“بۆچی؟” دوا نمایشی پیتەر بروک

پیتەر بروک لە ساڵی ٢٠١٩ بە نمایشی بۆچی؟ لە شانۆی “بوف دو نورد” کۆتایی بە گەشتێکی شانۆیی زیاتر لە حەفتا ساڵی تەمەنی خۆی هێنا.١ بۆ قسە کردن لەسەر ئەم نمایشە، لەوە باشتر نییە، لەم گوتەیەی پیتەر بروک خۆیەوە دەست پێ بکەین: “من ئەم چیرۆکە بۆ ئێوە دەگێڕمەوە، بۆ ئەوەی ئەو بیرۆکەیەتان لەگەڵ بەش بکەم؛ کە شانۆ دابەش نەکراوە بەسەر هیچ جۆر و بەشێکدا، بەڵکوو سەبارەت بە ژیانە. ئەمەیش تەنیا دەروازەیەکە و هیچ شتێکی تر نییە لەم بنەمایە زیاتر.”٢

“بۆچی؟”

بۆچی پیتەر بروک ئەم ناونیشانەی بۆ دوا نمایشی ژیانی هەڵبژاردوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەیش چەندین ڕەهەند لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە، ئەگەر لە ڕووی زمانەوانییەوە وەریبگرین، ئەوە خودی وشەکە بۆچی؟٣ لە زمانی ئینگلیزیدا جۆرە کرانەوەیەک لەخۆ دەگرێت، هەروەها هێمایەکە بۆ تاقیکردنەوەی شتێک، کە دەنگی وشەکە پرسیارئامێزە، کە بیرکردنەوەی مرۆڤ بەرەو شتێکی تر، دید و بیرکردنەوەیەکی تر و ئەزموونێکی تری دەبات.

  بۆچی؟ بەرەو جۆرێکی تر لە بیرکردنەوە و شتە گونجاو و دیارەکانمان دەبات، یاوەخود بە پێچەوانەوە: ئەوەی هەیە، بۆچی هەیە و چۆن دەکرێ بە جۆرێکی تر بیری لێ بکەینەوە. ئەم پرسیارەیش بۆ کەسێکی وەک پیتەر بروک، کە زیاتر لە حەفتا ساڵ چەمک و پرسیارە شانۆییەکانی لەنێو هزر و تەکنیک و دیدی جۆراوجۆردا ئاڵوگۆر کردووە، شتێکی ئاساییە. بروک تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی بە دوای دۆزینەوەی وەڵامە جیاوازەکاندا گەڕاوە، کە بۆچییەکان بەردەوام لای ئەو دەیوروژان:

بۆچی نمایشی شانۆیی پێشکەش دەکەین؟

بۆچی نواندن لەسەر شانۆکان دەکەین؟

بۆچی سەبارەت بە شانۆ دەنووسین؟

چی ڕوودەدات، لە بەرکەوتنمان لەگەڵ فۆرمە جیاوازەکاندا؟

چ جۆرە فەنتازیایەکمان بۆ دەکاتەوە، بیرکردنەوەیەک، هەست و سۆزێک و ئەگەرەکانی ژیان؟

  چۆن دەتوانین، وەک ئەکتەر و بینەر، گەشە بە جۆرە پەیوەندییەک بدەین، کە لەگەڵ زمانی شانۆ و زانستە شانۆییەکاندا، کە شانۆ باسیان دەکات و بەرجەستەیان دەکات؟٤

  پیتەر بروک بە ساکاری، سەبارەت بە بۆچی؟ دەڵێت: “ئەوەی جێگای سەرنجە، دەگەینە خاڵێک، لەوێدا مرۆڤ، بە هۆکاری زۆر سرووشتی، پرسیار لە خۆی دەکات: ئەرێ ئائەمە چییە؟ بۆچی؟ لێرە چی دەکەین؟ مرۆڤبون ئاوایە؟ لە سەرەتاکانی ١٩٠٠ەکاندا، کۆمەڵێک مرۆڤ هەبوون، چەندین پرسیاری ڕاستەقینەیان کردوە، وەک هەموو ئەو پرسیارانەی مرۆڤ لە تەمەنی جیا جیادا سەبارەت به‌ فەلسەفە و مۆسیقا دەیکەن. لەم کاتەدا کەسانی وەک گرەیک، ئارتۆ، ستانیسلاڤسکی، برێشت هاتن. چەند کەسانێکی زۆر بەهرەمەند بوون، کە ئەزموونێکی کردەیی و پراکتیکی قووڵیشیان هەبوو، لەوە ڕامان: هەر بە ڕاستی ئائەمە چییە؟

