مەرگ و خاڵی کۆتایی پیتەر بروك

پیتەر بروك لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا لە پاریس کۆچی دوایی کرد.

بروك بە دەرهێنەرە بلیمەت و ئەفسوونبازەکەی شانۆ ناوزەد دەکرا، ئەم دەرهێنەرە هەر لە تەمەنی حەڤدە ساڵییەوە دێتە نێو دنیای شانۆوە و یەکەم کاری خۆی بۆ شانۆ دەردەهێنێت. گەر ئاوڕێکی خێرا بە ڕەوتی کارە شانۆییەکان و دیدە هونەری و ئێستاتیکییەکەی بدەینه‌وه‌، هەر زوو دەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە بروك هەر لە سەرەتای چالاکییە هونەری و شانۆییەکەیدا، لەنێو داب و نەریتە بەهێز و نەگۆڕەکەی شانۆی ئینگلیزیدا، نوێکردنه‌وه‌ و تازه‌گه‌ری له‌ به‌رهه‌مه‌کانیدا چه‌که‌ره‌یان کردبوو. شانۆی شاهانەی لەندەنی بەرەو ڕێچکەیەکی تر برد و جۆرە داب و نەریتێکی جیاوازتری بە شانۆی ئینگلیزی بەخشی، کە هەر زوو کاریگەرییەکانی لە ڕەوتی شانۆی جیهانیدا ڕەنگی دایەوە.

پیتەر بروك تا دوا ساتەکانی ژیانی و هەوڵە شانۆییەکانی، پابەند دەبێت بە شەکسپیرەوە؛ شەکسپیر هەمیشە ڕوانگه‌ی بینینی کارەکانی دەبێت و هەموو ڕێگاکان بۆ ئەو هەر دەچوونەوە سەر شەکسپیر، لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانین بڵێن، بروك گەڕیدەیەکی هەمیشەیی بووە و لە گەڕان و گۆڕانکارییەکی بەردەوامدا بووە. بۆ نموونە لە سەرەتای حەفتاکاندا لەندەن و شانۆی شاهانەی شەکسپیر بۆ پاریس بەجێ دەهێڵێت و لەوێ مەڵبەندێکی گرینگی نێونەتەوەیی بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوە و نەمایشە شانۆییەکانیان دادەمەزرێنێت و شانۆی (بوف دی نورد) دەکات بە ماڵی ئەو مەڵبەندە گرینگەی شانۆ. بروك لەم شوێنە و لەم شانۆیەدا ناسرەوێت و وەك عەلادین بەسەر فەرشە ئەفسووناوییەکیدا لە ڕۆژئاواوە دەفڕێ بۆ ڕۆژهەڵات، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئەفەریقا و لە ئەفەریقاوە بۆ ئەمەریکا و ئاسیای ناوەڕاست و دوور. لە هەموو ئەم گەشتانەشیدا سوود لە داب و نەریتە میللی و دیدە جیاوازە هونەرییەکانی ئەم کیشورە جیاوازانەی دنیا وەردەگرێت و لە دید و بۆچوون و ئێستاتیکا تایبەتەکەی خۆیدا دەیانچێنێت. بروك لەگەڵ هەموو ئەم گەشتانە و پرۆژە بەردەوامەکانیدا، شەکسپیر هەمیشە ئەو دەروازەیە دەبێت، کە لێوەی دەچووە نێو خوێندنەوە جیاوازەکانییەوە بۆ گەردوونە شانۆییەکەی.

