گیۆرگ بویشنەر (شانۆنامە و دەقە پرۆسەئامێزەکان)
ساڵی پار دوو سەد ساڵ بەسەر لەدایک بوونی نووسەری ئەڵمانی (گیۆرگ بویشنەر) ١٨١٣-١٨٣٧دا تێپەر بوو، بەم بۆنەیەشەوە زۆربەی شانۆکانی جیهان دەقەکانیان نەمایش کردن و دەزگاکانیش سەرلەنوێ بەرهەمەکانیان چاپ کردوونەتەوە و کتێبی تازەشیان لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی نووسیوە. بویشنەر لەو تەمەنە کورتەی ژیانیدا، کە تەنها ٢٣ ساڵ ژیاوە، سێ شانۆنامە (مەرگی دانتۆن، لیۆنتسە و لێنا و ڤۆیتسەک) و هەروەها چیرۆکێک بە ناوی (لێنتز)ەوەی نووسیوە. جگە لە (مەرگی دانتۆن) و دوو شانۆنامەی ڤیکتۆر هۆگۆ، کە لە فەڕەنسییەوە وەریگێڕابوونە سەر زمانی ئەڵمانی و نووسراوێکی تری بەناوی (تەتەری گوندیی هێسن)، کە دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی هاوڕێکانی و هەڵهاتنی خۆی، هیچ کام لەبەرهەمەکانی تری تا خۆی لەژیاندا بووە، بڵاو نەکراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا کاریگەرییەکی گەورە و بەهێزی بەسەر ئەدەب و شانۆی جیهانییەوە بەجێ هێشتووە و تا ئەمرۆیشی لەگەڵدا بێت، ڕۆڵی ئەم نووسەرە گەورەیە دیارە. هەر بەم بۆنەیەیشەوە دەزگای (ئەتلانتیس) لەسوێد کۆی بەرهەمەکانی بویشنەر، لەوەرگێڕانێکی نوێدا بڵاو دەکاتەوە. کتێبەکە جگە لەپێشەکییەکی تێروتەسەل و شانۆنامە و چیرۆکەکەی، هەموو نامەکانیشی، کە بۆ خێزان و هاوڕێ و دەزگیرانەکەی نووسیوە، دەگرێتە خۆ. ئەمەیش یەکەمجارە کۆی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە، لەبەرگێکدا بە سوێدی بڵاو بکرێتەوە.
بویشنەر لەیەکێک لەو نامانەدا، کە لەساڵی ١٨٣٤دا بۆ دەزگیرانەکەی نووسیوە، دەڵێت: “من مێژووی شۆرشم بەباشی خوێندۆتەوە، بەڵام بە لاپەرە کوشندە و دژوارەکانی تووشی نائومێدیەکی گەورە بووم. وێنەیەکی نەگۆڕاوی پڕ لەترسی سروشتی مرۆڤ دەبینم، بەتایبەتی لەسەر ئاستی پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤ و بەمەسەلەکانی دەسەڵاتەوە.”
