دیدار سەبارەت بە شانۆگەری لێکترازان
دیداری نەرمین عوسمان محەمەد (لە کوردستانی نوێ، ئەدەب و هونەردا بڵاو کراوەتەوە.)
دانا رەئووف یەکێکە لەو شانۆکارانەی هەم خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی شانۆییە و هەم وەک ڕەخنەگر و شارەزای بوارەکە ساڵانێکە وتار و بابەتی ڕەخنەیی لەبارەی شانۆ و شانۆی کوردییەوە دەنووسێ.
لەم دیدارەدا سەبارەت بە شانۆگەری لێکترازان، دەدوێت کە دەقێکی شانۆیی ئەم شانۆکارەیە، لەبارەی چۆنییەتی کارەکانییەوە وەڵامی پرسیارەکانمانی داوەتەوە.
وەکو نووسەر و دەرهێنەری نمایشی “لێکترازان” دەکرێت بۆمان ڕوون بکەیتەوە کۆی دەقی شانۆنامەی “لێکترازان” پێکهاتەکەی چی یە و باسی چی دەکات؟
“لێکترازان” باسی چەند کێشەیەک دەکات، کە بە شانۆ نامۆ نییە، بەڵکوو ئەوەی لە لێکترازاندا باس کراوە، بە درێژایی مێژوو لە شانۆیی جیهانیدا بەردەوام کاری لەسەر کراوە. ئێمە باسی کێشەیەکی گرینگی، وەک هەڵوەشان و لێکترازانی خێزان دەکەین؛ ئەم مەسەلەیەش شتێکی تازە نییە، بەڵکوو هەر لەسەرەتاکانی شانۆی گرێکییەوە تاکوو ئێستا خێزان لە چەقی شانۆی جیهانیدا بووە. لەم ڕووەوە “لێکترازان” شانۆنامهیهکه، کە باسی خێزانێک دەکات، بەرەو لێکترازان و هەڵوەشان دەڕوات، بەڵام ئەم باسکردنە لە دەرەوەی ڕێگا باوەکانەوەیە. ئەم دەقە له چوار بهش پێك هاتووه، بهڵام بهشهکانم، به وهرزهکانی ساڵ دهستنیشان کردوون. ستراکتوری دەقەکە تقلیدی نییە و زیاتر دەقێکی پۆستمۆدێرنیزمە. بۆ نموونە زهمهن لهم شانۆنامهیهدا له ئاڕاسته ئاسۆییهکهی خۆی لایداوه و بهشێوهیهکی جیوهیی ڕووداوهکان بهڕێوه دهبات. ئهوهی دهبێته سمبولی ئهم زهمهنه پێچاوپێچه کارهکتهری (فریشتەیەکە)، که له یهك کاتدا زۆر بهوردی چاودێری ڕووداوهکان دهکات و شایهتحاڵ و بهشداریشه لهو ڕووداوانەدا. بۆیه، لهگهڵ ڕهوتی زهمهنهکه، له کوڕێکی گهنجهوه دهبێته پیاوێکی پیر، بەڵام کارەکتەرەکانی تر هیچ گۆرانکارییەکیان بەسەردا نایەت. ئهم فریشتهیه له سهرهتای شانۆنامهکهدا دهبێته هاوڕێی کچێك، که کچی خێزانەکەیە و له زۆر کێشهدا ئاڵاوه: له سهرێکهوه، دایکی لهگهڵ پیاوێکی تر له پەیوەندییهکی سۆزداری ئاڵۆز دایه و ئهم پهیوهندییه، وهکوو خهمێکی گهوره، بهرهبهره باوکهکه بهرهو مهرگ دهبات و دواجار دایکهکەش بهم پهیوهندییه ئاسووده نابێت. له سهرێکی تریشهوه، کچهکه، خۆیشی، پەیوەندیی لهگهڵ شاعیرێك ههیه، که هیچ ئاسۆیهکی ڕوونی تیادا نابینێت. بێجگه لهمهیش، براکهی، مینای خوشکهکهی، گیرۆدهی خۆشهویستییهکی ناکام و بێئهنجامه. له کۆتاییدا، فریشتهکه، که به ههموو ئهم شتانه دهزانێ، به ڕووت و قووتی بهجێیان دێڵێت و ئهو بیرۆکهیه بهرجهسته