پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە، هێنریک ئیپسن و شانۆی ریالیزمی
هێنریک ئیپسن ١٨٢٨-١٩٠٦ یه‌کێکه له‌و نووسه‌رانه‌ی، که زۆر به ڕاستگۆیی و دیقه‌ته‌وه سه‌رده‌مه‌که‌ی، وێنه‌یه‌کی زیندووی کۆمه‌ڵگەکه‌ی، هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤ و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی به‌رجه‌سته ده‌کات و وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی نووسه‌ر توانیویه‌تی ڕه‌خنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی، بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی و دیده واقیعیه‌که‌ی به ئامرازی جیاواز ئاراسته بکات. ئه‌م دیدە قووڵە، هێنریک ئیپسن ده‌گه‌یه‌نێته لوتکه و داشده‌نرێت به یه‌کێک له نووسه‌ره هه‌ره گه‌وره‌کانی شانۆی هاوچه‌رخی جیهانی.
شانۆی ناتورالیزم، ریالیزم یان ڕیالیزمی سمبولی، له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کان له‌لای ئه‌م نووسه‌ره به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێته هه‌ستێکی ساکار، دیالۆگێکی بێ گیان و ڕووداوێکی ڕاسته‌وخۆ، به‌ڵکوو له کاتێکدا شانۆنامه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره شێوازێکی ڕۆژانه و ئاسایی له خۆ ده‌گرێت، ده‌بێته هونه‌رێکی به‌رز و له چه‌ندین ئاست و مه‌خزای جیاوازدا ماناکانی ده‌رده‌که‌وێت.
به‌شێکی زۆر له‌و گرفت و کیشه کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی و گرفته خێزانییانه‌ی ئیپسن له شانۆنامه‌کانیدا باسیان ده‌کات، تاکوو ئێستایش گۆڕانکاریه‌کی ئه‌وتۆیان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، یاخود به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان، وه‌ک تارماییه‌کی تۆقێنه‌ر و قێزه‌ون له بنەماکانی کۆمه‌ڵگەکانماندا، له ناوه‌وه‌ی خۆماندا، وه‌ک تاکه‌که‌س ده‌رده‌که‌وێت و ساته‌وه‌خته‌کانمان، پێوه‌ندییه‌کانمان و ڕه‌وتی ژیانمان ژه‌هراوی ده‌کات.
ئیپسن ڕۆڵ و پێگه‌ی ئافره‌ت به‌رز ڕاده‌گرێت و کاره‌که‌ته‌ری ئافره‌تی شانۆنامه‌کانی زۆر باشتر له نه‌ژاد و کاره‌که‌ته‌ری پیاو ده‌گه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌ژادی پیاوه‌کان له ئافره‌ته‌کان بگه‌ن. ده‌رگا به‌یه‌کادانه‌که‌ی نورا له شانۆنامه‌ی ماڵی بووکه‌ڵه-دا هه‌موو کۆمه‌ڵگەی پیاوسالاری ئه‌وروپا ده‌له‌رزێنێ و ئافره‌تان ئیپسن ده‌که‌نه نوێنه‌رێکی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان، ئیپسن خۆی به‌رپه‌رچی ئه‌و بۆچوونانه‌ی ده‌دایه‌وه، که ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه ده‌کرد گوایه ئه‌و به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ داکۆکی له مافی ئافره‌تان و پرسه‌کانی ئافره‌ت کردبێت، به‌ڵکوو ئیپسن هه‌میشه ئەوەی دووپات کردۆته‌وه، که ئه‌و به‌رگری و سه‌رگه‌رمی به‌رجه‌سته‌کردن و له‌سه‌ر نووسینی پرسه‌کانی مرۆڤایه‌تییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کردووه، که ئافره‌تان، یان بڕوای وا بووه، که ئافره‌تان زیاتر له پیاو په‌رۆشی بانگه‌شه‌کردنی ته‌وژمه ئازادیخوازه‌کانه و ئه‌وان زیاتر به‌ده‌نگ سه‌ربه‌ستی مرۆڤایه‌تییه‌وه ده‌چن.
له‌لایه‌کی تره‌وه ئیپسن کۆمه‌ڵێک پرسیاری چاره‌نووسسازی گرینگی وه‌ک به‌رپرسیارییه‌تی، سه‌ربه‌ستی و مانای ئه‌و نائومێدییه‌ی، که ڕه‌گ و ڕیشه‌یان له خود و بوونی مرۆڤدا داکوتاوه، ده‌وروژێنێت، ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مرۆڤ له مێژوودایه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مێژوو له‌لای ئه‌و مرۆڤانه‌یه، که له ده‌ره‌وه‌ی پێداویستییه‌کانه‌وه بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگە ده‌خوڵقێنن. ئیپسن زۆر به ووردی و به وریایی مرۆڤه‌کانمان وه‌ک ڕۆحێکی تراجیدی بۆ ده‌خوڵقێنێ، که له کێشه‌یه‌کی دژواردان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌که‌یان و له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا.
ئیپسن له ڕوانگه‌ی دیدێکی خودێتی و مرۆڤی تاکه‌وه، له‌ناو خانه‌کانی تاکه که‌سه‌وه پرسیاره‌کانی ده‌خاته ڕوو، نه‌ک له ته‌وژمه‌کانی سۆسیالیزم و سیاسه‌تێکی هاوبه‌ش و به کۆلێکتیڤ کراوه‌وه. سه‌ربه‌ستیش پرۆسه‌یه‌کی ئێجگار دوور و درێژه و وڵاتێکه، که هه‌رگیز داگیر ناکرێت. بیروبۆچوونه خودێتییه‌که‌ی ئیپسن هه‌میشه له کێشه‌دایه، ده‌نگه‌کان له ناوه‌وه دێن و ملکه‌چی یاساکانی سه‌ره‌وه نابن، منی تاک له‌گه‌ڵ خۆم، له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا له چه‌قی ڕووداوه‌کاندان.
ئه‌م نووسه‌ره هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوێتییه‌وه ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزی فه‌یله‌سوفی دانیمارکی (کیرکیگارده‌وه) و به‌ر له ده‌رکه‌وتنی فه‌لسه‌فه‌ی خودگەرایی، ئیپسن له‌و تێزانه‌دا بیری کردۆته‌وه. به‌هه‌مان شێوه خۆیشی کاریگه‌رییه‌کی له‌به‌رچاوی به‌سه‌ر زۆر نووسه‌ر، شانۆنامه‌نووس، هونه‌رمه‌ند و بیریاره‌کانی سه‌رده‌می خۆیه‌وه هه‌بووه. به‌شێکی زۆری شانۆنامه‌کانی داده‌نرێن به ئه‌ده‌بێکی به‌رزی کولتووری جیهانی، هه‌ر بۆ نموونه ئیپسن کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆ و به‌هێزی به‌سه‌ر فرۆید و تیۆر و بۆچوونه سیکۆئه‌نالیس (شیکاری ده‌روونی) و ده‌روونییه‌کانه‌وه هه‌بووه. فرۆید زۆرجار گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر شانۆنامه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره، به‌تایبه‌تییش هیداگابله‌ر، ئێولۆڤی بچووک، یوهان گابریل بۆرکمان، کاتێک ئێمه‌ی مردوو هه‌ڵده‌ستینه‌وه… هتد. له‌م شانۆنامانه‌دا مه‌سه‌له‌کانی خۆشه‌ویستی و ژیانی، یان په‌یوه‌ندی ژن و مێردایه‌تی، کێشه‌کانی ژیان و هونه‌ر له چه‌قی ڕووداوه‌کاندان، ئه‌و پیاوانه‌ی خۆشه‌ویستی و ژیانێکی پڕ له حه‌زی ژن و مێردایه‌تی ده‌که‌نه قوربانی هه‌ڵپه و سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر په‌یژه‌کانی کۆمه‌ڵگە و پله‌وپایه‌دا.
هێنریک ئیپسن
هێنریک یۆهان ئیپسن له ٢٠ی مانگی مارتی ساڵی ١٨٢٨ له شین Skien له‌دایک بووه. له ٢٣ی ئایاری ساڵی ١٩٠٦دا له کریستیانیا (ئۆسلۆ) کۆچی دوایی کردووه. ئیپسن ته‌مه‌نی ته‌نیا هه‌شت ساڵان ده‌بێت، که باوکی به‌هۆی کاروباری بازرگانییه‌وه هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌دات، له ماڵه ڕازاوه‌که‌یان ده‌کرێنه ده‌ره‌وه و تووشی نه‌هامه‌تییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری گه‌وره دێن. ئه‌م کاره‌ساته کاریگه‌رییه‌کی قووڵ له ده‌روون و ڕه‌وتی ژیان و ئاینده‌ی ئیپسن ده‌کات، هه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌یش وا له ئیپسن ده‌کات له خێزانه‌که‌ی داببڕێت، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکوو هه‌موو خانه‌واده‌که‌یان په‌رته‌وازه ده‌بن. دایک و باوکی جیاده‌بنه‌وه، دواتریش دایکی و خوشک و برا بچووکه‌کانی تووشی قه‌یرانێکی ده‌روونی ده‌بن، گۆشه‌گیر ڕووده‌که‌نه کڵێسا‌کان و به ته‌واوی ده‌بنه که‌سانێکی ئاینپه‌روه‌ر.
هێنریک ئیپسن هه‌روه‌ک ستریندبێرگ ڕقی له باوکی بۆته‌وه، که‌م یه‌کتریان بینیوه و هه‌ستی به هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی فه‌رزه‌ند و باوان نه‌کردووه، به‌ڵام هه‌ست و سۆزێکی گه‌رم و پڕ له خۆشه‌ویستی بۆ دایکی و هێدفیگ-ی خوشکی هه‌بووه. ئیپسن دواتر وێنه‌یه‌کی به‌رز و نموونه‌یی هێدفیگ-ی خوشکی و هه‌ر به ناوه ڕاسته‌قینه‌که‌یه‌وه له شانۆنامه‌ی مراوی کێوی-دا ده‌نه‌خشێنێ.
هێنریک ئیپسن سێ برا و خوشکێکی ده‌بێت، به‌ڵام هه‌میشه ته‌نیا و دووره‌په‌رێز بووە، حه‌زی به‌وه نه‌کردووه، که له‌گه‌ڵ منداڵی تر گه‌مه بکات و ته‌نیا له دووره‌وه ته‌ماشای کردوون. ئه‌م نووسه‌ره سه‌ره‌تا، بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له ده‌رمانخانه‌یه‌کدا کار ده‌کات، هه‌ر له‌م قۆناخه‌دا، له ساڵی ١٨٥٠دا یه‌که‌م شانۆنامه‌شی Catilina ده‌نووسێت، هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا به مه‌به‌ستی خوێندن دێته کرییستیانیا و تێکه‌ڵاوی هه‌ندێک له نووسه‌ره لاوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌بێت. ئیپسن له‌م قۆناخه‌ی ژیانیدا ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری ته‌وژمه نه‌ته‌وایه‌تییه ڕۆمانتیک و بۆچوونه ڕادیکاله سیاسییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، هه‌ر خێرا ناوێکی کولتووری بۆ خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێ. هێنریک ئیپسن له شانۆکانه‌وه ده‌ست پێده‌کات، هه‌ر له شانۆکانیشه‌وه سنووره‌کانی دنیا ده‌بڕێت، هه‌ر له ده‌روازه‌ی شانۆکانیشه‌وه ده‌بێته یه‌کێک له گرینگ‌ترین شانۆنووسه‌کانی شانۆی هاوچه‌رخی جیهانی.
له‌ساڵی ١٨٥١دا وه‌ک دەرهێنەر و نووسه‌ری شانۆیی، له شانۆی نه‌رویژی و له شاری بێرگن داده‌مه‌زرێ، به‌مه‌رجێ که هه‌موو ساڵێک شانۆنامه‌یه‌ک به‌رهه‌م بهێنێ، به‌ڵام ئیپسن له‌م شانۆیه‌دا زیاتر ده‌بێته یاریده‌ده‌ری دەرهێنەرەکان و کۆمه‌ڵێک شانۆنامه‌ی مێژوویی ده‌نووسێت. ئیپسن له ساڵی ١٨٥٧دا ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری شانۆی نه‌رویژی له کریستیانیا، ئه‌م شانۆیه تازه بنیاتنرابوو، باری هونه‌ری و ئابوری زۆر باش نابێت و ئیپسن هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات، که ئه‌م شانۆیه له ته‌له‌زگه و قه‌یرانه‌کانی ڕزگار بکات. بینه‌ری ئه‌م شانۆیه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا زیاتر به‌دوای شانۆنامه‌ی هه‌زه‌لی و ساکاری کات به‌سه‌ربردندا گه‌ڕاون. ئیپسن خۆشی له‌بری شانۆنامه‌ی باش و ناوه‌ڕۆک ده‌وڵه‌مه‌ند، کۆمه‌ڵێک شانۆنامه‌ی ساکاری میللی و گاڵته‌وگه‌پ پێشکه‌ش ده‌کات. ئه‌م نووسه‌رە دوای پێنج ساڵ واز له‌م شانۆیه ده‌هێنێت، له‌م قۆناخه‌دا چ شانۆکه و چ ئیپسن خۆیشی له ئاستێکی خراپی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیدا ده‌بن و شانۆکه‌یش به ته‌واوی نابوت ده‌بێت.
هێنریک ئیپسن له‌م قۆناخه‌ی ژیانیدا، وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و شانۆیه په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ شانۆ، گرفته پراکتیکییه‌کان و ته‌کنیکی به‌رجه‌سته‌کردنی شانۆدا ده‌کات. کاریگه‌ری و گرینگی کاره‌کانی ئه‌م قۆناخه، دواتر له پرۆژه شانۆییه‌کانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. هه‌ر له‌م قۆناخه‌یشدا ئاوڕێکی ئایدیایی له گرفته‌کانی خێزان و ژن و مێردایه‌تی ده‌داته‌وه. دوای داخستنی ئه‌م شانۆیه، هێنریک ئیپسن به‌یارمه‌تی ده‌سگیرییه‌کی دارایی ده‌وڵه‌ت، له ساڵی ١٨٦٤دا نه‌رویژ به‌جێدێڵێ، سه‌ره‌تا له ڕێگه‌ی دانیمارکه‌وه ده‌گاته ئه‌ڵمانیا و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و ئیتالیا ده‌که‌وێته‌ڕێ، تا ساڵی ١٨٩١ ناگه‌ڕێته‌وه. ئیپسن به‌م سه‌فه‌رگه‌ل و گه‌شتی دووره وڵاتییه‌ی خۆی ده‌ڵێ: گه‌شت له تاریکییه‌وه بۆ ڕووناکی و سه‌ربه‌ستی و ڕۆشنبیری. هه‌ر له‌م ماوه‌ی دووره وڵاتییه‌شیدا گرینگ‌ترین به‌رهه‌مه شانۆییه‌کانی خۆی نووسیون.
ئیپسن له ساڵی ١٨٦٧دا شانۆنامه‌ی پێرگێنت ده‌نووسێ، کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ی له چیرۆکه میللییه‌کانی نه‌رویژه‌وه وه‌رگرتووه. دواتر ئیپسن له دیده ڕۆمانسییه‌کانی دوورده‌که‌وێته‌وه و ده‌که‌وێته چاره‌سه‌رکردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گیروگرفته هه‌نووکه‌ییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه. شانۆنامه‌ی ماڵی بووکه‌ڵه، که له ساڵی ١٨٧٩دا ده‌ینووسێ، سه‌رکه‌وتنتێکی گه‌وره له بواری ڕه‌خنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ده‌ست دەهێنێ. خودی ماڵی بووکه‌ڵه ده‌بێته سمبولی ئافره‌تێک، که له کۆمه‌ڵگەیه‌کی پیاوسالاریدا هه‌موو ڕێگاکانی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و گۆڕانکارییه‌کانی لێگیراوه و مافه‌کانی به ته‌واوی زه‌وت کراوه. (نورا) کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه، له‌م خێزانه پیاوسالارییه‌دا ڕووبه‌ڕووی ڕاستییه‌کی ڕه‌ها ده‌بێته‌وه، مێرده‌که‌ی، که هه‌ڵه‌یه‌کی نورای بۆ ده‌رده‌که‌وێت، هه‌رچه‌نده نورا هه‌ڵه‌که‌یشی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مێرده‌که‌ی و ڕزگارکردنی ته‌ندروستی ئه‌و کردووه، ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه و به‌رکه‌وتنێکی توندوتیژانه‌ی مێرده‌که‌ی ده‌بێته‌وه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مێرده‌که‌ی، نورا به ته‌واوی وریا و ئاگادارده‌کاته‌وه و ڕاشکاوانه هه‌ڵوێستی خۆی ده‌رده‌بڕێ: ماڵ، منداڵ و مێرده‌که‌ی به‌جێده‌هێڵێ تا خودی خۆی بدۆزێته‌وه و ده‌رگای ماڵه‌که‌شیان، له‌دوای خۆیه‌وه زۆر به توندی به‌یه‌کدا ده‌دات. ئه‌م نووسه‌ره گه‌وره‌یه له ساڵی ١٨٨١دا، به شانۆنامه‌ی تارماییه‌کان وزه‌یه‌کی گه‌وره ده‌به‌خشێته ڕێبازی ناتورالیزم.
شانۆنامه هه‌نووکه‌ییه‌کانی ئیپسن به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام باس له په‌یوه‌ندی و گرفته‌کانی مرۆڤی تاک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگەدا ده‌کات، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش له شانۆنامه‌ی دوژمنی گه‌ل-دا ده‌گاته ئاستیکی به‌رز. له‌نێوان ساڵانی ١٨٨٣-١٨٨٤ دا شانۆنامه‌ی مراوی کێوی ده‌نووسێت. مراوی کێوی به‌ڕای زوربه‌ی ڕه‌خنه‌گر و شانۆکاران به ترۆپکی شانۆنامه‌کانی هێنریک ئیپسن داده‌نرێت. له‌م شانۆنامه‌یه‌دا سمبول و واقیع له یه‌که‌یه‌کی هونه‌ری و فیکریدا پێکدا ده‌چن، سمبولی مراوی کێوی ته‌نیا وێنه‌یه‌ک نییه، یان خه‌یاڵێکی ساکار، به‌ڵکو مراوی کێوی بووە سمبولێکی قووڵ بۆ شته ناته‌با و له هه‌مان کاتدا بۆ سه‌ربه‌ستی. دواتر بە شانۆنامه‌ی هێدا گابله‌ر، که له ساڵی ١٨٩٠دا نووسیویه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌وژمه‌کانی شانۆی ناتورالیزم و ریالیزم، له‌م شانۆنامه‌یه‌دا هه‌ندێک له به‌کارهێنانی هێماکان دوورده‌که‌وێته‌وه و زیاتر ڕێچکه‌یه‌کی سایکۆلۆژی ده‌گرێته‌به‌ر. ڕێبازی ڕیالیزمی سایکۆلۆژیی ئیپسن به شۆڕشێکی گه‌وره و گرینگ داده‌نرێت له مێژووی دراما و شانۆی ئه‌وروپی و جیهانیدا. ئه‌م نووسه‌ره له هه‌ر سێ شێوازه‌که‌ی نووسینی شانۆییدا: مێژوویی، ریالیزمی سایکۆلۆژی و سمبۆلیدا، هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ی ناوه و شانۆی هاوچه‌رخی ئه‌وروپی گه‌یاندۆته ئاستێکی به‌رز. هێنریک ئیپسن و ئاگوست ستریندبێرگ ئه‌ده‌بی مۆدێرنی باکوری ئه‌وروپا ده‌گه‌یه‌ننه ئاسته‌کانی ترۆپک، وڵاتانی سکه‌ندنافیاش ده‌که‌نه ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره و به‌هێزی ئه‌ده‌ب و کو‌لتوور.
له ڕۆمانتیکه‌وه بۆ ڕیالیزم
هێنریک ئیپسن له سه‌ره‌تادا که‌وتبووه ژێر کاریگه‌ری ته‌وژمه‌کانی شانۆ و ئه‌ده‌بی ڕۆمانتیکی نه‌رویژی و ئه‌وروپییه‌وه. به قه‌یرانه‌کانی ئه‌م ته‌وژمه‌دا گوزه‌ر ده‌کات، ڕۆده‌چێته خواره‌وه، ڕاده‌مێنێ و له‌ئه‌نجامدا زۆر به هۆشیاری تێده‌په‌ڕێت و چاره‌سه‌ره‌کان له شانۆی ریالیزمدا ده‌دۆزێته‌وه. له بنه‌ماکانی شانۆی ناتورالیزم و ریالیزمه‌وه، ده‌روازه‌کانی شانۆیه‌کی میللیی به‌ڕووی جیهاندا ده‌کاته‌وه، بیگومان وشه‌ی میللی له شانۆی هێنریک ئیپسن دا هه‌مان ئه‌و چه‌مکه‌ی شانۆی میللی ناگه‌یه‌نێ، به‌تایبه‌تی به گه‌ڕانه‌وه و به‌کارهێنانی دابونه‌ریت و مۆسیقای میللی، به‌ڵکوو ئیپسن ڕیگاخۆشکه‌رێکی گرینگ و گه‌وره‌ی شانۆی ناتورالیزم و ریالیزم ده‌بێت. ده‌روازه‌کانی ئه‌م شانۆیه‌ش بنه‌مایه‌کی به‌ربڵاو و میللی و چه‌مکێکی جیاوازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بینه‌راندا خوڵقاندووه. ئه‌م ته‌وژمه شانۆییه له‌سه‌ره‌تادا له پاریس، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌میل زۆلا و (شانۆی سه‌ربه‌ست)ی ئه‌ندریه ئه‌نتوان دا ده‌رکه‌وت، به‌ڵام هێنریک ئیپسن و ئاگۆست ستریندبێرگ له باکوری ئه‌وروپاوه، توانییان پێودانگ و ڕه‌وش و شێوازه‌کانی ئه‌م شانۆیه، له‌سه‌ر ئاستێکی به‌رز دیاری بکه‌ن. ئیپسن توانی به شانۆنامه ناتورالیستی و ریالیستیه‌کانی دیده سروشتییه‌کانی چڕ بکاته‌وه و وێنه‌یه‌کی سه‌راپاگیر، له هه‌مان کاتدا قووڵ، ورد و ڕواڵه‌تئاسای کۆمه‌ڵگەی نه‌رویژی ده‌سته‌به‌ر بکات. ئه‌م نووسه‌ره پێنج شانۆنامه‌ی نووسیوه، که ڕاسته‌وخۆ له خانه‌کانی شانۆی ناتورالیزم/ ریالیزم دا کۆده‌بنه‌وه، ئه‌و شانۆنامانه‌ش بریتین له: پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە، ماڵی بووکه‌ڵه، تارماییه‌کان، دوژمنی گه‌ل و مراوی کێوی، به‌ڵام شانۆنامه‌ی مراوی کێوی زیاتر ده‌که‌وێته نێوان، یان ڕاستتر وایه بڵێین ئاوێته‌کردنێکی به‌رزی ته‌وژمه‌کانی ڕیالیزم و سمبولیزمە. ئیپسن له‌م شانۆنامه‌یه‌دا هه‌نگاوێکی گه‌وره له تێکه‌ڵاوکردن و به‌کارهێنانی هێماکان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی توانا هونه‌ری و دیده شانۆییه‌کانیدا به‌ده‌ست ده‌هێنێ. بابه‌تی سه‌ره‌کی هه‌ر چوار شانۆنامه‌که‌یش بریتییه له مه‌سه‌له‌کانی ناپاکی، درۆ، ریایی و چه‌واشه‌کردنی ئه‌وانی تر، ئه‌و درۆ و ڕیاییانه‌ی، که هه‌موو بواره‌کانی ژیان و کۆمه‌ڵگە ده‌گرێته‌وه و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، ژیانی هاوسه‌رێتی ژه‌هراوی ده‌کات و ڕه‌وتی ژیان به ئاراسته جیاواز و چه‌واشه‌ئامێزه‌کاندا ده‌بات.
هه‌ر له‌م رووه‌وه ده‌توانین ڕه‌وتی نووسینی شانۆنامه‌کانی هێنریک ئیپسن دابه‌شی چوار قۆناخ بکه‌ین: یه‌که‌م له‌نێوان ساڵانی ١٨٥٠ بۆ ١٨٦٦، ئه‌م قۆناخه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی زیاتر ده‌که‌وێته ژێر خانه‌ی ڕۆمانتیک، مێژوویی و ئیدیالیزم، دووه‌م له ساڵی ١٨٦٦ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و له‌ساڵی ١٨٧٧ دا کۆتای‌یان پێ دێت، ئه‌م قۆناخه گه‌شه‌کردنێکی له‌به‌رچاوه له ڕۆمانتیکه‌وه بۆ ڕیالیزم. قۆناخی سێیه‌میشیان، که له ساڵه‌کانی ١٨٧٧ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و تا ساڵی ١٨٨٢ به‌رده‌وام ده‌بێت، به لوتکه‌ی قۆناخی ڕیالیزم و ڕه‌خنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م نووسه‌ره داده‌نرێت، به‌ڵام دوا قۆناخی شاکاره‌کانی ئیپسن له ساڵی ١٨٨٣ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و بنه‌مایه‌کی قووڵی سیکۆلۆژی و هێماگه‌لی له خۆ ده‌گرێت.
هێنریک ئیپسن له قۆناخی یه‌که‌مدا به‌رهه‌مه‌کانی زیاتر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی ناسیونالیستییه بۆ مێژوو و کولتووری نه‌رویژی، بۆ نموونه له‌م قۆناخه‌دا مێژووی پادشاکان و به‌سه‌رهاته‌کانی جه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی پادشاکانی نه‌رویژ له سه‌ده‌ی یازده‌دا ده‌کاته چیرۆکی شانۆنامه‌کانی. له قۆناخی دووه‌مدا یه‌که‌م سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی خۆی به شانۆنامه‌ی براند به‌ده‌ست ده‌هێنێ، ئه‌م شانۆنامه‌یه پێشوازییه‌کی ئه‌وتۆی لێ ناکرێت، چ له نه‌رویژ و چ ئه‌وروپا ده‌که‌وێته به‌ر شاڵاوی ڕه‌خنه و له زوربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپاش قه‌ده‌خه ده‌کرێت، که له‌سه‌ر شانۆکان نمایش بکرێت. دواتر ئیپسن وه‌ک کاریگه‌ری و کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌و شاڵاو و بۆچوونه نێگه‌تیڤانه، شانۆنامه‌ی دوژمنی گه‌ل ده‌نووسێت. له دوژمنی گه‌ل-دا به روون و ئاشکرا هێرش ده‌کاته سه‌ر مێگه‌لیزم و ئەوەیش دووپات ده‌کاته‌وه، که مرۆڤی به‌هێز ده‌توانێ هه‌ر خۆی و به ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ڕاستییه‌کان ببێته‌وه و خۆڕاگربێ. له قۆناخی سێیه‌میشدا، به شانۆنامه‌ی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە ده‌رگاکانی شانۆی ڕیالیزم ده‌خاته سه‌ر پشت، شانۆنامەی مراوی کێوی-یش شانۆی ئیپسن و ته‌وژمه‌کانی ریالیزمی سمبولی ده‌گه‌یه‌نێته ئاستی ترۆپک. مراوی کێوی، وه‌ک سه‌ره‌تای قۆناخی چواره‌م و کۆتایی هێڵی گەشە و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی شانۆنامه‌کانی ئیپسن، سه‌ره‌تایه‌کی گرینگی شانۆی هاوچه‌رخی جیهانیشه. ڕیالیزمی هێماگه‌ری، یان سایکۆلۆژی هێماگه‌ری به شێوه‌یه‌کی به‌رفراوانتر، قووڵ و هه‌مه‌لایه‌ن بنەمای شانۆنامه‌کانی، پێوەدانگە درامی و به‌سه‌رهات و کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام هێنریک ئیپسن له ڕێبازی ڕیالیزم و ڕیالیزمی هێماگه‌رییه‌وه نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ مۆدێرنیزم و له‌و ئاسته‌دا مایه‌وه، به‌پیچه‌وانه‌ی ستریندبێرگ-ەوە، که به شانۆنامه‌ی سێینه‌ی به‌ره‌و دیمه‌شق، خەونەنمایشێک و شانۆنامه‌کانی گه‌مه‌ی ژوور سنووری شانۆی ناتورالیزم و ڕیالیزم ده‌بڕێت. ئه‌م دوو نووسه‌ره کێشه و ململانێیه‌کی گه‌وره‌یان له‌نێواندا هەبووه و هه‌رگیز دانیان به‌یه‌کتردا نه‌ناوه، ئیپسن وێنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پۆترێتی ستریندبێرگ به‌سه‌ر مێزی نووسینه‌که‌یه‌وه هه‌ڵده‌واسێ و له‌م باره‌یه‌شه‌وه گوتویەتی: (ستریندبێرگ دوژمنی سه‌ره‌کی منه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یشه، که ئه‌م وێنه گه‌وره‌یه‌م هه‌ڵواسیوه تا ئاگادار بێت و بزانێت، که من چی ده‌نووسم.)
زمان/ دیالۆگ و بنەماکانی شانۆ
هێنریک ئیپسن ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌فسوونی به‌سه‌ر زمانه‌که‌یدا هه‌بووه، له نهێنییه‌کانی گه‌یشتووه، به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی بردووه و توانیویه‌تی بۆ ئامانجه‌کانی خۆی به‌کاریان بهێنێ. هه‌موو شانۆنامه‌یه‌ک له شانۆنامه‌کانی هێنریک ئیپسن زمانێکی وێنه‌یی تایبه‌تمه‌ند و ئه‌تمۆسفێرێکی جیاواز له خۆ ده‌گرێت، دیالۆگی شانۆنامه‌کانی ڕۆڵێکی گه‌وره‌یان هه‌یه، ڕه‌وتی شانۆنامه‌کان ده‌به‌ن به‌ڕێوه، وشه له بونیادی دیالۆگە‌کاندا ڕووداوه‌کان به‌رجه‌سته ده‌که‌ن و زمان و زمانه شانۆییه‌که جیهانی دراماکه ده‌خوڵقێنن. ئیپسن زمانێکی وا به‌کارده‌هێنێ، که له‌یه‌ک کاتدا په‌رده‌یه‌کی نهێنی به‌سه‌ر ڕووداوه‌کاندا ده‌پۆشێ، له هه‌مان کاتدا نهێنییه‌کان ئاشکرا ده‌کات. خودی دیالۆگه‌کان ساکارن، له هه‌مان کاتدا قووڵ و پڕ مانان و هیماکانیشی ئاڵۆز و ته‌مومژاوی نین. زمانه‌که‌ی ئیپسن جۆره چه‌کێکه به‌ده‌ست که‌سی تاکه‌وه، تا مه‌رامه‌کانی خۆی به‌ده‌ست بهێنێ و ئامرازێکی به‌رگریشه بۆ تایبه‌تمه‌ندێتی و خۆدێتی کاره‌کته‌ره‌کانی. له‌سه‌ر ئاستێکی ڕووکه‌ش ساکاره و زمانی مامه‌ڵه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌یه، به‌ڵام به‌رده‌وام ماناکانی خۆی له‌وه‌وه وه‌رده‌گرێت، که باسی شته قه‌ده‌غه و نه‌وتراوه‌کان ده‌کات، له‌هه‌ر کاتێکیشدا، له‌هه‌ر شوێنێکیشدا زمان بووه‌ستێ، جه‌سته له‌بری ئه‌و ده‌که‌وێته ئاخافتن.
دیالۆگ و زمانی کاره‌کته‌ر و شانۆنامه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره ڕووداوه‌کان ناگێڕنه‌وه، به‌ڵکوو له پرۆسه‌یه‌کی وورد و به‌هۆی پلانێکی شانۆیی و سه‌لیقه‌ی ئیپسن-ه‌وه ڕووداوه‌کان به‌رجه‌سته ده‌که‌ن. شانۆنامه‌کان له ئێستادا و له‌نێوان که‌سی یه‌که‌م و که‌سی دووه‌مدا ڕووده‌ده‌ن، هه‌میشه (من) له ئێستا و لێره‌دا ڕووبه‌ڕووی (تۆ) ده‌بێته‌وه و (من) به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ (تۆ) دا جێگا ده‌گۆڕێته‌وه.
پرۆسه‌ی دیالۆگ چه‌مکی زمان له شانۆنامه‌کانی ئیپسن-دا پێکده‌هێنێ، شێوازی قسه‌کردنی ئه‌کته‌ره‌کانی له کاره‌کته‌رێکه‌وه بۆ بۆ کاره‌کته‌رێکی تر ده‌گۆڕێت. ئیپسن توانیویه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو خودی ئه‌تمۆسفێری شانۆنامه‌کانی له دیالۆگە‌کاندا به‌رجه‌سته بکات و ڕه‌نگی پێبداته‌وه، کاره‌کته‌ره‌کانیشی له خودی دیالۆگه‌کانه‌وه ببنه به‌شێکی گرینگی ئه‌تمۆسفێر و ده‌وروبه‌ره‌که.
ته‌کنیکی نووسین لای هێنریک ئیپسن
ئیپسن له ته‌مه‌نی سی ساڵیدا به قه‌یرانێکی ده‌روونی ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت، هه‌ر له‌م قۆناخه‌ی ژیانیدا له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆکه‌یدا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێ، که‌متر یان هه‌ر هیچ نانووسێت، به‌ڵام ئیپسن زۆر به هێمنی له‌م قه‌یرانه دێته ده‌ره‌وه، وورده وورده توانای نووسینی گه‌شه ده‌کات، قووڵ ده‌بێته‌وه و دیدێکی فراوانی نووسینی له‌لا دروست ده‌بێت. ئه‌م قۆناخه‌ی ژیانی ئیپسن درێژخایه‌ن ده‌بێت، بۆ یه‌که‌مجار له ئیتالیا، له ده‌ره‌وه‌ی سنووری وڵاتی نه‌رویژه‌وه، بورکانی وزه و تواناکانی ده‌ته‌قێته‌وه و شانۆنامەی براند و پێرگینت ده‌نووسێ. هه‌ر له ئیتالیا و دواتریش له ئه‌ڵمانیا ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕووی ته‌وژمه کولتووری و شانۆییه گه‌وره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌وروپا ده‌بێته‌وه. ئه‌م نووسه‌ره به دوو ساڵ شانۆنامه‌یه‌کی نووسیوه، سه‌ره‌تا زۆر به ووردی، به‌رله‌وه‌ی ده‌ست بکات به نووسینی شانۆنامه‌که‌ی، بیریکردۆته‌وه، بنه‌ما و پلانێکی فراوانی له مێشکیدا داڕشتووه، دوای ئه‌وه که‌وتۆته نووسینی تێبینییه‌کانی سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆک، بابه‌ت و کاره‌کته‌ره‌کانی. ئیپسن به‌رده‌وام ئەوەی دووپات کردۆته‌وه، که ویستوویه‌تی کاره‌کته‌ره‌کانی، به‌ر له جووڵانه‌وه‌یان له‌سه‌ر شانۆکان، زۆر باش بناسێت. له سه‌ره‌تای بیرکردنه‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی تێبینییه‌کانییه‌وه، تا به ته‌واوی شانۆنامه‌که‌ی نووسیوه، پرۆسێسێکی دوور و درێژ بووه بۆ ئیپسن. به‌لای نووسه‌ره‌وه زۆر گرینگ بووه، که دوای نووسینی شانۆنامه‌کانی، به‌ر له نه‌مایشکردنی له‌سه‌ر شانۆکان، خودی شانۆنامه‌که به کتێبێکی سه‌ربه‌خۆ بڵاو بکاته‌وه.
ئیپسن پانتاییه‌کی فراوان ده‌به‌خشێته گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی، که له ڕابردوودا ڕوویانداوه و کاریگه‌رییه‌کی زۆریان به‌سه‌ر خودی ڕووداوه‌کان و ئاینده‌ی کاره‌کته‌ره‌کانیشه‌وه هه‌یه، ئەم ڕابردووە لەنێو ڕووداوەکانی دەقەکانیدا کار دەکەن، کارەکتەرەکان دەجووڵێنن و ڕووداوەکان بەرەو پێشەوە دەبن. ئه‌مه‌یش فۆرمێکە، که ئیپسن له زوربه‌ی شانۆنامه‌کانیدا به‌کاریهێناوه.
ئیپسن به‌م ته‌کنیکه ڕابردوو و ئێستا پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، تێڕوانین و بۆچوونه‌کانمان زیاتر قووڵ ده‌کاته‌وه و بوارێکی فراوانتریش ده‌به‌خشێته زه‌مه‌نی دراماکه، ئێستا و ساته‌وه‌خته‌کانی ڕووداوه‌کان به ڕابردوو، له هه‌مان کاتدا به ئاینده‌یش بارکراوه. هێڵی ڕووداوه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ئاسۆیی و له‌یه‌ک ڕوانگه‌وه ناجووڵینه‌وه، به‌ڵکوو هه‌میشه و به‌هۆی ڕابردووه‌وه له‌بارێکی بزۆز، پێچاوپێچ و هه‌ڵبه‌زودابه‌زدایه. دیالۆگی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌بێته پرۆسێسێکی شیکار بۆ خودی ڕووداوه‌کانی ئێستا، یه‌که یه‌که و به شێوه‌یه‌کی ئازاد به‌رگی کاره‌کته‌ره‌کان، ڕووداوه‌کان و هێڵی گشتی چیرۆکه‌که داده‌ماڵێ، له هه‌مان کاتدا ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامی چاو‌دێر و ڕه‌خنه‌ئامێزی ڕابردوویشه؛ ئیپسن له‌م ته‌کنیکه‌دا به سه‌لیقه‌وه خودی ته‌نگژه و گیروگرفته‌کانی خستۆته زه‌مه‌نی ئێستاوه. ئه‌م گێڕانه‌وه ته‌کنیکییه‌ی ئیپسن باسی مرۆڤ ده‌کات و سه‌باره‌ت به مرۆڤه، خودی ڕووداوه درامییه‌کانیش له‌نێوان مرۆڤدا ڕووده‌ده‌ن، هه‌موو شتێک لای ئیپسن له‌نێوان مرۆڤه‌کاندا ڕووده‌دات. رووداوه‌کان له‌ناوه‌وه‌ی خۆیه‌وه گه‌وره ده‌بێت، گه‌شه ده‌کات و سیماکانی خۆی له ڕووداوه‌کانه‌وه وه‌رده‌گرێت. کاره‌کته‌ره‌کانی مرۆڤی ئاسایین، له ڕووداوه‌کانه‌وه و له‌به‌رچاوی بینه‌راندا ده‌رده‌که‌ون.
شێوازی گێڕانه‌وه، ڕابردوو له ئێستا و کاریگه‌رییه‌کانی به‌سه‌ر ئاینده و چاره‌نووسی کاره‌کته‌ر و ڕووداوه‌کانه‌وه، ده‌بێته ته‌کنیکێکی له‌به‌رچاوی ئیپسن و له زوربه‌ی شانۆنامه‌کانیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ریان. ئیپسن سه‌ره‌تای ئه‌م ته‌کنیکه له شانۆنامه‌ی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە-دا به‌کارده‌هێنێ، دواتر ده‌بێته مۆدێلێک و له‌زوربه‌ی شانۆنامه‌کانی تری‌دا په‌یڕه‌وی ده‌کات، هاوکات زوربه‌ی نووسه‌ر و شانۆنامه‌نووسه‌کانی تریش شوێنپێی هه‌ڵده‌گرن. ئیپسن خۆی ئه‌م ته‌کنیکه به هه‌ندێک گۆڕانکاری و نوێکردنه‌وه‌وه له دراما و شانۆی گرێکییه‌وه وه‌رده‌گرێت: سه‌ره‌تا له ئێستادا ده‌ست پێ ده‌کات، به‌تایبه‌تیش له بارودۆخێکی هێمن و ئارام‌دا، بڕوانه سه‌ره‌تای شانۆنامەی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە:
کۆمه‌ڵێ ئافره‌ت له‌ناو هۆڵی پێش باخچه‌که‌دا له ده‌وری مێزێک دانیشتوون. له ناوه‌ڕاستدا له‌به‌رده‌م مێزه‌که‌دا بێتی دانیشتووه. له‌لای چه‌پی ئه‌وه‌وه هۆڵت خانم و کچه‌که‌ی دانیشتوون، ئینجا ڕوومێل خانم و ڕوومێل خاتوون. له‌لای ڕاستی بێرنیک خانمه‌وه، لینگه خانم و مارتا و دینا دۆرف دانیشتوون. ئافره‌ته‌کان هه‌موویان خه‌ریکی ئیشی ده‌ستن. له‌سه‌ر مێزه‌که قووماشی که‌تانی نیوه دووراو و بڕاو له‌گه‌ڵ جلوبه‌رگی تردا هه‌ڵدراونه‌ته‌وه. له دواوه، له‌سه‌ر مێزێکی بچکۆله که دوو ئینجانه‌ی گوڵ و په‌رداخێک شه‌ربه‌تی له‌سه‌ره، مامۆستا ڕۆرلوند دانیشتووه و به ده‌نگی به‌رز کتێبێکی قه‌راغ زه‌رد ده‌خوێنێته‌وه، به‌جۆرێک که دانیشتوان ته‌نها گوێیان له تاکوته‌رای وشه‌کانه. له ده‌ره‌وه له باخچه‌که‌دا ئۆلاف بێرنیک به‌ملاولادا ڕاده‌کا و به تیروکه‌وانه‌که‌ی نیشانه ده‌گرێته‌وه.
پایه‌کانی کۆمه‌ڵگا، سه‌ره‌تای به‌شی یه‌که‌م
دواتر هێدی هێدی گومان، دڵه‌ڕاوکێ، ترس و دوودڵی خۆی ده‌خزێنێته ئه‌و دۆخه ئارام و ئاسایشه‌وه، هه‌نگاو به‌هه‌نگاو په‌رده له‌ڕووی ئه‌وه هه‌ڵده‌ماڵێ، که بۆچی ئه‌و بارودۆخه هێمنه ڕه‌وتێکی دراماتیکی و دڵته‌زێن له خۆ ده‌گرێت، له‌کۆتایدا ده‌مانگه‌یه‌نێته ئاشکراکردن و کردنه‌وه‌ی گرێکان و چاره‌سه‌رکردن. له‌م شانۆنامه‌یه و زوربه‌ی شانۆنامه‌کانی تری ئیپسن-دا کاره‌ساته‌کان ڕوویانداوه (کونسوڵ بێرنیک) به‌شێوه‌یه‌کی نابه‌جێ سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌ی کۆکردۆته‌وه، ئه‌و پایه‌یه‌ش نییه بۆ کۆمه‌ڵگەکه‌ی، وه‌ک له‌نێو خه‌ڵکدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێ و به‌پێی ته‌کنیکێکی ووردی گێڕانه‌وه، ئارامیی ئێستا ده‌شڵه‌قێ و ئێستا و ئاینده‌یش ڕووبه‌ڕووی گێژاوێکی گه‌وره و ته‌قینه‌وه‌یه‌کی تری ئه‌و ڕابردووه ده‌بنه‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تای دیمه‌نی یه‌که‌مه‌وه هۆکاره سایکۆلۆژییه‌کان ئاشکران، له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی ڕووداوه‌کان، ئه‌و هۆکاره سیکۆلۆژیانه قووڵتر و فراوانتر ده‌بن و سیمای کاره‌کته‌ره‌کانیش ئاشکراتر ده‌کات.
به‌م شێوه‌یه هه‌ر دەقێکی ئیپسن پریشکێکه، پارچه‌یه‌که له‌و ئاوێنه گه‌وره شکاوه‌ی، که ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌کی گشتگری ژیان به‌رجه‌سته بکات. به‌رهه‌مه‌کانی هێنریک ئیپسن له دیالۆگێکی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا، یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن، تیشک ده‌خه‌نه سه‌ر یه‌کتری و زه‌مینه بۆ یه‌کتری خۆش ده‌که‌ن. هیچ شانۆنامه‌یه‌کی ئیپسن به ته‌نیا وێنه‌یه‌کی ته‌واوی ژیان له هه‌موو لایه‌نه‌کانییه‌وه ناخاتە ڕوو، ته‌نیا هه‌موو شانۆنامه‌کانی پێکه‌وه به‌رجه‌سته‌ی دید و بۆچوونه‌کانی ئیپسن ده‌کات و باری مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیمان بۆ شی ده‌کاته‌وه.
پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە
پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە سه‌رکه‌وتنێکی نێونه‌ته‌وه‌یی گرینگ و ناوبانگێکی مه‌زن بۆ هێنریک ئیپسن به‌ده‌ست ده‌هێنێ، هه‌ر دوای بڵاو کردنه‌وه‌ی، شانۆکان له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا ده‌که‌ونه پێشبڕکێی نه‌مایشکردنی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە.
هێنریک ئیپسن له پایزی ساڵی ١٨٧٥دا له شاری درێستن-ه‌وه، که حه‌وت ساڵ تیایدا ژیاوه، ده‌گوێزێته‌وه بۆ شاری میۆنشن و له‌وێ جێگیر ده‌بێت. ئیپسن له میۆنشن هه‌ست به ئاسوده‌ییه‌کی ڕۆحی و فیکری ته‌واو ده‌کات و هه‌ر لێره‌ش، له‌گه‌ڵ جێگیر بوونی ده‌ست ده‌کات به نووسینی شانۆنامه‌ی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە. دوای دوو ساڵ بیرکردنه‌وه، پلاندانان و ڕه‌شنووسی کردن، له ساڵی ١٨٧٧دا شانۆنامه‌که‌ی ته‌واو ده‌کات، هه‌ر له هه‌مان ساڵیش‌دا ناردوویه‌تی بۆ ده‌زگاکانی چاپ و بڵاو کردنه‌وه.
ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که له شارێکی بچووک و له ماڵی کونسوڵ بێرنیکدا ڕووده‌ده‌ن، ئه‌م کونسوڵه ده‌سه‌ڵات و ناووناوبانگی خۆی با ناپاکی، درۆ، دزی، هه‌ڵخه‌ڵه‌تان و چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی به‌ده‌ست هێناوه، له کۆتایی شانۆنامه‌که‌یشدا بێرنیک ناچار ده‌بێت، که په‌رده له ڕووی تاوانه‌کانی هه‌ڵبماڵێت و ددان به هه‌ڵه و خراپه‌کارییه‌کانیدا بنێت. ئه‌م شانۆنامه‌یه چه‌ندین ڕووداوی چڕ و جۆراوجۆر له خۆ ده‌گرێ، به ئاسانی هه‌مووی له‌یه‌کتری جیاناکرێته‌وه، لیستی که‌سایه‌تی و کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کان له زوربه‌ی شانۆنامه‌کانی تری ئیپسن زۆرتره، جگه له کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کان، چه‌ندین که‌سایه‌تی لاوه‌کی تریش له خۆ ده‌گرێت. ئه‌تمۆسفێر و شوێنی ڕووداوه‌کان ژوورێکی دانیشتنی ده‌رگا شووشه‌ییه، که ده‌که‌وێته سه‌ر باخچه‌ی ماڵه‌که، ماڵه‌که و شوێنی ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که هێمایه‌که، یان ڕاستتر به‌رجه‌سته‌یه‌کی ژیانی بۆرژوازییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه و ستایلی گوزه‌رانیانه.
به‌شی یه‌که‌می شانۆنامه‌که شاکارێکه بۆ خۆی، له دووتوێی دیالۆگه‌کانه‌وه، که به ئاراسته‌یه‌کی ساکار، سروشتی و دوور له ئاڵۆزی و زۆرلێکردنه‌وه ڕووداوه‌کان ڕه‌وتی خۆیان وه‌رده‌گرن. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا کاره‌کته‌ره‌کان یه‌که یه‌که ده‌رده‌که‌ون، سیمای ڕۆڵه‌کانیان ئاشکرا ده‌بێت و پاڵه‌وانه‌کانی شانۆنامه‌که‌یش له ڕێگای دیالۆگه‌کانی نێوانیان و له به‌کارهێنانی زمانه‌که‌یانه‌وه، وێنه‌یه‌کی ئاشکرای ڕووداوه‌کان به بینه‌ران ده‌به‌خشن. مامۆستایه‌کی کۆنه‌پارێزی شاره‌که کتێب بۆ خانمه‌کان ده‌خوێنێته‌وه، ڕه‌خنه له کۆمه‌ڵگەکان ده‌گرێ و پایه‌ی کونسوڵ بێرنیک به‌رز ڕاده‌گرێ، ئافره‌ته‌کانیش به‌ده‌م گۆره‌وی چنینه‌وه گوێڕایه‌ڵی مامۆستان. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پایه‌ی ئافره‌ته‌کان ده‌رده‌که‌وێ، که له‌ژێر سێبه‌ری ڕۆڵی پیاودا ده‌سوڕێنه‌وه و خۆیان هیچ پێگه و پایه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری به‌هێز و دیاریان نییه. هه‌موو وورده‌کارییه‌ک، ئاماژه و دیالۆگێکی بچووک گرینگه، له بونیادە گشتییه‌که‌دا جێگای خۆیان ده‌که‌نه‌وه و گرفت و به‌رئه‌نجام و کۆتایی شانۆنامه‌که به‌رجه‌سته ده‌که‌ن.
سه‌ره‌تا/ گرێ و کێشه‌کان
شانۆنامەی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە به ووتوێژێکی هه‌ڵچووی نێوان ئه‌ونای به‌له‌مساز و پارێزه‌ر کراپ ده‌ست پێده‌کات، پارێزه‌ر کراپ ئه‌ونای به‌له‌مساز به‌وه تاوانبار ده‌کات، که هانی کرێکاره‌کان ده‌دات و به ناوی کونسوڵ بێرنیکه‌وه داوای لێ ده‌کات، که چی تر له ڕۆژانی شه‌ممه‌دا گوتاری هاندانیان بۆ نه‌خوێنێته‌وه.
ئه‌ونای به‌له‌مساز
کونسوڵ ناردبووی به‌دوامدا.
پارێزه‌ر کراپ
وایه، به‌ڵام ناتوانێ بتانبینێ، منی ڕاسپاردووه تا…
ئه‌ونای به‌له‌مساز
ئێوه؟ من به‌ڕاستی زیاتر حه‌زم ده‌کرد…
پارێزه‌ر کراپ
منی ڕاسپاردووه پیتانبڵێم که ئێوه ده‌بێ له وانه وتنه‌وه‌ی ڕۆژانی شه‌ممان به کرێکاران ده‌ست هه‌ڵگرن.
ئه‌ونای به‌له‌مساز
ئه‌وها؟ من به ڕاستی وامده‌زانی ئازادم کاتی بێئیشیی خۆم ئازادانه به‌سه‌ر به‌رم.
پارێزه‌ر کراپ
ئێوه نابێ کاتی بێئیشیی خۆتان به‌کاربێنن بۆ ئه‌وه‌ی وا له خه‌ڵک بکه‌ن له‌کاتی ئیشکردندا بێ که‌ڵک بن. ئێوه شه‌ممه‌ی ڕابردوو وتارتانداوه ده‌رباره‌ی ئه‌و زه‌ره‌ره‌ی کرێکاره‌کان پێیان ده‌گات به‌هۆی ئامێره تازه‌کانمانه‌وه و ئه‌و شێوه ئیشکردنه تازه‌یه له کارگه‌ی به‌له‌مسازیدا. ئێوه بۆچی ئاوا ده‌که‌ن؟
ئه‌ونای به‌له‌مساز
هه‌تا یارمه‌تی کۆمه‌ڵگە بده‌م.
پارێزه‌ر کراپ
سه‌یره! کومسوڵ ده‌ڵێ ئه‌مه کۆمه‌ڵگە شێواندنه.
ئه‌ونای به‌له‌مساز
کۆمه‌ڵگەکه‌م کۆمه‌ڵگەی کونسوڵ نییه، جه‌نابی پارێزه‌ر! وه‌کو لێپرسراو له کۆمه‌ڵگەی کریکاران من ده‌بێ ..
پارێزه‌ر کراپ
پێس هه‌موو شتێ ئێوه لێپرسراون له وه‌رشه‌که‌ی کونسوڵ بێرنیک، ئێوه ده‌بێ خۆتان به قه‌رزارباری ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه بزانن که پێی ده‌گوترێ کۆمه‌ڵگەی کارگه‌ی کونسوڵ بێرنیک، چونکه ئێمه هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ژین. به‌ڵی ئێستا ئێوه ده‌زانن کونسوڵ چی هه‌بوو پێتان ڕابگه‌یه‌نێ.
پایه‌کانی کۆمەڵگە، به‌شی یه‌که‌م
درۆ و چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی یه‌کێکه له نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کانی پاڵه‌وانه‌کانی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە: کونسوڵ بێرنیک و بازرگانه‌کانی هاوڕێی ڕوومیل، ڤیگه‌لاند، ساندستاد و ته‌نانه‌ت مامۆستای شاره‌که رۆرلووند، ئه‌م کاره‌کته‌رانه له ڕواڵه‌تدا که‌سانی خێرخواز و پایه‌کانی کۆمه‌ڵگەن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئاره‌زووه‌کانیان، پلان و هه‌ڵپه‌ی پاره و ده‌سه‌ڵاتیان ڕووبه‌ڕووی گرفت و ته‌نگه‌ژه ببێته‌وه، ئه‌وا هه‌موو شتێک، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ن، که زۆر به توندوتیژی هه‌ر که‌سێک له‌سه‌ر ڕێگایان بووه‌ستێ، له‌ناویبه‌رن. کونسوڵ بێرنیک، که هێمای پایه‌کانی کۆمه‌ڵگەیه، له ده‌روازه‌کانی دیمه‌نی شانۆنامه‌که و ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانه‌وه، په‌رده له‌سه‌ر ڕابردووی پڕ له درۆ و ساخته و گەندەڵی و دزییه‌کانی هه‌ڵده‌ماڵدرێ، ئه‌و ڕابردووه‌ی، که پێگه‌ی خۆی له ئێستادا له‌سه‌ر ڕۆناوه.
گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو
یۆهان تۆننه‌سێن و لوونا هێسڵ به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو و زۆر کوتوپڕانه له ئه‌مه‌ریکاوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئەم دوو کارەکتەرە، گۆمێکی مه‌نگ ده‌شڵه‌قێنێ و مقۆمقۆ و به‌رهه‌ڵستییه‌کی به‌هێز ده‌خوڵقێنێ. کونسوڵ بێرنیک هه‌موو تاوانه‌کانی دزی و نابوتبونی کارگه و کاروباره بازرگانییه‌کانی خستۆته ملی یوهان توننه‌سێن و یوهانیش ناچار ده‌بێت، که ڕابکات و له ئه‌مه‌ریکا ژیانێکی تر بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێت. ئێستا یوهان توننه‌سێن گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هه‌موو که‌سێکیش نهێنییه‌کانی گه‌مه‌که‌ی کونسوڵ بێرنیک نازانێ، به چاوی گومان و ڕق و شه‌رمه‌زارییه‌وه ده‌ڕواننه یوهان توننه‌سێن، به‌ڵام بزوێنه‌ری سه‌ره‌کی په‌رده هه‌ڵماڵینه‌کان و ئاشکراکردنی ڕاستییه‌کان یوهان توننه‌سێن نییه، به‌ڵکوو لوونا هێسڵه. یوهان و لوونا هه‌ردووکیان به‌شێوه‌یه‌کی چاوڕواننه‌کراو ده‌گه‌ڕێنه‌وه تا ڕازی دڵی خۆیان ده‌ربڕن، یوهان تۆننه‌سێن دڵی به دینا دۆرفه‌وه‌یه، که مامۆستا ڕۆڕلووند ده‌یه‌وێت له‌خشته‌ی به‌رێت و لوونایش تا سه‌رله‌نوێ چاوی به پاڵه‌وانی خه‌ونه‌کانی و دڵداره گه‌وره‌که‌ی کونسوڵ بێرنیک، ئه‌و که‌سه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆژگار بۆته هێما و تاکه ده‌سه‌ڵاتی شار و ناوچه‌که، بکه‌وێته‌وه، به‌ڵام وه‌ک له‌مه‌وپێس ئاماژه‌مان بۆ کرد، ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌ی کونسوڵ بێرنیک له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک درۆ و دزی و ناپاکی وه‌ستاوه؛ ناپاکییه‌کانی بێرنیک ته‌نانه‌ت لوونا هێسڵی خۆشه‌ویستی ژیانیشی گرتۆته‌وه. بێرنیک و لوونا په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێز و بێگه‌ردی خۆشه‌ویستی له‌نێوانیاندا ده‌بێت، به‌ڵام بێرنیک ده‌ستبه‌رداری لوونا و خۆشه‌ویستییه‌که‌یان ده‌بێت و له‌پێناوی پاره و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدا، له‌گه‌ڵ زڕ خوشکێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی لوونادا، بێتی خانم ده‌ست تێکه‌ڵاو ده‌کات و ژیانێکی هاوسه‌ری بێ‌گیان و بێ خۆشه‌ویستی دروست ده‌کات. لوونا ده‌گه‌ڕێته‌وه، ڕووبه‌ڕووی هه‌موو درۆ و ڕواڵه‌ت و نهێنییه‌کان ده‌بێته‌وه، به‌هێز و توانا و بڕواوه دژایه‌تییان ده‌کات و کونسوڵ بێرنیک هان ده‌دات، که له‌و گۆمی تاوان و درۆ و ده‌له‌سانه بێته ده‌ره‌وه و په‌رده له‌ڕووی ڕاستییه‌کان هه‌ڵبماڵێ.
لوونا
گه‌شتن، من ده‌مه‌وێ یارمه‌تیت بده‌م بۆ گه‌یشتن به که‌نارێکی جێگیر تا له‌سه‌ری ڕاوه‌ستیت.
کونسوڵ بێرنیک
تۆڵه! تۆ ده‌ته‌وێ تۆڵه‌ی خۆت بکه‌یته‌وه؟ من باش ئه‌وه ده‌زانم، به‌ڵام تۆ له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوو نابیت! به‌س ته‌نها یه‌کێک لێره‌دا ده‌توانێ ئه‌و نهێنییه بدرکێنێ، ئه‌و که‌سه‌ش قسه ناکا.
لوونا
یۆهان؟
کونسوڵ بێرنیک
به‌ڵێ، یۆهان. هه‌ر که‌سێکی تر بیه‌وێت تاوانبارم بکا، ئه‌وا من نکوڵی لێده‌که‌م. ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له‌ناوم ببا، ئه‌وا من شه‌ڕی ژیانی له‌گه‌ڵ ده‌که‌م. به‌ڵام من پێموتی، تۆ هه‌رگیز له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتو نابیت! ئه‌وه‌ی که ده‌توانێ تاوانبارم بکا، ئه‌و هیچ ناڵێ، ئه‌و دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە، به‌شی دووه‌م
لوونا هێمای ئافره‌تێکی به‌هێزه، هه‌وڵ ده‌دات پشتگیری ئافره‌ته‌کانی تریش بکات و هانیان بدات، هه‌ر له ڕێگای ئه‌م که‌سایه‌تییه‌وه ئیپسن مافی ئافره‌ت و ڕۆڵی ئافره‌ت له کۆمه‌ڵگە و له‌ناوجه‌رگه‌ی ڕووداوه‌کاندا به‌رجه‌سته ده‌کات. کاره‌کته‌ری لوونا و یۆهان بیرۆکه‌ی خه‌ونی کۆچ، تاراوگه و وڵات جێهێشتن بۆ ئه‌مه‌ریکا، وه‌ک سمبولی سه‌ربه‌ستی و ئاینده‌یه‌کی باشتریش دووپات ده‌کاته‌وه.
شانۆنامه‌ی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە له ڕووکه‌شدا بریتییه له کۆمه‌ڵێک ڕووداوی چاوه‌ڕواننه‌کراوی یه‌ک له‌دوای یه‌ک، ئه‌م ڕووداوانه بارێکی چاودێری و چاوه‌ڕوانی چ له‌لای خوێنه‌ر و چ له‌لای بینه‌ران دروست ده‌کات، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستێکی زیاتر قووڵ، سیکۆلۆژی و کۆمه‌ڵایه‌تی کاره‌کته‌ری کونسوڵ بێرنیک ده‌خاته به‌رده‌م دووڕێیانێکی سه‌ختی بوون و نه‌بوونه‌وه، له هه‌مان کاتدا ڕووبه‌ڕووی بڕیاری هه‌ڵبژاردنێکی سه‌ختی ده‌کاته‌وه. ئه‌م ئاسته‌یان کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که (بێرنیک) تێکده‌شکێنێ و کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆشی به‌سه‌ر که‌سایه‌تییه‌کانی تر و تێکڕای ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانیشه‌وه ده‌بێت.
ئیپسن گرینگییه‌کی زۆری داوه به هه‌ردوو کاره‌کته‌ری کونسوڵ بێرنیک و لوونا هێسڵ، زۆر به ووردی دایڕشتوون، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا به بایه‌خه‌وه ڕۆڵ و کاره‌کته‌ره‌کانی تریشی کردۆته به‌شێکی گرینگی گه‌مه و نهێنییه‌کان: دینا دۆرف، مارتا، ئه‌ونای به‌له‌مساز، مامۆستا رۆرلوند، یۆهان تۆننه‌سێن… هتد
کاره‌کته‌ری کونسوڵ بێرنیک ڕووبه‌ڕووی لوونا هێسڵ ده‌کاته‌وه، دوو هێزی دژ و جیاواز، به هه‌مان شێوه به‌رامبه‌ر جوانی، بێگه‌ردی و ته‌نیایی دینا دۆرف، رۆڕ لووندی درۆزن ده‌بێته هاوکێشه‌یه‌کی دژوار و پڕ له کێشه. دینا دۆرف هه‌ست به گوناه و تاوانه‌کانی دایکیشی له‌خۆیدا ده‌کات، له‌م گێژاوه‌دا یۆهان تۆننه‌سێن، که له ئه‌مه‌ریکاوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ده‌بێته ده‌روازه‌ی هیوا و هێزی ڕزگاری و ئاینده‌یه‌کی جیاواز. دینا دۆرف ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێک بزانێت، ژیانی خۆی سه‌رله‌نوێ بنیاتبنێته‌وه، خۆی بدۆزێته‌وه و له‌گه‌ڵ یۆهان تۆننه‌سێن بڕوات بۆ ئه‌مه‌ریکا.
یۆهان تۆننه‌سێن
دینا!
دینا
من له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا دێم!
یۆهان تۆننه‌سێن
چی؟
لوونا
تۆ ده‌ته‌وێ برۆیت؟
دینا
به‌ڵێ، من له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆم! ئه‌وی تر بۆی نووسیوم، ده‌ڵێ که ئه‌م ئێواره‌یه به فه‌رمی هه‌موو که‌سێک ده‌بێت بزانێ…
یۆهان تۆننه‌سێن
دینا، ئێوه ئه‌وتان خۆشناوێ؟
دینا
من هه‌رگیز ئه‌و مرۆڤه‌م خۆشنه‌ویستووه. خۆم فڕێده‌ده‌مه بنی ده‌ریاوه ئه‌گه‌ر من بکرێمه ده‌سگیرانی ئه‌و! ئۆ، دوێنێ چه‌ند به قسه جوامێره‌کانی فشاری بۆ هێنام و خستمییه سه‌ر چۆک! وای لیکردم هه‌ستبکه‌م که چۆن ئه‌و مه‌خلوقێکی بێنرخی به‌لای خۆیدا ڕاکێشاوه! من نامه‌وێ ئیتر بێ‌نرخ بکرێم. ده‌مه‌وێ سه‌فه‌رکه‌م. ده‌کرێ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا بێم؟
یۆهان تۆننه‌سێن
به‌ڵێ، به‌ڵێ… هه‌زار جار!
دینا
من نامه‌وێ زۆر سه‌خڵه‌تتان بکه‌م. ته‌نها یارمه‌تیم بده‌ن تا بگه‌مه ئه‌وێ، که‌مێک له سه‌ره‌تادا یارمه‌تیم بده‌ن..
یۆهان تۆننه‌سێن
به خۆشحاڵییه‌وه دینا، ئه‌وه خۆی له خۆیه‌وه جێبه‌جێ ده‌بێ!
پایه‌کانی کۆمه‌ڵگا، به‌شی چواره‌م
کونسوڵ بێرنیک گرفتێکی ئاکاری قووڵ ده‌وروژێنێ، که په‌یوه‌سته به گۆڕانکاری، دارایی، بازرگانی و مۆراڵی سه‌رمایه‌داری، به هه‌ر شێوه‌یه‌ک و به هه‌ر نرخێکیش بووه له هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانیدایه، بۆ نموونه کونسوڵ بێرنیک له‌گه‌ڵ مامۆستا ڕۆرلوندا باسی ئه‌وه ده‌کا، که ئه‌ندازیارێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌پێناوی کۆمه‌ڵگە و سوودی گشتیدا، کرێکارێک بدات به کوشت. نرخی ژیانی کریکارێک له پرۆژه‌یه‌کی سه‌رمایه‌داریدا، یان هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی تر بۆ کونسوڵ بێرنیک-ی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە هیچ مانا‌و به‌هایه‌کی نییه.
کونسوڵ بێرنیک
…. گوێبگره، شتێکم پێبڵێ، جه‌نابی مامۆستا، گه‌ر ڕێگه‌م بده‌ن پرسیارێکتان لێبکه‌م…
مامۆستا ڕۆرلوند
زۆر به خۆشحاڵییه‌وه، جه‌نابی کونسوڵ.
