هاوڕێی هونەرمەندم دانا ڕەووف
دوای سەڵاو و ڕێزی زۆرم.
سوپاس بۆ ناردنی کتێبەکانت: (شانۆی سوێدی)، (پیتەر بروک لە شانۆی هاوچەرخی جیهانیدا)، (مۆسیقای بێدەنگ)ی (لاش نۆرین) و (چین)ی (ئێریک ئۆدێنباری). ئەگەرچی پێشتر لە سایتەکان یەک دووانێکیانم خوێندووەتەوە، بەڵام کتێب هەمیشە چێژێکی جیاوازی هەیە. من مەبەستم نییە ئێستا لەبارەی ئەو بەرهەمانەتەوە بنووسم و خوێندنەوەیان بۆ بکەم، کە ئەمە پێویستی بە پڕۆژەیەکی گەورە هەیە و هیوادارم لە داهاتوو بواری ئەوەم بۆ بڕەخسێت، بەڵام دەمەوێت تەنیا ئاماژە بەو خاڵە بدەم، کە تۆی هونەرمەند لە بەشێکی زۆری هاوپیشەکانت جیا دەکاتەوە، بگرە دەتکاتە یەکێک لەو دەنگە دەگمەنانەی ناو کایەی ڕۆشنبیریمان، کە لە هەوڵی ئەوەدان زمانی ڕۆژانە تێبپەڕێنن و زمانی سەربەخۆ و جیاوازی خۆیان دابمەزرێنن. (والتەر کاوفمان) لە کتێبی (تراژیدیا و فەلسەفە)دا پێی وایە ((دەنگی هونەرمەند، ئینجا ئەو دەنگە مووزیک بێت، وشە بێت، ڕەنگ بێت، یان شێوە، بەرز دەبێتەوە و ئەم ”واتە ئەو هونەرمەندە” جێ دەهێڵێت، جەستەی ئەم و جەستەی ئێمە، ژیانی ئەم و ژیانی ئێمە تێدەپەڕێنێت)).

بەم شێوەیە دەنگی هونەرمەندی داهێنەر بەوە دەناسرێتەوە، کە توانای جووڵە و نوێبوونەوەی هەیە و دەتوانێت جیاوازی پێشان بدات. ئەو جووڵە و نوێبوونەیەوەیش تەنیا لە ڕێگای پرسیاری بەردەوام و قووڵکردنەوەی ئەو پرسیارانەوە دێنە دی. من لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کەم و زۆر ئاگاداری دەرکەوتن و بەردەوامیی تۆم. ئەگەر بەشێکی زۆری نووسەرانی ئێمە دوای نیو سەدە ئەزموون، هێشتا بە زمانی ڕۆژانە، ئەو زمانەی تەنیا دەتوانێت تەعبیرێکی ڕووکەشیانە لە شت بکات، باس لە چەمکەکانی ئەدەب و ڕەخنە دەکەن، بەڵام تۆ دەتەوێت زمانی ڕۆژانە تێبپەڕێنێت و ئاڕاستەیەکی دیکە بدۆزێتەوە. تۆ دەتەوێت بە زمانی شانۆ باس لە شانۆ بکەیت. ئەمەیش ئەو کارەیە هەر داهێنەرێک لە بوارەکەی خۆیدا دەیکات، چونکە لێرەدا پرۆسێسی قووڵبوونەوە و وردبوونەوە خۆی دەسەپەنێت. مایەی خۆشحاڵییە، کە تۆ لەو بوارەدا بەردەوام خۆت نوێ دەکەیتەوە. ئێمە شانۆیشمان وەک زۆر لە ژانرەکانی تری ئەدەب و هونەر لەبەر ئەو هۆکارە لە دەست دا، کە زۆربە دەیانەوێت بەردەوام ببن، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە خۆیاندا بکەن. یان ئەگەر بمەوێت هێندە بە ڕەشبینی نەڕوانم، ئەوا دەڵێم ئەو هەوڵە خۆڕسک و داهێنەرانەی حەفتاکان و هەشتاکان، لە لایەن نووسەر و هونەرمەندانی دواتر پەرەیان پێ نەدرا و نوێ نەکرانەوە، بگرە تێڕوانینی ڕووکەشانە و کاری سەرپێیانە شوێنی ئەوانەی گرتەوە. ئەمە مانای ئەوە نییە هەوڵی جوانی هەندێک لەو دەنگە نوێیانەم لە بیر چووەتەوە. ئەوەیش دەزانم چەند نووسەر و هونەرمەندێکی دیکەی شانۆ، لە نەوەی پێش ڕاپەڕین، با ژمارەیشیان کەم بێت، بەردەوامن و بەرهەمی داهێنەرانە پێشکەش دەکەن.
