له چاوه‌ڕوانی موجیزه‌یه‌كدا
په‌رجووی لاش نۆرێن له‌نێوان بوون و نه‌بووندا:
لاش نۆرێن، شانۆنامه‌نووسی هه‌ره دیاری سوێدی له حه‌فتاكاندا له‌ژێر كاریگه‌ری و ده‌روازه‌ی شانۆنامه‌كانی نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی یۆژین ئۆنێل 1888_ 1953 ه‌وه یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌ده‌ست ده‌هێنێ، مه‌ودایه‌كی فراوان، تێڕوانینێكی سه‌راپاگیر و مۆركێكی سوێدی ده‌به‌خشێ به شانۆنامه‌ی ( سه‌فه‌ری ڕۆژێكی درێژ به‌ره‌و شه‌و ) ی یۆژین ئۆنێل*. چێخه‌ف ده‌بێته چاوگه‌یه‌كی گرنگی قۆناخه‌كانی تری، پاڵه‌وانه‌كانی چێخه‌ف لێره و له‌وێ له به‌رگێكی تردا و به هه‌ناسه‌یه‌كی سكاندناڤی، له به‌شێكی زۆری شانۆنامه‌كانی لاش نۆرێندا ده‌رده‌كه‌ون و له كۆتاییشدا له هارۆڵد پینته‌ردا فۆرمێكی جیاواز و زمانێكی تایبه‌تمه‌ند ئه‌دۆزێته‌وه.
ئه‌م نووسه‌ره له گه‌شتی به‌رجه‌سته‌كردنی كۆمه‌ڵگا بۆرژوازییه‌كانه‌وه، له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان و په‌یوه‌ندییه‌كانی فه‌رزه‌ند و باوانه‌وه، له‌سه‌ر شه‌قام و كۆڵانه پیس و تاریك و ته‌نگه‌كانه‌وه، له هۆڵی ژووره ڕازاوه‌كانه‌وه، بۆ ناو تلیاكخۆر و به‌دمه‌سته‌كان و مرۆڤه نه‌خۆش و ده‌روون شێواوه‌كانه‌وه، ژیانی ڕۆژانه تاوتوێ ده‌كات، گیان له دانیشتوانی شانۆنامه‌كانی ده‌رده‌كات و سه‌رله‌نوێ و له شوێنێكی تردا گیانیان پێده‌به‌خشێته‌وه.
لاش نۆرین له شانۆنامه‌ی په‌رجوو دا ماڵی سامۆییل بێكێت ئه‌دۆزێته‌وه، له بنه‌ماكانی ئه‌و شانۆیه‌وه، له ئه‌تمۆسفێرێكی تایبه‌تمه‌ندی بێكێتدا، زمانێكی تایبه‌ت به‌خۆی و وێنه‌یه‌كی سوێدی له‌و به‌رگه ڕه‌شه‌دا ئه‌دۆزێته‌وه. زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گره سوێدییه‌كان دووپاتی ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه لاش نۆرێن زۆر له مێژه به ڕێگاوه‌یه به‌ره‌و جیهانه ئه‌بسورد و سۆفیزمه ئاڵۆز و لیریكه ڕه‌شه‌كه‌ی سامۆێیل بێكێت. په‌رجوو ش خویندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز، ئه‌ندێشه‌ئامێز، توندوتیژ و هه‌مه‌لایه‌نی شانۆنامه‌ی به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆ وه‌یه.
لاش نۆرێن له هه‌موو شانۆنامه‌كانیدا، ریالیزم و ئێگزیستێنتیالیزم و ئه‌وانه‌شی كه زیاتر له شانۆی ئه‌بسورد نزیك ئه‌بێته‌وه، ده‌روونی مرۆڤ، حه‌ز و هیواكانی مرۆڤ، بێده‌ره‌تانی و دڵه‌ڕاوكێی مرۆڤ، گرفته‌كانی بوون، ئازاره‌كانی تاكه‌كه‌س و مه‌رگ، ته‌نیایی، خه‌مۆكێ و بوونی مرۆڤ ده‌كۆڵێته‌وه و هیج سنوورێك له‌نێوان ڕه‌شترین ڕاستییه‌كان و كۆمیدیایه‌كی بێهووده‌دا ناهێڵێته‌وه.
•په‌رجوو با‌سی چی ده‌كات؟
هیچ شتێك له‌م شانۆنامه‌یه‌دا ئاشكرا نییه، هیج شتێك دڵنیا نییه، زمان له‌نێوان ئێستا و ڕابردوودا ده‌سوڕێته‌وه، لۆژیك ده‌بێته نالۆژیك و ناته‌با ده‌بێته ته‌با و بیرۆكه و بۆچوونه‌كان له‌نێو پشێوییه‌كی به‌رده‌وامدا به‌رجه‌سته ده‌بن. هیچ رووداوێك، هیچ سه‌ره‌تا یان كۆتاییه‌ك، هیج ژینگه و شوێنێك و هیج زه‌مه‌ن و هێڵێكی ئاشكرا به‌دیناكرێت. لاش نۆرێن له‌م وێستگه‌یه‌دا و له دووتوێی نه‌بوونی رووداو و شوێنه‌وه وێنه‌ی كۆتایی هاتنی سارستانییه‌تی خوڵقاندووه. سێ مرۆڤ له شوێنێكی نادیاردا گیریان خواردووه: گه‌وڕێك، شێتخانه، نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی، به‌ندیخانه، ژووری چاوه‌ڕوانی، ده‌توانین بڵێین هه‌موو شوێنێكه و هیج شوێنێكیش نییه، شوێنێك له‌نێوان ژیان و مه‌رگدا، چاوه‌ڕوانیش ته‌نیا فریاگوزار و داڵده‌ی ئه‌م كاره‌كته‌رانه‌یه.
