هەر جارەی کتێبێک / شانۆی هونەریی

10743210_10204269401228681_1935193455_n(فلادیمیر نمیرۆڤیچ دانچنکۆ) ١٨٥٩-١٩٤٣ دەست پێشخەری یەکەمی دامەزراندنی (شانۆی هونەریی مۆسکۆ)یە و هەر لەساڵی ١٨٩٧ەوە لەگەڵ ستانیسلاڤسکی ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە بەڕێوەبردنی ئەم شانۆیەدا، کە سەرلەبەری شانۆی ڕووسی دەگۆڕێت و دواتریش کاریگەری بەسەر تێکڕای شانۆی جیهانییەوە دەبێت. کتێبی (شانۆی هونەریی) کە فلادیمیر نمیرۆڤیچ لە شێوەی بیرەوەریدا نووسیویەتی، بە دیکۆمێنتێکی گرینگ لەمێژووی ئەم شانۆیەدا دادەنرێت. شانۆی “هونەری”یش ئەو مانایەی گەیاندووە، کە شانۆیەکی نوێ، دوور لە هەموو جۆرە ترادیشونێکی چەقدار، ئەکادیمییەتێکی نەزۆک، بیرۆکراتی و ئەکتەری ئەستێرەوە بخوڵقێنن. ستانیسلاڤسکی و نووسەری ئەم کتێبە، فلادیمیر نمیرۆڤیچ کە دامەزرێنەری ئەم شانۆیە بوون، لە زۆر ڕووەوە، وەک ڕووناکی و سێبەر لەیەکتر جیاواز بوون، بەڵام هیچیان بەبێ ئەویتر لە سەروبەندیی ئەم شانۆیەدا هەڵینەکردووە. جیاوازییەکەیش لەنێوان دیما و دیدی ئەم دوو هونەرمەندەدا، وەکوو لەسەرەتای ئەم کتێبەدا هەستی پێ دەکرێت، لەوەدایە، کە نمیرۆڤیچ، بە پێچەوانەی ستانیسلاڤسکی، شانۆی هونەریی مۆسکۆی بەشانۆی نووسەرەکانی دەزانی، نەک ریژیسۆر و ئەکتەرەکان.
گرینگی ئەم کتێبەی نمیرۆڤیچ لەوەدایە، کە چەندین ساڵ بەر لەدامەزراندنی شانۆی هونەریی مۆسکۆوە دەست پێ دەکات و هەموو ڕەوتی ئەم شانۆیە و سەرکەوتنەکانی تا دوای شۆڕشیش دەگێڕێتەوە. هەروەها شانۆی ڕووسی، شانۆنامەنووسەکان، ڕۆڵی ئەکتەر، ڕەخنەی شانۆیی، ڕۆژنامەگەری، دەسەڵاتی تسار، قوتابخانە شانۆییەکان و هونەری نواندن دەخاتە بەر تیشکی لێکۆڵینەوە. لەو سەردەمەدا لەمۆسکۆ، دوو قوتابخانەی شانۆیی هەبوون، یەکێکیان سەر بە دەسەڵاتی تسار بووە، کە ئەکتەرە گەورەکانی (شانۆ بچووکەکە)ی مۆسکۆ وانەیان تیا گوتۆتەوە. ئەویتریان قوتابخانەی فیلهارمۆنیکا، کە ئاستی باش نەبووە و پڕ بووە لەکێشە و گیروگرفت، تا نمیرۆڤیچ دەبێت بە مامۆستا و سەرلەبەری دەگۆڕێت و دەیکات بە شتێکی تر. هەر لەم فیلهارمۆنیکایەدا و لەسەردەستی نمیرۆڤیچ کەسانی وەک مایرهۆڵد و ئۆلگا کنیپەر خوێندنی نواندن تەواو دەکەن. نمیرۆڤیچ وەک شانۆنامەنووس، ریژیسۆر و پێداگۆگ، خەونی بە دامەزراندنی شانۆیەکی نوێووە بینیووە، بۆ ئەم مەبەستەیش لە بیرکردنەوە و گەڕان و داڕشتنی پلان و تۆمارکردنی یاداشت و دید و بۆچوونەکانیدا بەردەوام بووە، بەڵام هەر زوو لەوەیش دەگات، کە ئەم کارە بەتەنها خۆی ناکرێت. (… لە هەمانکاتدا لەوەیش گەیشتم، کە ئەمە شتێکە تەنها بە من ناکرێت، چونکە شتەکان چڕ و گران و فرەڕەهەند بوون. هەر لێرەدا، بۆ یەکەمجار ستانیسلاڤسکییم هاتەوە یاد. دوای ئەم هەموو ساڵە لە گفتوگۆ و خەون بینین، بۆ یەکەمجار بیرم لەو گروپە ئەماتۆرە کردەوە، کە گەنجێکی بازرگانی دەوڵەمەند بەناوی ئەلێکسی ستانیسلاڤسکییەوە هەی بوو، هەر خۆی شانۆنامەکانی دەردەهێنا و ڕۆڵە سەرەکییەکانیشی دەبینی.) نمیرۆڤیچ سەبارەت بە کەسایەتی ستانیسلاڤسکی دەڵێت ( ستانیسلاڤسکی لەنێوەندە شانۆییەکەدا هەر زۆر تازە بوو، بەڵێ، دانسقە. لە پێش هەموو شتێکەوە ئەو ئەماتۆر بوو، ئەمەیش مانای وایە، کە لە هیچ شانۆیەک دانەمەزرا بوو، هەروەها چ وەک ئەکتەر و چ وەک ریژیسۆریش بە هیچ شانۆیەکەوە پابەند نەبوو. ئەو تا ئەو کاتەیش شانۆی نەکردبوو بەپیشەی خۆی، هەرلەبەر ئەوە مۆری شانۆکاری پێوە نەنرابوو.)
