دووبارە ئیبسن (شانۆنامەی “تارماییەکان” لە سەر شانۆی شار)

دانا ڕەئووف


خاتوو “ئالڤین” لە شانۆنامەی “تارماییەکان”دا بە درێژایی ساڵانێکی زۆر هەموو نهێنییەکانی خێزانەکەی پاڕاستووە، بەڵام ئێستا چیتر ناتوانێت خۆی لە دەستی ئەو تارماییانەی ڕابردوو ڕزگار بکات. مێردەکەی، کە دەمێ ساڵە مردووە، بەردەوام خیانەتی لێ کردووە، ئەمەیش کارەساتی لێ کەوتۆتەوە. لەپڕ هەموو شتێک ژیانی ئەم خاتوونە، کاتێک کوڕەکەی دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کەسێکی هەڵەوە، دەشێوێنێت. خاتوو ئالڤین، لەنێوان دوو هەڵبژاردەدایە: “ئۆسواڵد”ی کوڕی لەو ڕاستییە تاڵ و تاریکەی ڕابردوو بپارێزێت، یاوەخود نهێنییەکان ئاشکرا بکات. بەمەیش باجی ئەو ژیانەی مێردەکەی تیا ژیاوە، بدات.

  ئیبسن، لەم شانۆنامەیەیدا، وەک لە زۆربەی دەقەکانی تریدا، توێژاڵێکی ڕووکەشی ژیانێکی کۆمەڵایەتیمان بەختیارمان پیشان دەدات، کە لێی ورد دەبیتەوە و شانە قووڵەکانیت بۆ دەردەکەوێت، پڕە لە درۆ و ریایی و خیانەت. ئیبسن باسی ئەو بێ دەربەستییەی مرۆڤمان بۆ دەکات، کە چۆن بە قووڵی، بێ گوێدانە هەستی بەرامبەرەکەمان، هەست و سۆزی یەکتری وێران دەکەین.

  ئیبسن، کە بە باوکی درامای مۆدێرنی ئەوروپی ئاماژەی بۆ دەکرێت، شانۆنامەی “تارماییەکان”ی لە ساڵی ١٨٨١دا نووسیوە. ئەم دەقە شانۆییەی ئیبسن لە کاتی خۆیدا هەڵا دەنێتەوە؛ یەکەم لەبەر ئەوەی ئیبسن هەموو تابۆکان دەشکێنێت و چەندین کێشەی وەک، بۆ نموونە نەخۆشی جنسی، “ئینسێست”، واتە پێوەندی سێکسی لەگەڵ ئەندامی خێزان و یارمەتی دانی کەسێک بۆ مردن دەخاتە ڕوو. ئەمە جگە لەوەی باسی ئایدیای پیاو و مافی ژنیش دەکات، کە ئیبسن لە زۆر دەقەکانی تریدا کاری تیا کردوون. لەبەر ئەم هۆکارانە، لەو کاتەدا هیچ شانۆیەک لە وڵاتانی سکندەناڤی، ناوێرێت و نایانەوێت، ئەم دەقە دەوڵەمەندەی ئیبسن بخەنە سەر شانۆ. کە دەقە لە بەرگی کتبێکیشدا چاپ دەکرێت، دەکەوێتە بەر شاڵاوێکی توندوتیژی ڕەخنەییەوە، بە جۆرێک کەس ناوێرێت بیکرێت، ئەوەی دەشیکرێت، دەیگەڕێنێتەوە بۆ کتێبفرۆشەکان. ئیبسن بەم ڕەوشە توڕە دەبێت و دەگاتە ئەو ئاستەی، کە هەرەشەی ئەوە بکات، چیتر نەنووسێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٨٢دا، لەلایەن چەند ئەکتەرێکی ئەماتۆری نەرویژی و دانیمارکی لە شیکاغۆ نمایش دەکرێت. لە ساڵی ١٨٨٣دا بۆ یەکەمجار لە سکەندەناڤیا، لە شانۆی شاری “هێلسینگبۆری” سوید، لە دەرهێنانی “ئاوگوست لینباری” نمایش دەکرێت. ئەم نمایشەیش دژایەتییەکی زۆر دەکرێ، بە شێوەیەک هیچ شانۆیەک نایەوێ، لۆکاڵی شانۆکەیان بە کرێ بدەن بە دەرهێنەر و گروپەکە، تا نمایشەکەی تیا پێشکەش بکەن.

