دەقەکانی یۆن فۆسە, لەنێوان ژیان و مردندا

دانا ڕەئووف


لەم ماوەیەدا، هەڵبژاردەیەک لە دەقە شانۆییەکانی یۆن فۆسە، (له‌دایکبووی ساڵی ١٩٥٩) لە دوو بەرگدا لە دەزگای FAETHON  لە سوید بڵاو کرانەوە. بەرگی یەکەم پێنج دەق لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە: کەسێك هەر دێ، ناوێك، پیاوی گیتارەکە، منداڵەکە، هه‌روه‌ها کوڕەکە. بەرگی دووەمیش پێنج دەق لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە: شەوگار گۆرانیەکانی خۆی دەڵێ، ڕۆژێکی هاوین، خەونێك بە پایزەوە، مەرگی فره‌چه‌شن، هه‌روه‌ها کیژۆڵەی سەر قەنەفەکە. ئەم دەقانە، کە لەوەوبەر بۆ شانۆکان وەرگێڕدراون، بۆ ئەم دوو بەرگە سەرلەنوێ پیاچوونه‌وه‌یان بۆ کراوە و بە پێشەکییەکی چڕیش دەوڵەمەند کراون.

یۆن فۆسە، شانۆنامەنووسێکە، کە دەقە شانۆییەکانی بە شێوەیەکی بەربڵاو لەسەر ئاستی دنیا، لەسەر شانۆ گرینگەکان بە به‌رده‌وامییه‌وه‌ نەمایش ده‌کرێن؛ هاوکات دەقەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان، لەنێویشیاندا زمانی کوردی.١

فۆسە نووسەرێکە، سەر بە هیچ قوتابخانەیەك نییە و لەگەڵ هیچ شانۆنامەنووسێکی تری نەوەکانی ڕەوتی شانۆی جیهانیدا هەژمار ناکرێت، بەڵکوو نووسه‌رێکی ته‌واو جیاوازه‌ له‌وانی تر، لەگەڵ ئەوەیشدا، ڕه‌گ و ڕیشه‌ی شانۆنامه‌کانی له‌ ڕه‌وتی شانۆی کلاسیکدا سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌. بۆ نموونە، ناونیشانی شانۆنامەی منداڵەکە، کە لە بەرگی یەکەمی ئەم دەقانەدا بڵاو کراوەتەوە، هەر لە سەرەتاوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ شانۆنامە کلاسیکییەکان. (منداڵ) و کێشەی خێزان، هەر لە شانۆی کۆنی یۆنانییەوە بیگره‌ تا ده‌گاته‌ شەکسپیر، ئیبسن، ستریندبێرگ له‌وانیشه‌وه‌ تا دەگاتە هارۆڵد پینتەر و لاش نۆرێن، هه‌میشه‌ پێگه‌یه‌کی دیاریان له‌ ده‌قه‌کاندا هه‌بووه‌؛ نموونەکانیش زۆرن: ئێفگینیا، کۆردیلیا، هێدڤیك، لاورا… هتد. هەندێك جار ئەم منداڵانە ڕۆڵی سەرەکی و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان لە ڕەوتی ڕووداوەکانی شانۆنامەکاندا بینیوە.

 

ئەم کێشانە لە شانۆنامەکانی فۆسەدا لە دیدێکی ترەوە دووبارە دەبنەوە، فۆسە هەر لە یەکەم دەقە شانۆییەکانییەوە مامەڵەی لەگەڵ چەمکی خێزان و منداڵ کردووە. ده‌قه‌کانی کەسێك هەر دێ، منداڵەکە، ناوێك، خەونێك بە پایزەوە، مەرگی فرەچەشن… و زۆربەی دەقە شانۆییەکانی تری فۆسە باسی کێشەی نەوەکان ده‌که‌ن، هەروەها ڕەوتی “کات” و کاریگەرییەکانی بەسەر مرۆڤەوە. ڕووداوەکان به‌و شێوه‌ ئاساییه‌ی پێشوو، وەك لە دەقە شانۆییەکانی شانۆنامەنووسەکانی تردا هه‌ن، ناجووڵێن، بەڵکوو هەندێك جار هیچ جووڵەیەك لە ڕه‌وتی ڕووداوەکاندا نییە، هەموو شتێك لە کۆمەڵێك دیالۆگی کورتی دووبارەدا بەرجەستە دەبن.

