تراژیدییەکان

گەڕانەوەیەک لە ئێستاوە بۆ بۆ یونانی دێرین


تراژیدیای گریکی هەمیشە بوارێک بووە بۆ هەڵکۆڵین و دووباره دۆزینه‌وه‌ و خوێندنەوەی بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان و نووسەران، کە گەڕاونەتەوە بۆ ئەو شانۆنامە دێرینانە و شتێکی تریان لێ بەرهەمهێناوە. ئەم بەرهەمانەیش جێگای سەرنج و ئاوڕلێدانەوە بوون؛ بە چ شێوەیەک کاریان لەم دەقە دێرینانەدا کردۆتەوە و چۆن هێڵێکی هاوبەش، یان جیاوازیان لەنێوان ئەم دوو زەمەندا، ڕابردووی دووری گریکەکان و ئێستای ئێمەدا دۆزیووەتەوە. ئەم هەوڵانە، وەک ئەوە وایە لە دەرگای پشتەوە، بچیتە ژوورێکی گەورە ترەوە و ئەوەی تیا بدۆزیتەوە، لەوەوبەر بە هیچ شێوەیەک نەمانبینیبێت. لەم ڕووەوە نموونەمان زۆرە، دیاریترینیان (کۆرنی، فرانز گریلپەرزێر، ئەندریە جید، ژان کۆکتۆ، ژان ئانوی، هینەر میولەر)، کە کاریان لە شانۆنامەکانی تراژیدیای گریکیدا کردۆتەوە. هەروەها (برێشت) لە دوای دووەم جەنگی جیهانییه‌وه‌، “ئەنتیگۆنە”ی لە دیدە سیاسی و هونەرییەکەی خۆیەوە، داڕشتۆتەوە و چارەسەرێکی تری دیالێکتیکی بۆ ئەو شانۆنامەیەی سۆفۆکلێس کردووە. بێگومان نموونەی تر زۆرن، بەتایبەتی لەم ڕۆژگارەی ئێمەی تیا دەژین، لە سوید چەند نووسەرێک، خۆیان لەم بوارە داوە، لەوانە (سارا ستریدسبێرگ و کریستینا ئۆزدیس).

لەم ڕۆژانەیشدا “ئەتێنە فاروقزادە” کتێبێکی بەناوی “تراژیدییەکان”ەوە لە سوید بڵاو کردۆتەوە، کە سێ شانۆنامەی تراژیدیا لەخۆ دەگرێت، مێدیا-ی یوربیدس، ئەنتیگۆنە-ی سۆفۆکلێس، فارسەکان-ی ئێسخیلۆس. خاتوو “ئەتێنە فاروقزادە” ژنە شاعیرێکی ناسراوە و بە نەژاد ئێرانییە، تا ئێستا چەند دیوانێکی شیعری بڵاو کردۆتەوە. لەم “تراژیدیایانەدا” هەر لە سەرەتاوە، ئەوانەی دەبێت بمرن، مردون و تراژیدیاکە کۆتایی هاتووە، “فاروقزادە” لە دەستپێکی ترەوە، هەوڵی داوە لەنێو مۆتیڤیەکانی دەقەکانەوە، بۆ نموونە مۆڕاڵ، خۆبەختکردن و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات، شتێکی تر دروست بکات، هاوکات بۆ ئەوەی بەرجەستەی خەمە گەورەکان و بێ هیوایمان بۆ بکات. ئەم شاعیرە دەیەوێت ئەفسانەیەکی سیاسی بخوڵقێنێت، کە لەنێو پەیوەندییەکاندا جۆرە بەرگری و ئاڕاستە دژبەیەکەکان کۆبکاتەوە. هەر لەم ڕووەوە، گەڕانەوە و کارکردن لەسەر ئەم دەقە تراژیدیانەی گریکەکان، ڕێگایەکی گونجاوە تا بیانکات بە شتێک تایبەت بە خۆی. ئەوەی ئەم شاعیرە لەم دەقانەدا کردویەتی، ئەوەیە کارەکتەرە دێرینە گریکییەکان لە سنوور و بنەما سەرەتاییەکانی شانۆی گریکییەوە بێنێتە دەرەوە و ڕۆڵێکی تریان پێ ببەخشێت.

