دەرگا کراوەکە, بیر و ڕا سەبارەت بە نواند و شانۆ

پیتەر بروک لە کتێبی The Open door (دەرگا کراوەکە)دا، کە لە ساڵی ١٩٩٥دا بڵاوی کردۆتەوە، بە چڕی و بە شێوەیەکی کراوە، بە پشتبەستن بە ئەزموونی دەوڵەمەندی چەند ساڵەی خۆی، باسی ژیان لە شانۆ و هونەری نواندن و شانۆ و ڕۆڵ و بەهای بینەران دەکات. چه‌مکی پانتایی بۆش روون دەکاتەوە و سەرلەنوێ لە ئەزموونێکی پەنجا ساڵەی خۆییەوە، بە دیدێکی ترەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکاتەوە. بروک لەسەرەتای کتێبەکەیەوە، باسی بەکارهێنانی پانتایی بۆش دەکات و دەیبەستێتەوە بە فەلسەفەی ئەو شێوازەی شانۆوە، کە ئەو کاری لەسەر دەکات. ئەگەر بتەوێت شتێکی بە بەها ڕووبدات، دەبێت هەوڵی خوڵقاندنی پانتاییەکی بۆش بدەیت، پانتاییە بۆشەکان ئەو دەرفەتە دەرەخسێنن تا ڕەوشە تازەکان بۆ ناو ژیان بێنە دەرەوە، لەبەر ئەوەی هەموو شتێک، کە تایبەتە بە ناوەڕۆک و مانا و گوزارشت و زمان و مۆسیقا، ناکرێت بێ ئەزموونێکی باش و پێگەیشتوو، بوونیان هەبێت.

پیتەر بروک کار لەسەر ئەو پرنسیپە دەکات، کە ژیان لە شانۆ جیا ناکرێتەوە، لەبەر ئەوەی شانۆ سەبارەت بە ژیانە و دەربارەی ژیانە. ئەمەیش خاڵی سەرەتا و بنەما گەوهەرییەکەی شانۆیە لای شانۆکارێکی وەک بروک، هیچ شتێکی تریش نییە، کە بە سه‌ره‌کیتر دابنرێت: شانۆ ژیانە. لەوانەیە شانۆیش یەکێک بێت لە گرانترین هونەرەکان، لەبەر ئەوەی لە شانۆدا سێ پێوەندی سەرەکی هەن، کە دەبێت لە یەک کاتدا و بە شێوەیەکی تەواو بە ئەنجام بگەن: پێوەندیی نێوان ئەکتەر و ژیانی ناوەکی خۆی، پێوەندیی نێوان خۆی و ئەکتەرەکانی تری گروپەکە، هاوکات پێوەندیی نێوان خۆی و بینەران. لە هەمان کاتدا ناکرێت بگوترێت، کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژیان و شانۆدا نییە. خەڵکی دەچن بۆ شانۆ تا لەوێ ژیان ببینن، بەڵام ئەگەر هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژیان لە دەرەوەی شانۆ و ژیان لەسەر شانۆ و ناو شانۆدا نەبێت، ئەوە شانۆ هیچ مانایەکی نابێت. هیچ خاڵێکی دیاریکراویش بۆ ئەمە لە ئارادا نییە، ئەگەر بیرۆکەی ژیانمان لەسەر شانۆ وەک شتێکی بینراو و تەواو، زیاتر لەوەی لە دەرەوەی هەیە، قبووڵ کرد، ئه‌و کاته‌ وەکوو خۆی دەیبینین، لە هەمان کاتدا جیاوازیشە. هەر لێره‌شه‌وه‌ دەتوانین شتێکی تری بخەینە سەر: ژیان لەسەر شانۆ زیاتر شایەنی خوێندنەوەیە، هەروەها بەهێزتریشە، لەبەر ئەوەی زیاتر چڕکراوەتەوە، پرۆسەی کورتکردنەوەی پانتایی و پاڵەپەستۆ و چڕکردنەوەی کات، جۆرە دیقەتێکی تایبەتی دەخوڵقێنن.