کونسوڵ بێرنیک
بێریک که‌وتۆته مێشکمه‌وه، کاتیک مرۆڤ خه‌ریکی ئه‌نجامدانی پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره بێت، که تیایدا مه‌به‌ستی گه‌یشتنی هه‌زاره‌ها مرۆڤ بێ به‌خێر و خۆشی، ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه داوای قوربانییه‌کی بچووک بکا…؟
مامۆستا رۆرلوند
مه‌به‌ستتان چییه؟
کونسوڵ بێرنیک
بۆ نموونه من پیاوێک داده‌نێم، بیرکاته‌وه له دامه‌زراندنی کارگه‌یه‌کی گه‌وره، ئه‌و پیاوه به‌دڵنیاییه‌وه ده‌زانێ… له‌به‌رئه‌وه‌ی له ئه‌زموونه‌کانییه‌وه فێربووه، دره‌نگ یان زوو له‌کاتی دروستکردنی ئه‌و کارگه‌یه‌دا هه‌ندی که‌س ژیانیان تێداده‌چێ.
مامۆستا ڕۆرلوند
به‌ڵی، ئه‌مه له‌وانه‌یه.
کونسوڵ بێرنیک
یان که‌سێک که خه‌ریکی ئیشی کانه‌خه‌ڵوزه. ئه‌و که‌سه هه‌م ژیانی باوکه خێزانداره‌کان و هه‌م مرۆ گه‌نجه ته‌ندروسته‌کان ده‌خاته خزمه‌تی خۆیه‌وه. ناکرێ به هۆشیارییه‌وه بوترێ که ئه‌مانه هه‌موویان له‌وێدا ژیانیان ده‌رباز نابێ؟
مامۆستا ڕۆرلوند
با، به‌داخه‌وه، ئه‌مه وایه.
کونسوڵ بێرنیک
که‌واته، پیاوێکی به‌و جۆره پیش وه‌خت ده‌زانێ، که ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێ بیخاته بواری کارکردنه‌وه، بێگومان… جارێک له جاران ده‌بێته هۆی له‌کیسچوونی ژیانی مرۆڤ. به‌ڵام ئه‌و پرۆژه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدایه، چونکه له‌کیسچوونی ژیانی هه‌ر مرۆڤێک له‌و پرۆژه‌یه‌دا، بێگومان ده‌بێته هۆی گه‌یشتنی سه‌ده‌ها که‌س به‌خێر و خۆشی.
پایه‌کانی کۆمه‌ڵگا، به‌شی سێهه‌م
ئه‌مه لۆژیکی بێرنیک-ه، به‌هه‌مان شێوه به وشه‌ی ڕازاوه و سوودی کۆمه‌ڵگە و نیازی شاراوه، ڕیگای له دروستکردنی هێڵێکی شه‌مه‌نده‌فه‌ر دروستکردن گرتووه، بێباکانه پاپۆڕێکی شاکوی ئه‌مه‌ریکی ڕه‌وانه‌ی ده‌ریا ده‌کات.
ئه‌م گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێست و ئاکاری بێرنیک ده‌گونجێت، کونسوڵ بێرنیک ده‌یه‌وێت ئەوە دووپات بکاته‌وه، که درۆکانی ئه‌و یارمه‌تیده‌ر بوون له گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگە و خۆشگوزه‌رانکردنی خه‌ڵکیدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی زڕ خوشکه‌که‌ی بێتی خانم، لوونا و یۆهان تۆننه‌سێنی برای، په‌رده له ڕووی تاوان و نهێنییه‌کان هه‌ڵده‌ماڵرێ، پایه و ناوبانگی کونسوڵ بێرنیک درزی تێده‌که‌وێت و بێرنیک تووشی په‌شیمانی، دڵه‌ڕاوکێ و چۆکدادان ده‌بێت. کاریگه‌ری لوونا زۆر به‌هێز ده‌بێت، له کۆتایی و له دوا ساته‌کانی ئه‌و کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوانه‌دا، بێگومان له‌ژێر کاریگه‌ری لوونا هێسڵدا، کونسوڵ بێرنیک ددان ده‌نێت به تاوانه‌کانیدا و ویژدانی خۆی پاک ده‌کاته‌وه. کونسوڵ بێرنیک له‌به‌رده‌می ئه‌و حه‌شاماته‌ی، که هاتوون بۆ ستایش و پیرۆزبایی لێکردن و دووپاتکردنه‌وه‌ی ڕێزی خۆیان و ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌که‌سی ئه‌و له شاره‌که‌دا، په‌رده له ڕووی هه‌موو نهێنییه‌کان هه‌ڵده‌ماڵێ و داوای لێبوردن ده‌کات.
کونسوڵ بێرنیک
من پێویسته بگه‌ڕێمه‌وه و له‌و وشه په‌سندانه‌وه ده‌ستپێبکه‌م که ئێوه، جه‌نابی مامۆستا، به‌گوێره‌ی دابونه‌ریتی ئه‌م جۆره بۆنانه، به‌سه‌ر منتاندا داباراند. من لایه‌قی ئه‌و قسانه نیم، له‌به‌رئه‌وه‌ی من هه‌تا ئه‌مڕۆ پیاوێک نه‌بووم بیرم له قازانجی خۆم نه‌کردبێته‌وه، ئه‌گه‌رجی من هه‌میشه به‌دوای سوود و قازانجی پاره‌دا هه‌وڵم نه‌داوه، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ من ئێستا تێده‌گه‌م که هه‌وه‌س و شه‌یداییه‌ک بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات، کاریگه‌ری، ڕێز و شکۆ هێزی خستنه‌گه‌ڕ بووه له زوربه‌ی زۆری ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی مندا.
پایه‌کانی کۆمه‌ڵگا، به‌شی چواره‌م
هێنریک ئیپسن شانۆنامه‌ی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە به ئاهه‌نگێکی قووتاربوون و ده‌رکه‌وتنی ڕاستییه‌کان کۆتایی پێده‌هێنێت، به‌ڵام پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە به‌وه کۆتایی نایه‌ت، وه‌ک له‌وه‌وپێش ئاماژه‌م بۆ کردووه، پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌م شانۆنامه‌یه و ڕووداوه‌کانی به فۆرم و شێوه و شێوازی جۆراوجۆر له شانۆنامه‌کانی ئیپسن-دا ده‌رده‌که‌ونه‌وه.
دواتر ئیپسن، ئه‌ندامه‌کانی کارگه‌ی کونسوڵ بێرنیک و بازرگانه‌کانی هاوڕێی له شانۆنامه‌کانی تری‌دا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان باسی ئه‌وان ده‌کات: نهینییه‌کانی خێزان، خاوه‌ن کارگه‌کان، دژایه‌تییه ئابوورییه‌کان، به‌رێوه‌به‌ری بانکه‌کان، پزیشک، پارێزه‌ره‌کان و ژنه‌کانیان، که له‌ژێر ده‌ستی ئه‌م کاره‌کته‌رانه‌دا ده‌چه‌و‌سێنرێنه‌وه. کاره‌کته‌ره ئافره‌ته‌کانی ئیپسن له شانۆنامه‌کانیدا، له یه‌ک کاتدا له‌ژێر ده‌ستی کۆمه‌ڵگەیه‌کی بۆرژوازی و پیاوسالاریدا ده‌چه‌وسێنه‌وه، هه‌روه‌ها له هه‌مان کاتدا ده‌رکه‌وتنی ئافره‌ته به‌هێزه‌کانیش (لوونا، نورا)، که ڕووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی پیاو و پیاوسالاری ده‌بنه‌وه، به مانایه‌کی تر زوربه‌ی بابه‌ته‌کانی تری شانۆنامه‌کانی تری ئیپسن، کاره‌کته‌ره‌کانی و ئه‌تمۆسفێری شانۆنامه‌کانی، پرۆسێسێکی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و گۆڕانکارییه‌کانه و له پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە-وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
تێبینی: ئەو دیمەنانەی لە دەقی شانۆنامەی پایەکانی کۆمەڵگا-ەوە وەرگیراوە، لە وەرگێڕانی هاودەم ساڵح. شانۆیی پایەکانی کۆمەڵگا، زنجیرەی شانۆی بیانی، ژمارە ١٣، دەزگای ئاراس ٢٠٠٨
٦ . له شانۆنامه‌ی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە، بۆ یه‌که‌مجار له ساڵی ١٨٧٧دا، دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی له کۆپنهاگن نمایش ده‌کرێت، هه‌روه‌ها له سوید و بێرگن له نه‌رویژ له‌سه‌ر زوربه‌ی شانۆکان پێشکه‌ش ده‌کرێت. له فینلاند و دوای ئه‌وه له یه‌ک کاتدا له پێنج شانۆی گرنگی شاری به‌رلین، له ئه‌ڵمانیا و به شێواز و فۆڕمی جیاوازه‌وه پێشکه‌ش ده‌کرێت. سه‌رکه‌وتنی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگە به‌رده‌وام ده‌بێت و داراییه‌کی باشیش بۆ ئیپسن دابین ده‌کات، هه‌ر له ساڵی ١٨٧٧دا له‌سه‌ر بیست و حه‌وت شانۆی شاره‌کانی ئه‌ڵمانیا و نه‌مسادا نه‌مایش ده‌کرێت.
له ساڵی ١٨٧٩دا وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانی چیکی و له ساڵی ١٨٨٠دا به ئینگلیزی له له‌نده‌ن و له ساڵی ١٨٩٢ له نیورک و ئوسترالیا و له ساڵی ١٨٩٣ شدا له باکوری ئه‌فه‌ریقا و شاری ڕۆما و له ساڵی ١٨٩٦ دا له پاریس پێشکه‌ش ده‌کرێته‌وه.