دە‌بێت بڕۆیت؟ ژیانم له‌گه‌ڵ هارۆڵد پینته‌ر
هارۆڵد پینته‌ر و خاتوو ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر، بۆ یەکەمجار له هه‌شتی مانگی یه‌کی ساڵی ١٩٧٥ دا، به رێکه‌وت و به‌هۆی هاوڕی هاوبه‌شه‌کانیانەوە، له میوانداری ئێواره‌خوانێکدا یه‌کتری ده‌بینن.
به درێژایی ئه‌و شه‌وه هیچ کامێکیان ڕێک ناکه‌وێت قسه له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر بکات، تا ئه‌و چرکه‌ساته‌ی ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر خه‌ریکی رۆیشته. هارۆڵد پینته‌ر له‌و کاته‌دا و له‌پڕ به چاوه ڕه‌شه چڕه‌کانییه‌وه سه‌یرێکی ده‌کات و به هێمنی پێی ده‌ڵێت:” ئه‌بێ بڕۆیت؟” ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر بەخێرایی بیر له کاره‌کانی رۆژانی دوایی خۆی ده‌کاته‌وه، که ده‌بێت بیانکات؛ بۆ نموونە منداڵه‌کانی به‌رێت بۆ قوتابخانه، کار له کتێبه تازە‌که‌یدا بکات … هتد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌بێ دوودڵیی ده‌ڵێت:” نه‌خێر .. به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پێویست ناکات بڕۆم.” بەو شێوەیە ئه‌و شه‌وه ده‌بێته سه‌ره‌تای خۆشه‌ویستییه‌کی گه‌وره‌ی نێوان پینته‌ر و ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر، که زیاتر له سیی ساڵ ده‌خایه‌نێت و بۆ هه‌تاهه‌تایه ژیانی هه‌ردووکیان له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌گۆڕێت. دوای مردنی پینتەریش، فرەیسەر لە کتێبێکی چوار سەد لاپەڕەییدا، یادەوەری و یاداشتە تایبەتییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەو سیی ساڵەی خۆیان ١٩٧٥-٢٠٠٨ دەگێڕێتەوە.
فره‌یسه‌ر ئه‌م چیرۆکه یاده‌وه‌رییه‌ی، که له ماوه‌ی سیی و سێ ساڵدا نووسیوویه‌تی، رۆناوه. ئه‌م شوێنپێهه‌ڵگرتنه ورد و رۆژانه‌یه ته‌نها چیرۆکی خۆشه‌ویستی ئه‌م دوو نووسه‌ره پینتەر/ فرەیسەر ناگێڕێته‌وه، به‌ڵکو بیۆگرافیایه‌کی نزیک و هاوده‌می پینته‌رە، له‌هه‌مانکاتدا خستنه روویه‌کی ته‌واوی چینه به‌رز و ئه‌رستۆکراته‌که‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئینگلیزی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌کانیشه.
پینته‌ر وه‌ک شانۆنامه‌نووسێکی به‌توانا، دەرگایەکی نوێ و جودا به‌ڕووی شانۆیه‌کی مۆدێرنی ئه‌وروپیدا ده‌کاته‌وه، له‌م شانۆیه‌دا به ئاسانی دنیابینی و جیهانه شاراوه و پڕ له راز و نهێنییه‌کان له جیهانه دیار و ئاشکراکان جیاناکرێنه‌وه. ئه‌تمۆسفێر و ستراکتوری رووداو و کاره‌کته‌ره‌کانی له بۆته‌یه‌کی توندوتیژ و هه‌ڕه‌شەئامێز و دوژمنکاریدا ده‌سوڕێنه‌وه.
له ژوورێکی واقیعیەوە، له ناو چوار دیواری ماڵە ئاساییەکانەوە، لە شێوازێکی ته‌بای دراماتۆرگییه‌وه ده‌مانگوێزێته‌وه بۆ جیهانێکی ریالیزمی ئه‌ندێشه‌ئامێز و ته‌لیسماوی نادیار. رسته کورت و وچانه درێژ و وشه هێماگه‌لییه‌کانی، بینه‌ران ده‌خاته دڵه‌ڕاوکێ و چاوه‌ڕوانییه‌کی ترسناک و به‌رده‌وامه‌وه.
