بێكێت و شانۆی پووچگەرایی
لە كۆتاییی چلهکانی سهدهی ڕابردوو بەدواوە ڕێبازی شانۆی پووچگەرایی لە پاریس گەشە دەكات. ئەم ڕێبازە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لایەنگیران و نووسەرانی زیاتری لە دەور كۆ دەبێتەوە، بە هەمان شێوە دەروازەیەكی فەلسەفی و بنەمایەکی تیۆریی و ڕەخنەئامێزیش بە ڕووی بەرهەمەكانی نووسەرانی ئەم ڕێبازەدا دەكرێنەوە. بێگومان ئەنجامەکانی جەنگ ئەو زەمینەیەی خۆش کرد، هاوکات ژان پۆل سارتر ١٩٠٥ – ١٩٨٠ بە دەقە جیاواز و فەلسەفییەکانی، بە تایبەتیش شانۆنامەی دەرگا داخراوەکان و مێشەکان دەرگایەکی تری کردەوە بۆ گفتوگۆیەکی جیاواز سەبارەت بە شانۆی دوای جەنگ.
دوای ئەوەی جەنگی جیهانیی دووەم، بنەماکانی کۆمەڵگە و بوونیادی شارستانییەت دەلەقێنێت، هەروەها بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی ناهێڵێت و هەموو شتێک لە ماناکانی خۆیان دادەماڵێت، ئیتر ههموو شتێک ناوهڕۆکه ڕاستهقینهکهی خۆی لهدهست دا، شانۆیش بە هەمان شێوە لە ناوەڕۆک و مانا واقیعییهکانی خۆی دادەبڕێت. شانۆ ناتوانێت شانۆیەکی لۆژیکی بێت، ئهگهر لە ڕووی ماناوه لۆژیکی نهبێت و ههڵگری ئاماژهیهکی دیاریکراو نهبێت. لەم دید و دەروازەیەوە لەدایکبوونی شانۆی پووچگەرایی، شانۆیەکی لۆژیکییە، بێماناییەکەی، مانایەکی قووڵی فەلسەفی و ئێستاتیکایەکی باڵایە. زمانیش، کە یەکێکە لە ئامڕازە هەرە گرینگەکانی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ، چیتر ئەو ئامڕازە گرینگە نییە، هەموو پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ بەهاکانی خۆی لە دەست داوە، مرۆڤ لە بری پەیوەندیی مرۆڤایەتی لەنێو دنیایەکی تەسکی خۆیدا، لەنێو دنیایەکی خۆویستی خۆیدا، بێ پەیوەندی گیری خواردووە. لەبەر ئەوە پێویستی بە زمان و پەیوەندیی لەنێوان مرۆڤەکاندا بە تەواوی نەماوە، زمانیش چیتر ئەو ئامڕازە گرینگ و زیندووەی نزیکبوونەوە و پەیوەندی و لەیەک تێگەیشتن نییە. لەم ڕووەوە ناکرێت، هیچ کەسێک گرینگی بە شانۆ بدات، یاخود لە بوارەکانی شانۆدا، کار بکات یان بخوێنێت، ئەگەر ئاوڕ لە شانۆی پووچگەرا نەداتەوە.
ئارتور ئەدامۆف ١٩٠٨ – ١٩٧٠، فێرناردۆ ئاراباڵ ١٩٣٢ – ، سامۆیل بێكێت ١٩٠٦ – ١٩٨٩، ژان ژینییە ١٩١٠ – ١٩٨٦، یۆژین یۆنێسكۆ ١٩٠٩ – ١٩٩٤، هارۆڵد پینتەر ١٩٣٠ – ٢٠٠٨ نوێنەرە ڕاستەقینەكانی ئەم ڕێبازە بوون و زۆر بە وریایی، بەخێرایی و لە دیدێكی ئێستاتیکی و فەلسەفییەوە برەو بەو ڕێبازە شانۆییە دەدەن. ئەم نووسەرانە خاڵی هاوبەشیان نابێت، بێگومان جگە لەو کاتەی پێکەوە لە بارودۆخێکی جیاواز و چهند وڵاتێکی جیا جیای وهکوو ئێرلهندا، ڕۆمانیا، ڕووسیا، ههروهها ئیسپانیا دێن و له پاریس کۆ دهبنهوه. لەنێو ئەم نووسەرانەدا، تەنیا ژان ژینییە فەڕەنسییە. هەرچەندە ئەم نووسەرانە، وەک ئاماژەمان بۆ کردووە، لە پاریس کۆ دەبنەوە، بەڵام شانۆی پووچگەرا دیاردەیەکی شانۆی فەڕەنسی نییە، بەڵکوو زیاتر بزووتنەوەیەکی گشتگر و جیهانییە، کە شانۆکانی پاریسییان کردە ناوەندی چالاکییەکانییان. ئەمەیش بەر لە هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە بینەر و جەماوەری شانۆ لە پاریس، بە بەراورد بە بینەری شانۆ لە دنیادا، کراوەترن و هەمیشە پەرۆشی دیدە نوێیەکان و شانۆیەکی ناتەبا و جیاوازن.