دهکات، که “زهمهن” هەموو شتێك لە مرۆڤ دەسێنێتەوە. من هەوڵمداوە، ئەم هەموو کێشەیە لە فۆرمێکی ساکاردا بەرجەستە بکەم و هەموو شتەکان تەواو داماڵم. زەمەنیش، وەک فریشتەکە ئاماژەی بۆ دەکات، لە کۆتایدا هەموو شتێک لە مرۆڤ دەسێنێتەوە. لە کۆتایی شانۆنامەکەدا، سەر تەختەی شانۆ لە هەموو شتێک پاک دەکرێتەوە و هیچی لەسەر نامێنێت. ئەوەی من لەم نەمایشەدا بەدوایدا گەڕاوم، بە سوود وەرگرتن بە ئەزموونی چەند ساڵەی خۆم لە ئەوروپا و هەروەها گەڕانەوە بۆ ئەزموونی شانۆکارە گەورەکانی دنیا، دۆزینەوەی شانە ساکار و قووڵەکانی فۆرمەکانی شانۆیە، کە زۆر زەحمەتە شانۆکارەکانی ئێمە و ڕەخنەگرەکانیشمان لەوە بگەن. ئەوەی ئێمە پێشکەشمان کرد شتێکی ساکاری قووڵ بوو، کە بە ئاسانی ناتوانیت، گەر ئەزموونێکی گەورەت نەبێت، بگەیتە ئەو ساکارییە قووڵەی ئێمە پێشکەشمان کرد. ئەم ساکارییەش وەک فۆرمێک بۆ نەمایشەکەم هەڵنەبژاردوە، بەڵکوو ساکاریی دەبێت لە خۆیەوە، لە تێگەییشتن و قووڵبوونەوەوە دروست ببێت؛ لای ئێمەیش لە قووڵبوونەوەیەکی زۆرەوە ئەو فۆرمە دروست بوو، کە ئێوە بینیتان. دەبێت ئێمە لەوە بگەین، کە فۆرم تەنها هزر و کۆمەڵێک بیروبۆچوون نییە تا بە زۆر خۆی بەسەر نەمایشەکەدا بسەپێنێت، بەڵکوو فۆرمەکان لە دووتوێی وێنە شانۆییەکاندا دەبنە ئەو توخمەی نەمایشەکەی لێ دروست دەبێت و ناواخن و نهێنییەکانی دەقەکە ئاشکرا دەکات و چارەسەرەکانیان بۆ دەدۆزێتەوە. لەسەرەتای پرۆڤەکانماندا بوو، لە پۆستێکمدا ئەم شتەم بە چەند دێرێک ڕوونکردبووەوە، کە حەزدەکەم لێرەیشدا دووبارەی بکەمەوە، چونکە بۆچوونێکی تیۆری جوانە بۆ دۆزینەوەی ئەو فۆرمەی، کە باسی دەکەم و لای من لە تەکنیک و فۆرمێکی ساکاردا بەرجەستە بوو. لەسەرەتادا ئێمە هیچ فۆرمێکمان نەبوو، ئەوەی لەبەردەستماندا بوو، تەنها دەقەکە بوو، کە ئەویش پێکهاتووە لە کۆمەڵێک ڕستە و وشەی ناو لاپەڕەکانی دەقەکەمان، بێگومان ئەوانیش بیرۆکەی دەقەکە پێک دەهێنن. هەموو کارەکەی ئێمەیش، کە رۆژانە خەریکی بووین دروستکردنی فۆرمەکە بوو، گەڕان بوو بە دوای ئەو ساکارییەی بۆم باسکردی، کە چەندین شەو و ڕۆژی خایاند تا بەتەواوی دۆزیمانەوە و ئەکتەرەکان ڕاهاتن لەسەری. نابێ ئەوەیشمان بیر بچێت، کە لە کاتی پرۆڤەکردندا پێویستە فۆرم و ناوەرۆک پێکەوە شی بکرێنەوە، هەندێک جاریش هەر یەکەیان بە تەنها، هەندێک جار شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی فۆرم، کتوپڕ ئەو دیدەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە فۆرمەکەی خوڵقاندووە. هەندێک جاریش شیکردنەوەیەکی نزیک و هاودەمی ناوەڕۆک تێڕوانینێکی نوێمان سەبارەت بە ڕیتمیش پێ دەبەخشێت.
