شانۆنامه‌ی “چیرۆكه‌كانی با” ڕۆچوونه به نێو ته‌نیاییدا
ئەژین فەهمی
ساندرا
چیرۆكه‌كانی با_م بۆ بگێڕه‌ره‌وه.
سان
با؟
ساندرا
به‌ڵێ، چیرۆكه‌كانی با.
(وچانێكی كورت)
چیرۆكی با ده‌زانی؟
(سه‌یری سان ده‌كات)
چیرۆكی با! ل، ١٥
ئاشكرایه، كاتێ شانۆنامه ده‌خوێنینه‌وه ڕووداوه‌كانی و دیالۆگەکانیمان لە یاد نامێنێت، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم خوێندنه‌وه‌ی (چیرۆك، ڕۆمان، داستان) تەواو جودایه و پتر ڕووداوه‌كانی به مه‌نه‌لۆگ و گفتوگۆیشه‌وه لە یادماندا ده‌مێننەوە. بێگومان ئه‌وه‌یش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە فۆڕمی شانۆنامه، چ لە ڕووی شێواز و چ لە ڕووی تەکنیکی گێڕانەوەیشەوە، جوداوازتره له‌وانیدیكه.
بەڵام شانۆنامەی (چیرۆکەکانی با) بۆ من جوداوازتر بوو له هه‌ر شانۆنامه‌یه‌كی تر؛ ئەم کتێبە، کە له دووتوێی ٤٠٤ لاپەڕەدایە، جگە لە شانۆنامەی “چیرۆکەکانی با”، کە ناونیشانی کتێبەکەیشی هەڵگرتووە، (دوو سێینه و چه‌ند ده‌قێكی شانۆیی تر لە خۆ دەگرێت.) خودی “چیرۆکەکانی با” پێكهاتووە لە دە دیمەن.
“چیرۆکەکانی با” بەپێی پێناسەی نووسەر (چەند وێنەیەکن لە ژیانی ڕۆژانە) بەڵام هەر نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ئەم دەقە و دەقەکانی تری نێو ئەم کتێبە چەندە بە ڕواڵەت واقیعین، هێندەیش بە دیوەکەی تری‌دا ئەبسێردن و لە دنیای واقیع و ژیانی ڕۆژانە دوور کەوتوونەتەوە. له‌هه‌ر بڕگه‌یه‌كدا، كه چووبوومه نێو قووڵایی په‌یڤه ساده‌كانی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه له من وابوو منیش له‌گه‌ڵیاندا كاره‌كته‌رێكم و هه‌ڤپه‌یڤین ده‌كه‌م. گفتوگۆکانی نێوان سان و ساندرا چەندە قووڵن، هێندەیش سادە و ڕاستەوخۆن و لە ژیانی ئێمەوە نزیكن.
سان
هه‌موو شتێك سه‌یره، زۆر سه‌یره.
ساندرا
ژیان خه‌ونی كه‌سێكه، خه‌ونی من یان تۆیه؟
سان
خه‌ون؟
ساندرا
نا، من و تۆ له خه‌ونی كه‌سێكداین. كه‌سێكی بێ‌ئاگا له هه‌موو شتێك.
سان
ژیان وه‌ك ئه‌وه‌ی وا له‌وێدا بێت، له ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه‌وه بێت و ئێمه له په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه سه‌یری بكه‌ین.
(مۆسیقا)
ل، ١٩
جگه له‌وه‌ی ده‌ركم به به‌ركه‌وتنی ئه‌و په‌یڤانه‌یان ده‌كرد، كه تامی متمانه و خۆشه‌ویستیم لێیان ده‌كرد، بە هەمان شێوە ده‌ركیشم به‌و ڕووناكی و تاریكییه ده‌كرد، كه پێویست بوو له‌هه‌ر جێگه‌یه‌كدا هه‌بێت و خۆیشم له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆكه‌دا ده‌هاتم و ده‌چووم. نەك هەر ئەوە بگره زۆر ڕووداوی نێو شانۆنامه‌كه‌یشم له یاد نه‌كردووه. له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كیدا، به‌ره‌و به‌رزی ده‌ڕۆیشتم و هه‌ستێكی سه‌یر و خۆش دایگرتبووم، هه‌ستم به ته‌نیایی ده‌كرد، ئەو تەنیاییەی، كه تا هه‌نووكه پێی شادم.
