ده‌سپێکی مێژووی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی
ده‌روازه‌یه‌ک
زمانی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش له خودی شێواز، ته‌کنیکی شانۆ و نهێنییه‌کانی گه‌مه‌ی شانۆییدا کۆده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌یش وا له ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ده‌کات، که زۆر جیاواز بێت له شێوازه‌کانی تری ڕه‌خنه، هه‌ر بۆ نموونه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی. له هه‌مان کاتدا و له‌گه‌ڵ بوونی هه‌موو جیاوازییه‌کاندا، هێڵێکی هاوته‌ریب شێوازه‌کانی ڕه‌خنه کۆده‌کاته‌وه. ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ده‌رگایه‌کی واڵای به‌ڕووی زمان و ئامرازه‌کانی تری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا کردۆته‌وه، ڕه‌خنه‌ی شانۆیی توانیویه‌تی زمانێکی تایبه‌تمه‌ند له‌نێو خودی ستراکتوری زماندا بدۆزێته‌وه، که هاوشانی زمانه ئیستاتیکییه‌که و زمانه کرده‌ییه‌که‌ی نه‌مایشێکی شانۆیی بێت؛ لەم ڕووەوە ڕه‌خنه‌ی شانۆیی، ته‌نیا هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قی شانۆیی نییه، به‌ڵکوو هه‌ڵسه‌نگاندنی شێوازی ده‌رهێنان و ئامڕاز و که‌ره‌سه شانۆییه‌کان و شێوازی نه‌مایشکردن و نواندنی ئه‌کته‌ره، که کۆی ئه‌مانه، دواجار، بینینی ده‌رهێنه‌ر به‌رجه‌سته ده‌کات.
ڕه‌خنه‌ی شانۆیی داهێنان و خوێندنه‌وه و ڕۆشنبیری و شوێنپێهه‌ڵگرتنی پرۆسێسێکی شانۆییه، ڕه‌خنه داهێنانێکه که ئامرازه‌کانی له‌نێوان شێواز و فۆرم و گوتار و بونیادی به‌رهه‌مهێنانی پرۆژه‌یه‌کی شانۆییه‌وه به‌ده‌ست ده‌هێنێ. ڕه‌خنه‌ی شانۆیی زانیاری و شیکردنه‌وه‌یه و له هه‌مان کاتدا ده‌رگایه‌کی جیاوازیش به‌ڕووی نهێنییه‌کانی شانۆ و ڕیتواڵه‌کانی نه‌مایشیکی شانۆیی، نواندن و هونه‌ری ڕیژیدا ده‌کاته‌وه. ئه‌م هونه‌ره تا سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌میش وه‌ک یه‌که‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ ئاماژه‌ی بۆ نه‌کراوه و زیاتر ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ڕه‌خنه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی بووه و ته‌نها شیکردنه‌وه‌ی ده‌قی شانۆنامه‌که بووه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ک بواره کرده‌یی و لایه‌نه هونه‌رییه‌کان پشتگوێ خراون. به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی شانۆیی له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونی شانۆ له وڵاتی گریک بوونی هه‌بووه و هاوشانی نه‌مایشه‌کانی ئه‌و ده‌مه ڕۆڵی خۆی گێڕاوه، به‌تایبه‌تیش له ڕۆژانی پێشبڕکێ و فێستیڤاڵی ڕێوڕه‌سمه‌کانی دیۆنیسوسدا. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو ئەگه‌ر ئاوڕێکی دوورتریش له شارستانییه‌کانی به‌ر له یۆنانیش بده‌ینه‌وه، سه‌ره‌تاکانی ڕه‌خنه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و شانۆیی لێره و له‌وێ ده‌بینین. هه‌ر بۆ نموونه میسری فیرعه‌ونه‌کان شارستانیه‌تێکی گه‌لێک پێشکه‌وتوو بوون و به چه‌ندین سه‌ده به‌ر له یۆنانییه‌کان بوونیان هه‌بووه، کاریگه‌رییه‌کانیان سنووری ناوچه‌کانی خۆیانی بڕیوه و جێپه‌نجه‌یان دیاربووه.
میسری فیرعه‌ونی و سه‌ره‌تاکانی ڕه‌خنه
ئه‌ده‌ب، شانۆ و فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی سه‌ره‌تای هه‌موو لێکۆڵینه‌وه‌کان بووه و هه‌موو ئه‌وانه‌شی، که به مێژووی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه خه‌ریک بوون، تیۆر و لێکۆڵینه‌وه‌کانیان هه‌ر له یۆنان و ئه‌ده‌بی یۆنانییه‌وه ده‌ستپێکردووه. بۆ ئه‌م مه‌به‌ستەیش کولتووری یۆنان به هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه ده‌بێته که‌ره‌سته‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی پشکنین و ساخکردنه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌ی باسه‌کانیان.
له سه‌ده‌ی پازده‌یه‌م و سه‌رده‌می بوژانه‌وه (ڕێنیسانس) دا، وه‌رگێڕان و ساخکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی به‌کاره هه‌ره پیرۆزه‌کان داده‌نرا و هه‌ر ئه‌م گه‌ڕانه‌یش وزه و هێزێکی گه‌وره‌ی به مرۆڤی سه‌رده‌می بوژانه‌وه به‌خشی و ئه‌وروپا سه‌رله‌نوێ وه‌ک کیشوه‌رێکی تازه، فه‌لسه‌فه و کولتووری کۆنی یۆنانی ده‌دۆزێته‌وه.
به‌ر له‌م کو‌لتوور و شارستانییه‌ته ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی یۆنان، ژیانێکی پێشکه‌وتوو له وڵاتی میسر و له سه‌ره‌می فیرعه‌ونه‌کاندا هه‌بووه. به‌رده‌وامنه‌بوونی ئه‌و شارستانییه‌ته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆکارێکی تایبه‌تمه‌ند به بارودۆخی میسر، له‌و هۆکارانه‌یش نه‌بوونی حوکمڕانییه‌تێکی دیموکراتی وه‌ک یۆنان، که بووه‌ته هۆی له‌ناوچوونی زۆر له لایه‌نه ڕووناکه‌کانی ئه‌و بوارانه. هه‌روه‌ها به به‌راورد له‌گه‌ڵ یۆنانی کۆندا، له میسر و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و خه‌ڵکیشه‌وه گرنگییه‌کی ئه‌وتۆ به بواره‌کانی هونه‌ر و ڕۆشنبیری نه‌دراوه، ئه‌مه‌یش گیانی هاندان و جووڵانه‌وه‌ی له خاوه‌ن به‌هره‌کاندا بڕیوه. هه‌موو سه‌رچاوه‌کان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، که کولتووری نووسین له وڵاتی میسری کۆندا بڵاو بووه و ڕۆڵی نووسین زۆر به به‌ها و گرینگ بووه. هه‌ر له ساڵه‌کانی دوو سه‌دی به‌ر له له‌دایکبوونی مه‌سیحه‌وه، له‌لایه‌ن قه‌شه‌یه‌که‌وه که ناوی (مانێتۆ) بووه، مێژووی میسری کۆن نووسراوه‌ته‌وه، ئه‌م قه‌شه‌یه ناوی سی بنه‌ماڵه‌ی یه‌ک له‌دوای یه‌کی فیرعه‌ونه‌کانی هێناوه.
فه‌یله‌سوفه یۆنانییه‌کانیش ئاگاداری باری ڕۆشنبیری و فه‌لسه‌فه‌ی میسری کۆن بوون و کاریگه‌ریشیان هه‌بووه، (ئه‌فلاتون) خۆی گه‌یاندۆته میسر و له‌وێ فه‌لسه‌فه‌ی خوێندووه، فیساغۆرس دوازده ساڵ له میسر ژیاوه و له‌وێ ئه‌ستێره‌ناسی و ئه‌ندازه‌ی خوێندووه.