هەرچەندە ئەم نووسەرە سیاسییەکی ڕادیکاڵ بووە و لەگەڵ دەسەڵات لە کێشەدا بووە، هەرلەبەر ئەویش، ناچار دەبێت لەوڵات ڕابکات و لەتاراوگەی سویسرا بەگەنجی کۆچی دوایی بکات، بەڵام وەک نووسەرێک بە هیچ قۆناخ و تەوژمێکی دیاریکراوەوە نابەسترێتەوە و تائێستایش بیوگرافیا و خاڵە گرینگ و یەکلاکەرەوەکانی ژیانی بەتەواوی تیشکی ڕووناکییان نەخراوەتە سەر و شرۆڤەیەکی سەراپاگیرییان بۆ نەکراوە. تەنانەت نامەکانیشی، کە دادەنرێت بە دۆکیومێنتێکی گرینگی ژیانی، وەک نووسین و دەقەکانی تری نەیانتوانیوە ژیانی ئەم نووسەرە ئاشکرا بکەن و هەموو شتێک هەر لە تاریکیدا ماونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا، بەتایبەتی لەسەرەتای ١٩٠٠ەکانەوە، کەسانێکی زۆر هاوڕابوون، کە بویشنەر کێیە و لە کوێ بووە: سۆشیالیستێکی سەرەتا، بەر لەدایک بوونی سۆشیالیست، هەر دوای ئەوەی لە (تەتەری گوندیی هێسن) بۆ هاندانی جووتیار و چینە رەشورووتەکەی کۆمەڵ، کە دژی دەسەڵاتی ئاغا و دەرەبەگەکان ڕاپەرن، شکست دەهێنێت، بە دەقە شانۆییەکانی ڕوودەکاتە مەسەلەکانی شۆڕش و (مەرگی دانتۆن) دەنووسێت. ئەم شانۆنامەیەشی باسی شۆڕشی فەرەنسی دەکات و ئایدولۆژیای شۆڕش و بنەما نەگۆڕ و ستراکتورە گۆراوەکانی مێژوو و پشێوی و کەوتنی موڕاڵ و ئاکار و بەرئەنجامەکانی ئەو شۆڕشە دەخاتە ڕوو.
ئەم نووسەرە لە دەروازە فراوانەکانی مێژووەوە، بوونی مرۆڤ دەخاتە نێو پرۆسە و چەمکە ئاڵۆزەکانی شۆڕشەوە و مرۆڤ و مێژوو پێکەوە، دەبنە جەمسەری گرێدان و بەستنەوە و خوڵقاندنی مێژوو.
زۆر توێژەر و لێکۆڵەرەوەی تر ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە بویشنەر و دەقەکانی لە بۆتەی ئەدەبێکی ڕچەشکێن و شۆڕشگێڕانەدا دەسوڕێنەوە، ئەمەیش زیاتر دوای ئەوەی، کە ئێسپرێشیونیزمەکان لەساڵی ١٩١٣دا، لە میونیش شانۆنامەی ڤۆیتسەک، وەک دۆزینەوەیەکی گرینگ پێشکەش دەکەن. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەقەکانی بویشنەر هەندێک تەمومژیان پێوەیە و هیچ کەسێک بە تەواوی لەنەژادی ئەو تێکستانەی، کە ئەو نووسیویەتی دڵنییا نییە: تەنها (مەرگی دانتۆن) لەژیانی خۆیدا بڵاو کراوەتەوە، بەرهەمەکانی تری دوای ئامادەکردن، پیاچوونەوە، ساخکردنەوە و سەرلەنوێ نووسینەوەی دەستنووسەکان چاپکراون، ئەمەیش بەچەندین ساڵ دوای مەرگی بویشنەر خۆی.
هەروەها بویشنەرێکی مۆدانیزم لەدوای پاشەکشێی سروشتگەراکان و ناتورالیزم و دەرکەوتنی ڕەوشە سیکۆلۆژییەکانی ئەدەب و هونەر دەردەکەوێت. بنەما و ستراکتورە هونەرییەکانی شانۆنامەکانی و ئەو فۆرم و شێوازەیشی لەنووسینەکانیدا بەکاری هێناوە، وەک ئەزموونگەرێکی گەورە دوای سەد ساڵ بەسەر مردنی خۆیدا، بەهێزێکی گەورەترەوە دەردەکەوێت و کاریگەرییەکی بەهێزی دەبێت، هەر بۆ نموونە: شکاندنی ئەندێشە و بەکارهێنانی گۆرانی و دەستەبەرکردنی چەمکی (نامۆبوون) کە لەلای برێشت بووە فۆرمێکی گرینگی شانۆ، لەلای بویشنەر بەکارهاتووە. هەروەها گۆڕانکاری لەستایلەکاندا، تێکهەڵکێشانی زمانێکی بازاڕی و زمانێکی هونەری و ئەدەبی بەرز، کۆلاژی دیمەنەکان، هونەری مۆنتاژ، تێکشکاندنی ڕووداوە سەرەکییەکە، بەرجەستەکردنی شتە ورد و مینیاتۆرییەکان، تێکشکاندنی ئەندێشەی گوتاردان، بەکارهێنانی ستایلی ئێکسپرۆشیونیزم، دژە پاڵەوان… هتد. هەروەها لەم زەمەنەی ئێستایشماندا، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا، بویشنەر بە نووسەرێکی چڕی سیاسی، بەر لە برێشت ئاماژەی بۆ دەکرێت.