یەکێك لە سیما سەرەکییەکانی دەقەکانی ئەم شانۆنامەنووسە دووبارەبوونەوە و دیالۆگی کورت و وچان و بێده‌نگییه‌. دووبارەبوونەوەکان جۆرە خۆشاردنه‌وه‌یه‌کن؛ لەبەر ئەوەی هه‌موو شتێك له‌ ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌ ده‌رنابڕدرێت. زمان و کارەکتەر و ئەتمۆسفێری ڕووداوەکانی نێو ده‌ق، لەنێو ڕاز و نیازێکی هەندێك جار هەڕەشەئامێز و هەندێك جاریش نادیاردا دەسوڕێنەوە. بە شێوەیەك لە شێوەکان، کەسایەتییەکانی فۆسە یەکتری دروست دەکەن. لە شانۆنامەی (منداڵەکە)دا ڕەوتی ڕووداوەکان چەقییان بەستوە، ژن و مێردێکی گەنج چاوەڕوانی له‌دایکبوونی منداڵەکەیان دەکەن، بەڵام منداڵەکە زووتر لە کاتی خۆی لە دایك دەبێت و دەمرێت، بە هەمان شێوە لە شانۆنامەی (ناوێك) هەموو شتێك دەبێت بە پرسیارێكی بێ وەڵام. لە (ناوێك)دا ژن و مێردێکی تر چاوەڕوانی لەدایكبوونی منداڵەکەیانن، بە سەردانێك دەچن بۆ ماڵی باوکی کچەکە و گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن منداڵە چاوەڕوانکراوەکەیان ناو بنێن چی؟ لەنێو ئەم ڕووداوە ساکارانەدا، مەسەلە خودگەراییەکان، ڕەوشی مرۆڤ و کێشە ئاڵۆزە دەروونییەکان، پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو دەبنە بنەمایەکی گرینگی پرسەکانی کۆمەڵگە مۆدێرنەکانی ئەمرۆی دنیا.

هەندێك جار کارەکتەرەکانی فۆسە لەم دنیایەدا نین، بۆ نموونە لە شانۆنامەی (مەرگی فرەچەشن) ئامادەبوونێکی فیزیکییان نییە بە مانا تەقلیدییەکەی شانۆ و وه‌کوو کاره‌کته‌رێکی دیار و زیندوو ده‌رناکه‌ون، بەڵام لەنێو ڕەوتی ڕووداوەکاندا ئەو کارەکتەرە مردووانە ڕۆڵێکی بەهێز لەنێو دەق و بێگومان ڕووداوەکانیشدا دەگێڕن. ئەم کارەکتەرانە لە دەرەوەی دنیای واقیعەوە، لە بەشێکی تری دنیاوە دێن تا شتێکیمان بۆ بگێڕنەوە؛ ئەم جۆرە کارەکتەرانە، لێره‌دا، دەبنە بەشێکی تری دیالۆگ و بونیادی کارەکتەرەکانی تر، دەنگی ناوەوەی خۆیان و بە هەمان شێوە کارەکتەرەکانی تریش، وێنەیەکی تری یاخود ڕەنگدانەوەی کارەکتەرە زیندووەکانن. بە هەمان شێوە ئاستە جیاواز و به‌ریه‌ککه‌وتنه‌کانی کاتیش بەشێکی گەورەی چەمکی مەرگ و پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ بەرجەستە ده‌که‌ن.