بروک لە زۆربەی کارەکانیدا تەنها فەرشێک بەکار دەهێنێت تا بەمە، شوێنی پانتایی گەمەی نەمایشەکە دیاری بکات، ئەمەیش بە ڕای بروک، لە پێناوی ئامانجێکی زۆر ئاشکرادایە: (ئەکتەر لە دەرەوەی ئەم فەرشەوە، لە ژیانی ڕۆژانەیدا، دەتوانێت چی بووێت، بیکات؛ وزەی بە فیڕۆ بدات، خەریکی جۆرە جووڵانەوەیەکی وابێت، کە گوزارشت لە هیچ شتێک نەکات، سەری دەخورێنێت، دەنوێت… بەڵام هەر ئەوەندەی خۆی لەسەر فەرشەکە بینییەوە، ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانە، کە ئەوەی دەیکات ڕوون و ئاشکرا بێت، لە ئاستی ئاستە بەرزەکانی ژیاندا بێت، ئەمەیش هەر زۆر بە ئاسانی، لەبەر ئەوەی بینەرێک چاودێری دەکات.) گرینگترین توخمەکانیش بۆ بروک چاوی بینەرانە، ئامادەبوونی بینەر و کاری بینەر لە هۆڵی نەمایشەکەدا، تایبەتمەندییەکی بە بەهای هەیە. بەشداریپێکردنی بینەران لە دیدی بروکەوە ئەوە ناگەیەنێت، بینەران بەشداری ڕووداوەکانی سەر شانۆ بکەن و هەوڵی ئەوە بدەن پەردە لەسەرخۆیان هەڵماڵن، وەک لە شەستەکاندا بەشداری بینەران لە چوونە سەر تەختەی شانۆ و بوون بە بەشێک لە ئەکتەرەکاندا، خۆی دەبینییەوە، بەڵکوو بینەران بە ئامادەبوونێکی هۆشیارانە و وریاوە، بەشدارییەکی هەمیشەیی نەمایشەکە دەکات. ئەم ئامادەبوونەیش لە ڕێگای پەرچەکردارێکی پۆزەتیڤەوە، هەستی پێ دەکرێت. (بینەران دەبێت شەریکێکی ڕاستەقینەی “تاوانی ڕووداوەکان” بن و بەوە قایل بن، کە بوتڵێکی شووشە تاوەری (ئیڤل)بێت یان ساروخێکە بەرەو ئاسمان دەڕوات.) بۆ ئەم ڕۆڵەیش ئەندێشە کاری خۆی دەکات، بە ئەندێشە ئەو بوتڵە شووشەیە لە هەست و نەستی بینەراندا دەبێت بەو تاوەرە گەورەیەی سەری لە کەشکەلانی فەلەکە، ئەمەیش بە مەرجێک ئەکتەر بتوانێت لە دەرەوەی (شوێنە) دیاریکراوەکاندا بجووڵێتەوە؛ هەر ئەوەندەی یەک لە توخمەکانی شوێن، شوێنێکی دیاریکراو بۆ ئەکتەر دیاری بکات، بڕواکردن بەو سروشتە دیکۆرئاسایە، گران دەبێت و بینەران دەخاتە نێو سنووری لۆژیکی دیمەنەکەوە. ئەکتەریش لەم هاوکێشەیەدا، ڕۆڵێکی پڕ لە بەهای هەیە: هزر و سۆز و جەستە؛ ئەکتەر دەبێت دیدێکی ئاشکرا و ڕوونی هەبێت، لەگەڵ هزرێکی هۆشیار، هەست و سۆزێکی ڕاستگۆ و جەستەیەکی پتەو، ئەم توخمانەیش لە یەکەیەکی هونەری و هارمۆنیایەکی بەهێزدا یەکانگیر بێت، هاوکات ریتمێکی ناوەکی و دەرەکی ئەم سێ توخمە کۆدەکاتەوە، ڕێکیان دەخات و پارسەنگی ئەکتەر و هونەری نواندن ڕادەگرێت و بەرجەستەیان دەکات. ئەمەیش بۆ بروک ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەکتەر بە هەمان شێوەی سەمازانێک مەشقی جەستەیی پێویست بێت، ئەکتەر دەبێت جەستەیەکی گوزارشتئامێزی، بە شێوازی خۆی هەبێت. ئه‌کته‌ر، چۆن له‌ ژیاندا هه‌یه‌، ده‌بێ ئاوا بێت، واته‌، کورت، درێژ، قه‌ڵه‌و، لاواز، خاووخلیچك . . . تاد. ئه‌مه‌ پێویسته‌، چونکە ئەوەی نەمایشی دەکەن، ژیانە، ژیانی ناوەکی و ژیانی دەرەکی، کە بە هیچ شێوەیەک لە یەکتری جیا ناکرێنەوە. لەم ڕووەوە ئەکتەر دەبێت خاوەنی هەستێکی بەهێز بێت، بە شێوەیەک لە هەموو ساتێکدا لە پێوه‌ندییه‌کی ڕاستەوخۆدا بێت بە جەستەیەوە، لە کاتێکیشدا هه‌ڵده‌ستێت بە جووڵەیەک بە تەواوی هەموو شوێنێکی ئەندامەکانی جەستە و ماسولکەکانی لەشی دەزانێت لە کوێدان و چۆن هەڵدەستن بە کارەکانییان.

