ئەزموونی نووسینی شانۆیم و پانۆرامای شانۆی ئەورووپی

لە هەشتاکاندا، کە قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەکان بووم، دواتریش، کە لە سلێمانی تیپی شانۆی ئەزموونگەریمان دامەزراند، شانۆیەکی فیزیکی، کە لەسەر بنەماکانی جەستە و جووڵەی ئەکتەر و بونیادی وێنەی شانۆیی و دەنگ و بەکارهێنانی سینۆگرافیایەکی بزۆزوە ڕۆ نرا بوو، جێگای سەرنجم بوو. هەر بەو ئاڕاستەیەشدا کارم دەکرد. نمایشی “چیرۆکی باخچەی ئاژەڵان”ی ئەدۆار ئەلبی،۱ نموونەیەکی کارەکانم بوو.

  سەرچاوەکانی ئەم دیدە شانۆییە دەگەڕایەوە بۆ نموونە، سەرسامیم بە ئارتۆ لەلایەک و گرۆتۆڤسکی، جۆلیان بێگ و دواتریش پیتەر برووک و ڕەوتە شانۆییەکانی تر، کە ئەوانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ژێر کاریگەری ئارتۆدا بوون، لەلایەکی ترەوە.

  ژیانی تاراوگە و تێکه‌ڵاوبوونم بە شانۆی ئەوروپییەوە، زۆر شتی لا گۆریم. لە نزیکەوە ئەو شانۆیەم بینی، کە تا ئەو کاتە، هەر لەنێو بەرگی کتێبە عەرەبییەکاندا بەرییان کەوتبووم و هیچ ئەزموونێکی کردەیی و ڕاستەوخۆم، تەنانەت وەک بینەریش بە شانۆی ئەوروپییەوە نەبوو. لێرە بەر شانۆیەکی تر کەوتم، ئێستاتیکایەکی تر، دیدێکی تر بۆ شانۆ، کە زیاتر لەنێو بێدەنگییەوە، لەنێو جۆرە نادیاری و ڕەوشێکی پڕ لە ڕاز و نیازەوە کاری دەکرد.

  لە کوردستان بێکێت-م خوێندبووەوە، لە برێشت گەیشتبووم، کتێبێکیشم لەسەر ئارتۆ نووسی بوو، بەڵام لێرە، کە ڕاستەوخۆ بەر شانۆی ئەوروپی کەوتم، لەوە گەیشتم لە بێکیت نەگەیشتووم، برێشت ئەوە نەبوو، کە من تێگەیشتبووم، ئارتۆ، کە تا ئێستایش سەرسامم بە کارەکتەرەکەی، بە میتۆدەکەی، کاریگەرییەکانی بەسەر شانۆی ئەوروپییەوە لە چەندین ئاڕاستەی تردا کۆدەبنەوە، نەک تەنیا تەکنیک و تیۆر و پراکتیک، بەڵکوو پەلی هاویشتووە بۆ زۆر بوار و لایەنی تری هزری و فەلسەفی.

  ئەوەی من لەسەرەتای نەوەدەکاندا لە ستۆکهۆڵم، لەندەن، بەرلین و پاریس دەمبینی، بەلامەوە نامۆ بوون، نەمدەزانی بە چ شێوەیەک شێکاری بۆ بکەم، چونکە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو وێنەیەی من بۆ شانۆی ئەوروپی لە کوردستان، لە هزر و ئەندێشەی خۆمدا دروستم کرد بوو، یەکی نەدەگرتەوە!