  ئێمەیش بڕیارماندا دەقێکی شانۆیی ئامادە بکەین، کە بە شێوەیەکی گشتی و لە بنەڕەتدا لەسەر بنەماکانی ئەو تێکستانە ڕۆبنرێت، کە ئەوان نووسیویانە و تاقیانکردۆتەوە. دەقەکەیش تەنیا دوو کارەکتەر بن، بۆ ئەم مەبەستە هەردوو ئەکتەری ناوازە “مارسێلۆ ماگنی”٥ و “کاسرین هانتەر”٦مان هەڵبژارد و دوو مانگ لەمەوبەر وارکشۆپێکمان کرد.٧ هەر لەسەرەتاوە، کە ئەو تێکستانەمان خوێندەوە، هەوڵماندا بەشێکیان بە ڕاگۆزاری نمایش بکەین، هەستمان کرد، لێرەدا شتێک هەیە، جێگای سه‌رنجه‌ بۆ هەموو ئەوانەی حەزیان لە شانۆیە؛ بۆ گەنجەکان، خوێندکاره‌کان، بەڵێ شتێکی ئێجگار جوانه.” ٨

“بۆچی؟” و پانتاییە بۆشەکان

سێ ئەکتەر لەسەر شانۆیەکی بۆش نمایشی بۆچی؟ دەکەن. سەرەتا هەر سێ ئەکتەرەکە، چەند دەقێکی جیاوازی شانۆکارە گەورەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوویان بۆ نموونە: گۆردن گرەیک، ئەنتۆنان ئارتۆ، ستانیسلاڤسکی، گرۆتۆفسکی… دەڵێنەوە. دەقەکانی ئەم شانۆکارانە، لەسەر ڕووپەری چەند پارچە کاغەزێک بە نێو پانتایی شانۆکەدا بڵاو کراونەتەوە. ئەکتەرەکان، بێ هیچ ڕێکەوتنێکی پێش وەختە یەکێک لەم لاپەڕانە، کە دەقە تیۆرییەکانی ئەو شانۆکارانەی لەسەر نووسراوە هەڵدەگرن و بە دەنگی بەرز بۆ بینەرانی ده‌خوێننه‌وه‌. دوای ئەوە هەوڵ دەدەن، بزانن مەبەستییان لەم دەقانە چییە و مانای چی دەگەیەنێت؟ بێگومان ئەم خوێندنەوەیە و گەڕان بە دوای ماناکانیدا، ده‌بێته‌ گەمەیەک و نواندنێکی جیاواز لەنێوان ئەم سێ ئەکتەرە و هەروەها بینەرانیشدا.

  لەم جۆرە نمایشەدا، کە زۆر تایبەتە و زیاتر لە کاری لابوور و ده‌مه‌ته‌قێیەکی قووڵ سەبارەت بە شانۆ و هونەری نواندن دەچێت، وەک لە نمایشێکی تەواو، چۆن دەکرێ “بینەر” لەم نمایشە بگات؟ یان بە دیارییەوە دابنیشێت؟ چۆن ئەکتەرەکان لەم جۆرە نمایشەدا متمانە لەنێوان خۆیان و بینەرەکانیاندا دروست دەکەن، کە ڕەنگە هەندێکیان بەم جۆرە نمایشانە ڕانەهاتبن، یان ئەم جۆرە تەکنیکە جێگای سەرنجییان نه‌بێ؟ لێرەدا وشەی بۆچی؟، کە ناونیشانی نمایشەکەیە ئەو دەرگایە بە ڕووی دید و هەست و هۆشماندا دەکاتەوە، کە ئێمه‌ی بینه‌رانیش بە بۆچییەک ڕووبەرووی بۆچی؟  نمایشەکە ببینەوە. بۆچی ئەم نمایشە؟ بێگومان هیچ وەڵامێکی ئاشکرا، یان وەڵامێکی دیاریکراو سەبارەت بەم بۆچییە؟  نییە، تەنانەت هیچ وەڵامێکیش نییە بۆچی شانۆ دەکەین و بۆچی دەچین بۆ شانۆ؟

