کافکا و دادگاییەکەی جۆزێف ک لە نمایشێکی سەمائامێزدا

لە زۆربەی ڕۆمان و چیرۆکەکانی کافکادا، هەستێکی بەهێزی بێدەسەڵاتی و دەسەڵاتێکی ڕەهای نادیار هەیە و خوێنەر زوو تووشی دڵەڕاوکێ و هەندێک جار ترسیش دەکات، کە بە ئاسانی خۆی دەخزێنێتە نێو جەستەوە. ژیانی ڕۆژانە لەنێو هەستێکی پڕ لە ترس و هەروەها ترسێکی گەورەدا وێنا دەکات. پاڵەوانەکانی کافکا، هەمیشە تاک و تەنیا لەنێو گێژاوی خودگەرایی و بێدەسەڵاتیدا، ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی بەهێزی نادیار ده‌بنه‌وه‌ و تێکیان دەشکێنێت، یاوەخود ده‌یانخاته‌ نێو گێژاوێکی دەروونی سەختەوە. لای کافکا، “ئیندیڤید” هەمیشە لە بەرپرسیارێتی خۆی و لە دەستدانی دەسەڵاتیدا تەنیایە، یاوەخود لە “بێدەسەڵاتیدا” بەرامبەر دەسەڵاتە دیار و نادیارەکان. زمانی ڕۆمانەکانی کافکا، لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی گرینگی هەیە و فۆرمێکی فیزیکی و بزۆز، لەنێو شیعرییەتی دەقەکانیدا لەخۆ دەگرێت. ئەم زمانە بزۆزە فیزیکییەش، کەرەسە و ئامڕازێکی گرینگی ئەم نمایشە سەمائامێزەیە.

   جۆزێف ک، کە فەرمانبەرێکی ئاساییی بانکە لە یادی سی ساڵەی تەمەنیدا دەگیرێت، بەڵام نازانێت لەسەر چی و بۆچی و بە چ تاوانێک گیراوە، هەرگیز ڕووبەڕووی یاسا و دادوەر ناکرێتەوە، هەموو هەوڵەکانیشی بۆ ئەوەی بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت، دەبێتە جێگای گاڵتەپێکردن. جۆزێف ک لەم گێژاوەدا خۆی لەنێو دێوزمەیەکی ترسناکدا دەبینێتەوە. یەکەم دێڕی ڕۆمانەکەیش بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: “دەبێ کەسێک، لە پشتەوە زمانی لە جۆزێف ک دابێت، لەبەر ئەوەی بەیانییەک، بێ ئەوەی هیچی کردبێت، دەستگیر کراوە.” ئەو تاوانەی بە درێژاییی پرۆسێسەکە ڕاوی جۆزێف ک دەنێت، هەرگیز هۆکارێکی کۆنکرێتی نییە، بەڵکوو جۆرێکی نادیارە لە گوناهێک جۆزێف ک-ی پێ تاوانبار کراوە، کە لەسەرو دەسەڵاتی مرۆڤەوەیە؛ شتێکە زیاتر لە مێتا-فیزیکییەوە نزیکە. بە کورتی ڕۆمانی “دادگاییکردن” یاوەخود “پرۆسێس” باسی ئەم کێشە گەورەیە دەکات.

