ڕۆژ باش کاک دانا گیان
فریاد حەسەن
سەرەتا گەلێک دڵخۆشم بە تێکستە شانۆییەکەت، و بەوەش کە لەسەر دەستی بەڕێزتان دەخرێتە سەر شانۆ. بە حوکمی ئەوەی تێکستەکە زۆر بە وردی نووسراوە و دیمەنەکان بە وردی داڕێژراون؛ شایەنی قسە و توێژینەوەی زۆر زۆرە؛ هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەم تێکستە بۆ بازنەی شانۆیی ئێمە (شانۆی کوردی) دەتوانێت وەکو تێکستێکی زیندوو لە هەموو سەردەم و شوێنێکی جیاوازدا بژی و مامەڵە لەگەڵ خوێنەر و بینەری خۆیدا بکات و بکەوێتە گفتوگۆوە لەگەڵیان. ڕەنگە لە نامەیەکدا نەتوانم بەتەواوەتی هەق بە خوێندنەوەی تێکستەکە بدەم، لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت کە ئەمە تەنیا نامەیەکە و بەس، بەڵام لەم نامەیەدا دەمەوێت لەسەر چەند لایەنێکی تێکستە شانۆییەکە بوەستم:
– فۆڕم و میتۆدی گشتیی نووسینەکە، کە فۆڕمێکی تەواو تەواو هاوچەرخانەیە؛ بۆ من زۆر جێگەی دڵخۆشییە، بەتایبەتیش داڕشتنەوە شیعرییەکەی کە لە ئاستێکی زۆر باڵادایە (شیعریی بە مانا ئەدەبییەکەی نا، بە مانا هونەرییەکەی). هاوکات بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا یەک جار تێکستەکەم خوێندووەتەوە؛ دەرکم بەوە کرد لە ناو ڕەوتی هاوچەرخماندا، تێکستەکە بە لایەنی ئەبسۆردا دەشکێتەوە.
– لە فۆڕمی ڕووکەشدا، یاخود بابڵێین بۆ بینەر و خوێنەری ئاسایی، بێگومان تێکستەکە کەمێک ئاڵۆز دەبێت، چونکە لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوودا، جیهان و کۆمەڵگە مرۆییەکان هەتاوەکو ئیستاش بۆیان ئەستەم بووە کە پەیوەندیی لەگەڵ تێکست و کارە هونەرییە پۆستمۆدێرن و پۆستدراماتیکییەکاندا ببەستن. دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وەرگردا؛ لە کارە ڕیالیستی و ناچوڕالیستییەکانی ڕابردوودا ئاسانتر بووە، وەلی لەناو جیهانی نامۆ و ئاڵۆزی هاوچەرخماندا ئەم بەرکەوتنە کەمتر دەبێتەوە، بەڵام دەشێ وەرگر بە شێوەیەکی زۆر قووڵتر لە هەر ڕەهەند و ڕەوتێکی دیکەی هونەریی و ئەدەبیی بەر کارە هاوچەرخەکان بکەوێت و بکەوێتە گفتوگۆ و مامەڵەوە لەگەڵیاندا، لەبەر ئەوەی کارە هاوچەرخەکان پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان بە مرۆڤەوە هەیە لە سەردەمی هاوچەرخ و پۆستمۆدێرنەدا. (کە ئەمەش لەناو زۆربەی کارە هاوچەرخەکاندا بە روونی هەستی پێ کراوە). من دڵنیام ئەگەر درێژە بە قسەکردن بدەین لەم لایەنەوە ڕەنگە بە سەدان توێژینەوە و کتێب و لێکۆڵینەوە تەواو نەبین.