  ئەو شتانەی ئیبسن لە شانۆنامەی “تارماییەکان” و زۆربەی دەقەکانی تریدا باسییان دەکات، ئەمرۆ بۆ کۆمەڵگەی ئەوروپی، بۆ ئەم کۆمەڵگە مۆدێرنەی ژیانی ئەمڕۆی ئەوروپا و بەشێکی زۆری دنیا دەگونجێت، هەر لەبەر ئەوەیشە، بەردەوام، کارەکتەرەکانی ئیبسن، لەسەر شانۆکانەوە لەگەڵمان دەدوێن. ئەو میراتییە ڕەش و تاریکەی ژیانی خاتوو “ئالڤین”ی ژەهراوی کردووە، بە هەمان شێوە، ژیانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆیشی ژەهراوی کردووە.

  “تارماییەکان” بەوە دەست پێ دەکات، “ئۆسواڵد”، کە لە پاریس هونەر دەخوێنێت، گەڕاوەتەوە بۆ لای دایکی، کە خانووبەرەیەکی بۆ یادی مێردەکەی بۆ منداڵان دروست کردووە. ئەم خانووبەرەیە، کە وانیازە بە ئاهەنگێک بکرێتەوە، دەسوتێت و هیچ شتێکی لێ نامێنێته‌وە. لەم نمایشەدا ئەم سەرەتایە، بە سەمایەکی ناشرینی “ئۆسواڵد”، کە بە دەرپێی کورتەوە بەرامبەر بینەران وەستاوە دەست پێ دەکات. وەک گەنجەکانی ئەمڕۆ، بیرە دەخواتەوە و خۆی بەدەم مۆسیقاوە بادەدا و دەڕشێتەوە. ئەم سەمایەی “ئۆسواڵد” هیمایەکی ئەو دڵخۆشییەی ژیانە، کە هێدی هێدی پەردە لە ڕووی نهێنییە قێزەوەنەکانی هەڵدەمڵدرێت، هاوکات هێمایەکە بۆ ئەو تەنیاییە کوشندەیەش، کە کۆمەڵگەی ئەوروپی تووشی بووە.

  هەموو سینۆگرافیای نمایشەکە، ژوورێکی داخراوی لاکێشەیی سپی درێژە، کە لە ڕووی بینەران و لە پشتی شانۆکەیشەوە بە شووشە گیراوە و لە شووشەکەی پشتەوە هەمیشە بە خوڕ باران دەبارێت. لەم ژوورە لاکێشەییەدا، لە قەنەفەیەکی دووتاکی سوور، لە ناوەڕاستدا و دوو کورسی باخەی سپیش لەم سەر و ئەو سەری ژوورەکەدا، هیچ شتێکی تری تیا نییە. لەم سینۆگرافیایەدا هیچ شتێک ناشاردرێتەوە، وک هێمایەک بۆ ئەو هەموو نهێنییەی لە دەق/نمایشەکەدا هەیە، هەموو جووڵە و هەڵسووکەتێکی ئەکتەر، لە دەرەوەی ژوورەکەیشەوە، وەک کامێرای چاودێر، لە بەرچاوی بینەراندایە.

