دیدارێکی هەمەلایەن لەگەڵ ئەدەب و هونەر، کوردستانی نوێ
–بۆچی كورد دەقی شانۆیی خۆماڵی كەمە؟
دەقی شانۆیی ڕەگ و ریشەیەکی قووڵی لە ئەدەب و کولتوور و داب و نەریتی ئەوروپیدا هەیە و دەتوانین بڵێن، کە دەقی شانۆیی کۆنترین ژانرەکانی ئەدەبی ئەوروپی و جیهانە. دەقی نووسراوی شانۆیی، شان بە شانی فەلسەفە و دەقە فەلسەفییەکان، لە گرێکی کۆن سەری هەڵداوە. بێگومان ئەم ستراکتورە دێرین و ئەم ژانرە گرینگەی ئەدەب و هونەر، پێگەیەکی بەهێزی بە ڕەوتی شانۆ لە ئەوروپادا بەخشیوە. شانۆیش هونەرێکە، بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستە بە گەشە و بەرەوپێشچوونی شارستانییەت و پێویستی بە بنەما و سەقامگیری و ژیانێکی شارستانی و دیموکراسی هەیە. ئەم هەل و مەرجانە، گەر لەسەرەتایشەوە لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا نەبووبێت، هەنگاوی گەورەی ناوە و شانۆیش هاوتەریب هەنگاوی بەرەوپێس چوون و گەشەی خۆی ناوە. شانۆ، بە هەموو دیوهکانییهوه، له دهق و نواندن و تهواوی کهرهسه شانۆییهکان، تا دەشگاتە هۆڵی بینەران و ئامادەبوونی بینەرانیش بە دەوری ئەم هونەرەدا، داب و نەریتێکی ئەوروپییە. بێگومان نکوڵی لەوە ناکرێت، کە شانۆ هونەرێکە، لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت و ئامڕازێکی گرینگی پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤە و هونەرێکی مرۆڤایەتییە، جا لە هەر شوێن و کاتێکدا نەمایش بکرێت. هەرلەبەر ئەوەیشە، چەندە هونەرێکی ئەوروپییە و داب و نەریت و نەژادی دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری ئەوروپی، بەڵام بە شێوەیەکی تەواو بە نێو هەموو دنیادا بڵاو بۆتەوە و بۆتە هونەرێک بۆ هەموو کۆمەڵ و کۆمەڵگەیەک. ئێمەیش لەم کاریگەرییە بێ بەش نەبووین و شانۆ و نەمایشی شانۆیی بووە بە بەشێک لە ژیانی کولتووری و ڕۆشنبیرمان.
شانۆ زۆر درەنگ هاتۆتە نێو دنیای ئێمەوە و ئێمە زۆر لە دواوەی کاروانی شارستانی دونیاداین، داب و نەریتی ئەدەب و کولتووری کوردیش، بە شێوەیەکی پتەو لە سەر شیعر بنیات نراوە و شیعر کۆڵەکەیەکی بەهێزی ئەدەبی کوردییە. هەر بۆ نموونە شیعری کلاسیکی کوردی، پێگە و بەهایەکی گرینگی بۆ ئێمە هەیە و ئێستایش بەشێکی زۆری میللەتی کورد شاعیرن و هێندەی شاعیرمان