كه له سێینه‌ی (وه‌ك ئه‌وه‌ی ژیان له‌وێ بێ) سیامه‌ند و مه‌ستانه پێكه‌وه ده‌دوان، هەستم دەکرد، ئەوەی ئەوان باسی دەکەن، ئەو دیالۆگەی نێوان ئەو دووکارەکتەرە، هێندە لە ژیانی ئەمرۆی ئێمەوە نزیکە، وامدەزانی گوێ لە گفتوگۆی دوو کەسی نزیکی خۆم دەگرم.
سیامه‌ند
ده‌ڕۆی؟
مه‌ستانه
به‌ڵێ.
سیامه‌ند
نابێ كه‌مێك بیر بكه‌یته‌وه؟
مه‌ستانه
ده‌مێكه بیر ده‌كه‌مه‌وه!
(وچان)
سیامه‌ند
ئه‌وه دوا بڕیارته؟
مه‌ستانه
به‌ڵێ.
(بێده‌نگی)
چیی تر ناتوانم لێره بمێنمه‌وه. ل ٧١، ٧٢
ئه‌م شانۆنامه‌یه زێده‌تر له‌هه‌ر شانۆنامه‌یه‌ك هه‌ستم پێی كرد: نووسه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌یدا ژیاوه و ته‌نێ خۆی بۆ ئه‌ده‌به‌كه‌ی ته‌رخانكردووه، چونكی، كه چاوم له سه‌ر دێڕه‌كانی بوو دڵنیا بووم له پاك ئیش كردنی نووسه‌ر و به‌ر ئه‌وه كه‌وتم، كه ئه‌م ده‌قانه له خۆوه نه‌نووسراون، به‌ڵكوو ئه‌زمونی بێده‌نگ ئیشكردن و مكوڕبوونی (دانا ڕەئووف)ە تا ئه‌ده‌بێكی باڵامان پێشكێش بكات و زمانه ساده و شیرینه‌كه‌ی بۆ چه‌ندین ساڵ له‌به‌ر دیده‌مان كرچ و كاڵ نه‌بێت و هه‌رگیزیش تاقه‌تپروكێن نه‌بێت.
كاتێ (لە خۆرئاوابووندا لەوێ بووم)، كه نووسه‌ر هه‌موو پارچه‌كانی پێكه‌وه گرێدابوون له‌و چه‌ند دێڕه‌ی گفتوگۆی نێوان نه‌شمیل و مه‌ستانه‌دا ئه‌وه باش ڕوونه، كه پێكه‌وه ده‌په‌یڤن. لەو چەند دیالۆگە کورتەدا، (دانا) دەمانخاتە بەردەم حەقیقەتی مردن و ترس لە مردن.
مه‌ستانه
به‌چی پێده‌كه‌نی؟
نه‌شمیل
به هیچ!
مه‌ستانه
چه‌ند له مه‌رگ ده‌ترسم!