ئەگەر تاکو ئێستا لەبارەی بەرهەمەکانی تۆوە نەک کتێبی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە، بەڵکو گوتاریش نەنووسراوە، یان کەم نووسراوە، ئەوا تەنیا پێوەندیی بەو توانا کەم و لاوازەی ڕەخنەی ئێمەوە هەیە. (بوون)ی ڕەخنە لە دنیای ڕۆشنبیریی ئێمەدا (بوون)ێکی ساختەیە، بە مانا (هایدیگەر)یەکەی، کە ئەو فەیلەسووفە پێی وایە (بوونی ساختە) توانای نییە بچێتە ناو قووڵاییی شتەکانەوە، مادام زانیارییەکی ڕووکەشانەی هەیە، کە لە ڕێگای زۆربڵێیی و فزووڵەوە بە دەستی هێناوە و ئەو دووانەیش بە دەوری خۆیان جۆرێک ئاڵۆزییان لا خوڵقاندووە، دواجار ئەو زانیارییە ڕووکەشەی لەسەر شتەکانی ئەوانی تر دایمەزراندوون دەیخەنە سەر ئەو باوەڕەی خاوەنی داهێنانە، کە ئەمە تەنیا مانای ئەوەیە خودی ڕاستەقینەی خۆیی لە بیر چووەتەوە. لەمەوە ئەو (بوون)ە لووتبەرزە هەست دەکات پێویستی بە وردبوونەوە و گەڕان نەماوە. ئیتر دەوەستێت و لە کاتێکدا پێی وایە بەردەوامە. (بێگومان کاتێ ئەمە دەڵێم، هەوڵە جیدییەکانم لە بیر نەچووەتەوە).
هەندێک لێرە و لەوێ لاوازیی شانۆ بۆ هۆکاری سەیر سەیر دەگەڕێننەوە، بگرە ئەوانە پێیان وایە تەنیا شانۆمان گرفتی هەیە، بەڵام بە بڕوای من ئەو لاوازییە هەموو بوارەکانی دیکەی وەک شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و ڕەخنەیشی گرتووەتەوە. بۆچی ئەو سیمایە زیاتر بە شانۆوە دیارە؟ ئەمە پرسیارە جەوهەرییەکەیە. بە پێی تێڕوانینی من شانۆ هەر بە سرووشتی خۆی شتەکان ڕوونتر و زەقتر لە بوارەکانی دیکە پێشان دەدات، بەوەی شانۆ پشت بە دەنگ و جووڵەی جەستە دەبەستێت. بە مانایەکی تر شانۆ سیمایەکی بینراو (Visible)ی هەیە و لە بوارەکانی دیکە چاکتر دەتوانێت پێمان بڵێت کێن ئەوانەی داهێنانی تێدا دەکەن. ئەو ڕاشکاوییە وای کردووە هەموو کەسێکی ئاسایی نەوێرێت خۆی لەو تاقیکردنەوەیە بدات. ئەوانەی بە شێوەی ڕووکەشیش خۆیانی لێ دەدەن، زوو ئاستی تواناکانیان دەردەکەوێت، با ئەمە بە شێوەیەکی ڕێژەییش بێت. پرۆسێسەکە لە بوارەکانی تردا بە تەرزێکی تەواو جیاوازە. ئەمڕۆ کەسانێکی زۆر خەریکی نووسینی شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و ڕەخنەیشن، بێ ئەوەی بەشێکی زۆریان لە چەمکەکان قووڵ ببنەوە، بەڵکو وەک پێشتر گوتم بە زمانی ڕۆژانە هەموو شتێکت بۆ وەسف دەکەن. دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا پڕی بووە لەو گوتە پێکەنیناویانەی لەبارەی هەندێک چەمکی وەک زمان، فەنتازیا، کات، شوێن و زۆری ترەوە گوتراون و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بە فۆنتی سەرنجڕاکێش و قەبارەی گەورە پێشان دراون، کە وایان دەرخستووە ئەمانە شتی گرنگن. لەو بوارانەدا نووسەر، کە سیمایەکی نەبینراو (Invisible)ی هەیە، دەتوانێت بۆ ماوەیەک خۆی لەپەنا ئەو چەمکانەدا بشارێتەوە و (خوێنەر/ وەرگر) فریو بدات، بەڵام ئەوانە لە شانۆدا هێندە بە ئاسانی تێناپەڕن. ڕاستە وەک پێشتر گوتم هەر لەو بوارەدا کەسانێک هەن، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە خۆیاندا بکەن بەردەوام دەبن، بەڵام ناسینەوەی ئەو دەنگە ئاساییانەی شانۆ زۆر لە ناسینەوەی دەنگە ئاساییەکانی بواری شیعر، چیرۆک و ڕۆمان ئاسناترە، بەوەی زۆر لەو دەنگە ئاساییانە وەک داهێنەر و خاوەنی پڕۆژەی گەورە لەو بوارانەدا سەیر دەکرێن. بە بڕوای من ئەمەیە وا دەکات زۆر ڕوونتر لە حاڵی شانۆ تێبگەین و بە ئاسانی بڵێین ئەمڕۆ ئاستی شانۆمان خراپە. هەر ئەمەیش خاڵی سەرەکییە لەوەی ژمارەی ئەوانەی لە بواری شانۆ کار دەکەن لە هیی بوارەکانی تر کەمتر بێت.
قووڵبوونەوە لە چەمکەکان و ڕووچوون بە تەنیاییدا دوو شتی جیاواز نیین، بەڵکو هەر دووکیان یەک پرۆسێسن. مەبەستم ئەوەیە کاتێ بتەوێت بە قووڵی و بە وردی خەریکی کاری داهێنان ببیت، ئەوا دەبێت هەر زوو لەوە تێبگەیت، کە تەنیا تەنیایی دەتوانێت لە پڕۆژەیەکی ئاوادا کۆمەکت بکات. دووبارە سوپاس بۆ ئەو چوار کتێبەی بۆت ناردووم، کە دەزانم ئەوانەیش لەپاڵ چالاکییە هونەرییەکانی دیکەت لەسەر تەختی شانۆدا، بەرهەمی تەنیاییی خۆتن. تۆ تەنیاییەکی چەند جوان و قووڵت هەیە، هاوڕێ هونەرمەندە داهێنەرەکەم!!