  ئەم سێ ئەکتەرە چیرۆکێکی پڕ لە فەنتازیامان سەبارەت بە سەرەتا بەراییەکانی شانۆمان بۆ دەگێڕنەوە. کە خواوەند دنیای دروست کرد و گەیشتە حەوتەم ڕۆژی ئەم خوڵقاندنە، ڕۆژی پشوو، بێزار بوو، مرۆڤەکانیش ناچالاک و پاسیڤ بوون. لێرەوە خواوەند بیرۆکەیەکی بۆ دێت: با شانۆ بکەین! مرۆڤەکان بەمە زۆر دڵخۆش دەبن و یەکسەر کەوتنە خۆ و شانۆییان پێشکەش کرد. خۆیان دابەش کرد بەسەر چەندین جۆردا- ئەکتەر، دەهێنەر، سینۆگرافەر، تەکنیکار، فرۆشیاری بلیت… هتد. هەر دوای ئەمە یەکسەر مرۆڤەکان دەکەونە ململانێ و پێشبڕکێ لەگەڵ یەکتری. هەموو یەکە یەکە دێنە پێشەوە؛ دەرهێنەر دەڵێت، من لە هەمووتان بۆ شانۆ گرینگترینم، ئەکتەر دەڵێت، نەخێر وانییە و من گرینگترم، لەولاوە شانۆنامەنووسەکان هاوار دەکەن، کە بێ ئەوان شانۆ نابێت… هتد. لەنێو ئەم هات و هاوارەدا، هیچ کام لەمانە ناتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە هونەری شانۆ بە چ شێوەیەک گەشە دەکات و چۆن نوێ دەکرێتەوە. ئەم کێشەیە، کە دروست دەبێت، دەبێتە جۆرە ئاژاوەیەک وا دەکات، بیرۆکەی دروستکردنی شانۆ چەندە ئامرازێکی گرینگ و چێژ بەخشە بۆ مرۆڤەکان، هێندەیش هەڵەیەکی گەورە و ترسناك بێ.

  لێرەدا، خواوەند یەکێک لە فریشتەکان، وەک نمایندەی خۆی دەنێرێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی، تا بە تەنیا یەک پەیام، کە تەنیا لە یەک وشە پێکهاتووە، بە مرۆڤایەتی ڕابگەیەنێت: بۆچی؟

  وشەی بۆچی؟ لەم نمایشەدا، بە گەورەیی بەسەر دیواری بەرامبەر بینەرانەوە، بەهۆی ئامێری داتا و سلایتەوە، دەردەکەویت و بینەران هەمیشە لە بیری ئەوەدان، کە بۆچی؟

قوربانییەکی شانۆ لە “بۆچی؟”دا

یەکێک لەو کەسانەی، کە ژیانی خۆی لە پێناوی شانۆدا داناوە و ژیانی هونەری خۆی وەک دەرهێنەرێک کردۆتە قوربانی و لەم هونەرەدا ڕەنگی داوەتەوە، دەرهێنەری ڕووسی “فیسیفۆڵد مایرهۆڵد”۹ە، ١٨٧٤-١٩٤٠ کە بەشی دووەمی نمایشی بۆچی؟ پێک دەهێنێت. ئەم بەشەی نمایشەکە باسی چارەنووسی ئەم هونەرمەندە دەکات.