هەن، هێندە چیرۆک نووس و نووسەری بوارەکانی ترمان نییە. هەر تۆ بڕوانە ئەدەبی کوردی؛ یەکەم ڕۆمان (لەخەوما)، کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا نووسراوە، دوای ئەوە هیچ ڕۆمانێکی تر نەنووسراوە، تا لە نەوەدەکان دا هونەری ڕۆمان دەردەکەوێتەوە و ئێستا هەنگاوێکی باشی ناوە، لێکۆڵینەوەی فەلسەفی، تا ساڵانی دوو هەزاریش تاک و تەرا، ئەگەر کتێبێکمان لەو بوارەدا هەبووبێت، ئێستا کەسانێک هەن، بە تەواوی خۆیان بۆ ئەو بوارە تەرخان کردووە، بوارەکانی تری لێکۆڵینەوە، هزر، ئاین و مەسەلە زانستییەکان. هیچ شتێکمان لەم بوارانەدا نەبووە، ئەدەبی کوردی تەنها شیعر و کورتەچیرۆک و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی خۆمان بووە. ئێستا لە هەموو بوارەکاندا نووسین هەیە و کتێب بڵاو دەکرێتەوە. چەند کەس دەقی شانۆنامەی نووسیوە؟ لە حەفتاکانەوە تاکو ئێستا، پێنج کەس نابن، کە هەوڵیان بۆ نووسینی دەقی شانۆیی دابێت. هونەری شانۆ لە ئاستێکی باڵادا نەبووە و نەیتوانییوە یارمەتی بەرهەمهێنانی دەقی شانۆیی بدات و چ شانۆکارەکان و چ ئەو چەند کەسە کەمەی ویستوویانە دەقی شانۆیی بنووسن، نەیانتوانیوە بنەمایەک بۆ ئەم ژانرە گرینگە دابنێن و نەتوانراوە بیکەنە بەشێک لە کولتووری کوردی و ستراکتورێکی بۆ دابنێن. ئەمەیش ڕەخنە نییە و بەڕاستی ئێمە ئەو هەل و مەرجەمان نەبووە، چ لە ڕووی هزری و چ لە ڕووی هونەرییەوە، کە بتوانین لەم بوارەدا بەرهەممان هەبێت. ئێمە شانۆیەکی پیشەیمان نەبووە، ئەکتەر و دەرهێنەرمان نەبووە، کە ئەمانەیشمان نەبێت، گرانە بتوانیت دەقی شانۆیت هەبێت. پرۆسەی شانۆ، هاوکێشەیەکی چرە و ههموو جومگهکانی پێکەوە بەستراوەتەوە و کاریگەرییان بەسەر یەکەوە هەیە و یەکتری تەواو دەکەن. لەبەر ئەوە زەحمەتە، تۆ شانۆت نەبێت، دەقی شانۆیت هەبێت.
لە یۆنانی کۆن، دەقە شانۆییەکان لەنێو جووڵانەوە شانۆییەکەدا لە دایک بوون، ئەمە تا ئێستایش هەر وایە و بەشێکی زۆری دەقە شانۆییەکانی جیهان لەنێو بزاڤە شانۆییەکەدا لە دایک بووە. شەکسپیر، مۆلییر، کاردۆنی، ئیپسن، ستریندبێرگ، چێخەف و تا دەگات بە شانۆنامەنووسە مۆدێرن و تازەکانی ئەمڕۆی شانۆ.
–ئایا نووسینی دەقی شانۆیی لە رۆمان قورسترە؟ لە كاتێكدا كورد رۆمانی زۆرە و دەقی شانۆیی كەمە.
ڕۆمان لەسەر بنەماکانی گێڕانەوە ڕۆدەنرێت و گێڕانەوە توخمێکی گرینگ و سەرەکییە، بەڵام دەقی شانۆیی لەسەر ململانێ و دیالۆگ و ڕووداو ڕۆدەنرێت. بێگومان هەردووکیان، ڕۆمان و دەقی شانۆیی چیرۆکێک دەگێڕنەوە، ئەوەی دەقی شانۆیش جیا دەکاتەوە، ئەوەیە، کە ڕووداوەکان لەنێو دیالۆگەکاندا دروست دهبن. لە دەقی شانۆیش دا خاڵێکی گەلێک گرینگ هەیە و پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین؛ ئێمە باسی دیالۆگمان کرد، بەڵام ئەوە گرینگ نییە، کە کارەکتەرەکان چی دەڵێن، بەڵکو چۆن دەیڵێن. ڕۆماننووس و شانۆنامهنووس ههردووکیان زمانی دهقهکهیان دادهڕێژن، بهڵام ئهو زمانهی ڕۆماننووس بهکاری دێنێت، سهبارهت بهوهی گێڕانهوهی تێدا زاڵه، سهربهستییهکی زیاتری پێ دهدا لهوهی به شانۆنامهنووسی دهدا، چونکه شانۆنامەنووس، سهبارهت بهوهی بهرههمهکهی بۆ نهمایشکردنه، زمانهکهی چڕتره. ئهوهی ئهو زمانه چڕه له حیوارێکی سهرشانۆ شانبهشانی نواندنهکه دهردهکهوێت و بەرجەستە دەبێت، ڕهنگه له ڕۆماندا به چهند لاپهڕهیهك دهرببڕدرێت. ئهم جیاوازییه به ڕوونی دهردهکهوێت، کاتێک ڕۆمانێک بۆ شانۆ ئامادهکرێت، چونکه ئهو کاته زمانی گێڕانهوهکه له حیوارهکاندا چڕ دهکرێتهوه، بێگومان به لهبهرچاوگرتنی نواندنهکه. هەندێک لە نووسەری ڕۆمانەکان، ناتوانن لەسەر ئاستێکی دیاریکراویش فۆرمی دیالۆگ لەنێو ڕووداو و لەگەڵ کارەکتەرەکاندا دروست بکهن. ئەمە جگە لەوەی، کە هەر کارەکتەرێک دەبێت زمانی تایبەتی خۆی هەبێت، ئەم زمانە تایبەتەیش ئاستی هۆشیاری و پێگەی کارەکتەرەکان دروستی دەکەن. ناکرێت مامۆستایەکی زانکۆ وەک کەسێکی ئاسایی قسە بکات، یان بۆ نموونە کەسێکی بەردەست بە زمانێکی شیعری بدوێت. بێگومان لەنێو ئەمانەیشدا، شتگەلێک هەن دەچنە دەرەوەی ستراکتور و ڕێساکانەوە.
–چ نزیكایەتییەک لە نێوان دەقی شانۆ و رۆماندا هەیە؟
دەقی شانۆیی و ڕۆمان دوو ژانری تەواو جیاوازن؛ ڕۆمان پشت بە گێڕانەوە دەبەستێت و چیرۆکێکمان بۆ دەگێڕێتەوە و لەم گێڕانەوەیەشدا زمان ئامڕازێکی سەرەکی و گرینگە، هاوکات دەکرێت بە ئاسانی شوێن و کات تێکەڵاو بکرێت. ڕۆمان پانتاییەکی بەرینی هەیە و نووسهر ئەو بوارەی هەیە ڕووداوەکانی لە زەمەنێکی دوورودرێژ و چەندان جێگادا بگێڕێتەوە. دەقی شانۆیی شتێکی ترە، هەرچەندە لە ڕووی پرنسیپەوە دەقێکی شانۆیش، هەروەک ڕۆمان چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، بەڵام فۆرم و شێوازی گێڕانەوەکە تەواو جیاوازە. دەقێکی شانۆیی لەسەر بنەمای دیالۆگ و مەنەلۆژ و وێنەی شانۆیی و مۆسیقا و سینۆگرافیا ڕۆدەنرێت. چیرۆکەکە لە ڕێگای (حیوار)ەکانەوە دەخرێتە ڕوو، بۆ نموونە کارەکتەری سەرەکی لە دەقێکی شانۆیدا زۆر جیاوازترە لە کارەکتەری سەرەکی لە ڕۆمانێکدا. کارەکتەرە سەرەکییەکانی دەقی شانۆیی لە ڕێگای دیالۆگ لەگەڵ کارەکتەرەکانی تر، هاوکات مەنەلۆژ و کردارەکانی لەسەر شانۆ، تەنانەت ئەو حیوار و دیالۆگانەیشی سەبارەت بەو دەگوترێن، ڕووداوەکان بەرەوپێشەوە دەچێت و گەشە دەکات. نووسەری دەقێکی شانۆیی دیالۆگ و حیوارەکان لەنێوان