دروستکردنی فریشتەیەک جیاواز لە هەموو وێنە باو و زانراوەکانی فریشتە و سیمبولەکانی لە کچێکی جواندا و گۆڕینی بە کوڕێکی گەنج و دواتر پیرکردنی، لای بینەر و شانۆکاری ئێمە چۆن کەوتەوە؟
لە زۆر کاری هونەری و ئەدەبیشدا فریشتە وەک سمبول بەکار هاتووە، زۆر جار، یان دەتوانم بڵێم هەمیشە فریشتەکانی نێو دنیای ئەدەب و هونەر فریادرەس بوون و وەک هێزێکی ئیجابی، یان ئاینی دەرکەوتوون و یارمەتی کارەکتەرە سەرەکییەکەیان داوە و لەو کێشانەی تێکەوتوون رزگارییان کردوون. هیچ نەبێ پاڵپشتێکی دەروونی و ڕۆحیی بوون و دڵنەوایی کارەکتەرەکانییان کردووە. فریشتەکەی ئێمە لە “لیکترازان”دا تەواو جیاوازە. وابزانم ئەمەیش کێشەی بۆ نمایشەکەی ئێمە دروست کردبوو، لەو ڕووەوەی زۆر کەس نهیانتوانیبوو لەدەرەوەی ئەو سمبولانەی لەسەری ڕاهاتوون، کارەکتەری فریشتەکەی ئێمە ببینن. فریشتەکەی ئێمە، وەك لای سەرەوەیش ئاماژەم بۆ کرد، هێزێکی یەزدانی نییە و لە ئاسمانەوە بۆ ئێمە نەهاتۆتە خوارەوە، بەڵکوو هەر زۆر بە ئاسانی “کات”ە، کە ئێمە لە شوێنێکەوە دەبات بۆ شوێنێکی تر. کات بە پێوانە واقیعیەکەی کات نا، بەڵکوو کات لای فریشتەکە و لە دەقەکەدا “جیوەییە” و لە گۆڕانێکی بەردەوام و لە ئاڵوگۆرێکی هەمیشەیدا بووە. فریشتەکە سمبولی کاتە، هەر لەبەر ئەوەیش هەموو دیمەنەکانی پێکەوە دەبەستەوە و ڕێچکەی ڕووداوەکانی بە ڕێوە دەبرد.
وەکو زانراوە نووسینی دەقی شانۆیی یەکێکە لە سەختترین کارەکانی شانۆ، دەکرێت باسی بیرۆکە و دۆخ و زەمەنی نووسینی دەقی “لێکترازان”مان بۆ بکەیت؟
بێگومان دەقی شانۆیی گرانترین ژانرەکانی نووسینە، گەر هێندە گران نەبووایە هەڵبەتە ئێستا هێندەی شاعیر و چیرۆکنووسەکانیش نووسەری دەقی شانۆیشمان دەبوو. شانۆنامەی “لێکترازان”یش لەخۆوە دروست نەبووە. دەمێک بوو بیرم لێ دەکردەوە و بەردەوام لە مێشکمدا خەریکی نووسینی بووم، دەمنووسی و دەمکوژانەوە. هەندێک لە کارەکتەرەکانم دەبینی. بۆ نموونە هەر لەسەرەتاوە دەمزانی یەکێک لە کارەکتەرەکان فریشتەیەکە، ئەوەشم دەزانی فریشتەکە شتێکی جیاواز دەبێت، بۆ نموونە هەمیشە کچێکی گەنجی جوان بە دوو باڵ و جلوبەرگی سپییەوە، سمبولی فریشتە بووە. ئەم جۆرە فریشتانەیش لەنێو فیلم و ڕۆمان و شانۆنامەکانیشدا ئێجگار زۆرن و هەن. من زۆر جیاواز بیرم دەکردەوە و هەر لەسەرەتاوە دەمزانی فریشتەکەی من کوڕێکی گەنجە و دوایش دەبێتە پیاوێکی پیر، بەڵام نەمدەزانی چۆن و بە چ شێوازێک. بەم شێوەیە زۆر بیرم لێکردەوە. دوای سێ چوار مانگ، کە دەستم کرد بە نووسینی دەقەکە، زۆر خیرا هات بەدەستەوە و وابزانم بە سێ یان چوار شەو و ڕۆژ هەموو دەقەکەم نووسیوە. هەندێک لەو بڕوایەدان، فریشتەکە شتێکە لە ئاسمانەوە هاتۆتە خوارەوە و سمبۆلێکی دینی هەیە، کە ئەمەیش تەواو هەڵەیە و وا نییە. فریشتەکە سمبولی کاتە و کاتی نمایشەکەیش، یان بڵێین کاتی ڕووداوەکانی نەمایشەکە، فریشتەکەیە. فریشتەکە، کەسێکی بێ لایەنە، چاودێرە بەسەر ڕووداوەکانەوە، لە هەمان کاتدا، دەکرێت بڵێین، ڕوویەکی تری شاعیرەکەیشە. فریشتەکە چەندین ڕووی جیاوازی هەیە و وەک چیرۆکخوانێک بەنێو ڕووداوەکاندا تێدەپەڕێت و هەر لەڕێگای ئەم فریشتەیەشەوە دیمەنەکانی نەمایشەکە پێکەوە دەبەسترێتەوە. لای من و لە نووسینی ئەم دەقەدا، سەرەتا کارەکتەری فریشتەکە دروست بوو، هەر ئەم کارەکتەرەیش بووە هۆی دروست بوونی کارەکتەرەکانی تر و بزوێنەری ڕووداوەکان.
