یەکێتیی نووسەرانی سوێد کۆمەکێکی گەورەی نووسەر و هونەرمەندی شانۆکار دانا ڕەئووف دەکات.

یەکێتیی نووسەرانی سوێد، بڕیاری دا بە ٥٢٥٠٠٠ / نیو میلیۆن و بیستوپێنج هەزار کڕۆن (هەشتاوپێنج هەزار دۆلار)، کۆمەکی نووسەر و هونەرمەندی شانۆکار ”دانا ڕەئووف” بکات.
ئەم تێکستەی خوارەوە، تەواوی ئەم هەڵسەنگاندنەیە، کە شاعیر و وەرگێڕ: ڕزگار شێخانی، بە سوێدی لەبارەی کتێبەکە و کار و چالاکیی هونەریی ”دانا ڕەئووف”ـەوە، بۆ یەکێتیی نووسەرانی سوێد نووسیویەتی و ڕەنگە فاکتەرێک بووبێت، لە بەخشینی ئەم کۆمەکە.
ناوی کتێب: پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا
نووسینی: دانا ڕەئووف
بابەت: لێکۆڵینەوە
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠١٣
کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی شانۆیە، لەبارەی ئەزموون و مێتودی ڕێژیسۆری بریتانیایی ”پیتەر بروک”ـەوە، (ساڵی ١٩٢٥ لە دایک بووە). شانۆ لە کوردستان تا ئەندازەیەک تازەیە، لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانەوە گەشەی کرد. لەو کاتەوە، خوێندکاری کوردی دراما و شانۆکاران ناچارن، بە هۆی زمانی ترەوە زانیاری لەبارەی ئەم ژانرەوە پەیدا بکەن. هەتا ئەمڕۆیش، ئەگەر مرۆڤ بخوازێت لە مێژووی شانۆدا قووڵ ببێتەوە، بەداخەوە ناچار دەبێت بە هۆی زمانی ترەوە، ئەم کارە بکات. کە ئەم کتێبە نووسەرێکی کورد بە کوردی نووسیویەتی، گرنگییەکی زۆری بۆ خۆێندکاری دراما و ڕێژیسۆرەکان دەبێت، دەتوانن بە هۆیەوە، ئاگاداری ئەزموونێکی زۆر گرنگی شانۆی مودێرن ببن.
کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکی کڕۆنۆلۆژیی گشتگیرە، لەبارەی نمایش، ئەزموون و مێتودی ”پیتەر بروک”، لە ماوەی شەست ساڵدا. نووسەر لە هەشت بەشدا، دونیا و گاریگەریی پیتەر بروک لە شانۆی هەموو جیهاندا شی دەکاتەوە. باسی سەفەرەکانی ”پیتەر بروک”یش دەکات، بۆ ئەفریقا و ڕۆژهەڵات، بە مەبەستی وەرگرتنی سروش و بەکارهێنانی لە کارەکانی داهاتوویدا.
کتێبەکە مەنهەجییە و بە زمانی ستانداردی کوردی نووسراوە. تژییە لە بابەت، لەبارەی ڕوانینی پیتەر بروک لەسەر ئەرکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی شانۆ و خوێنەر زانیاریی لەبارەی ئەزموونێکەوە دەبێت، کە زۆر گرنگە لە مێژووی شانۆی ئەورووپاییدا. لە کتێبەکەدا ئەوە دەخوێنینەوە، چۆن لەگەڵ زەمەندا، ڕوانینی ”پیتەر بروک”یش بۆ شانۆ گەشە دەکات؛ لە کارکردن بە مێتودی نەریتیی، کە لە هۆلی شانۆدا نمایش بکرێ، بۆ نمایشکردن لە گۆڕەپان و پارکدا. سەرچاوەی سروشی ئەویش دەبینرێ، چۆن لە گەنجینەی کولتووریی ئەورووپاییەوە، بۆ گەنجینەی کولتووریی هەموو جیهان فراون دەبێت؛ وەک گەنجینەی کولتووریی ئەفریقایی، هیندی و ڕۆژهەڵاتی. تەواوی بەشی پێنجەم باسی ئەم ئەزموونە دەکات.