کارەکتەرەکاندا دابەش دەکات و ئەمەیش ڕۆڵێکی گەورەی لە دەرخستن و بەرجەستەکردنی کارەکتەر و ڕووداوەکاندا هەیە، کە لە ڕۆماندا تەواو جیاوازە. دهق، چ شانۆیی بێ، چ دهقی ڕۆمان، بۆ ئهوهیه پهیامێک بگهیهنێت. ئێمه ئهگهر له مانای دهقهکه نهگهین، ناتوانین له پهیامهکه بگهین. ئهم تێگهیشتنه له ڕۆمان له ڕێگهی گێڕانهوهیه و له شانۆیش له ڕێگهی نواندن. لە هەموو ئەمانە گرینگتر ئەوەیە، دهقی شانۆیی، خۆی له خۆیدا، بنهما و توخمهکانی نواندنی تیا دایه بۆ ئهوهی لهسهر شانۆ پیشان بدرێن، بێگومان لەم نەمایشکردنەیشدا بینەر، بە پێچەوانەی خوێنەری ڕۆمانێکەوە، ڕۆڵێکی گرینگی هەیە و بەریەکەوتنێکی زیندوو و ڕاستەوخۆیە بە ڕووداوەکان و کارەکتەرەکانەوە، کە لەسەر شانۆکە کار دەکەن. خاڵێکی گرینگی تری دەقی شانۆیی، بۆ نموونە زمان نابێتە ڕەنگدانەوەی واقیع، هێندەی بەرجەستەکردنی ئەو وێنەیەیە، کە ئێمە بۆ واقیع هەمانە.
–ئایا رۆماننووس دەتوانێت دەقی شانۆیی بنووسێت یان بەپێچەوانەوە؟
نووسینی دەقی شانۆیی گرانترین و سەخترین ژانرەکانی نووسینە. زۆر نووسەری گەورە، بە درێژایی مێژوو ڕۆمان و دەقی شانۆییان نووسیوە، هەندێک لە نووسەرەکان بە ڕۆمان دەستییان پێکردوە و بە دەقی شانۆیی بەردەوامییان بە ڕەوتی نووسینی خۆیان داوە. هەندێک نووسەر چەندان ڕۆمانییان نووسیوە، بەڵام بە نووسینی دەقی شانۆیی ناویان دەرکردووە. لە سوید ستریندبێرگ، کە یەکێکە لە نووسەرە هەرە گەورەکانییان، چەندان ڕۆمانی گرینگی نووسیوە، (ژووری سوور) یەکێکە لەو ڕۆمانانەی کاریگەرییەکی سەراپاگیری بەسەر ئەدەبی مۆدێرنی سویدییەوە هەیە، بەڵام ستریندبێرگ بە دەقە شانۆییەکانی، (باوک، خاتۆ ژۆلیا، سۆناتای تارمایی، بەرەو دیمەشق، خەونەنمایشێک)… هتد ناوبانگی دەرکردووە. نیکۆس کازانتزاکیس چەندان دەقی شانۆیی نووسیوە، بەڵام ئەو بە زۆربا و ڕاپۆرت بۆ گریگۆ ناسراوە و دەقە شانۆییەکانی تەواو لەبیر کراون. ساموێیل بێکیت بەرلەوەی شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ)ەوە بنووسێت، چەند ڕۆمانێکی گرینگی نووسیوە، بە تایبەتیش سێینەکەی (مۆلۆی، مالۆن دەمرێ، ئەوەی ناونانرێ)، بەڵام بە (چاوەڕوانی گۆدۆ) ناوبانگێکی جیهانی بەدەست هێنا و پاداشتی ئەدەبی نۆبێلی پێبەخشرا. هەر لە سوید لاش نۆرێن، کە من چەند دەقێکیم کردووە بە کوردی و کتێبێکیشم لەسەر نووسیوە، بە شیعر و ڕۆمان دەستیپێکردووە، ئێستا نە شیعر دەنووسێت و نە ڕۆمان و خۆی تەرخان کردووە بۆ نووسینی دەقی شانۆیی و یەکێکە لە شانۆنووسە گەورەکانی ئەوروپا. یۆن فۆسە، کە نووسەرێکی نەرویژییە، ڕۆمان و ئەدەبی منداڵانی دەنووسی، ئێستا یەکێکە لە شانۆنامەنووسە هەرە گەورەکانی ئەمرٶی دنیا. لەم نموونانە زۆرن لە ئەدەب و شانۆی دنیادا. بێگومان ڕۆماننووسی وایش هەن، کە هەرگیز ناتوانن دەقێکی شانۆیی بنووسن، چۆن شانۆنامەنووس هەیە، کە ناتوانێت ڕۆمان بنووسێت. بە شێوەیەکی گشتی ئەو نووسەرانەی ڕۆمانییان نووسیوە، توانییویانە دەقی شانۆیی بنووسن، بەڵام شانۆنامەنووسەکان کەمتر توانییوویانە ڕۆمان بنووسن.
