هیوا قادر، نامهی تایبهت
هیوا قادر، بەیانیت باش دانا گیان
لە پێنجی بەیانییەوە لەناو پێخەفەکەم لە سەر بەلەکۆنەکە لە خەو بێداربوومەتەوە، بووم بە گوێیەکی گەورە، گوێ لە جیکە جیکی جیاواز و نەغمەی چۆلەکە و باڵادرەکان ئەگرم، هەوایەکی زۆر خۆش و فێنک دوای شیینی بەرەبەیان هەموو دنیای داگیرکردووە، ورشەی گەڵاکان جارجارە بیرم ئەخەنەوە ئەمڕۆ سەرەی ئاودانی دار هەنجیرەکانە؛ بە باشم زانی دەست بدەمە دەقە شانۆییەکەت “تارمایی و سێبەرەکان” و بە ئارامی بیخوێنمەوە. کارێکی زۆر جوانت کردووە و دەقێکی نازدارت نووسیوە. هەست ئەکەم دوای بینینی ئەو سەدان نمایشتی شانۆییانەی دنیا و خوێندنەوەی وردت بۆ دەقەکان و ئەزموونی خۆت لە سوید، وای لێکردوویت باشتر مرۆڤ بناسیت. من پێموایە هەرە گرنگترین خاڵێک کە نووسەرەکان لەیەکتری کۆئەکاتەوە ناسینیانە بۆ مرۆڤ، ناسینی مرۆڤ وائەکات بزانیت چۆن ڕەفتارئەکەن و چی ئەڵێن و چۆنیش بیرئەکەنەوە. دیارە خەلقکردنی کەسایەتییەکانی ناو شانۆگەرییەکەت و شێوەی خۆناساندنیان لەرێی چیرۆکەکانیانەوە ئەوەم پێ ئەڵێن کە تۆ مرۆڤ ئەناسیت. هەر ئەمە بۆ خۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ تۆ. چ جای ئەو زمانە ڕەوانەی کە پێت نووسیوە و وەک ئاو ئەڕژێت و ئەڕوات، ئەمەش خاڵێکی تری سەرکەوتنی تۆیە. درەوشانەوەیەکی تری ناو دەقەکە کە من بە سروشتی خۆم زۆرم حەز لێیە، ئەو شاعیریەتەیە کە لە ناو دەقەکەدایە، خولقاندنی شاعیرییەت لە رێی زمان و کەسایەتییەکانەوە هەرە جوانترینەکانی ناو جوانییەکانی هەموو دەقێکی شانۆییە. بۆیە زۆرجار وتراوە شاعیرەکان دەقی شانۆیی بنووسن جوانتری ئەنووسن، من پێموایە ئەمەش بەشێکی پەیوەندی بەو دڵشکانەوە هەیە کە من و تۆ پشکێکمان تیایدا هەیە. چونکە هەموو شیعرییەتێک ڕەگی لەناو دڵشکاندایە.
من ئەزانم کاریگەری لاش نۆرێن هەر لە نووسینی یەکەم دەقی شانۆیتەوە تاکو ئێستا بەسەرتەوە هەیە، ئەمەش زۆر ئاساییە، بەتایبەتی لە وتنی ڕستە کورتەکان و ئەو بێدەنگی و چاوەڕوانییەی کە تیایاندا هەیە، منیش وەک تۆ زۆر سەرسامم بەو بێدەنگی و تا ڕادەیەک تاریکی و ڕەشییەی لای نۆرێن هەیە، بەڵام هەندێک جار بۆ زمانی کوردی هەمان کاریگەری نییە کە لە زمانی سویدیدا هەیەتی، ئەمەش پەیوەندی بە تایبەتمەندی ڕستەسازی و خەیاڵی ناو زمانەوە هەیە. دیارە من ئەو رووەم لە دەقەکانی تۆدا پێ جوانە، بەڵام هەندێک بینین و خوێندنەوەی تر هەیە زۆر گرنگن لە حیواری کەسایەتییەکاندا هەبن، چونکە نزیکتر ئەبنەوە لە بینەر و دواتریش ئەبنە هۆی بیرکردنەوە و تێڕامان لەلایان. بۆ نموونە دوو پەرەگرافی بچووکی تیایە، وابزانم پیاوەکەیە، کە دەڵێت: “هەرگیز بە هیچ قایل نیت، هیچ شتێک گرینگ نییە. هەمیشە هەڵەیەک لەم شوێنەدا هەیە، لە جلەکانما، لە وەرزەکانی ساڵدا، ئەگەر باران بێت، ئەوە بارانە و دنیا ناخۆشە، ئەگەر هەور بێت، ئەوە تامەزرۆی بارانی، ئەگەر هەتاو بێت، ئەوە گەرمە و حەز دەکەی باران ببارێت. ئەگەر لەماڵەوە بین، ئەوە بێزاریت و دەتەوێت برۆین بۆ شوێنێکی تر، کە دەشڕۆین، ئەوە بیری ماڵەوە دەکەیت. من لەو بڕوایەدا نیم، تۆ لە هیچ شوێنێک هەست بە ئارامی بکەیت.”
