شانۆی رۆژ و تێڕوانینێکی سیاسی بۆ شانۆ
یەک دوو ساڵ لەمەوبەر، باسێکم لە گۆڤاری (شانۆ) لەسەر ئاریان مونشکین بڵاوکردۆتەوە، کە باسی دیدە شانۆییەکەیم لە زۆر ڕووەوە کردووە. هەر زوو هەستم کرد کە هێشتا لەگەڵ ئەم شانۆیە و ئەم شانۆکارە گەورەیە تەواو نەبووم، ئەم باسەش قووڵ بوونەوەو بەردەوامییەکی ئەو باسەیەو خوێنەرو شانۆکاران دەتوانن زیاتر لە ئاریان مونشکین، پرۆژەکانی، دیدە سیاسییەکەی بۆ شانۆ و شانۆی “رۆژ” بگەن.
سه‌ره‌تایه‌ک
پاریس یه‌کێکه له پایته‌خته چڕ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی شانۆی ئه‌وروپی و هه‌میشه ده‌رگای شانۆکان بۆ گروپ و نه‌مایشه جۆراوجۆره‌کان و هونه‌رمه‌نده نێونه‌ته‌ته‌وه‌ییه‌کان ئاوه‌ڵا بووه. زوربه‌ی ته‌وژم و رێبازه شانۆییه‌کانیش له‌وێوه (له پاریسه‌وه) سه‌رچاوه‌یان گرتووه.
جوڵانه‌وه سیاسییه رادیکاڵەکان، بزووتنه‌وه‌ی چه‌په‌کان و قوتابیان پێگه‌یه‌کی به‌هێز و راسته‌وخۆیان له گفتوگۆ و زه‌مینه‌خۆشکردنی شانۆ و ڕۆڵی شانۆدا دیوه، شه‌قامه‌کانی پاریس به هه‌مان شێوه‌ی هۆڵی شانۆکان جێگای ململانێێ سیاسی، فیکری و هونه‌ری بوون.
پرۆژە شانۆییە گرینگەکانی دونیا، دەزگاو گروپە جیهانییەکان، چەندە لەسەر شانۆی وڵاتەکانی خۆیان کاردەکەن، هێندەش وەک میوان دەرگاکانی پاریس‌یان بۆ کراوەتەوەو لەسەر شانۆکانی ئەم وڵاتە، میوانێکی ڕێز لێ گیراون.
چه‌ندین ده‌زگای هونه‌ری، تیپی شانۆی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ر به رێکخراوه فه‌رمییه‌کان و سه‌ده‌ها گروپی سه‌ربه‌ست له هه‌موو پاریس‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه. له‌ناو ئه‌و گروپه شانۆییه سه‌ربه‌ستانه‌دا شانۆی (بوف دی نورد) ی پیته‌ر بروک و شانۆی (رۆژ) ی ئاریان مونشکین دیارن، بینه‌ران نه‌ک ته‌نها له پاریسه‌وه، به‌ڵکو له هه‌موو ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکاوه ڕوویان تێده‌که‌ن. <١>
پیته‌ر بروک و ئاریان مونشکین له زۆر ڕووه‌وه له یه‌کتره‌وه نزیکن، هه‌ردووکیان کار له پرۆژه‌یه‌کی فراوانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌که‌ن، هه‌ردووکیان ده‌یانه‌وێت شانۆیه‌کی فره کولتووری بخوڵقێنن و هه‌ردووکیان له پاریس کارده‌که‌ن. ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده چه‌نده له یه‌کتره‌وه نزیکن، هێنده‌ش له یه‌کتره‌وه دوورن، به دوو رێگا و فۆرمی جیاواز کارده‌که‌ن، شێوازی کار‌و زمانی شانۆ و فۆرمی کاره‌کانیان لە یەکترەوە دوورن.
ئاریان مونشکین توانیویەتی شەکسپیر، درامای گرێکی و شانۆنامەی مۆدێرن، لە فۆرم و دید و بۆچوون و ترادیشونی شانۆی ئاسیا و ئاسیای ناوەراستەوە (چین، هیندستان، ژاپۆن، تایلاند، ڤێتنام و کەمبۆدیا) چارەسەر و بەرجەستە بکات و لەسەر ئاستێکی بەرز تێکەڵاوی چەمکەکانی دراماتۆرگی شانۆی ئەوروپیان بکات.
ئاریان مونشکین به سوود وه‌رگرتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر فۆرم و ترادیشونی شانۆی رۆژهه‌ڵات و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌کارهێنانی جه‌سته، ده‌مامک، سه‌ما و گۆرانی و شانۆیه‌کی فیزیکی و جیهانێکی ره‌نگاوره‌نگ، پیته‌ر بروکیش به گه‌ڕانه‌وه بۆ ره‌هه‌نده گه‌وهه‌رییه‌کانی مرۆڤ و به‌کارهێنانی فۆرمێکی مینیمالیزم کاردەکەن.<٢>
ئه‌م دوو ریژیسۆره و له‌گه‌ڵ گروپ و هاوکاره‌کانیان، به مه‌به‌ستی پشکنین و تاقیکردنه‌وه‌ی هەل و مەرج و تواناکانی شانۆ بۆ کیشوه‌ره دووره‌کان، بۆ ئاسیا، ئه‌فه‌ریقا و هیندستان گەشتی هونەرییان کردووه، نه‌مایشه شانۆییه‌کانیان خه‌سڵه‌تێکی جیهانی له‌خۆده‌گرێت و زمانێکی گه‌ردوونی و هاوبه‌شیان ده‌سته‌به‌ر کردووه. برۆک و مونشکین ده‌یانه‌وێت شانۆیه‌ک دروست بکه‌ن، که هه‌موو سنووره‌کان، کولتووره‌کان و چینه جیاوازه‌کان ببڕێت و راسته‌وخۆ و به‌بێ جیاوازی ره‌گه‌ز، ته‌مه‌ن و نێر‌و مێ و له ئه‌تمۆسفێرێکی هونه‌ریدا، له‌گه‌ڵ بینه‌ره‌کانیان کۆببنه‌وه. ئاریان مونشکین و پیته‌ر بروک به پرۆژه گه‌وره‌کانیان سه‌رله‌نوێ مێژووی شانۆیان چ له رووی ئێستاتیکا، پۆله‌تیک و جۆری خۆ رێکخستنه‌وه‌وه، نووسیوه‌ته‌وه، بوونه‌ته دیارده‌یه‌کی جیاواز و نموونه‌یه‌کی باڵای چه‌ندین نه‌وه‌ی تری شانۆکار له جیهاندا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاریان مونشکین به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له پیته‌ر بروک جیاده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه، که ئاریان مونشکین، وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌مان بۆ کردووه، به‌رده‌وامه له سوود وه‌رگرتن و تاقیکردنه‌وه و قووڵبوونه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه به شێواز و فۆرم و چه‌مکه جۆراوجۆره‌کانی شانۆ له هه‌موو جیهاندا، به‌تایبه‌تییش فۆرم و ترادیشونه دێرینه‌کانی ئاسیا له چین و ژاپۆن و هیندستان. شانۆی کۆنی گرێکی، کۆمیدیای دیلارتی و فۆرمه‌کانی شانۆیه‌کی میللیی، که زیاتر له چاخه‌کانی ناوه‌راستدا له فه‌ره‌نسا له بره‌ودا بوون، جێگای سه‌رنج و سه‌رچاوه‌ی کارهکانیین.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی، که ئاریان مونشکین هه‌میشه پرسه هه‌نووکه‌ییه‌کانی جیهان سه‌رنجی راده‌کێشن و شانۆکه‌ی داده‌نرێت به شانۆیه‌کی رامیاری زیندوو.
پیته‌ر بروک و ئاریان مونشکین له شانۆ گه‌وره‌کانی ده‌وڵه‌ت، وه‌ک شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی، شانۆی شار و شانۆی پادشایه‌تی … هتد دوور کهوتووەتهوه، هەردووکیان هەردەم پشتیان کردۆته ئه‌م دامه‌زراوه گه‌ورانه و گروپی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان دامه‌زراندووه، لە هەموو لایەکەوە ئه‌کته‌ر، شانۆکار هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندیان له‌خۆیان کۆکردوونه‌ته‌وه، بڕوایه‌کی پته‌ویشیان له‌لای جه‌ماوه‌رێکی گه‌وره و له هه‌موو جیهاندا، به کاره هونه‌ری و ئه‌زموون و بیروبۆچوونه‌کانیان دروست کردووه. بینەرانیش تووخمێکی گرینگی پرۆسەی کارەکانیانە و هەردووکیان لە بنەماکانی کاریگەرییەکانی بینەرانەوە کاردەکەن و لەو روانگەیەشەوە، نەمایشەکانیان هەمیشە لە گۆران و نوێ بوونەوەدایە.<٣>
• سه‌ره‌تایه‌ک بۆ شانۆ، ده‌روازه‌یه‌ک بۆ سیاسه‌ت
شانۆی “رۆژ” له یه‌که‌م سهرهتاکانییهوه، له ده‌ستپێکی کاره هونه‌ری و هه‌وڵە ئهزموونگهرییهکانییهوه هاوسه‌نگییه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان له‌نێوان پرسه سیاسییه‌کان و دیدوبۆچوونه هونه‌رییه‌کانیاندا دروست کردووه.
ئاریان مونشکین هه‌ر له شه‌سته‌کانه‌وه تاکوو ئێستا شانۆیه‌کی به هه‌ڵوێست و رامیاری به‌رجه‌سته‌کردووه و خۆی له‌نێوه‌ندی ڕووداوه‌کانی جیهاندا بینیوه‌ته‌وه. ئه‌م رووداوانه‌ش، له ئه‌وروپا یان له ئه‌فه‌ریقا و ئاسیا، سه‌باره‌ت به گه‌لانی چه‌وساوه، ره‌وشی په‌ناهه‌نده یان به په‌راوێزکردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌ت بووبێت، کاریان تێکردووه. ئه‌م کارتێکردنانهش له شانۆکه‌یدا، دوور له هه‌موو جۆره پروپاگه‌نده، ئایدۆلۆژیا و پارت و رێکخراوه سیاسییه‌کانه‌وه، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌و بووه‌ته شانۆیەکی بەرز.
شانۆی “رۆژ” نزیکه له ژان و ئازاره‌کانی مرۆڤه‌وه، شانۆیه‌که به شانۆ و ته‌کنیکێکی به‌رزی هونه‌ری و ئێستاتیکا، گوزارشتی له ته‌نگه‌ژه و قه‌یرانه‌کانی مرۆڤ کردووه. هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی شانۆی “رۆژ” پێکه‌وه ده‌ژین و پێکه‌وه کارده‌که‌ن، هه‌موویان به‌رپرسیارن له هه‌موو شتێک: له پرۆڤه‌کردن، رێکخستن و پاککردنه‌وه‌ی هۆڵی شانۆ، خواردن دروستکردن، نۆژه‌نکردنه‌وه، دروستکردنی سینۆگرافیا … هتد و هه‌مووشیان یه‌ک مووچه‌یان هه‌یه.<٤>
ئاریان مونشکین ئەم پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردنەی ئەندامانی گروپەکەی کردۆتە سیاسەتێکی جێگیر‌و بنەمایەکی گرینگی ستر‌کتوری شانۆی “رۆژ”. لەم رووەوە بەم شێوەیە ئەم سیاسەتە هونەری و ڕێک خستنەی گروپەکەی روون دەکاتەوە ( ئێمە چەند یاسایەکمان هەیە، کە لەسەر ئاستێکی بەرز سیاسیین، بۆ نموونە چۆنیەکی لە مووچەدا، هەموومان هەمان مووچەمان هەیە و ڕێز لە پارە دەگرین. بەر لە ساڵی ١٩٨١ پارەیەکی ئێجگار کەممان لە دەوڵەت وەردەگرت، پارە هی وڵاتە و هی ئەوانەیە کە باج ئەدەن، لەبەر ئەوە پێویستە ڕێز لەو پارەیە بگێرێت کە وەری دەگرین. ئەو یاسایانە تا ئێستاش بەکارن. پارە بۆ ئەوەیە، کە ئەزموون و چێژێکی ڕاستەقینە ببەخشین بە بینەران.)
ژیان، شانۆ و سیاسه‌ت، لای ئاریان مونشکین یه‌که‌یه‌کی پته‌و و گرینگی شۆڕشێکی به‌رده‌وامه، له‌پێناوی شانۆیه‌کی جیاواز، له‌پێناوی به‌ده‌ست هێنانی یه‌کسانییه‌کی هه‌میشه‌یی و گشتگری مرۆڤایه‌تیدا.
ئاریان مونشکین، وه‌کوو گه‌نجێک، له شانۆی قوتابیانه‌وه ده‌ستی پێکردووه، له زانکۆی سۆربۆن قوتابییه‌کی چالاک بووه، په‌یوه‌ندییه‌کانی به بزووتنه‌وه‌ی قوتابیانه‌وه به‌هێز بوون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کاندا و له ته‌مه‌نی بیست و یه‌ک ساڵیدا گروپێکی شانۆیی به‌ناوی (کۆمه‌ڵه‌ی شانۆکارانی قوتابیانی پاریس)ەوە دامه‌زراندووه. هه‌ر له‌م قۆناخه‌دا “ژان پۆل سارته‌ر” بۆ زانکۆی سۆربۆن بانگهێشت ده‌کات تا سه‌باره‌ت به شانۆ قسه‌یان بۆ بکات؛ سارتەر بە گرینگی پێ دانەوە باسی برێشت، شانۆی مەلحەمی، تەکنیکی نامۆبوون، کاریگەریی و تێروانینی برێشتێان بۆ شانۆ بۆ دەکات. ئاریان مونشکین ئاماژە بۆ ئەو سەرەتایە دەکات و دەڵێت (هەر لەوێش لەوە گەیشتم، ئەوەی من لە منداڵییەوە خەونم پێوە دیووە، کە دونیا بگۆریت، ئەوە بە شانۆ و لە شانۆدا دەکرێت.)
ئه‌و گروپه شانۆییه‌ی زانکۆی سۆربۆن ده که‌س بوون و دواتر له ساڵی 1964 دا ته‌نها ئاریان مونشکین خۆی و دوو ئه‌ندامی تریان ده‌مێننه‌وه، ئه‌م سێ هاوڕێیه پێکه‌وه شانۆی “رۆژ” داده‌مه‌زرێنن.
(ئێمە بۆ ناوێک دەگەڕاین بۆ گروپەکەمان، بیرمان لە چەند وشەیەک، وەکوو دەروازەیەک بۆ چۆنییەتی بیرکردنەوەکانمان دەکردەوە، بۆ نموونە جوانیی، ژیان، گەرمی، رووناکی. دواتر لە ئەکتەرەکانم پرسی، کە لە ژیاندا تامەزرۆی چین و حەز لە چی دەکەن، هەموویان وتیان “رۆژ” هەر لەوێدا وتم ئێمە ناومان شانۆی “رۆژ”ە! ئێمە لەم شانۆی رۆژەدا، جۆرە مەملەکەتێکی پادشایەتیمان بۆ خۆمان خوڵقاند، لەوێدا دەمانتوانی بە سەربەستی بەدوای جوانیدا بگەڕێن، کە لە ژیانە ڕاستەقینەکەدا هەبوون.)
هه‌ر له‌م ساڵه‌دا شانۆنامه‌ی (بۆرژوازییه بچوکه‌کان) ی مه‌کسیم گۆرکی نه‌مایش ده‌که‌ن، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٧دا به شانۆنامه‌ی (چێشتخانه) له نووسینی “ئه‌رنۆلد ویسکر” زیاتر ده‌ناسرێن و ره‌خنه‌گره شانۆییه‌کان ئاماژه‌یه‌کی جیاوازیان بۆ ده‌که‌ن. له ساڵی 1968 یشدا به شانۆنامه‌ی (خه‌ونی شه‌وێکی چله‌ی هاوین) پێگه‌یان به‌هێز ده‌بێت و ده‌بنه یه‌کێک له گروپه دیاره‌کانی فه‌ره‌نسا.
ئاریان مونشکین له (خه‌ونی شه‌وێکی چله‌ی هاوین) به‌ر له پیته‌ر بروک، ده‌روازه‌یه‌کی نوێ بۆ خوێندنه‌وه‌ی شه‌کسپیر ده‌کاته‌وه، بۆ یه‌که‌مجاریش شه‌کسپیر له ده‌ره‌وه‌ی رێسا ته‌قلیدییه‌کانه‌وه ده‌خوێنێته‌وه. شانۆی “رۆژ” لەم قۆناخەدا زیاتر پەنایان بردۆتە بەر شانۆی جیهانی و دەقی نووسەرە گەورەکان، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز، بە فۆرمێکی نوێ و بە ڕۆحییەتێکی ئەزموونگەری نەمایشیان کردووە.