كه‌سایه‌تییه‌كان له‌م ناشوێنه‌دا له تێكۆشانێكی بێ وچاندان تا خۆیان بناسنه‌وه، تا بزانن كه ئه‌وان كێن، له‌كوێوه هاتوون و به‌ره‌و كوی ئه‌چن و چین.
كول
( هه‌ڵده‌ستێ، وه‌ستاوه و به سووكی دیلانێ ده‌كات )
تۆ.
( وچان )
تۆ.
( وچان )
تۆ. تۆ ناوت چییه؟
كییر
ئا.
كول
ناوت چییه؟
كییر
نازانم. نازانم ناوم چییه؟
كول
نه بابه. نازانیت؟
كییر
ئا.
كول
باشه.
( وچان )
تۆ
( وچان )
من نازانم له‌كوێم.
كییر
نازانیت له‌كوێم؟
كول
نا.
( وچان )
من نازانم له‌كوێم.
( وچان )
تۆ له كوێیت؟
كییر
ئا … به‌هه‌رحاڵ تۆ لێره نیت.
ئه‌مه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆیه بۆ بێكێت و كاره‌كته‌ره‌كان له فۆڕم و شێوازێكی تردا وه‌ك به‌ند وان، به‌ڵام به‌ندی به‌ندیخانه نا، به‌ڵكو به‌ندی ژیان و به‌ندی یاسا و بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌كان، سێ كاره‌كته‌ره‌كه بێ لانه‌ن و له ته‌قه‌لای ئه‌وه‌دان ژیانیان، بوون و گوزه‌رانیان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بارێكی ئاسایی، له جیهانێكدا كه هه‌موو شته‌كان نادیار و نادڵنیا و نائارامه،كه‌سایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر لێواره‌كانی نه‌مان و كه‌وتنێكی ته‌واوه‌تیدان و له هه‌وڵی ناسینه‌وه‌ی خۆیاندان، له زه‌مه‌نێكدا كه به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌ڕوات.
كاره‌كته‌ره‌كان له گیانه‌ڵادان، یان له حاڵه‌تێكی گیانه‌ڵاوه به‌ئاگادێنه‌وه و نازانن به‌ره‌و كوێ ده‌چن، هه‌رچه‌نده به‌ته‌مه‌نن، به‌ڵام هه‌روه‌ك ئه‌وه وایه كه تازه له‌دایك بووبن.
ڕووداوه‌كان زیاتر له‌نێوان كول و كییردا ڕووئه‌دات و كه‌سی سێیه‌م، لوكا، به قوونی ڕووته‌وه له‌نێوانیاندا كه‌وتووه. ئه‌وان هۆشیارن به بوونی خۆیان، به‌وه‌ی كه ده‌یڵێن، به‌ڵام زۆرجار وشه‌یه‌ك، ده‌سته‌واژه‌یه‌ك له ڕسته‌كانیاندا به‌جێده‌مێنێ، دیارنامێنێ و به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌موو دیمه‌نه‌كه فۆرمێكی تر له‌خۆده‌گرێت. هه‌ندێكجار جگه‌ره ده‌كێشن به‌بێ ئه‌وه‌ی جگه‌ره‌یان به ده‌سته‌وه بێت، یان كتێب ده‌خوێننه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی چ كتێبێك له ئارادا بێت، یان ده‌بنه جادووباز و به په‌نجه ته‌قاندنێك كه‌سێك له‌و ناوه‌دا ناهێڵن. دنیای وه‌هم واقیعێكی هه‌ستپێكراوه و ئه‌وان له وه‌همێكی واقیعی و ڕاستیدا ده‌ژین.
لوكا
( هه‌ڵده‌ستێ، یان له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ داده‌نیشێت. په‌ڕه‌ی كتێبێك هه‌ڵده‌داته‌وه كه بوونی نییه، به شتگه‌لێك پێده‌كه‌نێ كه له‌وێ بوونیان نییه )
كول
خۆشه؟
لوكا؟
ئا.
كول
پێت خۆشه؟
لوكا
ئا، نازانم خۆشه، نایابه.
كول
ئا، كه‌واته باشه، با‌سی چی ده‌كات؟
لوكا
نازانم، هه‌ر ئێستا ده‌ستم پێكرد. كه‌مێك ده‌یپه‌ڕێنم.
كول
ئاگام لێیه. خۆ له‌م رۆژانه‌دا ئه‌و كتێبه‌ت خوێنده‌وه. ئه‌وه هه‌مان كتێبه كه له‌و ڕۆژانه‌دا بۆی دانیشتیت و خوێندته‌وه.
لوكا
نا، ئه‌و كتێبه نییه.
( ده‌ست ده‌داته كتێبێكی تر كه نییه )
ئه‌مه‌یان بوو.