  هەندێک جار دەچووم بۆ بینینی نمایشی دەرهێنەرێکی گەورە، لە شانۆیەکی ڕووت، چەند دیمەنێکی ساکار، سێ، چوار ئەکتەر بەولاوە هیچی ترم نەدەبینی. دیالۆگی کارەکتەرەکان و ئەو ڕووداوانەی دەقەکەی پێکهێنابوو، لە ڕەوتێکی ژیانی ڕۆژانەدا دەسوڕانەوە، بۆ نموونە پانتاییەکی تەواو داماڵراو لە هەموو شتێک، لە پر بە کورسییەک دەبووە نەخۆشخانەیەک، یان کەنیسە و هۆڵی ماڵێکی دوو کەسی گەنج، یان سەرەڕێگایەک. هیچ جۆرە تەم و مژ و نادیارییەک لە ئارادا نەبوو. هەموو شتێک لە ڕووکاری دەرەوە ڕیالیزمێکی داماڵراو، ئێستاتیکایەکی سمبولیزم، بەڵام دوور لە هەموو جۆرە ئاڵۆزییەکەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، کە لە هۆڵی نمایشەکە دەهاتمە دەرەوە، چەندین پرسیارم لا دروست دەبوو، بۆ نموونە ئەو کارەکتەرە یان ئەویتریان کێ بوون؟ بۆ لە پڕ لەوێدا دەرکەوتن، یان چووە دەرەوە؟ بۆ دیمەنەکە، بە تایبەتی لەوێدا کۆتایی هات؟ هەندێک کارەکتەر هیچ جۆرە جووڵەیەکی دەرەکی و ناوەکییان نەبوو، ئەی بۆچی لە کۆتاییدا بەو شێوەیە دەرکەوت. ئەم جۆرە لە ڕیالیزمێکی سمبۆلیزم لە شانۆنامەکانی بێکێت-یان نزیک دەکردمەوە، زیاتر لە گاریگەرییەکانی ئەو بێدەنگییەی بێکێت خوڵقاندبووی دەگەیشتم. لێرەوە زیاتر لە پیتەر بروک نزیک بوومەوە، بە تایبەتی لە ڕووە هزرییەکەوە، کە چۆن لە شەستەکاندا، کە “شالیر”ی خستە سەر شانۆ، بە یارمەتی لێکۆڵینەوەکانی ڕەخنەگری پۆڵۆنی “یان کۆت”۲ گەڕابووەوە بۆ بێکێت. برووک لە بێکێت-دا دیدی خۆی بۆ تێڕوانینە هونەرییەکانی، لە خوێندنەوەی شالیردا دۆزیبووەوە.

  ئەو نمایشانەی لە سوید یان لە وڵاتانی تری ئەوروپادا دەمبینین، بە تایبەتی بەرلین، کە لەم سیی ساڵەی دوایدا بۆتە گرینگترین پایتەختەکانی شانۆ لە ئەوروپادا، تووشی سەر سووڕمان دەهاتم. له‌و نمایشانەی، کە نووسەرە شانۆییەکانییان، گەنجەکانی ئەمڕۆی ئەوروپان، هیچ جۆرە سەرەتا و ناوەند و کۆتاییەکم نەدەبینی، هێڵێکی لۆژیکی بۆ ڕووداوەکان نەبوون، کێشە و ململانێ بوونی نەبوو، کارەکتەرەکان بوونێکی دیاریکراوییان لەخۆ نەدەگرت.

  لە بەریتانیا، کە بە بۆچوونی من بە مەڵبەندی شانۆی جیهانی دادەنرێت، نەک هەر لەبەر ئەوەی خاوەنی “شەکسپیر”ن، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هونەری نواندن، دەرهێنان، تەکنیک لەم وڵاتەدا گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز، ئەمە جگە لەو مێژووە دێرینەی ئەم شانۆیە، کە بووە بە داب و نەریتێکی گرینگ و لایەنێکی بەبەهای ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی. شانۆ ببووە شتێک، کە ڕەخنەگر و تەنانەت شانۆکارانیش بە in-yer-face theatre ئاماژەیان بۆ دەکرد.٣ هارۆڵد پینتەر و سارا کین٤ و شانۆی “ڕۆیاڵ کۆرت” ڕۆڵێکی گەورەیان لەم بوارەدا گێڕاوە.

  لە نەوەدەکاندا، بە حوکمی ئەوەی دراماتۆرگ بووم لە شانۆی گەل لە سوید، چەند جارێک سەردانی شانۆی ڕۆیاڵ کۆرت-م کرد و لەگەڵ دەرهێنەر و دراماتۆرگەکانیاندا باسی ئەوەمان دەکرد، کە شانۆ دەبێت چۆن بێت؟ چ ڕۆڵێکی هەبووە و ئێستا چ ڕۆڵێکی هەیە. هەر ئەم شانۆیە ساڵانە وارکشۆپیان بۆ نووسینی دەقی شانۆیی دەکردەوە، چەندین شانۆکاری ئەوروپی لەم وارکشۆپانەدا بەشدارییان کردووە.