پینته‌ر له ساڵی ١٩٣٠ دا له له‌نده‌ن و له ناوچه‌ی ئێست ئێند له‌دایک بووه، له ساڵی ٢٠٠٥ دا پاداشتی ئه‌ده‌بی نۆبڵ وه‌رده‌گرێت و له ساڵی ٢٠٠٨ دا و له ته‌مه‌نی حه‌فتا و هه‌شت ساڵیدا کۆچی دوایی ده‌کات. که پینته‌ر و خاتوو فره‌یسه‌ر یه‌کتری ده‌بینن، هه‌ردووکیان ته‌مه‌نیان له سه‌رو چل ساڵییه‌وه ده‌بێت، هه‌ردووکیان ژیانی تایبه‌تی خۆیان و پێشتر به ئه‌زموونی هاوسه‌رگیرییدا رۆیشتوون، پینته‌ر نووسه‌رێکی رادیکاڵی جووله‌که، زیاتر له به‌ره‌ی چه‌په‌کانه‌وه نزیک بووه و خانمه ئه‌کته‌ری ناسراوی ئینگلیزی (فیفیان مێرچنت) هاوسه‌ری بووه. هه‌رچی ئانتۆنیا فره‌یسه‌ر- یشه ئافره‌تێکی کاسۆلیک، ئه‌رستۆکرات و دایکی شه‌ش منداڵ، مێرده‌که‌شی هیو فره‌یسه‌ر سه‌ر به پارتی پارێزگاره‌کان و ئه‌ندامی پارله‌مانی به‌ریتانی بووه.
ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر به‌ر له چەند ساڵێک ئه‌م بیره‌وه‌ری و یاداشتانه‌ی ژیانی هاوسه‌ری خۆی و پینته‌ر له به‌رگێکی گه‌وره‌دا بڵاو ده‌کاته‌وه و هه‌ر زوویش وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زوربه‌ی زمانه‌کانی دونیا.
ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر لەسەرەتاوە، ئه‌م یاداشتانه‌ی بۆ ئه‌وه نه‌نووسیوه تا دواتر بڵاویان بکاته‌وه، به‌ڵکو بۆ خۆی نووسیوه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ رووداوه‌کاندا بژی و له‌بیری نه‌چنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زه‌مه‌ن، گه‌ر له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی کتێبه‌کانیش بێت، بۆ تاوێک بووه‌ستێنێت. زه‌مه‌ن له‌م کتێبه‌دا وزه‌یه‌کی به‌هێز و ئاماده‌بوونێکی له‌به‌رچاوی له دێڕ و وشه و ساته‌وه‌ختی رۆژه‌کاندا هه‌یه و یاده‌وه‌رییه‌کان، له گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ندا سه‌رله‌نوێ و بەشێوەیەکی زیندوو، به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه.
ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر له ٢٨ ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ١٩٨٠دا ده‌نووسێت:” من ئه‌م یاده‌وه‌رییانه بۆ ئه‌وه نانووسم تا ببێته ئه‌ده‌بێکی گه‌وره، به‌ڵکو ئه‌مه هاوڕێکه‌مه، دۆکیومێنتێکه ده‌رباره‌ی ژیانی هه‌ردووکمان و هه‌ندێک جاریش دڵنه‌واییەکە …” ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، که هه‌ر دوای دوو مانگ به‌سه‌ر مردنی پینته‌ردا، ده‌ستی کردووه به نووسین و ئاماده‌کردنی ئه‌م کتێبه، ئه‌مه‌یش جۆرێک بووه له دڵدانه‌وه و سه‌رله‌نوێ ژیانه‌وه‌ی ئه‌و رۆژگارانه و به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و خه‌مه گه‌وره‌یه‌ی، که پینته‌ر له‌دوای خۆی جێی هێشتووە.
ئه‌م یاده‌وه‌رییانه به شێوه‌یه‌کی ساکار تیشک ده‌خاته سه‌ر ژیانی پینته‌ر و وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی ئاسایی و مرۆڤێکی میهره‌بان، له راڕه‌وه تاریکه‌کانی ژیانه‌وه، له‌ودیو نووسینی شانۆنامه پڕ له راز و نهێنییه توندوتیژه‌کانییه‌وه، ده‌رده‌که‌وێت و ئه‌و کڵێشه و وێنه ته‌بایانه‌ی، که خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گره‌کان له‌لای خۆیان سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی پینته‌ر دروستیان کردووه، به ته‌واوی ده‌شکێت. ئه‌م نووسه‌ره ئه‌بسورد و تۆقێنه‌ر و نادیاره‌ی ناو شانۆنامه‌کانی، وه‌ک که‌سێکی میهرەبان و عاشق و ناسک ده‌رده‌که‌وێت.