   فرانس کافکا ١٨٨٣-١٩٢٤ ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی ١٩١٤دا نووسیوە، بەڵام دوای مردنەکەی لە ساڵی ١٩٢٥دا لە لایەن “ماکس برود”ی هاوڕێیەوە بڵاو دەکرێتەوە. ڕۆمانەکە لە شێوازێکی سوریالیدا، چیرۆکی شەڕی مرۆڤمان، دژی بیرۆکراتی و دەسەڵات بۆ دەگێڕێتەوە؛ چیرۆکێک تا ئەمڕۆیش جێگای سەرنجە و هیچ لە هێزی ڕۆمانەکەی کەم نەکردۆتەوە، بە شێوەیەک، وەک زەمەن لە بەشێکی گەورەی دنیا وەستا بێت. ڕۆمانەکە چەندین دیمەنی ئەبسورد لەخۆ دەگرێت و بووە بە هێمایەک بۆ کافکا و هەروەها بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمەی ئێمە و هەموو سەردەمەکان. ئەم ڕۆمانەی کافکا، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر جێگای سەرنجی دەرهێنەرە شانۆییەکانە؛ ئەم پرۆسێسە لەم سەردەمەدا، باسی ئەو دڵەڕاوکێیەی مرۆڤ، کە لەنێو هەڕەشەکانی ژینگە و نائارامی دنیا و جەنگەکان دایە، دەکات. هەرەوەها هەست نەکردن بە دڵنیایی و هەڕەشە لەسەر بنەما دیموکراسییەکان و بەرتەسککردنەوەی سەربەستی و ئازادی ڕادەربڕین.

   “کارل کنیف” کۆریۆگراف، سەمازان و دەرهێنەرێکی فینلەندییە، بە یارمەتی “کریستۆفەر مێلگرێن”، کە ڕۆمانەکەی بە دەستکارییەکی زۆرەوە بۆ ئەم پرۆسە شانۆ سەمائامێزە ئامادەکردووە. “کنیف” ساڵی ٢٠١٦، هەر بە هاوکاری و لە ئامادەکردنی “مێلگرێن” ڕۆمانی “‌هەڵگەڕانەوە”ی کافکا، بە سەما نمایش دەکات و چەندین خەڵاتی گرینگی شانۆییی لە وڵاتی فینلاند بە دەست دەهێنێت. ئەم دەرهێنەر و کۆرێۆگرافە بە فۆرمە گرۆتیسکییەکەی دەناسرێتەوە، کە لە دید و زمانی جەستەی ئەکتەر و سەمازانەکانیدا بە وردی بەرجەستەی دەکات.

   ئەم نمایشە، کە لە یەکێک لە هۆڵە شانۆییە بچووکەکانی شانۆی شاردا پێشکەشی دەکەن، هەر لەسەرەتاوە، کە بینەران دێنە ژوورەوە، هەست بە کەشێکی دێوزمەئاسای کافکایی دەکەن و مرۆڤ هەست بە ڕاچڵەکین و دڵەڕاوکێ دەکات. دیوارێکی بەرزی چیمەنتۆئاسا، کە شێوەی چەند دەرگایەکی ئێجگار گەورە، یاوەخود چەکمەجەی دۆڵابی زه‌به‌لاح، کە ژمارەیان لەسەرە، بەرز بوونەتەوە و ژوورێکی داخراوی بێ دەرگا و پەنجەرەیان دروست کردووە. ژوورێک، کە هیچ بوارێکی ده‌ربازبوونی تیا نییە. بە سوچێکیشەوە کامێرای چاودێری ڕووەو پانتایی نمایش دانراوە. سینۆگرافیا، جگە لەو دیوارە بەرزە، کۆمەڵێک سندووق بە بارستاییی جیاواز جیاواز لەسەر شانۆکە دانراون و لە نمایشەکەدا بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و شێواز و فۆرمی جودا، لە پانتایی شانۆکەدا لەخۆ دەگرن. لە چەند دیمەنێکدا، جۆزێف ک دەخرێتە نێو یەکێک لە سندووقە لاکێشەییەکانەوە و بە هەڵەوگێردراوی، سەری بۆ خوارەوە و هەردوو قاچی بۆ سەرەوە دادەنرێت. ئەوەی جێگای ئاماژەیە، یەکێک لەم سندوقانە، شاشەیەکە و وێنەی چاوێکی زەق بە هەڵەوگەڕاویی پێشان دەدات. ئەم چاوە بە دوامانەوەیە و لە نمایشەکەدا بەردەوام شوێنەکەی دەگۆڕێت، بەڵام هەمیشە چاوی تێبڕیوین. بێگومان ئەم چاوە چاودێرە، جگە لە چاودێری بەردەوام، ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی، کە ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان بەسەر چارەنووسی خۆمانەوە نییە. ساپیتەی شانۆکەیش، فۆرمێکی بازنەیی پیا هەڵواسراوە، کە زۆر جار ڕووناکی، بە شێوەیەکی هونەری لەوێوە دێتە ژوورەوە و هەستێکی پڕ لە ترس و تۆقین دەخوڵقێنێت.