  ئەوەی جێگای سەرنجە، دەقە کلاسیکییەکانی شەکسپیر، مولییر، ئیبسن، ستریندبێرگ، چێخەف… هتد لە نمایشە نوێیەکاندا، دەبوونە شتێک بە هەموو شێوەیەک دوور لە بنەما کلاسیکییەکانی شانۆوە، ئەو دیدە مۆدێرن و دواتریش پۆستمۆدێرنەی شانۆ، ئەم دەقانەی تەواو هەڵوەشاند و سەرلەنوێ لە نمایشێکی، هەندێک جار ئێجگار جواندا پێشکەش دەکران.

  ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کاریگەرییەکانی بێکێت-م بۆ دەردەکەوت، ئەم کاریگەرییانە، هێدی هێدی لە جەستەی شانۆی ئەوروپیدا، لە ڕووی فۆرم، تەکنیک، دیدی دەرهێنەرەکان، ناوەڕۆکی دەقە نوێیەکانی شانۆنامەنووسە گەنجەکانی ئەمڕۆی ئەوروپادا بڵاو دەبوونەوە.

  لەم ڕووەوە “سارا کێن” لە لەندەن وەرچەرخانێکی گرینگ بوو، پینتەر بەر لە کێن، کەوتبووە نێو تەڵەکەی بێکێت-ەوە، بەڵام پینتەر زۆر بە ورییاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم هزرە بێکێتییە کرد، لەو ڕووەوەی پینتەر توانی هزرە ڕەشەکەی بێکێت و تەکنیکە تەواو ئەبستراکتەکەی لە تەکنیکێکی تردا بنووسێتەوە. پینتەر توانی تەکنیکێکی تایبەت بەخۆی بدۆزێتەوە، کە کاری کردە سەر نەوەیەک لە شانۆنووسانی نوێی دنیا. پینتەر هزرە سەخت و قووڵە ڕەش و فۆرمە ئەبستراکتەکەی بێکێت-ی هێنایە ناو ژیانی ڕۆژانەی کارەکتەرەکانییەوە. ئەم ڕەوتە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی بەسەر زۆربەی شانۆکارانی ئەوروپاوە بەجێ هێشت، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا “ماریۆس ڤۆن ماینبۆرگ” لە سوید “لاش نۆرێن” و لە دانیمارک “پیتەر ئاسموسن” لە نەرویژ “یۆن فۆسە” و دواتریش “ئاڕنە لێری”. ئەوەی خاڵی هاوبەشی ئەم شانۆنامەنووسانەیە، ئەوەیە، کە باسی ئەو مرۆڤانە دەکەن، کە لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا دەژین، ئەو مرۆڤانەی هەرگیز جێ پێی خۆیان ناکەنەوە و لە پەراوێزی کۆمەڵگەیەکی ڕواڵەت ئاسا و بێ بەهادا ون دەبن. نەوەیەکی بێلانە و بێدەرەتان.

  ئەوەی لەم دەقە نوێیانەی شانۆی ئەوروپیدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە ململانێی نێوان پاڵەوانەکان و ڕووداوەکانی نێو دەقەکانیان ئاڕاستەیەکی تر لەخۆ دەگرێت، یان دەتوانین بڵێین پاڵەوان بوونی نییە. شەڕی نێوان ئەم دەقانە، شەڕی ململانێی چینایەتی و بورژوازییەت نییە بەو شێوەیەی لە شانۆنامە تقلیدییەکاندا دەخرانە ڕوو، یان شەڕی نەوەکان و پەردە هەڵماڵینی درۆکانی نێو کۆمەڵگە و خێر و شەڕ، بەڵکوو جیاوازییەکانی بیرکردنەوەی منداڵ و دایک و باوکەکان چ ئەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە، نەبوونی تێگەیشتن، کەس لە کەس ناگات، بێدەنگی و تەنیایی. ململانێکان زیاتر ناوەکین، وەک لەوەی لە ڕووکاری دەرەوە بتەقنەوە. ئەم دەقانە گەڕانەوەیەکە بۆ ناوەوە و پێداگرییەکە لەوەی، کە ڕاستییەکان لە قووڵاییه‌کان دان.