ئایا ئەو دەقەی نمایشکرا هەر هەمان ئەو دەقە بوو، کە لەسەر شانۆ بینیمان، یاخود رەشنووس بوو، کە لە سەرەتادا نووسراوە، ئەگەر دەستکاری کراوە لەکوێدا و بۆچی؟
دەقەکە لەکاتی پرۆڤەکردندا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. لەو ڕووەوەی من خۆم نووسەری دەقەکە بووم، ئاسانتر بوو بۆ من گۆڕانکاری تیا بکەم. وەك نووسەری دەقەکە ئاگاداری کونوکەلەبەری تێکستەکەم و دەمزانی چی لاببرێت و چیش زیاد بکرێ و لە کوێدا و بۆچی؟ پێش هەموو شتێک دەقەکە زۆر لەوە گەورەترە، کە ئێمە نەمایشمان کرد؛ گەر وەک خۆی نەمایشمان بکردایە دەگەیشتە نزیکەی چوار سەعات و ئەمەیش بۆ بینەر و بارودۆخی ئەمرۆمان ناگونجێت. لەوە دەچێت بینەری ئەمرۆ لە یەک سەعات زیاتر نەتوانێت بە دیار سەیرکردنی نەمایشێکەوە دانیشێت، بەتایبەتیش گەر نەمایشەکە کۆمێدی نەبێ، یان بارگاوی نەکرابێت بە ڕەوشی سیاسی ئەمرۆ و جنێودان نەبێت بە دەسەڵات. لەکاتی پڕۆڤەکردندا و بەپێی پێویست، هەندێک لە دیمەنەکان لابراون، هەندێک دیمەن پاش و پێش خراون و لە ڕووی دراماتۆرگییەوە کاری تیاکراوە.
لە وەڵامەکانتدا دەڵێیت “لێکترازان” دەقێکی پۆستمۆدێرنیزمە، ئایا ئەم جۆرە دەقە لە لای ئێمە نوێ نیە؟ ئایا بینەر و شانۆکاری ئێمە بەم جۆرە دەقە ئاشنان؟
بەڵێ، زۆر نوێیە، ئەمەیش کێشەی زۆری بۆ دروست کردین. بەڵام ئێمە نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت، کە واقعیی ژیانی مرۆڤی هاوچهرخ یان بەواتایەکی تر مرۆڤی ئهم سەردەمە پۆستمۆدێرنیزمە، کە بە بڕوای من، ئێمەیش بەشێکین لێی، شان بهشانی گلوبالیزم و گۆڕانكارییه خێراكانی تری جیهان، رووبهڕووی جۆرێكی جیاوازی فۆرمەکانی هونهر و شانۆ بۆتهوه. شانۆیش، بهههمان شێوه ههنگاوی خێرای ناوه؛ له(ئهڤانتگهرتهوه) بۆ (پۆستمۆدانیزم) و لهوێشهوه بۆ فۆرم و شێوازەکانی تری شانۆ. شانۆی پۆستمۆدێرنیزم یەکێک لە بنەما گرینگەکانی داب و نەریتە قووڵ و دێرینەکەی شانۆی تێک شکاندووە؛ بۆ نموونە، کە لە ڕێگای وەهمەوە ڕاستییەکانمان سەبارەت بە واقیع و ڕەوشی مرۆڤ و کۆمەڵگە بۆ بەرجەستە دەکرا، بەتەواوی لە ڕەوتە پۆستمۆدێرنیزمەکاندا بوونی نەماوە. کارەکتەرەکان لە “لێکترازان”دا، گەر “لێکترازان” بە نموونە بهێنینەوە، یەکتری تەواو دەکەن، هەر لێرەیشەوە نواندن تەکنیکیێکی تر لەخۆ دەگرێت؛ کە تا ئاستێک بە شانۆی کوردی نامۆیە: نە “ستانیسلاڤسکی”یە و نە “برێشت”، بەڵکوو شتێکە لەبەینی هەردووکیاندا. ئەکتەر بەتەواوی ناچێتە ناو ڕۆلەکەیەوە و ون بێت، بەڵکوو هەوڵمداوە وا لە ئەکتەرەکان بکەم بەوپەڕی ساکارییەوە بەرجەستەی ڕۆلەکانییان، لەلایەک و ناوەوەی خۆیان لەلایەکی ترەوە بکەن. لەبەر ئەوە ئاساییە، هەندێک لەبینەران، یاوەخود شانۆکار و ڕەخنەگرەکانی ئێمە لەم نمایشە نەگەن.