نمیرۆڤیچ دەستبەجێ نامەیەکی کورت بۆ ستانیسلاڤسکی دەنێرێت و ئەوەی بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆیەکی نوێی هەیە و پێی خۆشە بیبینێت. ستانیسلاڤسکی لە وەڵامی ئەو نامەیەدا تەلەگرافێکی خێرای بۆ دەنێرێت: “زۆر خۆشحاڵم، ٢١ی شەش، کاتژمێری دوو لە چێشتخانەی (سلاڤیانسکی) چاوەڕوانت دەکەم.” سلاڤیانسکی لەو دەمەدا ریستۆرانێکی بەناوبانگی مۆسکۆ دەبێت و نووسەر و هونەرمەندان لەوێ کۆبوونەتەوە و جێگای گفتوگۆی هونەری و ئەدەبی دەبێت. نمیرۆڤیچ دەڵێت “من چووم بۆ سلاڤیانسکی، ستانیسلاڤسکی بەرلەمن لەوێ بوو و چاوەڕوانی دەکردم. کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ ئەو گفتوگۆ مێژووییەی نێوانمان دەستی پێ کرد و کاتژمێری هەشتی بەیانی ڕۆژی دوایی لە ماڵی ئەوان کۆتایی هات.” دوو خەونی شانۆ، دوو هەڵوێستی جیاواز، دوو کەسایەتی و مەزاجی جودا، هەریەکە و دوور لەویتر کاری خۆی کردووە،دەسەڵاتیان بەسەر هەمان دید و بۆچوونی شانۆیدا هەبووە؛ یەکتری دەبینن و هەژدە کاتژمێر پێکەوە قسە دەکەن و ڕاستەوخۆ بنەماکانی شانۆیەک دادەنێن، کە دواتر ڕۆڵێکی گەورە لەمێژووی شانۆی جیهانیدا دەبینێت. هەر لەم کۆبوونەوەیەدا لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون، پێکەوە بەرپرسیاریەتی ئەم شانۆیە بگرنە ئەستۆ، ستانیسلاڤسکی ڕیژیسۆر و هەروەها بەرپرسیاری ڕێپۆرتوار، نمیرۆڤیچ بەرپرسیاری یەکەمی ڕێپۆرتوار بێت. ئەویش بڕیارێکی باش نابێت بۆ دوو هونەرمەندی بەهێز، کە هەردووکیان پێ داگرییان لەسەر دید و بۆچوونەکانی خۆیان کردووە. (ئێمە هەر ئەو بەرەبەیانە لە بێ هێزی ئەو پلانە گەیشتین. لە پراکتیکدا هەر زۆر خێرا لەهەموو هەنگاوێکدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت، کە ناکرێت فۆرم لە ناوەرۆک جیابکرێتەوە، ئەگەر من پێداگری لەسەر وردەکارییەکی سیکۆلۆژی یان وێنەیەکی ئەدەبی بکەم، ڕاستەوخۆ ڕووبەرووی گوزارشتە هونەرییەکە، فۆرمی دیمەنەکە دەبوومەوە. بە پێچەوانەیشەوە، ئەگەر ئەویش پێداگری لەسەر فۆرمێک، کە بۆ دیمەنێکی دۆزیبووەوە بکردایە، لەگەڵ مامەڵە ئەدەبیەکەی من تووشی کێشە دەبوو. بەڵام ئێمە هەردووکمان هێندە ڕاستگۆ بووین، ئامادەبووین قوربانی بدەین بە هەموو شتێک تا ئەو ئاگرەی لە دەروونماندا کڵپەی سەندبوو، نەکوژێتەوە.) هەر لەم دانیشتنەدا بڕیاری ئەوە دەدەن، کە یەک ساڵی تەواو خەریکی خۆئامادەکردن و پلاندانان و داڕشتنی شانۆکەیان بن و دوای ساڵ و نیوێک بەسەر گفتوگۆ هەژدە کاتژمێرییەکەیاندا، شانۆکەیان دەکرێتەوە. یەکەم ڕێپۆرتواری شانۆی هونەری مۆسکۆ بریتی دەبێت لە: ئەنتیگۆنای سۆفۆکلیس، بازرگانی ڤێنیسیای شەکسپیر، تسار فیۆدۆری تۆڵستۆی، هێددا گابلەری ئیپسن، چەند شانۆنامەیەکی هاوپتمان و نەورەسی چێخەف.
