەردا دێت و مەودایەکی قووڵ و سترکتورێکی گشتگر و پەیوەندییەکی تری نێوان کارەکە و بینەران لە خۆدەگرێت.
بروک لەم کتێبەیدا، دووبارەی ئەو بۆچوونە ڕادیکاڵەی خۆیمان بۆ دەکاتەوە، کە شانۆ دەبێت هەمیشە لە لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوامی سنورەکانی خۆیدا بێت، تا چەند و چۆن شانۆکار دەتوانێت داب و نەریت و سنورە دیاریکراوەکان ببەزێنێت و شتێکی تر لە دەرەوەی هەموو بنەما باوەکانەوە دروست بکات. گەر کاری شانۆیش ئەو ڕێچکەیە وەرنەگرێت، ئەوە هەموو کارەکانمان دەبێتە رۆتینێکی بێ ڕەنگی دووبارە کراوە.
لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم، کە ئەم کتێبە هەموو ئەزموونی بروک دەخاتە ڕوو، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەتوانین بڵێن خاڵی وەرچەرخان، خاڵی سەرەتا و بەرەوپێشەوەچوون و کامڵبوونی هونەرمەندێکە، کە شانۆ دەکاتە ئامڕازێکی گرینگ بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆ و لە ژیان و لە مەرگیش.