تێکست و نووسراوە کۆنه‌کانی پیرامیده‌کان ئەوە دووپات ده‌که‌نه‌وه، که چیرۆک و شانۆنامه‌ی ئایینی به‌ر له پێنج هه‌زار ساڵ به‌ر له زایین‌دا پێشکه‌شکراوه. هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ی میسری کۆن به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی پابه‌ند بووه به ئایین و فیرعه‌ونه‌کانه‌وه.
وه‌ک له‌مه‌وپێش ئاماژه‌مان بۆ کرد، که له وڵاتی میسری کۆن کولتوورێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی نووسین هه‌بووه، بێگومان بوونی ئه‌ده‌بی نووسراو، جه‌ماوه‌ر ده‌جوڵێنێ و خوێنه‌ران دروست ده‌کات و که‌شوهه‌وای ڕه‌خنه‌یش ده‌خوڵقێنێ، گفتوگۆ و توانج تێگرتن، هه‌ندێ جار به نووسین و هه‌ندێ جار به ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌وخۆ. هه‌ر له‌م ڕێگا سه‌ره‌تاییه‌شه‌وه هێرش و به‌رگریکردن بۆته یه‌کێک له سیماکانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه.
ڕه‌خنه‌ی میسرییه‌کان وه‌ک سه‌ره‌تای هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ک به چه‌ند قۆناخێکدا تێپه‌ڕیوه، سه‌ره‌تا قۆناخی زاره‌کی، له‌م قۆناخه‌دا ڕه‌خنه‌گره‌کان ڕه‌خنه‌کانیان له کۆڕه ئه‌ده‌بییه‌کاندا، ڕاسته‌وخۆ ئاڕاسته کردووه، دوای ئه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی کولتووری نووسیندا، ڕه‌خنە‌ش ده‌چێته بواری نووسین و تۆمارکردنه‌وه. ڕه‌خنه له‌م قۆناخه‌دا په‌یڕه‌وی هیچ جۆره یاسا و ڕێسایه‌کی تایبه‌ت و جێگیر و دیاریکراو نه‌بووه، به‌ڵکو هه‌ڵوێستی ڕۆژگار چۆن بووبێت به‌رامبه‌ر به‌و نووسه‌رانه، ڕه‌خنه‌گره‌کانیش په‌یڕه‌وییان کردووه. جگه له‌وانه‌یش نابێ ڕۆڵی گه‌وره‌ی ئاین و پیاوانی ئاینمان له‌م بواره‌دا له‌یاد بچێت، پیاوانی ئاین و په‌رستگاکان ڕاسته‌وخۆ ڕۆڵی ترسناکی خۆیان فه‌رامۆش نه‌کردووه، له‌به‌رئه‌وه ڕه‌خنه‌گره‌کان زۆرجار که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌ری و کارتێکردنی په‌رستگاکان و ڕه‌خنه‌کانیان شێوه و چه‌مکه ئایینییه‌کانی له‌خۆ گرتووه.
له کاتێکدا، که میسرییه‌کان چوونه‌ته په‌رستگاکانیانه‌وه مۆسیقا و نواندن زۆر گرینگ بووه، مۆسیقای فیرعه‌ونییه‌کان کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزی به‌سه‌ر نه‌شونماکردنی مۆسیقای ئه‌فه‌ریقا، ئاسیا و ئه‌وروپاوه جێهێشتووه و کاری تێکردوون. مۆسیقا و شانۆ لایه‌نێکی گرینگی ڕیتواڵی ئاینی په‌رستگا میسرییه‌کان بووه. هه‌موو به‌یانییه‌ک له‌گه‌ڵ کازیوه‌دا سه‌مازانه‌کان، گۆرانیبێژه‌کان، مۆسیقاژه‌نه‌کان و ئه‌کته‌ره‌کان به نه‌مایشه‌کانیان، خواوه‌نده‌کانیان به‌خه‌به‌رکردۆته‌وه، به له‌ناوچوون و پووکانه‌وه‌ی ژیانی ژیاری و شارستانی میسر، شارستانی یۆنان، به‌شێوه‌یه‌کی زۆر خێرا و له هه‌موو بواره‌کاندا که‌وته سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شانه‌وه و ده‌رکه‌وتن.
سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ڕه‌خنه‌ی شانۆیی له یۆنان
نه‌ژادی دراما و شانۆی یۆنانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕێوڕه‌سمانه‌ی، که بۆ شکۆبه‌خشین به خواوه‌نده‌کانیان، به‌تایبه‌تیش ئاهه‌نگی جه‌ژنه‌کانی دیونیسوس، که له‌شاری ئه‌سینا سازیان کردووه. له سه‌ره‌تادا هیچ سنوورێک له‌نێوان شانۆ و بینه‌راندا نه‌بووه و هه‌موو پێکه‌وه شه‌رابیان خواردۆته‌وه، سه‌مایان کردووه، گۆرانی‌یان گوتوە و قوربانییه‌کانیان به دیونیسوس به‌خشیوه.
دواتر ئه‌م که‌رنه‌ڤاڵانه ڕێکده‌خرێن، قه‌شه‌یه‌ک سه‌رپه‌رشتی گۆرانییه‌کان ده‌کات، که ده‌بێته کۆرس و سه‌مایش به‌جیا، هێدی هێدی گۆرانی کۆرسه‌کان ده‌بنه شانۆ و که‌سێک له خودی کۆرسه‌کان به‌ته‌نیا هاتۆته ده‌ره‌وه و دەیالۆگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی کۆرسه‌که‌دا ده‌ستپێکردووه. ئه‌م ئاهه‌نگ و ڕیتواڵە ئاینییانه په‌ره‌ی سه‌ند، که‌سی دووه‌م و سێیه‌میش له‌گه‌ڵ که‌سی یه‌که‌م که‌وتنه گفتوگۆ و قه‌باره و ڕۆڵی کۆرسه‌کانیش که‌مکرانه‌وه، تا له سه‌ده‌ی پێنجه‌می به‌ر له زایین‌دا شێوه و شێوازێکی تری وه‌رگرت و له ئه‌نجامدا تراژیدیاکان له‌دایکبوون، فێستیڤاڵ و پێشبڕکێی ساڵانه هاتنه کایه‌وه و نووسه‌ری شانۆیی دروست بوون و شانۆنامه‌کانیشیان له ڕێگای ئه‌و فێستیڤاڵانه‌وه پێشکه‌ش کردووه.
سه‌ده‌ی هه‌شته‌می پێش زایین تراژیدیای یۆنانی ده‌گاته ترۆپکی پێشکه‌وتن، هونه‌ر و ئه‌ده‌ب مۆرکێکی تری وه‌رگرت و ببووه پێداویستییه‌کی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ر، هه‌موو گۆڕەپانی شاره سه‌ره‌کییه‌کان جموجوڵێکی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری جۆراوجۆری فه‌لسه‌فیی، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاریشی گرتبۆوه.