• شانۆی “رۆژ” و پرۆژه‌یه‌کی هه‌ره‌وه‌زیی
شانۆی “رۆژ” له ساڵی 1969 دا به شانۆنامه‌ی (لێبووکه‌کان) پێ ده‌نێته قۆناخێکی تری کاره‌کانیانه‌وه، لیبووکه‌کان پرۆژه‌یه‌ک ده‌بێت چ له رووی تێکست و چ له رووی ئاماده‌کردنی نه‌مایشه‌که‌وه، به چاودێریی و سەرپەرشتی ئاریان مونشکین، به کاری هه‌ره‌وه‌زی و راگوزاری پێکه‌وه بنیاتی ده‌نێن.
(لێبووکه‌کان) کارێکی ئاسایی نابێت، وێنه شانۆییه‌کان، ناوه‌رۆکه قووڵ و فه‌لسه‌فییه‌که‌ی، بۆ نموونه، ته‌نهایی و غه‌مگینی رووکاری ناوه‌وه‌ی لێبووکێکی گاڵته‌ئامێز، وابه‌سته‌ی ژیانی ده‌ره‌وه و روواڵه‌ته دیار و به گه‌مه‌کردنی واقیع ده‌بێت. له‌م به‌رهه‌مه‌دا سێرک و ژیانی ئاسایی، کۆن و نوێی، شانۆی ئیتالی و شانۆی “ن‌و”ی ژاپۆنی پێکه‌وه کۆده‌که‌نه‌وه، نه‌مایشێک پێشکه‌ش ده‌که‌ن زیاتر له سێرکه‌وه نزیک بووه وه‌ک له شانۆ.
له ساڵی 1969 دا ئه‌م گروپه و له‌سه‌ر داوای (ژان فیله‌ر) که دامه‌زرێنه‌ری فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆن بووه، به نه‌مایشی (لێبووکه‌کان) به‌شداری ده‌که‌ن، ئه‌م کاره‌ش ده‌بێته یه‌کێک له پرۆژه هه‌ره به‌رز و جیاوازه‌کانی ئه‌و ساڵه‌ی فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیون. شانۆنامە و نەمایشی (لێبووکەکان) چەکەرەی شانۆیەکی فیزیکی و میللیی لەلای ئاریان مونشکین و شانۆی “رۆژ” دەکات و پێناسە هونەرییەکەیان ڕوون دەکاتەوە.<٥>
شانۆی “رۆژ” گروپێکی ئاسایی نییه، چ له رووی چۆنییه‌تی و چ له ڕووی ئاستی به‌رهه‌مه‌کانییه‌وه، میتۆدی کارکردن، بنه‌مای دارایی و پرۆفیله هونه‌رییه‌که‌یان جیاوازه، به‌بێ گومان به یه‌کێک له باشترین گروپه شانۆییه‌کانی ئه‌وروپا داده‌نرێت.
شانۆی “رۆژ” بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌کیان چه‌ندین مانگ، شه‌و و رۆژ مه‌شق و پرۆڤه ده‌که‌ن، پێکه‌وه ده‌ژین و هه‌موو پرۆڤه‌یه‌کیان رۆنانی ئه‌زموونێکی تازه‌یه بۆ ئه‌وان. دابه‌شکردنی رۆڵی شانۆنامه‌کانیش، دوای دوو تا چوار مانگ له مه‌شق و پرۆڤه‌یه‌کی به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌کته‌ره‌کان به‌ر له بڕیاری کۆتایی ئاریان مونشکین، له‌گه‌ڵ هه‌موو رۆڵ و کاره‌کته‌ره‌کاندا، له هه‌موو روویه‌که‌وه ئاشنا ده‌بن.<٦>
چەمکی سەفەرو شانۆیەکی سەخت
کار‌و پرۆژەکانی شانۆی “رۆژ” سەفەرێکی سەختە بە دوای فۆرمێکی تری شانۆدا، هەر لەم ڕووەوە ئەم شانۆیە، بەشێوەیەکی بەهێز پابەندە بە چەمکەکانی سەفەرکردنەوە. هەموو نەمایشێک گەشتێکە بۆ خۆی، لەوێدا هەموو گروپەکە، وەکوو پاپۆرێکی گەورە وان، دەریا بێ سنوورەکان دەبڕن بۆ ئەوەی بە دوای شتە نادیار‌و نەناسراوەکاندا بگەڕێن. ئەم شانۆیە تەنها بەدوای فۆرمێکی تازەدا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای هەست و سۆزێکی تازەشدا. یەکەم سەفەرەکانیش، سەفەری ئاریان مونشکین بووە بۆ ئاسیا، مێژوو شانۆی “رۆژ” یش لەو سەفەرەوە دەست پێ دەکات و تائێستاش بەردەوامە.
ئاریان مونشکین دەڵێت (یەکەم سەفەرم لە ساڵی ١٩٦٣- ١٩٦٤، بەر لەوەی شانۆی رۆژ دابمەزرێنم، کرد. من دەموویست بچم بۆ چین، بەڵام فیزەیان نەدامێ، لەبەر ئەوە چووم بۆ هیندستان، لەوێشەوە بۆ ژاپۆن. لە ژاپۆن سەرلەنوێ شانۆی ئاسیاییم دۆزییەوە، کە لەوەوبەر بەشێکی زۆر بچوکیم لە فیستیڤاڵی شانۆی گەلان دی بوو. بێگومان نەم دەزانی، کە ئەم سەفەرە بە چ ئاراستەیەک و چۆن ئەزموونی من دەوڵەمەند دەکات، بەڵام دوایی لەوە گەیشتم ، کە تائێستا کاریگەری خۆی هەیە. من لەوێ هەستم دەکرد، کە هەمووشتێک مێتافۆرە و ژیانی رۆژانە جۆرە ریتواڵێکە، یان ژیانی رۆژانە بە تەواوی ریتواڵی کرا بوو. هەموو شتێک بە جەستەو زمانی جەستە باڵا دەست بوو، هەموو شتێک بە شێوەیەک لە شێوەکان شانۆ بوو.)
تەکنیکەکانی شانۆی رۆژهەڵات، چ لە چین، ژاپۆن یان هیندستان دەبێتە بەشێک لە ئامرازەکانی، لە تەکنیک، جۆری بیرکردنەوەو دیدی ئاریان مونشکین بۆ کار و خۆێندنەوەوکانی. ئاریان مونشکین بە شانۆی “رۆژ” و گەرانەوە بۆ شانۆی ڕۆژهەڵات شانۆی ئەوروپی دەوڵەمەند دەکات و ئەزموونێکی تری بێ وێنەی پێ دەبەخشێت.
ئاریان مونشکین لەو گەشتەوە، لە رۆژهەڵاتەوە پێناسەی هونەری خۆی، چەمکەکانی شانۆیەکی فیزیکی و تەکنیکێکی نوێ بۆ شانۆی جیهانی؛ رۆژهەڵات/ رۆژئاوا لە فۆرمێکی تایبەتی خۆیدا دەدۆزێتەوە. لە رۆژهەڵاتەوە بۆچوونە سیاسییەکانی قووڵ دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی پشت بکاتە شانۆ‌و تەکنیکەکانی شانۆی رۆژئاوا، زمانێکی گلووبالیزم دەبەخشێتە شانۆی رۆژهەڵات و سەفەرێکی هەتا هەتایش بۆ شانۆی “رۆژ” دەستەبەر دەکات. لە بەشەکانی تری ئەم باسەدا زیاتر دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئەم مەسەلەیە.
• شۆڕشی فه‌ره‌نسی و بنەماکانی شانۆیەکی میللیی
شانۆی “رۆژ” لە دوای نەمایشی (لێبووکەکان)ەوە برەو بە کارەکانیان ئەدەن، لە تەکنیکەکانی شانۆی راگوزاریدا قووڵ دەبنەوە و بە دیدێکی هەمەلایەن و گیانێکی هەرەوەوزییەوە رووبەرووی ئایندە دەبنەوە. سەرکەوتنی (لێبووکه‌کان) وزەیەکی تریان پێ دەبەخشێت، کەسانی تریان لەدەور کۆدەکاتەوە، دید و بۆچوونەکانیان روون و ئاشکراتر دەبن. ئەم گروپە دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز و هەموو دەرگاکانیان بە شیوەیەکی تر بۆ دەکرێتەوە. شانۆی “رۆژ” لە سەرەتای حەفتاکاندا سەرلەنوێ لە دایک دەبێتەوە، لە ژێر کاریگەری شۆڕشە جەماوەرییەکەی ساڵی ١٩٦٨ی پاریس بە تایبەتی و هەموو فەرەنسا بە گشتی، گۆمێکی مەنگ دەشڵەقێنێت و مێژوو دەکاتە شانۆ، شانۆش دەبێتە میژوویەکی بەهێزی بەردەوام.
ئەم گروپە بە میتودەکانی شانۆی ڕاگوزاری دەگەرێنەوە بۆ مێژوو، تا مێژوو لەو ساتەدا بخوێننەوەو مێژوویەکی تر بۆ خۆیان و بۆ شانۆی “رۆژ” تۆمار بکەن. گەرانەوەش بۆ مێژوو و بە شانۆکردنی مێژوو کارێکی سەختەو ئەزموون و دیدێکی ئاشکراو نووسەر و رێژیسۆرێکی بەتوانای دەوێت، ئەم مەرجانەش لە ریژیسۆرو ئەکتەرەکانی ئەو گروپەدا هەبوون. هەر لەبەر ئەوە شانۆی “رۆژ” به هه‌ردوو شانۆنامه‌ی (1789) و (1793) سه‌باره‌ت به شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی، ناوبانگێکی گه‌وره‌ی هونه‌ری له‌سه‌ر ئاستی فه‌ره‌نسا و هه‌موو ئه‌وروپا به‌ده‌ست ده‌هێنن.<٧>
ئاریان مونشکین له‌م نه‌مایشانه‌دا له چەمک و پێوەدانگە گشتگرو هەمەلایەنە و گرینگه‌کانی شانۆیه‌کی میللیی فه‌ره‌نسی، بە تایبەتی لە چاخەکانی ناوەڕاستدا نزیک ده‌بێته‌وه. ره‌خنه‌گری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی “بێرنارد دۆرت” دوای بینینی ئه‌م نه‌مایشانه ده‌ڵێت (شانۆی رۆژ گروپی سه‌رده‌مێکه، ئه‌مه یه‌که‌مجاره له سه‌ره‌تاکانی ژان فیله‌ره‌وه ئێمه رووبه‌ڕووی شانۆیه‌کی راسته‌قینه‌ی میللیی فه‌ره‌نسی ده‌بینه‌وه.) هه‌موو ئه‌کته‌ر و ئه‌ندامانی شانۆی “رۆژ” پێکه‌وه بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌م پرۆژه‌یه چه‌ندین دێکۆمێنت، وێنه، فاکته، زانیاری سه‌باره‌ت به شۆڕشی فه‌ره‌نسی کۆده‌که‌نه‌وه، دوای ئه‌وه رووداو و که‌سایه‌تییه‌کانیان هه‌ڵبژاردووه و به‌ڕیگای راگوزاری بۆ شانۆ ئاماده‌یان کردۆته‌وه.
ئاریان مونشکین دەڵێت (من پێشنیاری ئەوەم بۆ ئەکتەرەکان کرد، کە شانۆنامەی (١٧٨٩) پێشکەش بکەین، بۆ ئەوەی لەو ئەگەرانە بکۆڵینەوە، کە شانۆ چۆن باسی بابەتێکی وەکوو شۆڕش دەکات. بەرجەستەکردنی “شۆڕش” لە دەقێکی شانۆیدا، ئێمە ناچار دەکات ئەم مەسەلەیە لە هەموو لایەنەکانییەوە هەڵبسەنگێنین و بەتەواوی بیری لێ بکەینەوە. خودی پرۆسەی بیرکردنەوەکە لە دەقەکەوە دەستی پێ کرد، بەڵام ڕەنگی باروودۆخە کۆمەڵایەتییەکەی لە خۆدەگرت. ساڵی ١٩٧٠ ساڵێکی تایبەتی بوو، بۆ هونەرو بۆ ژیانی سیاسیمان.)
شانۆی “رۆژ” له دوو توێی کتێبی مێژوو و ئه‌و رووداو و شه‌ڕه راسته‌قینانه‌وه، که سه‌رکرده سه‌ربازییه‌کانیان کردوویانه، شۆڕشی فه‌ره‌نسی ناگێڕێته‌وه، به‌ڵکو به‌و شێوه‌یه‌ی که گه‌لی فه‌ره‌نسی، ئه‌و گه‌له‌ی خۆیان دروستکه‌ری شۆڕشەکە بوون و به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌ستیان به‌و شۆڕشه کردووه و بینیویانه، بگێڕنەوە. ئاریان مونشکین هه‌موو نه‌مایشه‌که له روانگه‌ی میلله‌ته‌وه به‌رجه‌سته ده‌کات و میلله‌تیش رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینێت. کۆمه‌ڵێک ئه‌کته‌ر پێکه‌وه، به وێنه، به سه‌ما، بە جەستە، بە بەکارهێنانی شانۆی بووکەڵە، گۆرانی، گەمەی لێبووکەکان، پانتۆمایم و هونەری ئەکرۆپاتیک گوزارشت له شۆڕش ده‌که‌ن. له‌م نه‌مایشه‌دا ئه‌ندێشه ده‌بێته واقیع، وێنه ئه‌فسانه‌ییه‌کانیش ده‌بنه مێژوو. واقیع و مێژوو، لە چرکەساتەکانی ئێستا‌و لەم کاتەدا شۆڕشێکی تر هەڵ دەگیرسێنن، شۆرشێک کە بنەماکانی لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەوە سەرچاوەی وەرگرتووە.<٨>
به‌شی یه‌که‌می ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌ستپێک بووه بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌ره‌تا پڕ له هیواکانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی. ئاریان مونشکین بۆ ئەم مەبەستە ژینگە و ئەتمۆسفێرێک دەخوڵقێنێت، بۆ ئەوەی بینەرەکانی ئەو هیوایەی سەرەتاکانی شۆرشی فەرەنسییان بێتەوە یاد. هیوایەکی نوێ لە شۆڕشە جەماوەرییەکەی سەردەمی خۆیانەوە، ببەخشێت بە بینەرەکانی.
شانۆی “رۆژ” بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌م شانۆنامه‌یه و گێڕانه‌وه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسی، شێوازێکی داستانی هه‌ڵده‌بژێرێت و به حیکایه‌تخوانێک، که ده‌ڵێت: رۆژێک له رۆژان /…/ ده‌ست پێده‌کات. به‌ڵام دواتر نه‌مایشه‌که فۆرمی گێڕانه‌وه و سه‌رگوزشته له‌خۆناگرێت، به‌ڵکو ده‌بێته ئاهه‌نگێکی میللیی و به‌رجه‌سته‌کردنی ئازاره‌کانی میلله‌ت و پیشاندانی پێشێلکردنه‌کانی مافی مرۆڤ.
ئه‌کته‌ره‌کانیش وه‌کوو کاره‌کته‌ری لێبووک، گاڵته‌گێڕه‌کان، پاڵه‌وانباز و بووکه‌ڵه وابوون، جارێک رووداوه‌کانیان گێڕاوه‌ته‌وه و جارێک رووداوه‌کانیان نه‌مایش کردووه. شانۆی “رۆژ” له رێگای رۆچوونه خواره‌وه به ژیانی بێده‌ره‌تان و چه‌وساوه و هه‌ژار و هونه‌رمه‌نده گه‌ڕۆکه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، چیرۆکه‌که‌یان گێڕاوه‌ته‌وه، له رووی فۆرمیشه‌وه توانیویانه هاوسه‌نگییه‌ک له‌نێوان شانۆی داستانی “برێشت”، شانۆی میللیی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست و دیدی خۆیاندا دروست بکه‌ن.
ئاریان مونشکین له‌م کاره‌یدا ده‌توانێت زیره‌کانه بوارێک له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا بنییات بنێت، بوارێک که وا له بینه‌ران بکات به شێوه‌یه‌کی تر بڕواننه نه‌مایشه شانۆییه‌که و دیدێکی ره‌خنه‌گرانه و بابه‌تییان هه‌بێت، له‌هه‌مانکاتدا ئه‌و بارودۆخەش بۆ بینه‌ران بڕه‌خسێنێت، که سه‌رله‌نوێ و به شێوه‌یه‌کی تر مێژوو بدۆزنه‌وه. ئاریان مونشکین دووپاتی ئه‌وه‌ی کردۆته‌وه، که ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌م ساته‌دا، وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک به‌شداری له مێژوودا بکات، چەمکەکانی شۆرش زیندوو بکاتەوە، نه‌ک مێژوو وه‌ک خۆی بگێڕێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌تمۆسفێره ئاهه‌نگئامێزه میللییه‌کانی ئه‌وکاته‌ی پاریس زیندوو ده‌کاته‌وه، پانتایی شانۆکه دابه‌ش ده‌کات به‌سه‌ر پێنج شوێنی جیاوازی نواندندا و بینه‌رانیش توانیویانه به سه‌ربه‌ستی به‌نێو ئه‌م پێنج شانۆیه، له‌ناو خودی هۆڵی شانۆ گه‌وره‌که‌دا بجوڵێن. بەم شێوەیەش ئاهەنگ و گەمە و شانۆ و نەمایشی لێبووکی سەرشەقامەکانی پاریسی ١٧٨٠ کانی زیندوو کردۆتەوە. شانۆنامه‌که‌ش له‌و خاڵه‌دا کۆتایی پێدێت، که بۆرژوازییه‌کان و دوای سه‌رکه‌وتنی میلله‌ت، میلله‌ت په‌راوێز ده‌خه‌ن و خۆیان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست.