نووسه‌ر به‌م یاداشتگەلە راستگۆ و لێوڕێژ له ژیانە، هه‌ستێکی (لێره و له ئێستا) ی خوڵقاندووه و خوێنه‌ر ده‌باته ئه‌ودیو په‌رده دادراوه‌کانه‌وه و وێنه‌یه‌کی راسته‌قینه‌ی ڕەوش و ژیانی رۆژانه‌مان پیشان ئه‌دات.
ئه‌م یاده‌وه‌رییانه به هه‌موو خۆشی و ناخۆشییه‌کانییه‌وه، ئه‌ده‌بێکی تایبه‌تمه‌ند ده‌خوڵقێنێت و مانا ده‌به‌خشێت بە‌هه‌موو ئه‌و رۆژگارانەی به‌سه‌رچوون، به جووڵانه‌وه ئاساییه‌کانه‌وه، به ساته‌وه‌خته ساکاره‌کان و به ساته چڕه‌کانی پرۆسه‌ی داهێنانیشەوە.
نووسه‌ر به رسته کورته‌کانی ده‌سپێکی کتێبه‌که، تا کۆتایی و هه‌ڵکشانی رووداوه‌کان، درامایه‌کی به‌هێز دروست ده‌کات، که ته‌نها دوو کاره‌کته‌ر، پینته‌ر/ فره‌یسه‌ر له ناوه‌ندی رووداوه‌کاندا، هێدی هێدی گه‌وره ده‌بن. ئه‌م کتێبه ته‌نها ده‌روازه‌یه‌ک نییه بۆ ژیانی رۆژانه و ئه‌و چیرۆکه خۆشه‌ویستییه به‌تین و به‌هێزه‌ی نێوان پینته‌ر و ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر، به‌ڵکو پێناسه و تێڕوانینێکیشه بۆ که‌سێتی ئه‌م دوو نووسه‌ره، به‌تایبه‌تی له بواره‌کانی شانۆ، ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تدا.
هه‌روه‌ها له‌م یاداشتانه‌دا وێنه‌ی پینته‌رێکی به‌ختیار له ژیانی هاوسه‌رگیریی و خێزانی‌دا ده‌بینین، ژیانێکی پڕ له ماچی ته‌ڕ و گوڵی بۆنخۆشی جوان و گفتوگۆی گەرم و پڕ له خه‌نده. خوێنه‌ر چیرۆکی عه‌شقی دوو مرۆڤ ده‌خوێنێته‌وه، که به یه‌که‌وه و به ته‌نیشت یه‌که‌وه گه‌وره ده‌بێت، هه‌ڵده‌کشێت و له‌ناو دونیاکەی ئێمه‌دا، دوور لەهەموو شتێکەوە، جیهانێکی تایبه‌تمه‌ند بۆ خۆیان دروست ده‌که‌ن.
ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر ده‌ڵێت:” ئێمه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ یه‌کتری به شه‌ڕ نه‌هاتووین، به‌ڵێ بیروڕای جیاوازمان هه‌بووه و گفتوگۆمان زۆر کردووه، به‌تایبه‌تیش سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له سیاسییه‌کان و چه‌مکه‌کانی ئایین، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌م گفتوگۆیانه بۆ هه‌ردووکمان به مانا بوون. ئێمه به‌رده‌وام له گفتوگۆیه‌کی بێکۆتادا بووین.”
کتێبی (دە‌بێت بڕۆیت؟) ته‌نها ژیانی پینته‌ر و ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر ناخاته ڕوو، به‌ڵکو له په‌راوێزی ژیانی ئه‌م دوو مرۆڤه‌دا، وێنه‌یه‌کی چڕی ڕه‌وتی شانۆ و کولتووری به‌ریتانی، به تایبه‌تی له له‌نده‌ن- مان پێده‌ناسێنێت و چه‌ندین که‌سایه‌تی گرینگی بواری شانۆ به‌نێو ڕووپه‌ڕه‌کانی ئه‌م کتێبه‌دا، به‌نێو ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌م دوو مرۆڤه‌دا تێده‌په‌ڕێت، هەر بۆ نموونە، لۆرانس ئۆلیڤه‌ر، یولیه‌ت واڵته‌ر، ڤاکلاڤ هاڤل، سه‌لمان روشدی، پێته‌ر هاڵ، سامۆیێل بێکێت، ئارسه‌ر میلله‌ر، ف. سی نیاپاول، یوان به‌یێز… هتد، ئامادەگییەکی بەهێزیان لەم کتێبەدا هەیە.