– داڕشتنەوەی دایەلۆگەکانی نێوان کارەکتەری فریشتە بە کارەکتەرەکانی دیکەوە و ئەو کارەکتەرسازییەی بۆیان کراوە، کە بەردەوام لە پچڕان و دروستبوونەوەدایە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، پێم وایە بۆ خوێنەر ئەمە یەکێکە لە بەهێزترین خاڵەکانی تێکستەکە، تا پەیوەندی لەگەڵدا دروست دەکات. دروستکردنی ئەم جۆرە لە کارەکتەرسازیی و پڵۆتە پۆستدراماتیکییە کارێکی یەکجار قورسە، ئەمە ڕێک ئەو جیهانەیە کە ئێمە تیایدا دەژین، هەموو شتێک خێرا ڕوودەدات و لە کاتی خۆیدا کاریگەرییە، وەلی پێش ئەوەی لێی تێبگەین چەندین شتی دیکەی خێرا و گەورەی دیکەی بەدوادا دێت و ئەمەش وامان لێ دەکات هەست بکەین بەوەی ئێمە لە ناو کاۆس (فەوزا و ئاژاوە)دا دەژین. لێرەدا (تیۆری شل)ی (زیگمۆنت باومان)ی کۆمەڵناسی پۆڵەندیم هاتەوە یاد کە چۆن وێنا و شیکردنەوە بۆ کۆمەڵگە ناسەقامگیر و پەیوەندییە خێراکانی مرۆڤ دەکات لە سەردەمی هاوچەرخدا.
– وەکو لە تێکستەدا دیارە، خوێنەر لە ڕێگەی کارەکتەرەکانەوە بەر چەند گرفتێکی دەروونی (سایکۆلۆژی) دەکەوێت، وەک (خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و وەسوەسی و قەلەقی)، بەڵام لێرەدا گرفتە دەروونییەکان بە شێوەیەکی ڕیالیستی کاریان لەسەر ناکرێت, ئەمەش وا دەکات دایببڕێت لە فۆڕمێکی ڕیالیستی سایکۆلۆژییانە، بەڵکو تێکستی (لێکترازان) دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم چەند گرفتە دەروونییەوە (سایکۆلۆژییەوە) بەرەو هەندێک گرێی (Complex) گەورەی مرۆییمان ببات و لە سایکۆلۆژییەوە هەنگاومان پێ دەنێت بەرەو (دەروونشیکاریی psychoanalysis). بۆ پرسە مرۆییە بنەرەتییەکان، وەک: (کات – ژیان – بەختەوەریی – پەیوەندییە خێزانییەکان – ئازار – نۆستالۆژیا)، ئەمەش وا دەکات خوێنەر بکەوێتە گفتوگۆ و مامەڵەیەکی درێژخایەنەوە لەگەڵ تێکستەکەدا، بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین “لێکترازان” تێکستێکی “کشاو”ە، دەکرێت ببێت بە سەرچاوەی دەیان پرسی جیاواز و خوێنەر هەر جارێک لەگەڵ پرسێکدا دەرگیر ببێت و هەر جارێکیش بە فۆڕمی جیاواز لەلایەن دەرهێنەرانەوە ئامادە بکرێت بۆ شانۆ.
– من دەزانم، لە ئێستا نزیکن لە نمایشکردنیەوە هەندێک گۆڕانکاریی لە تێکستەکەدا کراوە (هەروەکو باسیشتان کرد – و من لای خۆمەوە لە ڕووی داڕشتنەوەی ڕسەتەکانەوە، لە چەند ڕستەیەکدا هەستم بە گرفتێکی ڕستەسازیی کرد کە دڵنیام ئەمە لە کاتی چاپکردنیدا چارەسەر دەکرێت). وەلێ جگە لەمە، هیوادارم ئەو گۆڕانکارییە زۆرەی دیمەنەکان و بەکارهێنانی ساوند ئیفێکت و کاریگەرییەکانی ڕووناکی بۆ سەر شانۆ بە ئاسانی بێت بە دەستەوە و هەموو شتێکی چارەسەر بکرێت؛ چونکە پێم وایە یەکێک لە قورسترین هەنگاوەکانی بە شانۆکردنی تێکستەکە، کاریگەرییە تەکنیکییەکانی وەک (دەنگ و ڕووناکی و سینۆگرافیا)یە کە بەشێکی گرنگی تێکستەکەن لە کاتی نمایشکردنیدا لەسەر شانۆ.
دووبارە، بە بوونی تێکستێکی کوردی لەو شێوەیە زۆر دڵخۆشم، بێگومان لە ئایندەدا چەندین جاری دیکەش دەیخوێنمەوە، دڵخۆشم بەوەی هەر لەسەر دەستی بەڕێزیشتان دەخرێتە سەر شانۆ و لە ئێستاوە تامەزرۆی بینینیم.
٨/٩/٢٠٢٣ سلێمانی