  لەم تەکنیکەدا دووبارە بوونەوە، بێدەنگییەکی ترسناک، هەندێک جار ڕیتمێکی هێمن، ترسێکی گەورە، هەروەها کۆمیدیایەکی ڕەش وێنای ئەو ململانێیە دەکات، کە شانۆی مۆدێرنی ئەوروپی لە ستریندبێرگ، ئیبسن و چێخەفەوە بۆی ماوەتەوە. بێگومان ئەم کولتوورە دەوڵەمەندە، لای بێکێت، کە دەبێتە سەرەتایەکی تر بۆ نەوەکانی دوای خۆی، ئاڕاستەیەکی تر وەردەگرێت، وەک لای سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە.

  لەم تەکنیکە نوێیەی شانۆنامەنووسە ئەوروپییەکاندا، کات ڕۆڵێکی گرینگی هەیە، بەڵام بە جۆرێکی تر. ستریندبێرگ لە شانۆنامەی “خەونەنمایشێك”دا دەرگایەکی فراوان بە رووی شانۆیەکی مۆدێرن و دواتریش پۆستمۆدێرندا دەکاتەوە. ئەم دەقەی ستریندبێرگ بەتەواوی یەکەی کات و شوێن تێک دەشکێنێت. شانۆنامەنووسەکانی ئەمڕۆ شوێن پێی ستریندبێرگ-یان هەڵگرتووە و یەکەی کات، هەروەها شوێنیش تێک شکێنراوە. کات چیتر ئەو کاتە نییە، کە لە شەو و ڕۆژێکدا، لە مانگ و ساڵەکاندا ژیانمان ڕێک دەخات، بەڵکوو کات ئامڕازێکی ترە، هەندێک جار فەلسەفییە و نامێنێ، هەندێک جار ڕەوتی کرۆنۆلۆژی خۆی لە دەست دەدات، هەندێ جاریش هەموو شتەکان لە دەرەوەی کاتەوە بەرجەستە دەبێت. لەم پانتاییەدا، زۆر ئاساییە کارەکتەرەکان ڕۆڵەکانییان بگۆڕنەوە، شوێنەکان بگۆڕن، تەنانەت ڕەگەزی پیاو و ژن ئەو گرینگییەی نەمێنێ.

  هەموو شتێک لەم دراماتۆرگییە نوێیەی شانۆی ئەوروپیدا لێکدانەوەی بۆ ناکرێت؛ ڕوونتر بدوێم، شانۆنامەنووسەکان هۆکارێک نادەن بە دەستەوە، ئەو کارەکتەرە، یان ئەویتریان بۆ بەو شێوەیە ڕەفتاریان کردووە. ئەمەیش ڕەوتی ڕووداوەکان لە دنیایەکی نادیاردا دەهێڵێتەوە، یاوەخود ئاوێزانی چەند چارەسەرێکی کراوەی دەکات. ئەم تەکنیکە بۆ نموونە لای “یۆن فۆسە” زۆر دووبارە دەبێتەوە. کارەکتەرەکانی فۆسە هیچ جۆرە شووناسێکیان نییە، بەڵام بنەمایەکی قووڵی سیکۆلۆژی لەخۆ دەگرن، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەنگەژە دەروونییە قووڵەی مرۆڤی ئەمرۆی کۆمەڵگەی ئەوروپی تووشی هاتووە. ئەم کارەکتەرانە، لە زۆربەی دەقەکانی شانۆنامەنووسەکانی ئەمڕۆی ئەوروپادا دووبارە دەبنەوە، ناتوانی بزانی بە چ دەردێکی دەروونییەوە گیرۆدە بوون، ئەمانە لەوێدان، لە شوێنێکی نادیاردا گیریان خواردووە، چۆن دەردەکەون، بە هەمان شێوەیش ون دەبن و دیار نامێنن. زۆر جار ئەم کارەکتەرانە وەڵامی هیچ پرسیارێک نادەنەوە، یان هیچ جۆرە پرسیارێک لە خۆیاندا هەڵناگرن، وەک “ئێستراگۆن” و “ڤلادیمێر” چاوەڕوانی گۆدۆیەکن، کە هەرگیز نایەت. خاڵێکی تری هاوبەشی، بەشێکی زۆری ئەم شانۆنامەنووسانە، ئەوەیە، کارەکتەرەکانیان هیچ ناوێک هەڵناگرن، بێ ناون: پیاو، ژن، کوڕ، دایک، باوک، کچ… هتد، ئەمەیش وا لەم کارەکتەرانە دەکات، شووناسێکی گەردوونی هەڵبگرن، پێناسەیەک بۆ ون بوونی مرۆڤی ئەم سەدەیە، بۆ نامۆ بوونێک، کە ڕەگەکەی لە قووڵایی ڕەوتی مرۆڤایەتیدا داکوتیووە.