زۆرجار دەرهێنەرە گەورەکانی دنیا، خۆیان دەبەستنەوە، یاخود بە مانایەکی تر لە دیدی تیۆرێکی شانۆییەوە کار دەکەن و شان ده‌ده‌نه‌ به‌ر جۆرە ئێستاتیکایەکی هونەری و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە هەوڵی خوێندنەوە و بەرجەستەکردنی دیدە شانۆییەکەیان دەدەن، نموونەمان زۆرە، ستانیسلاڤسکی، برێشت، ئارتۆ، گرۆتۆڤسکی… هتد بوونەتە بنەما بۆ هەندێك لەو دەرهێنەرانە. ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە، زەحمەتە بروك بخرێتە هیچ خانەیەکی تایبەتییەوە، بروك زیرەکانە توانیویەتی سود لە هەموو تیۆرە شانۆییەکان وەربگرێت و شتێکی جیاواز و تایبەت بە خۆی دەستەبەر بکات. لەبەر ئەوە سەیر نییە، کە بە درێژایی چەندان ساڵ، توانیبووی بینەرێکی زۆر لە هەموو جیهانەوە بۆ شانۆکەی خۆی لە پاریس ڕابکێشێت. نەمایشی (کێ لەوێیە؟) کە لە دیالۆگێکی سەرەتای شانۆنامەی (هاملێت)ەوە ئامادەی کردوە، بەڵگەیەکی گرینگی بروكە، کە لەوێدا تیۆرە شانۆییەکانی، یان ئێستاتیکای ستانیسلاڤسکی، برێشت، مایرهۆڵد و ئارتۆی بەکارهێناوە، وەك ئەزموونێکی تاقیگەئاسا بۆ بەرجەستەکردن و پراکتیزە کردنی ئەو دیدە جیاوازە تیۆرییانەی شانۆ.

کاتێك بروك په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ڕوانینی شه‌کسپیر یا دیوه‌ ئێستاتیکییه‌کانی ستانیسلاڤسکی و ئارتۆ و برێشت و گرۆتسکی و ئه‌وانی تر له‌ به‌رهه‌مه‌کانیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ڕوانین و ئێستاتێکان کۆپی بکات، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌یه‌ کار له‌سه‌ر جیاوازبوونی خۆی بکات. کرۆکی داهێنانه‌که‌ی بروك له‌مه‌ دایه‌. ئه‌و ڕێگایه‌کی جیاوازتر له‌ پێشوو بۆ ئێستاتێکا به‌کار دێنێت. ئه‌مه‌شی به‌ پانابردنه‌ به‌ر شوێنی جیاواز بۆ نه‌مایشکرد و که‌لتووری جیاواز له‌ که‌لتووری ئه‌و شانۆنامانه‌ی کاری له‌سه‌ر کردوون جێبه‌جێ ده‌کات. دروستکردنی زمانێکی شانۆیی سه‌رتاسه‌ریش زاده‌ی ئه‌م ته‌قه‌لا و هه‌وڵدانه‌یه‌تی. لێره‌دا، به‌رهه‌مه‌کانی بروك ده‌بێته‌ وانه‌یه‌ك بۆ هه‌ر ده‌رهێنه‌رێكی شانۆیی، کاتێك ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ کار له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌کانی پێشوو تر یا نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری تر ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان دووباره‌ نه‌کاته‌وه‌ و کار له‌سه‌ر تازه‌گه‌ری بکات.

بروك بۆ نەمایشە شانۆییەکانی و بۆ هەوڵە ئەزموونگەری و لێکۆڵینەوە پراکتیکی و کردەییەکانی ئەکتەری ئەوروپی، ئەفەریقی، ئاسییایی و نەژادی جیاوازی بەکار هێناوە و بنەمایەکی بۆ ئەکتەری فرە کولتووری دامەزراندووە، بەمەیش هەوڵی داوە بەربەستە کۆمەڵایەتی، چینایەتی، شووناس و نەتەوەیی ئەو ئەکتەرانە ببەزێتنێت و زمانێکی هاوبەش لەنێوانیاندا بخوڵقێنێت. بروك بڕوای بە هیچ سنوورێك نەبووە و خەونی بە شانۆیەکی گەردوونییەوە دەبینی؛ شانۆیەك ئەکتەر و بینەرەکانی بە هەمان زمان قسە بکەن.