  کارەکتەرەکان، لەم ژوورە داخراوەدا، جگە لە خاتوو “ئالڤین”، کە دەیەوێت بەردەوام ئەوەی لە ڕابردوودا روویداوە بشارێتەوە، بە چاوی گومانەوە لە ئایندە دەڕوانن. ئەوەی لە ڕابروویشدا ڕوویداوە، مێردەکەی خاتوو “ئالڤین”ە، کە وەک یەکێک لە پایە بەرزەکانی کۆمەڵگە ناسراوە، بەڵام تا لە ژیاندا بووە، بەردەوام ناپاکی کردووە. ئەو کیژەی لەم ماڵەدا کەنیزەیە و یارمەتی خاتوو “ئالڤین” دەدات لە ئیشوکاری ماڵەکەدا و “ئۆسواڵد” عاشقی دەبێت، دەردەکەوێت خوشکی خۆیەتی، لەو ئافرەتەی لە ڕابردودا، هەر لەم ماڵەدا کاری کردووە و ئەم کچەی لە مێردەکەی خاتوو “ئالڤین” بووە. کارەکتەری قەشەیەکیشمان هەیە، کە هاوڕێی کۆنی مێردەکەی خاتوو “ئالڤین” و خێزانەکەیان بووە. ئەم قەشەیە هەمیشە چاوی لەسەر خاتوو “ئالڤین” بووە، ئێستایش بەچاوێکی پڕ لە حەزێکی شەهوەت بازییەوە دەڕوانێتە کەنیزەی ئەم خێزانە. دەرهێنەر ئەم قەشەیەیەی وەک فیگورێکی کۆمیدی لێ کردووە، بە شێوەیەک هیچ قسە و کردارێکی بە هەند وەرنەگیرێت.

  دەرهێنەری نمایشەکە، ڕووداوەکانی شانۆنامەکەی لەم ڕۆژگارەماندا بەرجەستە کردووە، لەبەر ئەوە زۆر شتی لە دەقەکە لابردووە، کە بۆ ئەمڕۆ به‌ گرنگی نازانێ و زیاتر فۆکوسی خستۆتە سەر ناپاکی و دەرئەنجامەکانی لە ژیانی هاوسەرگیری و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئەوروپی. دەرهێنەری نمایشەکە کاری لە سەر ئەوە کردووە، کە چۆن خاتوو “ئالڤین”، بە لێزانییەوە فێری ئەوە بووە مامەڵە لەگەڵ درۆ گەورەکانی ژیان بکات و وەک تارماییەکی هەمیشە ئامادە سەیری بکات، بە تایبەتی، کە ڕابردوو لە ئێستادا دووبارە دەبێتەوە، کە چۆن “ئۆسواڵد”ی کوڕی بە هەمان شێوەی باوکی و لە هەمان شوێندا، خەریکی فریودانی کەنیزەکەیانە، کە لە ڕاستیدا، بێ ئەوەی بزانێت، نیوە خوشکی خۆیەتی.

  ئەم شانۆگه‌رییه‌، کە ئێستا لەسەر شانۆی شاری ستۆکهۆڵم نمایش دەکرێت، وەک نمایشەکەی شانۆی پادشایەتی، “ئەیۆلڤی گچکە” بەشێکی زۆری کرابوو بە فیلم. وێنەی زۆر نزیکی دەموچاوی خاتوو “ئالڤین” و “ئۆسواڵد”ی کوڕی، بە تایبەتی، کە لەسەر شانۆکە و لەناو ژوورەکەدا نامێنن، بە گەورەیی لەسەر دیوارەکانی ژوورەکە دەردەکەوێت. ئەم جۆرە نمایشانە، کە فیلم دەست دەگرێت بەسەر نمایشەکەدا، هەرچی چێژی شانۆ هەیە دەیکوژێت. هەرگیز فیلم لە شانۆدا نابێتە “فیلم” و شتێکی تر، کاڵ و کرچ دەردەچێت و ڕۆحی شانۆ و ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆیەی نێوان بینەر و سەر تەختەی شانۆ دەکوژێت، ئەمە ئەگەر ئەو بەکارهێنانەی فیلم، هۆکارێکی تایبه‌ت و پێویست نه‌بێ بۆ نه‌مایشه‌که‌.

بەداخەوە ئەم تەکنیکە بووە بە مۆدێل…