ئەدەبی بویشنەر لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا جۆرە گەشەکردنێکی بەخۆیەوە دیووە و کەوتۆتە ژێر تیشکی سەرنج و لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردنێکی بەردەوامەوە و هەوڵ دراوە بخرێتە نێو چەندین خانەی جیاوازەوە. هەر لەبەر ئەوە زۆربەی لێکۆڵەرەوەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە بویشنەر پەنجا تا سەد ساڵ بەر لەدەرکەوتنی مۆدێرنیست، مۆدێرنیزم بووە. ئەمە جگە لەوەی، کە بە ڕابەرێکی گەورەی ناتورالیزمەکان دادەنرێت، ئێکسپرۆشیونیزمەکانیش شانۆنامەی ڤۆیتسەکیان کردە بنەمای کولتوورێکی گرینگ بۆ دەستەبەرکردنی ئامەنجەکانیان. شانۆیەکی سیاسی قووڵی فرە مەودایش، لە برێشتەوە دەگەڕێتەوە بۆ بویشنەر و لەویشەوە بۆ (هینەر میللەر) کە ئەویش نووسەرێکی تری ئەڵمانیە و لەساڵی ١٩٨٥دا پاداشتی بۆشنەری پێ دەبەخشرێت، کە بە گرینگترین پاداشتی ئەدەبی ئەڵمانیا دادەنرێت. هەروەها بویشنەر لەو ژیانە کورتە پڕ لەهەڵکشان و داکشانە شۆڕشگێرانەیدا، بە دوو سەدە بەر لە مارکس کۆمۆنیست بووە و بە کۆمۆنیست ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام کۆمۆنیستێکی بێ تێئۆر.
ئەگەر لە (مەرگی دانتۆن)دا مێژوو و شۆڕش بکاتە ستراکتۆری داڕشتە ئەدەبییەکەی، ئەوا لە لیۆنتسە و لێنادا کۆمێدیایەکی ڕۆمانتیکی و ساتیرێکی سیاسی دەخوڵقێنێت، بەڵام لە ڤۆیتسەکدا بنەما بەراییەکانی لێکۆڵینەوە سیکیاترییەکان دادەڕێژێت. لە لیۆنتسە و لێنادا، دیدە ڕۆمانتیکییەکەی زیاتر لەو داوایەدا چڕ دەبێتەوە، کە دەیەوێت هونەرمەند و نووسەر پابەندی ژیانی چینە نزمەکانی کۆمەڵ بن؛ لە ژیانی هەژارەکانەوە، لەبنەما کۆمەڵایەتییەکانی چینەکەی خوارەوە وێنای دونیایەکی تر بکەن و بەو جیهانەدا قووڵ ببنەوە بۆ ئەوەی توانای ئەفراندنی خۆیان بدۆزنەوە.
لە ڤۆیتسەکیشدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر دۆکیومێنتەکان و وێنەیەکی ئەو مرۆڤانەمان پێشان دەدات، کە کۆمەڵگا و دام و دەزگاکان، بەبێ گوێدانە هیچ پرنسیپێک تێکیان دەشکێنن. ئەوەیشمان لە بیر نەچێت، کە (مەرگی دانتۆن)یش وەک سەرەتا بەراییەکانی شانۆی دۆکیومێنتاری ئاماژەی بۆ دەکرێت، کە دواتر چ ئەرڤین بیسکاتۆر و چ برێشت ئەو ڕێچکەیەیان گرتووە و لە چەمکەکانیدا قووڵ بوونەتەوە و کاریان لەسەر کردووە.