   سەرەتای نمایشەکە، بە سەمایەکی پڕ لە گوزارشت دەست پێ دەکات، ئەکتەر و سەمازانەکان لەم سەمایەدا بە چەند کورسییەکە ئەو جیهانە کافکاییەمان بۆ بەرجەستە دەکەن؛ ئەم کورسیانە دەبنە هەڕەشە، ململانێ و شەڕی کورسی و دەسەڵات. لە دیمەنێکدا، سەمازانەکان بە کورسی گەمارۆی جۆزێف ک دەدەن و لە کۆریۆگرافیایەکی بەسەلیقەدا، کورسییەکان بەسەر شانی جۆزێف ک-وە بار دەکەن، وەک سمبولی هێزی دەسەڵات بەسەر شانی مرۆڤی تاکەوە. ستافی ئەم نمایشە بچووکە و لە شەش سەمازان و ئەکتەرێک پێک هاتووە، تەنیا جۆزێف ک ڕۆڵی خۆی، وەک “جۆزێف ک” دەبیتنێت، ئەکتەر و سەمازانەکانی تر دەبنە: دادوەر، هاوپیشە، گۆرانیبێژ، خانم. بە کورتی ئەو کۆمەڵگە بچووکەی جۆزێف ک خۆی تیا دەبینێتەوە. هەر بۆ نموونە لە سەمایەکدا، کە گەمارۆی جۆزێف ک-یان داوە، سەمازانەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و چەندین ڕۆڵ دەبینن: خاوەنی خانووبەرەکەی جۆزێف ک-ی تیا دەژی، پارێزەر و پیاوە عاشقەکە. ئەو ئەکتەرەی ڕۆڵی جۆزێف ک دەبینێت، دەڵێی وێنەیەکی ڕەش و سپی، یەکێک لە گەرەکە کۆنەکانی شاری پراگە و چیرۆکی ئەو سەردەمە و ئێستامان بۆ دەگێڕێتەوە.

   سەمازانەکان بەردەوام دیمەنەکان پێکەوە دەبەستنەوە و هەندێک جاریش دەبنە حیکایەتخوان، کارەکتەرەکان دەجووڵێن و ڕووداوەکان بەرەوپێشەوە دەبەن. کۆریۆگرافیاکە، کار لە سەر جووڵەی دووبارەی سوریالیزمییەوە دەکات، کە هەندێک جار بە جووڵەیەکی کۆمیدی دنیاکەی کافکا بەرجەستە دەکەن.

   بە شێوەیەکی گشتی هەمیشە پێنج ئەکتەر بە دەوری جۆزێف ک-ەوەن، ئەوەی ئەو دەیڵێت، ئەوان بەرجەستەی دەکەن، ڕۆڵەکانیان دەگۆڕنەوە و سەرلەنوێ ڕووداوەکانمان بە سەما بۆ دەگێڕنەوە؛ زۆرجار جۆزێف ک-یش وەک چاودێرێک سەیری ڕەوتی ڕووداوەکان دەکات. لە دیمەنێکی سەمادا، کە گوزارشت لە هەڕەشەی دەسەڵات بەسەر مرۆڤێکی تەنیای بێدەسەڵاتەوە دەکات، جۆزێف ک لەسەرەتادا سەیر دەکات، بەڵام دوای ساتێک خۆیشی دەبێت بە یەکێک لە سەمازانەکان و ڕاپێچی دنیایەکی ڕەش و نادیار و هەڕەشەئامێزی دەکەن.

