چەمکی سیاسەت لە تراجیدیای گرێکیدا
مرۆڤ هەر لەسەرەتا بەراییەکانەوە ناچار بووە بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێت، کە لە دەوری مەدارەکانی سیاسەت و موڕاڵ سواڕونەتەوە و باسی: چیرۆکی خوڵقاندنی دونیا، میتۆلۆژیا دێرینەکان، دەسەڵات، ڕاستی، فەرمانڕەوایی، ڕێسا، یاسا و سەربەستی دەکەن.
ئەفسانەکان مرۆڤە سەرەتاییەکانی فێری ئەوە دەکرد، کە چۆن ڕەفتار بکەن، دەسەڵاتداران چۆن دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن و خەڵکی ئاسایش چۆن ملکەچی دەسەڵات بن. ئەفسانەکان باسی ئەوەشیان کردووە، کە بۆچی شتەکان، ڕەوش و یاساکان بەوشێوەیە دانراون.
“هۆمیرۆس” لە (ئەلیازە و ئۆدیسە)دا خواوەندەکان بە گرێکییەکان دەبەخشێت و لەم داستانە شیعرییانەوە سروشتی دونیا و هاتنی خواوەندەکان و هێزی گەردوون دەست پێدەکات. مرۆڤیش بەرامبەر ئەم دیاردانە دەکەوێتە بیرکردنەوە، پرسیارکردن و بێگومان دژایەتی و ناڕەزایی دەربڕینیش. تراجیدیای گرێکیش لە چوار سەد ساڵ پ.ز دەروازەکانی فەلسەفەی سیاسەت، لە سەرەتا بەراییەکانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە دەکاتەوە. تراجیدیای گرێکی لەم ڕووەوە تەنها پرسە گەورەکان سەبارەت بە وڵات، شار، خێزان، مەرگ، سزا و خۆشەویستی ناوروژێنێت، بەڵکو ئەم پرسیارانە بەشیوەیەک دەخاتە ڕوو، کە وەڵامی هزر و لێکدانەوەکانمان بداتەوە.
شاعیرانی تراجیدیای گرێکی، ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیس و یوربیدس، بە شانۆنامەکانییان سەرەتایەکی پتەوی فەلسەفەی سیاسەت لە یۆنانی کۆندا دادەڕێژن و بنەماکانی شانۆیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەلسەفیش لە شارستانییەتی ئەوروپیدا ڕۆدەنێن، کە بەشێکی زۆر لەم تراجیدیایانە، بۆ نموونە سێینەی ئۆرێستێیا، ئۆدیبی پادشا، ئەنتیگۆنا،مێدیا… هتد تا ئەمرۆیش لەسەر شانۆکانی جیهان نەمایش دەکرێن.
لەلای گرێکیەکان گفتوگۆی سیاسەت و فەلسەفە لەسەر ئاستێکی بەرز و هەمەلایەن، باسی ئەوەی دەکرد، کە تا چەند یاسا، ڕێسا و موراڵ لەگەڵ یاساگەلی سروشت یەکیان گرتۆتەوە و هاوتەریبن، هەر لەم ڕووەیشەوە “ئەریستۆ” تراجیدیاکان وەک سەرچاوەیەکی گرینگی سیاسەت بەکاردەهێنێت. ڕێگای بەکارهێنانی تراجیدیاکانیش جیاوازە؛ بۆ نموونە وەک ئامڕازێکی دژ بە موراڵە کۆنباوەکان، وەک هاندانێک بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن یان وەک ئەوەی، کە ئەو هزر و هۆشمەندییەی لە تراجیدیادا هەیە، هۆشمەندییەکە، دەکرێت مرۆڤ دەستی پێی بگات. بەم شێوەیەیش فەلسەفەی سیاسەت لە دونیای تراجیدیادا دەژی و هەر لە چوارچێوەی بنەما تراجیدیاکانەوە، لە سیاسەت و موراڵ و یاساکانی کۆمەڵگا دەکۆڵێتەوە. لە پشت ئەو موراڵ و هەلومەرجە سیاسییەی، کە لە تراجیدیای گرێکییەوە بەرجەستە دەبن،چوارچێوەیەکی فەلسەفی گرینگ بۆ دەوڵەت و پێکهاتەکانی پێک دێت: ئۆرێستێیا، فارسەکان، ئۆدیبی پادشا، ئەنتیگۆنا، ئێلێکترا لە دیدێکی فەلسەفییەوە، سیاسەتی دەرەوە و ناوەوە دەخەنە ڕوو، ڕاڤەی بنەما ئەنترۆپۆلۆژییەکان دەکەن، ڕێسا دینییەکان و موراڵ لە بنەمایەکی ترەوە بەیەکترەوە دەبەستن و لە هەمانکاتدا دەیانکەن بە بەشێکی گرینگی گرفتەکانی کۆمەڵگا.