نه‌مایشی (1789) و (1793) که ئاریان مونشکین له‌سه‌ر بنه‌ماکانی شانۆی راگوزاری و له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌کان پێکه‌وه نووسیویانه، چیرۆکێکی مێژوویی، به‌پێی زنجیره‌ی رووداوه‌کان له‌خۆناگرێت، ئه‌کته‌ره‌کانیش به مانا ته‌باکه‌ی هونه‌ری نواندن له رۆڵه‌کانیاندا بزر نابن، به‌ڵکو زنجیره لۆژیکییه‌که‌ی رووداوه‌کان ئاڵ‌وگۆڕیان پێکراوه‌و دراماتۆرگییه ته‌قلیدییه‌که‌یان تێک شکاندووه، وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌شم بۆ کردووه، نمایشەکە له ڕوانگه‌ی رۆڵی میلله‌ته‌وه ده‌بێته ئاهه‌نگێکی میللیی گه‌وره‌ی شانۆیی.
ناونیشانی شانۆنامه‌کانیش، به‌شی یه‌که‌م 1789 و به‌شی دووه‌میش 1793 که کۆمه‌ڵێک رووداو له ساڵه‌کانی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی له‌خۆده‌گرێت، بۆ شانۆی “رۆژ” و ئاریان مونشکین گه‌ڕانه‌وه، به‌ستنه‌وه و به‌رجه‌سته‌کردنی رووداوه‌کانی ساڵی 1968 و مانگرتن و بزووتنه‌وه‌ی قوتابیانی زانکۆکانی پاریس ده‌بێت. دوای نه‌مایشکردنی شانۆنامه‌ی 1789 بینه‌ران به‌هیج شێوه‌یه‌ک قایل نابن بڕۆنە دەرەوە، بەڵکو تا بەرەبەیان لەگەڵ ئەکتەرەکان و ئاریان مونشکین لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە لەناو خۆیاندا دەکەونە گفتوگۆ و وتووێژێکی چڕەوە.
شانۆی “رۆژ” هەر لە سەرەتاوە، پەیوەندییەکی تایبەتمەندیان لەگەڵ بینەرەکانیاندا دروست کردووە، پێکەوە نان دەخۆن و پێکەوە سەیری نەمایشەکانیان دەکەن. ئاریان مونشکین دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە ئەوان بەرپرسیارێتیەکی گەورەیان لە لایەن بینەرانەوە هەیە. “ئەوە زۆر گرینگە کە بینەران، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بووە، هەندێک جار لە ماوەی چەند مانگێکدا بڕوای خۆیان بە ژیان و بە مرۆڤایەتی بۆ بگەڕێتەوە، بڕوا بە کراوەیماندا بە ڕووی یەکتریدا، بڕوا بە جوانی و بە سۆزیی دەروونماندا”
ئاریان مونشکین له به‌شی دووه‌میشدا 1793 به چه‌شنی به‌شی یه‌که‌م، له خواره‌وه، له میلله‌ته‌وه سه‌یری شۆڕشی فه‌ره‌نسیی کردووه، بۆ نموونه “دانتۆن” و “مارا” که دوو فیگوری گرینگی شۆڕشی فه‌ره‌نسی بوون، بوونیان نییه، له‌بری ئه‌وان خه‌ڵکی ئاسایی: نانه‌وا، ئاسنگه‌ر، کرێکار، رۆشنبیر، قوتابی، ئافره‌ت… هتد کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی نه‌مایشه‌که بوون.
شانۆی “رۆژ” له شه‌سته‌کاندا شانۆیه‌کی تایبه‌تمه‌ندیان نه‌بووه و هه‌ر نه‌مایشێکیان له‌سه‌ر شانۆیه‌ک، یان له گۆڕه‌پانی یاری و پانتاییه به‌رینه‌کانی سێرکدا پیشکه‌ش کردووه، به‌ڵام له ساڵی 1970 دا له ده‌ره‌وه‌ی شاری پاریس و له یه‌کێک له خانووبه‌ره چۆڵکراوه‌کاندا، له هۆڵه‌کانی کارگه‌یه‌کی ته‌قه‌مه‌نی کۆندا ده‌گیرسێنه‌وه. لەم شوێنەدا به‌پێی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان و به ده‌ست و بازوی ئه‌ندامه‌کانی شانۆی “رۆژ” ئه‌و شوێنه نۆژه‌ن ده‌که‌نه‌وه، ده‌یکه‌نه پلاتفۆرم و یه‌کێک له ته‌لیسماویترین پانتاییه‌کانی شانۆ له جیهاندا.<٩>
ئەندامەکانی شانۆی “رۆژ” لەبەر ئەوەی هیچ داراییەکیان نەبووە، بوونەتە کرێکار، شەو و ڕۆژ کاریان کردووە و تەنها بە سێ هەفتە، ئەو کەلاوە گەورە بەجێ هێڵراوەیەیان کردووە بە شانۆ. ئاریان مونشکین دەڵێت (ئەوە موجیزە بوو، شانس نەبوو، بەڵکو موجیزەیەکی گەورە بوو.)
له‌م قۆناخه‌دا ئه‌ندامه‌کانی شانۆی “رۆژ” ئه‌کته‌ری ته‌واوه‌تی و ده‌رچووی ئامۆژگاکانی هونه‌ری نواندن نه‌بوون، به رۆژ کاریان کردووه بۆ په‌یداکردنی بژێوی ژیانی رۆژانه‌یان و به شه‌ویش له‌گه‌ڵ ئاریان مونشکین ژیاون، مه‌شقی شانۆ و کاره هونه‌رییه‌کانیان کردووه.
ئاریان مونشکین خۆی، کە لە یەکێک لە قوتابخانە نێونەتەوەییە بەناوبانگەکانی پاریس و لە ژێر دەستی مامۆستاییەکی گەورەی وەک Jacques Lecoq پانتۆمیمی خوێندووە، وانه‌کانی نواندن، پانتۆمایم، گۆرانی و ته‌کنیکی ده‌نگ، ئه‌کروپاتیک، هونه‌ری راگوزاری و سه‌مای له روانگه‌ی پرۆژه‌کانیانه‌وه پێ گوتوون، له هه‌موو روویه‌که‌وه هاریکاری و ئاماده‌ی کردوون. له‌م قۆناخه‌دا راگوزاری و کاری هه‌ره‌وه‌زی، به تایبه‌تی له بواری نووسینی ئه‌و شانۆنامانه‌ی که پێشکه‌شی ده‌که‌ن، ده‌بن به یه‌کێک له مۆرک و سیما گرینگه‌کانی ئه‌م گروپه شانۆییه. ئەو پەیوەندییەی ئاریان موشکین بە گروپ و ئەکتەرەکانییەوە، لەسەرەتای دامەزراندنی شانۆی “رۆژ”ەوە دروستی کردووە، تائێستاش یەکێکە لە بنەما گرینگەکان و نهێنی سەرکەوتنی ئەم هونەرمەندە. هەر لەبەر ئەوەشە مرۆڤ لەگەڵ هەموو نەمایشێکی نوێ‌دا، شتێکی تازەو چاوەڕوان نەکراو دەبینێت. هەمیشە شتێک لە نێوان ئەو و گروپەکەیدا ڕووئەدات، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستە بە یاسا نهێنییەکانی شانۆوە. هەر ئەو یاسا نهێنیانەشە پەیوەندییەکانی ئەوانی، وەک تۆری جاڵجاڵۆکە چنیووە بە کۆمەڵێ کۆد و بنەمای تری کۆمەڵایەتی، هونەری، سیاسی و داراییەوە. کە سەیری نەمایشەکانی ئەم هونەرمەندە، ئەم گروپە دەکەیت، وەک ئەوە وایە ڕێگایەکی نادیار و شاراوە بگریت. ئەکتەرەکانی جیهانە مەزنە پڕ لە فەنتازیاکەی منداڵ دەخوڵقێننەوە، چونکە ئاریان مونشکین، بەڕای هەموو پسپۆرانی بواری شانۆ، خۆی توانیوویەتی ئەو جیهانە لە خۆیدا بپارێزێت. بینەرانیش بەشداری خوڵقاندنی ئەو پرۆسەیەن.
• مۆلێر ــ مونشکین
ژیانێک بۆ شانۆ، شانۆیەک بۆ ژیان
شانۆی “رۆژ” له دوای نه‌مایشکردنی هه‌ردوو شانۆنامه‌ی 1789 و 1793 تووشی ته‌نگه‌ژه‌یه‌کی دارایی، قه‌یرانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری ده‌بن. هه‌ندێک له ئه‌ندام و ئه‌کته‌ره‌کانی واز له شانۆی “رۆژ” دێنن و ئه‌ندامی تازه دێن و ستر‌کتوری شانۆکه گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌ردا دێت.
له‌به‌رئه‌وه شانۆی “رۆژ” له ساڵی 1976 دا پشوویه‌کی دوو ساڵی له شانۆ وه‌رده‌گرن، له‌بری ئه‌وه ئاریان مونشکین ده‌که‌وێته خۆئامادەکردن و وێنه‌گرتنی فیلمی (مۆلێر) و له ساڵی 1977 دا ته‌واوی ده‌کات.<١٠> مۆلێر دیارده‌یه‌کی تایبه‌تمه‌نده له مێژووی شانۆی فه‌ڕه‌سی و جیهانیدا، له هیچ سه‌رده‌مێکدا وێنه‌ی نه‌بووه، هه‌روه‌ها شانۆکارێکی هه‌مه‌لایه‌ن و گشتگر بووه، هیچ که‌سێک تاکوو ئێستا به‌و شێوه سه‌راپاگیره کاری له شانۆدا نه‌کردووه. مۆلێر له‌یه‌ک کاتدا خاوه‌نی شانۆ بووه، به مانا مۆدێرنه‌که‌ی ئه‌مڕۆ سه‌رۆکی تیپ بووه، ریژیسۆر و ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی هه‌موو نه‌مایشه‌کانیان بووه، به تایبه‌تی کاره‌کته‌ر و فیگوره کۆمیدییه‌کان. ئه‌مانه هه‌مووی له لایه‌ک و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، نووسه‌ری ئه‌و شانۆنامانه‌ش بووه، که گرووپه‌که‌ی پێشکه‌شی کردوون، له‌به‌ر ئه‌وه خۆی ئه‌و رۆڵ و کاره‌کته‌ره کۆمیدیانه‌ی بۆ خۆی نووسیون.
فیلمی مۆلێر ته‌نها ژیان و بیۆگرافیای شانۆنامه‌نووس و ئه‌کته‌ری فه‌ره‌نسی (مۆلێر) ناگرێته‌وه، هه‌رچه‌نده فیلمه‌که به‌رجه‌سته‌ی ژیانی ئەم هونەرمەندە هەر له منداڵییه‌وه تا مردنی له‌سه‌ر شانۆ ده‌کات. به‌ڵکو له دیدی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و گشتگری زه‌مه‌نێکه‌وه، به‌رجه‌سته‌ی ژیانی مرۆڤێکمان بۆ ده‌کات، که به شانۆ و له‌گه‌ڵ شانۆ و له پێناوی شانۆدا ژیاوه. هه‌روه‌ها ئاریان مونشکین هه‌ر له‌م فیلمه درێژه‌دا گرفته‌کانی نێوان هونه‌رمه‌ند، ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا ده‌خاته ڕوو. هاوکێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و هونه‌رمه‌ند ده‌بێته خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له پرۆسێسی فیلمه‌که و له ژیانی مۆلێر خۆیدا. بێگومان بەستنەوەی ئەم هاوکێشەیە بە تەنگەژە چڕەکانی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی بە هونەرمەندانەوە لە ژیانی هونەری فەرەنسای حەفتاکاندا، وای کردووە فیلمی مۆلێر و کارەکتەری مۆلێر بێت بە هێماگەلێکی ئاشکراو لە چەقی ڕووداوەکانی ئەمڕۆماندا بجووڵێتەوە.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه، هه‌موو فیلمه‌که ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی ژیانی ئاریان مونشکین و شانۆی “رۆژ” و مۆلێره، له به‌رگێکی تر و له زەمەن و کۆمه‌ڵه‌گه‌یه‌کی جیاوازدا، به‌ڵام به هه‌مان ئامرازه‌کانی هونه‌ر و شانۆوه ده‌رده‌که‌وێته‌وه. ئاریان مونشکین دوای چەندین ساڵ، بەم شیوەیە باسی ئەو پرۆژەیە دەکات ( سێ سەد ئەکتەر و هونەرمەند، پێنج سەد دەمامک، هەشت سەد جل و بەرگ و داراییەکی پانزە ملیۆن فرانکی، ئەمە هەر وەک ئەوە وابوو، کە لە هۆلیود کار بکەین. فیلمەکە چوار کات ژمێر درێژ بوو، ئەکتەرەکانیش گرینگ‌ترین کاری هەرەوەزی و کۆمەڵکارییان ئەنجام دا. ئەمە بەڕاستی پرۆژەیەکی جیاواز بوو. من دەموویست فیلمێک لەسەر مۆلێر بکەم، لەبەر ئەوەی مۆلێرو گروپە شانۆییەکەی جێگای سەرنجم بوون، هەروەها مۆلێری مرۆڤ. مۆلێری ئەکتەر، نووسەر، ریژیسۆر؛ بوونێک مانای چی دەگەیەنێت، کە لەسەر شانۆ‌و هونەر رۆنراوە، لەسەر هاورێیایەتی، یان نەبوونی هاورێ، خۆشەویستی، پارە، خۆپەرستی، دڵفراوانیی ڕاستەقینە، پێکەنین… ئەو خێزانە سەیرەی، کە شانۆ دروستی کردووە.)
بەشێک لە دیمەنەکانی فیلمەکە جۆرە کەرنەڤاڵێکە، کە بنەماکانی لە داب و نەریتە میللیەکانی چاخەکانی ناوەڕاستی ئەوروپاوە وەرگیراوە. مۆلێر لەم کەرنەڤاڵانەوە، لە ژیانێکی ئاهەنگ سازی سەرشەقام، بەزم و ڕەزمی لێبوک و ئەکتەرە گەرۆکەکانەوە، پشت دەکاتە ژیانە ئارامەکەی خۆیی و خانەوادەکەی، تێکەڵاوی گروپە شانۆییەکان دەبێت و ژیانێکی تر هەڵدەبژێرێت. گروپێکی گەرۆک دروست دەکات، بە شار‌و گوند‌و هەڕێمەکاندا دەگەڕێن، شانۆیەکی تراجیدی لە پشت خەندەو پێکەنین و کۆمیدیایەکی قووڵەوە پێشکەش دەکەن.
یەکێک لە جوانترین دیمەنەکانی ئەم فیلمەش ئەوەیە، کە گروپەکە لە دەشتێکدا، لەسەر عەرەبانەیەک نەمایشەکەیان بۆ ئەو بینەرانەی لە دەوریان کۆبوونەتەوە پێشکەش دەکەن. لەپڕ ڕەشەبایەکی توند هەڵ دەکات، پاڵ بە عەرەبانەکەوە دەنێت و بەنێو ئەو دەشت و دەرەدا پاڵی پێوە دەنێت. ئەکتەرەکان بەردەوام دەبن، نەمایشەکەیان ناوەستێنن و بینەرانیش بە دوایاندا ڕادەکەن. تا لە کۆتاییدا بینەران بەدەم قاقای پێکەنینێکی بێ وێنەدا، لەو دەشت و دەرە دەگەنەوە بە شانۆ گەڕۆکەکە.
مۆلێر توانی ترادیشۆنی شانۆی گه‌ل و میللیی تێکه‌ڵاوی ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌بی شانۆیی بکات و به‌مه‌ش یه‌که‌یه‌کی تری بۆ زمانی شانۆ خوڵقاندووه. له‌نێو شانۆی کلاسیکی فه‌ره‌نسیدا ته‌نها مۆلێر به‌م شێوه به‌رفراوانه، به دیدی جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی نوێ و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو. ته‌نها مۆلێر به‌رگه‌ی گۆڕانکاری و هه‌موو ته‌وژمه‌کانی گرتووه، هه‌ر له رۆمانتیک، ریالیزم، ناتورالیزم و تا ده‌گاته سوریالیزم و ئه‌بسوردیزم، به زیندوویی ماوه‌ته‌وه و شانۆنامه‌کانی له‌نێو ئه‌و ته‌وژمانه‌دا جێگا‌و رێگای خۆیان کردووه‌ته‌وه. ئه‌مڕۆش گرووپه گه‌وره‌کانی دونیا، ریژیسۆره به‌رزه‌کانی جیهان مامه‌ڵه له‌گه‌ل مۆلێر ده‌که‌ن. مۆلێر بووه‌ته سه‌ما، شانۆیه‌کی فیزیکی و پۆستمۆدێرنیزمیش.