ئەم نووسەرانە بە هەمان شێوە و بە هەمان دید لە ژیانیان نەڕوانیوە، بەڵکوو لە زۆر ڕووەوە یەک ناگرنەوە، بەڵام ئەوەی ئەم نووسەرانە پێکەوە کۆ دەکاتەوە، دید و توخمی پووچگەرایییە. خاڵی هاوبەشی ئەم نووسەرانە وێناکردنیانە بۆ بێهوودەییی بوون، جا ئەم بێهوودەیییە لە بێماناییی تەقەلاکانی مرۆڤدا بێت، یاخود لە نەمانی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و لەدەستدانی بەهاکانی زمان-ەوە بووبێت. وشە لە زماندا ناتوانێت هەموو شتێک بڵێت؛ زمان جۆرێکە لە پچڕانی شووناس لەنێوان وشە و واقیعدا. بۆ نموونە دەقە شانۆییەکانی بێکێت جۆرە گهڕانێکن، لە دەربڕینی ئەوەی دەگوترێت، لە دەرەوەی زمانەوە. هەوڵێکە بۆ ئەوەی واقیع لە دەرەوەی زمانەوە، لە پشت ئەوەی ناوترێت، بدۆزێتەوە. شوێن و کات دیاریکراو نییە، هاوکات لە گۆڕان و ئاڵوگۆڕێکی بەردەوامدایە، کارەکتەرەکان نە ڕابردوویان هەیە، نە ئایندە. کارەکتەر لەپڕ دەردەکەوێت، بە هەمان شێوە، بە ڕێکەوت، یان لەپڕیش ون دەبێت. بۆ بەدەستهێنانی ئەم مەبەستەیش، هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەرجەستەکراو لەنێوان دیالۆگ و جووڵانەوە جهستهییهکان دەدات. ئامانجی بێکێت لە داماڵینی بەردەوامی ئەو زمانەی بەکاری دەهێنا، دروستکردنی ئەو بێدەنگییە سامناکەیە، کە لە دەقەکانیدا بەرجەستە دەبێت. دەقە زۆر کورتەکانیشی، کە تەنانەت لە وشە-یش داماڵراوە، توانایەکی تایبەت و وزەیەکی گەورەی ئەکتەرێکی بە سەلیقەی پێویستە؛ چۆنییەتی هەڵسوکەوت و جووڵانەوەی ئەکتەر، بەوپەڕی دیقەتەوە، لەنێو بێدەنگی و ڕستەی کورت و وشە پچڕ پچڕ و وچان و تەنیاکانیدا دانراون.
بێگومان ئەنجامەكانی جەنگی جیهانیی دووەم، برسێتی، بێهیوایی، مەرگ، هەژاری و نەمانی بەها پیرۆزەكانی مرۆڤایەتی و هەڕەشەکانی جەنگێکی تر و ئەتۆمی، زەمینەیەكی لەباری دروستبوونی ئەم ڕێبازەن. ئەم نووسەرانە لە هەوڵی ئەوەدا نەبوون بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گوزارشت لە پووچگەراییی بوون و ڕەوشی بێهیوایی و ڕەشبینیی مرۆڤ بکەن، بەڵکوو لەو فۆرم و شێوازەی بۆ ئەو شانۆیەیان خوڵقاند، پیشانیان دا و بەرجەستەیان کرد.