زەحمەت تێگەیشتنی شانۆکاران و ڕەخنەگرانی ئێمە لەو فۆڕمە قووڵ و ساکارەی ئێوە لە “لێکترازان”دا پێشکەشتان کرد، دووچاری ڕەخنەی ناتەندروستی نەکردیتەوە؟
وابزانم وەڵامی ئەم پرسیارەم لە پرسیاری پێشوودا داوەتەوە.
کارکردن لەنێو دەقی “لێکترازان”دا لە ڕووی دراماتۆرگییەوە بە دهستکاریکردنی هەندێک لە دیمەنەکان زیان بە دەقەکە ناگەیەنێت وەکو ئەوەی، کە دەقەکە چاپ کرا خوێنەر لەنێوان خوێندنەوە و نمایش کردنی دەقەکەدا سەری لێ تێک پچێت؟
بە بڕوای من نەخێر. پرۆسەی نووسینی دەقێک زۆر جیاوازە له پرۆسهی نهمایشی ئهو دهقه لهسهر تهختهی شانۆ. هەموو دەرهێنەرێک مافی ئەوەی هەیە، بێگومان دەشبێ وەها بێت، وەک کەسێکی دەرهێنەر خوێندنەوەی خۆی بۆ ئەو دەقە هەبێت، کە کاری لەسەر دەکات. لەوانەیە ئەم پرس و گفتوگۆیە سەبارەت بە نمایشی “لێکترازان” جیاواز بێت، لەو ڕووەوەی من خۆم، کە نووسەری دەقەکەم، هەر خۆیشم کاری دەرهێنانم بۆ ئەنجام داوە. پرۆسەی کارەکە، ڕۆژانی پرۆڤە و ئەو بەرکەوتنە بەردەوامەی ڕۆژانە لەگەڵ ئەکتەرەکاندا هەمبوو، چەندین ئاڕاستەی تری لای من، وەک دەرهێنەری کارەکە دروست کرد. بۆ نموونە لابردنی چەند دیمەنێک و پاش و پێشخستنی هەندێک لە دیمەنەکانی تر. دەقەکە وەک پارتیتورێکی ئەو نماشەیە، کە کردمان. ئەمەیش لە ڕووی دراماتۆرگییەوە کارێکی دروستە بۆ هەموو نمایشێک. دواتر، کە دەقە ئۆرگیناڵییەکە چاپ کرا، ئەوە لە ئایندەدا چۆن نووسراوە ئاوا دەچێتە بەر دەست دەرهێنەرێکی تر، کە بیەوێ کاری تیا بکات، هاوکات ئەو خوێنەرەیشی دەقەکە دەخوێنێتەوە، لەوانەیە نمایشەکەی هەر نەبینیبێت، خۆ گەر نمایشەکەیشی بینیبێت، ئەوە دەزانێت ئێمە بە چ شێوەیەک کارمان تیا کردووە.