كول
ئێ ئێ.
( وچانێكی كورت )
پێموایه وه‌ك یه‌ك وان. پێموایه یه‌ك كتێبن.
شانۆنامه‌ی په‌رجوو، دیمه‌نی 8C
له‌و پانتاییه چۆڵ و به‌تاڵه‌دا وشه‌كان ده‌نگ ئه‌ده‌نه‌وه، ده‌زرنگێنه‌وه و زایه‌ڵه‌یه‌كی نابه‌جێ و ترسناك دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام پیه‌سه‌كه با‌سی هیچ ناكات، هیج شتێك نییه كه ناوه‌ڕۆكێكی هه‌بێت، با‌سی شتێك بكات. دیالۆژی نێوان كاره‌كته‌ره‌كان بوونی هه‌یه، دیالۆژێكی زۆر و بێ كۆتا كه هیچ ناڵێت و له‌هه‌مانكاتدا هه‌موو شتێك ده‌ڵێن و هه‌موو ماناكانیش له‌خۆده‌گرن، له‌یه‌ك كاتدا ڕوون و ئاشكرایه و زۆر گران و ته‌مومژاوی و نادیاریشه.
كول و كییر به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان فلادیمێر و ئه‌ستراگۆنن و ئه‌م دوانه بوونیان ته‌نها له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه دووپاتده‌كرێته‌وه، ئه‌م كه‌سایه‌تیانه ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه بۆ ناو سۆزی دایك، شوێنێكی ته‌ڕ و تاریك. ناوه‌كانیشیان: كول، كییر و لوكا پێده‌چێ به‌كارهێنانه‌وه‌یه‌كی تری ناوی ناوی قوتابییه‌كانی مه‌سیح بێ.
له‌م جیهانه ئه‌بسورده‌دا، له‌م شوێنه ناشوێن و ڕۆچوونی ڕووداوانه‌دا، ڕۆحێكی كۆمیدیا، كۆمیدیایه‌كی ڕه‌ش به‌نێو هێڵی ڕووداوه‌كاندا ده‌ڕوات، بار و هه‌ڵوێسته تراژیدیا‌كان فراوان ده‌كات و مه‌ودایه‌كی قووڵتریان پێده‌به‌خشێ. له‌هه‌مانكاتدا مۆركێكی شیعرئامێز له‌خۆده‌گرێت و بونیادی پیه‌سه‌كه نزیك ده‌كاته‌وه له شیعر و هه‌ناسه‌یه‌كی لیریكی له‌خۆده‌گرێت. به‌كورتی ده‌توانین پێناسه‌ی په‌رجوو به‌م شێوه‌یه بكه‌ین: ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه به‌ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵیان له‌ده‌ستداوه و به‌شێوه‌یه‌كی نائارام له بازنه‌یه‌كی نادیار و ناكۆتادا ده‌خولێنه‌وه. ئێمه‌ی مرۆڤ چاوه‌ڕوانی چین، مه‌رگ یاخود فریاگوزاری، پێغه‌مبه‌رێكی تر یان موجیزه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو، ئه‌وه‌ی پێویسته ئاماژه‌شی بۆ بكرێت ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ له چاوه‌ڕوانییه‌كی به‌رده‌وامدایه تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌مرێ، مه‌رگیش بۆ خۆی چاوه‌ڕوانییه‌كی ئه‌به‌دی مرۆڤه.
• په‌رجوو _ وه‌ك ناونیشان
په‌رجوو گه‌مه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه به زمان و به سوێدی ده‌كرێت چه‌ندین مانای جیاواز له‌خۆبگرێت: په‌رجوو له‌یه‌ككاتدا ئاماژه‌یه‌كه بۆ شتێك كه زۆر له خواره‌وه‌یه، یان به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ر زۆر له سه‌ره‌وه‌یه، خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و چینه به‌په‌راوێزكراوه‌كان یان موجیزه‌یه‌كی خواوه‌ندی. مانای وشه‌كه له روكاری ده‌ره‌وه‌ی ده‌كرێت به ( چی له ژیانماندا، له زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا ڕووئه‌دات و چ شتێك له ژێره‌وه‌یه ) ئاماژه‌ی بۆ بكرێت.
لاش نۆرێن هه‌ر له ڕوانگه‌ی ئه‌م ناونیشانه مه‌جازییه‌وه، له‌هه‌مانكاتدا به‌شێوه‌یه‌كی توندوتیژ و به بێ هه‌ست و سۆز و به شێوازێكی كۆمیدی، لایه‌نه تاریكه‌كانی، پر له كاره‌ساته‌كانی، هه‌روه‌ها ئه‌بسورده‌كانی پشته‌وه‌ی كۆمه‌ڵگامان پیشان ئه‌دات. په‌رجوو وه‌ك موجیزه‌ش ئاماژه و ڕه‌نگێكی ئاشكرای ئایین به‌خۆوه ده‌گرێت و سێبه‌ری خودایه‌ك به‌رده‌وام له ناواخنی ڕووداو، پشته‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان، وشه و دیالۆژه‌كاندا بوونی هه‌یه.