ستانیسلاڤسکی بۆ داڕشتنی ڕێپۆرتواری شانۆی هونەر، دیما و دیدێکی دەوڵەمەند و زەوقێکی پڕ لە زانینی سەبارەت بە دەقە کلاسیکییەکان هەبووە، بەڵام هەمان دید و پەرۆشی بۆ نووسەرە هاوچەرخ و نوێیەکان نەبووە و بەهیچ شێوەیەک، ئەو نووسەرانە، هەر بۆ نموونە چێخەف نەدەکەوتنە خانەی پڕۆگرام و دیدی ئەو شانۆیەوە، کە ئەو دەیویست دروستی بکات. نمیرۆڤیچ ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە بێگومان ستانیسلاڤسکی ئاگای لە چیرۆکەکانی چێخەف بووە، بەڵام ئاگای لە هەوڵە شانۆییەکانی نەبووە. نمیرۆڤیچ ناچار دەبێت ستانیسلاڤسکی قایل بکات، کە (نەورەس) بخاتە ڕێپۆرتوارەکەیانەوە و هەر خۆیشی بەکاری ریژی هەڵبستێت. چێخەف هاوینی ساڵی ١٨٩٧ بە هۆی نوشووستهێنانی شانۆنامەی (نەورەس) لە شانۆی ئەلکسەندەرنیسکی خۆی لە هەموو کەسێک دزیوەتەوە و دەرگاکانی هەموو شانۆکانیش بە ڕووی خۆیدا دادەخات. هەر لەم رووەوە گوتویەتی “من هەرگیز چیتر، ئەگەر حەوت هەزار ساڵی تریش بژیم، بۆ شانۆ نانووسم، ڕێگایش نادەم ئەو شانۆنامانەی نووسیومن بخرێنە سەر شانۆ.” نمیرۆڤیچ هەرچۆنێک بێت چێخەف قایل دەکات، نەورەس بۆ کردنەوەی شانۆکەیان نەمایش بکەن. دواجار ستانیسلاڤسکی بە نابەدڵییەوە ڕەزامەندی دەردەبڕێت و پرۆڤەی نەورەس دەست پێ دەکات و ڕۆڵەکان دابەش دەکرێن: مایرهۆڵد ڕۆڵی “کەنستەنتین” ستانیسلاڤسکی “تریگۆرین” و ئۆڵگا کنیپەریش “ئەرکادینا” دەبینن. هێدی هێدی ئەتمۆسفێرێکی پڕ لە کار و خوڵقاندن و گەڕان چێخەفی لە ستانیسلاڤسکی نزیک کردۆتەوە و لە پڕ بەر لە ئەکتەرەکان بڕوایەکی پتەوی بە چێخەف هێناوە. (ئێمە باسی شانۆکەی خۆمان، شانۆکەی من و ستانیسلاڤسکیمان دەکرد، دواتر بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو و کت و پڕ بوو بە شانۆی چێخەف.) نمیرۆڤیچ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە بەکردنەوەی شانۆی هونەر، ئەو شانۆ نوێیەی ئەوان خەونیان پێوە بینیوە، لەدایک نەبووە. هەرچەندە نەمایشەکانیان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە، بینەران کاردانەوەیەکی باشیان هەبووە و ڕەخنەگرەکان بە پەرۆشەوە لە سەر نەمایشەکانیان دەنووسی، بەڵام هەستکردن بە لەدایکبوونی شانۆیەکی نوێ بوونی نەبووە. شانۆ نوێیەکە، ئەو پرۆژەیەی ئەوان بیریان لێ دەکردەوە و خەونیان پێوە دیووە، دواتر بەبێ هیچ هات و هاوارێک لەدایک دەبێت. نووسەر بەدرێژی باسی پرۆڤە و خۆئامادەکردنی شانۆنامەی نەورەس دەکات، ترس و شڵەژاویی و تارمایی چێخەف و بەتاڵی کاسەی شانۆکە لەو ڕۆژگارەدا، دەبنە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ڕۆژی یەکەمی نەمایش و خەونی سەرکەوتنی شانۆنامەکە و داڕمانی هەموو شانۆکەیان. هەروەها بەشێوەیەکی ئەفسووناوی باسی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی نەمایشەکە،لە ١٧ی مانگی دوانزەی ساڵی ١٨٩٨ و ئەو پەرچەکردارە بەهێزەی بینەران دەکات، کە بە چەپڵە ڕێزانێکی درێژخایەن پێشوازی لە نەمایشەکە دەکەن و دەیانەوێت هەر لەوێدا و لەسەر داوای ئەوان تەلەگرافێک بۆ نووسەری شانۆکە، ئەنتوان چێخەف بنێرێت. نەمایشەکە هەر سەرکەوتنێکی گەورە بۆ چێخەف بەدەست ناهێنێت، بەڵکو دەبێتە ڕووداوێکی گرینگ و سەرەتایەکی پتەویش بۆ شانۆی هونەریی و بۆ تێکرای ڕەوتی شانۆی ڕووسی. بەم شێوەیە، ئەو شانۆ نوێیەی، کە باسیان دەکرد لەدایک دەبێت.
دوای نەورەس، خاڵە ڤانیا، سێ خوشک و باخی گێلاس سەرکەوتنی گەورە بۆ ئەکتەرەکان و بۆ شانۆی هونەریی مۆسکۆ بەدەست دەهێنێت و نووسەر بە ووردی هەل و مەرج و ڕەوشی نووسین و پرۆڤە و پەیوەندییەکانی چێخەف بە ئەکتەر و شانۆکەیانەوە ڕوون دەکاتەوە. ئەم پەیوەندییە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە چەند گرینگە نووسەرێکی شانۆیی لەنێو شانۆ و لەگەڵ ریژیسۆر و ئەکتەرەکاندا دەقەکانی بنووسێت و لەگەڵ هونەری نواندن و دیدی شانۆ و پرۆڤە، کارەکتەرەکان و ڕووداو و ڕۆنانی درامی گەشە بکات.
هەرچەندە، دوای مردنی چێخەف مەکسیم گۆرگی و دواتریش لیۆ تۆڵستۆی دەبنە شانۆنامەنووسە سەرەکییەکانی ئەم شانۆیە، بەڵام هیچ شانۆنامەنووسێک ناتوانێت ئەو پەیوەندییەی، چێخەف بە شانۆکە و ئەکتەر و ریژیسۆرەکانەوە هەیبوو، دروست بکەن. نمیرۆڤیچ لە نزیکەوە هەر سێ شانۆنامەنووسەکەی: چێخەف، گۆرگی و تۆڵستۆی ناسیووە و پەیوەندییەکی هونەری و هاوڕییەتی لەگەڵیان هەبووە، لەم کتێبەیشدا وێنەیەکی ئاشکرا و پێناسەیەکی ڕاستەوخۆ و قووڵبوونەوەیەکی گشتگر سەبارەت بە خۆیان و بە بەرهەمەکانیان دەکات.