که فه‌توای کوشتنی سه‌لمان روشدی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانه‌که‌ی ( ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان) له مه‌لاکانی ئێرانه‌وه ده‌درێت، بۆ ماوه‌یه‌ک له ماڵی پینته‌ر/ فره‌یسه‌ر خۆی ده‌شارێته‌وه، پینته‌ر و فره‌یسه‌ر به توندی به‌رگری له سه‌لمان روشدی ده‌که‌ن، به‌رگری کردن له سه‌لمان روشدی بۆ ئه‌وان به‌رگری کردن بووه له مافی ئازادی ده‌ربڕین و وشه‌ی ئازاد.
پینته‌ر له شانۆوه ده‌ستی پێکردووه، سه‌ره‌تا ئه‌کته‌ر بووه و له هونه‌ری نواندنه‌وه، له ریژی و پێکهێنه‌ره‌کانی تری پرۆسێسی نه‌مایشێکی شانۆییه‌وه ده‌ستی کردووه به نووسینی شانۆنامەکانی. له‌م یاداشتانەیشدا (دە‌بێت بڕۆیت؟) جگه له پینته‌ری نووسه‌ر، پینته‌ری شانۆکاریش ده‌بینین، کە به‌رده‌وام شانۆنامه‌کانی خۆی و نووسه‌ره‌کانی تر له له‌نده‌ن، ئه‌مریکا و ئه‌وروپا پێشکه‌ش ده‌کات و ساڵانه ئاماده‌ی ئه‌و فێستیڤاڵە تایبه‌تمه‌ندانه ده‌بێت، که له ئه‌مه‌ریکا، مه‌کسیکۆ و ئێرلاند بۆ شانۆنامه‌کانی سازده‌کرێت.
پینته‌ر، که وه‌ک ریژیسۆر کاری کردووه، هه‌میشه خۆی له به‌ره‌ی ئه‌کته‌ره‌کاندا بینیوه‌ته‌وه، خۆی له‌واندا دۆزیوه‌ته‌وه، ئەگه‌ر هه‌ر جیاوازییه‌کیش له بیروباوه‌ڕ و چۆنییه‌تی خوێندنه‌وه‌ی تێکسته‌کانیشدا هه‌بووبێت، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه بووه، که پینته‌ر له لایه‌که‌وه تا ئاستی لێبێزران به دیقه‌ت بووه و له لایه‌کی تریشه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ک بواری بۆ هیچ که‌سێک نه‌هێشتۆته‌وه تێکسته‌که کورت بکه‌نه‌وه، یان ده‌سته‌واژه و ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌کیش بگۆڕن و ئاڵوگۆڕی پێبکه‌ن. پینتەر بەهەموو شێوەیەک دژی کلکو گوێ کردنی دەقە شانۆییەکان بووە و ڕێگای بە کورتکردنەوە و لابردنی هیچ بەش و دیالۆگ و تەنانەت ڕستە و وشەیەکیش نەداوە. ساڵانەیش، کە لە شانۆی (رۆیاڵ کۆرت) ۆرکشۆپی بۆ شانۆنامەنووسە نێونەتەوەییەکانی وڵاتانی وەک، یۆگۆسلافیا، ئەفەریقا، ئیسرائیل و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی سازکردووە، بەچڕی کاری لەسەر ئەم مەسەلەیە کردووە و تیشکی خستۆتە سەر گرینگی هەموو وشە و دەستەواژەیەک لەنێو دەقە شانۆییەکاندا. خاتوو فرەیسەریش باسی ئەم چالاکییانەی پینتەری کردووە و ئەوەیشی خستۆتە ڕوو، کە پینتەر گرینگییەکی زۆری بەم ۆرکشۆپانە داوە.
پینته‌ر جگه له شانۆنامه، شیعریشی نووسیوه، له کۆتایی ژیانیدا به ته‌واوی روویکردۆته شیعر و کۆمه‌ڵێ شیعری دڵداری، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر نووسیوه. فره‌یسه‌ر ده‌ڵێت:” ئێمه نابێت ئه‌وه‌مان له‌یاد بچێت، که هارۆڵد پینته‌ر ده‌یویست ببێت به شاعیر و له زۆر رووه‌وه خۆی وه‌ک شاعیر ده‌بینی.”
پینته‌ر که‌وتبووه ژێر کاریگه‌رییەکی بەهێزی وێنەشیعره‌کانی ت.س. ئه‌لیوت و ولیەم باتڵەر یەتیس، له شیعره‌کانی ئه‌م دوو شاعیره‌دا تروسکه‌یه‌کی رۆحی به‌دیکردووه و هه‌ر له شیعره‌کانی ئه‌م دوو شاعیره‌وه وزه‌ی وه‌رگرتووه و به‌دوای په‌یوه‌ندییه رۆحییه‌کاندا گه‌ڕاوه.