ئەم دەقە (مەرگی فرەچەشن) باسی کچێك دەکات، کە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە؛ باسی دایك و باوکی ئەو کچەیش لەنێو دوو کاتی جیاوازدا دەکات. کچە مردووەکە هەمیشە ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە و دێتە ناو ژیانی ڕۆژانەی ئەو دایك و باوکەوە. دایك و باوکەکە لە دوو کاتی جیاوازدا دەردەکەون، بە گەنجی و بەر لە دایك بوونی کچەکەیان، هەروەها ئێستا و دوای مردنی کچەکەیان. (مەرگی فرەچەشن) چەندە باسی مەرگ دەکات، هێندەیش باسی ژیان لە تەنیایدا: کچەکە تەنیا بووە، هەروەها باوك و دایکەکەیش. لەم شانۆنامەیەدا، وەك بەشێکی زۆری دەقە شانۆییەکانی فۆسە، بە شێوەیەك لە شێوەکان ڕووداوەکانی بەر لە دەستپێکردنی نەمایشەکە و دوای نەمایشەکە ڕوودەدەن. ئێستا و ڕابردوو، وەك دوو کاتی جودا دەبێتە وێنەیەکی تر و هەست و سۆز و پەیوەندییەکانمان بۆ بەرجەستە ده‌که‌ن.

دیالۆگێکی هێمن لەنێو دووبارە بوونەوە و وچانەکاندا، لەگەڵ کارەکتەرێکی مردوودا، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە نێوەند و چەقی ڕووداوەکاندان، مۆرکێکی تر بە ڕووداوەکان و خودی کارەکتەرەکان ده‌به‌خشن، لە هەمان کاتدا لە بنەمایەکی خودگەرای قووڵدا چڕ دەبێتەوە. زۆرجار ئەم کارەکتەرانە کەسانی تەنیان و ڕووبەرووی پرسیاری گەورە دەبنەوە.

ئەم کارەکتەرە مردووانە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لەسەر شانۆن، ئه‌مه‌یش جۆرێکه‌ له‌ کارکردنی فۆسه‌ له‌سه‌ر ئه‌کتیڤکردنی هه‌ستی بینین لای خوێنه‌ر یا بینه‌ر. ڕووداوەکان بێ جووڵەن، ئەتمۆسفێرەکە واقیعییه‌، لە هەمان کاتدا هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعه‌وه‌ نییە. ئەو پانتاییەی کارەکتەرەکانی تیان، ئەو ژوورەی لەسەر شانۆ بەرجەستە کراوە، لەوانەیە ئەندێشەی شوێنێکی واقیعی بە ئێمە ببەخشێت، بەڵام کارەکتەرەکان، ئەو مرۆڤانەی لەو ژوورەدان کارەکتەرە کلاسیکییەکان، یاخود کەسانی ڕیالیزمی نین و لەنێو خەون و ئەندێشەدا، لەنێوان دنیای مردووەکان و دنیاکەی ئێمەدا، لەنێو شیعرێکی پڕ هێمادا بەرجەستە دەبن.

لە شانۆنامەی (کەسێك هەر دێ) ژنە پیرەکە، کە مردووە، لەم خانووەدا ژیاوە و قورسایی خۆی دەخاتە سەر ئەو خانووەی، کە ئێستا چوارچێوەیەکی بەهێز بۆ ڕەووتی ڕووداوەکان دروست دەکات.۲ ئەم ئافرەتە مردووە لەسەر چەندین ئاست دەردەکەوێتەوە، بۆ نموونە لە ڕێگای ئەو شتانەی لە دوای خۆی بەجێیهێشتوون یان لە ڕێگای نەوەکەیەوە، کە بەردەوام سەردانی کردووە، هاوکات لە ڕێگای ئەو ژن و مێردە گەنجەی خانووەکەیان کڕیوە. فۆسە ئەم کارەکتەرە دەکاتە تارماییەکی بەهێز، دراوسێکەشیان، کە ئەم خانووەی فرۆشتوە بەم ژن و مێردە ژیانی ئەم ئافرەتە مردووه‌یان بۆ دەگێڕێتەوە و ئامادەبوونێکی چڕ و بەهێزی هەیە.