كول و كییر و لوكا له چاوه‌ڕوانی هه‌موو شتێكدان: چاوه‌ڕوانی ژیان، مه‌رگ ، قووتاربوون و مه‌سیحێكی نوێ. له‌وانه‌یه چاوه‌ڕوانی هیچیش نه‌كه‌ن و ته‌نها له‌وێدان، یان له‌وێشدا نین و بوونیان نییه، بێ ناو، بێ پێناس، بێ لانه، مردوو و له‌هه‌مانكاتدا زیندووش. كه‌سایه‌تییه‌كان له چینی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگادان، یان چاوه‌ڕوانی موجیزه‌یه‌كی خواوه‌ندین، ده‌شكرێت بڵێین هه‌ردووكیان، نغرۆبوون و موجیزه‌ش.
• من_ ی تاك و زه‌مه‌نی شانۆنامه‌كه
منه‌كان _ له ژیان و له كۆمه‌ڵگادا هه‌وڵی ئه‌وه ئه‌ده‌ن كه‌موكوڕییه‌كانی بوون و په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌وانیتره‌وه، به كه‌سی دووه‌مه‌وه بشارنه‌وه، به‌ڵام له په‌رجوودا كاره‌كته‌ره‌كان هیچ ناشارنه‌وه و هیچ شتێك نهێنی و شاراوه نییه. له‌به‌رئه‌وه كول، كییر و لوكا زۆر نزیك ده‌بنه‌وه، ده‌مامك و ڕووپۆشه‌كان، به‌ربه‌ست و مه‌رزه‌كان ده‌ڕوخێن و شتێك به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن كه بۆ مرۆڤ نییه، قه‌ده‌غه‌یه ئه‌و ڕه‌وشانه ده‌رخات: واته له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵ. كه‌ی ئه‌و كۆنترۆڵه‌شمان له‌ده‌ستدا، ئیدی ده‌كه‌وینه ژێره‌وه، ده‌كه‌وینه ناو كه‌لاوه و پشت دیواره به‌رزه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه. كاره‌كته‌ره‌كان هه‌رچه‌نده زۆر شێواو و نادیارن، به‌ڵام هۆشیارن، له هه‌موو شتێك ده‌گه‌ن، هه‌موو شتێكیان بینیوه و به هه‌موو شتێك‌دا تێپه‌ڕیون. ئه‌وان به چوشنی مه‌سیح گوناهه‌كانی ئێمه‌یان هه‌ڵگرتووه، ئه‌و سنووره توندوتیژه‌ی له‌نێوان ژیانی ده‌ره‌وه، سه‌ره‌وه و خواره‌وه‌دا هه‌یه، لای كاره‌كته‌ره‌كانی په‌رجوو بوونی نییه.
سێ پیاو، سێ قوربانی، سێ جه‌للاد. منێك كه خه‌ریكه ئه‌بێت به تۆ، به‌ڵام دوودڵه، له‌بری ئه‌وه منه‌كان ده‌بنه چه‌ندین منی تر، ده‌بنه ئه‌و و پرسیاره‌كانیان:” تۆ كێیت، من له كوێم، پێڵاوه‌كانم له كوێن، شه‌و زیاتر تاریك بووه ” دیمه‌نه‌كان له خودی پرسیاری من_ ه‌كانه‌وه، ئاماژه‌یه‌كی ئاشكرایه بۆ كۆمه‌ڵگا و ستروكتوره چینایه‌تی و ئاسته ده‌روونییه جیاوازه‌كان. منه‌كانی تریش كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه و سنووره دیاریكراوانه‌وه ده‌جوڵێنه‌وه، ناتوانن گوناهه‌كان، یاسا دڕنده‌كان، جیاوازییه‌كان و دیوی ناوه‌وه‌ی شته‌كان ببینن، یان نازانن كه كێ كۆمه‌ڵگاكانمانی دروست كردووه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه كه ناتوانین په‌نجه بۆ تاوانباره‌كان ڕابكێشین، له‌بری ئه‌وه ئێمه هه‌موومان تاوانبارین و ده‌شبێت هه‌موومان پێكه‌وه به‌رپرسیار بین به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تر، ئه‌وانه‌ی لاش نۆرێن له‌م شانۆنامه‌یه‌دا ئاماژه‌یان بۆ ده‌كات. له‌ناو شانه‌كانی دیمه‌ن و ڕووداوه‌كاندا منی تاك له ترۆپكی جووڵه و بزاڤی وشه و ڕسته ته‌واونه‌كراوه‌كانیاندایه، كاره‌كته‌ره‌كان له هه‌وڵێكی ئه‌زه‌لی و به‌رده‌وامی ئه‌وه‌دان كه ببینرێن، دووپاتی بوونیان ده‌كه‌نه‌وه و گیرۆده‌ی ئه‌وه‌ن كه بوونیان خاوه‌نی كردارێكه، هه‌ڵوێسته و ڕه‌وشێكه. له‌م دووڕێیانه‌دا، كاره‌كته‌ره‌كان له مه‌رزه‌كانی گه‌مه‌خه‌ون و لێبوكێكی غه‌مگیندا ده‌سوڕێنه‌وه، له ده‌رگاكانی شانۆی ئه‌بسورد ئه‌ده‌ن و شوێنپێی سامۆێیل بێكێت هه‌ڵده‌گرن. دیمه‌نه‌كان له نێوان گه‌مه‌خه‌ون، فۆرمێكی لێبوك ئاسا و شانۆیه‌كی ده‌ربڕیندا پیكداده‌چن و له وێنه‌یه‌كی ته‌مومژاویدا ڕۆده‌چن.