تیۆریست و ڕەخنەگری ئینگلیزی مارتین ئێسلین ١٩١٨ – ٢٠٠٢ لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا شانۆی ئەبسورد، Theatre of the Absurd The کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوی کردەوە، ئەم زاراوەیەی داهێنا و هەموو ئەم نووسەرانەیشی لەژێر ئەم ناوەدا کۆ کردەوە. وشەی (ئەبسێرد، یان ئەبسورد)یش لە نەژادا لاتینییە، مانای ناتەبا یان نەگونجاو دەگەیەنێت. ئێسلین لەم ڕووەوە دەڵێت: (ئەوەی لەم ڕەوشەدا پووچگەرا و ناتەبایە، بارودۆخی مرۆڤە لە گەردووندا؛ ئێمەی مرۆڤ بەشێکی بچووک و زۆر وردین لەم گەردوونەدا. ئەوەی پووچگەرایشە پەیوەندییە ناتەباکانە، ئەوەی ناتەبایشە ڕەوشی مرۆڤە لەگەڵ خودی خۆی، کە پڕە لە کێشە و ململانێ لەگەڵ خۆدا. بێگومان بێ هزر و دیدێکی ڕۆشن، هەرگیز مرۆڤ لەم ناتەباییە دەروونییەی خۆی ڕزگاری نابێت.) ئەمەیش پێناسەیەکی کورتی ئەو شانۆ پووچگەراییەیه، کە بێکێت نوێنەرە ڕاستەقینەکەیەتی. لەم دەروازەیەوە، شانۆی پووچگەرا شانۆیەکی هزری و لۆژیکییە، ئەگەر لەمەیش نەگەین تێگەیشتن لە شانۆی پووچگەرا بە گشتی و بێکێت بەتایبەتی سەخت و گران دەبێت.
ئێسلین بەر لە هەموو شتێک، کتێبەکەی ڕاڤەیەکی ئەو هێڵە درامییەی گەشە و بەرەوپێشچوونی شانۆی فەڕەنسی بوو، کە بێکێت بە شانۆنامەی بە دەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە ڕۆڵێکی گرینگی تیا بینی. ئێسلین لە کتێبەکەیدا ئاماژە بۆ خاڵێکی گرینگی هزر و تەکنیکی ئەم نووسەرانە دەکات، بەوەی مرۆڤ ناتوانێت لە کارەکتەرێکدا خۆی ببینێتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک لێی تێ ناگات و نایناسێت، ئەمەیش ئەو بوارە لەنێوان بینەر و تەختەی شانۆدا دروست دەکات، کە لە تێنەگەیشتنی بینەراندا کۆدەبێتەوە. ئەم حاڵینەبوونەی بینەر و ئەو تەکنیکە هونەرییە/شانۆییەی شانۆی پووچگەرا بەکاری دەهێنا، ئەو نامۆبوونە دروست دەکات، کە بێرتۆڵد برێشت ١٨٩٨ – ١٩٥٦ لە شانۆ داستانئامێزەکەی خۆیدا کاری بۆ دەکرد، بێگومان بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیاواز و پێچەوانەوە.
بەر لە بڵاو بوونەوەی کتێبەکەی ئێسلین، هەوڵ دەدرا، کە ئەم شانۆیە لە ژێر چەندین ناودا پۆڵێن بکەن، بۆ نموونە: دژە-شانۆ، کە زیاتر لە تەوژمەکانی ئەو سەردەمەی دژە-ئەدەبەوە سەرچاوەی وەرگرتبوو، شانۆیەکی مێتافیزیکی، شانۆی ئۆنتۆلۆژی، شانۆی بێمانا، شانۆی پێشڕەو، شانۆی نوێ، شانۆی ئەزموونگەری، شانۆیەکی بوونگەرای تراجیکۆمیدی. دەتوانیین بڵێن، لەنێو ئەم زاراوانەدا، شانۆیەکی ئەنتۆلۆژی زیاتر لەگەڵ هزر و دیدی بێکێت دەگونجان، ئەو دەقە شانۆییانەی بێکێت لەو دەمەدا دەینووسین، بە تایبەتیش شانۆنامەی بە دەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە دەکرا بە شانۆیەکی ئەنتۆلۆژی هەزەلی ئاماژەی بۆ بکرێت، لەبەر ئەوەی لای بێکێت هەمیشە پرسیارەکان سەبارەت بە مەسەلەکانی بوون بووە؛ بوونێکی ڕووت و لە دەرەوەی هەموو شتەکانی ترەوە. بوونێک لەنێو نەبوونێکی تەواو گشتگر و ڕەهادا. لەم ڕووەوە بێکێت لە تێزەکانی فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدیگەر ١٨٨٩ – ١٩٧٦ نزیک دەبێتەوە؛ مرۆڤبوون لە دنیادا “کە لەوێدا بیت”. ئەمەیش ئەوەیە، کە بێکێت شانۆکەی لەسەر ڕۆناوە؛ بەرجەستەکردنی ڕۆڵێکی شانۆیی، کە لەسەر تەختەی شانۆیە، ئەمەیش کاری سەرەکی ئەکتەرێکە، ڕۆڵێکە، کە ئەوان لەوێدان. ئەم پرسە لەوانەیە ڕەوشێکی قووڵی فەلسەفی بێت، هاوکات دەشکرێت شتێکی ئاسایی ڕۆژانە بێت، بۆ نموونە گۆدۆ ئەو کەسەیە، کە دوو کەسی بێلانە لەسەرە ڕێگایەکدا چاوەڕوانی دەکەن، کە هەرگیز نایەت.