“ئەنتیگۆنا”ی سۆفۆکلیس (٤٠٦-٤٩٦) پ. ز بەرجەستەی جۆرە فەلسەفەیەکی سیاسەت دەکات، کە لەوێدا خێزان و دەوڵەت ڕووبەرووی یەکتر دەکاتەوە و جۆرە تێگەیشتنێکی یەکاڵاکەرەوە دەستەبەر دەکات. “ئەنتیگۆنا” لەلای سۆفۆکلیس، وەک کەسێکی تاک ڕێسا و یاسا نووسراوەکانی ئەو ڕۆژگارە ڕووبەرووی یاسا نەنووسراوە جێگیرەکانی خواوەندەکان دەکاتەوە.
تراجیدیای گرێکی لە ئەفسانە و داستانە دێرینەکانەوە بنەماکانی هزری خۆیان لە فەلسەفە و سیاسەتدا دادەڕێژنەوە و دەیانکەن بە بەشێک لە ڕووداوی تراجیدیاکان. شاعیرە تراجیدیاکان، بۆ خوڵقاندنی گفتوگۆیەکی سەردەمیانە زمانی میتۆلۆژیا و ئەفسانەکان بەکاردەهێنن، دەیان بەستنەوە بە کێشە سیاسییەکانی ئەو ڕۆژگارە و مەودایەکی مرۆڤایەتی پێدەبەخشن، لە هەندێک تراجیدیایشدا بە مەسەلەکانی خێزانەوە، بە تۆڵەسەندنەوە، بە دینەوە، بە مەرگەوە، بێگومان لەسەرو هەموو ئەمانیشەوە بە پەیوەندییەکانی تاک بە دەوڵەتەوە دەبەستن.
شانۆنامەنووسی کۆمێدیای گرێکی “ئەرستۆفانیس” لە شانۆنامەی (بۆقەکان)دا، کە هەڵسەنگاندنێکی پێگەی هەر سێ شانۆنامە نووسی تراجیدیای گرێکی: ئێسخیلۆس، سۆفۆکلیس و یوربیدس-ە، چەندین جار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە شاعیرانی تراجیدیا، تراجیدیاکانیان، دەوڵەت لە چەندین کێشە ڕزگار دەکەن و فێری ئەوەیشمان دەکەن، کە چۆن ڕەفتار بکەین.