به چه‌شنی كۆتایی گه‌مه له په‌نجه‌ره‌یه‌كی به‌رزه‌وه، ده‌ڕواننه گه‌ردوونێكی فراوان و لاش نۆرێن یش جوڵه و بزاڤی كه‌سایه‌تییه‌كان له هونه‌ری په‌یكه‌رتاشی نزیك ده‌كاته‌وه و وێنه‌یه‌كی زبر و ڕه‌ق ده‌كاته په‌یكه‌رێكی بزۆز، زنجیره دیمه‌نێكی كورت، یه‌ك به‌دوای یه‌كدا، هه‌ندێكیان بریتیین له چاوتروكانێك، جووڵه‌یه‌كی خێرا، ڕووناكی، تاریكی یان ڕه‌وشێكی بروسكه‌ئاسا، وێنه‌ی گوزارشتئامێز دروست ده‌كات و له‌هه‌مانكاتدا ده‌یان ڕووخێنێت.
• ئایین و سێبه‌ری مه‌سیح
ڕووداوه‌كانی شانۆنامه‌كه چه‌ندین مۆتیفی ئایینی له‌خۆده‌گرێت، هێڵی تێكسته‌كان و گه‌مه‌ی زمان ده‌مانباته‌وه بۆ ناو كێشه و مه‌سه‌له ئاینییه‌كان، مه‌سیح و هه‌ندێ له دێڕه‌كانی ئینجیك تێكه‌ڵاوی وڕێنه و ڕه‌وشێكی كۆمیدی ده‌بن. په‌رجوو له خاڵی سفره‌وه ده‌ست پێده‌كات و مه‌سیح ئازاری كاره‌كته‌ره‌كان هه‌ڵده‌گرێ و پرسیاره‌كانی من كێم؟ من چیم؟ بۆچی من؟ له چه‌مكه‌كانی ئایینه‌وه، له سه‌ودایه‌كی نهێنییه‌وه، له گه‌مه‌یه‌كی كۆمیدییه‌وه ئازاره‌كانی مه‌سیح ده‌به‌ستێته‌وه به ئازاره‌كانی كییر، لوكا و كول ه‌وه. له‌م گێژاوه‌دا كاره‌كته‌ره‌كان گه‌مه‌ی له‌خاچدانی مه‌سیح ده‌كه‌ن و په‌نا ده‌به‌نه به‌ر وه‌هم و سمبوڵه‌كان.
كول
ئا … كه وایه ئه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بكه.
كییر
كێ؟
كول
ئا، ئه‌و … له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا.
كییر
مه‌سیح، ئا …. نه‌و …. گه‌ر من …. من ده‌بێ …. گه‌ر من …. گه‌ر من …. ئه‌وێی ماچكه‌م … ئه‌وێی ماچكه‌م … ده‌می … ماچكه‌م.
كول
ده‌می ئه‌و؟
كییر
ده‌می. ده‌می ئه‌و … له‌و سه‌ره‌وه …
كول
له‌و سه‌ره‌وه
كییر
( وچان )
ئه‌و له خواره‌وه‌یه.
كول
منیش له‌وێم .. له خواره‌وه‌م.
كییر
ئه‌وان ئه‌ویان داگرتۆته خواره‌وه.
كول
هه‌میشه له خواره‌وه‌یه. لێره له خواره‌وه. خوارووترین له ده‌ماره‌كانا.
شانۆنامه‌ی ( په‌رجوو ) دیمه‌نی 21
كاركته‌ره‌كان به‌رده‌وام ده‌رباره‌ی ژیان، مه‌رگ، بوون، ئایین قسه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئه‌و سی كه‌سه دوا مرۆڤه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی بن، له كۆتاییشدا به‌رجه‌سته‌ی وێنه به‌ناوبانگه‌كه‌ی دافنشی، دوایین شێو ده‌كه‌ن و كامیان یه‌هوزایه، یان كامیان بۆ رۆڵی یه‌هوزا هه‌ڵده‌بژێردرێت. یه‌هوزا ئه‌و كه‌سه بوو كه خیانه‌تی له مه‌سیح كرد و به‌هۆی ئه‌و خیانه‌ته‌شه‌وه لاخاچ درا.
كییر
ئێستا سه‌یریانكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌وێ، ئێستا پێمبڵێ پێتوایه كێیو؟ كێ؟
كول
به‌ڵێ؟
كییر
به‌ڵێ؟
كول
چیی؟ ئه‌وه با‌سی چیی ده‌كه‌یت؟
كییر
با‌سی هیچ ناكه‌م! ئه‌وه كێیه؟
كول
كێ؟
كییر
یه‌هوزا كێیه؟
كول
یه‌هوزا؟ خۆ تۆ با‌سی مه‌سیحت ده‌كرد.
كییر
ئا به‌ڵام من با‌سی یه‌هوزام ده‌كرد؟ كامیان له‌وانه‌ی ئه‌وێ ئه‌وه؟
كول
نازانم.