خه‌ڵکی ئه‌وسای یۆنان به‌رده‌وام ئاگاداری به‌رنامه‌کانی ئه‌ده‌ب، هونه‌ر و گفتوگۆ فه‌لسه‌فییه‌کان بوون و به په‌رۆشه‌وه ئاماده‌ی هه‌موو چالاکییه جۆراوجۆر و نه‌مایشه شانۆییه‌کانیان کردووه، ئه‌و که‌سانه‌یشی ده‌رامه‌تی ئاماده‌بوونی ئه‌م فێستیڤاڵه شانۆیانه‌یان نه‌بووه، داموده‌زگا ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ئاسانکارییان بۆ کردوون. له‌گه‌ڵ چالاکی به‌رده‌وامی شانۆدا، فه‌لسه‌فه گۆڕه‌پانێکی گه‌وره‌ی هونه‌ری خوڵقاندبوو، فه‌یله‌سوفه‌کان بەردەوام هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه که‌ونییه‌کانیان داوه و گفتوگۆی به‌رده‌وامییان له‌نێوان خۆیان و خه‌ڵکیدا له لایه‌ک و له‌ناو خه‌ڵکیشدا له‌لایه‌کی تره‌وه دروستکردووه. فه‌یله‌سوفه‌کانی شاری ئه‌سینا هه‌ریه‌که بۆ خۆی قوتابی و قوتابخانه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه، که به‌هۆیه‌وه بیروبۆچوون و ڕێبازه‌کانیان به‌ناو خه‌ڵکدا بڵاو کردۆته‌وه.
ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌م قۆناخه هه‌وڵی نووسینی ڕه‌خنه‌کانیان نه‌داوه، به‌ڵکو ئامانجی ئه‌وان ئه‌وه بووه، که جه‌ماوه‌ر له خۆیان کۆبکه‌نه‌وه و گوێ له بیروبۆچوونه‌کانیان بگرن، ئه‌م ڕێگایه‌ش پشت به قسه‌کردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ ده‌به‌ستێت، جارێک له‌نێوان جه‌ماوه‌ر و ڕه‌خنه‌گره‌کاندا و جارێکی تریش له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌گر و شاعیره‌کاندا. جه‌ماوه‌ر هه‌میشه ڕۆڵێکی گرنگ و سه‌ره‌کی له‌نێوان ڕه‌خنه‌گر و نووسەرەکاندا بینیوه و هه‌ڵسه‌نگادنیان بۆ ڕه‌وایی و ناڕه‌وایی ڕه‌خنه‌کانیان کردووه، بۆ نموونه ئەگه‌ر ڕه‌خنه‌کانیان په‌سه‌ند بکردایه، ئه‌وا زه‌ماوه‌ندیان بۆ ساز ده‌کرد، گه‌ر به پێچه‌وانه‌یشه‌وه بوایه ئه‌وا ده‌ستیان ده‌کرد به هاوار هاوار و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین.
که‌واته ڕه‌خنه‌گر میلله‌ت بووه، جه‌ماوه‌ر هه‌میشه ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان و کاره هونه‌رییه‌کان بینیوه. گه‌رچی له‌سه‌ره‌تادا وه‌ک لقه زانینێکی سه‌ربه‌خۆیش، به به‌راورد به فه‌لسه‌فه و شانۆی گرێکی دروست نه‌بووبێت. ئه‌وه‌ی، که گرینگه له‌م باسه‌دا ڕه‌چاو بکرێت، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه‌ی ئه‌و قۆناخه ئه‌وه‌یه، که ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گه‌ره‌کان له قاڵبێکی ته‌سکی خودی ڕه‌خنه‌گره‌کان نه‌چۆته ده‌رێ و هه‌موو هۆکاره بابه‌تییه‌کانی کاره ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کانیان پشتگوێ خستووه. ئه‌مه جگه له ڕه‌چاوکردنی ئه‌و بارودۆخ و ئه‌و شوێنه‌شی، که ڕه‌خنه‌که‌ی تێدا دەگوترا یان ده‌نووسرا، له‌گه‌ڵ پێگه و هه‌ڵوێستی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌کان له‌ڕووی ڕامیاری و ئابووری و پێگه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌دا. ڕه‌خنه‌ی ئه‌و قۆناخه ڕه‌خنه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ندی شانۆیی نه‌بووه، به‌ڵکو ڕه‌خنه‌یه‌کی گشتگر و سه‌راپاگیر بووه و هه‌موو ڕووه‌کانی کاره هونه‌رییه‌که، ئه‌ده‌ب و هونه‌ری گرتۆته‌وه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له ڕه‌خنه‌ی شانۆیی جیانه‌کراوه‌ته‌وه و ڕه‌خنه‌گره‌کان له کۆڕ و کۆمه‌ڵه گشتییه‌کاندا باسی ئه‌ده‌ب، مۆسیقا، سه‌ما، نواندن، وێنه‌کێشان، داتاشین و بیناکردنیان کردووه.
گاڵته‌وگه‌پ و گاڵته‌جاڕی یه‌کێک بووه له میتۆد و ڕێگا سه‌ره‌کییه‌کانی ڕه‌خنه‌گره‌کان، له زۆر بۆنه‌دا ڕه‌خنه‌گره‌کان هه‌وڵیانداوه، که به گاڵته‌جاڕی و توانج تێگرتن بینه‌ران بهێننه پێکه‌نین.
فێستیڤاڵه شانۆییه‌کان و ده‌سپێکی نوێی ڕه‌خنه
له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پ. ز دا ڕه‌خنه ده‌چێته قۆناخێکی تره‌وه و ئامرازه‌کانی ڕه‌خنه‌گره‌کان گۆڕانکاری و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونێکی به‌رچاویان پێوه دیاره. ڕه‌خنه وه‌ک بوارێکی سه‌ربه‌خۆ پێگه و جێگای شیاو و دیاریکراوی خۆی ده‌کاته‌وه، ڕه‌خنه‌گره‌کانیش وه‌ک نووسه‌ر یان هونه‌رمه‌ند ڕێز و ستایشی تایبه‌تمه‌ندی خۆیانیان به‌ده‌ستهێناوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وکاتی یۆنان له‌به‌رئه‌نجامی ئه‌م پێشکه‌وتن و هه‌نگاوانه‌دا، که‌وتوونه‌ته ئاماده‌کردنی فێستیڤاڵی شانۆیی، له‌م فێستیڤاڵانه‌دا پێشبڕكێی شانۆییان پێکهێناوه و شانۆنامەنووسه گه‌وره‌کان با شانۆنامه‌کانیان به‌شدارییان تێدا کردووه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش لیژنه‌یه‌کیان له پیاوه ئاینیی و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی وڵات داناوه، که له‌کۆتایی هه‌موو فێستیڤاڵێکدا به‌رهه‌مه سه‌رکه‌وتووه‌کانیان هه‌ڵبژاردووه و پاداشتیان پێبه‌خشیون.