   هەندێک جار دوو ئەکتەر هەمان ڕۆڵ دەبینن، یەکێکیان دیالۆگەکان دەڵێت و ئەویتریان بە سەما و جووڵەی گرۆتیسکئاسا، جووڵەی ئەکتەرەکە، دووبارە دەکاتەوە. لە دیمەنێکدا، سەمازانەکان، کە هەموویان چاکت و پانتۆڵی شینیان لەبەردایە و دەمامکی چۆنیەکی شینیشیان پۆشیوە، بە جووڵەی هەڕەشەئامێز، وەک کۆمەڵێک بووکەڵە دەبنە سێبەرێکی ترسێنەر بەسەر ژیانی ڕۆژانەی جۆزێف ک-ەوە. تەکنیکی کۆریۆگرافییەکەی ” کارل کنیف” دوو هەنگاو لە سەمای مۆدێرنەوە دوور کەوتۆتەوە و زیاتر لە فۆرمەکانی سەمای پۆستمۆدێرنیزمەوە نزیک بۆتەوە. جووڵە و سەما بووەتە پاڵپشتێکی ئیستاتیکی بۆ تێکستەکەی کافکا، نەک بە پێچەوانەوە. ئامادەکردنی ڕۆمانەکەیش بەو شێوە سەربەستە، کە لە دیمەنی کورت و مۆنتاژی دیمەنەکان و پاش و پێشخستنی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە، بە شێوەیەک لەگەڵ ڕەوتی نمایشەکەدا بگونجێت، نمایشەکەی لە فۆرم و تەکنیکەکانی کارێکی هونەری پۆستمۆدێرنیزمەوە نزیک کردۆتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانیشدا ئامادەکردنی ڕۆمانەکە و دیدی دەرهێنان و ئاوێزانکردنی سەما و شانۆ پێکەوە، نمایشەکە ئەو ئەتمۆسفێرە ترسێنەری کافکا نووسیویەتی بەرجەستە بووە و بەر هەستی بینەران دەکەوێت.

   هەندێک جار لەپڕ یەکێک لە کارەکتەرەکان دەبێتە گۆرانیبێژی ئۆپێرالی و ڕۆڵەکەی بە گۆرانی ئۆپێرا بەرجەستە دەکات. لەم ڕووەوە، دەرهێنەر، شانۆ، سەما و گۆرانی لە شاکارێکی پۆستمۆدێرندا تێکەڵاو دەکات، بە شێوەیەک هیچ کام لەم هونەرانە کاریگەرییەکی ناتەبای بەسەر هونەرەکانی ترەوە نابێت، ئەمە جگە لەوەی مۆسیقایەکی گونجاو، بە درێژاییی نمایشەکە هاوشانی ڕووداوەکان دەبێت، مۆسیقا ڕۆڵێکی گرینگی لە خوڵقاندنی ئەتمۆسفێرە ترسناکەکەی کافکادا هەیە. لە هەندێک دیمەندا، مۆسیقاکە نەک هەر کافکا، بەڵکوو بینەرانیش ڕاو دەنێت؛ لەم دیمەنانەدا، مۆسیقا دەبێتە میلۆدییەکی جاڕسکەر و لە دەنگی پێی کۆمەڵێک کەس دەچێ، کە بە هەڕەشەوە بەرەو ڕوومان دێت.

   نەمایشەکە دەیەوێت پرسیارێک بوروژێنێت، ئایا مرۆڤ هەڵبژاردەیەکی سەربەستی لە ژیاندا هەیە؟ ئەگەر هەیەتی، چۆن دەتوانێت نەکەوێتە هەمان ئەو ڕەوشەی جۆزێف ک-وە؟ پرسیارەکەیش ئەوەیە، هیچ کەسێک سەربەستە؟ ئەم نمایشە، لەم بارودۆخە شلۆقەی ئەم ڕۆژگارەدا، وەک میتافۆرێک وایە، کە ئەو واقیعە ترسناکەی ئەمڕۆ تیا دەژین، پێشان بدات.