ئاریان مونشکین پێناسه‌ی هونه‌ری خۆی له مۆلێرو هەوڵەکانی ئەو بۆ دروست کردنی شانۆیەکی میللیی و گەشتە هونەرییەکانی، هەروەها ئەو ژیانە کۆلێکتیڤەی، کە لەگەڵ ئەکتەرەکانی هەیەتی، دەدۆزێتەوە.
• گەشتێک بە جیهانی شه‌کسپیردا
شانۆی “رۆژ” دوای چوارده ساڵ له کاری هه‌ره‌وه‌زی و پرۆژه‌ی راگوزاری و خوڵقانی نه‌مایشی گه‌وره‌ی ئه‌فسوناوی، له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌کانی دەق و شانۆنامه‌ی نووسراوه‌وه، پێ ده‌نێته قۆناخێکی نوێی کارکردنه‌وه. ئاریان مونشکین له هه‌شتاکاندا، به پێچه‌وانه‌ی کاره راگوزه‌رییه‌کانییه‌وه، رووده‌کاته شه‌کسپیر و پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره به ناوی (گه‌شتێک به جیهانی شه‌کسپیردا) پێشکه‌ش ده‌کات.
ئه‌م پرۆسه‌یه چه‌ندین ساڵ ده‌خایه‌نێت، کۆمه‌ڵێ شانۆنامه مێژوویی و کۆمێدییەکانی شەکسپیر له‌خۆده‌گرێت، بۆ نموونه: ریچاردی دووه‌م، شه‌وی سیازده‌یه‌م، هێنریکی چواره‌م (دوو به‌ش) و هێنریکی پێنجه‌م.
ئاریان مونشکین هه‌ر خۆی، بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه و سه‌رله‌نوێ، به‌ش به به‌ش شانۆنامه‌کانی شه‌کسپیر له ئینگلیزییه‌وه وه‌رده‌گێڕێته‌وه سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی، به‌م شێوه‌یه وه‌رگێڕان و زمانه به‌کارهێنراوه‌که‌ی له‌گه‌ڵ نواندن و وێنه شانۆییه‌کانیدا ده‌گونجێنێت.<١١>
ئاریان مونشکین لە ساڵی ١٩٨١دا سەبارەت بە پرۆژە شەکسپیرییەکەیان ووتویەتی(ئێمە دەمانەوێت، وەک قوتابی و شاگرد بچینە وەرشەی مامۆستاکەمانەوە، تا ئەو ئامرازانەی کە پێویستمانە، بە دەستییان بهێنین بۆ ئەوەی چیرۆکەکانی ئەمڕۆمانی پێ بگێرینەوە.)
ئاریان مونشکین له دوو مانگی یه‌که‌می سه‌ره‌تای ئه‌م کاره‌دا و به هاوکاری شانۆی “رۆژ” شه‌و و رۆژ له‌سه‌ر دوو ئاست و به دوو ئاراسته‌ی جیاواز کاریان کردووه، له‌لایه‌که‌وه مه‌شقێکی کرده‌یی و توێژینه‌وه‌ی ئاساییان له‌سه‌ر دیمه‌نه‌کانی ئه‌م شانۆنامانه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌کته‌رانه کردووه، که تازه و بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه په‌یوه‌ندییان به شانۆی “رۆژ”ه‌وه کردووه، له لایه‌کی تریشه‌وه گه‌ڕاون به‌دوای ستایل و شێواز و فۆرمێکی تایبه‌ت به خۆیان، به تایبه‌تی له رێگای چه‌ندین مه‌شقی چڕی راگوزارییه‌وه، بۆ خوێندنه‌وه و به‌رجه‌سته‌کردنی شه‌کسپیره‌که‌یان.
مەشقە چڕ و گرانەکانی شانۆیەکی ڕاگوزاری هەمیشە سەرەتایەکی گرینگی هەموو پرۆژەکانیانە؛ وێنەیەک، ڕەوشێک، بیرۆکەیەک، کە لە خودی دیدی کارەکەوە وەردەگیرێت، دەبێتە بنەمایەک بۆ ئاریان مونشکین. لەم ڕووەوە ئەکتەرەکانی شانۆی “رۆژ” چەندین جار دووپاتی ئەوەیان کردۆتەوە، کە ئاریان مونشکین لە کاتی مەشقە ڕاگوزارییەکانیاندا بە توانایەکی ئەفسووناوییەوە گوێیان لێ دەگرێت، سەیریان دەکات، تێ‌یان دەگات، کاریان لەگەڵ دەکات و زەمینەیەکی دەوڵەمەند و پڕ لە حەزی بەردەوامی و ئەفراندنییان بۆ دەخوڵقێنێت.
ئاریان مونشکین دوای چەند مانگێگی چڕی گەڕان بە دوای ستایل و فۆرمێکدا بۆ پرۆژە شەکسپیرییەکەیان، دەگاتە ئەو بەرئەنجامەی ، کە ته‌کنیکی شانۆی کۆنی رۆژهه‌ڵات و مۆدێرنی ئه‌وروپا تێکه‌ڵاو بکات: ریچاردی دووه‌م به چاکه‌ت و پانتۆڵه‌وه ده‌رکه‌وتووه، به‌ڵام خودی شانۆ و ته‌کنیک و کاره هونه‌رییه‌کان، وه‌ک دیدێکی ریژی له شێوازه‌کانی (ن‌و) شانۆی کلاسیکی کۆنی ژاپۆنی، فۆرمه‌کانی شانۆی ئاسیای ناوه‌راست و شانۆی هیندییه‌وه وه‌رگیراون. بۆ نموونە جەنگاوەرو ئەسپ سوارەکانی چاخەکانی ناوەراستی بەریتانیا ناهێنێتە سەر شانۆ، بەڵکو لەبری ئەوە جەنگاوەرە ژاپۆنییەکان (سامۆرای) دەبنە پاڵەوان و فیگورەکانی شەکسپیر. لەم رووەوە ئینگلتەرای سەردەمی ڕێنسانس-ی لە فۆرمەکانی شانۆی رۆژهەڵات، ن‌و و کابووکی دا تێکەڵاو کردووە. ئاریان مونشکین دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە ئەو کلتوورانەی ترادیشونە شانۆییەکانی خۆیان پاراستووە، بەتایبەتی بە گەرانەوە بۆ بەکارهێنانی دەمامک، زمانی جەستە و ئاماژەکان، شانۆی ژاپۆنی، هیندی، چینی و بالی-یە. لەم شانۆیانەدا ژیانی ئەسپ سوارەکان، کۆمڵگای فیودالیزم، بەهەموو وردەکارییەکانییەوە بەرجەستە دەکرێت. ئەمەش لەگەڵ پرۆژە شەکسپیرییەکەی ئاریان مونشکین یەکی گرتۆتەوە، بە تێکەڵاوکردنیشی لەگەڵ چەمک و تەکنیکەکانی شانۆی ئەوروپی، شەکسپیرێکی تایبەتمەند، کە سەر بە هەموو مرۆڤایەتی، گەردوونی بێت، پێشکەش دەکات.
ریچاردی دووەم و فۆرمێکی ژاپۆنی
شەکسپیر لە ریچاردی دووەم دا، بە شێوەیەکی توندوتیژ باسی پۆلیتیک، دەسەڵات و گەمەی دەسەڵات دەکات. لەلای ئاریان مونشکین-یش دەبێتە جۆرە “سامۆرا”یەکی توڕە، شێتگیر و کەللە ڕەقی فیلمەکانی کۆرۆساوا، ئەم فۆرمەش چەمکێکی ئەزەلی و لەهەمان کاتدا بەرگێکی ئەفسونی بەم فیگورە شەکسپیرییە دەبەخشێت.
ئاریان مونشکین پانتاییەکی فراوانی بۆش بۆ بەرجەستەکردنی ئەم ریچاردە ژاپۆنییە بەکاردەهێنێت، هەر لەم دەروازە بۆشەشەوە دیدە شانۆییەکەی بۆ ئەو خوێندنەوەیە بەرجەستە دەکات. ئاریان مونشکین لەلای ڕاستی شانۆکەوە دوو رارەوی درێژی دروست کردووە؛ لەم رارەوانەوە ئەکتەرەکان دێنە سەر شانۆ، زۆرجار بە گروپی گەورە، وەکوو کۆمەڵە ئەسپ سوارێک، پۆڵە جەنگاوەرێک کە بۆ شەڕ ئامادەن دێنە سەر شانۆ، دوای ئەوە لەسەر پانتاییە بۆشەکە بڵاودەبنەوە، روودەکەنە بینەران و نەمایشەکەیان دەست پێ دەکات.
ئاریان مەنشکین بەشێوەیەکی زۆر دیاری کراو دیکۆر و کەرەستەکانی تری بەکارهێناوە، جەستەی ئەکتەر، وزەی نواندن و دەنگی تەپڵ و مۆسیقا یەکەیەکی گرینگی نەمایشەکەن. هەموو سینۆگرافیاکەش بریتیە لە فەرشێکی ئاوریشمی گەورە، کە وەک فۆندێک بەرامبەر بە بینەران بە قووڵایی شانۆکەدا هەڵواسراوە. لە پشت ئەم فەرشە ئاوریشمییەوە، چەندین فەرشی تر بەسەر یەکتریدا هەڵواسراون، بە درێژایی نەمایشەکە، بە پێی ڕەوشە درامییەکە و گۆرانی دیمەنەکان، ئەو فەرشانەش یەک لەدوای یەک دەکەونە خوارەوە. بەم شێوەیەش ڕەنگ و شێوازی ئەو فۆندانە دەگۆردرێن، هەر فۆندێکیش هێمای خۆی هەڵگرتوە و گوزارشت لە کات و شوێنی جیاوازی خۆی دەکات.
فۆرمە توند‌و رێسا جێگیر و دیاری کراوەکانی تەکنیکی ئەکتەر لە شانۆی رۆژهەڵاتدا، چوارچێوە و سترکتورێکی چر و بە پلان دەبەخشێت بە ئەکتەرەکان و ناچاریان دەکات لەو سنورەدا، بە ئاگاییەکی بێ هاوتاو بە دیقەتێکی قووڵ و بە هەستێکی بەرزی نواندنەوە بجوڵێنەوە و مامەڵە لەگەڵ رۆڵەکانیان بکەن. ئەکتەرەکانی ئاریان مونشکین، لە ریچاردی دووەمدا ئەو فۆرمەی شانۆی رۆژهەڵات بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی رەهای خۆیان وەک ئەکتەر، لەناو ترادیشونە ئەوروپییەکەی خۆیاندا لەدەست بدەن.
جووڵه‌ی سه‌مائامێزی ئه‌کته‌ره‌کان زیاتر چووه‌ته‌وه سه‌ر سه‌مای په‌رستگا و سه‌ماکانی دوورگه‌ی بالی، جلوبه‌رگه‌کانیشان له زۆر رووه‌وه له جلوبه‌رگی ترادیشونی وڵاتی تایلانده‌وه وه‌رگرتووه.
له شانۆنامه‌کانی تردا هه‌موو جیهانه شه‌کسپیرییه‌که‌یان له دنیای کاره‌کته‌ری لیبووکه‌کاندا به‌رجه‌سته کردووه، تەکنیک و چه‌مکی لێبووک بووه‌ته ناوه‌ند، له بیرۆکه‌ی کاره‌کته‌ری لێبووکه‌وه نه‌مایشه‌که‌یان رۆناوه. ئه‌وه‌ش به گه‌ڕانه‌وه و سوود وه‌رگرتن له ته‌کنیک و شانۆی کۆمیدیای دیلارتی، ته‌کنیکی چه‌مک و شێوازه‌کانی لیبووکی مۆدێرن. ئەم تێکەڵاوکردنەش لە نێوان تەکنیکی کۆمیدیای دیلارتی و فۆرمی لێبووکەکانی شانۆی مۆدێرنی ئەوروپیدا، بارودۆخێکی تر، تەکنیکێکی جاوازتر و دیدێکی هەمەلایەنە لە پرۆسە شەکسپیرییەکەدا دەخوڵقێنێت. ئاریان مونشکین بەم تێکەلاوکردنە، وێنەیەکی مۆدێرنی سەردەمیانە بە مۆدێل و ستایلە شانۆییەکەی سەردەمی ئێلیزابێس دەبەخشێت. به‌م شێوه‌یه‌ش شه‌کسپیر له هه‌ردوو ڕووی ناوه‌رۆک و ته‌کنیک و فۆرمه‌وه، له دیدێکی فره کولتوورییه‌وه نزیک دەکاتەوە و لە هەموو جیهانیشدا دەروازەیەکی نوێ بۆ خوێندنەوەکانی شەکسپیر دەکەنەوە. ئاریان مونشکین لەم پڕۆژانەدا بە دوای ئاماژە و جوڵەی دەرەکی وادا گەڕاوە، کە بتوانێت گوزارشت لە هەست و سۆزەکانی ناوەوە بکات.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه ئاماژه‌ی بۆ بکرێت ئه‌وه‌یه، که ئاریان مونشکین له‌م پرۆژه مه‌زنه شه‌کسپیرییه‌دا چه‌نده شێواز و فۆرمه میللیی و خۆرهه‌ڵاتییه‌کانی چین و ژاپۆنی به‌کارهێناوه، هێنده‌ش له رۆحی ئه‌نتۆنین ئارتۆ و شانۆی توندوتیژ نزیک بۆته‌وه، میتۆده گرانه‌کەی به‌کارهێناوه، هێز و وزەیەکی تری نوێشیان لە نێو چەمکەکانی شانۆی ڕۆژهەڵاتەوە بە ئارتۆ بەخشیووە.<١٢>
ئاریان مونشکین له نزیکه‌وه، به چه‌شنی مایرهۆڵد، گۆردن گریک و برێشت له شانۆی کۆنی ئاسیا و رۆژهه‌ڵاتی کۆڵیوه‌ته‌وه، ئه‌م شانۆ دێرینانه‌ش له هه‌موو پرۆژه‌کانیدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه. گه‌شته‌که‌ی شه‌کسپیریش دووپاتکردنه‌وه و قووڵبوونه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه بووه به جیهانگه‌ری شانۆی رۆژهه‌ڵاتدا. <١٣>
هه‌ر له‌م رووه‌وه ده‌توانین دووپاتی ئه‌وه بکه‌ینه‌وه، که ئاریان مونشکین له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌مایشێکی نوێ‌دا، هونه‌ری شانۆ و ریژی و نواندنی نوێکردۆته‌وه، به هه‌موو نه‌مایشێکی شانۆیه‌کی نوێ و مۆدێرنی خوڵقاندووه.
• ئاریان مونشکین/ هێلێن سیسوو و هاریکارییه‌کی درێژخایه‌ن
هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تای کاره هاوبه‌شه‌کانی ئاریان مونشکین و هێلێن سیسوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو، به‌ڵام له هه‌شتاکاندا ئه‌و هاریکارییه ده‌گاته ئاستێکی بەربڵاو و تا ئێستاش به‌رده‌وامه.<١٤>
ئه‌م نووسه‌ره فره به‌رهه‌مه له دایک و باوکێکی جوله‌که لە جەزائیر هاتۆته دنیاوه، دایکی به نه‌ژاد ئه‌ڵمانی و باوکیشی ئیسپانی/ فه‌ره‌نسییه و ئه‌م ره‌گه‌زه جوله‌که‌ییه‌ش رۆڵێکی گه‌وره‌ی له نووسینه‌کانیدا گێڕاوه.<١٥>
زمان له نووسینه‌کانی هێلێن سیسوو دا کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی و پاڵه‌وانی یه‌که‌مه، به سه‌ربه‌ستی له‌نێوان راره‌وه‌کانی فه‌لسه‌فه، شیعر و درامادا ده‌سوڕێته‌وه، تێکسته‌کانی زمانێکی شیعری و ره‌هه‌ندێکی فه‌لسه‌فییان هه‌یه.<١٦>
پرۆژه‌کانی ئاریان مونشکین و هێلێن سیسوو له به‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندییه‌کی چڕی هونه‌ری/ فیکری و پێ داگرتن و به‌رده‌وامیدا دروست بوون، ده‌ستپێکی هه‌موو پرۆژه‌یه‌ک به وتووێژێکی قووڵی هه‌مه‌لایه‌نه ده‌ست پێ ده‌کات. ئه‌م دووانه پێکه‌وه پشکنین به‌دوای بابه‌تێکدا ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان په‌یوه‌ست بێت به سیاسه‌ت و مێژووی هاوچه‌رخه‌وه: مونشکین و سیسوو ده‌یانه‌وێت ئه‌وه پیشان بده‌ن و ده‌نگ بۆ ئه‌وانه بگه‌ڕێننه‌وه، که مێژوو بێ ده‌نگی کردوون و له په‌راوێزی رۆژگاردا بزر بوون. به‌م شێوه‌یه‌ش تراجیدیای گه‌وره له‌دایک ده‌بێت، ئه‌فسانه و سیاسه‌ت له هوروژمی زمانێکی شیعری باڵا و وێنه‌ی شانۆییدا رووبه‌ڕووی یه‌کتر ده‌بنه‌وه. هەرچەندە سیاسەت مۆرکێکی گرینگی کارەکانی ئاریان مونشکین بووەو شانۆی “رۆژ” هەمیشە پەیامێک و ئامادەگییەکی سیاسی بەهێزی هەبووە و هەیە، بەبێ ئەوەی ئەو پەیامە ببێتە پروپاگەندە، لایەنگیری سیاسی، یان دەخیلێک بەسەر نەمایشەکانیانەوە. بەڵام ئەم پەیامە، ئەم هەڵوێستە بەهێزەی شانۆی “رۆژ” لە کار‌و پرۆژە هاوبەشەکانی هێلێن سیسووسدا زیاتر چر دەبنەوە و پەیامە سیاسییەکە بەهێزێکی ترەوە دەردەکەوێت.