ئه‌م فێستیڤاڵانه سه‌ره‌تایه‌کی گرینگ و پاڵنه‌رێکی باشی ڕه‌خنه بوونه، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه له ڕێگایه‌کی تره‌وه، به‌ربڵاو و به فه‌رمی توانی به‌های ڕه‌خنه و ڕۆڵی ڕه‌خنه به جه‌ماوه‌ر ڕابگه‌یه‌نێت و له هه‌مان کاتدا پێگه‌ی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گره‌کان له کۆمه‌ڵگەدا به‌هێز بکات. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاو و قۆناخه نوێیه‌شدا ڕه‌خنه هه‌ر له شێوه و شێوازه سه‌راپاگیر و گشتییه‌کانیدا ماوه‌ته‌وه، ڕه‌خنه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ند به ئه‌ده‌ب یان هونه‌ر دروست نابێت، ئه‌م باره‌ی ڕه‌خنه تا قۆناخێکی تر به هه‌مان به‌رگ و شێوه‌ی خۆیه‌وه ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ نه‌شونماکردنی تراژیدیای گرێکی و په‌ره‌سه‌ندنی ژیانی دیموکراسی له‌و وڵاته‌دا، بوژانه‌وه‌ی باری ئابوری و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی بیر و هونه‌ر، ڕه‌خنه‌یش پێده‌نێته قۆناخێکی تره‌وه. ئه‌م ئه‌تمۆسفێره و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی شانۆنامەنووسە تراژیدیه‌کان خۆیاندا زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بێت، شانۆنامەنووسە تراژیدییه‌کان خۆیان که‌وتنه به‌رهه‌مهێنان و کاری دەرهێنانی شانۆنامه‌کانی خۆیان گرته ئه‌ستۆ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو گۆرانی و کۆرسه‌کانیان ڕێکخستووه، مه‌شقیان به سه‌مازانه‌کانیان ده‌کرد و سه‌رپه‌رشتی جلوبه‌رگ و هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی تری نه‌مایشه شانۆییه‌کانیان کردووه. شان به‌شانی ئه‌و فێستیڤاڵ و پێشبڕکێیانه، سۆفیستاییه‌کان، ئه‌و ڕێبازه فه‌لسه‌فییه‌ی، که وتووێژ و ناکۆکی و کێشه‌یه‌کی به‌رده‌وامیان له‌نێوان ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌سینادا خوڵقاندبوو، ده‌روازه‌یه‌کی تریان به‌ڕووی ڕه‌خنه و ڕۆڵی ڕه‌خنه‌دا کرده‌وه. قوتابیانی سۆفیستاییه‌کان خزمه‌تێکی زۆری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شانۆییان کردووه، ئه‌مه‌یش به‌هۆی ئه‌و گفتوگۆ و دەیالۆگه به‌رده‌وامه‌یان و وروژاندنی زۆر له لایه‌نه هزری و هونه‌رییه‌کانی کاره هونه‌رییه‌کان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان.
هۆمیرۆس و ده‌روازه‌کانی ڕه‌خنه
ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئاشکرایه و زوربه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وان و ڕه‌خنه‌گره‌کان به‌گشتی له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون ئه‌وه‌یه که: قۆناخی یه‌که‌می ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له دوو داستانه گه‌وره‌کای (ئه‌لیازه و ئۆدیسه) ه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه. ئه‌م دوو داستانه ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی لێکۆڵینه‌وه، ووتووێژ، ڕه‌خنه و ستایش، جارێک به لێکدانه‌وه و ڕه‌خنه، هه‌ندێک جار به ووتووێژ و شیکردنه‌وه، هه‌روه‌ها هۆمیرۆس ته‌نها شاعیرێک بووه، که له‌نێو هه‌موو خه‌ڵکی و ده‌سه‌ڵات و ناو شاعیره‌کاندا، جێی رێز و پیاهه‌ڵدان و گرینگییه‌کی بێپایان بووه، ته‌نانه‌ت به‌یتی هه‌ردوو داستانه‌که‌ی سروودی هه‌میشه‌یی سه‌رزاری خه‌ڵکی بووه و سه‌رچاوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی بابه‌تی تراژیدیای شانۆنامەنووسە گه‌وره‌کانیش بووه.
گومانی تیا نییه، که ئه‌م دوو داستانه به گشتی ڕۆڵێکی گه‌وره‌یان له مێژووی ڕه‌خنه و ئه‌ده‌بی یۆنانیدا بینیوه و بابه‌تێکی هه‌میشه زیندووی هه‌موو ئه‌و که‌سانه بووه، که ویستوویانه له گرفته‌کانی ڕه‌خنه و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ئێستاتیکا بکۆڵنه‌وه.
نووسه‌ری گه‌وره‌ی کۆمیدیای یۆنانی ئه‌رستۆفان له هه‌موو که‌س زیاتر به‌په‌رۆش بووه بۆ ئه‌م داستانانه و که‌سایه‌تی هۆمیرۆس، ئه‌رستۆفان به چاوی ڕێز و به‌هایه‌کی گه‌وره‌وه له داستانه‌کانی هۆمیرۆسی ڕوانیوه و زۆر به توندی ڕه‌خنه‌ی له هه‌موو ئه‌و که‌سانه گرتووه، که به‌چاوی گومان و ڕه‌خنه‌وه له داستانه‌کانیان ڕوانیوه. باشترین نموونه یوربیدسه، که ئه‌رستۆفان له هه‌موو تێکست و به‌رهه‌مه‌کانیدا ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرێت.
یوربیدس هه‌ڵوێستێکی تایبه‌تی به‌رامبه‌ر کو‌لتوور و پاشماوه دێرینه‌کانی یۆنان هه‌بووه، ئه‌م نووسه‌ره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیسدا زۆر ڕادیکاڵ بووه و له شانۆنامه‌کانیدا به توندی ڕه‌خنه‌ی له ستراکتور و کۆمه‌ڵگە کۆنسه‌رڤاتیڤه‌که‌ی ئه‌سینا گرتووه. ئه‌مە‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆر هۆکار، که تایبه‌ت بووه به‌و زه‌مه‌نه‌ی یوربیدسی تیاژیاوه، بۆ نموونه گه‌شه‌کردنی پلاتفۆرمه سیاسییه‌کانی ئه‌وکاته‌ی ئه‌سینا، کە باری ئابوری و ژیانی خه‌ڵکی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی جیاوازتر بردووه، ته‌وژمه ئاینییه‌کان هه‌مان کاریگه‌رییان له ناو خه‌ڵکیدا نامێنێ، به‌هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به‌هێزتر بووه له ده‌سه‌ڵاتی ئاین و پیاوه ئاینییه‌کان.
هۆمیرۆس له‌لای سوکرات ٣٩٩–٤٧٠ پ.ز و ئه‌فلاتون ٣٤٧–٤٢٧ پ.ز به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌رستۆفان گه‌وره بووه و سوکرات زۆرجار ناوی هێناوه و کردوویه‌تی به نموونه بۆ قوتابییه‌کانی و ئه‌فلاتونیش له به‌رهه‌مه‌کانیدا جێگایه‌کی گه‌وره‌ی بۆ ته‌رخان کردووه.
ئه‌رستۆتالیس ٣٢٢–٣٨٤پ.ز له هه‌موو به‌شه‌کانی کتێبه‌که‌یدا (هونه‌ری شیعر) ناوی هۆمیرۆسی دووپات کردۆته‌وه.