 زمان لەم دەقانەدا لە لێوارەکانی سنوورەکانی نەبووندایە. زمان لە هەموو شتە زیادەکان پاککراوەتەوە و داماڵراوە؛ زمانی پەیوەندی نێوان مرۆڤایەتی، ئەوەی لە پەنجاکاندا “ئۆژین یۆنسکۆ” و دواتریش بێکێت بە قووڵی کاریان لەسەر دەکرد، لەم دەقە تازانەی ئەم نەوە نوێیەی شانۆنامەنووسەکاندا، پێگەی خۆی لە دەست داوە، ماناکانی ون کردووە، بەهای زمانی گفتوگۆ کردن نەماوە و کەس لە کەس ناگات. لێرەدا دووبارە بوونەوەکان، وشەی پچڕ پچڕ و ڕستە و دەستەواژەی نارێک و تەواو نەکراو، وەک کارەکتەرەکان لە خەونێکی قووڵدابن، پێوەدانگە درامییەکە و ستراکتوری کارەکتەرەکان دروست دەکات. ئەوەمان لە بیر نەچێت، زمانێکی شیعری، شیعرییەتێک، کە ڕیتمێک بەم زمانە دەبەخشێت، کارەکتەرەکان و ڕووداوەکان، چەندە قووڵ دەکاتەوە، هێندەیش دەوڵەمەندییان دەکات.

  سەرەتا ڕەخنەگرەکان، بینەرانیش ئەم تەکنیکە نوێیە و ئەم دراماتۆرگییەیان بە گران وێنا دەکرد، زۆر کەس ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد، لەمە ناگەم، بەدحاڵی بوونێک لەنێو ناوەندە شانۆییەکە و لای بینەرانیش دروست ببوو، دواتر هەر زۆر زوو ڕەخنەگرەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، کە ئەم واقیعە هێندە بە ئاشکرا، هێندە بە قووڵی خراوەتە ڕوو، سەختە بۆ ئێمە ددان بەوەدا بنێین، کە ئەوە ئێمەین؛ بەرگەی ئەو دۆزەخە بگرین، کە ئەم شانۆنامەنووسانە بۆمان باس دەکەن. لەبەر ئەوە، هەموو لەو ئاوێنەیەدا خۆمان دەبینین، هەر لەبەر ئەوەیشە پێویست ناکات بڵێین “بۆچی؟” بەڵکوو هەموو دەڵێن “بێ هیچ بۆچییەک”. هیچ شتێک پێویست بە ڕوونکردنەوە ناکات، هیچ شتێک ڕوون ناکرێتەوە، هیچ شتێک بە ڕوونکردنەوە ڕوون نابێتەوە.

  ئەوەی فۆسە لە دەقە شانۆییەکانیدا نووسیویەتی، ئەوەی بەر لەو لای بێکێت، هەروەها سارا کێن نووسراوە، ئەوەی لاش نۆرێن بە قووڵی کاری لەسەر دەکرد، هەمووی لەوەدا کۆدەبێتەوە، کە ئێمەی مرۆڤ دەبێت لە خودی خۆمان جیابینەوە، بێینە دەرەوە، تا بتوانین لە خۆمان بگەین؛ ئەمە کارێکی ئاسان نییە، سەختە، زۆریش سەختە. سەختی ئەم کارەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خودویستییەی مرۆڤی ئەمرۆ دووچاری بووە. هیچ شتێک لە دەرەوەی منەوە بوونی نییە، هەموو شتێک سەبارەت بە منە و من لە ناوەندی هەموو شتەکاندام.