هێلێن سیسوو له روانگه‌ی چه‌ندین شانۆنامه‌ی داستانیی گه‌وره‌وه، چاره‌سه‌ری ته‌وه‌ر و ڕووداوی مێژوویی و کاره‌ساتی هه‌نووکه‌یی، بۆ نموونه میژووی که‌مبۆدیا، هیندستان، لافاو و کاره‌ساته سروشتییه‌کانی وڵاتی چین، بارودۆخی په‌ناهه‌نده له ئه‌وروپا، کاره‌ساتی تووش بوون به نه‌خۆشی ئایدز …. هتد کردووه.
مێژووی که‌مبۆدیا
هێلێن سیسوو له ساڵی 1984 شانۆنامه‌یه‌ک له دوو به‌شدا سه‌باره‌ت به مێژووی که‌مبۆدیا ده‌نووسێت. ئه‌م شانۆنامه‌یه بیست و چوار ساڵ له میژووی که‌مبۆدیا، له‌نێوان ساڵانی 1955- 1979 ه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و له دوو نه‌مایشدا، که هه‌ریه‌که‌یان چوار کات ژمێر بووه پێشکه‌ش ده‌که‌ن.
رووداوه‌کانی به‌شی یه‌که‌م تا ساڵی 1970 یه، به‌شی دووه‌میش له ساڵی 1970 وه بۆ ساڵی 1979، که که‌مێره سووره‌کان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست و میلله‌ته‌که‌یان ئه‌نفال ده‌که‌ن، درێژ ده‌بێته‌وه. له هه‌ردوو به‌شه‌که‌شدا (نۆردۆم سیهانۆکی) پادشا له چه‌قی ڕووداوه‌کاندایه.
ئاریان مونشکین هه‌ر له سه‌ره‌تای نه‌مایشه‌که‌وه بینه‌رانی تووشی رامان و ترس و خورپه‌یه‌کی هونه‌ری و فیکری کردووه: که بینه‌ران دێنه ژووره‌وه، به ساپیته‌ی هه‌موو هۆڵه‌که‌وه، له ده‌رگای هاتنه ژووره‌وه‌وه تا ده‌گاته پانتایی شانۆکه‌ش، ژماره‌یه‌کی ئێجگار زۆر بووکه‌ڵه‌ی به بارسته‌ی جیاواز، به شێوه‌یه‌ک، که چاویان بڕیوه‌ته بینه‌ران هه‌ڵواسیوه. ئه‌م بووکه‌ڵانه بۆ ئاریان مونشکین هێماگه‌لی ئه‌و هه‌زاره‌ها قوربانی و خه‌ڵکه بێگوناهه بوون، که له که‌مبۆدیا و به ده‌ستی که‌میره سووره‌کان کوژراون.
نه‌مایشه‌که، به تایبه‌تی به‌شی دووه‌می، پێداگرتن و ئاماژه‌یه‌ک بووه بۆ ئه‌و ووته‌یه‌ی، که ده‌ڵێت (له که‌مبۆدیا، له دوای ده‌سه‌ڵاتی که‌میره سووره‌کان، مردوو له زیندوو زیاتر بووه.)<١٧>
خوێنی پیس و نه‌خۆشی ئایدز
کاره‌ساتێکی مرۆڤایه‌تی و ئابڕوچوونێکی نه‌ته‌وایه‌تی فەڕەنسا ده‌هه‌ژێنێت. له نه‌خۆشخانه‌کانی پاریس و له رێگای گوێزانه‌وه‌ی خوێنه‌وه هه‌زاره‌ها که‌س تووشی نه‌خۆشی ئایدز ده‌بن، له به‌رئه‌نجامدا، هه‌زاره‌ها که‌سی بیگوناه و له ناویاندا سه‌ده‌ها منداڵ ده‌مرن. ئه‌وه‌ی زیاتر خه‌ڵک تووڕه ده‌کات، خودی ڕووداوه‌که ده‌بێته کاره‌ساتێکی سیاسی، ئاکاری و له میدیاکانی جیهاندا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه، ئه‌وه‌یه که پزیشکه‌کان پیشوه‌خت زانیویانه ئه‌و خوێنه‌ی له نه‌خۆشخانه‌کاندا هه‌ڵگیراون، پیس بووه و به که‌ڵکی به‌کارهێنان نایه‌ت، به‌ڵام له‌به‌ر هۆکاری دارایی و بارودۆخی ماددی نه‌خۆشخانه‌کانه‌وه، گوێیان لێ خه‌واندووه. ئاریان مونشکین و هێلێن سیسوو ئه‌م رووداوه ده‌قۆزنه‌وه، ده‌یکه‌نه نه‌مایشێکی گه‌وره‌ی دوور‌و درێژی شانۆیی.
هێلێن سیسوو، که شانۆنامه‌که ده‌نووسێت تراجیدیای گرێکی بۆ چاره‌سه‌رکردن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه و خستنه ڕووی ئه‌م کاره‌ساته به‌کارده‌هێنێت، خودی شانۆنامه‌نووسی گرێکی “ئێسخیلۆس” ده‌کاته فیگۆرێکی ئافره‌ت، رۆڵی ده‌رگاوانی ئه‌و وڵاته ده‌بینێت، که بڕیاری مه‌رگی دراوه.
شوێن گۆڕستانێکی ئێجگار گه‌وره‌یه، ده‌رگاوانه‌که ده‌بێته جۆره چاودێرێکی رووداوه‌کان، له‌هه‌مانکاتدا جه‌سته مردووه‌کان له‌خۆده‌گرێت و رووداوه‌کان به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌بات. نه‌مایشه‌که له‌نێو گۆڕه‌پانی مه‌رگه‌وه، له زه‌مه‌نی ئێسخیلۆس و گرێکه‌کانه‌وه بۆ فەرەنسا و بۆ ئێستا درێژ دەبێتەوە.
له یه‌کێک له دیمه‌نه‌کاندا، دوو منداڵی دووانه به‌هۆی ئه‌م گوێزانه‌وه‌ی خوێنه پیسه‌وه مردوون، دوو بووکه‌ڵه‌ی گوزارشتئامێز به ته‌نیشت دایکیانه‌وه دانراوه، بووکه‌ڵه‌کان وه‌کوو دوو جه‌سته‌ی مردوو که‌وتوون، دایکیان به هێمنی ده‌گری و هه‌موو دیمه‌نه‌که به شێوه‌یه‌کی زیندوو ئه‌و کاره‌ساته به‌رجه‌سته ده‌کات.
له‌م نمایشه‌دا کۆرسی شانۆی گرێکی، رۆڵێکی هاوشێوه‌یان هه‌یه، به‌ڵام له فۆرمێکی تازه‌دا به‌ستراونه‌ته‌وه به رووداوه‌کانی ئه‌مڕۆی پاریسه‌وه، هه‌روه‌ها پزیشکی مۆدێرن و پارێزه‌ره‌کان له رێگای تراجیدیای گرێکییه‌وه، ده‌بنه زمانحاڵی چاره‌سه‌رێکی هاوچه‌رخانه.
گۆڕستانه‌که‌ش ده‌بێته هێماگه‌لی خاڵی وه‌رچه‌رخان و پێکه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی رابردوویه‌کی دوور به ئێستاوه، هه‌ر له‌م رێگایه‌وه نووسه‌ر و ریژیسۆر له هه‌وڵێکی هاوبه‌شدا رایه‌ڵه‌کانی مێژوو به ئێستاوه دەبەستنەوە. ئه‌م نه‌مایشه له کاتژمێری حه‌وتی ئێواره‌وه ده‌ستی پێکردووه، له‌گه‌ڵ کازیوه‌ی به‌ره‌به‌یان، ده‌وروبه‌ری کاتژمێری سێ، له کاتێکدا که مردووه‌کان له‌ژێر بریسکه‌ی ئه‌ستێره‌کاندا هه‌ڵده‌ستنه‌وه، ته‌واو ده‌بێت.<١٨>
گرینگی ئەو پرۆژەیە لەوەدایە، کە هێلێن سیسوو رووداوێکی هەنووکەیی دەبەستێتەوە بە مێژووی شانۆوە، بە مێژووی ئەوروپاو لە ئێستادا، بە رۆحێکی مۆدێرنەوە دەینووسێتەوە. ئاریان مونشکین-یش تەکنیکە دێرینەکەی شانۆی گرێکی، شانۆی مۆدێرنی ئەوروپی و بەکارهێنانی بووکەڵە و دەمامک دەکاتە ئامرازی بەیەکتربەستنەوەی زەمەنە جیاوازەکان. بووکەڵەکان دەبنە هێماگەلی جەستە مردووەکان، زەمەنە بەسەرچووەکان و لەهەمانکاتدا ئێستایەکی ژەهراوی. زیندووبوونەوە، یاخود هەڵستانەوەی مردووەکان، وەکوو ڕاچڵەکینێک، وەکوو بانکەشەی جەنگێکی “تەروادەیی” هەتا هەتایی، لە بەرەبەیانی رۆژگارەکانی پاریس، لە تاریک و روون‌دا زەنگێکی مەترسیدار لێ ئەدات.
بینەران، دوای ئەو نەمایشە دوور‌و درێژە، لە کازیوەی بەرەبەیاندا، دەبنە ئەو سەربازانەی، کە جەستەی هاوڕێکانیان بە نهێنی دەشارنەوە. یان ئەو سەربازانەی دوای جەنگێکی دوڕاو، بە ماندوویی دەگەڕێنەوە. بەبێ دەنگی، ماندوو، خەواڵو، پەشۆکاو دێنە دەرەوە، دوو دوو، بە کۆمەڵ و هەندێک کەسیش بە تەنها ڕێگاکانی دەرەوە دەگرنە بەر.
“ئەتریدەکان” و مێژوویەکی پڕ کارەساتی بنەماڵەیی
کلیۆتایمێسترا، پۆترێتی دایکێک
ئاریان مونشکین و هێلێن سیسوو لە نێوان ساڵانی١٩٩٠-١٩٩١-١٩٩٢ دا، پێکەوە پرۆژەیەکی گەورە، کە گەرانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بووە بۆ شانۆی گرێکی، بە ئەنجام دەگەییەنن.
نەمایشی (ئەتریدەکان) لە سێینەکەی “ئێسخیلۆس” ئۆرێستێیا-ەوە ئامادە دەکەن، بەڵام وەک دەستپێک بە “ئیفێگێنێیا لە ئەپۆلیس” ی یوربیدس-ەو دەست پێ دەکەن. تراجیدیاکەی یوربیدس، کە پەنجا ساڵ دوای ئێسخیلۆس دێت، چارەسەری هەمان مەسەلە، چارەنووسە تراجیدیاکەی بنەماڵەی ئەتریدەکان دەکات، بەڵام بە شیوەیەکی “مۆدیرن”. لەو پەنجا ساڵەدا، دراماتۆرگی درامای گرێکی لە ئێسخیلۆس-ەوە بۆ یوربیدس گۆرانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە گەشەکردنی کارەکتەرەکان، لەلای یوربیدس رێچکەیەکی تری لەخۆگرتووە، کێشە و مل ملانێکان زیاتر لە مرۆڤی ئاساییەوە نزیک بوون. بەڵام لەلای ئێسخیلۆس هەموو سێینەکە چەمکێکی شیعرئامێز، ئاواز چڕینی و ڕیتم ئاسا لەخۆدەگرێت. ئاریان مونشکین لە دیدی ریژی خۆیەوە، ئەم چوار دەقە لەیەکەیەکی هونەریدا کۆدەکاتەوەو میژووی ئەو بنەماڵەیەمان سەرلەنەێ پێشکەش دەکاتەوە.
ئەم دەقە دێرینانەی شانۆی گرێکی، وەکوو تراجیدیای خێزان، لە هەر سێ بەشەکەیدا(ئاگامێمنون، قوربانی بۆ مردووان، ئێومێنیدەکان) لەسەر شانۆی “رۆژ” بەرجەستە دەبێت: ئاگامێمنون ئێفێگێنێیای کچی سەر دەبڕێت، تا سەرکەوتن لە شەری “تەروادە” بە دەست بهێنێت، بەمەش بازنەی خوێن و توندوتیژی بنەماڵە و نەوەکان، گەورەتر و مەترسیدارتر دەبێت.
ئاریان مونشکین و هێلێن سیسوو لەم کارەیاندا، دووپاتی رۆڵی کلیۆتایمێسترا، وەک کارەکتەرێکی بەهێزی ئافرەت دەکەنەوە. هەموو تراجیدیاکە لە رۆڵی کلیۆتایمێستراوە دەخوێندنەوە؛ ئەم ئافرەتە دەبێتە ناوەندی رووداوەکان، بەستنەوەی کارەکتەرەکانی تر پێکەوە و بەرەوپێشەوە بردنی ڕەوتی رووداوەکان. کلیۆتایمێسترا لێرەدا، وەک کەسێکی داوێن پیس، دڵ ڕەق، بێ بەزەیی، توندوتیژو پیاوکوژ دەرناکەوێت، بەڵکو زیاتر دەبێتە کەسایەتییەکی پایە بڵند و بریندار، کە کچە خۆشەویستەکەی، جگەرگۆشەکەی لێ زەوت کراوە. تەنانەت کلیۆتایمێسترا لە بەشی کۆتایی سێینەکەشدا “ئێومێنیدەکان” دەردەکەوێتەوە، بەڵام لە شیوەی تارماییدا. لەبری ئەوە ئاگامێمنون وەک کەسێکی دڕندە، تینوو بە خوێن دەردەکەوێت. ئاگامێمنون کە لە شەڕە دە ساڵییەکەی تەروادە دەگەڕێتەوە، لە هەموو سیما مرۆڤایەتیەکانی دابڕاوە، ئەوەی کە ماوەتەوە مێنومێنتی شەر، ئامێرە بێ گیانەکانی شەڕ و کەسێکی بێ هەست و هۆشە، کە تەنها بە لۆژیکی شەڕ و بە زەبری چەک دەتوانێت بپەیڤێت.
نەمایشەکە بە گۆرانییەکی کۆرس، کە وەک ترپەیەکی بێ دەنگ، بەڵام ترسناک لە دوورەوە دەبیسترێت، بە شێوەیەکی دووبارە بەسەر ئەو هەموو شەڕانەدا دەلاوێنێتەوە، کە بە درێژایی مێژوو بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە. ئەو لاوانەوەیەش لەو ساتەی نەمایشەکەی تیا پێشکەش کراوە، بە شەری کەنداوەوە دەبەستێتەوە.
شاڵاوی لافاو و خه‌نده‌قه پڕ له ئاوه‌که
هونه‌ری نواندن له فۆرمه دێرینه‌کانی شانۆی رۆژهه‌ڵات، به‌تایبه‌تی “شانۆی بووکه‌ڵه” له‌گه‌ڵ شانۆی بووکه‌ڵه و له‌ناو شانۆی بووکه‌ڵه‌وه دروست بووه. ئه‌کته‌ره‌کانی شانۆی دێرینی ژاپۆنی له‌پێش هه‌موو شتێکدا له شانۆی بووکه‌ڵه‌دا پسپۆڕ بوون، ته‌کنیک و شێوازه‌کانی هونه‌ری نواندنیان له شانۆی بووکه‌ڵه‌وه وه‌رگرتووه.
ئاریان مونشکین له ساڵی 1999 دا شانۆنامه‌ی (ته‌پڵه‌کانی سه‌ر خه‌نده‌قه گه‌وره پڕ له ئاوه‌که) له نووسینی هێلێن سیسوو پێشکه‌ش ده‌کات، له‌م نه‌مایشه‌دا شێوازێکی نوێ و تایبه‌تمه‌ندی داهێناوه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له ته‌کنیک و فۆرم و شێوازه‌کانی شانۆی بووکه‌ڵه‌ی ژاپۆنی نزیک بۆته‌وه و شتێکی تایبه‌ت به مونشکین_ ی خوڵقاندووه، توانیویه‌تی سه‌رله‌نوێ فۆرمه کۆنه‌کان، له‌سه‌ر ئاستێکی باڵا، به شێوه‌یه‌کی تر بدۆزێته‌وه و به‌کاریان بهێنێت.<١٩>
ئه‌م شانۆنامه‌یه باسی یه‌کێک له لافاوه گه‌وره‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له وڵاتی چین ده‌کات، که به‌شێکی زۆری زه‌وی کشتوکاڵی و خانووبه‌ره و ژیانی خه‌ڵکی، بوو به‌ژێر ئاوه‌وه و کاره‌ساتێکی مرۆیی دروست کردووه. که ئاوی زه‌ریاکان بە هۆی بڕینەوەی دارستانەکانەوە، بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو به‌رز ده‌بێته‌وه، چ به‌شێک له وڵاته‌که بکرێته قوربانی، شاره‌کان یان زه‌وی و زاری جووتیاران، یاخود ناوچه بازرگانییه‌کان.<٢٠>
(ته‌پڵه‌کانی سه‌ر خه‌نده‌قه گه‌وره پڕ له ئاوه‌که) سه‌رگوزشته‌ی ململانێ به‌رده‌وامه‌کانی مرۆڤه له‌گه‌ڵ هێزی چاوه‌ڕوانکراو و چاوه‌ڕواننه‌کراوی سروشت، له‌لایه‌ک و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ململانێکانی نێوان خێر‌و شەڕ، پیاو و ژن، هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، ده‌سه‌ڵات و بێ ده‌سه‌ڵات ده‌گێڕێته‌وه. هێلێن سیسووش دەقە شانۆییەکەی، لە ژێر کاریگەری برێشت دا، وه‌ک ئه‌فسانه‌یه‌کی دێرین بنیات ده‌نێت، پێی له‌سه‌ر خۆپه‌رستی مرۆڤ داده‌گرێت، که ده‌بێته هۆی لێکترازان و وێرانبوونی جیهان.