بێکێت بە چڕی کار لەسەر زمان دەکات؛ هەندێک جار زمان لە چەند دەنگێکدا کورت دەکاتەوە، بەمەیش سەرلەنوێ زمان بە شێوەیەکی تر دەخوڵقێنێتەوە و دەیکات بە ئامڕازێک بۆ دیدی شانۆ پووچگەراکەی خۆی. چەمک و ماناکانی پووچگەرایش لە زماندا شتێکی لە پڕ نییە، کە لە دژی ڕیالیزم گەشەی کردبێت، بەڵکو لە ناوەوەی ڕیالیزمەوە، بە ئاڕاستەیەکی تر دروست بووە و گەشەی کردووە. بێکێت زیرەکانە گەمە بە وشە و دەستەواژەکان دەکات، لەم گەمەیەدا وشەکان چەندین مانا لەخۆ دەگرن، چەمکێکی تەنزئامێز، مانای پێچەوانە و سمبول دەخوڵقێنن، هەندێک جاریش دەبنە کۆمیدیایەکی ڕەش و هەموو سنوورەکانی زمان تێدەپەڕێنێت. ئەم شانۆیە، هاوشێوەی ڕەوتی شانۆی ئیرلەندی، شانۆی نووسەرە، نەک شانۆی دەرهێنەر.
مارتین ئێسلین تیشکی سەرنجی خستە سەر فۆرم و شێواز و ناوەڕۆکی دەقەکانی ئەم نووسەرانە، وەک داب و نەریتێکی نوێی شانۆیی ئاماژەی بۆ کردن، بە تایبەتی لە ڕووی كردرا و کارەکتەر و ماناوە، کە بە شانۆی ئەبسورد یان پووچگەرا ناوزەدی کردن. بێگومان بەر لەم نووسەرانە ئەلبێر کامۆ ١٩١٣ – ١٩٦٠ لە ئەفسانەی سیزیف، کە لە ساڵی ١٩٤٣دا بڵاوی کردەوە، چەمکەکانی ئەبسێرد و پووچگەرایی، لە دیدێکی فەلسەفییەوە خستۆتە ڕوو. شێوازەکانی شانۆی پووچگەرا جیاوازە لە پووچگەرایی هزری فەلسفەی خودگەرایی، بەتایبەتیش لای سارتەر و کامۆ. سارتر و کامۆ هزرە پووچگەرا و فەلسەفە خودگەراییەکەیان لە شێوازە تقلیدییەکەی دەقی شانۆیدا بەرجەستە دەکەن، بەڵام شانۆی پووچگەرا چەندین فۆرمی جیاواز و تەکنیکی نوێی شانۆیییان داهێنا. ئێسلین و ڕەخنەگرەکانی دواتریش ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە بنەماکان و سروشی شانۆی پووچگەرایی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ریشە و بنەما سەرەکییەکانی دەستپێکی شانۆ، سێرک، گەمەکانی لێبوک، کۆمیدیای دیلارتی، پانتۆمایم، سەرەتاکانی بزووتنەوەی ئەڤانتگارد، هاوکات دیدێکی ئەنتی/ئەدەبی، بە تایبەتی بێتوانایی و پەککەوتنی زمان لە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤدا. شانۆی پووچگەرا گەڕانەوەیەک بوو بۆ زیندووکردنەوەی کوولتوری شانۆ، کە لەسەر بنەماکانی دەق و دیالۆگ ڕۆنەنراوە، بەڵکوو لەسەر بنەما و توخمە پراکتیکییە شانۆییەکان کار دەکەن. شانۆی پووچگەرا، لە ڕووی ئێستاتیکا و هزر و بنەما فەلسەفییەکەوە، لە ژێر کاریگەری تەوژمەکانی دادایزم و سوریالیزم و سمبولیزم و فەلسەفەی خودگەرادا بووە، بەڵام لە ڕووی تەکینک و دیدە هونەرییەکەیەوە، وەک ئاماژەمان بۆ کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ سەر توخمە سەرەتاییەکانی هونەری شانۆ، کە لەسەر جووڵە و ئاماژە و وێنە شانۆییەکان بوونیاد نراوە. یەکێک لەو