  ئەوەی منیش تا ئێستا نووسیومە، ئەو ئەزموونە کورتەی ئەم چەند ساڵەی منیش لەگەڵ نووسینی دەقی شانۆییدا، درێژکراوەی ئەم کولتوورەیە، چەند و تا چەند خزمەتی شانۆی کوردی دەکات، زۆر زەحمەتە، لە ئێستادا بتوانم هیچ وەڵامێکی لۆژیکی بدەمەوە. دەتوانم بڵێم؛ ئەم دەقانەی من نووسیومن، لە ڕووی زمان و تەکنیک و دراماتۆرگی و ڕۆنانی درامییەوە، بە شانۆی کوردی نامۆن و بۆ ئەزموونی نووسینی دەقی شانۆنامەی کوردی تازەن. دەقەکان بە زمانێکی شیعری و شانۆیی نووسراون و هەر چەندە بە ڕواڵەت واقیعین، بەڵام بە دیوه‌که‌ی تریدا ئەبسێردن و لە دنیای واقیع و ژیانی ڕۆژانە دوورکەوتوونەتەوە.

  ئەم دەقانە شیعری شانۆیین، نەک شیعر بێت لە شانۆدا، شیعرێکی بینراوە، نەک شیعرێک گوێی لێ بگریت. کارەکتەرەکان بە پلەی یەکەم وەک مرۆڤ لە دەرەوەی هەموو جۆرە جوگرافیا و کات و نەتەوە و شووناسێکی دیاریکراوەوە، مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، دەکرێت هەموو مرۆڤێک لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا بێت، خۆی لەم دەقانەدا بدۆزێتەوە. ئەوە گرینگ نییە ئەم کارەکتەرانە چی دەڵێن، بەڵکو چۆن دەیڵێن.

  من لەم دەقانەدا، بێ ترس دەست بۆ شتە ساکار و ئاسانەکان دەبەم، ڕوواڵەتێکی تەنک، هاوکات هەست بە هێزی ڕاکێشانی شتە قووڵەکانیش ده‌کرێ، کە بەرەو قووڵایی خۆی ڕاماندەکێشێت. بێگومان بێ چینەکانی سەرەوە قووڵاییه‌کانیش هیچ مانایەک نابەخشن، هیچ قووڵاییەکیش بێ چینی سەرەوە بوونی بۆ نییە و لە سەرەوە بەرەو قووڵاییەکان دەڕۆین. زۆر جار من لەسەرەوە دەمێنمەوە تا ئەو ڕێگایە بۆ ئێوە بکەمەوە بە قووڵاییەکاندا ڕۆبچنە خوارەوە، بە ناوەوەدا بڕۆن تا دواتر بتوانن، بە شتەکانی ناو قووڵاییەوە بێنەوە سەرەوە، ئەوەی لە قووڵاییەکاندا دۆزیوتانەتەوە، کە ڕەنگە جیاوازتریش بێت لەوەی من بیرم لێکردۆتەوە.

  هەموو یەکێک لەم دەقانەی من نووسیومن، چیرۆکێکی تایبەتی ده‌گێڕێته‌وه‌، بەڵام هەندێک جار لەوانەیە ئەم چیرۆکانە دیار نەبن و پێویستیان بەوە بێت بدۆزرێنەوە؛ لەوانەیە لەسەرەتاوە هەست، بۆ نموونە، بە ڕووداو، شوێن و پێوەدانگە درامییەکە نەکەین، بەڵام هەموو ئەو شتانە لە دەقەکاندا هەن و ڕێچکە و فۆرم و شێوازێکی تریان وەرگرتووە و لە تەکنیکێکی نوێدا داڕێژراون. ئەم دەقانە بۆ جەستە و دەنگی ئەکتەر نووسراون، هاوکات بۆ خوێندنەوە و تێڕامان و چوونە نێو دنیای کارەکتەرەکانەوە.

  بە بڕوای من شتگەلێکی زۆر لەم دەقانەدا ڕوودەدەن، کە لەوانەیە بە یەک خوێندنەوە هەموو ئەو ڕووداوانە نەبینین و زمانەکەیش وەک جەستەی ئەکتەر لە جووڵەدایە و ڕووداوەکان و کارەکتەرەکانیش دەجووڵێنێت.

٢٣/٦/٢٠٢٤

ستۆکهۆڵم

١ Edward Albee

۲ Jan Kott

٣ -بە مانای ئەوە دێت، ئەو شانۆیەی بە زۆر پەیامەکەی لە مێشکی بینەر دەئاخنێت، یاوەخود ئەو شانۆیەی مێشکی بینەر ئەکتیڤ دەکات.

٤ Sarah Kane