له کۆتایی نه‌مایشه‌که‌شدا به هوروژم ئاو دێته سه‌ر شانۆ، هه‌موو شوێنەکە، کاره‌کته‌ره‌کان و ستر‌کتوری وڵاتەکە ده‌بن به‌ژێر ئاوه‌وه.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان و ئاماژه پێکردنه، ئه‌وه‌یه که ئاریان مونشکین له دیدی تێڕوانین و ریژی خۆیه‌وه، کاره‌کته‌ره‌کانی کردۆته بووکه‌ڵه و هه‌ر بووکه‌ڵه‌یه‌کیش که‌سێک به جلوبه‌رگی ره‌شه‌وه، واته دوو که‌س یه‌کێکیان رۆڵی بووکه‌ڵه ده‌گێڕێت و ئه‌ویتریان هه‌ڵگری ئه‌کته‌ره بووکه‌ڵه‌کانن و له پشته‌وه، وەک خەونە نەمایشێک ده‌یانجوڵێنن. ئەو فۆرم و شێوازەی نواندنیشی پێ دەکەن، ژیان دەبەخشێت بە ناوەرۆکەکە، بە بووکەڵەکان و بەو ئەکتەرە سێبەرانەشی، کە لە پشتەوە بووکەڵەکان دەجوڵێنن. هەرچەندە نەمایشەکە: وێنەکان، جوڵەی ئەکتەر، بووکەڵەکان و سترکتورە گشتییەکە، جۆرە خەونە نەمایشێکە، لە تەکنیکی خەون و لە نائاگایمانەوە نزیکە، بەڵام هێندەش ڕوون و کۆنکرێتە. گەمەی نێوان فیگوری کارەکتەرەکان “کەسایەتییە بووکەڵەکان” و ئەو ئەکتەرانەی لە پشتەوە بووکەڵەکان دەجوڵێنن، پابەندن بە یەکترییەوە، گەمە شانۆییەکە و کۆنترۆڵێکی بەهێز کۆیان دەکاتەوە، هەردووکیان، ئەکتەر و بووکەڵەکان دەسەڵاتی رەهای نەمایشەکەیان بەدەستەوەیە.
ئه‌کته‌ره بووکه‌ڵه‌کان ده‌مامکی سپی جۆراوجۆریان پۆشیوه، سیما و گوزارشتی ده‌موچاویان له شانۆی دێرینی ژاپۆنییه‌وه نزیکه. ئەکتەرەکانیش جل وبەرگە رەشەکانیان، هێندە تەسکە، هەر وەک ئەوەی بە جەستەیانەوە نووسابێت، بەمەش جوڵە میکانیکییەکەی بووکەڵەکان دەکاتە جۆرە پلاستیکێک، کە بەئاسانی ئەکتەر/بووکەڵە دەبنە یەک. هەرچەندە بووکەڵەکان ئەکتەری سەرەکین، بەڵام توانای ئەکتەرەکان لە پشت بووکەڵەکانەوە، وزەیەکی گەورەو هێزێکی چڕکراوەی بە نەمایشەکە بەخشیووە. مۆسیقاش رۆڵێکی گرینگ له‌م شانۆنامه‌یه و هه‌موو شانۆنامه‌کانی تری شانۆی “رۆژ” و ئاریان مونشکین دا ده‌بینێت. ده‌نگی ته‌پڵ و ئامێره ژێداره‌کان، داهێنانی ئامێری جیاواز و دروستکردنی ده‌نگی سروشت، خوڵقاندنی ئه‌تمۆسفێره دێرین و ئه‌فسوونییه‌کان، هێنده‌ی رۆڵی بووکه‌ڵه‌کان پێگه‌یان له‌م نه‌مایشه‌دا به‌هێز و گرینگه.<٢١>
• ته‌رتوف و گه‌مه‌یه‌کی سیاسی
ئاریان مونشکین له گه‌مه‌یه‌کی سیاسی توندوتیژدا رووبه‌ڕووی ئیسلامییه توندڕه‌وه‌کان ده‌بێته‌وه و به شێوازێکی نوێ، له ده‌روازه‌کانی شانۆی کلاسیکی فه‌ره‌نسییه‌وه، له ته‌رتوفی مۆلێره‌وه، په‌رده له ڕووکاره ناشرین و دڕنده و به سیاسی‌کردنی ئیسلامییه توندڕەوەکان هه‌ڵده‌ماڵێت. ئه‌م خوێندنه‌وه نوێیه‌ی شانۆی “رۆژ” ڕاستییه‌کی تری هێز و گه‌وهه‌ری شانۆمان بۆ ده‌رده‌خات: به‌ستنه‌وه‌ی ته‌رتوف به ئیسلامی و توندڕەوەکانەوە، بیرۆکه‌ی شانۆنامه‌که زیاتر ئاشکرا ده‌کات. له‌پڕ بۆمان ده‌رده‌که‌وێت بۆچی و چۆن ئه‌م شانۆنامه‌یه رۆژێک له رۆژان بۆ مۆلێر، بۆ ژیانی هونه‌ری پاریس، له هه‌زار و شه‌ش سه‌ده‌کاندا گرینگ بووه، بۆچی رۆژێک له رۆژان ئه‌م شانۆنامه‌یه له پاریس، له کۆشکی پادشا و له‌سه‌ر شانۆکان قه‌ده‌خه کراوه. مۆلێر شانۆنامه‌ی ته‌رتوف له ساڵی 1664 دا ده‌نووسێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌گژ بیروبۆچوونه توندڕه‌وه‌کانی کڵێسادا بچێته‌وه، په‌رده له‌سه‌ر درۆ و ده‌له‌سه‌کانی قه‌شه‌کان هه‌ڵبماڵێت، له‌هه‌مانکاتدا دووپاتی ئه‌وه‌ش بکاته‌وه، که چۆن کڵێسا، به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌ها و ئایین و بیروباوه‌ڕه ئاینییه‌کان، بۆ مه‌به‌ستی خۆیان و له خشته‌بردن و سه‌رکۆنه‌کردنی خه‌ڵکی به‌کارده‌هێنن، ئایینیان کردۆته ده‌سه‌ڵات و ئامرازێکی سیاسی. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ ئه‌و کاته‌ی فه‌ره‌نسا مه‌ترسیدار بووه، شانۆنامه‌که قه‌ده‌خه ده‌کرێت و دژایه‌تییه‌کی زۆری مۆلێر ده‌کرێت، ناچاریشی ده‌که‌ن، که سه‌رله‌نوێ شانۆنامه‌که بنووسێته‌وه و گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی تیادا بکات.<٢٢>
ئاریان مونشکین به نه‌مایشی ته‌رتوف دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه، که ئه‌م شانۆنامه‌یه ئێستا، هه‌روه‌ک دوو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان کاریگه‌ری سیاسی و ده‌روونی خۆی هه‌یه.
ئاریان مونشکین ته‌رتوف ده‌کاته که‌سێکی ترسناکی توندڕه‌وی فونده‌مه‌نتالیستی ئایینی یه‌کێک له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان، هه‌موو ئاماژه‌کان به‌ره‌و جه‌زاییر ده‌چێت. کاره‌کته‌ری (ئۆ‌رگۆن) ده‌که‌وێته ژێر باوه‌ڕه دینییه‌که‌ی ته‌رتوفه‌وه، ملکه‌چی داواکارییه‌کانی ده‌بێت و ده‌یهێنێته ماڵه‌که‌ی خۆیه‌وه، په‌یمانی ده‌داتێ، که کچه‌که‌ی لێی ماره بکات، له بارێکی دژوار و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئۆ‌رگۆن و (دامیس) ی کوڕیشدا، له‌سه‌ر به‌هه‌ڵه‌داچوونی ئۆرگۆنی باوکی، ئۆ‌رگۆن هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌ی له‌سه‌ر ته‌رتوف تاپۆ ده‌کات. ته‌رتوف له‌کاتێکدا، که ده‌یه‌وێت ژنه‌که‌ی ئۆ‌رگۆن (ئه‌لمیر) له‌خشته‌به‌رێت، راستی و مه‌رام و پلانه‌کانی ئاشکرا ده‌بێت، بەم شێوەیەش ئۆ‌رگۆن به ته‌واوه‌تی له حه‌قیقه‌تی که‌سایه‌تی ته‌رتوف تێ ده‌گات.
ته‌رتوف له‌دوای ئه‌م په‌رده لەسەر هه‌ڵماڵینه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی به شه‌رمه‌زاری له ماڵه‌که‌ی ئۆ‌رگۆن بچێته ده‌ره‌وه، ده‌یه‌وێت تۆڵەیان لێ بکاتەوە و ئه‌م ئه‌وان بکاته ده‌ره‌وه، ئه‌وه ده‌هێنێته‌وه بیری ئۆ‌رگۆن که ئه‌و، واتە (ته‌رتوف) ئێستا خاوه‌نی موڵک و ماڵه‌کەیە و ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ ماڵەکەی بۆ چۆڵ کەن. هه‌روه‌ها له هه‌مانکاتداو بۆ ئه‌وه‌ی گرفته‌که زیاتر خه‌ست بکاته‌وه، ئۆ‌رگۆن به‌وه‌ش تاوانبار ده‌کات، که ته‌زویری له هه‌ندێک دێکۆمێنتی فه‌رمیدا کردووه، بۆیه ده‌یه‌وێت پەردە لە ڕووی ئەم کارەشی هەڵماڵێت و له به‌ندیخانه‌شی توند بکات. به‌ڵام له‌کۆتاییدا پادشا دێت، ئۆ‌رگۆن رزگار ده‌کات و ته‌رتوف ده‌خاته به‌ندیخانه‌وه.
ئاریان مونشکین، شانۆنامه‌ی ته‌رتوف، که یه‌کێکه له شانۆنامه کۆمیدیا گرینگه‌کانی شانۆی کلاسیکی فه‌ره‌نسی، وه‌ک شانۆنامه‌یه‌کی تراجیدیای گرێکی پێشکه‌ش ده‌کات و کاره‌کته‌ری ئۆ‌رگۆن ده‌خاته چه‌قی ڕووداوه‌کانه‌وه.<٢٣>
له‌م نه‌مایشه‌دا شوێن باخچه‌یه‌کی ناوه‌وه، یان پشته‌وه‌ی باخچه‌یه‌کی میللیی خانووبه‌ره‌یه‌کی ترادیشونی له وڵاتی جه‌زائیرە، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی هیچ شوێنێک بهێنرێت. تیشکی رۆژێکی به‌تین له سه‌ره‌وه و به شێوه‌یه‌کی شاقووڵی خۆی به‌سه‌ر شانۆکه‌دا (شوێنه‌که‌دا) په‌خش کردووه، فرۆشیارێکی گه‌ڕۆک به عه‌ره‌بانه‌یه‌که‌وه مۆسیقا ده‌ژه‌نێت و به‌سه‌ر شانۆکه‌دا تێده‌په‌ڕێت. ئاریان مونشکین بۆ ئه‌م کاره‌کته‌ره مۆسیقای هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی جه‌زائیری (شه‌بیب حه‌سه‌ن) به‌کارده‌هێنێت، که ساڵێک به‌ر له‌م نه‌مایشه، ئیسلامییه توندره‌وه‌کان له جه‌زائیر تیرۆری ده‌که‌ن.<٢٤>
کاره‌کته‌ری ئه‌م فرۆشیاره گه‌ڕۆکه بێده‌نگه، له‌بری قسه‌کردن گۆرانی ده‌ڵێت و مۆسیقا ده‌ژه‌نێت. ئه‌م فرۆشیاره چه‌ندین جار له دووتوێی رووداوه‌کانه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، به‌سه‌ر شانۆدا تێده‌په‌ڕێت و به‌مه‌ش له چه‌مکی ئاهه‌نگئامێز و حیکایه‌تخوانه‌کانی وڵاتانی باکوری ئه‌فه‌ریقا: تونس، جه‌زائیر و مه‌غریب نزیک ده‌بێته‌وه، سوودیان لێ وه‌رده‌گرێت و رۆحی شانۆنامه‌که، خودی نه‌مایشه‌که له ئه‌تمۆسفێری کۆڵان و سه‌رشه‌قامه‌کانی ئه‌م وڵاتانه‌وه نزیک ده‌کاته‌وه. له‌هه‌مانکاتدا ئه‌م کاره‌کته‌ره، وه‌ک فرۆشیارێک په‌یوه‌ندییه‌کی خۆڕسکی ئاسایی و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئافره‌ته گه‌نجەکان، کاربه‌ده‌ستان و خه‌ڵکی ناو خانووبه‌ره‌که‌دا دروست ده‌کات.
ئۆ‌رگۆن نوێنه‌ری باوکێکی کۆنه‌پارێزه، یاساکانی باوکسالاریی په‌یڕه‌و ده‌کات و پاشایه‌کی به زه‌بروزه‌نگی ماڵی خۆیه‌تی. به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بوار به خێزانه‌که‌ی نادات به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و، هیچ کارێک بکه‌ن و هیچ هه‌نگاوێک بنێن و به هیچ شێوه‌یه‌کیش وه‌ڵامی هیچ که‌سێک و هیچ پرسیارێک سه‌باره‌ت به ته‌رتوف ناداته‌وه.
ته‌رتوف که‌سێکی پیرۆزه و له سه‌رووی هه‌موو بۆچوون و تێڕامان و پرسیارکردنێکه‌وه‌یه.
ته‌رتوف هه‌موو جارێک به ده‌رکه‌وتن و هاتنه‌ژووره‌وه‌ی بۆ سه‌ر شانۆ، جۆره مه‌ترسییه‌ک دروست ده‌کات، هه‌میشه به‌ر له هاتنه‌ژووره‌وه‌ی، له بڵندگۆکانه‌وه گوێمان له چه‌پڵه‌ڕێزان و پیاهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ر ده‌بێت، ته‌رتوف- یش به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام چوارده‌وری به کۆمه‌ڵێک ڕیش درێژی چاو ده‌رپۆقیوی جلوبه‌رگ ڕه‌ش ده‌وره دراوه، کە هه‌ر یه‌کەیان چرایه‌کی سووری به ده‌سته‌وه‌یه، وه‌ک هێماگه‌لی ده‌ستێکی خوێناوی.
ئۆ‌رگۆن له‌م هاوکێشه‌یه‌دا وێنه‌یه‌کی گونجاوه، ئه‌ویش وه‌کوو ئه‌وان جلوبه‌رگی درێژی ره‌شی له‌به‌ردایه. له به‌رامبه‌ری ئه‌وان، ژنه‌که‌ی ئۆ‌رگۆن (ئه‌لمیر)، کچه‌که‌ی (ماریان)، کوڕه‌که‌ی (دامیس) و که‌نیزه‌ی ماڵه‌که‌ش (دۆرین) جلی سپییان له‌به‌ردایه، ره‌ش و سپی له گه‌مه‌یه‌کی سیاسی، دەروونی و خوێناویدا رووبه‌ڕووی یه‌کتری ده‌بنه‌وه. به‌ڵام که ئۆ‌رگۆن ماریانی کچی ده‌به‌خشێت به ته‌رتوف، ده‌ستبه‌جێ سه‌رپۆشێکی درێژ و ئاودامان ئه‌درێت به سه‌ر قژه درێژه رووته‌کەی ماریاندا. که دامیس له‌گه‌ڵ ئۆرگۆنی باوکی به‌رووی یه‌کتردا ده‌ته‌قنه‌وه و دامیس ناره‌زایی به‌رامبه‌ر به هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی باوکی ده‌رده‌بڕێت، ئه‌وا پیاوه ریش درێژه جل ڕه‌شه‌کانی ته‌رتوف دێن، به شێوه‌یه‌کی توندوتیژ و تۆتالیتا‌ر دامیس ده‌به‌ن.