کاریگەرییانەی تر، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەسەر ڕەوتی شانۆی پووچگەراوە دەبینرێت، دید و دەقە شانۆییەکانی شانۆنامەنووسی ئیتاڵی لویجی پیراندیللۆ-یە ١٨٦٧ – ١٩٣٦. دەقە شانۆییەکانی بیراندیللۆ، بۆ نموونە شانۆنامەی شەش کارەکتەر بە دوای نووسەرێکدا دەگەڕێن، کە بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٢٣ دا نەمایش کراوە، هاوکات شانۆنامەی هێنریکی چوارەم، ١٩٢٥ لەسەر ئەو بنەما هزرییە ڕۆنراوە، کە ڕاستی ڕهها بوونی بۆ نییە، بەڵکوو ڕێژەیییە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕدرێت. لەم ڕووەوە نووسەرانی شانۆی پووچگەرایی گرینگی نادەن بە شوێن و کات، ئەمەیش بۆ ئەوان ڕێگایەک دەبێت بۆ گەڕان بە دوای گەوهەری ڕاستییەکانی بوونی مرۆڤایەتیدا. ئەم تەکنیکە و لە ژێر کاریگەرییەکانی پیراندیللۆ-دا ئەم نووسەرانە دەگەیەنێتە بیرۆکەی ڕاستەقینەی ڕێژەییبوونی هەموو شتێک، هیچ ڕاستییەکی ڕەها نییە و هەموو شتەکان ڕێژەیین.
جگە لەو نووسەر و تەوژمانەی باسمان کردن، هەندێک نووسەری تر بە شێوەیەکی بەهێز کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی شانۆی پووچگەرایییەوە هەبووە، بۆ نموونە ئەلفرێد گاری ١٨٧٣ – ١٩٠٧، کە نووسەرێکی فەرەنسییە، ڕۆڵێکی گەورەی لە بوارەکانی ئەدەب و هونەری شانۆدا گێڕاوە و بە ڕابەری بزوتنەوەی شانۆی پێشڕەوی جیهانی و باوکی ڕۆحیی تەوژمی داداییهکان دادهنرێت. ئەم نووسەرە، بە چەند دەقێکی شانۆیی، سەبارەت بە ئۆپۆی پادشا ئەو ڕۆڵە گرینگە دەگێڕێت. بێگومان ڕەگ و ریشەی ئەم تەوژمە تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ ئەلفرێد گاری، بەڵکوو نووسەری سویدی ئاوگۆست ستریندبێرگ ١٨٤٩ – ١٩١٢ ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە، بە تایبەتیش لە شانۆنامەکانی دوای قۆناخی دۆزەخدا: بەرەو دیمەشق، سۆناتای تارمایی و خەونەنمایشێک. ستریندبێرگ لەم دەقانەیدا، ژیان و بوونی مرۆڤ وەک خەونێک بەرجەستە دەکات. ئەمە جگە لە فرانس کافکا ١٨٨٣ – ١٩٢٤، کە بە ڕۆمانەکانی زەمینەیەکی گرینگی هزریی بۆ ئەم تەوژمە خۆش کردووە، هاوکات لە ڕووی فۆرمیشەوە کاریگەریی زۆری هەبووە؛ بوون لە پانتاییەکی ئەبسورددا بەرجەستە دەبێت، شتەکان هەرچەند لۆژیکین، بەڵام ئەبسوردن، وەک ستریندبێرگ لە پانتاییەکانی خەوندا دەسووڕێنەوە و خەون و واقیع تێکەڵاو دەکەن. ئەوەیشمان لە بیر نەچێت، کە شاعیر و شانۆکار ئەنتۆنان ئارتۆ ١٨٩٦ – ١٩٤٨ بە دیدە جیاوازەکەی بۆ شانۆ و شانۆ توندوتیژەکەی کاریگەرییەکی بێ هاوتای بەسەر دید و تەکنیکی نووسینی ئەم شانۆنامەنووسانەوە هەبووە. ئەم نووسەرانە، بە شێوەیەکی بەهێز کاریگەرییەکی قووڵیان بەسەر زمان و بونیادی شانۆوە بە جێ هێشت.