شانۆنامەکە، هەر لە ناونیشانەکەیەوە (کەسێك هەر دێ) پرسێارێكی گرینگ دەوروژێنێت: ئەو کەسە کێیە، کە هەر لە ناونیشانی دەقەکەوە ئاماژەی بۆ کراوە، کە دێ؟ لەوانەیە ڕابردووبێ، ئەو کاتانەی بەسەر چوون، بە دوای مرۆڤەکاندا بگەڕێن و بیانەوێ بگەڕێنەوە ژیانی کارەکتەرەکان. ڕابردوو تێكەڵاوی ئێستا دەبێتەوە، ڕەوشە ڕیالیستییه‌که‌ی دەقەکەیش لەم بارودۆخەدا دەبێتە، یان لە شتێکی نادیار و نهێنیئامێز و پڕ لە ڕاز و نیازەوە نزیك دەبێتەوە.

لە شانۆنامەی (ڕۆژێکی هاوین)دا، کە لە بەرگی دووەمدا بڵاو کراوەتەوە، فۆسە ناونیشانی دەقەکەی لە یەکێك لە سۆناتاکانی شەکسپیرەوە وەرگرتووە، ئەمەیش ئاوڕدانەوەیەکە بۆ دواوە. گەڕانەوەیش بۆ شەکسپیر، جۆرە گەمەیەکە لەگەڵ وێنە ئایدیالییەکان. فۆسە بەو ناونیشانە (ڕۆژێکی هاوین) وا لە خوێنەر و بینەر دەکات، ئەندێشەی ئەوە بکەن، کە دەقەکە لێوانلێوە لە وێنەی شیعری و گێڕانەوەی ڕۆژێکی خۆش، بەڵام (ڕۆژێکی هاوین)، بە چڕی باس لە دەسەڵات و هێزی “کات” دەکات، کە هیچ کەسێك ناتوانێت خۆی لەو ڕەورەوە بێبەزەییەی کات دەرباز بکات. لەم ڕۆژەی هاویندا، لە پڕ مەرگ سەردانمان دەکات، کە گەڕانەوەیەکە بۆ یادەوەرییەکانی ڕۆژێك لە ڕۆژەکانی هاویندا. فۆسە لەم دەقەیدا زیاتر مەبەستییەتی، وەك وێنەیەکی سمبولی ئاماژە بۆ ئەوە بکات، کە هەر چوار وەرزەکەی ساڵ، لە یەك کاتدا پێکەوە بوونییان هەیە.

فۆسە دوای (ڕۆژێکی هاوین) شانۆنامەی (خەونێك بە پایزەوە) دەنووسێت.۳ ئه‌و لەم دەقەیدا سەرلەنوێ فۆرمێکی تری شانۆیی، تایبەت بە خۆی دادەهێنێت، لەم شانۆنامەیەدا، بە زمانێکی شیعری، بە تۆنێکی مۆسیقی، بە حیواری کورت و دیالۆگی کورتتر، وێنەیەکی تری پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانمان بۆ بەرجەستە دەکات. لەم دەقەدا ئەو ئەندێشەیە وێنا دەکات، کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئامادە بوونێکی بەهێزی هەیە. واقیع و ئەندێشە، دیار و نادیار تێکەڵاو دەکات و دیمەنەکان دەبەستێتەوە بە ئێستاوە، کە لەوانەیە لە ڕابردوودا ڕوویان دابێت، یان بە ڕابردووەوە، کە لە ئێستادا ڕوودەدەنەوە. فۆسە لە (خەونێك بە پایزەوە) سمبولیزم لە وێنەیەکی ڕۆمانسیدا دەکاتە بنەمایەك بۆ ئەو ڕیالیزمەی لە دەرەوەی ڕیالیزمەوە کارەکتەرەکانمان بۆ دروست دەکات. دەکرێت واقیع بەهۆی یەك وشەوە و لە چاوتروکانێکدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت. کات تێکەڵاو دەبێت، کارەکتەرە ژنەکان: ژن، دایك، هەروەها نەوەکەیان (گری) لە ئامادەبوونێکی بەهێزدا لەسەر شانۆی ڕووداوەکان دەمێننەوە، بەڵام پیاوەکان: پیاو، باوك هێدی هێدی دەڕۆنە دەرەوە. لە کۆتایی (خەونێك بە پایزەوە) سێ نەوە: پیاوەکە، کوڕی پیاوەکە و باوکی پیاوەکە بە تەواوی ماڵئاواییان لە ژیان کردووە.