ئەم دوو هونەرمەندە باسی ئەوە دەکەن، کە نەمایشەکانیان بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵ پێشکەش بکەن، ئەمەیش لەو سەردەمەی ڕووسیادا بە شۆڕشێک دانراوە؛ ئەوان ویستوویانە بینەرەکانیان هەست بەوە نەکات، کە لەناو هۆڵی شانۆکەدا خاوەن دەسەڵاتی یەکەم و ئاغا بن، بەڵکو ویستوویانە بینەر هەست بەوە بکات بەختیارە و سوپاسگوزارە، کە ڕێگایان پێ دراوە بێنە ژوورەوە، هەرچەندە خۆی پارەی داوە و بە پارەی بلیتی خۆی هاتۆتە ژوورەوە. نمیرۆڤیچ دەڵێت “شانۆکەی ئێمە تەنها شانۆیەک بوو، کە زیاتر لە خودی نەمایشەکە، لە هەوڵی خوڵقاندنی شانۆیەکی گەورەدا بوو. من هەتا ماوەیەکی زۆر بەتوندی بەرگریم لەم پرنسیپە دەکرد، چونکە گەڕانێکی تازەی لەخۆ گرتبوو سەبارەت بە ڕەوتی شانۆ؛ لەم ڕەوشەدا دەگەیشتینە بیرە قووڵەکانی نووسەر، ئەکتەرەکان کارەکتەرەکانی خۆیان دەدۆزییەوە و بەرەو پێشەوەیان دەبرد، هارمۆنی نێوان بەشەکانی دیمەنەکان دەستەبەر دەکران.” هەر لەبەر ئەوە زۆربەی ڕەخنەگرەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە هەموو ڕۆڵێکی تازە بۆ ئەکتەرەکانی شانۆی هونەریی مۆسکۆ، وەکوو ئەوە وابووە، کە مرۆڤێکی تازە لەدایک بووبێت.
ستانیسلاڤسکی و نمیرۆڤیچ گەیشتبوونە ئەو بڕوایە، کە ریژیسۆر دەبێت لە شانۆیەکی نوێدا، بەرپرسیاری یەکەم بێت و دەسەڵاتی ڕەهای نەمایشە شانۆییەکانی هەبێت. ئەو شانۆنامەیەی هەر ریژیسۆرێک پێشەکەشی دەکات، دەبێت ئەو بەرپرسیار بێت لە هەڵبژاردن و ڕاهێنانی ئەکتەرەکانی، لە شیکردنەوەی دەقەکە، لە ڕۆژانی پرۆڤە و هەموو وردەکارییەکی تری نەمایشەکە. نمیرۆڤیچ دەڵێت (ریژیسۆر کەسێکە، کە سێ رووخساری هەیە: یەکەم ریژیسۆر- ڕاڤەکار؛ ئەوە پێشان دەدات، کە چۆن نواندن دەکەی، هەر لەبەر ئەوەیشە دەکرێت بەو ناوەیشەوە ئاماژەی بۆ بکرێت، ریژیسۆر/ئەکتەر یان ریژیسۆر/پێداگۆگ. دووەم ریژیسۆر- ئاوێنە، کە خوڵقاندن و تواناکانی ئەکتەری تیا ڕەنگ دەداتەوە. سێیەمیشیان ریژیسۆر- ڕێخەری هەموو نەمایشەکە.)
نمرۆڤیچ هەر لەم کتێبەدا، هەنگاو بە هەنگاو باسی ڕێچکەی بەرەوپێشەوەچوونی هونەری ریژی لەلای ستانیسلاڤسکی و کاری ئەکتەر دەکات و زیاتر ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە چۆن ستانیسلاڤسکی وەک ریژیسۆرێکی بەسەلیقە لەکارە سەرەتاییەکانییەوە، کە زیاتر بایەخی بە شتە ڕووکەشییەکان داوە، قووڵ دەبێتەوە و لە کارەکانی دواتریدا بەرەو شتە گەوهەری و ناوەکییەکان دەچێت. هەر لەم قۆناخەیشدا، کە زیاتر بە ناوەڕۆکی دەقەکان و شیکارکردنی ناوەڕۆک و کردنەوەی کۆدی گشتی پەیوەندییەکان و بەستنەوەی پەیوەندی کارەکتەرەکان بە ڕووداوە دەرەکی و ناوەکییەکانەوە، بەرەو فۆرمەلەکردنی سیستێمەکەی دەبات و زیاتر و زیاتر لەکاری ئەکتەر لەگەڵ خۆیی و لەگەڵ ڕۆڵەکەیدا قووڵ دەبێتەوە.