بروک لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات، کە هەموو شتێک لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدایە، تەنانەت تا دوا ڕۆژی نەمایش گۆڕانکاری لە جووڵە و ئاڕاستەی ئەکتەر و پرکردنەوەی پانتایی و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی پرۆسێسە هونه‌رییه‌که‌ ده‌کات. (بنەما سەرەکییەکە، ئەوە دەخوازێت، کە هەموو شتێک تا ساتی کۆتایی لە ڕەوشێکی ئاماده‌کردندا بێ، کەواتە، دەتوانیت ئەوە بخەیتە هزری خۆتەوە، کە هیچ بڕیارێک کۆتایی نییە و بەردەوام بیت لەسەر تاقیکردنەوە بەردەوامەکانت.)

بروک لەم کتێبەیدا، بەردەوام ئاماژە بە دووپاتکردنه‌وه‌ی چەمکی (پانتایی بۆش) دەکاتەوە، چونکە دیکۆر و قەرەباڵغکردنی سەر شانۆ هزری بینەر ئامادە دەکات. پانتایی بۆش هیچ چیرۆکێک ناگێڕێتەوە، دوای ئەوە ئەندێشەی بینەران و هەموو پرۆسە هزرییەکەی بە شێوەیەکی سەربەست دەمێنێتەوە و هیچ شتێک ڕێگری لێ ناکات. (نائامادەیی دیکۆر داواکارییەکی یەکەم و سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەندێشە بەکاری خۆی هەلبستێت.)

بروک زۆرجار لەم کتێبەیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر باسکردنی بەکارهێنانی فەرشێک وەک پانتایی یان سەکۆی ئەو شانۆیەی کاریان لەسەر کردووە، بۆ نموونە لە حەفتاکاندا یەکێک لەو کەرەسە زۆر گرینگانە لە گەشتەکانیاندا بۆ ئەفەریقا و وڵاتانی تری دونیا لەگەڵ خۆیان بردوویانە، فەرشێک بووە. باشترین ڕێگایش بۆ کارکردن لەسەر شەکسپیر و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شانە گرینگەکانی دەق و تەکنیکی نواندن و شێوازی بەرجەستەکردن، لە دیدی بروکەوە سەرلەنوێ ڕۆنان و دروستکردنەوەی شانۆی ئێلیزابێسی نییە، بەڵکوو زۆر بە ساکاری مەشقی ڕاگوزاری بووە لەسەر فەرشێك. (دەکرێت دەست بکەین بە دیمەنێک لە کاتێکدا بە پێوە وەستاوین، بە دانیشنەوە کۆتایی پێبهێنین، کە جارێکی تر بە پێوە دەوەستین، خۆمان لە وڵاتێکی تر یان کاتێکی تردا دەبینینەوە، بەبێ ئەوەی ریتمی چیرۆکەکە بزر بکەین/…/) شەکسپیر شانۆی بۆ شوێن و کاتێکی دیاریکراو نه‌نووسیوه‌. لە بری هەموو ئەو شتانە، کە لای بروک، بۆ نموونە یەکەی کات و شوێن ئەو ڕۆڵەی نامێنێ، فۆکوس دەخرێتە سەر پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانەوە؛ کاریگەرییەکانی مرۆڤێک بەسەر مرۆڤێکی ترەوە… هتد.

بروک لە ئەزموونی چەندان ساڵەی خۆیەوە باسی مانا و چه‌مکی کولتوور دەکات، کولتووریش بۆ ئەو، لە ڕووی به‌هاکه‌یه‌وه‌، مانای وەستان و چەقبەستن دەگەیەنێت، واتە فۆرمێکی وه‌ستاوه‌، کە هیچ گۆڕانکارییەک په‌سند ناکات. ئەوەی لەنێو چەمکی کولتووریشدا بەرهەم ده‌هێنرێته‌وه‌، بە شێوەیەک لە شێوەکان شتێکی مردووه‌، بەڵام هەمیشەیش لە هەندێک کولتووردا، بە تایبەتی لەو فۆرمە کۆنانەی کولتووردا، چەند بنەمایەکی ناتەبای وایان تێدایه‌، کە لە دونیای ئەمرۆیشدا ڕەنگ دەدەنەوە. هەموو شێواز و فۆرمێک شایەنی مردنە (هیچ شێوازێک نییە-لە خۆمانەوە بیگرە- کە ملکەچی یاسا بنەڕەتییەکەی گەردوون نەبێت: یاسای نەمان. هەموو دینەکان، هەموو ڕامان و بیرکردنەوەکان، هەموو کولتوورەکان، هەموو حیکمەتێک، هەموویان ملکەچی یاسای لە دایکبوون و مردنن.) له‌دایکبوون خوڵقاندنی شێوازێکە، جا مەبەستمان لەو لە دایکبوونە بوونەوەرێکی مرۆڤئاسا، ڕسته‌یه‌ك، وشه‌یه‌ك، یان جووڵانه‌وه‌یه‌ك بێت.