هەروەها “فاروقزادە” مەسەلەکانی تاراوگە، کۆلۆنیالیزم و بەرگریکردن، وەک چەند چەمک و پرسێکی گرینگی ئەمڕۆی ئەوروپا، دەکاتە بنەمایەکی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و نووسینەوەی ئەم تراژیدیا دێرینانەی گریکییەکان، بەڵام لە دیدێکی گشتگر و هاوچەرخانەوە، کە لەگەڵ پرسەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگە ئەوروپییەکان بگونجێن.

“فاروقزادە” ناوێکی تری بۆ شانۆنامەکانی خۆی داناوە، کە لەگەڵ دووبارەکردنەوەی تراژیدیاکاندا دەگونجێن: مۆڕاڵی مێدیا، میراتی ئەنتیگۆنە، نرخی فارسەکان. ئەوەی لەسەرەتاوە هەستی پێ دەکرێت، ئەوەیە نووسەر شانۆنامەکانی خۆی بە زمانێکی شیعری نووسیوە، کە بە شێوەیەکی ئاسان، بێ هیچ تەمومژێک گوزارشت لە ژیانی کارەکتەر و ڕووداوەکان دەکات.

یەکەم شانۆنامەی نێو ئەم کتێبە، مۆڕاڵی مێدیا، گفتوگۆیەکە لەنێوان مێدیا و ژنێکدا، کە مۆڕاڵە. دەکرێت بڵێین لەنێوان مێدیا و خودی مۆڕاڵدایە؛ یان مۆڕاڵ دیوی ناوەوەی مێدیایە. ئەم گفتوگۆیە دوای تاوانەکەیە. هەموو شت ڕوویداوە، مێدیا منداڵەکانی خۆی کوشتووە. واتە مێدیا تاوانەکەی ئەنجامداوە و هەموو شتێک کۆتایی هاتووە. مێدیا پەناهەندەیە، هاوکات هەڵگری ئەو تاوانە گەورەیەیە، ڕۆڵی بێگانەیەک دەگێڕێ تاوانێکی گەورە و قێزەوەنی ئەنجامداوە.

شانۆنامه‌ی مێدیا باسی شکاندنی سنووره‌کان ده‌کات؛ ئینجا سنووره‌کانی نێوان وڵاتان، سنووره‌ سایکۆڵۆژییه‌کان یان سنووره‌کانی هێزی مرۆڤ بێت، هاوکات درامایەکیشە سەبارەت بە خوشەویستییەکی قووڵی بێ سنووریش. مێدیا چەندە لە ژێر فشار و کاریگەرییەکی بەهێزدا ئەوەی دەیکات، دەیکات، لە هەمان کاتیشدا چێژ لەو ڕقە وەردەگرێت، کە پاڵنەری ڕووداو و ڕه‌فتاره‌کانییه‌تی. مێدیا کەسێکە ناتوانێت ده‌سته‌پاچه‌ئاسا دانیشێت و لە دوورەوە سەیری ڕووداوەکان بکات، بەڵکوو بە چەشنی توندڕەوەکان، کەسە نزیکەکانی خۆیشی دەکوژێت، هەر لەبەر ئەوەی خۆی هەلا هەلا بکات.

هه‌ڵبه‌ت، مێدیا، بەر لە نووسینی دەقەکەی یوربیدس، وەک فیگورێکی میتۆلۆژی هەر هەبووە و زیاتریش، وەک ئافرەتێکی بەتوانای جادووگەر ناسراوە، کە ڕەچەڵەکێکی خواوەندی هەبووە. ئەم کارەکتەرە لە دوای یوربیدس-ەوە، پەیوەستە بەو ئافرەتەی وازی لێهێنراوە و منداڵەکانی خۆی، بە دەستی خۆی دەکوژێت. یوربیدس هەموو سمبۆل و تووخمە میتۆلۆژییەکانی لابردووە و مێدیا دەهێنێتە خوارەوە بۆ ناو واقیعی ژیانی ڕۆژانە و لە ژینگە و ڕەوشێکدا بەرجەستەی دەکات، کە بەها و داب و نەریتەکان تێکدەشکێنێت و لایەنێکی توندوتیژ و بێبەزەیی دەردەخات.