نه‌شمیل
مه‌رگ خۆی سه‌خت نییه، به‌ڵكو مردن …
(وچانێكی كورت)
(له مه‌ستانه ده‌چێته پێشه‌وه)
مردن سه‌خته. ل، ١٦٢
له ڕاستیدا تا هه‌نووكه، هێنده‌ی خەریکی خوێندنەوەی چیرۆك و نۆڤلێت بووم، بە هیچ شێوەیەك حه‌زم به خوێندنەوەی شانۆنامه نه‌كردووه، ده‌شێ بڵێم: شانۆنامه‌ی كوردی سه‌رنجی ڕانەکێشاوم، به‌ڵام (چیرۆكه‌كانی با) بۆ من جوداوازتر له هه‌ر شانۆنامه‌یه‌ك، كه بیرم ناچێته‌وه، وا بوو. ڕووداوه‌كانی هێشتمیانه‌وه. ئەمە جگه له‌وه‌ی، كه ناونیشانه‌كه‌ی سه‌رنجی ڕاکێشام، نەک هەر ئەوە، به‌ڵكوو دەتوانم بڵێم تێكه‌ڵی دنیایه‌كی تژی له خه‌یاڵ و جوانی كردم. له من وابوو بەر شنەی با دەکه‌وم و دەیدات له ملم. ئاخر شانۆنامه‌یه‌ك به‌و هه‌موو ورد و پاك ئیش كردنه‌یدا ته‌واو تازه‌گه‌ری و ڕچه‌شكێن بوو. كارێكی تازه، به به‌رگێكی نوێوه، به‌و زمانه شیرین و تاقانه‌یه، کە تەواو له كاره‌كانی تریشیدا (دانا ڕه‌ئووف)ی، پێ ده‌ناسرێته‌وه. ده‌ق له دوای ده‌ق به پێداچوونه‌وه‌كانیشییه‌وه كاره‌كانی (دانا) ده‌ناسرێته‌وه. وامان لێ ده‌كات خۆشه‌ویستیمان بۆی هه‌بێت.
له شانۆنامەی (ئه‌م خۆشه‌ویستییه هه‌ر ڕۆژه‌ی پارچه‌یه‌كم لێ ده‌با)، کە پێكهاتووه له سێ دیمه‌ن، زۆر بە وردی هه‌رسێكیان یه‌كدی ته‌واوده‌كه‌ن و په‌یوه‌ستن به یه‌كدییه‌وه و له هه‌رسێكیانیشدا چاوه‌ڕوانی و متمانه و خۆشه‌ویستی تێیدا به‌رپایه. ئەم تێمایانەیش لە هەموو شانۆنامەکاندا بە ڕوونی دیارن، هه‌رئه‌مه‌یش وای كردووه (دانا)ی پێبناسرێته‌وه و خۆشه‌ویستییم بۆ شانۆنامه‌كانی هه‌بێت. ئەم تێمایانە؛ چاوەڕوانی، متمانە و خۆشەویستی چەندە لە دێر زەمانەوە پەیوەستن بە مرۆڤەوە، هێندەیش مرۆڤی ئەمرۆی پێوە دەتلێتەوە.
ژن
چی له مندا ده‌بینی؟
(نائارام دیاره)
چیت له من ده‌وێ، بۆ وازم لێ ناهێنی؟
پیاو
له تۆدا؟
ژن
به‌ڵێ له مندا!
پیاو
(بێده‌نگی)
ژن
بۆ وازم لێ ناهێنی؟
پیاو
ته‌نها تۆم ده‌وێ. له تۆدا بۆ تۆ ده‌گه‌ڕێم. ل، ٢١٧
له‌م شانۆنامه‌یه‌دا، كه یەکەم دەقی نێو کتێبەکەیە، وایكرد شانۆم خۆشبوێت، چونكه زۆر شتی پێكابوو، کە لەوەوبەر باس نه‌كرابوو، درێژ دادڕی تێدانه‌بوو. من حه‌ز به كاری وا ده‌كه‌م. ده‌كرێ بڵێم: وه‌ك هه‌ر ژانرێكی تر له‌گه‌ڵ شانۆیشدا بژی و مافی ته‌واوت دابێت به كاره‌كه‌ت، ئه‌وا ده‌بیت به نووسه‌ری ئه‌و ژانره‌ی، كه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ی.