پینته‌ر هه‌ستێکی چڕی بۆ مه‌سه‌له رۆحییه‌کان هه‌بووه، که سه‌ردانی هه‌ر وڵاتێکیشی کرد‌بێت، بۆ ماوه‌یه‌ک له کڵێسا کۆن و تاریکه‌کاندا به‌بێ ده‌نگ دانیشتووه. ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کردووە، که پینته‌ر زۆر جار له کڵێسا شێداره تاریکانه‌دا، له ساته ته‌نها و بێده‌نگه‌کاندا، له‌به‌ر خۆیه‌وه شیعره‌کانی ئه‌لیوتی خوێندۆته‌وه و هه‌ستی به‌وه کردووه، که پریشکێکی رۆحی له شیعره‌کانی ئه‌لیوتدا هه‌یه و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هه‌سته نادیار و رۆحییه‌کانی مرۆڤدا ده‌دوێت.
پینته‌ر ئه‌و هه‌سته رۆحییەیشی له (فرانس کافکا) یشدا دۆزیووەتەوە، که رۆمانی (پرۆسێس) ی کافکا بۆ شانۆ و ته‌له‌فزیۆن تۆمار ده‌کات، دووپاتی په‌یوه‌ندییه رۆحییه‌کانی نێوان مرۆڤ له‌م رۆمانه‌دا ده‌کاته‌وه. پرۆسێس بۆ پینته‌ر گه‌ڕانی مرۆڤ بووه به‌دوای خودادا، نه‌ک په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کان. پینته‌ر زوربه‌ی دیمه‌نه‌کانی رۆمانی (پرۆسێس) له پراگ، جێنزرگه‌ی کافکا تۆمار ده‌کات، ڤاکلاڤ هاڤل ئه‌وکات سه‌رکۆماری ئه‌و وڵاته ده‌بێت و زوربه‌ی رۆژ، دوای کار سه‌ردانی پینته‌ر له شوێنی وێنه‌گرتنه‌کان ده‌کات و گفتوگۆیەکی چڕ، کافکا، پینتەر و هاڤل، لەدەرەوەی کۆشکی سەرۆکایەتییەوە کۆدەکاتەوە.
پینته‌ر و ڤاکلاڤ هاڤل، شانۆنامه‌نووس و سه‌رکۆماری چیک په‌یوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵیان هه‌بووه، که هاڤلیش، بەرلەوەی ببێت بەسەرۆک کۆمار و به‌هۆی هه‌ڵوێست و بارودۆخه ئاڵۆزه سیاسییه‌که‌ی ئه‌و وڵاته‌وه له به‌ندیخانه‌کاندا توند ده‌کرێت، پینته‌ری هاوڕێ و هاوپیشه‌ی له له‌نده‌ن شانۆنامه‌کانی پیشکه‌ش ده‌کات، تا چاوی میدیا و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی به‌ریتانیا و ئه‌وروپای بچێته سه‌ر و به‌و شێوه‌یه‌ش فشار بخاته سه‌ر رژێمی ئه‌وکاته‌ی چیکۆسلۆڤاکیا.
پینته‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی ره‌وتی نووسینه شانۆییه‌کانییه‌وه په‌یوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆی به سامۆیێل بێکێت- ه‌وه ده‌بێت و ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌بێته دۆستایه‌تییه‌کی نزیک و درێژخایه‌ن. پینته‌ر له په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا و له‌ژێر کاریگه‌ری بێکێت دا شانۆنامه‌ی ”ئه‌سانسێره‌که” ده‌نووسێت که دواتر ده‌بێته یه‌کێک له شاکاره کلاسیکییه‌کانی شانۆی مۆدێرنی جیهانی.