یوربیدس مێدیا دەخاتە نێو ئەو بارودۆخەوە، کە مێدیا، وەک سمبۆلی ئافرەت دەکەوێتە ژێر پاڵەپەستۆیەکی بەهێزی بێ سنووری دەروونی و جەستەیشەوە. یوربیدس لە مێدیادا، بنەما نەریتگەرییەکانی چەمکی موراڵ دەخاتە لاوە و کەسی تاک یان خودگەرا دەخاتە ژێر جۆرێکی نوێ لە شیکردنەوەی سایکۆلۆژییەوە.

هەموو سەردەمێک، شانۆکاران و بینەران بە شێوەیەک لە شێوەکان لە دەوری مێدیا کۆبوونەتەوە، لە مێدیادا ئەو شتەیان دۆزیووەتەوە، کە بە دوایدا گەڕاون: مێدیایەکی پەناهەندە، مێدیایەکی سیاسیی، مێدیایەکی فێمێنیست، مێدیایەکی ڕق ئەستوور… هتد.

“فاروقزادە”ش ئەم ڕەوشەی زیاتر بەهێز کردووە و مەودایەکی قووڵی فرە ڕەهەندی پێ بەخشیوە. ئەوەی لەم ڕەوشەدا گرینگە و نووسەر دووپاتی دەکاتەوە، کوشتنی منداڵەکانە، کە مۆڕاڵ دەیکاتە بنەمای گفتوگۆکە لەگەڵ مێدیادا، یان دادگاییەکی ویژدانی، بەر لە دادگاییەکی یاسایی.

مێدیا منداڵەکانی خۆی لەبەر خۆشەویستی، یان بە واتایەکی تر لە پێناوی خۆشەویستیدا کوشتوە، بەمە منداڵەکانی کوشتوە یان خۆی؟ ئەگەر خۆشەویستی هەبێت، دەبێ لەو شوێنەوە دەست پێ بکات، کە خۆبەدەستەوەدان، تەواو دەبێت. ئەو پرسیارەی لێرەدا پێویستە، کێ بۆی هەیە منداڵ وەک گەمەیەک، هۆکارێک، هەڕەشەیەک و دواتریش تاوانێک بەکاربهێنێت؟ ژیانی منداڵەکان وەک چەکێک لە جەنگێکدا بەکاربهێنێت، کە خودی منداڵەکان هیچ لایەنێکی ئەو جەنگە نین. ئەمەیش لە هەموو کات و شوێنێکدا، بە درێژایی مێژوو بەکارهاتووە. دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانیش لە چەندین جەنگدا منداڵیان بەکارهێناوە و لەناویان بردوون، تەنیا تاوانێک ئەو منداڵانە کردبێتیان، جگەرگۆشەی ئەو دایک و باوکە بوون، کە لەو جەنگەدا بوون، جا ئەو جەنگە لەگەڵ یەک بووبێت، یان دژی ئەوان بەرپا کرا بێت.

شانۆنامەکە جووڵەیەکی بەردەوامە لەنێوان بنەمایەکی بەرگری و نائومێدییەکی قووڵی بێ سنوور، لەنێوان مێدیا، وەک تاوانبارێکی دڕندە، هاوکات هەستکردنێکی هێندە قووڵ بە نائومێدی، کە کارەکتەرەکە لە بنەما دینی و دنیاییەکان دادەماڵێ و مۆڕاڵیش هیچ بەهایەکی نامێنێت.