شانۆنامه‌ی (په‌رجوو) دیمه‌نی 21
• زه‌مه‌ن و زمانی په‌رجوو
فۆرم و شێوازی نووسین له‌م شانۆنامه‌یه‌دا زۆر گرنگه، دیمه‌نی كورت له‌نێوان تاریكی و ڕووناكی‌دا، ئه‌وه‌ی ئێستا دانیشتبوو، پاش قه‌یرێكی تر و له‌چاوتروكانێكی تردا به‌پێوه، به دیواره‌كه‌وه نووساوه، ئه‌وه‌ی نوستبوو، ئێستا جووتێك پێڵاو تاقیده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی تریشیان، هه‌ر وه‌ك مردوو كه‌وتووه. ئاماژه و ده‌نگ و هه‌ندێ جار له تاریكییه‌وه ڕسته پچڕاوه‌كان و چۆنێتی جوڵانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی هه‌یه، كاره‌كته‌ره‌كان له‌و بێزمانییه‌دا، به‌دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤێكدا ده‌گه‌ڕێن بۆ په‌یوه‌ندی، بۆ دیالۆگ و بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی پێداگرتن له بوونی خۆیان.
زۆرجار زمان دووره له هه‌موو لۆژیكه‌كانی به‌كه‌رهێنانه‌وه، دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامه، ڕسته‌ی كورت و پچڕ، یان وێنه‌یه‌كی مه‌جازییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر نزیك بۆته‌وه له زمانی ژیانی ڕۆژانه و منی ته‌نیا. لاش نۆرێن له‌م شانۆنامه‌یه‌یدا نزیك بۆته‌وه له زمانی به‌دمه‌ست و به‌نگ كێشه‌كان و ئه‌و زمانه تایبه‌تییه‌ی به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌كارهێناوه. دیالۆگه‌كان له هه‌ڵوێسته و باری جیاوازدا، چه‌ندین مانای جیاواز له‌خۆده‌گرن، به‌دوای پێناس و ناوی خۆیان و هه‌ڵوێسته و ڕوشی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ماناكانی بوونی خۆیان بكه‌ن. دیالۆگه‌كان ته‌نها وشه‌ی كورت و ڕسته‌ی پچڕ و ته‌واونه‌كراو نییه، به‌ڵكو وه‌ستان و پچڕانی هه‌ست و بیركردنه‌وه و هۆشه، كاره‌كته‌ره‌كان له‌نێو وچانه‌كاندا گیرده‌خۆن، ون ده‌بن و له‌م حاڵه‌ته‌شدا زمان فۆرمێكی تر و جیاواز له‌خۆده‌گرێت و هه‌ندێ جار دیمه‌نه‌كه به ته‌واوه‌تی له تاریكی‌دا ون ده‌بێت.
كول
هه‌مدیس ده‌ستمان پێكرده‌وه.
كییر
چیی؟
( ڕووناكیی )
كول
به‌مه.
كییر
به كامه؟
( تاریكیی )
( وچان )
ده‌ستمان به چی كرده‌وه؟
كول
به‌مه ….
( ڕووناكیی )
به‌مه‌ی كه كۆتایی هات …
كییر
نازانم.
( تاریكیی )
كول
له‌باره‌ی چییه‌وه پرسیار ده‌كه‌یت؟
كییر
ئا، خۆت وات گوت.
كول
تاریكه یان ڕووناك؟
كییر
ڕووناك؟
كول
به‌ڕاست ڕووناكه؟
كییر
من باش نیم، ناتوانم دانیشم … شتێك له كۆممدایه.
كول
خواحافیز.
( ڕووناكیی )
( تاریكیی )
كول
خواحافیز …
( ڕووناكی )
من چاو لێكده‌نێم.
شانۆنامه‌ی (په‌رجوو ) دیمه‌نی 18 A
هه‌ندێكجار بریسكه‌ی كورتخایه‌ن له یاده‌وه‌ری كه‌سایه‌تییه‌كاندا زیندوو ئه‌بێته‌وه، وایان لێده‌كات كه وا بزانن شتێك ده‌زانن، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌و بریسكه‌یاده ون ده‌بێته‌وه و دیالۆگه‌كان زۆر خێرا گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت و خه‌نده‌یه‌كی ئه‌بسورد له‌خۆده‌گرێت. ته‌قه‌لای ئه‌م كاره‌كته‌رانه بۆ ئه‌وه‌یه مانایه‌ك بۆ ژیان و بۆ بوونیان بدۆزنه‌وه، له ڕه‌وش و هه‌ڵوێسته‌یه‌كی كۆمیدیدا ده‌سوڕێنه‌وه، هه‌ریه‌كه‌یان زمانی تایبه‌تمه‌ندی خۆی و لۆژیكی خۆی هه‌یه، به‌ڵام له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانیاندا حاڵه‌تێكی ئه‌بسورد ده‌خوڵقێنن. وێنه‌كان دێن و ده‌چن: وێنه‌ی زمانه‌وانی، وێنه‌ی وه‌ستاو، وێنه‌ی بێده‌نگ و وێنه‌ی بزواو، دیمه‌ن دوای دیمه‌ن، هه‌ندێكیان ته‌نها چركه‌یه‌كه، هه‌ندێكیان پانتۆمایم و به‌بی وشه‌یه، ته‌نها وێنه‌یه‌كی كۆریۆگرافی، ڕووناكی، تاریكی، ڕووناكی و كات تێده‌په‌ڕێ، پرسیاره‌كان به‌بێ وه‌ڵام ده‌مێننه‌وه، ڕسته‌كان تێكده‌شكێنرێن و ده‌بنه وێنه و میتافۆر، زه‌مه‌ن وه‌ك شێرپه‌نجه و ئایدز وایه، جۆن بێت و چۆن ده‌بێت، هه‌ر ده‌ڕوات.