نایشارمه‌وه، ورد كاركردن له‌و ده‌قه تۆكمه‌یه‌دا ئازایه‌تی نیشاندام، به تایبه‌ت دیالۆگ و مه‌نۆلۆگەکان خه‌یاڵمی فراوانتر كرد. مكوڕتر بووم له نووسینی چیرۆكدا، چونكی وا هه‌ست ده‌كه‌م شانۆ و چیرۆك له چه‌ند خاڵێكدا هاوبه‌شن.
له شانۆنامەی (ژنی سه‌ر جۆلانه‌كه‌دا)، كه پێكهاتووه له نۆ دیمه‌ن. ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه گفتوگۆی نێوان (پیاو، ژن، كچ، گه‌نجێكی گیتارژه‌ن، کە ته‌مه‌نی سی ساڵه)، هەمان ئەو کێشانە، لە دیوێکی ترەوە دەخاتەوە ڕوو. ژن و پیاو لە کێشە ئەزەلییەکانیاندا بە جۆرێکی تر ڕووبەڕووی یەکتری دەکاتەوە. لێرەدا بۆ یەکمجار ئەم ژن و پیاوه ڕووبەرووی ترسێکی نادیار دەکاتەوە. ئەوان لە شتێک دەترسن، کە خۆشیان نازانن چییە.
پیاو
كه ئه‌مجاره ڕۆیشتم، ناگه‌ڕێمه‌وه.
ژن
كات هه‌موو برینێك سارێژ ده‌كا.
پیاو
كێ وا ده‌ڵێ؟
ژن
تۆ. تۆ واتگوت!
(بێده‌نگی)
ده‌ترسم له هه‌موو شوێنێ و له هه‌موو شتێك ده‌ترسم. له ژووری دانیشتنه‌كه، له ژووری نووستن، له باخچه‌كه‌مان، له سه‌ر شه‌قامه‌كه‌مان، له هه‌موو شتێك ده‌ترسم. ل ٢٨٦
لە دوا شانۆنامەی ئەم کتێبەدا (من و تۆ له‌گه‌ڵ بادا)، كه چوار به‌شی له خۆ گرتووه و هه‌ر به‌شێكیشیان له چه‌ند دیمه‌نێك پێكهاتووه ئه‌وانیش: (له‌گه‌ڵ با دا بڕۆ، ده‌تده‌مه ده‌ست با، له‌گه‌ڵ بادا وه‌ره، به ته‌نیا له‌گه‌ڵ بادا) دەمانخاتە نێو زەمەنێکی درێژی ژیانی ئەم دوو کارەکتەرەوە، کە ژن و پیاوێکە. له شانۆنامەی (له‌گه‌ڵ بادا بڕۆ) پیاوه‌كه به ژنه‌كه ده‌ڵێت:
پیاو
كام وێنانه؟
ژن
(پێده‌كه‌نێ)
كه‌چی ئه‌مڕۆ وێنه‌كانمان ڕه‌نگاوڕه‌نگن.
(وچانێكی كورت)
ژیانیش ڕه‌ش و سپی.
پیاو
ده‌بێ شتێك بكه‌ین. ل، ٣٢٥
دەمەوێت بڵێم، وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌بێت له‌وه بگه‌ین، كه (دانا) زۆر ڕوون ده‌نووسێت و هیچ تەم و مژ و لێڵییه‌ك له ده‌قه‌كانیدا به‌دی ناكرێن و باش ده‌زانێت چیمان پێبڵێت و چیمان پێ نه‌ڵێت.
(دانا ڕه‌ئووف) واتا شانۆ، شانۆیش واتا هه‌ر ئه‌و.
منیش ده‌ڵێم: هه‌میشه له‌گه‌ڵ با_ دا وه‌ره.
سه‌رچاوه: (چیرۆكه‌كانی با) کۆمەڵێك دەقی شانۆیی. نووسینی (دانا ڕه‌ئووف)، بڵاو کراوەی ناوەندی کەپر، ٢٠٢٠