گرینگترین هەواڵەکانی ئەمرۆ, سێ پرسیاری کورت لە دانا ڕەئووف

دوا پرۆژەی نووسینتان؟

-بڵاو کردنەوەی کۆمەڵێک دەقی شانۆیی نوێمە.

ئەی پرۆژەی کتێبی تیۆریتان نییە؟

-بەڵی، لە ماوەی چەند مانگێکی تردا کتێبێکی تیۆریشم لە دەزگای سەردەم بڵاو دەکرێتەوە.

ئێوە لە بواری تیۆریدا کتێبخانەی کوردیدتان دەوڵەمەند کردووە و کتێبەکان سەرچاوەیەکی بەش بوون بۆ چەندین نەوەی شانۆکار، بەڵام ئێستا دەقی شانۆیش دەنووسن.

-بەڵێ، ڕاستە. وابزانم ساڵی ٢٠١٧ بوو، کە شانۆنامەی “من و تۆ لەگەڵ با”مدا نووسی. لە ئێستادا گرینگیم لەسەر نووسینی دەقی شانۆییە. لەوەدەچێ چیتر لێکۆڵینەوەی شانۆیی نەنووسم و زیاتر خۆم بۆ نووسینی دەقی شانۆیی تەرخان بکەم. لە بواری لێکۆڵینەوەدا لەسەر ئارتۆ، بروک، ستریندبێرگ، بێکێت، چێخەف، پینتەر، نۆرێن و چەندەها بواری تری ڕەخنەیی و تیۆریم نووسیوە. کتێبخانەی دەقی شانۆیی کوردیش زۆر هەژارە و لەمەودوا چەند بتوانم هەوڵ دەدەم بەشێک لەو بۆشاوییەش پر بکەمەوە.

ببوورن، هەرچەندە کاتت دەگرین و ئێمە گوتمان تەنیا سێ پرسیار، بەڵام پرسیارێکی ترمان لا دروست بوو!

-فەرموون.

هەندێ جار دەگوترێ دەقەکانت زیاتر تەکنیکێکی ئەوروپییە و لە مەسەلە کوردییەکانەوە دوورە.

-زۆرجار لێرە و لەوێ، لای هەندێ کەس، جا بە هەر هۆکارێک بووبێت، باس لەوە کراوە، کە هونەرمەند و نووسەر دەبێت سەر بە کولتوور و داب و نەریتی خۆی بێت، بە مانایەکی تر لۆکاڵی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە جیهانی! لە ڕوانگەی ئەم بۆچوونەوە دەبێت نووسەرێکی کورد، کە دەقێکی کوردی دەنووسێت، جا چ ڕۆمان، شیعر یاوەخود دەقێکی شانۆیی، دەبێت باسی ئەو کارەساتانە بکات، کە دووچاری ئێمەی کورد هاتووە؛ تا ئەو بەرهەمە ببێتە جیهانی و لەنێو ئەدەب و هونەری دنیادا شوێنێکی هەبێت. ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە. بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونانەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەدەب و هونەری دنیادا ڕەچاو دەکرێت، فۆرم و شێوازی کارەکەیە، بە پلەی یەکەم و ناوەڕۆکێکی بەهێز و مرۆڤایەتی گەردوونی بە پلەی دووەم. ئێمە دەتوانین، بۆ نموونە باسی کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال بکەین، لە فۆرمێکی ئەدەبی یان هونەری مۆدێرن دا، کە بە داخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە بیکەین.

ئەدەب و هونەر خاوەنی زمانێکی جیهانین، باس لە کێشەکانی مرۆڤ دەکەن؛ جا ئەو کێشانە کێشە فەلسەفییە خودگەراییەکان بێت، یاوەخود کێشە کۆمەڵایەتی، دەروونی، سیاسیەکان، بێگومان کێشە ئەزەلییەکانی تریش هەر دەگرێتەوە، وەک کێشەی ژن و پیاو و شەڕی نەوەکان. کارەساتە گەورەکانی میللەتانیش هەر بەشێکن لەم کێشانە و دەکرێت لەنێو فۆرمی ڕۆمان، دەقێکی شانۆیی، تابلۆیەکی هونەری، میلۆدییەکی مۆسیقیدا بەرجەستە بکرێت. گەر لەم سۆنگەیەوە باس لە ئەزموونی خۆم بکەم، بۆ نموونە لەو چەند دەقە شانۆییەی تا ئێستا نووسیومن، تیشکی سەرنجم خستۆتە سەر کێشە خودگەراییەکان لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە سەر پەیوەندییەکانی ژن و پیاو، دابڕان، ڕاکردن و تاراوگە، ڕۆڵی ئافرەت و مەسەلەی نەوەکان، خۆشەویستی و خێزان… هتد، کە هەر هەموو بابەتی دەقەکانم لە کۆمەڵگەی کوردییەوە وەرگرتووە. من توانیوومە لە فۆرمە نوێیەکانی دەقی شانۆیی جیهان بگەم، توانیوومە ئەو فۆرمە لە کێشە مرۆڤایەتییە گەورەکاندا بەرجەستە بکەم، توانیوومە یان ئەو هەنگاوەم بێ سڵەمینەوە ناوە، کە لە جیهانییەوە بگەڕێمەوە بۆ لۆکاڵی، بۆ ئەوەی لە لۆکاڵیدا پیشانی بدەم، کە من لە فۆرمێکی جیهانیدا کێشەی مرۆڤی کۆمەڵگەکەی خۆم دەخەمە ڕوو. بەڵێ من جیهانیم، دوای ئەوە لۆکاڵیم! نموونەمان زۆرە: جۆرج شحادە لوبنانی بوو، بە فەرەنسی لە فۆرم و ستایلی شانۆی جیهانیدا دەینووسی، بوو بە جیهانی، دوای ئەوە عەرەبەکان لە بەرگە جیهانییەکەدا ناسییان و دەقەکانیان وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی. بێکێت ئیرلەندی بوو، لە فەرەنسا بوو بە جیهانی، یۆنێسکۆ ڕۆمانی بوو، ئەدامۆڤ ڕووسی بوو، فێرناردۆ ئاراباڵ ئیسپانی بوو ئەمانە لە فەرەنسا بوون بە جیهانی و بە جیهانییەوە گەڕانەوە بۆ نێو ئەدەب و شانۆی میللەتەکانی خۆیان. بێگومان لە ئێستایشدا نموونە زۆرە، دیاریترینیان وجدی معود-ە، کە لە لوبنان لەدایک بووە و بە فەڕەنسی دەنووسێت و لە مۆتریال دەژی.