–هۆكاری قەیرانی شانۆی كوردی چییە؟
هۆکارەکانی قەیرانی شانۆی کوردی زۆرن، لە پێش هەموو شتێکدا خودی شانۆکارەکان بەشێکی گرینگی ئەم قەیرانەن. شانۆکاری کورد سەربەست نین، بەشێکی زۆریان لەژێر هەژموونی حیزبەکاندا کاردەکەن، بە پارەی حیزب شانۆ دەکەن. شانۆکاری کورد لەناو یەکتریدا کۆک نین و بەرامبەر بەیەکتری ڕاستگۆ نین، هیچ شانۆکارێک ددان نانێت بەویتردا و هەمووی خۆی بە گەورەترین دەزانێت. دوای ئەوە، ڕاستە شانۆ بە پارە دەکرێت و دەبێت حوکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری پشتگیری شانۆکاران و پرۆژە شانۆییەکان بکات، بەڵام لە کوردستان، زۆر جار شانۆ بۆ پارە دەکەن و شانۆ بووە بە جۆرە بازرگانییەک. ئەگەر ئەمانە گرفتە ڕووکەشەکان بن، ئەوە چەندان گرفتی تر هەن، کە پەیوەستن بە هونەری شانۆوە، بۆ نموونە نەبوونی دەقی کوردی، نەبوونی هۆڵی شانۆی باش و کەمی کادری شانۆیی باش و لێهاتوو، نەبوونی پەیڕە و پڕۆگرامێکی شانۆیی، کە چالاکی شانۆیی و وەرزە شانۆییەکان ڕێک بخات، ئەمە جگە لەوەی لە کوردستاندا هیچ سیاسەتێکی کولتووری نییە. حوکمەتی کوردستان تا ئێستا گرینگییەکی ئەوتۆ بە شانۆ و کولتوور نادات، تا ئێستا نەتوانراوە سیاسەتێکی کولتووری دابڕێژرێت. خاڵێکی تری گرینگی قەیرانی شانۆ کوردی، ئەوەیە، کە شانۆ لای ئێمە نەبووە بە پیشە و ئەوانەی کاری شانۆ دەکەن، بەپێی کات و بەرژەوەندی کاردەکەن، هاوکات شانۆی کوردی بە شێوەیەکی گشتی کێشەی شووناسی هەیە، هەرچەندە ئەم کێشەیە ڕوون و دیار نییە، بەڵام کێشەیەکی گەورەیە ڕۆچۆتە خوارەوە بە نێو بوونیادی شانۆی کوردیدا.