ئاریان مونشکین هه‌موو ساته کۆمیدییه‌کان له‌م نه‌مایشه‌دا ده‌کاته ئازار و تراجیدیایه‌کی قووڵ، ته‌نانه‌ت له کۆتاییشدا رێگایه‌کی قووتاربوون بۆ ئۆ‌رگۆن و خێزانه‌که‌ی نادۆزرێته‌وه. ئه‌م ریژیسۆره له‌بری پادشا، که له کۆتایی شانۆنامه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت و ئۆ‌رگۆن رزگار ده‌کات، مووچه‌خۆرێکی گه‌نده‌ڵ ده‌هێنێته ژووره‌وه، به‌مه‌ش دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه، که هه‌موو کۆمه‌ڵگاکه له بنه‌ڕه‌ته‌وه گه‌نده‌ڵ و توندڕه‌ون.
گرینگی ئه‌م نه‌مایشه له‌وه‌دایه، که ئاریان مونشکین کۆمیدیایه‌ک وه‌رده‌گرێت و تراجیدیایەکمان پێشکه‌ش ده‌کات، پێکه‌نین ده‌کاته هه‌ڵوێسته‌یه‌کی تراجیدی و ئه‌تمۆسفێری ریتواڵه هونه‌رییه‌که.
ئاریان مونشکین سەرلەنوێ شاکارێکی کلاسیکی لە مڕۆدا دەخوێندێتەوە؛ ڕەوتێکی سیاسی توندڕەو، بەکارهێنانی ئایین وەک ئامرازێکی سیاسی، بەکارهێنانی ڕەگەزی مێ (ئافرەت) وەک چەمکێکی موڵکدارێتی و سێکسی، بنەماکانی خێزان و پەیوەندییەکانی باوک و منداڵ، دەسەڵات و هەرەمی پەپوەندییەکان کۆدەکاتەوەو لە شاکارێکی کلاسیکییەوە، لە فەرەنسای سەدەی شانزەمەوە دەبەستێتەوە بە دیدو تێروانینە گلۆبالیزمییەکانی ئەم سەردەمەوە. ئاریان مونشکین تەرتوف و مۆلێر لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و لە نێو سیستەمە پۆست مۆدێرنیزم و پۆست کۆلۆنیالیزمەکاندا بەرجەستە دەکات و خودی خۆمان بە ڕووتی دەهێنێتە بەردەم ئاوێنەیەکی روون و ئاشکرای ئەمڕۆمانەوە.
شانۆی “رۆژ” و ڕۆڵی مۆسیقا
بەشێکی زۆری نەمایشەکانی شانۆی “رۆژ” بە یارمەتی مۆسیقا و لە تۆن و دەنگی ئامێرە مۆسیقیەکانەوە دروست دەبن. مەشقە راگوزارییەکانیان لە مۆسیقاوە دەگاتە بەرەنجامە کۆتاییەکانیان و مۆسیقا ڕێگاکانیان بۆ دەکاتەوە، هەندێک جار لە خودی مۆسیقاوە دەست پێ دەکەن، مەشقەکانیان بنیات دەنێن، کارەکتەرەکانیان دەدۆزنەوە و ئەتمۆسفێرە تایبەتمەندەکانی خۆیان دەخوڵقێنن.
کۆمپۆسیتۆر و هونەرمەندی مۆسیقی Jean-Jaques Lemetre کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی شانۆی “رۆژ” ەوە لەگەڵ ئاریان مونشکین کاردەکات، مۆسیقای نەمایشەکانیان ئامادە دەکات. بۆ نموونە ئەم کۆمپۆسیتۆرە لە یەکەم رۆژەکانی پرۆڤەوە لەگەڵ ئەکتەرەکاندایە، بە مۆسیقا ئەتمۆسفێر و دەنگە گوزارشت ئامێزەکانیان، بە شێوەیەکی راگوزاری بۆ ئامادە دەکات، ریتمەکانیان رادەگرێت، هەر لەوێشدا مۆسیقاکەش دەنووسێت. جووڵانەوەی ئەکتەرەکان، بەکارهێنانی جەستە، دەنگ و پەیوەندییەکانیان، دەروازەیەکە بۆ ئەم هونەرمەندە و بۆ نووسینی مۆسیقاکەی. ئەکتەرەکانیش، کە وێنەکانیان لەلا رون و ئاشکرا دەبێت، بۆ ئەوەی دیالۆگی مۆسیقاکەشیان لەگەڵ رۆڵەکانیان بگونجێنن دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەم کۆمپۆسیتۆرە و لەگەڵ ئەو قسە دەکەن. ئەم هونەرمەندە بەم شێوەیە دووپاتی رۆڵی خۆی لە پرۆسە شانۆییەکاندا دەکاتەوە (خودی دیدە مۆسیقییەکە لەسەر شانۆ دروست دەبێت، کە دیدەکەشم لەلا دروست بوو بۆ ئاریان مونشکین، ریژیسۆری کارەکە باسی دەکەم، گەر قایل نەبێت بەوەی من دامناوە، لەگەڵ ئەکتەرەکان دەدوێم تا بتوانم شتێکی تر بدۆزمەوە، منیش خۆم لەگەڵ ئەوان دەگونجێنم، خێرا گۆرانکاری لە مۆسیقاکەدا دەکەم. گەر شتێکیش لەسەر شانۆ ڕێک نەکەوێت، مۆسیقا دەتوانێت یارمەتی بدات، ئەمەش گەمەیەکە پێکەوە دەیکەین.)
پەیوەندییەکانی ئەم هونەرمەندە مۆسیقییە، تەنها بە ئاریان مونشکین-ەوە نییە، بەڵکو زیاتر پابەندە بە ئەکتەرەکانەوە، بە پرۆسەی نواندن و کاری ئەکتەرەوە لەگەڵ رۆڵەکانیاندا. کاری ئەم مۆسیقارە، وەک ئەوە وایە کە دەستی ئەکتەرەکان بگرێت و بەرەو پێشەوەیان بەرێت. یەکێک لە ئەکتەرەکان دەڵێت ( هەست دەکەین، کە ئەویش بە ڕۆڵەکەی خۆی هوشیارە، بە هەموو ئەو شتانەی کە لە مندایە، وەک ئەکتەر، بەتایبەتی لە کاتێکدا، کە لەسەر شانۆ رۆڵەکەم دەبینم. ئەو تەنانەت دەتوانێت هەست و سۆزی بینەران لەلای ئێمە دروست بکات.) زۆرجار ئاریان مونشکین و ئەکتەرەکانی باسی جۆرە سیحرێک دەکەن، کە بەرەو ڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی لەو کاتانەدا، کە لە دیمەنێکدا، یان لە رەوشێکی تایبەتیدا دەگەرێنەوە بۆ یادەوەرییەکانیان، بۆ منداڵی… لەوێدا خۆشییەک، جۆرە بەختیارییەک یان خورپەیەک هەیە، کە دەبێت سەرلەنوێ بدۆزرێتەوە، هەرچەندە ترسێک رامان دەگرێت، یان لە رووی دەروونییەوە ئامادەنین بۆ ئەو رووبەرووبوونەوەیە. لەم کاتەدا مۆسیقا یارمەتیدەرە، دراماتۆرگە و ئەو ڕێگایەیان بۆ دەدۆزێتەوە، هەست و هۆشیان ئامادە دەکات، جەستەیان دەخاتە ئامادە باشییەوە تا بروایان بەو ساتە چاوەروان کراوە هەبێت.
ئاریان مونشکین سەبارەت بە هاوکاری و کارەکانی ئەم کۆمپۆسیتۆرە دەڵێت ( Jean-Jaques Lemetre گوێی سووک و هەست ناسکە. ئەو شوێن پێی هەموو ئەو شتانەی، کە لەسەر شانۆ رووئەدەن و بەرجەستە دەکرێن، دەکەوێت. ئەو دەتوانێت شوێن نەخمەی دەنگە جیاوازەکانمان و هێڵە دراماتۆرگییەکان بکەوێت. ئەو هەر وەک ئەوە وایە، کە ئاگای لە لێدانی دڵ و هەناسەدانی ئەکتەرەکان بێت.)
رۆڵی ئەم کۆمپۆسیتۆرە، هێندەی رۆڵی شانۆنامە نووسەکان گرینگە، لە مۆسیقاوە دەقە شانۆییەکان دەبنە کەرەستەیەکی فیزیکی بە دەستی ئەکتەرەکانەوە. هەر لە مۆسیقاشەوە وشەکان دەبنە وێنەو وێنەکان بە کارەکتەرو کارەکتەرەکان بە رۆحێکی زیندوو لە جەستەی ئەکتەرەکاندا. ئاریان مونشکین دووپاتی رۆڵی مۆسیقا دەکاتەوەو دەڵێت (ئێمە نەمایشی مۆسیقی پێشکەش دەکەین، مۆسیقا لە نمایشەکانماندایە، زۆر جار دەڵێن، کە شانۆ‌و مۆسیقامان تێکەڵاو کردووە. ئەوەی ڕاستی بێت شانۆ‌و مۆسیقا هەر لە سەرەتاوە، لەلای گرێکەکان و لەسەردەمی ئەنتیکدا، یەک یەکە بوون. بەڵام لەگەڵ رۆژگاردا، هێدی هێدی ئەو بڕیارە درا، کە مۆسیقا لە وشەو شانۆ جیابکرێتەوە.)
دوایین پەناگە شەوی کاروانەکان
لە ساڵی ٢٠٠١دا ئاریان مونشکین سەردانی یەكێک لە کەمپەکانی پەناهەندە لە نزیک سنوورەکانی نێوان فەرەنساو ئینگلتەرا دەکات. مەبەستی سەردانەکە تەنها بەسەرکردنەوەی پەناهەندەکان دەبێت، تا لە نزیکەوە لە ڕەوشی ژیانیان بگات. هیچ پلانێکی شانۆیی لەپشت ئەم سەردانەوە نابێت، بەڵام کە دەگەڕێتەوە بۆ پاریس و کاریگەری گوزەرانی پەناهەندەکان و بارودۆخە سیاسییەکەیان وای لێ دەکات پلانەکانی بگۆرێت. هەندێک پەناهەندەی کوردیش لەم کەمپەدا دەژین، کە دەیانوویست لەوێوە بەرەو ئینگلتەرا برۆن.
ئاریان مونشکین دواتر چەند سەردانێکی تری پەناهەندەکان دەکات، گوێ لە چارەنووسەکانیان دەگرێت و بەسەرهاتەکانیان تۆمار دەکات. هەر لە سەرەتاوە هێلێن سیسوو ئەم بەسەرهاتانە سەرنجی راناکێشێت و ناتوانێت هیچ دەقێکیان بۆ بنووسێت. ئاریان مونشکین سوور دەبێت لەسەر پلانەکەی، لەبەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر میتودە دێرینەکەی خۆیان و شانۆی راگوزاری، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو بەسەرهاتەکان دەخاتە بەردەستی ئەکتەرو تیمی کارەکەی. ئاریان مونشکین ئەو چاوپێکەوتن و گفتوگۆیانەی لەگەڵ پەناهەندەکان کردوویەتی دەکاتە بنەمایەکی سەرەکی و گرینگ، لەو دەروازەیەوە دەست پێ دەکەن و لە ئەنجامدا دەقی شانۆیی و نەمایشی (دوایین پەناگە شەوی کاروانەکان) لەدایک دەبێت، نەمایشەکەش بریتییە لە سەدەها دیمەن کە بەشێوەیەکی سروشتی، بەپێی لۆژیکی شانۆی راگوزاری و زنجیرەی دراماتۆرگی رووداوەکان رۆنراوە. بەڵام لە هەرشەوێکی نەمایش و رووبەرووبوونەوەی بینەراندا تەنها بیست تا سی دیمەن پێشکەش کراوە.
نامەی پەناهەندەکان، بەزمانی فارسی و کوردی سەرەتای دیمەنەکان دەکاتەوە، پیتە فارسی یان کوردییەکان یەکە یەکە وشەو ڕستەکان، وەک تابلۆیەک لەسەر فۆندێک دروست دەکەن. زمانەکە، زمانێکی نامۆیە بە بینەران، لەبەر ئەوەی ناونیشانەکان لە ئێران، ئەفغانستان یان کوردوستانە:” ئازیزەکەم من بیر لە تۆ دەکەمەوە” ، “دایە گیان بمبوورە کە بە جێم هێشتی، هەموو ئاوات و خولیام لەگەڵ خۆمدا بردوو خەمەکانم بۆ بەجێ هێشتی. ئاخ…” و “شەوی یەڵدایە یا دەیجوورە ئەمشەو کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو” و “ئاخ خۆمانمان گیرۆدە کرد سەرمان لە خۆمان شێواند بە دەستی خۆمان ماڵی خۆمان وێران کرد، بووین بە مەینەت بۆ دایک و باوک‌و کەسی و کارمان” ئەمە بەشێکە لەو نامانەی، کە پەناهەندە کوردەکان نووسیویانە، دواتر بە هەمان شێوەو بە خەتی خۆیان لە پرۆگرامی نەمایشەکەشدا بڵاوکراونەتەوە.
دوای نامەکان لافاو و باو بۆرانێکی گەورە، لەناوچەیەکی دوورە دەستی سەر سنوور، لە نێوان کازاخستان و کرگیستان بەرجەستەی ئەو ڕێگا سەخت و پرمەترسییەمان بۆ دەکات، کە پەناهەندەکان دەیگرنە بەر. پارچە قووماشێکی گەورەی شین، دەبێتە ئەو دەریا گەورە و توڕەیە و هەموو پانتایی شانۆکە دەگرێتەوە، پەناهەندەکانیش لەو گێژەنەدا لە مل ملانێی مەرگ و ژیاندان.
لەم نەمایشەدا هەموو شتەکان و ئەکتەرەکان بەسەر “بۆربڕینەوە” ئەکتەرەکان یان تەکنیککاران، کە هەر ئەکتەرەکان خۆیانن، دیمەن لەدوای دیمەن بەسەر ئەو بۆربڕینانەوە دەهێننە سەر شانۆ، بۆ نموونە: عەرەبانەیەک، ماتۆڕیک کە چەند کەسێکی بەسەرەوەیە، بارەگایەکی سەر سنوور، ماڵێک…هتد هەروەها ئەکتەرەکانیش بەسەر ئەم بۆربڕینانەوە دەهێنرێنە سەر شانۆ و دەش برێنەدەرەوە. لە دیمەنی پەناهەندەکاندا، ئەو ئەکتەرانەی کە ڕۆڵی پەناهەندە دبینن، بەهیچ جۆرێک قاچیان ناکەوێتە سەر زەوی، ئەمەش هێماگەلی ئەو جیهانەیە، کە پەناهەندەکان بە بەردەوامی بە دوایدا دەگەڕێن، بە بێ ئەوەی پێی بگەن.
یەکێک لە دیمەنە سەرەکییەکان، لە نزیک هێلێکی شەمەندەفەرەوە بەرجەستە دەبێت، لەم شوێنەدا پەناهەندەکان لە چاڵێکدا خۆیان دەشارنەوە، تا بتوانن لە ڕێکەوتێکی گونجاو‌دا، بە یارمەتی قاچاخچییەکان خۆیان فرێبدەنە ناو ئەو شەمەندەفەرانەوە، کە بەرەو ڕۆژئاوا دەڕۆن. زۆرجار پاسەوانەکانی سنوور یان پۆلیس پێیان دەزانن، دەیان گرن و سنوورداشیان دەکەنەوە.
هونەرمەندێکی کوردی شاری سلیمانی (سەرکەوت گۆران) کە دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلیمانییە، لەم نەمایشەدا بەشێوەیەکی سەرنج راکێس و سەرکەوتوو چەندین ڕۆڵ دەبینێت؛ بۆ نموونە قاچاخچییەکی کورد، پەناهەندەیەکی ئێرانی، تاڵیبانەکانی ئەفغانستان. سەرکەوت گۆران زیاتر بە کوردی قسە دەکات، بەڵام هەندێک جاریش بە فارسی و ئینگلیزی دەدوێت، ئەمەش بە پێی چۆنییەتی ڕۆڵەکەی دەگۆڕدرێت.
بەرئەنجام و کۆتایی
ئاریان مونشکین و شانۆی “رۆژ” تا ئێستا به هه‌مان ووزه و تواناوه به‌رده‌وام و چالاکن، کاره‌کانیان به‌هه‌مان شێوه له هه‌موو ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا جێگای سه‌رنج و ستایشی بینه‌ر و رهخنهگرهکانه.<٢٥>
شانۆی “رۆژ” و ئاریان مونشکین لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی تەمەنیدا، ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە شانۆ دەتوانێت رۆڵێکی گرینگ لە کۆمەڵگاو لە ژیانی هەموو تاکێکدا بگێرێت، کە شانۆ دەتوانێت دونیا بگۆرێت و پەیامێکی سیاسی و مرۆڤایەتی هەبێت.