هەرچەندە زۆربەی لێکۆڵەرەوەکان و ئەکادیمیستەکان بەبەردەوام لەشرۆڤەکردنی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەدان، بەڵام زۆرجار لەبەر قووڵیی و هەمە ڕەهەندی و ڕەنگە جیاوازەکان و بنەما و ستراکتورە هەمەچەشنەکانی ئەم بەرهەمانە، ڕاڤەکان و خوێندنەوەکان بەرئەنجامی جودا و هەندێک جار دژ بەیەکیان لێ دەکەوێتەوە.
یەکێک لەو پرسیارانەی، کە سەبارەت بە شانۆنامەی (مەرگی دانتۆن) دووبارە دەبێتەوە، ئەوەیە، ئایا ئەم دەقە ڕەخنەیەکی ئەو شۆڕشەیە یان زەنگی بێ مانای هەموو ئەو شۆڕشانەی ترن، کە دواتر دێن؟ ئایا لیۆنتسە و لێنا ساتیرێکی بێ بەزەییە سەبارەت بە ژیانێکی کرچ و کاڵی چینە بەرزەکەی کۆمەڵ یان تەقەلایەکی بێ هیوا و مایەپووچی بۆیشنەر خۆیەتی، دژی چینەکەی خۆی و مەرگێکی رۆمانتیکی؟ ڤۆیتسەک تۆمەتێکی کۆمەڵایەتییە یان گەمەیەکی میللییە، کە بنەمایەکی دینی لەخۆدەگرێت؟ بەم شێوەیە، هەمیشە خوێندنەوەکان و شرۆڤەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە جیاواز بوون و ئاڕاستەی دژبەیەکیان وەرگرتووە و بەبەردەوامی ئەم پرسیارەیش بەزەقی و لە بنەمایەکی قووڵی فیکری و ڕەهەندە جوداکانی خوێندنەوەی بەرهەمەکانییەوە دەرکەوتووە: بویشنەر خۆی کێ بووە؟ شۆڕشگێرێکی لادەر یان شۆڕشگێرێکی بێ شۆڕش بووە؟
لەنێو پانتاییەکان و چەقی هەموو ئەو خوێندنەوە جیاوازانەی، کە سەبارەت بە بویشنەر کاراون، دیدێکی ئاشکرای بویشنەرێکی شۆڕشگێر و ئیمان پەروەرێکی بەهێز، کە وزەیەکی گەورە و ژیانێکی بێ ئارامی پێ بەخشیووە، بەڕوونی دەردەکەوێت. ئەمەیش دینامۆی ژیانە کورتەکەی و ئەو گەڕانە چڕەیش بووە، کە بەرئەنجامەکانی لەو چەند بەرهەمە کەمەیدا دەردەکەوێت، کە نووسیونی و لە دوای خۆی بەجێی هێشتوون.
ئێمە بەر لەسوێد بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە گەورەیەمان بڵاو کردۆتەوە: هەردوو شانۆنامەی (ڤۆیتسەک) و (لیۆنتسە و لێنا) لە ژمارە ٥٨ و شانۆنامەی (مەرگی دانتۆن)یش لە ژمارە ٦٣ی زنجیرەی شانۆی جیهانیدا و لە وەرگێڕانی کەریم پەڕەنگ لە ئەڵمانییەوە، لە ساڵی ٢٠١٢دا لە دەزگای ئاراس بڵاو کراونەتەوە.
سەرچاوە
Georg Buchner, Dramatik och prosatexterm Oversettning av Lars Bjurman. Atlantis, 2013. Stockholm