به مردنی بێکێت، پینته‌ر خه‌مبار و دڵگران ده‌بێت و وه‌ک رێزلێنانێک له‌و رابه‌ره گه‌وره‌یه، له شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی له‌نده‌ن یادێکی شکۆمه‌ندانه‌ی ده‌که‌نه‌وه، پینته‌ر له‌و یاده‌دا ده‌ڵێت: ”هیچ شتێک له جیهان و دنیابینی بێکێت دا نه‌مردووه، به تایبه‌تی بێکێت خۆی، ته‌نانه‌ت مردووه‌کانیش له شانۆی بێکێت دا زیندوون.” فرەیسەر لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا باسی پەیوەندییەکانی پینتەر و بێکێت دەکات، ئەوەیش ناشارێتەوە، کە پینتەر چەندە کاریگەری بێکێتی بەسەرەوە بووە و وەکوو شتێکی پۆزەتیڤ ئاماژەی بۆ دەکات. هەروەها ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، کە ئەو نیوەیەی پینتەر، کە بێکێت نییە، ئەوە بەدڵنیاییەوە نووسەری ئەمەریکی (هەمەنگوای)ە. ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر ده‌ڵێت: ”به‌لای منه‌وه بێکێت له‌و نامه‌یه‌یدا، که بۆ هارۆڵد پینته‌ری نووسیوه، له هه‌موو که‌سێک باشتر باسی ئه‌و کاره‌کته‌ره دانسقه و تایبه‌تمه‌نده‌ی شانۆنامه‌ی (ناپاکی) ده‌کات، هه‌روه‌ها بێکێت باسی هێز و وزه‌ی دیمه‌نی کۆتایی ئه‌م شانۆنامه‌یه‌یش ده‌کات، که له بنه‌ڕه‌تدا دیمه‌نی یه‌که‌مه.” ئەنتۆینا فره‌یسه‌ر له ٢٧ی دیسه‌مبه‌ردا ده‌نووسێت: “هارۆڵد به درێژایی دوازده سه‌عات خه‌ریکی نووسینی ئه‌و شانۆنامه‌یه بوو، که ئێستا به (ناپاکی) ناوزه‌دی کردووه.”
که شانۆنامە نووسی ئەمەریکی (ئارسه‌ر میلله‌ر) کۆچی دوایی ده‌کات، رۆژنامه‌نووسه‌کان له هه‌موو دونیاوه په‌یوه‌ندی ده‌که‌ن به پینته‌ره‌وه، پینته‌ر هاوڕێیه‌کی نزیکی ئارسه‌ر میلله‌ر ده‌بێت و به‌پێی یاداشته‌کانی ئه‌نتۆنیا فه‌یسه‌ر، پینته‌ر له دڵه‌وه بۆ مه‌رگی له‌ناکاوی ئارسه‌ر میلله‌ر گریاوه.
ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر دەڵێت، لە پینتەر نزیک بوومەوە و لێم پرسی (تۆ هه‌رچه‌نده به مردنی بێکێت زۆر خه‌مبار و دڵته‌نگ بوویت، به‌ڵام نه‌گریایت؟ ئێستا بۆ مه‌رگی ئارسه‌ر میلله‌ر ئاوا بەم شێوەیە ده‌گریت.) پینتەریش لە وەڵامدا گوتوویەتی(بێکێت خۆی ده‌یویست به‌ره‌و مه‌رگی خۆی بڕوات، به‌ڵام ئارسه‌ر میلله‌ر وزه‌یه‌کی گه‌وره بوو له ژیان و ده‌یویست به‌رده‌وام بێت، ده‌یویست بژی، نەک بمرێت.)
پینته‌ر هه‌میشه به شێوه‌یه‌کی رادیکاڵی هه‌ڵوێستی سیاسی خۆی ده‌ربڕیوه، ره‌خنه‌ی توندی گرتووه و لایه‌نگری خۆی بۆ چه‌وساوه‌کانی دنیا ده‌ربڕیوه. له‌م کتێبه‌شدا نووسه‌ر ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، که چۆن پینته‌ر هێدی هێدی رووداوه‌کانی جیهان و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌کان هه‌موو ژیانی داگیرکردوون، فره‌یسه‌ر باسی ئه‌و رۆژانه ده‌کات، که پینته‌ر به‌هۆی رووداوه سیاسییه‌کانی جیهانه‌وه به قووڵیی هه‌ستی به نیگه‌رانی کردووه. هەر لەم دەوازەیەیشەوە، نووسەر و هونەرمەندی وەک هاووڵاتییەک داناوە و بەتوندی دەستەواژەی (هونەرمەندیش هاووڵاتییە)ی بەکار هێناوە. پینتەر لەم ڕووەوە مەبەستی ئەوە بووە، کە هونەرمەند، وەک هاووڵاتییەک لەپاڵ هونەرەکەی خۆیدا، دە‌بێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و پێگەی هونەری خۆی بەکاربهێنێت.
پینته‌ر له سێ ناوچه و مه‌داری جیاوازی دنیاوه به‌رگری له گه‌لانی چه‌وساوه کردووه و دژی سیسته‌مه دیکتاتۆر و تۆتالیسته‌کان بۆته‌وه: یه‌که‌میان وڵاتانی ناوه‌ڕاست و ئه‌مه‌ریکای لاتین، به تایبه‌تییش نیکاراگوا، دووه‌م ئه‌وروپای رۆژه‌هه‌ڵات و به تایبه‌تی وڵاتانی چیکۆسلۆڤاکیا، سێیه‌میشیان تورکیا بووه.