لە سەرەتای هەموو کارێکی شانۆیدا هیچ فۆرمێکمان نییە، ئەوەی هەیە و لە بەردەستدایە بریتییە لە کۆمەڵێک ڕستە و وشە لەسەر کاغەز، کە پێکەوە بیرۆکەیەک پێک دەهێنن. هەموو کارەکەیش دروستکردنی فۆرمە، گەڕانە بە دوای دۆزینەوەی فۆرمێکی گونجاودا. بروک دەڵێت، کە ئەو فۆرمە گونجاوەمان بۆ ئۆپێرای (کارمن) دۆزییەوە، بەتەواوی فۆرمێکی نوێ بوو، تا چەندان ساڵ بەرگەی گرت و ئەو دیدەی پێکا، کە بە دوایدا دەگەڕاین. فۆرمی (نەمایش)یش، شێوازە دەرەکییەکانی لە هەموو ئەو توخمانەوە وەردەگرێت، کە له‌ له‌دایکبوونیدا ڕۆڵیان هەبووە. بروک بە پێداگرییەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هەمان نەمایش، لە چەند وڵاتێکی تر پێشکەش کران، سەرلەنوێ فۆرمی خۆی لەم شوێن و وڵاتە جیاوازانەیشدا دەدۆزییەوە، چونکە شوێن و ژینگە و ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هزری و ڕۆشنبیری ئەو شوێنانە، کاریگەری هەبووە بەسەر نەمایشەکەوە و پردێکی تر و جیاواز لەنێوان بابەتی نەمایش و بینەرە جیاوازەکانیدا دروست دەکات.

هیچ شتێک لە ژیاندا بێ فۆرم نییە، ئێمە ناچارین بە دوای ئەو فۆرمەدا بگەڕێن، هەروەها هۆشیاریش بین بەوەی، کە لەوانەیە ئەو فۆرمە بەربەستێک بێت بەرامبەر بە ژیان، کە فۆرمی نییە، هیچ کەسێکیش ناتوانێت لەم گرفتە ڕزگاری بێت، شەڕەکەیش هەتاهەتاییە: فۆرم پێویستە، بەڵام هەموو شتێکیش نییە.