لە دەقە شانۆییەکانی فۆسەدا، چەندین کارەکتەری شکستخواردوو هەن، کە لە ژیانیاندا هیچ سەرکەوتنێکیان بە دەست نەهێناوە، بە تایبەتیش ئەو کارەکتەرانەی خەریکی کاری هونەرین. پیاوی گیتارەکە (گیتارژەن)، شەوگار گۆرانییەکانی خۆی دەڵێ (نووسەر)، کیژۆڵەی سەر قەنەفەکە (هونەرمەندی شێوەکار) چەند نموونەیەکن، کە باسی هونەرمەند یان نووسەری شکستخواردوو ده‌که‌ن.

پێویستی مرۆڤ بە (باوەڕ) وزەیەکی بەهێزە، کە لە دەقەکانی فۆسەدا بەرجەستە دەبن، ئەم باوەڕەیش کاریگەری بەسەر دیدی فۆسەوە، یان کارەکتەرەکانییەوە بۆ مردن هەیە، بێگومان بە پێچەوانیشەوە. ئەمەیش شتێکی ئاشکرایە، کە فۆسە خۆی کەسێکە بڕوایەکی پتەوی بە کاتۆلیزم هەیە؛ ئەم بڕوایە نەبووایە، هەرگیز هیچ شتێکی سەبارەت بەم بڕوابوونە لای بەشێکی زۆر لە کارەکتەرەکانی بە مردن و ژیان، بە ئامادەبوونێکی بەهێزی مەرگ لە دەقە شانۆییەکانیدا نەدەنووسی. بڕوابوون بەشێکە لە ژیان. هەندێك لە کارەکتەرەکانی، کە دەیانەوێت وەڵامی پرسیارەکان بدۆزنەوە، دەستەوستان دەبن. فۆسە لەگەڵ کارەکتەرەکانی بە دوای پرسیارەکاندا دەگەڕێت، پرسیارەکانی بڕوا، ژیان و مردن. شانۆیش بۆ فۆسە باشترین شوێنە، کە بتوانین بە ئاسانی لەنێوان زیندووەکان و مردووەکاندا بڕۆین و بدوێن.


په‌راوێزه‌کان:

 ١. هەندێك لە دەقەکانی یۆن فۆسە کراون بە کوردی و لە زنجیرەی شانۆی جیهانیدا لە دەزگای ئاراس، کە بەندە سەرپەرشتی دەکر، بڵاو کراونەتەوە.

۲ . خوێنەر دەتوانێت، بۆ زیاتر قووڵبوونەوە و ئاشنا بوون بە شانۆی فۆسە و دەقی کەسێك هەر دێ، بگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو پێشەکییەی بۆ وەرگێڕانە کوردییەکەی کەسێك هەر دێ نووسیومە. زنجیرەی شانۆی بیانی ژمارە  ١٥، ساڵی ٢٠٠٨

۳ . بۆ زیاتر ئاشنابوون و زانیاری سەبارەت بە شانۆنامەی خەونێك بە پایزەوە بڕوانە کتێبی شانۆی سویدی، دەزگای ئاراس، ساڵی ٢٠٠٦

 

Jon Fosse, Teater 1, 2. Bokförlaget Faethon, Stockholm, 2021