ئه‌رستۆتالیس یه‌که‌م که‌سه، که له مێژووی ڕه‌خنه‌سازیدا بایه‌خ به هونه‌ری دراما و فه‌لسه‌فه‌ی جوانی و هونه‌ری نووسین بدات، ئه‌م فه‌یله‌سوفه دوای مردنی سێینه‌ی تراژیدیای گریکی (ئێسخیلۆس، سۆفۆکلیس و یوربیدس) تیۆره مه‌زنه‌که‌ی سه‌باره‌ت به هونه‌ری دراما له کتێبی هونه‌ری شیعردا داناوه. هه‌روه‌ها له ڕوانگه‌ی شانۆنامه‌کانی ئه‌و شاعیرانه‌یشه‌وه به‌رهه‌مه‌که‌ی خۆی نووسیوه و گه‌یشتۆته ئه‌و ئه‌نجامه. ئه‌رستۆ له کتێبه‌که‌یدا به‌م شێوه‌یه پێکهاته‌ی تراژیدیاکان دابه‌ش ده‌کات: چیرۆک یان ئه‌فسانه، که‌سیه‌تییه‌کان، بیرۆکه، زمان، مۆسیقا و دیمه‌نه شانۆییه‌که. مه‌به‌ستیش له نه‌مایشکردنی تراژیدیاکان پاککردنه‌وه‌ی ده‌روونی مرۆڤ بووه له هه‌موو هه‌ڵچوون و ده‌مارگرژی و هێزه‌کانی شه‌ڕه‌وه. بۆ گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته‌یش پێویسته خودی تراژیدیاکه خورپه یان ڕووداوێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو، گۆڕانکاری، پێناسه و کاره‌سات له‌خۆ بگرێت. به‌شی دووه‌می هونه‌ری شیعر ده‌رباره‌ی کۆمیدیا بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و کتێبه ون بووه و نه‌گه‌یشتۆته ده‌ستمان. کێشه‌ی داستانه‌کانی هۆمیرۆس تا سه‌رده‌می ئه‌رستۆتالیس درێژه‌ی کێشاوه، ئه‌رستۆتالیس له ڕێگای قوتابییه‌کانییه‌وه شیعره‌کانی هۆمیرۆسی ڕاڤه و شیکردۆته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ئه‌لیازه‌ی کردۆته په‌یڕه‌و و پرۆگرامی باسه‌که‌ی و له‌ئه‌نجامدا کتێبێکیشی به‌ناوی (گرفته‌کانی هۆمیرۆس)ه‌وه داناوه، ئه‌م کتێبه‌ش ون بووه و له‌چه‌ند برگه‌یه‌کی کورت به‌ولاوه هیچی تری به‌رده‌ست نه‌که‌وتووه.
به فه‌رمی بوونی فێستیڤاڵه شانۆییه‌کان
وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌مان بۆ کردووه فێستیڤاڵ و پێشبڕکێ شانۆییه‌کان ڕۆڵێکی گه‌وره‌یان گێڕاوه له‌به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی ڕه‌وتی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شانۆییدا، به‌تایبه‌تی، که کۆمه‌ڵگەی یۆنانی له بارودۆخێکی زۆر له‌بار و ژیانێکی دیموکراسیدا ژیاون، ئه‌مه‌یش زیاتر ڕێگاخۆشکه‌ر و هانده‌ری ئه‌م بواره بووه.
(بیترستراتۆس) یه‌که‌م فه‌رمانڕه‌وا بووه، که بڕیاری دامه‌زراندن و سازدانی فێستیڤاڵ و پێشبڕکێ هونه‌رییه‌کانی نێوان شانۆنووسە تراژیدێکانی داوه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش هه‌موو ساڵێک له ئه‌سینا ڕۆژه‌کانی جه‌ژنی دیونیسوس، خواوه‌ندی شانۆ و به‌روبووم ته‌رخانکراوه بۆ ئه‌و دیارده گرینگه. دوای ده‌رکردنی ئه‌م بریاره و په‌سه‌ندکردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی شاری ئه‌سیناوه، یه‌که‌م شانۆگه‌ری له ساڵی ٥٣٤ پ. ز دا پێشکه‌ش کراوه. له سه‌ره‌تادا چالاکییه‌کانی ئه‌م فێستیڤاڵانه ساڵانه بووه، پێشوازیکردنێکی گه‌رم و گوڕ و تێکڕای جه‌ماوه‌ر بۆ ئه‌م دیارده‌یه، وا له ده‌سه‌ڵاتداران ده‌کات، که له ساڵێکه‌وه بیکه‌نه سێ وه‌رز، ئه‌مه‌یش زیاتر زه‌مینه‌ی بۆ جیهانی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌سازی واڵا و پته‌و کردوه. هه‌روه‌ها ئه‌م فێستیڤاڵانه له‌ڕووی مێژووییه‌وه به قۆناخی دووه‌می ڕه‌خنه داده‌نرێت.
یۆنانییه‌کان گه‌لێک جه‌ژنیان هه‌بووه، هه‌ریه‌که گوزارشتی له حاڵه‌تێکی تایبه‌تی ئه‌و شارستانییه‌ته کردووه، به‌ڵام ڕێوڕه‌سمه‌کانی دیونیسوس له هه‌موو جه‌ژنه‌کانی تر گرینگتر بوون، هه‌موو ساڵێک ئه‌م ڕیتواڵ و جه‌ژنه جه‌ماوه‌رییه له وه‌رزی به‌هاردا سازکراوه و ده ڕۆژی خایاندووه، شانۆگه‌رییه‌کانیش له سێ ڕۆژی کۆتاییدا پێشکه‌ش کراون. له سه‌ره‌تادا ته‌نها به‌رهه‌مه تراژیدییه‌کان نه‌مایشکراون، به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕیگا به شاعیره کۆمیدیاکان نه‌دراوه به‌شداری بکه‌ن. به‌ڵام له ساڵی ٤٨٦ پ.ز وه رێگا به شانۆنامه‌نووسه کۆمیدییه‌کانیش ده‌درێت، که له‌و فێستیڤاڵانه‌دا به‌شداری بکه‌ن. به‌هۆی به‌شداری شاعیره کۆمیدیاکانه‌وه، هه‌ندێ ڕێسا و بنه‌مای تر بۆ تێکڕای نووسه‌ره‌کان داده‌نرێت تا په‌یڕه‌وی بکه‌ن. بۆ نموونه شانۆنامه‌نووسه کۆمیدییه‌کان بوارێکی زیاتریان هه‌بووه بۆ گوزارشتکردن و جۆری ده‌ربرینه‌کانیان، به‌ڵام شانۆنامه‌نووسه تراژیدییه‌کان ئه‌و بواره‌یان نه‌بووه. کۆرسی ناو شانۆنامه کۆمیدییه‌کان توانیویانه و بۆیان هه‌بووه، ڕاسته‌وخۆ ڕووبکه‌نه بینه‌ران. ڕه‌وتی شانۆنامه‌که ڕابگرن و ڕای تایبه‌تی خۆیان سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌یه‌کی هه‌نوکه‌یی، له‌ڕووی ڕامیاری، ئابوری، هونه‌ری، ڕۆشنبیری… هتد ده‌رببڕن و دواتر بگه‌ڕێنه‌وه ناو ڕووداوی شانۆنامه‌که‌یان. به‌و شێوازه‌یش وتراوه (په‌راباسی)، له‌م په‌راباسییه‌دا نووسه‌ره کۆمیدیاکان ڕاسته‌وخۆ، وه‌ک گوتمان چ ده‌رباره‌ی فێستیڤاڵه‌که، یان نووسه‌ره به‌شداره‌کان، ڕۆڵی بینه‌ران، پاداشته‌کان… و ده‌رببڕن و دوای ئه‌م گوزارشته په‌راباسییه شانۆگه‌رییه‌که به‌رده‌وام بووه. شانۆنامەنووسە تراژیدیاکان هه‌ریه‌که به سێ تراژیدیا و ساتیر–ێک به‌شدارییان کردووه، به‌ڵام شاعیره کۆمیدیاکان ته‌نها ڕێگای یه‌ک شانۆگه‌رییان پێدراوه. ئه‌م فێستیڤاڵانه ڕێگای به سێ شانۆنامەنووسی تراژیدی و پێنج شانۆنامەنووسی کۆمیدیا داوه، که به‌شداری بکه‌ن، ده‌سته‌یه‌کیش ته‌رخانکراوه ئه‌و شانۆنامەنووسانەی له‌پێش ده‌ستپێکردنی فێستیڤاڵه‌کانه‌وه هه‌ڵبژاردووه بۆ به‌شداریکردن.