شانۆی “رۆژ” لە مەشقەکانی راگوزاری، فۆرمەکانی شانۆی میللیی و گەڕانەوە بۆ شانۆی گرێکی و شەکسپیر، بە سوود وەرگرتن و قووڵ بوونەوەو گەڕانەوەیەکی بەردەوامی تەکنیک و فۆرمەکانی شانۆی رۆژهەڵات تووانیویانە شانۆیەکی تایبەتمەند، شانۆیەکی خاوەن پەیام، شانۆیەکی سیاسی بێ وێنە بخوڵقێنن. لەم شانۆیەدا، چەندە جەستەی ئەکتەر، هونەری نواندن، دیدی ریژی، تەکنیکی نەمایش باڵا‌و گرینگە، هێندەش پەیامی شانۆکەیان بۆ دونیا گرینگەو جێگای بایەخە. ئەم شانۆیە بە هەموو ئامرازەکانی بۆ قەیران و گرفتەکانی جیهان، بۆ مافی مرۆڤ، پرسە سیاسییەکان، گرفتی پەناهەندە و دژی جەنگەکان کاردەکات.
ئاریان مونشکین هەمیشە دووپاتی رۆڵی خۆیان، پێگەی شانۆکەیان و ڕۆڵی شانۆ لە کۆمەڵگادا دەکاتەوە (ڕۆڵی ئێمە ئەوەیە، کە ئەوە پێشان بدەین چ هەل و مەرجێک لە شانۆدا هەیە و شیاوە. کە شانۆ هونەرێکی لەبارە، هونەر ئامڕازێکی گرینگ و شیاوە، کە لەگەڵ مرۆڤ هەڵ کردن ئەگەرێکی گەورەیە. ئەمە رۆڵی ئێمەیە، هەروەها رۆڵی هەموو شانۆیەکیشە. ئەمەش دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە گێرانەوەکان هەردەم ئەفسوونی خۆیان هەیە، کە خەم و پەژارە، غیرەت، هیوا و ژیان بخوڵقێنین. ئەمەیە رۆڵی ئێمە.)
ئەم تێروانین و دیدەی ئاریان مونشکین بۆ شانۆ و ڕۆڵی شانۆ دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە شانۆ بۆ ئەم ریژیسۆرە تەنها کارێکی شانۆیی رووت نییە، کە تەنها نەمایشکردنی شانۆیی نییە. بەڵکو شانۆ ئامرازێکی گرینگی گۆرانییەکانە، ئەم هونەرمەندە بروایەکی پتەوی بەوە هەیە، کە شانۆ دەتوانێت جیهان بگۆڕێت!؟
په‌راوێزه‌کان
1. ئاریان مونشکین له ساڵی 1939 له پاریس له دایکێکی ئینگلیز و باوکێکی په‌ناهه‌نده‌ی رووس له‌دایک بووه، باوکی له جوله‌که رووسه‌کان بووه و وه‌ک په‌نابه‌رێک له فه‌ره‌نسا گیرساوه‌ته‌وه، له بواری فیلم و به‌رهه‌مهێنانی فیلم و سینه‌مادا کاریکردووه، بەم کارەشی بوارێکی فراوانی بۆ ئاریان مونشکین _ ێکی منداڵ ره‌خساندووه تا له‌نێو ستۆدیۆ، کامێرا و ئه‌کته‌ره‌کاندا حه‌زی سینه‌ما و شانۆی لەلا گەشە بکات.
2. له ماوه‌ی ئه‌م چل ساڵه‌ی دواییدا، بینه‌ران و ره‌خنه‌گر و لێکۆڵه‌ره‌وان، له هه‌موو جیهانه‌وه روویان کردۆته پاریس تا له نزیکه‌وه کار و پرۆژه شانۆییه‌کانی پیته‌ر بروک و ئاریان مونشکین ببینن. ئه‌م دوو ریژیسۆره له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ر و هونه‌رمه‌ندی کولتووری جیاواز کارده‌که‌ن و پرۆژه‌کانیان له بۆته‌ی پرۆسه‌یه‌کی چڕ و دوور‌و درێژدا، به مه‌به‌ستی لیکۆڵینه‌وه، تاقیکردنه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی چه‌مکه‌کانی هونه‌ری شانۆدا کارده‌که‌ن.
3. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه، که ئه‌م دوو شانۆکاره گه‌وره‌یه، هه‌رگیز باسی یه‌کتریان نه‌کردووه و به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماژه‌شیان به کاره‌کانی یه‌کتر نه‌داوه، ته‌نها خاڵێکی هاوبه‌شیش که ئه‌م دوو ریژیسۆره گه‌وره‌یه کۆبکاته‌وه، تێڕامان و گه‌ڕانه‌وه و سوود وه‌رگرتنه له شه‌کسپیر و له شانۆی توندوتیژی ئه‌نتۆنین ئارتۆ.
4. ئاریان مونشکین خۆی به هه‌موو کارێک هه‌ڵده‌ستێت، بۆ نموونه ده‌رگای شانۆکه‌یان به‌ڕووی بینه‌راندا ده‌کاته‌وه، بلیته‌کانیان لێوه‌رده‌گرێت، گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌کات و پیشوازییان لێ ده‌کات.
5. هەر زوو ئاریان مونشکین بە میراتگری ترادیشونە قووڵ و دەوڵەمەندەکەی (ژان فیلەر) ئاماژەی بۆ دەکرێت.
6. له‌م شانۆیه‌دا، رۆڵه‌کان به شێوه ته‌قلیدییه‌کان دابه‌ش ناکرێن، به‌ڵکو ئه‌کته‌ره‌کان، دوای پرۆڤه‌یه‌کی به‌رده‌وام ئه‌و کاره‌کته‌رانه ده‌دۆزنه‌وه، که له‌وانه‌وه نزیکه.
7. ئه‌م دوو شانۆنامه‌یه بۆ ته‌له‌فزیۆن تۆمار ده‌کرێت و دواتر له زوربه‌ی که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کانی ئه‌وروپادا بڵاوده‌کرێته‌وه.
8. شانۆنامه‌ی 1789 بۆ یه‌که‌مجار له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1970 دا له‌سه‌ر شانۆی پیکۆلۆ Piccolo Teater له میلانۆ نه‌مایش ده‌کرێت، دوای ئه‌وه شانۆی رۆژ ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پاریس و له‌سه‌ر شانۆکه‌ی خۆیان پیشکه‌شی ده‌که‌نه‌وه. هه‌ر له‌م ساڵه‌شدا ریژیسۆر و شانۆکاری گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی (ژان فیله‌ر) ده‌مرێت. ژان فیله‌ر هه‌میشه گه‌ره‌کی بووه، که به شانۆ و له باوه‌شی شانۆدا ئاهه‌نگێکی میللیی گه‌وره دروست بکات.
9. که ئاریان مونشکین له سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا، شانۆکه‌ی ده‌گوێزێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی پاریس و بۆ ناو هۆڵێکی کۆنی داخراو، چه‌ندین گروپی تر له سه‌رانسه‌ری فه‌ره‌نسادا داده‌مه‌زرێن. به‌کارهێنانی ئه‌و شوێنه کۆنه‌ش وه‌ک شانۆ ده‌بێته مۆدێل و هێماگه‌لێک بۆ شانۆکاره‌کان، هه‌موو گروپه‌کان ده‌یانه‌وێت شانۆکانیان ببه‌نه ئه‌و جۆره شوێنانه. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شوێنه بۆ ئاریان مونشکین و له ده‌ره‌وه‌ی شاری پاریس، ته‌نها دیدێکی هونه‌ری و پێداویستییه‌کی دارایی نابێت، به‌ڵکو هه‌ڵوێستێکی سیاسی و هونه‌ری بووه، ویستوویه‌تی شانۆیه‌کی میللیی و جیاواز دروست بکات.
10. ئاریان مونشکین له یه‌کێک له چاوپێکه‌وتنه‌کانیدا ده‌ڵێت (من فیلمی مۆلێرم نووسیوه و هه‌ر خۆشم ده‌رمهێناوه، به‌ڵام زیاد له دوو سه‌د که‌س ئه‌و فیلمه‌یان دروست کردووه.)
11. شانۆنامه‌ی (شه‌وی سیازده‌یه‌م) بۆ یه‌که‌مجار له ساڵی 1982 له فێستیڤاڵی ئه‌فینیۆن نه‌مایش ده‌کرێت، دوای ئه‌وه له پاریس له‌گه‌ڵ ریچاردی دووه‌م تا هاوینی ساڵی 1983 به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌هه‌مانکاتدا خه‌ریکی پرۆڤه‌ی هێنریکی چواره‌م و هێنریکی پێنجه‌م ده‌بن.
12. شانۆی رۆژ له ساڵی 1984 به بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی بیست ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی ئه‌م شانۆیه‌دا، سه‌رله‌نوێ، به شێوه‌یه‌کی ته‌واوه‌تی و گشتگر هه‌موو شانۆنامه‌کانی پڕۆژه شه‌کسپیرییه‌که‌یان له پاریس و له فیستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆندا پێشکه‌ش کردووه‌ته‌وه.
13. له شه‌سته‌کاندا گروپێکی ئۆپێرای په‌کین له چین _ ه‌وه سه‌ردانی پاریس ده‌که‌ن، ئه‌م سه‌ردانه دید و بیروبۆچوونه‌کانی ئاریان مونشکین سه‌باره‌ت به شانۆ، به شێوه‌یه‌کی بنه‌ره‌تی ده‌گۆڕن. ساڵێک دوای ئه‌م نه‌مایشه ئاریان مونشکین سه‌ردانێکی یه‌ک ساڵی بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئاسیای ناوه‌ڕاست: هیندستان، ژاپۆن، که‌مبۆدیا و ڤێتنام … هتد ده‌کات و هه‌ر دوای ئه‌م گه‌شته‌ش شانۆی رۆژ داده‌مه‌زرێنێت.
14. له ساڵی 1972 دا ئاریان مونشکین و هێلێن سیسوو له پرۆژه‌یه‌کی شانۆی سه‌رشه‌قامدا کۆده‌بنه‌وه، نه‌مایشه‌که هه‌ر دوای چوار چرکه به هێزێکی پۆلیس راده‌گیرێت و زۆر به دڕندانه‌ش هێرش ده‌که‌نه سه‌ر هێلێن سیسوو. ئه‌وکاته هێلێن سیسوو گروپێکی شانۆی سه‌رشه‌قامیان هه‌بووه، زیاتر پرسه سیاسییه هه‌نووکه‌ییه‌کانیان خستۆته‌ڕوو، گروپه‌که‌یان به ناوی Groupe Information Prison ، له‌به‌رده‌می به‌ندیخانه، سه‌رشه‌قام و باخچه گه‌وره‌کاندا نه‌مایشه‌کانیان پێشکه‌شکردووه.
15. هێلێن سیسوو له فه‌ره‌نسا به بچوکترین دکتۆری فه‌لسه‌فه ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت، ئه‌م نووسه‌ره له ساڵی 1968 دا بڕوانامه‌ی دکتۆرای له‌سه‌ر (جێمس جۆیس) به‌ده‌ست هێناوه، له ساڵی 1969 شدا به رۆمانی Dedans یه‌کێک له گه‌وره‌ترین پاداشته ئه‌ده‌بییه‌کانی فه‌ره‌نسا Prix Medicis ی وه‌رگرتووه.
16. هێلێن سیسوو تا ئێستا زیاتر له په‌نجا به‌رهه‌می بڵاوکردۆته‌وه، جگه له شانۆنامه، بابه‌تی جۆراوجۆر، ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، فه‌لسه‌فه و له سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه رۆمان ده‌نووسێت. له زانکۆی هه‌شته‌می پاریس، هه‌موو رۆژانێکی شه‌مووان سیمیناره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی پێشکه‌ش ده‌کات، قوتابی و لێکۆڵه‌ره‌وه له هه‌موو جیهانه‌وه ڕووی تێده‌که‌ن.
17. ئاریان مونشکین و هێلێن سیسوو له ساڵی 1987 دا، به‌هه‌مان شێوه شانۆنامه‌یه‌کیان سه‌باره‌ت به هیندستان پێسکه‌ش کردووه.
18. ئه‌م شانۆنامه‌یه بۆ یه‌که‌مجار له ساڵی 1994 نه‌مایش کراوه و له ساڵی 1995 یشدا، له‌گه‌ڵ شانۆنامه‌ی ته‌رتوفدا، له فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆندا نه‌مایشکراوه‌ته‌وه.
19. له‌به‌ر گرینگی ئه‌م نه‌مایشه له ساڵی 2002 دا کراوه‌ته فیلم و تا ئاستێکی به‌رز توانیویانه رۆحی شانۆنامه‌که، وه‌ک نه‌مایشیکی وێنه‌یی بۆ فیلم بگوێزنه‌وه.
20. ئه‌م شانۆنامه‌یه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان شانۆنامه‌ی (بازنه‌ی ته‌باشیری قه‌وقاز) ی بێرتۆڵد برێشت _ مان بیرده‌خاته‌وه: کێ خاوه‌نی زه‌وییه‌کانه، په‌ناهه‌نده گه‌ڕاوه‌کان یان ئه‌و که‌سانه‌ی زه‌وییه‌کانیان کیڵاوه و به‌روبوومه‌که‌یان کۆکردۆته‌وه. لێره‌دا پادشایه‌کی پیری چینی رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردنێکی له‌م شێوه‌یه ده‌بێته‌وه.
21. کۆمپۆسیتۆر و هونه‌رمه‌ندی مۆسیقار Jean_-Jaques Lemetre که زیاتر له بیست و پێنج ساڵه له‌گه‌ڵ ئاریان مونشکین کارده‌کات، مۆسیقای ئەم نمایشەشی داناوە. هەر خۆشی له‌کاتی نه‌مایشی (ته‌پڵه‌کانی سه‌ر خه‌نده‌قه گه‌وره پڕ له ئاوه‌که) دا، به‌یارمه‌تی یاریده‌ده‌ره‌که‌ی، به درێژایی نه‌مایشه‌که په‌نجا جۆر ئامێری مۆسیقی به‌کارده‌هێنێت.
22. کڵێسا فه‌ره‌نسییه‌کان هه‌رگیز له مۆلێر خۆش نابن، که مۆلێریش ده‌مرێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ ئه‌ده‌ن، به شێوه‌یه‌کی شایسته و به‌پێی داب و نه‌ریته دینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به خاک نه‌سپێردرێت، تا پادشا ناچار ده‌بێت مه‌سه‌له‌که یه‌کلایی بکاته‌وه و به چاره‌سه‌رێکی مامناوه‌ندی کڵێسا به‌وه رازی بکات، که ته‌رمه‌که‌ی مۆلێر به شه‌و و به نهێنی به‌خاک بسپێردرێت.
23. مۆلێر که ئه‌م شانۆنامه‌یه له کۆشکی پادشا پێشکه‌ش ده‌که‌ن، خۆی رۆڵی (ئۆ‌رگۆن) ی بینیوه.
24. له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا، ته‌وژمێکی توندوتیژی ئیسلامییه توندڕەوەکان هه‌موو جه‌زائیر ده‌گرێته‌وه، رۆژانه کوشتارێکی زۆر له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه گشتی و فه‌رمییه‌کاندا ڕووئه‌دات. ئیسلامییه توندڕه‌وه‌کان له‌پێش هوموو شتێک و هه‌موو که‌سێکدا ده‌که‌ونه کوشتن و تیرۆرکردنی چینه رۆشنبیر و هۆشیاره‌که‌ی جه‌زائیر: نووسه‌ر، شانۆکار، هونه‌رمه‌ندی سینه‌مایی، مۆسیقی و وێنه‌کێشه‌کان … هتد ده‌که‌نه قوربانی.
25. هه‌ندێک که‌س و لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان شانۆی (رۆژ) به رۆژی پادشا و ئاریان مونشکین به شاژنی رۆژ ناوزه‌د ده‌که‌ن.
سه‌رچاوه‌کان
1. Johanna Enckell, Skärvor av Artaud, Like , Helsingfors, 2003
2. Margareta och Ulf Sörenson, Teater i Paris, Liber Förlag, 1983
3. Richard Estreen, Teater, Morstondskraft och frihetslengtan, Stocholm, Carlssons, 2012
4. Judith G. Miller, Arine Mnouchkine, Routledge, 2007
5. Arina Mnouchkine, Dekomentar SVT
6. Calle Pauli, Skakespeare tar over Theatre du Soli, Richard 11 I Orienten. Dagens Nyheter, 1982
7. شانۆنامه‌ی 1789 و 1793 ، ده‌رباره‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسی به DVD
8. شانۆنامه‌ی ته‌رتوف، له ئه‌رشیفه‌وه DVD
9. شانۆنامه‌ی ته‌پڵه‌کانی سه‌ر خه‌نده‌قه گه‌وره پڕ له ئاوه‌که، DVD
10. فیلمی مۆلێر، نووسین و ریژی ئاریان مونشکین.DVD
11. شانۆنامەی دوایین پەناگە شەوی کاروانەکان، DVDتێنینی: شانۆی “رۆژ” گرینگییەکی زۆر ئەدەن بە ئەرشیفکردنی کارەکانییان و زۆربەی بەرهەمەکانییان لەسەر ئاستێکی بەرز تۆماردەکەن، دواتر لە بازارەکانی ئەوروپادا، بەنرخێکی بەرز دەیان فرۆشن. من بۆ نووسینی ئەم باسە هەموو ئەو کارانەی کەباسم کردوون ڕاستەوخۆ لەسەر شانۆ دیوومە یان بە تۆمارکراویی و بە DVD دیوومە.