لە میراتی ئەنتیگۆنە چیرۆکەکە سه‌رله‌به‌ری هەڵدەگێڕدرێتەوە، ئەگەر لای سۆفۆکلێس “ئیسمێنە” خوشکە بچووکەکەی “ئەنتیگۆنە” ترسنۆک و بێ هەڵۆێستە و تەواو خۆی ڕادەستی دەسەڵات دەکات، ئەوا لەم خوێندنەوە نوێیەی “فاروقزادە”دا، ئیسمێنە خاوەنی هەڵوێستە و ئەو سمبۆلی هێزی بەرگرییە. ئەو ئایدیایەی ئەنتیگۆنە بڕوای پێ بوو، ئیسمێنەی خوشکی بەردەوامی پێ دەدات.

لە دیالۆگێکی نێوان ئیسمێنە و کریۆن دا، ڕووبەرووی ئەو یاسایانەی شا کریۆنی باوکی دەبێتەوە، کە بەپێی بۆچوونی ئیسمێنە، ئەو یاسایانە، جگە لەوەی سوکایەتی بە “مردووەکان” دەکات، هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی تریان نییە. کە شانۆنامەکەی “فاروقزادە” دەست پێ دەکات، ئەنتیگۆنە، هایمۆن و شاژن لە ژیاندا نەماون. ئێستا ململانێکە لەنێوان ئیسمێنە و کریۆن دایە. هەرچەندە هەڵوێستەکەی ئەنتیگۆنە دەبێتە کارەساتێکی خێزانی گەورە بۆ کریۆن، ئەنتیگۆنە و هایمۆنی کوڕی و ژنەکەی لە دەست دەدات، بەڵام سوورە لەسەر دەستەبەرکردنی ئەو یاسایانەی دایناون.

لەم دەقە نوێیەدا کۆرسێکمان لەو ژنە بەرهەڵستکارە مردووانە هەیە، کە ئەنتیگۆنە لەوە دنیاوە دەردەکەوێتەوە و لەگەڵ ئەو ژنە مردوانەی تردا پێکەوە یەک پەیامیان هەیە، دەڵێن: کە دەسەڵات هەموو شتێکی خۆیی خۆش دەوێ و لەناوی دەبات، بۆیە باشتر دەزانێت، شتێک بێنێت بە شێوەیەکی تر لە دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆیەوە بژی. کۆرسی ژنەکان دەڵێن: “هیچ یاسایەک لە بەرەنگاری جوانتر نییە.” ئەوەی لەم ئەنتیگۆنە نوێیەدا جەختی لەسەر کراوەتەوە، ئەوەیە هەموو بەرهەڵستکارییەک بە شێوەیوکی بەهێز پەرەدەسێنێت، چەندە توندوتیژی پەرەبسێنێت. پوختەی ئەم دەقە، ئەنتیگۆنە ویژدان و خانەوادە و خێزان، دژی یاسا و دەوڵەت دەبێتەوە.

ئەم دوو شانۆنامەیە بە ریتمێکی بەرز وێنای ئەو ئازار و ژانە گەورەیە، کە زایەڵەکەی لە گریکێکەکانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، دەکات. ئازارەکەی مێدیا، کە دەستی دەچێتە خوێنی جگەرگۆشەکانی خۆیەوە، لەگەڵ ئازارەکەی ئەنتیگۆنە، کە ئەو هێزەی پێ دەبەخشێت دژی بنەماکانی دەسەڵات بوەستێتەوە و ژیانی خۆی لەو پێناوەدا دابنێت؛ ئەوەی جێگای سەرنجیشە، ئەو چارەسەرە مۆدێرنە هاوچەرخەیە، کە دەقە شانۆییەکانی بەستونەتەوە بەم سەردەمەوە.

دیدی ئەم شاعیرە لەم گەڕانەوە و کارکردنەدا هەڵکۆڵینی ئەو تراژیدیا گریکیانەیە، تا لەو ڕوانگەیەوە دنیا و دنیای ئەمڕۆی بە چاوێکی کراوە و هەندێ توندەوە، لە هەلومەرجێکی سەختدای لێوە ببینرێت.