  مایرهۆڵد قوتابی ستانیسلاڤسکی بوو، بەڵام خۆی ڕابەری مۆدانیزم و شانۆیەکی مۆدێرنە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم هونەرمەندە ئەوە بووە، کە فۆرمێکی نوێ بۆ شانۆ، بۆ پانتاییە شانۆییەکان و بۆ دیدی دەرهێنەر و ته‌کنیکێکی تازه‌ی بۆ ئه‌کته‌ر داهێنا. یەکەم شت کردی، ئەوە بوو پەردەی شانۆی لابرد و سیستێمی بلیتی بۆ شانۆکەی وەلاوە نا. ئەو لەو جۆرە هۆڵانەدا نمایشی دەکرد، کە دەکرا بە ئاسانی ئاڵوگۆڕی تیا بکرێت و هیچ جۆرە سنوورێکی لەنێوان ئەکتەر و بینەراندا نەهێشت. مایرهۆڵد توانی لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، چەند مەشقێکی تایبەت بە ئەکتەر دابهێنێت، کە دواتر بە “بیۆمێکانیک” ئاماژەی بۆ کرد و بووە بەشێک لە دیدە هونەرییەکەی و تێڕوانینی خۆی بۆ هونەری نواندن و دەرهێنان، کە هەنگاوێکی گرینگ بوو بۆ شانۆی مۆدێرنی ئەوروپی. ئەوەی لەم مەشقانەی مایرهۆڵد زۆر گرینگ بوو، ئەوە بوو، بنەمای مەشقەکانی لەسەر کرداری فیزیکی ڕۆنا بوو، کە زۆر جیاواز بوو لەو ڕێباز و سیستێمە شانۆییە ناتورالیزم و سایکۆلۆژییەی، کە هەموو شانۆی ڕووسی لەسەر بونیاد نرابوو. بەمەیش هەموو هاوکێشەکانی هەڵگێڕایەوە و ڕێگای بۆ جۆرێکی تر لە شانۆ کردەوە. مایرهۆڵد بڕوای بەو شۆڕشە کۆمۆنیستە نوێیەی یەکێتی سۆڤییەت بوو، هەر لەبەر ئەوەیش بوو، بڕوای بە گۆڕانکاری هەبوو، شانۆیش بۆ ئەو ئەو ڕێگایە بووە، کە وەک ناوچەیەکی ئازاد، زونێکی بەدەر لە هەموو شتەکان، بنەمایەک بێ بۆ گۆڕانکاری و گومان کردن. هەر لەم ڕێگایەوە بەردەوام ئەم پرسیارانەی کردووە، بۆچی شانۆ؟ چۆن؟ و بۆچی؟

  مایرهۆڵد بە هیچ شێوەیەک بەوە قایل نەبوو، فۆرمەکانی شانۆ لەلایەن ئایدۆلۆژیا و دەسەڵاتەوە دیاری بکرێن. بێگومان ئەم دیدە ئازادە هونەرییەی مایرهۆڵد جێگای ڕەزامەندی ستالین نەبوو، هەروەها بە هیچ شێوەیەکیش لەنێو پرۆگرامی سیاسەتی کولتووری وڵاتەکەیشدا جێگای نەبووەوە. سەرەتا شانۆکەی لە دەست دا، دوای ئەوە ژنەکەی و دواجاریش خۆی لەلایەن پۆلیسی نهێنییەوە، بەشێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە و قێزەوەرانەوە پارچە پارچە دەکرێن. مایرهۆڵد دەگرن، ئەشکەنجەی دەدەن و دواجاریش ژیانی لێ دەسێننەوە. تەنیا تاوانی مایرهۆڵد ئەوە دەبێ، کە بڕوای بە فۆرمە سەربەستەکەی شانۆ هەبوو، ئەوەی ئەویشی سەرقاڵ کردبوو، وشەی بۆچی؟ یەکی ساکار بوو.

لە تیۆرەوە بۆ پراکتیک

بەشی یەکەمی نمایشەکە، هەندێک ئەبستراکە، تیۆرییە، کە زیاتر جۆرە هەڵکۆڵینێکە لە خودی ماناکانی شانۆ و ئامڕازەکانی. “بەشەکەی تری بەرجەستەکردنێکی کۆنکرێتی، کە سه‌رنجی خستبووە سەر؛ ئەگەر ئامڕاز و بنەما مانابەخشە پراکتیکییەکانی شانۆ بەشێوەیەکی خەتەرناک بەکار هێنرا، چی ڕوودەدات.”۱۰ “هەردوو بەشەکە لە پانتاییەکی تەواو بۆشدا نمایش دەکرێت، بە شێوەیەک لە جەستەی ئەکتەرەکان و چەند ئامڕازێکی تری ساکار زیاتر هیچ شتێکی تر نابینین و لە دەنگی ئەکتەرەکانیش زیاتر گوێمان له‌ هیچ شتێکی تر نابێت.”١۱ هەمووڕووداوەکان لەم پانتاییە بۆشە دیاریکراوەدا بەرجەستە دەکرێت.

  ئەو سێ ئەکتەرە، بە شێوەیەکی زۆر ساکار لەسەر فەرشێکی ڕۆژهەڵاتی وەستاون، کە تەنیا سینۆگرافیای نمایشەکەیە، باسی شتێک دەکەن، لە مێژە لە شوێنێکی تر ڕوویداوە، لەگەڵ ئەوەیشدا، بە شێوەیەکی قووڵ ئەو بۆچی؟ یەی لای بینەران دەوروژاند! هەموو نمایشەکە، بە تایبەتی ئەو بەشەی سەبارەت بە ژیانی مایرهۆڵدە، بووە ڕەوشێکی ئەو ساتە و هەموو ساتەکان: بۆچی؟

  شانۆ فۆرمێکە، کە لە کاتێکی دیاریکراودا کۆمەڵێک کەس لەخۆی کۆدەکاتەوە، جا لە ژوورێکی داخراو یاوەخود لە پانتاییەکی کراوەدا بێت، ئەم فۆرمە شانۆییە جۆرە ئەزموونێکمان پێ دەبەخشێت، کە لە هەموو ژیاندا لەگەڵ خۆمان هەڵیبگرین و کاریگەری هەبێت.

