لاش نۆرێن لە دیدارێکی ئەنیکە هەلین-دا
لاش نۆرێن لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە پرۆژەیەکی هاوبەشی شانۆی دەوڵەت و شانۆی جوولەکە، شانۆنامەی (ئاوی وەستاو)،١ کە هەر لە نووسینی خۆیەتی پێشکەش دەکات. یەکێک لە ئەکتەرەکانی ئەم نەمایشە خاتوو (ئەنیکە هەلین) دەبێت و هەر پاش ماوەیەک و لە ڕۆژانی پرۆڤەکاندا، شتێك لەنێوان ئەم ئەکتەرە گەنجە و لاش نۆرێن دروست دەبێت. ئەو شتە دەبێتە پەیوەندییەکی خۆشەویستی و زوو لە نێوەندە هونەرییەکەی ستۆکهۆڵمدا، وەک دوو دڵدار ئاماژەیان بۆ دەکرێت؛ ئەم پەیوەندییە لە ساڵی ٢٠٠٧دا دەبێتە هاوسەرگیری نێوان نۆرێن و هەلین و هەر دوای ساڵێکیش کچێکیان دەبێت. کە لاش نۆرێن یاداشتەکانی بڵاو دەکاتەوە، بە هۆی ئەم یاداشتانەوە، گرژی دەکەوێتە ئەو پەیوەندییەوە.
لاش نۆرێن، لە چوار بەرگی گەورەدا، یاداشتەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە و لەم یاداشتانەدا هێرشێکی گەورە و توند دەکاتە سەر زۆربەی کەسایەتییە هونەری و ڕۆژنامەنووسەکانی سوید، تەنانەت کەسە نزیکەکانی خۆشی لەم شاڵاو و هێرشانە ڕزگارییان نابێت.۲ لاش نۆرێن و ئەنیکە هەلین لێک جیادەبنەوە، بەڵام پەیوەندییەکی ڕۆحی گەورە لەنێوانیاندا دەمێنێتەوە.
ئەم ساڵ شانۆی شار لە ستۆکهۆڵم، یەکێک لە دەقە دێرینەکانی لاش نۆرێن، کە سی ساڵ لەمەوبەر نووسیویەتی (کات ماڵەکەمانە) پێشکەش دەکەن. ئەنیکە هەلین لەم پرۆژەیەدا، وەک ئەکتەر بەشدار دەبێت. لەم ڕۆژانەدا، لە دوای تەواو بوونی ئەم نەمایشە، هەلین لە دیدارێکدا سەبارەت بەم نەمایشە و هەندێ لەو خەمە قوورسەی، بە هۆی مەرگی نۆرێن بەسەر دڵییەوەیەتی، دەڵێت: (من زۆر سوپاسگوزارم کە لەم بەرهەمەدا بەشداریم کرد. بە درێژایی ڕۆژانی پرۆڤەکردن دەگریام، بەڵام هەستم بە دڵنەواییەکی زۆریش دەکرد، کە مامەڵەم لەگەڵ وشەکانی ئەودا دەکرد. لەو بڕوایەدا بووم بە بەشداریم لەم کارەدا، کە لەنێو وشەکانی ئەودابم سەبووریم دێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، باوەڕناکەم هیچ شتێك هێندەی ئەم ماوەیە، ڕۆژانی پرۆڤە و نەمایشەکەیش بۆ من سەخت و گران بووبێت. وەك ئەوەی لەنێو سەهۆڵبەنداندا مەلە بکەم. بە درێژایی ڕۆژانی پرۆڤە دڵم پڕ بووە و گریاوم.)
ئەنیکە هەلین هەر لەو دیدارەدا باسی ئەو خەمە قووڵە دەکات، کە بەهۆی مردنی لاش نۆرێنەوە تێیکەوتووە، باسی ئەوە دەکات، کە چۆن ژیانی تەواو گۆڕاوە و ڕێچکەیەکی تری وەرگرتووە. هەلین دەڵێت: (ناکرێت ئەو خەمەی بە قووڵی لە دڵ و دەروونتدایە لە بیرت بچێتەوە، تەنیا بۆ یەک چرکەیش ناکرێت ئەو خەمە قورسە فەرامۆش بکرێت! لەوانەیە ڕێگایەك بدۆزرێتەوە، تا بۆ ساتێك ئەو خەمە کەم بکاتەوە، بەڵام ناکرێت خەم لە بیر بچێتەوە، بەڵکوو تەواو دەچیتە ناوییەوە و ژیانیش هەرگیز وەك جارانی لێ نایەتەوە.)
ئەنیکە هەلین بۆ ئەوەی هەرگیز نۆرێن-ی لەبیر نەچێتەوە، هەرگیز لەو خەمە گەورەیە نەیەتە دەرەوە، هەموو جلەکانی لاش نۆرێن-ی بە کەنتۆرەکەی خۆیدا هەڵواسیوە و هەر ڕۆژەی پارچەیەك لە جلەکانی لەبەر دەکات؛ ڕۆژێك کراسە سپییەکەی، ڕۆژێکی تر پانتۆڵە ڕەشەکەی، هەندێك جار بلوزەکەی، یان کراس و پانتۆڵەکەی، تا هەست بکات لە دەرەوە پێکەوەن و لەگەڵیدایە.
ئەنیکە ئاماژە بۆ هەندێك وردەکاری تری ژیان دەکات، کە بە مەرگی لاش نۆرێن بووە بە شتێکی گرینگ؛ بۆ نموونە شیعر. ئەنیکە دەڵێت: (بەر لە مەرگی نۆرێن هەرگیز حەزم لە شیعر نەکردووە و شیعر جێگای سەرنجی من نەبووە و ئەو کاتەم بۆ شیعر نەبووە، بە پێچەوانەوە ئێستا شیعر دەخوێنمەوە. شیعر بە هزر و هەستی مرۆڤەکانمەوە دەپێچێ، خۆم لەیاد دەکەم، دەبمە خەمێکی گەورەتر و لە شیعرێکدا خۆم و خەم و ئازارەکانی کەسانی تر دەبینم. لە شیعردا هێزێکی جوان و هێمنییەکی پڕ لە وزە دەدۆزمەوە.) ئەنیکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: (هەرگیز بەر لە مەرگی نۆرێن سەرم نەکردووە بە کڵێساکاندا، بەڵام ئێستا هەندێك جار ڕێگاکانم دەگۆڕم تا ڕێگام بکەوێتە سەر کڵێسایەك و بۆ ساتێك چاو بنوقێنم و بە بێدەنگی دابنیشم.)
ئەنیکە هەلین ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە لاش نۆرێن ماڵی ئەو بووە، بۆ هەتا هەتایشە هەر وا دەمێنێتەوە، لە هەموو کات و شوێنێکدا، نۆرێن هەر لە ماڵەکەی ئەودایە. (مەرگیش هەرگیز ناتوانێت ئەوە لە من بسێنێتەوە.)
لاش نۆرێن مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ بە پەتای کۆڕۆنا کۆچی دوایی کرد.
١ . (ئاوی وەستاو) دلاوەر قەرەداغی کردویەتی بە کوردی و لە زنجیرەی شانۆی بیانی ژمارە ٤٧، لە دەزگای ئاراس بڵاو کراوەتەوە.
۲ . کاتی خۆی، لە کاتی بڵاو بوونەوەی بەرگی یەکەمی ئەم یاداشتانەدا، گوتارێکم بەناونیشانی (یاداشتەکانی شانۆنامەنووسێک) بڵاو کردۆتەوە.