لە بەشی کۆتایی ئەم کتێبەدا نرخی فارسەکان بەسەردەکاتەوە. ئێسخیلۆس لە فۆرمێکی زیاتر ئازاد دا کار دەکات، بەڵام، بە مۆرکێکی زیاتر لە کۆمیدیایەکی تایبەتییەوە، کە نە تەواو کۆمیدیایە و نە تراژیدیاشە. لێرەدا ئەکتەرەکان خۆیان فارسن، کە هەموو شەوێک لەم نمایشەدا ناچارن ددان بە کەوتنی خۆیان و ملکەچکردنیان بۆ گریکییەکان بنێن و بەرجەستە و دووبارەی بکەنەوە. لەم گەمەیەدا، نووسەر ئەو زەمینەیە دەڕەخسێنێ، بۆ نموونە ئەکتەری بە نەژاد جیاواز، کە لەم وڵاتە ئەوروپییانەدا بە ناچاری دەژین، ناچاری هەندێ ڕۆڵی جیاواز دەکرێن، بیبینن. کە دەقەکە دەست پێ دەکات، نمایشەکە تەواو بووە. ئەکتەرە فارسەکان دوای چەپڵەی شتایشی بینەران دێنە پشتەوەی شانۆکەوە. بەم شێوەیە نرخی فارسەکان، بەشی سێیەمی ئەم کتێبە دەست پێ دەکات.

کەوتنی فارسەکان لە ناوەندی ڕووداوەکاندایە، زمانێکی هەندێ تیژتر بەکارهاتووە، دەقەکە بە پێچەوانەی دوو دەقەکەی ترەوە، زیاتر لە گەمەیەکی شانۆیی دەچێت. سەرەتا وەک مێتادرامایەک، سەبارەت بە درامای ئێسخیلۆس دەردەکەوێت؛ دەرهێنەر و خودی ئێسخیلۆس لەسەر شانۆن و ڕۆڵیان هەیە و کارەکتەرەکان دەجووڵێنن. هاوکات هەموو نمایشەکە، لە گەمەیەکی شانۆی ناو شانۆدا دەبەستێتەوە بەم ڕۆژگارەوە، بەتایبەتی لە ڕووی بە بازارکردنی هونەری شانۆ و دەسەڵاتی بەڕێوبەرەکانی شانۆکان، کە لایەنە هونەرییەکانیان هێندە بەلاوە گرینگ نییە. ئەم بەڕێوبەری شانۆیانە، ڕۆڵی خواوەندەکان لە تراژیدیای گریکیدا دەبینن؛ دەرناکەون، بەڵام هەموو شتەکان ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن، چ ئەکتەرێک ڕیزی لێ بگیرێ و پاداشت وەربگرێ و ڕۆڵی زیاتری پێ بدرێت، یان چ ئەکتەرێک بنێردرێتەوە بۆ ماڵەوە.

دەتوانین بڵێن، هەر سێ شانۆنامەکە لە نێوەندی گەمەیەکەوە دەگەڕێت بە دوای شانە قووڵەکانی تراژیدیاکاندا، لەم گەمەیەشدا هەر تراژیدیا ناوەندی جووڵەی ڕووداوەکان و هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکان نییە، بەڵکوو هیوایەک هەیە. “فاروقزادە” دەیەوێت ئەوەشمان بۆ دووپات بکاتەوە، کە هەموو بەرەنگاربوونەوەیەک، بەرئەنجامێکی باشی هەیە.

ئەم سێ دەقە شانۆییە نوێیە، کە لە تراژیدیای گرێکییەوە سەرچاوەی وەرگرتووە، وێناکردنێکی چڕی ئەو ئازارە گەورەیەیە، کە ئەمڕۆ ڕەوشی دنیای خستۆتە مەترسییەوە. ئەوەی خاڵێکی گرینگیشە، دۆزینەوەی ئەو پردە کولتوورییەیە لەنێوان چەند تێکستێکی دێرینی چەند هەزار ساڵە، لەگەڵ واقیعی ژیانی ئەمڕۆی ئێمە لە هەموو بەشەکانی جیهاندا.

 

سەرچاوە:

Athena Farrokhzad, Tragedierna, Albert Bonniers Förlag, 2025