نووسه‌ر له زۆر شوێنی ئه‌م یاده‌وه‌رییانه‌دا باسی به‌رگریکردنی پینته‌ر له گه‌لی کورد ده‌کات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌شداری خۆپیشاندانه‌کانی کردووه، که له به‌ریتانیا دژی سه‌دام حسین و ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا، له مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ دۆزی کورد و چاره‌نووسی خه‌ڵکی کورددا کردووه. ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر له رۆژی ٢٤ی مانگی سێ‌دا نووسیویه‌تی: “ئه‌و شانۆنامه تازه‌یه‌ی هارۆڵد ده‌ستی کرد به نووسینی، زمانی چیا بوو، ئه‌م کاره‌یشی راسته‌وخۆ بۆ به‌رگریکردن و دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی کورده‌کان نووسیوه. هارۆڵد بۆی ده‌رکه‌وت، که زمانی کوردی ته‌نانه‌ت له‌ناو کورده‌کان خۆشیاندا قه‌ده‌غه‌یه، ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و بۆ هارۆڵد هێماگه‌لێکی به‌هێزی چه‌وساندنه‌وه بوو. جیهانبینی هارۆڵد پینته‌ر زۆر نزیک بوو له چه‌مکی (زمان) ه‌وه، که زمانیش قه‌ده‌غه بکرێت، مانای وایه مرۆڤ له هه‌موو بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی خۆی وه‌ک مرۆڤ دابماڵرێت. هارۆڵد هه‌ر که له تورکیا گه‌ڕایه‌وه بۆ له‌نده‌ن ده‌ستی کرد به نووسینی ئه‌م شانۆنامه‌یه.” له‌هه‌مانکاتدا پینته‌ر به توندی دژی جه‌نگی عێراق بوو، هێرشی ده‌کرده سه‌ر ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی ئه‌دا سه‌رکرده‌کانی ئه‌و جه‌نگه ریسوا بکات. ڕه‌خنه‌گر و ئه‌و که‌سانه‌ی، که له به‌ره‌کانی جه‌نگدا بوون، هێرشیان کردۆته سه‌ر پینته‌ر و به‌وه تاوانباریان کردووه، که به‌رگری له سه‌دام حسین ده‌کات. بەڵام فرەیسەر دەڵێت ”هارۆڵد دژی سه‌دام بوو، چه‌ندین جار خۆپیشاندانی بۆ مافی کورده‌کان و دژی سه‌دام کردبوو، به‌ڵام دژی شه‌ڕ بوو، دژی ئه‌وه بوو که خه‌ڵکی سڤیل بۆردومان بکرێن.”
که پینته‌ر له ساڵی ٢٠٠٥دا پاداشتی نۆبڵی ئه‌ده‌بییاتی وه‌رگرت، پێگه‌ی ئه‌م پاداشته بۆ زیاتر قووڵ بوونه‌وه، فۆرمۆله‌کردن و به فه‌رمیکردنی بیروباوه‌ڕه سیاسییه‌کانی خۆی به‌کارده‌هێنێت و ئه‌و پاداشته جیهانییه‌ی وه‌ک ناوه‌ندێک بینیوه تا بتوانێت له‌م روانگه‌یه‌وه گوزارشت له دیده رادیکالییه‌کانی خۆی بکات.
پینته‌ر له ساڵی ٢٠٠١دا تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌بێت، دوای حه‌وت ساڵ هەر به‌م نه‌خۆشییه ده‌مرێت، به‌ڵام له ماوه‌ی ئه‌و حه‌وت ساڵه‌دا ژیانی پینته‌ر به ته‌واوی گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا دێت. به‌رده‌وام له نه‌خۆشخانه‌کان ده‌مێنێته‌وه، نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌کرێت، جه‌سته‌ی بچووک ده‌بێته‌وه و هێز و تواناکانی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه که‌م ده‌بنه‌وه. له‌و رۆژانه‌دا به‌رده‌وام له نزیک مه‌رزه‌کانی مه‌رگه‌وه ده‌ژی، ئه‌ودیوی ژیان، وڵاتی مردووه‌کان ده‌بێت و به هه‌ستێکی پڕ له ژان و ئازاره‌وه ده‌ڵێت: ”ناتوانم خۆم له‌سه‌ر ئه‌و ره‌وشه رابهێنم که ده‌مرم، ته‌مه‌نم ته‌نها تۆزێک له سه‌روو حه‌فتاوه‌یه.”