كول
شێرپه‌نجه ئێستا ته‌واو شتێكی ئاساییه … هه‌مو شتێك شێرپه‌نجه‌یه … هه‌موو شار بریتییه … زه‌مه‌ن خۆی شێرپه‌نجه‌ی خۆی هه‌یه.
كییر
ئا.
كول
زه‌مه‌ن خۆی شێرپه‌نجه‌ی هه‌یه.
كییر
یان ئایدز.
كول
ئه‌وه‌ش هه‌ر شێرپه‌نجه‌یه. ئه‌وه شێرپه‌نجه‌یه كاتێك … كاتێك ئایدزه.
كییر
به‌ڕاست؟
كول
( شتێك له ده‌میدا ده‌رده‌كێشێت، ته‌ڵه قژێكی درێژ )
ئایدز یان شێرپه‌نجه … ئه‌وه چییه! نه‌فره‌ت … چی ده‌كه‌یت!
كییر
نازانم … نازانم ئه‌وه چییه …
شانۆنامه‌ی (په‌رجوو ) دیمه‌نی B 20
په‌رجوو وێنه‌یه‌كی شیعرییه و گوزارشت له‌و زه‌مه‌نه ده‌كات كه تووشی شێرپه‌نجه بووه، لێره‌دا كورد و ئۆدیب یه‌كده‌گرنه‌وه. ئۆدیبۆس ده‌بێته سیمبوڵی له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵ، كوردیش بێده‌ره‌تانی. په‌رجوو وه‌ك ئه‌وه وایه كه خه‌وشێك، هه‌ڵوێستێك یان خه‌ونێك بێت له‌نێوان دیمه‌نه‌كاندا و به ئاشكرا له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو زه‌مه‌ن و شێوازه ته‌باكان، ناتورالیزم و ڕیالیزمه‌وه‌یه.
پارچه پارچه‌یی و بێ لانه‌یی كورد له‌گه‌ڵ بێ لانه‌یی كاره‌كته‌ره‌كان یه‌كده‌گرێته‌وه و كوردیش ده‌بێته به‌شێكی گرنگی ئه‌و دۆزه‌خه. لوكا زۆر كه‌م ئه‌دوێت، ئاماژه‌ی مردووی بۆ ده‌كه‌ن و له‌و بێده‌نگییه‌دا، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به‌دوای گه‌وهه‌ری ڕاستییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت و نووسه‌ریش هه‌ندێ له دیالۆگه گرنگه‌كانی به لوكا به‌خشیوه. لوكا له زه‌مه‌نێكی جیاوازتر، به به‌راورد له‌گه‌ڵ كول و كییر ده‌ژی، زمانێكی جیاوازتریشی هه‌یه و له‌و پشێوییه‌دا زۆر به ووردی شته‌كانی دێنه‌وه یاد، با‌سی كورد ده‌كات و دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخه نادیاره‌كه‌ی خۆی.
لوكا
…. خه‌ڵكی كوێیت؟ گوتی كوردستان. ئێ ئێ كوردستان ئا. پاشان گوتی ئێران. من گوتم: ئێران؟ پێموابوو گوتت كوردستان. ئا، باكووری كوردستان له ئێران. ده‌كه‌وێته ئێرانه‌وه. لێم‌پرسی: ئه‌دی وه‌زع له‌وێ چۆنه. پاشان كه‌وته باسكردنی ئه‌وه‌ی كه له‌وێ ڕووده‌دا. هه‌ڵبه‌ت له‌وێ زۆر شت ڕوویدابوو. ئه‌و گوتی كه سی هاوڕێی له قوتابخانه‌دا هه‌بوون، ئێستا له‌و سییه ته‌نها پێنجیان له ژیاندا ماون. سیانیان له ئێران له زینداندان، ئه‌وانه حه‌ڤده ساڵه له زینداندان، دوانیشیان له ئه‌ڵمانیان و ئه‌میش لێره‌یه. ئه‌و حاڵی حازر لێره‌یه، به‌ڵام ده‌یه‌وێت بۆ جێگایه‌ك بچێت.
شانۆنامه‌ی (په‌رجوو) دیمه‌نی 6 B
مه‌سه‌له‌كانی پێناس و نه‌بوونی پێناس ده‌بێته شتێكی گه‌وهه‌ری و گرنگ و كاره‌كته‌ره‌كان پێناسی خۆیان له‌ده‌ستداوه، كوردیش له‌م بواره‌دا بێ پێناسه، یان دوژمنه‌كانی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه هه‌موو پێناسه‌كانی لێ زه‌وت بكه‌ن. زمانیش له خودی زه‌مه‌ندا ئامرازه‌كانی له‌ده‌ست ئه‌دات، له‌بری ئه‌وه ده‌بێته، یان ته‌قه‌لای ئه‌وه ده‌دات كه ببێته زمانێكی به‌رهه‌ڵستكار، به‌ڵام ئامرازه‌كانی هه‌موو جۆره په‌یوه‌ندییه‌كان لێكده‌ترازێن.