تراجیدیای گرێکی، هەر لە “ئێسخیلۆس”ەوە تا دەگاتە “سوفۆکلیس” و “یوربیدس” لەسەر ئاستی ناوەڕۆک و فەلسەفەی شانۆ و هەروەها ستراکتوری دەق و لایەنە تەکنیکییەکانەوە گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتووە. گۆڕانگارییە تەکنیکییەکان لە زیادکردنی دوو ئەکتەر بۆ سێ ئەکتەر و کەمکردنەوەی ئاستی کۆرس و چڕکردنەوەی دەقە شانۆییەکاندا دەردەکەوێت. بەڵام گۆڕانکارییەکان لە ڕێسا و بنەما دینییەکانەوە، بۆ دەسەڵاتی پادشا و یاسا نووسراوەکان و تا دەگاتە پەیوەندییەکانی کەسی تاک، تاک و دەسەڵات و پەیوەندییەکانی تاک و دەوڵەت، خاڵە گرینگەکانی ئەو گۆڕانکارییانەن، کە لە ڕەوتی مێژووی تراجیدیای گرێکیدا هاتوون. تراجیدیای گرێکی سیاسەت بووە، بۆ خەڵکی ئەسینایش ئامڕازێک بووە بۆ فێربوون و قووڵبوونەوە لە پرسەکانی موراڵ و سیاسەتدا، زۆر جار هەر لەم ڕێگایشەوە هەڵوێستیان وەگرتووە.
تراجیدیای “ئێلێکترا”ی سۆفۆکلیس نموونەیەکی ترە لەو شاکارانەی، کە لەسەر بنەمایەکی فەلسەفەی سیاسی و بیرکردنەوەیەکی قووڵی فەلسەفی ڕۆنراوە. ڕووداوەکانی تراجیدیای “ئێلێکترا” مێژوویەکی دێرینی هەیە و چیرۆکەکە لەلای گرێکییەکان ناسراو بووە و “هۆمیرۆس” لە داستانەکانیدا گێڕاویەتییەوە. ئەم تراجیدیایە لەلای سۆفۆکلیس لەسەر بنەمای ڕقێکی ئەستوور و فەلسەفە و پرەنسیپی تۆڵەسەندنەوەیەکی ڕەها ڕۆنراوە و زۆربەی ڕەخنەگر و پسپۆرەکان، ئاماژەی ئەوەیان کردووە، کە “ئێلێکترا” هاملێتێکی ئافرەتە و لە مەدارەکانی هاملێتدا، بە هەزارەها ساڵ بەر لە شەکسپیر خولاوەتەوە.
سۆفۆکلیس ئەم تراجیدیایەی بەم شێوەیە داڕشتۆتەوە: ئێلێکترا، کە کچی ئاگامێمنون، پادشای ئارگۆس و کلیۆتایمێسترایە، دەیەوێت تۆڵەی کوشتن لە دایکی “کلیۆتایمێسترا” بکاتەوە. ئاگامێمنون لە جەنگی ترۆیادا ناچار دەبێت کچەکەی تری “ئیفێگێنێیا” بکاتە قوربانی خواوەندەکان تا ڕەشەبا پاڵ بە کەشتییەکانیانەوە بنێت و بەرەو دەروازەکانی شەڕیان بەڕێت. ئاگامێمنون دوای سەرکەوتن و تەواو بوونی شەڕ، کە دەگەڕێتەوە لەلایەن کلیۆتایمێسترا و دۆستەکەیەوە دەکوژرێت، ئەمەیش بە پێی یاساکانی تۆڵەسەندنەوە، دەبێت تۆڵەی کوشتن بە کوشتن بکرێتەوە. موراڵ و فەلسەفەی تۆڵەسەندنەوە، لە سوڕانەوەیەکی ئەبەدی خوێنڕشتن و کوژرانی یەک لە دوای یەکی تاوانبارەکاندا بسوڕێتەوە، هەر لەبەر ئەوەیشە، کە “ئۆرێستێس”ی کوڕی ئاگامێمنون و کلیۆتایمێسترا تۆڵەی باوکی بە کوشتنی دایکی و دۆستەکەی دەکاتەوە، بەم شێوەیەیش لۆژیکی خوێن و تۆڵەسەندنەوە بەردەوام دەبێت.