بروک لەم کتێبەیدا، زۆرجار دەگەڕێتەوە سەر ئەو چەمکانەی لە کتێبی (پانتایی بۆش) دا باسی کردوون، هەر لەسەرەتاوە ئاماژە بۆ پانتاییە بۆشەکان دەکات، بۆ نموونەیش ئاوڕێکی تر لە (شانۆی پیرۆز) دەداتەوە. شانۆی پیرۆزیش ئەو شانۆیەیە، کە دونیا نادیارەکان دەکات بە شتێکی بینراو و دیار، ئەو شتە نادیار و نەبینراوەی بروک باسی دەکات، شانۆ سیکۆلۆژییە فرۆیدییەکە نییە، کە بنەمای هەموو شانۆی ئەوروپی لەسەر ڕۆنراوە، بەڵکوو شانۆی پیرۆز مانای شتێکی تر دەگەیەنێت، کە لە ژێر ناوچەیەکی تر و بنەما نەبینراوەکاندا هەیە. ئەم دونیا نادیارە وزەیەکی ئێجگار بەهێز لەخۆ دەگرێت، ئەو شتەیشی لەم دونیا نادیارەمانەوە نزیک دەکاتەوە، هوشیاریمانە بە ئێستا، ئەگەر ئەو ساتەی ئێستا بە شێوازێکی تایبەت و بە هێزێکی گەورەوە دەربکەوێت، لەوانەیە ئەو پریشکە بەهێزە وزەبەخشەی ژیان لەنێو دەنگێکی ڕاست و ئاماژەیەکی بەجێ و تێروانینێکی گشتگر و ئاڵوگۆڕێکی ڕاستەقینەوە، دەربکەوێت. نادیارەکە لەنێو هەزارەها فۆرم و شێوازی چاوەڕوان نەکراودا، بێ مۆڵەت دەردەکەوێت، داواکارییە پیرۆزەکەیش دەبێتە گەشتی گەڕان. پیرۆزی لەم دیدەوە مانای گۆڕانکاری دەگەیەنێت، شانۆیش، کە لەسەر بنەماکانی پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤەوە دروست بووە و لە داهێنان و بەرهەمی مرۆڤە، مرۆڤیش پیرۆز نییە، ژیانی مرۆڤایەتی شتێکی دیار و بینراوە، کە دەکرێت نادیارەکە لەنێو ئەو دیارەدا دونیایەکی تر بۆ پەیوەندییەکانی مرۆڤایەتی بدۆزێتەوە. ئەکتەری ڕاستەقینەیش هەست بە نادیار و نەبینراوەکان دەکات و لە جووڵە و ئاماژە و هەست و جەستەیدا دەیاندۆزێتەوە و لە دیدی دەرهێنان و رۆحیی نەمایشەکەدا، دەیانکات بە شتێکی بینراو و دیار و هەستپێکراو؛ لەم ڕەوشەدا، سەربەستی ڕاستەقینە لای ئەکتەر، لەو ساتەدایە، کە لە دەرەوە شتێک دێت و لە ناوەوەیش شتێکی تر، بە هەردووکیان یەکەیەکی گشتگری تەواو پێک دەهێنن. هەموو شێوازێک دروستکراوە، هەموو شێوازێکیش دەکرێت ناڕەسەن و بێمانا بێت، کاری ئەکتەریش ئەوەیە ئەو شێوازە بکات بە شتێکی (ئاسایی)، بەڵام ئاسایی لە بەرجەستەکردن و لە دۆزینەوەی نادیارەکاندا چی دەگەیەنێت؟ ئاسایی، کە دەکرێت بە (سروشتی)یش ئاماژەی بۆ بکەین، مانای ساتی ڕوودانی شتێک دەگەیەنێت؛ هیچ شیکارییەکیش بۆ ئەم مەسەلانە لە ئارادا نییە، هیچ کۆمێنتێک، تەنیا شتێک دەکرێت بگوترێت، کە ئاماژەیەکە بۆ ڕاستگۆیی. له‌م ڕوانگه‌وه‌، شانۆ بە شێوەیەکی گشتی هەمیشە گەڕانە بە دوای ماناکاندا، هاوکات ئەو مانایانەیش دەبێت لەلای کەسانی تر (بینەران) مانایەکی هەبێت.

(هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە) دوا بەشی کتێبەکەیە، کە بە ڕای من گرینگترین بەشەکانی ئەم کتێبەیە و بروک بە وردی و چڕی، لە یەکەم هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی دەقەوە تا دەگاتە دوا ڕۆژی نەمایش، باسی یەکێک لە پرۆژەکانی خۆی (گەرداوەکە)ی شەکسپیر دەکات: گەڕان بە دوای دەقێکی گونجاو، دۆزینەوەی ئەکتەری شیاو بۆ ڕۆڵەکان، پرۆڤە، خوێندنەوە شیکارییەکەی بۆ دەق، دۆزینەوەی فۆرم، چارەسەری کێشەکان، دیدی دەرهێنان، چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سینۆگرافیا و ڕۆژانی نەمایش. بروک جگە لە ئەکتەر و بەشدارەکانی تری پرۆژەکانی، ڕێگا بە هیچ کەسێک نادات ئامادەی پرۆڤەکانی بێت، ئەمەیش وەکوو نهێنییەکی کارەکەی سەیری دەکات، لەبەر ئەوە لەم بەشەدا، لە ڕووی پرۆسە پراکتیکییەکەوە، بە ووردی باسی چۆنییەتی کارەکەی دەکات و پەردە لەسەر نهێنییەکان هەڵدەماڵێت.

بروک بڕوای تەواوی بە پرۆسەیەکی پڕ لە گۆڕانکاری هەمیشەیی هەیە، ئەوەی ئەمرۆ کاریان لەسەر کردووە، لەوانەیە سبەی بە ئاڕاستەیەکی تردا بڕوات و لە فۆرمێکی تردا بەرجەستە ببێت. پرۆسەی گۆڕانکاریش  پرۆسەیەکی گەشە و کرانەوەیە (ئەمەیش کلیلەکەیە، نهێنییەکەیە، وەک دەیبینن: هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە)