گرنگە ئەم کتێبە بخوێنینەوە… چونکە گرنگە چێخەفێکی تر بناسین

ڕانانی: ئیدریس عەلی


بابەتی ئەم کتێبە، لێکۆڵینەوەی شانۆییە لەسەر پێنج لە بەرهەمە شانۆییە بەنێوبانگەکانی نووسەری ناوداری ڕووسیا (ئەنتوان چێخەف) و لەلایەن نووسەر و هونەرمەندی بە ئەزمونی کورد (دانا ڕەئووف) نووسراوە. ئەم کتێبە لە ماوەی ڕابردودا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

گرنگی و بەهای ئەم کتێبە نەک تەنها بۆ شانۆکاران و هونەرمەندان و خوێندکارانی بەشی شانۆی پەیمانگا و زانکۆ، بەڵکو بۆ سەرجەم خوێنەران و هۆگرانی دونیا فراوانەکەی چێخەف، بە تایبەت کارە شانۆییەکانی سەنگی خۆی هەیە و دەبێت لە پێشەوەی لیستی کتێبە دڵخوازەکانمان بێت، چونکە نێوەندی هونەریی و ڕۆشنبیریی کوردی، دەمێک ساڵە ئاشنان بە بەرهەمە ئەدەبی و شانۆییەکانی ئەم نووسەرە مەزنە، بەڵام کەمترین لێکۆڵینەوە لەبارەی کارەکانییەوە بەم شێوە وردەکاری و فرەلایەنانە بینراوە. لە ڕاستیدا هەوڵەکان بۆ زیاتر ناساندنی کارەکانی چێخەف و دونیا فراوان و فڕە بەهرە و فرەڕەهەندەکەی، لە سنوور و مەودای چەند هەوڵێکی لێرەولەوێی وەرگێڕانی کارەکانی تێنەپەڕیوە، ئەگەرچی شانۆکارانی کورد درێغییان نەکردووە لە کارکردن لە تێکستە شانۆییەکانی چێخەفدا و لە ڕابردوو و ئێستادا چەندین شانۆنامەی ئەو لەسەر تەختەی شانۆ پێشکەش کراون، بەڵام ئەو بۆشاییە بەردەوام مەوداکانی فراوان بووەتەوە، کە لێکۆڵینەوەی زانستی و تیۆری و پابەند بە بنەما و میتۆد و بونیادە گشتییەکانی مەعریفیی لەسەر پێشکەش کرابێت.

خۆشبەختانە شانۆکار و نووسەرێکی بە ئەزموون و سەرقاڵی نێو دونیا و کایەی شانۆیی وەک (دانا ڕەئووف) بەم کتێبەی، ئەو بۆشاییە بۆ ئەبەد پڕ دەکاتەوە و بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و پاڵپشت بە چەندین سەرچاوەی گرنگی جیهانی و میتۆدی لێکۆڵینەوە و هەڵسەندگاندن، کاری لەسەر پێنج لە شانۆنامەکانی چێخەف کردووە و  بەم هەوڵەی وەڵامی بەشێکی ئەو پرسیارانەی داوەتەوە، کە هەمیشە لەسەر کارەکانی چێخەف درووست دەبن.

ئەم کتێبە، لە نۆ بەشی سەرکی و چەندین ناونیشانی لاوەکی پێکهاتووە، لەم کتێبەدا خوێنەر پەی بە دوورترین پنتە شاراوەکانی نێو کارەکانی چێخەف دەبات، نووسەری ئەم کتێبە هەوڵێکی زۆریشیداوە بە زمانێک و شێوازێکی ئەوتۆ چەمک و مانا و دلالات و تێگەیشتنە قووڵەکانی خۆی، لەمەڕ شانۆنامەکانی چێخەف بە خوێنەر بگەیەنێت، کە بێ ئەوەی لە ئاستی میتۆدی و بونیادی لێکۆڵینەوەکەی دابەزێت، بە زمانێکی ڕوون و سادە هەمووان تێدەگەیەنێت و لەگەڵ خۆیدا پەلکێشمان دەکات بۆ نێو دونیا فراوان و پڕ لە ڕەمز و نهێنییەکانی کارە شانۆییەکانی چێخەفی مەزن و زیاتر تووشی ڕامان و سەرسامیمان دەکات.

دانا ڕەئووف، لە پێشەکی ئەم کتێبەدا دەڵێت: “چێخەف هەمیشە وەک هێزێکی گەورە بەلای خۆیدا ڕایکێشاوم، لە چێخەفدا ژیانم جوانتر بینیوە، شانۆم لە چێخەفدا بە شێوەیەکی تر دۆزیوەتەوە، کە لای هیچ شانۆنامەنووسێکی تر بەو شێوەیە نەمدیوە، چێخەف بۆ من ئەو سەرەتایە بوو، کە هەمیشە دەگەڕێمەوە سەری و شتێکی تری سەبارەت بە ژیان لێوە فێر دەبم.”

لە دیدگای دانا ڕەئووف دا، چێخەف هەرگیز پرسە ئەدەبییەکانی لە تیۆردا ڕاڤە نەکردووە و مەسەلە تیۆرییەکان نە کاری ئەو بوون و نە سەرنجی ئەویان ڕاکێشاوە، بەڵام لە نێوەندی نووسینەکانیدا هەمیشە پێداگریی لە گرفتێک کردووەتەوە. ئەو شتەی هاوچەرخەکانی خۆی بە ڕیالیزم ئاماژەیان  بۆ دەکرد، چیتر بۆ ئەو باسی لە واقیع نەدەکرد و لە ژیان نزیک نەدەبووەوە.

چێخەف سەرەتا لە ساڵەکانی ١٨٨٨ و ١٨٨٩ وە، بە چیرۆکەکانی توانی تەکنیکێکی نوێ و جودا بۆ ئەو ڕیالیزمە بدۆزێتەوە، کە لەنێو وردەکارییە ڕووکەش و ساکارەکانی دیوی دەرەوەی شتە ڕواڵەتییەکاندا، شتە گەوهەری و قووڵەکان بدۆزێتەوە و بەرجەستەیان بکات.

نووسەری ئەم کتێبە، بە گوتەی خۆی لە مێژە خەونی ئەوەی هەبووە بە کتیبێک زیاتر لە چێخەفدا قووڵ ببێتەوە، مەودا و بنەما و ستراکتۆرە هونەرییەکەی شی بکاتەوە و دەڵێت: “چەندە چێخەفیشم دەخوێندەوە، چەندە لەسەر شانۆکانی دونیا دەقەکانیم دەبینی و چەندە لەم نووسەرە نزیک دەبوومەوە، گرنگی و گرانی ئەو پڕۆژەیەشم زیاتر بۆ ڕوون دەبووەوە.”

بە گشتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی شیکاریی نییە سەبارەت بە ژیان و دونیا و بەرهەمە زۆرەکانی چێخەف: چیرۆکەکانی، شانۆنامە ڤۆدڤیل و یەکپەردەییەکانی و دواتریش شانۆنامە درێژەکانی، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ئاشنا بوون بە دیدی شانۆیی و خوێندنەوەیەکیشە بۆ هەر پێنج شانۆنامە گەورەکەی کە بریتین لە (نەورەس، خاڵە ڤانیا، سێ خوشک، باخی گێلاس) هاوکات یەکەم دەقی درێژی بە ناوی پلاتۆنۆڤ، کە ئەم کارەی لە تەمەنی بیست ساڵیدا نووسیوە.

ئەم کتێبە هەوڵێکی (دانا ڕەئووف)ە، بۆ ڕوونکردنەوەی مەودا بابەتی و دیدە هونەرییەکانی ئەم پێنج دەقە و دەستنیشان کردنی بنەما سەرەکییەکانی: ڕۆنانی درامی، هزر، ئەتمۆسفێر، هاوکات ئەو بەهایانەی چێخەف بەدوایاندا دەگەڕا و ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی چێخەف لە هونەری شانۆ و دەقی شانۆی جیهاندا کردوونی، ئەم لێکۆڵینەوەیە چەندە شیکارییەکی وردی دەقەکانی چێخەف و خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنەی ڕۆنانی درامی و کارەکتەر و ڕووداوە، هێندەش دەروازەیەکی بەرینی ڕەخنەییە و یاریدەدەرێکی گرنگیشە بۆ هەموو ئەکتەر و دەرهێنەرێک، کە دەیانەوێت کار لە دەقەکانی چێخەفدا بکەن.

لەم کتێبەدا بەش بەش، لە پلاتۆنۆڤەوە بۆ باخی گێلاس، گەشەی چێخەفی شانۆنامەنووس دەبینین، تەنانەت لە هەندێک شتی ورد و کۆنکرێتیشەوە نزیک دەبینەوە، بۆ نموونە لە هەموو دەقە شانۆییەکانیدا کارەکتەری (دکتۆرێک) هەیە، جگە لە دوا دەقی کە هیچ دکتۆریکی تێدا نییە، چێخەفی پزیشک سوودی لە ئەزموونی خۆی بۆ وێناکردنی ئەم دکتۆرانە وەرگرتووە، شتێکی تر کە لە هەموو دەقەکانیدا گەڕاوەتەوە سەری و بەکاری هێناوە، تەقە کردنە، جگە لە دوا دەقی لە هەموو دەقەکانی تریدا تەقەکردن هەیە، لە هەموو دەقە شانۆییەکانی چێخەفدا وێنەی دایکێکی نێگەتیڤ، دایکێکی خراپ هەیە، دیارە چێخەف خۆی باوکێکی خراپی هەبووە، بەڵام دایکی کەسێکی میهرەبان بووە و پەیوەندییەکی باشی بە دایکییەوە هەبووە.

هەرچەندە چێخەف، بە کورتەچیرۆک دەستی بە نووسین کردووە، بەڵام شانۆ ئەزموونێکی گرنگی ئەم نووسەرەیە، چێخەف هەر لە دەقە یەکپەردەییە کورتەکانیەوە بە دوای فۆڕم و شێوازێکی نوێدا گەڕاوە، ئەم فۆڕمەیشی لە سەرەتادا نەدۆزیوەتەوە، هەمیشە جۆرە جیاوازییەک لەنێوان شێوازە تازەکان و ناوەڕۆکێکی کۆندا هەبووە، گەڕان بەدوای شێوەی تازە، کارەکتەری جودا و ئامڕازە جیاوازەکاندا، پەیوەندییەکی گرنگی بە بەها و دیدە تازەکانیشەوە هەبووە.

بە بڕوای دانا ڕەئووف وەک لە پێشەکی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێکردووە، ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی چێخەف، وەک سیستێمێکی تەواو وایە، یەکەیەکی هونەری چڕ و سەراپاگیڕە، لەم ئەزموونەدا شانۆ، چیرۆکەکانی تەواو دەکات و چیرۆکەکانیشی مەودا هزری و هونەری و کۆمەڵایەتییەکانی نێو شانۆنامەکانی قووڵ و هەمەلایەن دەکەن… لە کۆتایی پێشەکییە دەوڵەمەند و پڕ لە زانیاریەکەیدا، نووسەری ئەم کتێبە گرنگە دەڵێت: “دەتوانین بڵێین چێخەفی شانۆنامەنووس هێڵێکی جیاواز دەدۆزێتەوە و هێدی هێدی گەشەی خۆی دەکات، گەشەی پڕۆسە شانۆییەکە، گەشەی چێخەف.”

ئەنتوان چێخەف، لە ٢٩ ی مانگی یەکی ١٨٦٠ لە ڕووسیا لەدایکبووە، ساڵی ١٨٨٦ یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی خۆی لە کتێبێکی سەربەخۆدا بڵاو دەکاتەوە،  ساڵێک دواتر یەکەم شانۆنامەی بەناوی (ئیڤانۆف) کە بە دە ڕۆژ دەینووسێت، لە مۆسکۆ دەخرێتە سەر شانۆ، ساڵی ١٨٨٨ لە ئەکادیمیای زانستی ڕووسی پاداشتی پوشکین، کە یەکێکە لە پاداشتە ئەدەبییە هەرە گرنگەکانی ڕووسیا، بە بۆنەی بڵاو بوونەوەی کۆمەڵەچیرۆکی (لە ئێوارەدا)ی پێ دەبەخشرێت، ساڵی ١٩٠٤ بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی (سیل) سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا دەکات و هەر لەوێ لە تەمەنی چلوچوار ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و هەفتەیەک دوای مردنەکەی لە مۆسکۆ بەخاکی سەپێرن.

ئەم کورتە نووسینە هەوڵێکی سادە و خاکەڕایانەیە بۆ ناساندنی لایەنێکی گچکە لە دونیا فراوانەکەی ئەم کتێبەی کە لەسەر یەکێک لە گەورە نووسەرانی جیهانە، خوێنەر لەنێو ئەم کتێبەدا لە شوێنێکدا ڕاناوەستێ، بەڵکو بەردەوام لە گەشتێکی قووڵدا دەبێت و لەو گەشتە دا بەردەوام بەر شتی نوێ دەکەوێت، ئەو چێخەفەی لەم کتێبەدا دەیناسین، جودایە لەو چێخەفەی لە دەقە شانۆییەکان، یاخود لە چیرۆکەکاندا ناسیومانە، لێرە بە  چێخەفەێک ئاشنا دەبین، کە لە هزر و ئەندێشەی یەکێک لە باشترین هونەرمەند و نووسەرە جدییەکانی بواری شانۆدا لەدایک بووە…!