چیرۆکی پینته‌ری نووسه‌ر و عیشقی ئه‌م مرۆڤه به‌رهه‌ڵستکاره، له مانگی دوازده‌ی ساڵی ٢٠٠٨دا کۆتایی پێ دێت، ئەنتۆنیا فرەیسەر، بەشێوەیەکی کاریگەر ئەم دوا چرکە ساتانەی ژیانی پینتەر تۆمار دەکات و لەدوا بەشەکانی یاداشتگەلەکەیدا دەڵێت: ( کاتژمێری ده‌وروبه‌ری حه‌وت و بیست ده‌قیقه به ته‌نیشت جێگاکه‌ی هارۆڵده‌وه دانیشتم و ده‌ستم کرد به خوێندنه‌وه‌ی ”ژیانه‌وه” ه‌که‌ی تۆڵستۆی. هارۆڵد هه‌ناسه‌ی دە‌دا، به‌ڵام به ده‌نگێکی له‌رزۆک و قرخه‌قرخ، سسته‌ره‌کان له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕوانییان ده‌کرد. منداڵه‌کانم و منداڵی منداڵه‌کانمان رۆیشتبوون، من به ته‌نها له ژووره‌که‌دا بووم. هه‌ستم ده‌کرد ئه‌مه‌یش بڕیارێکی راست و ته‌واوه. له‌پڕ هارۆڵد له پرخه‌پرخ که‌وت، چاوه ڕه‌شه‌کانی به گه‌وره‌یی کرده‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی چاو زه‌ق بکاته‌وه، کاتێک من وه‌ک جاران گوتم: ”ئه‌وه منم ئه‌نتۆنیا، که تۆی خۆش ده‌وێت.” به‌ڵام ئه‌و هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی نه‌بوو. هه‌موو جه‌سته‌ی به توندی گرژ بوو، دواجار ئارام و بێده‌نگ. من سه‌رم برده پێشه‌وه، به‌ڵام هه‌ستم به هه‌ناسه‌ی نه‌کرد. ئه‌و مردوو وسیمای سپی بووبوو. بۆ تاوێک له‌وێدا دانیشتم. ماچم کرد. جه‌سته نازداره‌که‌ی سارد ببۆوه: دە‌بێت بڕۆیت؟ به‌ڵی، کاتی هاتووه. به‌رله‌وه‌ی بچمه ده‌ره‌وه ماچێکی ترم کرد، دوا ماچ و گوتم: ”شازاده ئازیزه‌که‌م، شه‌وباش! فریشته‌کان به گۆرانییه‌وه به‌ره‌و دوا ئارامگات به‌رن.”
ئه‌نتۆنیا فره‌یسه‌ر به‌م شێوه‌یه کۆتایی به‌و یاداشت و یاده‌وه‌رییانه دێنێت، که به درێژایی سیی ساڵ رۆژه‌کانی ژیانیانی تیا تۆمار کردووه. (دە‌بێت بڕۆیت؟) وەک یاداشتگەلێک، دە‌بێته سه‌ره‌تا و کۆتایی ژیانێکی پڕ له داهێنان و خۆشه‌ویستییه‌کی به‌هێز و یادەوەرییە بەسەرچووەکان و تەنهاییەکی ڕەها و وزەکانی به‌ره‌نگاریی.
تێبینی:
له‌یدی ئه‌نتۆنیا مارگه‌رێت فره‌یسه‌ر له ساڵی ١٩٣٢ له بنه‌ماڵه‌یه‌کی به نه‌ژاد ئیرلەندی له‌دایک بووه. چه‌ندین کتێبی بیۆگرافی گرینگی له‌سه‌ر ژیانی شاژن و پادشاکانی ئه‌وروپا نووسیون، له‌وانه لۆدڤیکی چوارده، هێنریکی هه‌شته‌م و ماری ئه‌نتوانێت. له ساڵی ٢٠٠٦دا ئه‌و کتێبه‌ی له‌سه‌ر ماری ئه‌نتوانێت نووسیویه‌تی ده‌کرێته فیلم. ئه‌م خانمه جگه له‌وه‌ی که نووسه‌ره، چه‌ندین چالاکی تری هه‌بووه، له‌وانه له‌نێوان ساڵانی ١٩٨٨ – ١٩٩٩دا سه‌رۆکی پێن کلوبی به‌ریتانی دە‌بێت.
سه‌رچاوه:
Måste du gå?
Mitt liv med Harold Pinter
Översättning av Margareta Eklöf
Bokförlaget: Forum
Stockholm, 2011