“ئێسخیلۆس” بەر لە سۆفۆکلیس مێژووی بنەماڵەی “ئەتریدەکان” و ئەم چیرۆکە خوێناوییەی لە سێینەی (ئۆرێستێیا)دا خستۆتە ڕوو. لەلای ئێسخیلۆس ئەم داستانە کۆتاییەکی ئاشتیخوازانە لە خۆدەگرێت و لەبری تۆڵەسەندنەوە بە لێبوردن کۆتایی هاتووە. ئێسخیلۆس بۆ ئەم مەبەستە پەنای بردۆتە بەر خواوەندی جەنگ (پاڵاس ئەتێنا) و لە پرۆسەیەکی یەکەم هەنگاوەکانی دیمۆکراسی و دەنگداندا لە (ئۆرێستێس) خۆش دەبن و بنەماڵەی ئەتریدەکان لاپەرەیەکی تازە هەڵ دەدەنەوە. هەر لێرەیشەوە سەرەتای بنەما دیموکراسییەکانی کۆمەڵگای ئەسینا و شارستانییەتی ئەوروپا دادەڕێژرێت.
ئێسخیلۆس بە سێینەکەی میتۆلۆژیایەکی تایبەت بە خۆی دەخوڵقێنێت و بە پرۆسەیەکی سیاسی و فەلسەفەیەکی ئاکاری و موراڵێکی تر، کۆتایی بە هەموو تۆڵە و خوێنڕشتنەکان دەهێنێت. بەڵام سۆفۆکلیس لە “ئێلێکترا”دا، کە چارەسەری هەمان مەسەلە دەکات، هەموو شتێک بە مەرگ و خوێن و تۆڵەسەندنەوە کۆتایی پێ دەهێنێت. لەلای سۆفۆکلیس کوشتنی ئاگامێمنون تۆڵەسەندنەوە نییە لەوەی، کە “ئیفێگێنێیا”ی کردووە بە قوربانی، بەڵکو دۆستەکەی دایکی هانی “کلیۆتایمێسترا” دەدات تا “ئاگامێمنون” بکوژن، بۆ ئەوەی بە تەواوی دەست بگرن بەسەر دەسەڵاتی پادشایەتی و کۆشک و وڵات بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. “ئێلێکترا” دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە ئاگامێمنون هەر بە ڕاستی ناچار بووە” ئیفێگێنێیا”ی خوشکی سەرببڕێت و بیکات بە قوربانی لە پێناوی وڵات و سەرکەوتن بەسەر دوژمندا.
“ئێلێکترا” ئاماژەیش بۆ ئەوە دەکات، کە کیلۆتایمێسترای دایکی بە ناوی یاسایەکەوە ئاگامێمنونی باوکی کوشتووە، کە یاسایەکی تۆمارکراو نییە، بەڵکو یاسایەکە خۆی بنەماکانی ڕۆناوە و دوورە لە سیستەمی یاسا ئاسامانییەکان و دەوڵەتیشەوە. “ئێلێکترا” کار بەو یاسایە دەکات، کە دەڵێت “ئێمە کەسێک دەکوژین، لەبەر ئەوەی کەسێکی تر تاوانێکی کردووە، دەبێت ئەو کەسەیش بکوژرێتەوە.” کیلۆتایمێسترایش دەڵێت مافی خۆیەتی، کە ئاگامێمنون بکوژێت، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ئێلێکترایش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەویش بەپێی ئەم لۆژیکە دەبێت بکوژڕێت، کوشتنەکەیشی ڕاستەو تاوان نییە؛ ئێلێکترا یاساکانی کلیۆتایمێسترا دژی خۆی بەکاردەهێنێت. ئەوەی سۆفۆکلیس لە “ئێلێکترا”دا بەرجەستەی دەکات، پرنسیپەکانی “هزر” خۆیەتی، دەرگاکردنەوەیە بۆ گفتوگۆ و جیاکردنەوەی ڕاستییە لە هەڵە و درۆ.
تەنانەت ئێستا، لێرە و ئەمڕۆ دەکرێت تراجیدیای گرێکی سەبارەت بە خێزان، موراڵ، دەسەڵات، دەوڵەت و مەرگ فێری زۆر شتمان بکات.