ئێسلین لە ڕووی هزرییەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەیش کردووە، کە شانۆی پووچگەرایی دژی دین و سیاسەت و ئایدۆلۆژیایە، ئامانجی وریاکردنەوە و ڕاچڵەکاندنی بینەرانە لەو خەونەی بە دیار نەمایشە تەقلیدییەکانەوە لێیان کەوتووە، تا ڕووبەرووی ڕەوشە پووچگەراکەی مرۆڤایەتییان بکاتەوە. ئەوەی لە پشت پەیامەکەی ئەم نووسەرانەیشەوەیە، هەموو شتێکە جگە لە بێهیوایی. بە بڕوای ئەم نووسەرانە هیچ چارەسەرێکی ئاسان بۆ نهێنییەکانی بوون نییە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە دواجاردا، لە بوونەوەرێکی تەنیا لەم دنیایەدا زیاتر هیچ شتێکی تر نییە. دەقە شانۆییەکانی ئەم نووسەرانەیش لە دیدێکی هونەرییەوە دەنگ، ڕووناکی، جووڵە، ڕیتم و گۆڕانکاریی خێرا لە دیمەن و کارەکتەر و ڕووداوەکاندا دەکاتە فۆرم و تەکنیکێکی جیاواز بۆ شانۆ.
ڕەخنەگری پۆلۆنی یان کۆت ١٩١٤ – ٢٠٠١، کە بە لێکۆڵینەوە گرینگەکانی سەبارەت بە شەکسپیر، بە تایبەتیش کتێبەکەی شەکسپیر هاوچەرخمانە ناسراوە، لە دیدێکی تری فەلسەفییەوە دەڕوانێتە ئەم تەوژمەی شانۆ و دەیبەستێتەوە بە چەمکی گرۆتێسکەوە؛ گرۆتێسک، کە لە دنیای تراجیدیادا بەرجەستە دەبێت، لەم شانۆیەدا بە شێوەیەکی تر دەردەکەوێتەوە. چەندان شتی تر، بۆ نموونە فاکتەرە میکانیزمە دوژمنکارەکان، لەم شانۆ ئەبسێرد و پووچگەرایەدا جێگای خواوەندەکان دەگرنەوە. میکانیزمی ئەم شانۆ پووچگەرایە، دوا مێتافیزیکی ئەم گرۆتێسکە مۆدێرنەیە. یان کۆت سەبارەت بە بێکێت دەڵێت، ئەوەی لەم شانۆیەدا دیارە گرۆتێسکە. ئەم گرۆتێسکە گرفتەکانی تراجیدیا لەخۆ دەگرێت؛ ململانێ و بابەتەکە: مەرجەکانی مرۆڤ، ماناکانی ژیان، سەربەستی و ناچارکردن، جیاوازی و دژەکان لەنێوان ئەبسێرد و شتە ئامادە و نەخشە بۆ دانراوەکانی مرۆڤدا کۆ دەکاتەوە. ئەم گرۆتێسکە، بۆ یان کۆت تراجیدیا کۆنەکانە، کە سەرلەنوێ و بە شێوەیەکی تر نووسراونەتەوە. ئەوەی دەقەکانی بێکێت، لەم دیدە پووچگەرایەوە دەکاتە شتێکی ناوازە و جیاواز، ئەوەیە، کە بێکێت پرسیارە مێتافیزیکییەکان دەکاتە ڕەوشێکی گرۆتێسک. تراجیدیا دەکاتە کۆمیدیا و کۆمیدیا لە ڕەوشێکی تژی لە تراجیدیای مرۆڤایەتییدا بەرجەستە دەکات. بێکێت لە چارەسەرە درامی و تەکنیکە شانۆییەکەیدا، لە هزرە ئەبستراکتە پووچگەراکەی نزیک دەبێتەوە، لەبەر ئەوە لە بنەما لۆژیکییەکانی دەقی شانۆی باوی ئەورووپایش دوور دەکەوێتەوە. پەیوەندییەکانی مرۆڤایەتی بۆ بێکێت لەنێو تراجیدیا و کۆمیدیای ژیاندا، لە دڵەڕاوکێیەکی میتافیزیکی بۆ مرۆڤ، هیچ شتێکی تر نییە.