بروك بە گەنجی دەکەوێتە ژێر کاریگەری (گێورگ ئیڤانۆڤیچ گیوردیڤ)ەوە، کە زانایەکی پڕ لە ڕاز و نیازی ڕووسی بووە، بروك ئەم زانایە بە باوکی ڕۆحی خۆی دادەنێت، ئەم کاریگەرییە تا دوا ڕۆژەکانی بروك بەردەوام دەبێت، بێگومان لە دیدە شانۆییەکشیدا ڕەنگی داوەتەوە. شانۆ دەتوانێت ڕۆحە بریندارەکانمان سارێژ بکات؛ دواتر ئەم دیدە ڕێچکەیەکی مرۆڤناسی فراوان لە خۆ دەگرێت، لەم ڕێگایەشەوە توانی بینەرێکی گەنج و ڕادیکاڵ لە خۆی کۆبکاتەوە.

بروك هەر لەسەرەتای کارەکانییەوە، وەك هەنگاوێکی گرینگ بەرەو گۆڕانکاری و شکاندنی سنوورەکان پشت دەکاتە خانووبەرە تەقلیدییەکانی شانۆ و هۆڵە گەورەکان و شانۆ فەرمییەکان بەجێ دەهێڵێت، لە بری ئەوە هەموو شوێنێك بۆ ئەو: هۆڵی قوتابخانەیەك، شوێنێکی ڕووخاوی بەجێهێڵراو، کارگەیەك، پانتایی باخچەیەکی گەورە و ئەشکەوتێك دەبێتە ئەو پانتاییە بۆشەی، کە ئەو هەر لە شەستەکانەوە بانگەشەی بۆ دەکرد.

بروك لە ژیانی هونەری خۆیدا، گەلێك فرە بەرهەم بووە، چەندین فۆرم و ستایلی ئێستاتیکی تاقیکردۆتەوە، لە بوارەکانی شانۆ و ئۆپێرا و سینەمادا کاری کردووە، زۆرجار گەڕاوەتەوە سەر شەکسپیر و بە خوێندنەوە جیاوازەکانی دنیای شەکسپیری بە جۆرێکی تر بە بینەران ناساندووە. لە حەفتاکاندا بە شانۆنامەی (خەونی نیوەشەوێکی هاوین) تەواو دنیای شەکسپیر هەڵدەگێڕێتەوە و ئەو نەمایشە دەبێتە سه‌ره‌تایه‌کی ئەو شۆڕش و گۆڕانکارییە گەورەیەی لە دنیای شەکسپیردا دەیکات. هاملێتیش دەبێتە یەکێك لەو وێستگانەی، کە زۆرجار بە قووڵی دەگەڕێتەوە سەری و کاری تیاکردووە.

(مەهاباهاراتا) یەکێکی ترە لەو نەمایشانەی بینەرانی لە هەموو دنیاوە سەرسام کردوە، (کۆنفرانسی باڵندەکان) و (مارا/ساد) تەنیا چەند نموونەیەكن لەو کاروانە دوورودرێژە. بروك بە نەمایشی (مارا/ساد) کە لە ساڵی ١٩٦٤دا لە لەندەن، پاریس و ئەمەریکا نەمایشی دەکات، هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئەڤانگارددا دەنێت؛ لەم نەمایشەدا برێشت و ئارتۆ، دیالکتیک و شانۆی توندوتیژ تێکەڵاو دەکات و هەموو سنوور و بنەماکانی شانۆ تێدەپەڕێنێت.

ساڵی ٢٠٠٠ بۆ یەکەمجار لە نەمسا و دواتریش لە پاریس، لە دوو نەمایشی جیاوازدا (هاملێت)م بینی، لە ساڵی ٢٠١٤یشدا لە پاریش بۆ ماوەی یەك ڕۆژ میوانی خۆی بووم. لە ساڵی ٢٠٠٠یشەوە بەردەوام هەموو نەمایش و پرۆژەکانیم لە سەر شانۆکەی خۆی، شانۆی (بوڤ دی نورد) بینیوە.