ئه‌م فێستیڤاڵانه گۆڕه‌پانێکی گه‌وره‌ی کێشه و ململانێی له‌نێوان شاعیره به‌شداره‌کاندا دروستکردووه، به‌تایبه‌تی که به‌شدارانی ئه‌م پێشبڕکێیانه شانۆنامەنووسە گه‌وره‌کانی تراژیدیای یۆنانی بوون. پێشبڕکێکان له‌نێوان ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیس و شاعیری سێیه‌م یان له‌نێوان سۆفۆکلیس و یۆربیدس و شاعێری سێیه‌مدا بووه. به‌م شێوه‌یه سێینه‌ی درامای یۆنانی هه‌میشه لایه‌نێکی گرینگی ئه‌و گه‌مه شانۆییانه بوون. له ئه‌سینا هه‌موو ساڵێک پێش وه‌رزی ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی دیونیسوس و پێشبڕکێ شانۆییه‌کان، له‌سه‌ر شانۆی ئۆدیون ئاهه‌نگی تایبه‌تمه‌ند سازکراوه، له‌م ئاهه‌نگانه‌دا شانۆنامەنووسەکان خۆیان و ئه‌کته‌ره‌کانیان پێشکه‌ش به جه‌ماوه‌ر کردووه و ناوی تراژیدیاکانیشیان بڵاو کردۆته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی، که بابه‌تی تراژیدیاکانیان ئاشکرا بووه لای بینه‌ران. بابه‌تی تێکست و شانۆنامه‌کانیان ڕاسته‌وخۆ له مێژوو و ئه‌فسانه و داستانه باوه‌کانی خۆیانه‌وه وه‌رگرتووه، ئه‌و داستانانە‌ش بابه‌تێکی میللی به‌ربڵاو بوون و به‌سه‌ر زاری هه‌موو که‌سێکه‌وه بوون. له‌به‌رئه‌وه جه‌ماوه‌ر، که چوونه‌ته ئه‌م فێستیڤاڵانه‌وه، هیچ شتێک به‌لایانه‌وه سه‌یر و نامۆ نه‌بووه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یش بووه، که بینه‌ران له کۆتایی هه‌موو نمایش و فێستیڤاڵێکدا ڕۆڵی شیاوی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان، به‌رامبه‌ر به شاعیره‌کان، به‌رهه‌مه‌کانیان و خودی نه‌مایشه‌کان هه‌بووه.
ڕاپۆرته ڕه‌خنه
ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌م فێستیڤاڵانه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی، که ده‌ستنیشانی به‌رهه‌مه سه‌رکه‌وتووه‌کانیان کردووه، له کۆتایی هه‌موو وه‌رزێکدا ڕاپۆرتێکیان دەرباره‌ی شاعیره سه‌رکه‌وتووه‌کان نووسیوه و بڵاویان کردۆته‌وه. ته‌نها چه‌ند بڕگه‌یه‌ک له‌م ڕاپۆرتانه ده‌ست لێکۆڵه‌ره‌وان و مێژوونووسانی ڕه‌خنه و ئه‌ده‌بی یۆنان که‌وتوون و به‌شێکی زۆری ئه‌م به‌ڵگه‌نامه و دیکۆمینته گرینگانه له‌ناوچوون، مێژووی کۆنترین برگه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ٤٧٢ پ.ز لایه‌نه‌کانی ئه‌م ڕاپۆرتانه جۆره ڕێزلێنانێک بووه له شاعیره سه‌رکه‌وتووه‌کان و له هه‌مان کاتدا به ڕه‌خنه‌یه‌کی هونه‌ری داده‌نرێت، که له ده‌روازه‌ی خودی جموجۆڵ و ڕه‌وته شانۆییه‌کانه‌وه له‌دایکبووه. ئه‌م ڕاپۆرتانه ته‌نیا تێکسته‌کانیان هه‌ڵنه‌سه‌نگاندوون، به‌ڵکو هه‌وڵیانداوه هه‌موو لایەنەکانی تری نه‌مایشه شانۆییه‌کان: نواندن، مۆسیقا، سینۆگرافیا و هونه‌ری دەرهێنان بگرێته‌وه، ئه‌مه‌یش ڕه‌خنه‌ی شانۆییه به هه‌موو مانای ئه‌و وشه‌یه. ئه‌رستۆتالیس به‌هایه‌کی گه‌وره‌ی به‌خشیوه به‌م ڕاپۆرت و بڕگه ڕه‌خنه‌ییانه و کۆی کردوونه‌ته‌وه، دوور نییه که ئه‌م ڕاپۆرتانه سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگی ئه‌م فه‌یله‌سوفه بووبن بۆ کتێبی (هونه‌ری شیعر)ه‌که‌ی، هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی میژوویی و لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی دوو کتێبی تری ئه‌رستۆتالیسیان ساخ کردۆته‌وه، کتێبه‌کانیش یه‌کێکیان به‌ناوی دیداسکالیس Didascalies که تایبه‌ت بووه به تێبینی و ئامۆژگاری شانۆنامەنووسەکان بۆ ئه‌کته‌ره‌کانیان، دووه‌میشیان به‌ناوی سه‌رکه‌وتنه گه‌وره‌کانی شانۆی دیونیسوسی مه‌زنه‌وه بووه.
ئه‌م پێشبڕکێ و فێستیڤاڵانه پاڵی به شانۆنامەنووسه‌کانه‌وه ناوه، که خۆیان به‌شداربن له نووسینی ئه‌و ڕاپۆرت و بڕگه ڕه‌خنه‌ییانه‌دا، شاعیره‌کان مه‌به‌ستیان بووه، بۆچوون و تیۆره شانۆییه‌کانیان به جه‌ماوه‌ر و به بینه‌ران بناسێنن، هه‌روه‌ها هه‌ندێک سه‌رچاوه ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یش ده‌کات، که شانۆنامەنووسەکان کتێبی تایبه‌تییان له‌سه‌ر ڕێگاچاره‌ی هونه‌ری، هونه‌ری نواندن و دەرهێنانەوە بڵاو کردۆته‌وه.
هه‌ندێک جار حوکمی ناڕه‌وای ده‌سته‌ی پیشبڕکێکان پاڵی به شانۆنامەنووسه‌کانه‌وه ناوه، که ئه‌و جۆره کتیبانه دابنێن و هه‌وڵی نووسینی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی بده‌ن. سۆفۆکلیس ٤٠٥–٤٩٧ پ.ز کتێبێکی له‌سه‌ر (کۆرس)ی شانۆیی نووسیوه، به‌ڵام جێگای داخه وه‌ک زۆر سامانی تری به‌نرخی یۆنان ئه‌م کتێبه‌ش وون بووه. ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌شی، که له‌سه‌ر ئه‌و به‌ش و بڕگه که‌مانه‌ی به‌رده‌ست که‌وتوون کراون، ئەوە دووپات ده‌که‌نه‌وه، که سۆفۆکلیس به چاوێکی ڕه‌خنه‌یی، به دیدێکی هونه‌ری و به سه‌لیقه‌یه‌کی وێژه‌ییه‌وه ڕۆڵ و پێگه‌ی کۆرس روون ده‌کاته‌وه، سه‌ره‌تاکانی له‌دایکبوونی شانۆی گرێکی له باوه‌شی کۆرسه‌کاندا ده‌ستنیشان ده‌کات و ئاوڕێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌شی له رۆڵی کۆرس له‌لای ئێسخیلۆس و دواتریش له‌لای خۆی داوه‌ته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی شاعیره‌کان خۆیان دەرهێنەر و کۆریۆگرافی شانۆنامه‌کانی خۆیان بوون، ئاساییش بووه به‌لایانه‌وه، که ئه‌و کتێبانه له‌سه‌ر لایه‌نه کرده‌یی و پراکتیکییه‌که‌ی نه‌مایشه‌کانیان بنووسن و دیدێکی ڕه‌خنه‌یی و ئێستاتیکی جیاوازیان بۆ پرۆژه و به‌رهه‌مه‌کانیان هه‌بێت.