  لە دەرەوەی ئەم پانتاییە دیاریکراوەیشەوە هونەرمەند “لۆری بڵاندێل”١٢، لەسەر ئامێرێکی مۆسیقی دانیشتووە و ریتمی نمایشەکە، بە چەند میلۆدییەکی تایبەت ڕادەگرێت.

  بۆچی؟ بۆ پیتەر بروک لەم نمایشەدا، وەک وشەیەکی پڕ لە ڕاز و نیاز و نهێنی، دەبێتە چیرۆکێکی میللی؛ لە ڕێگای دروستکردنی ئەم چیرۆکەوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ مێژووی شانۆ و ڕۆڵی شانۆ لە کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤدا، لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا. سەرەتا ئەو سێ ئەکتەرە ئەم چیرۆکە لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن و دەست دەکەن بە گێڕانەوەی. ۱٣

  نیو سەعاتی یەکەمی نمایشی بۆچی؟ پڕە لە خەندە و گەمەیەکی خۆشی ئەکتەر. لەم بەشەدا ئەکتەرەکان ئەوە پیشانی بینەران دەدەن، کە دەقە شانۆییەکان چۆن دەتوانن وا لە بینەران بکەن، کە لە بوونی خۆیان بگەن، بەڵام لە بەشی دووەمدا، هەموو شتێک سەخت دەبێت و ڕەوشێکی تاریک و پڕ لە دڵەڕاوکێ باڵ بەسەر شانۆکەدا دەگرێت، لەم بەشەدا ئەکتەرەکان باسی ئەو چارەنووسە تراجیدیایەمان بۆ دەکەن، کە “مایرهۆڵد” دووچاری دەبێت. لەم بەشەدا، دیمەنێکی کورتی ئێستاتیکای نمایشی پشکنەر-ی گۆگۆل-١٤مان بۆ بەرجەستە دەکەن، کە مایرهۆڵد لە ساڵی ١٩٢٦دا لە مۆسکۆ نمایشی دەکات و بە یەکێک لە شاکارە گەورەکانی مێژووی شانۆی جیهانی داده‌نرێت. “پیتەر بروک لەم دیمەنەدا، لە ساتێکی لە پڕی تاریکی سەر شانۆکەدا، ئەکتەرەکان دەگۆڕێت بە پەیکەری لە مۆم دروستکراو، بینەرانیش، کە شاپڵیتەی ئاگرییان بەسەردا دابەش کراوە، داوایان لێ دەکرێت بێنە سەر شانۆ، تا ئەو رژێمە کۆنە بسوتێنن.”۱٥ لە چاوتروکانێکی ئەفسوونیدا، بە جەستە و پانتۆمایم ئەو دیمەنەمان بۆ بەرجەستە دەکەن.

  لە بەشی دووەمی بۆچی؟ دا، بروک بە شێوەیەکی دۆکیومێنتاری ئەو ساتانەی ژیانی مایرهۆڵد-مان لە بەندیخانە، لە کاتی ئەشکەنجەدان، کوشتنی ژنەکەی، هەروەها کوشتنی خۆشی، بۆ دەگێڕێتەوە. ئەکتەرەکان بە نۆرە نامە و دەنگ و باسی میدیاکانی ئەو ڕۆژگارە، گۆڤار و ڕۆژنامەکان دەخوێننەوە. مایرهۆڵد، لەو سەردەمەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە “شانۆ چەکێکی زۆر خەتەر ناکە”، مەبەستی مایرهۆڵدیش ئەوە بووە، دەکرێت، ئەو چەکەی هونەرمەندەکان بەکاری دەهێنن، خەتەر ناک بێت. بروک لە نمایشی بۆچی؟ دا ئەو چەکەمان پیشان دەدات، کە بە شێوەیەکی ترسناک سەرکردە توتالیتارەکان دژی هونەرمەندەکان بەکاری دەهێنن.