• له چاوه‌ڕوانی په‌رجوودا
له ده‌سپێكی ئه‌م باسه‌دا، ئاماژه‌مان به‌وه كردووه كه لاش نۆرێن دوای گه‌شتێكی دوور و درێژی چل ساڵیی، له ریالیزم و ڕیالیزمی ده‌روونییه‌وه بۆ شانۆیه‌كی ئێگزیستێنتیالیزم و مه‌سه‌له‌كانی بوون و مه‌رگه‌وه، خۆی له كه‌ناره‌كانی شانۆیه‌كی ئه‌بسورد، ئه‌بستراكت و ڕاسته‌وڕاست سامۆێیل بێكێت دا ده‌بینێته‌وه.
په‌رجوو له به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆ، كۆتایی گه‌مه و ڕۆژێكی به‌ختیار ه‌وه ووزه‌كانی خۆی وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام به ده‌نگ و ڕه‌نگ و بوون و ئه‌تمۆسفێری تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌وه. كول، كییر و لوكا وه‌ك كاره‌كته‌ره‌كانی بێكێت له ته‌نیاییه‌كی هه‌تاهه‌تاییدا ده‌سوڕێنه‌وه، له زه‌مه‌نێكدا ده‌ژین به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌چێت، زه‌مه‌نێك كه تووشی شێرپه‌نجه بووه ( زه‌مه‌ن ناتوانێ خێرا بڕوا، له‌به‌رئه‌وه‌ی زه‌مه‌نیش شتێكی ئه‌بستراكته ) و زه‌مه‌ن هه‌رگیز ته‌واو نابێت.
ئێستراگۆن و فلادیمیر له په‌رجوو دا‌و دوای سه‌ده‌یه‌ك له چاوه‌ڕوانی، له ته‌نیایی و له بێ لانه‌یی، به‌بێ ئامانج و به‌بێ هیوا له سه‌رنوێلكێكدا، له سه‌ره‌ڕێگایه‌كدا یان له شوێنێكی نادیاردا سه‌رله‌نوێ یه‌كتر ده‌بیننه‌وه. ئێستراگۆن و فلادیمێر له‌لای بێكێت ئامانجێكیان هه‌بوو، له چاوه‌ڕوانیدا بوون، ئه‌وان چاوه‌ڕوانی گۆدۆیان ده‌كرد، گۆدۆ هه‌رچییه‌ك بێت، هه‌بێت یان نه‌بێت، بێت یان نه‌یه‌ت، ئه‌وه پرسیارێكی تره. به‌ڵام كاره‌كته‌ره‌كانی په‌رجوو ئه‌وه‌شیان نییه، ئه‌وان به‌دوای شتێك‌دا له زمان و ئاماژه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن، به‌دوای شتێك‌دا ده‌گه‌ڕێن نه ئه‌زانن چییه و نه ئه‌شیدۆزنه‌وه، هه‌ندێك جار به ته‌واوه‌تی له‌یه‌كتر حاڵی نابن و به‌رده‌وام به‌سه‌ر سه‌ری یه‌كتره‌وه، به‌بێ بوار، به‌بێ وچان قسه ده‌كه‌ن. گه‌مه‌ی له‌خاچدانی مه‌سیحیش ته‌نها سمبوڵێكه بۆ ئازاره‌كانی ئه‌وان، ئێمه و كۆمه‌ڵگا، كۆمه‌ڵگا له ڕێگای ئه‌وه‌وه‌ی كه ببینه ئه‌وانی تر. سێبه‌ره‌كانمان. له‌م شوێنه نادیاره‌دا ئێمه هه‌موو له چاوه‌ڕوانی په‌رجوویه‌كداین، له‌چاوه‌ڕوانی سه‌رفرازی و قووتاربوونداین.
ئه‌وانه‌شی كه له‌م شانۆنامه‌یه‌دا ده‌مانهێننه پێكه‌نین و پێیان پێده‌كه‌نین، ئه‌وانه‌ن كه نامانه‌وێت له ژیاندا، له واقیعدا بیانبینین و په‌یوه‌ندیمان پێیانه‌وه هه‌بێت. ئه‌م شانۆنامه‌یه چه‌ندین خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌ی جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌م هه‌وڵه‌ش ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌كه و ده‌كرێت له گۆشه‌نیگای جیاوازتره‌وه بخوێنرێته‌وه. په‌رجوو خه‌ونێكی كراوه‌یه و ده‌كرێت به زۆر شێوه ببینرێت.
* سه‌فه‌ری رۆژێكی درێژ به‌ره‌و شه‌و، یه‌كێكه له دوا به‌رهه‌مه ڕیالیزمییه‌كانی یۆژین ئۆنێل و له‌سه‌ر بیوگرافیای ژیانی خۆی، له‌ساڵی 1946 دا نوسیوویه‌تی. لاش نۆرێن له ده‌روازه‌كانی ئه‌م شانۆنامه‌یه‌وه، هه‌ر دوو شانۆنامه به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی: شه‌و دایكی رۆژه و پشێویی دراوسێی خوایه، نووسیون.