شانۆی پووچگەرا، وەک شیعری میتافیزیک و هاوچەرخ ناتوانین ماناکانی لە واقیعدا بدۆزینەوە، بەهەمان شێوە ماناکانی لە دەرەوەی خۆشیدا نادۆزرێنەوە، بەڵکوو سمبول و ئاماژە و وێناکان لە خۆیدان. ئەوەی شانۆی پووچگەرا بەرجەستەی دەکات بێمانایی نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە گەڕانێکی قووڵە بە نێو چینە تاریک و نادیارەکانی بوون و ناوەوەی مرۆڤدا. ڕاستی لای ئەم نووسەرانە لە ئاڵۆزی و تەم و مژدا نییە، بەڵکوو ڕاستی لە یەک کاتدا چەندین ڕووی هەیە و لەسەر چەندین ئاست دەردەکەوێت. شانۆی پووچگەرا، ئەو دەروازەیەمان بۆ دەکاتەوە لە بێهوودەییی بوون بگەین و ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە دنیا و بوونی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمایەکی لۆژیکی بوونیاد نەنراوە، وەک ئێمە تێیگەیشتووین، بەڵکوو ئەوە وەهمێکە و مرۆڤ تیا دەژی.
ئەم نووسەرانە هەوڵی ئەوەیان دەدا، كە چارەنووس و بوونی مرۆڤایەتی بەشێوەیەكی قووڵ و ڕاستەوخۆ، هاوکات جودا بەرجەستە بكەن. هەر لەبەر ئەوەیش بوو، كە ئەم نووسەرانە شانۆنامەكانیان لە هەموو بنەما واقیعییەكان داماڵی و گەڕانەوە بۆ گەوهەرە بنەڕەتییەكانی هونەری شانۆ، بۆ نموونە شانۆنامەكانیان پاک كردەوە لە مەسەلە سیكۆلۆژی، ئایدۆلۆژی، گیروگرفتە كۆمەڵایەتی و بابەتە مێژووییەكان. لەبری ئەوە ئەم نووسەرانە بونیادی شانۆنامەكانیان لەسەر كۆمەڵێک هێما دادەنێن: تەنەكەیەكی خۆڵ، لاشەیەک، چەند كورسییەكی بەتاڵ، درەختێكی بێ گەڵا، یان پانتاییەكی بۆش، سەر شانۆكان دەگرێتەوە. ئەم نووسەرانەی شانۆی پووچگەرا دەیانویست لە ڕووكاری دەرەوەی واقیع و ژیانی ڕۆژانە دوور بكەونەوە و وێنە ڕیالیزمییەكان لە خودی شانۆ دوور بخەنەوە، لەبری ئەوە وێنەی مەجازی و هێما بە كار بێنن؛ وێنە، ڕەوشێکی جودا و سمبولێکی فرە مەودا بکەنە ئامڕازێکی پتەو بۆ بەستنەوەی دوو دنیا، دەرەوە و ناوەوە، هاوکات ڕواڵەت و مەودا قووڵەکان پێکەوە ببەستێتەوە. بێكێت بە شانۆنامەی بە دەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە ڕێچكەكەی شكاند و فۆرمێكی نوێ و زمانێكی جیاوازی بۆ هونەری شانۆ داهێنا، دەستپێکی پتەوی بۆ ڕەوتەکە خوڵقاند، ڕەوتێک بووە تەوژم و ڕێبازێکی گرینگ. بە شانۆنامەی کۆتاییی گەمە-یش بەردەوامی پێبەخشی.
هەموو ئەو شتانەی، کە نەمایشێکی شانۆیی لێ پێک دەهێنرێت، ئەو سینۆگرافیایەی ئەتمۆسفێری نەمایشەکە دەخوڵقێنێت، پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان کارەکتەرەکان، ڕووداوەکانی کە ڕوو دەدەن، نواندنێکی ڕاستەقینەی ئەکتەرەکان، جووڵە فیزیکییەکانی جەستە و جووڵانەوە، لە دەق و نەمایشێکی بێکێت ئەو بەهایەیان نامێنێت. بێکێت خۆی لە دیدارێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە: “باشترین دەقی شانۆیی ئەوانەن، کە هیچ ئەکتەرێکی تیا نییە، تەنیا دەق. من لە هەوڵی ئەوەدام دەقێکی وەها بنووسم.” ئەم دیدەی بێکێت بەتەواوی لە دەقەکانی ساڵانی حەفتا و دواتردا ڕەنگی داوەتەوە.