  ژنەکەی مایرهۆڵد، کە ئەکتەرێکی گەورەی سەردەمەکەی خۆی دەبێت، بە ١٧ چەقۆ جەستەی پارچە پارچە دەکرێت، ئەو کەسەی ئەم تاوانە قێزەوەنە دەکات و جەستەی ئەم خانمە ئەکتەرە بە ١٧ چەقۆ خڵتانی خوێن دەکات، هەردوو چاویشی دەردەهێنێت. پیتەر بروک، لەم نمایشەدا، ئەم تاوانی چاودەرهێنانە دەبەستێتەوە بە شانۆنامەی شالیر-ەوە، کە خۆی لە شەستەکاندا کاری تیا کردووە. لە شالیر دا، گۆنریل و ریگن، کچەکانی لیری پادشا، بە یارمەتی ئیدمۆند، کوڕە زۆڵەکەی گلۆستر، هەردوو چاوی گلۆستر دەردەهێنن و ئەشکەنجەی دەدەن.

  بۆچی؟ بەو ساتە کۆتایی دێت، کە یەکێک لە ئەکتەرەکان، بە تەکنیکێکی بەرز، ئەشکەنجەی چاوەکانی خۆی دەدات.

ژیان تراجیدیایەکە پێویستی بە هیچ جۆرە تەکنیکێک نییە.

شەوی یەکەمی نمایشی بۆچی؟، کە بینەران لە کۆتایدا کەوتنە چەپڵە لێدان، یەکێک لە ئەکتەرەکان ڕوو دەکاتە پیتەر بروک، کە لەناو بینەراندا دانیشتبوو، دەست دەکات بە چەپڵە لێدان بۆ بروک، بروک هەڵدەستێتە سەرپێ و بە خەندەوە سەیری ئەکتەرەکانی دەکات، دوای ئەوە هەموو بینەران هەڵدەستنە سەرپێ و بۆ ماوەیەکی درێژ چەپڵە بۆ پیتەر بروک لێ دەدەن، وەک ڕێزێک بۆ ئەو ژیانە دوورودرێژەی خۆی، کە بۆ شانۆی تەرخان کردووە. بەم ئاماژەیە، بەم چەپڵە ڕێزانە و بەم نمایشی بۆچی؟ یە، پیتەر بروک چەپڵە بۆ مایرهۆڵد لێ دەدات، کە بە ژیانی و بە کارەکانی توانی متمانە بە  بۆچی؟ لە کاری شانۆدا ببەخشێت.١٦

  دوای ئەم هەموو ساڵە، دوای گەڕان و هەوڵی ئەو هەموو شانۆکارە گەورەیەی دنیا، بە درێژایی مێژوو، لە یۆنانی کۆنەوە تا ئەمرۆ، ئەم پرسیارە دووبارە دەبێتەوە:

بۆچی شانۆ؟


سەرچاوەکان:

١-نمایشی “بۆچی؟” لە نووسین و ئامادەکردنی پیتەر بروک و ماریە-هێلێنا ئێستینە و لە دەرهێنانی بروک، بۆ یەکەمجار لە ١٩/٦/٢٠١٩دا لەسەر شانۆی “بوف دو نورد” لە پاریس نمایش کراوە.

٢-Benér, Theresa. Europeisk scenkonst, Peter Brook. 29 media, Malmö, 2020

٣-Why?

٤-Benér, Theresa. Europeisk scenkonst, Peter Brook. 29 media, Malmö, 2020. S.12

٥-Marcello Magni

٦-Kathryn Hunter

٧-دواتر ئەکتەرێکی تریش، “هەیلی کارمارکل”  Hayley Carmichael  دێتە نێو ئەم ستافە بچووکەوە.

٨-Benér, Theresa. Europeisk scenkonst, Peter Brook. 29 media, Malmö, 2020. S.201

۹-Vsevolod Meyerhold

۱۰-Green, Jesse, Peter Brook Asks the Ultimate Question in “Why?”. The New York Times, Sept 2019

١۱-هەمان سەرچاوەی ژمارە ١٠.

١٢-Laurie Blundell

۱٣- Green, Jesse, Peter Brook Asks the Ultimate Question in “Why?”. The New York Times, Sept 2019

١٤-Nikolaj Gogol

۱٥-Green, Jesse, Peter Brook Asks the Ultimate Question in “Why?”. The New York Times, Sept 2019

١٦-Benér, Theresa. Europeisk scenkonst, Peter Brook. 29 media, Malmö, 2020. S.15