ئەمە بینینێکی جوانە بۆ مرۆڤ و بۆ ژیان، یان هەر حیوارێکی تری پیاوەکەیە، کە دەڵێت: “من ئەو کەسەی جاران نیم، ئێستا نازانم کێم، نازانم لە کوێ بووم. چ کەسێک بووم. دوو جار ژنم هێناوە، چەندان جار ئافرەتی تر هاتوونەتە ژیانمەوە، بەجێم هێشتوون و بە جێیان هێشتووم. نازانم بە شەو کێ لە تەنیشتمەوە دەنووێت، لەگەڵ کێ قسە دەکەم و پشت دەکەمە کێ و کێ پشتم تێ دەکات.” ئەم حیوارانە یان ئەم خوێندنەوانە جۆرە قووڵییەک دەدەن بە دەقەکە، ئەمە بۆ ڕۆمانیش ڕاستە. خۆزگە لەبری هەموو ئەو حیوارە کورتانە ئاوا شەرارەی کورت، بە سێ، چوار دێرێک، شتی زۆر قووڵی ئینسانییت بوتایە، ئەمەیش وا دەکات خوێنەر، یان بینەر، کە لەسەر شانۆ، شانۆنامەکە دەبینێت، ڕایوەستێنێت و بیر بکاتەوە. تۆزێک گرینگی بەوە بدە، ئەوە وا دەکات دەقەکانت زۆر دەوڵەمەند و زۆر قورس و قەمەرتربن. ناڵێم خۆت لە ڕستەی کورت بدزەرەوە، ڕستەی کورت زۆر جوانە، بەڵام ئەو شەرارانەش زۆر جوانن و قورسییەک دەدەن بە دەقەکە، ئەمە جگە لەوەی هەیبەتێک دەدەن بە تۆ وەک نووسەرێک، کە تۆ مرۆڤ دەناسی و کار لەناو مرۆڤ دا دەکەیت و گرێ سەیر و سەمەرەکانیان ئەخوێنیتەوە.
جوانی ئەم شانۆگەریەش قسەکردنە لەسەر گرێی خیانەت و جیابوونەوە، کە هەموومان بە تۆیشەوە، جۆرێک ناڵێم گرێ، بەڵام برینداریمان تیایە. قسەکردن لەسەر ئەو بریندارییە، جوانییە بۆ ئێمە. کارێکی باشە ئاوا کار لە سەر خۆت بکەیت و دەست قوڵ بخەیتە ناو ڕۆحی خۆتەوە، چونکە هەرچییەک بکەین و هەر جۆرێک بنووسین، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشێکی نووسینەکانمان باسکردنە لە بریندارییەکانی خۆمان، ڕەنگە هەر ئەوە واشبکات من و تۆ بنووسین، برینداریەکانی خۆمان بێت. ئەو بریندارییەیە وا دەکات، کە من و تۆ بنووسین و بیر بکەینەوە و هەوڵ بدەین گوزارشت لەو بریندارییەی خۆمان بکەین.
بە هەر حاڵ پیرۆزبایت لێ دەکەم و ڕۆژێکی خۆشت هەبێت.
هیوا قادر ٢/٨/٢٠٢٠