(شانۆی هونەریی) لەگەڵ شەڕی ژاپۆن و شۆڕشی بەلشەڤیکەکاندا، چ لەڕووی دارایی و چ لەڕووی کۆمەڵایەتی و بێگومان لەڕووی ستراکتوری شانۆکەشیانەوە، بەچەند قۆناخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕیت. ئەم ڕووداوانە کاردەکاتە سەر ڕێپۆرتوار، ڕۆڵی شانۆ، پێگەی ئەکتەرەکانیان، پەرۆشی بینەران و پەیوەندییەکانی شانۆی هونەر بە بینەرەکانییەوە… هتد. نمیرۆڤیچ دەڵێت: (تا ئەو کاتەی، کە هیچ فیشەکێک بەر پەنجەرەی شانۆکەمان نەکەوت، ئێمە لەسەر پرۆڤەکردن بەردەوام بووین. تەنانەت تا ئەو کاتەیش، کە ناچاربووین خۆمان بخزێنینە سووچێکی باخچەکەی پشتەوەی شانۆکەمانەوە.) نووسەر ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، کە لەنێوان سیاسەتی شانۆ کۆنەکان و ئایدۆلۆژیای شۆڕشدا، شەڕێکی بەردەوام بەرپابوو.
لەم ڕۆژگارە سەختانەدا، شانۆی هونەریی ڕۆمانە گەورەکەی دەستەێڤسکی (برایانی کارامازۆف) بۆ شانۆ ئامادە دەکەن و بە نەمایشکردنی ئەم ڕۆمانەیش پەیوەندییەکی نوێ بە بینەرانەوە دروست دەکەن. ئەم نەمایشە، کە دەبێتە پرۆژەیەکی گەورە و قۆناخێکی نوێی کارکردن و قووڵبوونەوەیەکی تر بە بنەما سیکۆلۆژییەکانی کاری ئەکتەر و ریژیسۆردا، زۆر دوورودرێژ دەبێت. بەڵام کات چ بۆ بینەران و چ بۆ ئەکتەرەکان نابێتە فاکتەرێکی گرینگ یان بێزارکەر، بەڵکو هێز و لۆژیکی ڕووداوەکان و کاریگەری بەسەر بینەرانەوە دەبێتە ڕەهەندێکی بە بەهای نەمایشەکە. هەرچەندە دەستەێڤسکی هەرگیز بۆ شانۆی نەنووسیوە، بەڵام شانۆنامەنووسێکی گەورە بووە: ڕۆمانەکانی چەندین تۆێژاڵی درامی، کارەکتەری زیندوو، سیکۆلۆژیایەکی دەوڵەمەند، کە ئەکتەرەکانی دەبەستەوە بە ڕۆڵەکانیانەوە، لەخۆدەگرێت و زەمینەیەکی دەوڵەمەند و لەبار بۆ شانۆ ئامادە دەکات.
لەم کاتە پڕ لە کێشە و پشێوییەدا، کە شۆڕش لەسەر ڕێگای ئەو ڕۆژگارەدا وەستا بوو، هەموو بنەما ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، هونەری و تەنانەت فیکرییەکانیش گۆڕانکاری بنەڕەتییان بەسەردا هاتووە، شانۆیش بەشێک بووە لەو گۆڕانکارییانە. ئا لەم کاتەدا شانۆی هونەریی مۆسکۆ بڕیارێکی گرینگ دەدات: بە سەد کەسەوە، ئەکتەر و ریژیسۆر و هەموو کارمەندەکانی تری شانۆکەیانەوە، بە حەوت واگۆنی شەمەندەفەری پڕ لە دیکۆر و جل و بەرگ و پێداویستییەکانی نەمایشەکانییانەوە و بە چوار نەمایشی شانۆییەوە بەرەو ئەڵمانیا، چیکۆسلۆڤاکیا، پۆڵۆنیا و نەمسا دەکەونە ڕێ. نەمایشەکانیان، لەشارەکانی ئەم وڵاتانە نەک هەر سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت، بەڵکو شانۆی هونەریی مۆسکۆ دەکاتە شانۆیەکی جیهانی و ناوبانگێکی نێونەتەوەیی گەورەیان بۆ دەستەبەر دەکات. لەم وڵاتانە پێشوازییەکی گەورەی جەماوەری و هونەرییان لێ دەکرێت و رۆژنامەکان رۆژانە، بە درێژی لەسەر شانۆی هونەریی مۆسکۆ و نەمایشەکانیان دەنووسن. دوای چەند ساڵێک گەشتە هونەرییەکانی ئەم شانۆیە هەر بەردەوام دەبێت، لە فەڕەنساوە دەچنە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەو شێوەیە بنەما مۆدێرنەکانی شانۆی هاوچەرخی جیهانی دادەنێن.


سەرچاوە
Vladimir Nemirovitj-Dantjenko, Konstnarliga teatern, oversettning av Inga Tegen, Stockholm 1952