بە دیدی بەڕێزت وەکو شانۆکارێکی بەئەزموون و پڕ زانست بۆچی ئێمە نووسەری دەقی شانۆییمان کەمە؟ بێجگە لەو خەڵاتە ساڵانەیەی بەڕێزت چی بکەین تاوەکو نووسەری دەقی شانۆییمان زۆر بێت؟
نەبوونی نووسەری دەقی شانۆیی لای ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکار، لە پێش هەموویانەوە، ئەوەیە، کە هونەری شانۆ نە لای ئێمە دروست بووە و نە لای ئێمەیش گەشەی کردوە. دوای ئەوە، بە ڕای من نووسینی دەقی شانۆیی، سەخترین ژانرەکانی نووسینە و پێویستی بە فێربوون و تەکنیک و هەروەها شارستانییەتێکیشە، کە هونەری شانۆ بتوانێت تیا گەشە بکات و بە ئازادی کاری خۆی بکات. لای ئێمە چەند دەقێکی شانۆیی نووسراون، لێرە و لەوێ هەندێک لە نووسەرەکانمان، یان شانۆکارەکان دەقی شانۆییان نووسییوە، بەڵام بەردەوامییان پێ نەداوە و لە دەقێکی شانۆیی یان چەند دەقێکی کەم زیاتر هیچ شتێکی تریان بەرهەم نەهێناوە. ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمە ئەو کولتوورەمان نییە و ئەمەیش، وەک لای سەرەوە ئاماژەم بۆ کرد، لەبەر ئەوەی هونەری شانۆ لای ئێمە هێندە دێرین نییە و هێشتا نەیتوانییوە شووناسی خۆی بە دەست بهێنێ و ڕەگی خۆی دابکوتێت. لە وڵاتانی پێشکەوتوو، لەو وڵاتانەی شانۆ هەیە، گرینگی زۆر دەبەخشرێت بە دەقی شانۆیی نوێ و خۆماڵی. لە ئەوروپا، شانۆ گەورەکان و تەنانەت شانۆ بچووکەکانیش، هەمیشە بەدوای دەقی تازەدا دەگەڕێن. شانۆکان زیاتر ئامادەی نمایشکردنی دەقی تازە و خۆماڵین و پاداشتی زۆر باشیشیان بۆ تەرخان کراوە. شانۆنامەنووسەکان لە شانۆکاندا دادەمەزرێنن تا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە شانۆکان و دەرهێنەرەکانەوە هەبێت بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی دەقی تازەی شانۆیی. ئێمە ئەمانە هیچیمان نییە، تەنیا شتێک وەک هەنگاوێکی گرینگ ئەوەیە، ئەوەی دەنووسرێت پشتگوێ نەخرێت و بخرێتە سەر شانۆ. ئەو خەڵاتەی ئێمەیش داماناوە، ڕێگایەکی گرینگ و پێویستە بۆ زیاتر گرینگیدان بەم بوارە و هاندانی کەسانێک، کە ئەو توانا و سەلیقەیەیان تیادایە، بنووسن. خەڵاتی دانا ڕەئووف دوو ساڵە دامەزراوە و بەم دوو ساڵە دوو دەقی شانۆیی نوێی لە دووتوێی دوو کتێبدا بڵاو کردۆتەوە و بەردەوامیش دەبین.
ئایا مەرجەکانی خەڵاتی دانا رەووف بۆ ساڵی ٢٠٢٤ هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ساڵانی دیکەدا دەبێت؟
نەخێر. ئەو مەرجانە زۆر گرینگن بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین و هاوکات ڕێگایەکیش بۆ نووسینی دەقی شانۆیی نوێ بکەینەوە و هانی ئهو کهسانهیش بدهین، کە دەتوانن و دەیانەوێت بنووسن. یەکێک لە گرینگترین مەرجەکانیش ئەوەیە، دەقەکە لەوەوبەر بڵاو نەکرابێتەوە و نمایش نەکرابێت.
دوای “لێکترازان” بەرهەمی داهاتووی دانا ڕەووف چی دەبێت؟
سەرەتا چاپ کردنی دەقی “لێکترازان” دەبێت، بە شێوە ئۆرگیناڵییەکەی، هەروەها چەند کتێبێکی ترم هەن، کە ئامادەن بۆ چاپ. ئەم بەرهەمانە ساڵی داهاتوو چاپ و بڵاو دەکرێنەوە. هاوکات خهریکی نووسینی دەقێکی تازەیشم، ئەمە جگە لەوەی ساڵی داهاتوویش، یان ساڵی ٢٠٢٥ دەگەڕێمەوە بۆ کوردستان و یەکێک لە دەقەکانی ترم دەخەمە سەر شانۆ.