سێینه‌ی تراژیدیای گرێکی
تراژیدیای گرێکی له‌سه‌ر ده‌ستی ئێسخیلۆس، سۆفۆکلیس و یوربیدسدا ده‌گاته ئاستی ترۆپک: ئێسخیلۆس بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌کانی خوڵقاند، ئه‌کته‌ری یه‌که‌م له‌گه‌ڵ ڕابه‌ری کۆرسه‌کان که‌وتنه گفتوگۆ، هه‌روه‌ها گرینگی داوه به هونه‌ری دەرهێنان. سۆفۆکلیس بره‌وی به‌و بنه‌ما سه‌ره‌تاییانه‌ی قۆناخی یه‌که‌می تراژیدیا داوه، ئه‌وه‌بوو ئه‌کته‌رێکی تری زیاد کرد، به‌مه‌یش ژماره‌ی ئه‌کته‌ره‌کان بوون به سێ ئه‌کته‌ر، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌ندامانی کۆرسه‌که‌ی له دوازده‌وه کردۆته پازده. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی گرینگی به سینۆگرافیا و هونه‌ری دەرهێنان داوه، به‌مه سۆفۆکلیس تراژیدییای گرێکی کردۆته وێنه‌یه‌کی مه‌زنی بیری یۆنانی کۆن، دوای ئه‌وان یۆربیدس دێت و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا، تراژیدیا و دراما ده‌گاته ترۆپک.
یوربیدس له ڕوانگه‌ی ئه‌و شێواز و دیده جیاواز و نوێخوازه‌یه‌وه، زۆر نموونه‌ی زیندووی له هۆشمه‌ندی یۆنانی پێشکه‌وتوخوازی خوڵقاندووه. یوربیدس ڕۆڵی کۆرس به ته‌واوی که‌م ده‌کاته‌وه و ته‌نها ده‌بێته کاتێکی خۆشی نێوان به‌شه‌کانی تراژیدیاکه و پاڵه‌وانه‌کانیشی له‌و که‌سانه‌وه هه‌ڵبژاردووه، که به‌رده‌وام له ژیاندا بوون. که‌سایه‌تییه‌کانی یوربیدس و هه‌ندێک جار به به‌راورد له‌گه‌ڵ شانۆنامەنووسه‌کانی به‌رله‌خۆی چه‌مکێکی سیکۆلۆژی و ڕیالیزمی له‌خۆ گرتووه. پاڵه‌وانه‌کانی ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیس، خواوه‌ند و پادشاکان بوون، به‌ڵام ئه‌لکترای شازاده له‌لای یوربیدس ئافره‌تێکی ساکاری ئاساییه و ژنی کابرایه‌کی جووتیاره. دید و هزری یوربیدس بۆ ئه‌فسانه و داستانه دێرینه‌کان زۆر جیاواز بووه له بۆچوونی هه‌موو نووسەر و فه‌یله‌سوف و هونه‌رمه‌نده‌کانی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی. ئه‌فسانه و داستانه‌کان له‌لای ئه‌م نووسەره ته‌نها بریتی بوون له خه‌رافات، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یشه، که پاڵه‌وانه ئه‌فسانه‌ییه‌کان گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا دێت و ده‌بنه که‌سانی ئاسایی. یوربیدس وێنه‌ی مرۆڤی له هه‌موو چینه جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگەوه کێشاوه و له به‌رگێکی ساکار و قووڵدا به‌رجه‌سته‌ی کردوون. له‌م رووه‌وه ئه‌رستۆتالیس ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، که پاڵه‌وانه‌کانی سۆفۆکلیس ئه‌و که‌سانه‌ن، که پێویسته به‌و شێوه‌یه بن، به‌ڵام پاڵه‌وانه‌کانی یوربیدس ئه‌و که‌سانه‌ن، که هه‌ن. یوربیدس له ده‌روازه‌ی شانۆنامه‌کانییه‌وه ڕۆڵی ڕه‌خنه‌ئامێزی خۆی گێڕاوه، به‌تایبه‌تی، که هێرش ده‌کاته سه‌ر ئێسخیلۆس و گاڵته به فۆرم و شێوازه‌کانی نووسینی شانۆنامه‌کانی ده‌کات.
یوربیدس وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێک به‌رامبه‌ر به ئێسخیلۆس سه‌رکه‌وتنێکی ئه‌وتۆ به‌ده‌ست ناهێنێ، شانۆگه‌رییه‌کانی کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی به‌رامبه‌ر پێگه و ناووناوبانگی ئێسخیلۆس نابێت و ناتوانی ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێ، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یشه، که یوربیدس دوای چه‌ند هه‌وڵیکی ڕه‌خنه‌گرانه، ئه‌و بواره به‌جێده‌هێڵێ و زیاتر بره‌و به جیهانه درامییه تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ی خۆی ده‌دات. ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ندی به سروشتی تراژیدیاوه هه‌یه، که که‌متر، یان هه‌ر هیچ بواری گاڵته‌جاڕی و ڕه‌خنه و هێرشکردنه سه‌ر که‌سانی تری تیانییه، ئه‌م کاره زیاتر له‌گه‌ڵ سروشتی کۆمیدیا و شاعیر کۆمیدییه‌کان ده‌گونجێت. ئه‌رستۆفان ئه‌و کاره ده‌گرێته ئه‌ستۆ و به‌رهه‌مه‌کانی ته‌رخان کردووه بۆ ڕه‌خنه‌ی ده‌وڵه‌ت و باری کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر.
ئەگه‌ر چاویکی خێرا به ڕه‌وتی شانۆ و شانۆنامه‌کانی یوربیدسدا بگێڕین، ئه‌گه‌ینه ئه‌م ئه‌نجامه‌ی خواره‌وه: یوربیدس یه‌که‌م شانۆنامەنووس بووه، که زۆر به توندوتیژی به‌گژ هه‌موو دابونه‌ریتێکی کۆندا چۆته‌وه، گاڵته‌ی به ئه‌فسانه و خواوه‌نده‌کانیان هاتووه، ڕێزی له سۆفیسته‌کان گرتووه و خۆی به قوتابییه‌کی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ش داناوه. یوربیدس هەر له سه‌ره‌تای ژیانیدا له‌و بابه‌تانه‌ی کۆڵیوه‌ته‌وه، که دواتر سۆفیسته‌کان کاریان له‌سه‌ر ده‌کرد.
یوربیدس به‌ئاشکرا بیروڕا و هزره فه‌لسه‌فییه‌کانی له شانۆنامه‌کانیدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه و تێکسته‌کانی توخمه فه‌لسه‌فییه‌کانی له‌خۆ گرتووه، له‌سه‌ر ده‌ستی یوربیدس و بۆ یه‌که‌مجار فه‌لسه‌فه ده‌چێته دووتوێی شانۆ و درامای گرێکییه‌وه.
یوربیدس یه‌که‌م کەس بووه ئامێری مۆسیقای له ناو نمایشه‌کانیدا لابردووه و زیاتر دووپاتی ڕووداوه درامییه‌کان و په‌یوه‌ندی نێوان کاره‌کته‌ره‌کان و هێڵی گشتی به‌سه‌رهات و شانه‌کانی چیرۆکه‌که‌ی کردۆته‌وه. یوربیدس گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر شێوه، ناوه‌ڕۆک و فۆرمی تراژیدیای گرێکیدا هێناوه، دابڕانی له‌گه‌ڵ ڕابردوو و هه‌روه‌ها سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیشیدا دروست کردووه و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کی جیاواز گه‌شه‌ی به شانۆی یۆنانی داوه.
یوربیدس له ژیانیدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌لای جه‌ماوه‌ر په‌سه‌ند نه‌کراوه، به‌تایبه‌تی له‌م ڕووه‌وه ئه‌رستۆفان ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی بینیوه له شێواندن و چه‌واشه‌کردنی بینه‌ران و ڕه‌خنه‌گرتن له یوربیدس. وه‌ک ئاماژه‌مان بۆ کردووه، ئه‌رستۆفان ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌رده‌وام و له زوربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیدا هێرشی کردۆته سه‌ر یوربیدس و گاڵته‌ی به هونه‌ره‌که‌ی کردووه. بۆ نموونه ئه‌رستۆفان زۆرجار دەیالۆگی شانۆگه‌رییه‌کانی یوربیدسی له‌سه‌ر زمانی پاڵه‌وانه کۆمیدییه‌کانی خۆیه‌وه به‌کارهێناوه. به‌مه‌یش ویستوویه‌تی ئەوە دووپات بکاته‌وه، که تراژیدیا‌کانی یوربیدس بێ به‌هان و ته‌نانه‌ت ده‌کرێت مه‌نه‌لۆگ و دەیالۆگی پاڵه‌وانه تراژیدییه‌کانی له‌سه‌ر زاری کۆمیدیاکانه‌وه بووترێن. هه‌روه‌ها ئه‌رستۆفان ئەوەی دووپات کردۆته‌وه، که هه‌موو شاعیرێک وێنه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی له سیمای خۆیدا دروست ده‌کات، جا گه‌ر شاعیره‌که هه‌ر ناته‌واوییه‌ک، یان که‌موکوڕییه‌کی تێدا به‌دیبکرێت، ئه‌وا کاره‌کته‌ری شانۆنامه‌کانیشی به‌و شێوه‌یه ده‌بن. ئه‌رستۆفان به‌م ڕه‌خنه‌یه مه‌به‌ستی یوربیدس بووه، یوربیدس جیاواز له نووسەره تراژیدیا‌کانی تری ئه‌و سه‌رده‌مه گرینگی نه‌داوه به جلوبه‌رگ و سیمای خۆی، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌رستۆفان هۆکارێکی ڕاسته‌وخۆی ڕه‌خنه و توانجلێدان بووه.
ئه‌رستۆفان یه‌که‌م نووسه‌ر بووه، که هه‌وڵیداوه ژیان و رەفتاری نووسه‌ره‌کان به هونه‌ره‌کانیانه‌وه ببه‌ستێته‌وه و به‌رده‌وام گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر سیما، هزر و بیر‌وبۆچوونی نووسه‌ره‌کان. ئه‌مه‌یش هه‌نگاوێکی فراوانه له مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شانۆی یۆنان‌دا.
بۆقه‌کان و دیکۆمێنتێکی گرنگی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی
ئه‌رستۆفان له زوربه‌ی شانۆنامه‌کانیدا ڕه‌خنه‌یه‌کی توندوتیژ له یوربیدس ده‌گرێت، هێرشی ده‌کاته سه‌ر و به هه‌موو شێوه و شێوازێک گه‌مارۆی ده‌دات و ته‌نانه‌ت ناوی هه‌ندێک له کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌نێت یوربیدس.
شانۆنامه‌ی (بۆقه‌کان) یه‌کێکه له‌و شانۆنامانه‌ی، که ئه‌رستۆفان توانا و سه‌لیقه‌ی یوربیدس ده‌خاته ته‌رازووی ڕه‌خنه و به‌راوردکاری و ته‌نانه‌ت ددانپیانانیشه‌وه.
شانۆگه‌ری (بۆقه‌کان) نیشانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شانۆیی یۆنانه، که دوای مردنی هه‌ر سێ شانۆنامەنووسی گرێکی: ئێسخیلۆس، سۆفۆکلیس و یوربیدس نووسراوه. شانۆنامەی (بۆقه‌کان) له‌کاتیکدا نووسراوه، که گۆڕه‌پانی پیشبڕکێکان، به‌هۆی مردنی شانۆنامەنووسه مه‌زنه‌کانه‌وه بۆشاییه‌کی گه‌وره‌یان دروستکردووه، ئه‌رستۆفان هه‌ستی به‌و بۆشاییه کردووه و له ده‌روازه‌ی شانۆنامه‌که‌یه‌وه ڕۆڵی ئه‌و شاعیرانه‌ی به‌رز نرخاندووه. شانۆنامه‌ی (بۆقه‌کان) هه‌ڵسه‌نگاندنێکی شانۆیی و ووردی توانای شانۆنامه‌نووسیی هه‌ر سێ شانۆنامەنووسە مه‌زنه‌که‌ی تراژیدیای گرێکه. ئه‌رستۆفان زیاتر به‌راورد له‌نێوان ئێسخیلۆس و یۆربیدسدا ده‌کات، به‌ڵام یوربیدس و سۆفۆکلیسیش به‌شێکی ئه‌و به‌راوردکارییه‌ن. ئه‌رستۆفان بۆ یه‌که‌مجار له‌م شانۆنامه‌یه‌یدا ددان به توانای یوربیدس و ڕۆڵی شانۆنامه‌کانی و هێزی تراژیدیاکانیدا ده‌نێت، له ئه‌نجام و کۆتایی شانۆنامه‌که‌یدا به‌م شێوه‌یه پله‌ی شاعیره‌کان ده‌ستنیشان ده‌کات: ئێسخیلۆس پله‌ی یه‌که‌م، سۆفۆکلیس دووه‌م و یوربیدس پله‌ی سێیه‌م. شانۆنامه‌ی (بۆقه‌کان) له‌ساڵی٤٠٥ پ. ز دا پێشکه‌شکراوه و پاداشتی یه‌که‌می وه‌رگرتووه، دواتر و به‌هۆی سه‌رکه‌وتنی نه‌مایشه‌که‌وه بۆ چه‌ندین جار له ئه‌سینا پێشکه‌شکراوه‌ته‌وه.
به‌و شێوه‌یه ئێسخیلۆس به ڕابه‌ر و سه‌ره‌تاکانی چاخی کۆنی درامای گرێکی داده‌نرێت، سۆفۆکلیس به نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی شارستانییه‌تی ئه‌سینا و یوربیدس–یش به شاعیری گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تی ناسرا. تراژیدیاکانیان: ئۆرستێس، ئۆدیبی پادشا و مێدیا تا ئێستا و به خویندنه‌وه و شێوه و شێوازی جیاواز له هه‌موو جیهاندا نه‌مایشده‌کرێن و کاریگه‌رییه‌کانیان بێ سنووره.
سه‌رچاوه‌کان:
کاتی خۆی سوودم له کۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه بۆ نووسینی ئه‌م باسه وه‌رگرتبوو، به داخه‌وه ئێستا ئه‌و سه‌رچاوانه‌م له‌به‌رده‌ستدا نین و باسه‌کەیش گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره و بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا هاتووه. به‌ڵام گرینگ‌ترین سه‌رچاوه‌کان، که له‌یادم ماون، ئەمانەن کتێبی (النقد المسرحی عند الیونان، د. عطیه عامر، فن الشعر، ارسطوطالیس، فی الادب المسرحی، د. محمد کامل حسین، سه‌ره‌تایه‌ک له فه‌لسه‌فه‌ی کلاسیکی یۆنان، حه‌مید عه‌زیز) بوون.