دەکرێ بگوترێ دۆزینەوەی ڕۆژهەڵات لە هۆشیاریی ئەورووپاییدا، دەگەڕێتەوە بۆ چاکە و ڕۆڵی نووسەری گەورەی ئەڵمانی ”گوێتە”. لەو کاتەوە ڕۆژهەڵاتی دێرین کاریگەریی لەسەر زۆر نووسەر و هونەرمەندی ئەورووپایی کردووە. من بە خوێندنەوەی ئەزموونی پیتەر بروک، ئەزموونی گوێتە لەگەڵ ”حافزی شیرازی”ـم هاتەوە بیر. گوێتە زۆر کاریگەریی حافزی بەسەرەوە بوو و دیوانی ”دیوانی ڕۆژئاوایی _ ڕۆژهەڵاتی”ی خۆی لەژێر کاریگەریی ئەودا نووسی. ”پیتەر بروک”یش بۆ شانۆ کاری لە ”منـطـق الطیر”ی شاعیری سۆفی ”فەریدئەددین عەتتار” کرد و ساڵی ١٩٧٢ لە ئەمەریکا و ساڵی ١٩٧٩ لە فەرەنسا نمایشی کرد. بەرهەمی پیتەر بروک، وەک هیی گوێتە، دیالۆگێکە لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا، کە ئێمە ئەمڕۆ دەبینین، دیالۆگێکی وا چەند گرنگە. خوێندنەوەی ئەم کتێبە، سوودبەخشە و حیکمەت لە ئەزموونی ڕیژیسۆرێک وەردەگرین، کە لەگەڵ ”بێرتۆلد برێخت و ئینگمار بێرگمان”دا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر شانۆی مودیرندا هەیە.
لە کوردستان، لە ناوەندی ئەدەبی و هونەریدا، دانا هەم وەک نووسەر و هەم وەک ڕیژیسۆر ناوێکی ناسراوە، کە لە گۆڤارە ئەدەبییەکان و پاشکۆی ئەدەبیی ڕۆژنامەکان دەنووسێت. لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکان ئاشنای ناوی ئەو بووم. ئەو کات من لێرە لە سوێد و ئەو لە کوردستان دەژیا. دانا شیعر دەنووسێت و لە سوێدییەوە بۆ کوردی تەرجەمە دەکات. کاتێکی زۆری خۆی بۆ نووسین لەبارەی شانۆی سوێدی و تەرجەمەکردنی شانۆنامەی نووسەری سوێدی تەرخان کردووە، لەوانە؛ ستریندبێرگ، لارس نورێن. چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە کوردستان لەگەڵ دەزگای ”ئاراس”دا، سەرپەرشتیی پرۆژەی؛ تەرجەمەکردنی ١٠٠ شانۆنامە لە زمانی یەکەوە، دەکرد. کە بووە هۆی ناساندنی زۆر نووسەری سوێدی.
من لە بیست ساڵی ڕابردووەوە، ئاگام لە چالاکییە ئەدەبی و هونەرییەکانی دانا هەیە و وەک کەسێکی جیددی دەیبینم، کە لە مێژووی شانۆی سوێدی و ئەورووپاییدا قووڵ دەبێتەوە، زانیارییەکانیشی بڵاو دەکاتەوە. کاری ئەو لەسەر ئاوگوست ستریندبێرگ و هونەرمەندانی تری گەورەی سوێدی، کارێکە شانۆی کوردی دەوڵەمەند دەکات و ڕەنگە ڕەوتی شانۆی کوردییش بگۆڕیت. ١٠ ساڵ لەمەوبەر کتێبی ”پیتەر بروک لە شانۆی جیهانی”دای نووسی، کە باسی گاریگەرێتیی پیتەر بروک دەکات لە شانۆی مودێرندا. لەم کتێبە نوێیەدا دەبینرێ چۆن دانا، چین لەدوای چین لە دونیای پیتەر بروک نزیک دەبێتەوە. لە هەشت بەشدا بە وردی مێتود و ئەزموونی پیتەر بروک دەناسێنێت و شی دەکاتەوە. من بە ڕوونی گەشەیەکی باش لە مێتودی نووسینی ئەودا دەبینم و ڕەنگە زانینی زمانی سوێدی فاکتەرێکی ئەم گەشەیە بێت، کە بە هۆیەوە دەروازەیەکی نوێ، لە قووڵ تێگەیشتن لە شانۆی ئەورووپاییدا کرابێتەوە.