وەک لەوەبەر ئاماژەمان بۆ کردووە، ئەم تەوژمە بە شێوەیەکی بەهێز لە فەڕەنسا سەری هەڵدا و هەر لە فەڕەنسایش بڵاو بووەوە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شانۆی فەڕەنسی، هەرچەندە لە سەردەمی مۆلییر و کۆرنی و ڕاسین-ەوە، پشت بە دەقی ئەدەبی دەبەستێت و دەقە شانۆییەکان، زمانی ئەدەبی و ئەدەبێکی بەرز باڵادەستە، هاوکات داب و نەریتێکی تریش، بە تایبەتی لە هونەری نواندندا جێگای خۆی کردۆتەوە، بۆ نموونە هونەری پانتۆمایم لە شانۆی فەڕەنسیدا هەمیشە لە ئاستێکی بەرزدا بووە، لە ساڵانی ١٩٤٠ەکاندا ژان لویس بارۆ ١٩١٠ – ١٩٩٤ کە قوتابی ئارتۆ بووە، دواتریش مارسێل مارسێوس ١٩٢٣ – ٢٠٠٧ هونەری پانتۆمایم دەگەیننە ئاستێکی بەرز. بە دڵنییاییەوە، ئەم هونەرە پێویستی بە دەقێکی جیاواز هەبووە، تا بتوانێت ئەم تەکنیکە لە خۆیدا کۆ بکاتەوە. شانۆنامەنووسەکانی شانۆی پووچگەرا، بە تایبەتی لە فەڕەنسا سوودێکی زۆریان لە فۆرم و تەکنیکی ئەم هونەرە وەرگرت و بەکاریان هێنا؛ بێدەنگی و زمانی جەستە و جووڵەی پانتۆمایم بوو بە بەشێکی گرینگی ئێستاتیکا و فۆرم و تەکنیکی شانۆنامەنووسەکانی تەوژمی شانۆی پووچگەرا.
بێکێت، لە بەرهەمەكانی تریدا برەوی بەو تەكنیكە دا: لە بەشی یەكەمی شانۆنامەی ڕۆژگارە خۆشەکان-دا، ژنێک تا ناوقەدی لە لمدا نێژراوە، كە دەگەینە بەشی كۆتایی، تەنیا سەری بە دەرەوە دەمێنێتەوە، یان یۆژین یۆنێسكۆ لە شانۆنامەی كرێگرتەدا، كە مرۆڤێک دەگوێزێتەوە بۆ ژوورێكی چۆڵ و شتوومەكەكانی یەک لەدوای یەک دێنێتە ژوورەوە، كورسی، مێز، دۆڵاب و… هتد، ئەم كەلوپەلانە دوایی نایەت و بەردەوام لە زیادبووندایە، تا هەموو ژوورەكە داگیر دەكات و كرێگرتەش بەتەواوی لەناو ئەو هەموو كورسی و مێز و دۆڵابانەدا ون دەبێت و دەبێتە بەشێک لەو شتانە. شانۆنامەی کورسییەکان-یش نموونەیەکی تری ئەو شانۆ جیاواز و ئەبسێردەیە. بێکێت و یۆنێسكۆ، کە دوو نوێنەری گرینگی ئەم تەوژمە شانۆییە بوون لە فەڕەنسا، چەندە لە یەکترییەوە نزیک بوون، هێندەیش دوور بوون. یۆنێسكۆ شانۆیەکی دژە بۆرژوای دامەزراند، گرینگی بە بواری تیۆری دەدا و چەندین باسی نووسیوە، کە هەوڵی داوە دیدی خۆی بۆ ئەو شانۆ نوێیە ڕوون بکاتەوە، ئەو دەڵێت “من هەم، بەڵام ئەم (من)ە چییە؟ ئەمە شتێکە زۆر گرانە بە ئاسانی دەستنیشانی بکەی.” بە پێچەوانەوە، بێکێت دیدێکی مێتافیزیکی، کە لە گەڕانێکی بەردەوامدایە، بۆ شانۆ هەبوو، بەڵام بێکێت و یۆنێسكۆ لە دیدێکی دژە شانۆیەکی ناتورالیزم و داب و نەریتئاسادا یەک دەگرنەوە، لە فۆرم و شێوازدا لە یەکتری نزیک دەبنەوە و لە ناوەڕۆکدا لە یەکتری دوور دەکەونەوە.