-قەیرانی شانۆ بە تەنیا لای كورد هەیە یان جیهانییە؟
بێگومان شانۆ لە زۆر شوێنی دونیا بە قەیراندا تێدەپەڕێت، بەڵام قەیرانەکان هاوشێوە نین، بۆ نموونە قەیرانی شانۆی ئەوروپی هەمان قەیرانی شانۆی کوردی نییە، یان قەیرانی شانۆی عەرەبی هەمان قەیرانی شانۆ نییە لای ئێمە. لای ئێمە شانۆ هەنگاوی گەورەی نەناوە، لای عەرەبەکان شانۆ لە ئاستێکی تردایە، ئێمە تا ئێستا هیچ دامودەزگایەکی پرۆفیشناڵی هونەریمان نییە و لە وەڵامی پرسیاری پێشویشدا، ئاماژەم بۆ هەندێک لە قەیرانەکانی شانۆی کوردی کردووە. شانۆی جیهانی بنەمایەکی پتەوی هەیە و خاوەنی مێژوو و داب و نەریتی خۆیەتی، هاوکات چهندان دامودەزگای دەوڵەمەند و گرینگ سەرپەرشتی دەکەن. نازانم دەبێت قەیرانی شانۆ لە جیهاندا چی بێت؟ پارەیە هەیانە، هۆڵی شانۆیە، هەیانە، سەربەستییە، هەیانە، هەروەها سەرچاوەی زۆری تیۆری و مەعریفییان هەیە، دەقی شانۆییان بە ههزاران هەیە. بە ڕای من قەیرانی شانۆی جیهانی، بەتایبەتی لە ئەوروپا، لەوەدا کۆدەبێتەوە، کە شانۆکارەکان، ڕەخنەگر و تیۆریستەکانییان، سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگای ترن بۆ پەیوەندییەکانی بینەر و نەمایشە شانۆییەکان. سیاسەتی هونەری شانۆ لەم زەمەنە جەنجاڵ و پۆست مۆدێرنیزم، پۆست کۆلۆنیالیزم و لیبرالیزمەدا، هاوکات ئەم زەمەنە دیگیتاڵە، کە کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر هەموو بوارەکانی ژیانەوە هەیە، چۆن دابڕێژن. دەقە کلاسیکییەکان و دەقی هاوچەرخ و نوێ، لە پێکداچوون و خوێندنەوەیەکی جیاواز و بەردەوامدان. قەیرانەکانی شانۆی جیهانی گونجاندنی هونەری شانۆ و پرۆسە شانۆییەکەیە، لەگەڵ مرۆڤی ئەم سەردەمە. بینەران چەقی لێکۆڵینەوە و بەدواگەڕانی فۆرم و شێوازەکانن، لە هەموو ئەمانە گرینگتر ئەوەیە، کە شانۆ و شانۆکاری ئەوروپا و بە شێکی زۆری دونیا سەربەستن و شانۆ دەزگایەکی سەربەستە و ئامڕازێکی گرینگی ڕەوشی دیموکراسی ئەم وڵاتانەیە.
–بەرای تۆ بینەری شانۆ لە شانۆ تۆراوە؟ چی بكرێت بۆ ئاشتكردنەوەی ئەگەر تۆراوە؟
شتێک نییە بە ناوی تۆرانی بینەرەوە، بینەر ناتۆرێت! بەڵام بینەر کاتی ئەوەی نییە چەند سەعاتێک بە دیار شتێکەوە دابنێشێت بێزاری بکات. بینەر بەشێکی گرینگی پرۆسە شانۆییەکەیە و زۆربەی داهێنەرە گەورەکانی بواری شانۆ، لە ئامادەیی و بوونی بینەرەوە کاریان کردووە، ئارتۆ، بیسکاتۆر، برێشت، گرۆتۆڤسکی، پیتەر بروک، ئاریان مونشکنین… هتد هەمیشە بینەر توخمی گرینگی شانۆیە و بێ بوونی بینەر شانۆیش نییە. کاری باش بینەر لەخۆی کۆدەکاتەوە. ئەو کارانەی لەم چەند ساڵەی ڕابردودا، لە سلێمانی پێشکەش کراون، بۆ نموونە بینەرێکی زۆر رویتێکردوون، کارەکانی شانۆی تاڤ، شانۆی با، پرۆژەکانی شوان کەریم کاری باشیان کردووە، هێندەی منیش ئاگاداربم بینەرێکی ئێجگار زۆر ڕوویکردۆتە هۆڵی شانۆکان بۆ بینینی ئەم نەمایشانە. کەواتە شتێک نییە بەناوی تۆرانی بینەرەوە، ئەم زاراوەیە تەنها لای ئێمە هەیە و لە هیچ فەرهەنگێکی شانۆیی و زمانەوانیدا نییە و نەبووە. بینەر ناتۆرێ، شانۆی باش و خراپ هەیە. من وەک بینەرێک نە کاتی ئەوەم هەیە و نە ئەو ئامادەییەشم تیایە، دوو سەعات بە دیار نەمایشێکەوە دابنیشم، کە هیچم پێ نەڵێت و بێزاریشم بکات.
–سەرەڕای ئەوەی شانۆیی كوردی لە قەیراندایە تۆ بەردەوام یان لە سەر شانۆ دەنووسی یان دەقی شانۆیی دەنووسی هەست بە ماندوویی و بێزاری ناكەیت؟
شانۆی کوردی لە زۆر بواردا هەژار و لاوازە، بە تایبەتیش مەسەلە تیۆرییەکان، دەقی شانۆیی خۆماڵی، بێئاگابوون لە ئەزموونی شانۆی گەلان و زۆر بابەتی تر. دەبێت ئێمە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابین، چەند پێمان دەکرێت، ئەم کەلێنانە پڕ بکەینەوە، ڕۆشنبیری شانۆیی بڵاو بکەینەوە و هاریکاری قوتابییانی هونەر بکەین، لە هەر شوێنێکن. ئەگەر شانۆی کوردی لە قەیراندا بێت یان نا، ئەم مەسەلانە پێویستییەکی بەردەوامن و لەو بڕوایەدام، کاریگەرییان دەبێت بەسەر چاوڕوونی دۆزینەوەی چارەسەر و بەرکەوتنی ئەزموونێک، کە لەوانەیە دەرگایەکی فراوانمان بۆ بکاتەوە. لەبەر ئەوە من هەرگیز نەماندوو دەبم و نە بێزاریش.
ئەگەر لەبواری شانۆدا ئاماژە بەكارە جیدییەكانی خۆت بدەیت، ناوی كامانە دەبەیت؟ و بۆچی؟
من لە هەموو کارەکانمدا جدیم. هیچ کارێکم بە نابەدڵی ناکەم و هەموو کارەکانمم خۆش دەوێت، کە هەر کارێکیشم تەواو دەبێت، دەڵێم ئەمە باشترین کارمە. بەڵام ئەگەر تۆ زۆرم لێ بکەیت، ئەوە یەکەم کتێبم، شانۆی توندوتیژ لەنێوان تێور و پراکتیکدا جێگایەکی تایبەتی لام هەیە. دوای ئەوە کتێبەکەم لەسەر پیتەر بروک و هەروەها کتێبەکەی چێخەف. دەقە شانۆییەکانم. هەرچییەک دەنووسم، بە شێوەیەکی بەهێز پەیوەندی بەخۆمەوە هەیە، لەبەر ئەوە هەموو کتێبەکانمم خۆش دەوێت. لە بواری پراکتیکدا، دەرهێنانم بۆ سێینەکەی سیتریندبێرگ (بەرەو دیمەشق) هەرگیز لەیادم ناچێت، کە لەناو شەمەندەفەرێکدا لە شاری ستۆکهۆڵم نەمایشمان کرد؛ من لەم کارەدا، جگە لە کاری دەرهێنان دەوریشم دەبینی. ئەم نەمایشە دەنگێکی زۆری دایەوە و لەسەر ئاستێکی بەرز قسەی لەسەر کرا. ئەو پرۆژانەی لە شانۆی پادشایەتی بەشداریم تیاکردوون، کە تەنانەت کتێبێکم بە سویدی لەسەر یەکێک لەو ئەزموونانە نووسیوە و یەکێک لە دەزگا گرینگەکانی سوید بڵاوی کردۆتەوە. ئەو کتێبە سویدییەم تا ئێستا لە زۆربەی ئامۆژگاکانی شانۆ و زانکۆی ستۆکهۆڵمیش بۆ وانە گوتنەوە بەکار هێنراوە.